رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

کاتێک خەباتکارانی دوێنێی شاخ ئەبن بە جەللادەکانی ئەمڕۆی شار

Facebook
Twitter
LinkedIn

بورهان أ. یاسین

١٧/٢/٢٠٢١

ئەوەی لە (١٦/٢/٢٠٢١) لە دادگای تاوانەکانی هەولێر رویدا، کە تیایدا کۆمەڵێک لە ئازادیخوازانی بادینان بە تۆمەتی بێ بنەما سزادران، زۆر شتی پشتڕاست کردەوە.

ئەم بە ناو دادگاییکردنە:

١- وێستگەیەکی دیکەی داڕمانی، ئەوەی پێی دەبێژن، ئەزموونی کوردی بوو، فیشەکێکی دیکە بوو نرا بە نێوچاوانی خەونی ئازادیخوازانی کوردستان،؛

٢- شۆڕبوونەوەیەکی دیکە بوو لەو هەڵدێرە مەترسیدارەی کە ساڵانێکە باشوری کوردستان تیایدا ژیان دەکات، توندترکردنی کوردستان بوو لە تونێلێکی تاریکدا؛

٣- هێمای ئەو تراژیدیا بێ کۆتاییە بوو کە بە دەیان ساڵە کورد ئەزموونی دەکات؛

٤- زامێکی دیکە بوو خرایە پاڵ ئەو هەموو زامانەی کە لە جەستەی کۆمەڵگای کوردی و مرۆڤی کورد کەوتوونەتەوە. ئاخر جەستەی مرۆڤی کورد پڕیەتی لە زام و برین. هەڵبەتە ئاشکرایە کە بەشێک لە ئەو زامانەی لە جەستەی بە کۆمەڵی کورد کەوتونەتەوە دەرەنجامی ستەم و شەڕی دوژمنان بووە دژ بە کورد، بەڵام بەشێکی دیکە لەم زامانە خۆکردن، بە واتای ئەوەی کورد خۆی ئەو زامانەی لە جەستەی خۆیدا خستونەتەوە. ئەوەی زۆر پێویستە لێرەدا بوترێت ئەوەیە کە ئەو زامانەی دوژمنان لێی بەرپرسن، بەقەدەر ئەو زامانە مەترسیدار نین کە کورد خۆی بە دەست و ئیرادەی خۆی لە جەستەی خۆی خستوونیەتەوە و بەردەوامیش لە پڕۆسەیەکی بێ کۆتاییدا دەیانخاتەوە.

ساڵانێکی زۆرە، راستتر بڵێین لە سەرەتای دەستپێکی ئەزموونی کوردییەوە لە (١٩٩٢)ەوە، کورد لە شەڕی شاخ بەرامبەر بە دوژمن چووە قۆناغی یەکلاکردنەوەی “شەڕی بەهاکان” لە شار، بەو مانایەی کە ئیتر پێویست بوو خەباتکارانی دوێنێی شاخ بۆ یەکەم جار ئەوە بسەلمێنن کە ئەوان لە دوێنێی خەباتی شاخدا باوەڕیان بە کۆمەڵێک بەهای بەرز هەبوو وە خەباتیان بۆ دەکرد، بەڵام بە درێژایی ٢٩ ساڵی رابردوو جار دوای جار زۆرێک لە ئەو بە ناو خەباتکارانە پێچەوانەکەیان سەلماندووە. . . ئەوەی لە (١٦/٢/٢٠٢١) لە هەولێر لە ژێر پەردەی دادوەریی روویدا، رێک بنپێ کردنی ئەو بەهایانە بوو، گوللەیەک بوو نرا بە نێوچاوانی ئەو بەهایانەوە. ئەو بڕیارەی بە ناو دادگا، ئەو گومانەشی بۆ کۆمەڵگای نێونەتەوەیی پشتڕاستکردەوە کە کورد، ئەگەر بشبێ بە خاوەن دەوڵەتی خۆی، ئەوا لە باشترین حاڵەتدا ناتوانێ بنەماکانی دەوڵەت و سیستمی بەرقەرار بوو لەسەر بنەمای یاسا و بەها مرۆییەکان بەڕێوە ببات. . .

