رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

بۆچی ژنان لە وڵاتانی کەنداو کەم دەبن بە سەرکردە؟

Facebook
Twitter
LinkedIn

عومەر ئەلعوبیەدلی

وەرگێڕانی: ژیر دانا

لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ژمارەی ئەو ژنانەی کە دەتوانن بگەن بە پلەی سەرکردە ئێجگار کەمە. ئامارەکانیش ئەوەیان دەرخستووە کە ڕێژەی ئەو ژنانەی کە دەتوانن بچنە نێو پەرلەمانەکان و کورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنن، بە تێکڕایی کەمترە لە ١٠٪. لە هەندێک وڵاتدا ئەم ڕێژەیەێش هێشتا زۆرە، بۆ نموونە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٠ـی وڵاتی کوەیت، تەواوی پەنجا کورسیەکەی پەرلەمان بۆ پیاوان بوو. ئەم بارودۆخە تەنها لە کەرتی حکومیدا بەو شێوەیە نییە و لە کەرتی تایبەتیشدا بە هەمان جۆرە. لە ڕاپۆرتێکی تۆڕی فۆربسدا ناوی ٨٣ بزنسی گەورەی وڵاتانی کەنداو دەرخرابوو کە لەلایەن خێزانە دەوڵەمەندە عەرەبەکانەوە خاوەندارێتی دەکرێن. لەو ژمارەیەدا تەنها ٣ دانە لە بزنسەکان خاوەنی ژن بوون لە پلە بەرزەکاندا.

لێکۆڵینەوە و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە هەروا سادە نییە و پێویستی بە داتا و ئاماری زانستیانەی ورد هەیە. ئەگەر وڵاتانی کەنداو بە جددی بیانەوێت ئەم هاوکاری ژنان بکەن تا پێگەی خۆیان بەهیزتر بکەن و بتوانن ببن بە سەرکردە، پێویستە بەرپرسیارانە هەوڵی تێگەیشتن و چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بدەن.

ئاسانترین ڕێگا بۆ چارەسەری کێشەی نایەکسانی جێندەری لەوەوە دەست پێدەکات کە دان بە هەبوونی کێشەکە بنرێت و لە تێگەیشتنیش بۆ مەترسییەکانی دروستببێت. هەروەها داوای دروستکردنی ڕۆڵێکی جددیتر بکرێت بۆ ژنان.

ڕێگایەکی دیکەی تر کە سەختترە لەوەی پێشوو، بەڵام بەرهەمێکی زیاتری هەیە، ئەوەیە کە پشت بە میتۆدی زانستیانە ببەسترێت تا لێکۆڵینەوەی ورد بکرێت لەسەر تەواوی ئەو هۆکارانەی کە لەناو ئەم کۆمەڵگایانەدا ڕۆڵی ژنی کەم کردووەتەوە. گرینگی میتۆدی زانستی لێرەدا ئەوەیە کە دەتوانێت بەهۆیەوە باشتر کار لەسەر هۆکارەکان بکرێت. چونکە ئەو ڕێگایانەی کە پێشتر گیراونەتەبەر بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە ئەنجامێکی وایان نەبووە کە دڵخۆشکەر بێت و کاریگەری و گۆڕانکاری گەورە دروستبکات. بۆیە لێرەدا میتیۆدی زانستی دەتوانێت تێگەیشتنێکی باشطر لە کێشەکان دروستبکات تا دەرئەنجامێکی باشتر لەڕێگایەوە بەدی بهێنرێت.

بۆ نموونە یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە کە جیاوازی دەکرێت لەنێوان ژن و پیاودا سەرەڕای هەبوونی هەمان ئاست. بەتایبەت لەکاتی هەڵبژاردنی بەڕێوبەرە گشتییەکانی شوێنە جیاوازەکان یاخود بوون بە سەرکردە، ئەگەر ژن و پیاوێک هەمان ئەزموونی پێشوەختەیان هەبێت، ئەوا هێشتا پیاوەکە لەپێشترە و دەرفەتی وەرگرتنی کارەکەی زیاترە. یاخود هەندێکجار ئەزموونی ژنەکە کەمترە، بەڵام دەبێت بزانرێت کە هەبوون و دەستکەوتنی ئەزموون بۆ ژن، زۆر قورسترە وەک لە پیاو. ئەمەیش دیسان جیاوازییەکی دیکە دروستدەکات. چارەسەری ئەم کێشەیە بەشێوەیەکی ڕووکەشیانە وا دەردەکەوێت کە تەنها نەهێشتنی ئەو جیاوازیە بێت. واتە بۆ نموونە لەکاتی هەڵبژاردن لەنیوان ژن و پیاوێکدا گوێ بە هەندێک لە کەم ئەزموونی ژنەکە نەدرێت.

بەڵام ئەگەر بە شێوەیەکی وردتر سەیری بارودۆخەکە بکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە ئەو چارەسەرە زیانی گەورە دروست دەکات و بەو جۆرە نابێت کە چارەسەری کێشەی ژن بکات.