زۆر جار لە مێژوودا لە پڕۆسەی خەباتی ئازادیخوازاندا لە بەرامبەر جەللادەکان، ئازادیخواز و قوربانی خۆیشی بووە بە جەللادێکی دڵڕەق. ئەمە رێک ئەو شتەیە کە فەیلەسوفی ئەڵمانی فریدریک نیتشە لێی دەترسا: ئەوەی کە لە ململانێی قوربانیی و جەللاددا، قوربانیی خۆی ببێ بە دێوەزمە و جەللادێکی دڵڕەق. . . بەم مانایەش دەکرێ بە ئاسانی بڵێین کە لوتکەی سەرکەوتنی جەللاد ئەوە نییە کاتێک ئەو دەتوانی لە رووی جەستەییەوە قوربانییەکانی پاکتاو بکات، بەڵکو لوتکەی ئەو سەرکەوتنە ئەوەیە کاتێک جەللاد سەرکەوتو دەبێت لە گۆڕینی ئازادیخواز و قوربانی بۆ جەللاد، بەو مانایەش رووتکردنەوەی ئەم قوربانی و ئازادیخوازە لە هەموو بەها جوانەکانی ئازادییەکان، سەروەریی مرۆڤ، مرۆڤبوون و بەها مرۆییەکان بە گشتی. ئاخر تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان، کاوە گەرمیانی و ویدات حوسێن ئەو هێمایانە بوون کە پێیان گوتین بەڵێ قوربانی و بە ناو ئازادیخوازانی دوێنێی شاخ هەمان خەسڵەتی جەللادەکانیان وەرگرتووە، کاتێکیش ئەم بەناو ئازادیخوازانە دەسەڵاتیان وەرگرتووە بە ئەمانەتەوە مێتودە دڵڕەق و دژە-مرۆییەکانی جەللادەکانیان بەکار بردووە لە پێناو درێژەدان بە دەسەڵاتی خۆیان. بەم مانایەش دەسەڵاتی کوردی لە ماوەی ٢٩ ساڵی رابردوو بەرپرسە لەوەی کە کورد زۆر دەرفەت و دەستکەوتی مێژوویی لەدەست چووە، بەڵام لەدەستچوێکی هەرە گەورە ئەوە بووە کە ئەم دەسەڵاتە لە شەڕی بەهاکاندا دۆڕاوە: لە پێناو مانەوەی لە دەسەڵاتدا ئامادە بووە و ئامادەشە قوربانی بە هەموو بەها مرۆییەکان بدات، لە پێش هەمووشیانەوە ئازادییەکان. . .

هەر کاتێک دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان دەست بۆ سنووردارکردنی ئازادییەکان و بێدەنگکردنی ئازادیخوازان دەبەن، یەکسەر ئەم پرسیارە لای مرۆڤ دروست دەبێت: ئەرێ بەڕاست ئێوەی دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆی شار، دوێنێ لەو شاخە خەریکی خەباتکردن بوون بۆ ئازادی ئەم خەڵکە. . .؟ ئاخر موفارەقە (پەرادۆکس) ئەوەیە کە زۆرێک لە داگیرکارانی کوردستان زووتر خەباتیان بۆ ئازادی خۆیان کردبوو، بەڵام دواتر بوونەوە بە جەللادێکی دڵڕەق بۆ گیانی کوردان، لە کاتێکدا تەنها “گوناهێکی” کوردان ئەوە بووە کە ئەوانیش هەر بۆ ئازادی خۆیان خەباتیان دەکرد. . . جەواهیرلال نەهرۆ گەورە خەباتکار بۆ سەربەخۆیی هیند و یەکەم سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە دوای سەربەخۆبوون لە ١٩٤٧، راستی پێکاوە کاتێک لە کتێبەکەیدا “پوختەیەک لە مێژووی جیهان” باس لە راپەڕینەکانی باکوری کوردستان (لە ١٩٢٠کان و ١٩٣٠کان) دژی رژێمی ئەتاتورک دەکات وە هەر لەوێدا نەهرۆ پرسیارێکی گومانئامێز دەکات و دەپرسێ ئایا دەکرێ سەرکردەیەک (واتە ئەتاتورک) ئازادیخواز بووبێ و بۆ ئازادی گەلی خۆی خەباتی کردبێ، بەڵام لەولاشەوە، کاتێک دەسەڵاتی گرتە دەست، بەو هەموو دڵڕەقییەوە گەلێکی دیکەی ئازادیخواز لەناو ببا؛ گەلێک کە تەنها گوناهی ئەوە بووە خەباتی بۆ هەمان شت ( واتە ئازادی) دەکرد، کە خۆی (واتە ئەتاتورک) پێشتر خەباتی بۆ کردبوو؟ بەڵێ؛ رێک ئەمەیە موفارەقە گەورەکە: کاتێک ئازادیخواز خۆی دەبێت بە دێوەزمە و جەللادێکی دلڕەق.

لێردا، جگە لەوەی کە پێشتر وترا، بە پێویستم زانی ئەم چەند تێبینیەش تۆمار بکەن:

١) دەکرێ جێگای تێڕامان و ئیستە لەسەرکردن بێت کە “دادگاییکردنی” ئازادیخوازانی بادینان رێک دەخرێتە یادی ١٠ ساڵەی خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوباتی پڕشکۆ. بەم شێوازی “یادکردنەوەیەی” دەسەڵاتی پارتی لە ١٧ی شوبات زۆر شت ئاشکرا دەبێ کە گرنگترینیان ئەمەیە: دەسەڵات، بە تایبەتی دەسەڵاتی پارتی پێمان دەڵێت کە هەر وەک چۆن ئەوێ رۆژێ لە بەرەوڕوبوونەوەی ئازادیخوازندا “لەو دیوی دێگەڵە” تەنانەت لە خوێنڕشتنی ئازادیخوازانیش سڵمان نەکردەوە، ئەوا ئەمڕۆش “لەم دیوەی دێگەڵە،” هەر وەک بەردەوامی “نەفەسی” ئەوێ رۆژێ و بە ئامانجی ئەوێ رۆژێ، چاڵاکوانانی بادینان دەکەین بە ئامانجی حوکم و دادگایی زۆرەملێ و داپڵۆسین. . .؛

٢) دوور لە قسەکردن بە زمانی یاسا، ماوەیەکە دەسەڵاتی پارتی دیمۆکراتی کوردستان هەست بە “نەفەستەنگیێکی” زۆر دەکات. پارتی هەر وەک رۆژانی بەر لە رووداو و خیانەتەکەی ٣١ی ئابی ١٩٩٦، هەست بە نەفەستەنگیێکی سیاسی زۆر دەکات: أ- هەست بەوە دەکات کە لە زۆر لاوە دۆرپێچ کراوە و گەمارۆ دراوە؛ ب- هەست دەکات (واتە بە تەسووری خۆی) بووەتە ئامانجی “پیلانێکی” بەرفراوان؛ ج- باش دەزانێ کە بە ٢٥ کوردسییەوە لە بەغدا دەنگی کزە و دەنگی هاوپەیمانی هیوای کوردستان بە ١٥ کورسییەوە دلێرترە و زۆرتر دەبیسترێ؛ د- پارتی هەست دەکات کە بە تایبەتی لە بادینان کەوتۆتە ژێر گەمارۆی پەکەکە وە رۆژ دوای رۆژ ئەو گەمارۆیە توندتر و چڕتر دەبێتەوە و هتد. . .

رێک لەم دۆخی دەروونییەدا، لەم نەفەستەنگیی و حاڵەتی هیستیریا و تۆقینەدا، دەبێ ئەگەری ئەوە لەبەرچاو بگرین کە دەکرێ دەسەڵاتی پارتی دەست بۆ هەر سیناریۆیەک ببات. . . دەسەڵاتی پارتی زۆر باوەڕی بە ترساندن و تۆقاندنە، بەڵام لەولاشەوە خۆیشی لە دڵەڕاوکێ و ترسدا دەژیێت: بە لۆژیکی ئەوەی کە راستە ستەمکار دەترسێنێ و دەتۆقێنێ، بەڵام لەولاشەوە خۆیشی ترساوە و تۆقیوە، هەر لەبەر ئەوەشە کە ئەو ستەمکارە پێویستی بە تۆقاندن و ترساندنە. ئاخر لە قۆناغێکدا ستەمکار دەبێتە بارمتە لە دەستی ترس و تۆقیندا، وە لە حاڵەتی ئەوهادا ئەم ستەمکارە دەست بۆ هەر سیناریۆیەک دەبات بۆ پاراستنی خۆی!

ساڵانێکی زۆرە پارتی پێی وابوو بادینان قەڵای هەرە پتەو و جێگیریی دەسەڵاتەکەیەتی، بەڵام پارتی بۆ یەکەم جارە بە جددی هەست دەکات خەریکە لەم قەڵای دەسەڵاتە درزی جددی دەکەونەوە و ئیتر هیچ جێگایەک نەماوە کە پارتی تیایدا لە دەسەڵاتی خۆی پشتڕاست بێت. . . ئاخر ئەگەر لەو قەڵایەی خۆی پشتڕاست بێت، ئەوا پێویستی نەدەکرد داداگایی چاڵاکوانانی بادینان بهینێتە هەولێر، کە بە هەموو پێوەرێکی یاسایی دەبوایە ئەم دادگایە لە دهۆک بێت!

با بێنینە پێش چاوی خۆمان: ئەگەر دەسەڵاتی پارتی بەر لە ١٠ ساڵ لە خوێنڕشتنی ئازادیخوازانی “ئەو دیوی دێگەڵە” سڵێ نەکردبێتەوە، ئەی دەبێ ئەو دەسەڵاتە بەرامبەر بە ئازادیخوازانی “ئەم دیوەی دێگەڵە” و لە قوڵایی “دڵی” دەسەڵاتەکەی خۆی لە بادینان دەبێ چی بکات؛

٣) ئەوەی لە (١٦/٢/٢٠٢١) روویدا تەقەیەکی جددی بوو کە لە رێکەوتنی پارتی و گۆڕان کرا. . . چیتر بەیاننامەکانی بزاڤی گۆڕان تینویەتی ئازادیخوازی کوردستان ناشکێنن: ئیتر لە بەرواری ئەم بە ناو دادگایە بەولاوە، ئەم بەیاننامانە لە جیاتی “جوانکردنی” بزاڤی گۆڕان، دەبنە هۆی ناشیرینکردنی ئەو بزاڤە. . . زۆر دەمێکە کاتی ئەو پێداچوونەوەیە بە رێکەوتنی گۆڕان و پارتی هاتووە  و ماوەیەکی زۆریشە دەیان هەزار لە ئەندام و لایەنگرانی ئەم بزاڤە (چ جای ناڕازییەکانی) داوای دەکەن. لە دوای بە ناو “دادگاییەکەی” هەولێر، ئیتر مانەوەی گۆڕان لەو چوارچێوەیەدا دەبێتە مەترسیێکی جددی لەسەر دواڕۆژی خودی بزووتنەوەکە. گۆڕان پێویستە رێز، لەو هەموو چاوەڕوانییە بگرێ کە نەک هەر گۆڕانخوازان لەو بزووتنەوەیان هەیە، بەڵکو هەموو ئەو ئومێد و چاوەڕوانییەی کە ئازادیخوازانی کوردستان لە سەرەتاوە بەو بزاڤەیان هەبووە؛

٤) لە دوای دادگاییکردنەکەی هەولێر پشتڕاست بوویەوە کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان نەک هەر هاوبەش، بەڵکو بەشدارێکی کاراش نییە لە دەسەڵاتەدا. یەکێتی، هەر وەک دزووتر، لە رێگای کۆمەڵێک بەرژەوەندی و دەسەڵاتداری تەماح و چاوبرسییەوە لە دەستی پارتیدا بارمتەیەکە و هیچی دیکە. ئەوەی روویدا لە پێش هەر شتێک هەڕەشەیەکی زۆر جددی بوو بۆ سەر ئەوەی پێی دەگوترێ “پڕۆژەی هەڵسانەوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان،” ئەقەیەکی جددی بوو کە لەو بە ناو هەڵسانەوەیە کرا. بە بڕوای من ئەگەر ئەم “پڕۆژەی هەڵسانەوەیە،” دەخوازێ رووناکیی رۆژی هەڵسانەوە ببینێ، ئەوا دەبێ هەر وا بە ئاسانی لێنەگەڕێ ئەو تاقیکردنەوەیەی کە پارتی لە رێگای دادگاوە لەو هەڵسانەوەیەی کرد بەسەریدا تێبپەڕێ. ئاخر ئەگەر نا، هەر زوو هەموان دەگەنە ئەو باوەرەی کە دوای کۆنگرەی یەکێتی شتێکی نوێ لە گۆڕێ نییە و ئەوەی هەیە هەڵسانەوە نییە بەڵکو تەنها هەندێک قسە و “وردە هەڕەشە بە قسە” و بۆڵەبۆڵی سیاسییە و هیچی دیەک نییە: راستییەکەی ئەوەی هەیە بەردەوامیی حاڵەتی بەبارمتەگیراوی یەکێتییە، بە تایبەتی لە بادینان، لە دەستی دەسەڵاتی پارتیدا و زیاتر نا؛ 

٥) دادگاییکردنەکە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە ئەو راستییەی پشڕاست کردەوە کە بەر لەوەی بەغدا، ئەنکەرە و تەهران هەڕەشە بن لەسەر ئەوەی پێی دەوترێ “قەوارەی هەرێم” ئەوا دەسەڵاتداران خۆیان، بە تایبەتی دەسەڵاتدارانی پارتی، هەڕەشەی هەرە جددیین لەسەر ئەم قەوارەیە. نادیدەگرتنی ئەم هەڕەشەیە، دەتوانێ دەرەنجامی کاریسەئامێزی بۆ خودی دواڕۆژی سیاسی ئەم “قەوارەی هەرێمە” هەبێت. دەبێ ئازادیخوازان باش لەوە ئاگادار بن کە دەمێکە قەوارەی هەرێم “سەربەخۆ نییە،” بەڵکو بارمتەی دەستی دەسەڵاتدارانی پارتی دیمۆکراتی کوردستانە، دەسەڵاتدارانێک کە ئێستاش لارییان لە دووبارەکردنەوەی ٣١ی ئاب نییە بۆ ئەوەی بە بارمتەگیراوی قەوارە و چارەنووسەکەی لە دەستیاندا توند و زامن بێت. ئاخر ٣١ی ئاب، بەر لە هەر شتێک، بەرهەم و دەربڕی راستەوخۆی کەلتورێکە کە دەیان ساڵە (لە راستیدا ١٩٦٠کانەوە)، بە ئێستاشەوە، وەک خوێن لە جەستەی ئەم دەسەڵاتدارانەدا دەسوڕێتەوە، هەر لەبەر ئەوەش ئیدارەدانی شتەکان بە هەمان نەفەسی ٣١ی ئاب بەردەوامە!

شەرمەزاری بۆ دەسەڵاتی یاساشکێن، شەرمەزاریش بۆ بڕیاری دادگای دوێنیی پڕ ستەم، داپڵۆسین و زۆرەملێ؛

سەربەرزی و سەرفرازی بۆ ئازادیخوازانی بادینان؛ سەرکەوتنیش بۆ ئازادیخوازانی کوردستان.

هاوشێوە