چونکە دەبێتە هۆی ئەوەی کۆمپانیا و دام و دەزگاکان بۆ هەڵبژاردنی بەڕێوبەرەکانیان کەسانێک هەڵبژێرن کە ئەزموونیان کەمترە لە ئەزموونی داواکراو و پێویست. وە پێوەری بەدەەستهێنراو هەمیشە کەمتر دەبێت لە پێوەری ویستراو. لێرەوە دەبێت هەوڵەکانمان بۆ چارسەرکردنی ئەم جیاوازییە بگوازینەوە بۆ ئاستێکی نزمتر، لەجێی ئەوەی کە لە ئاستێکی بەرز و ڕاستەوخۆ لەکاتی بەراوردنی ژنێک لەگەڵ پیاوێک بۆ بوون بە بەڕێوبەر یاخود سەرکردە هەوڵی چارەسەرکردنی کێسەکان بدەین. ئەو ئاستە نزمەیش لە پەروەردە و یاسا و دەستوورەوە دەستپێدەکات. کەواتە ئەگەر هەوڵەکان لە ئاستە بەرزەکانەوە بگوازینەوە بۆ ئاستە نزم و بنەڕەتییەکان، ئەوا تووشی لەو جۆرە کێشانە نابین کە لەسەرەوە باسکران.

لە وڵاتانی ڕۆژئاوا. بە چەندین جۆر و لە چەندین لایەنی جیاوازەوە لێکۆڵینەوەی زانستی کراوە لەسەر کەمی ڕۆڵی ژن لە ئاستە باڵاکانی وەک بەڕێوبەر و سەرکردە. لە بەشێک لە لێکۆڵینەوەکاندا ئاماژە بە چەند خاڵێک کراوە کە دەبنە هۆکار بۆ کەمی ژن لەو ئاستە ئیدارییە بەرزانەدا، بەتایبەت لەو بوارانەی کە پەیوەندییان بە ئابووریەوە هەیە. بۆ نموونە لەڕێگای چەند ئامارێکەوە ئەوە دەرخراوە کە ژنان لەچاو پیاواندا کەمتر ئامادەی ڕکابەرییان هەیە و زیاتر دەیانەوێت بە گفتوگۆ و ركکەوتن کارەکانیان ئەنجام بدەن. یاخود ژنەکان کەمتر ئامادەیی ئەوەیان تێدایە کە کارەکانیان بخەنە پێش ژیانی تایبەتیانەوە و کاتێکی زۆری ڕۆژەکانیان بۆ کارکردن تەرخان بکەن.

بەڵام هێشتا ئەم تێگەیشتن و لێکۆڵینەوە دیاریکراوانە، بەس نین بۆ ئەوەی کە ئێمە کۆتایی بە بابەتەکە بهێنین و پێویستە بەردەوام لێکۆڵینەوەی زیاتر بکەین لەسەر بابەتەکە. بۆ نموونە لەم دواییانەدا لێکۆڵینەوەیەکی تایبەت ئەنجامدرا کە پێویستە ئاماژەی پێبکەین. ئەو لێکۆڵینەوەیە لەلایەن هەردوو پڕۆفیستۆری بواری ئابووری بەناوی پریانکا چاکرابۆرتی لە زانکۆی ئەلیغانی، لەگەڵ دانیلا سێرا لە زانکۆی ئەی ئێمی تەکساس. لێکۆڵینەوەکەی ئەم دوو پڕۆفیستۆرە چەندین تاقیکردنەوەی لەخۆ گرتبوو کە تیایاندا سەرنج دەخرایە سەر ئەوەی کە لە دەزگا جیوازەکاندا کام کەسانە ئەگەری پلە بەرزکردنەوەیان زیاترە لە کەسەکانی تر.

لە لێکۆڵینەوەکەی ئەم دوو پڕۆفیستۆرەدا یەکێک لە خاڵە گرینگەکان کە ئاماژەیان پێکردووە و بە هۆکارێکی گرنگی دەزانن بۆ کەمی ڕێژەی ژن لەو ئاستە ئیدارییە بەرزانەدا، هەڵوێستی کەسانی ژێردەستە. بەجۆرێک کە لە زۆرینەی دۆخە جیاوازەکاندا ئەوە دەرخراوە کە ژێردەستەکانی ژن زیاتر ڕەخنە لە بڕیاری بەڕێوبەرەکەیان دەگرن و زیاتر تووڕە دەبن. لەکاتێکدا کە ئەگەر بەڕێوبەرەکان پیاوبن کاردانەوەی ژێردەستەکان بۆ بڕیارەکانی بەڕێوبەر بەم جۆرە نییە. تەنانەت لە زۆربەی دۆخەکاندا دەرخراوە کە ژێردەستەکان ئەگەری قبوڵنەکردنی بڕیاریان بۆ بەڕێوبەرە ژنەکان زیاترە لەچاو بەڕێوبەرە پیاوەکان. لە پەیوەند بە بوار و لایەنەکانی ترەوە دوو پڕۆفیستۆرەکە هیچ خاڵێکی دیکەیان نەدۆزیەوە کە تیایدا ژنان لە پیاوان ناچالاکتربن. ئەمەیش سەرەڕای ئەوەی کە هەریەکەیان بەجۆرێکی جیاواز کار دەکەن و تایبەتمەندی خۆیان هەیە. بەڵام هیچ کامیان لەوەی تر بەڕێژەیەکی زۆر گونجاوتر نییە بۆ کارکردن لە ئاستێکی بەرزی ئیداری.

لەبەری ئەوەی کە ئەم لێکۆڵینەوەیە لە ئاستێکی فراوان و گشتیدا کاری کردووە و زۆر ورد نەبووەتەوە، ناکرێت وەکو لێکۆڵینەوەیەک سەیری بکەین کە کێشەی نایەکسانی جێندەری لە ئاستە ئیدارییەکاندا بە تەواوەتی چارەسەر بکات. بەڵام دەکرێت وەکو دەروازە و هەنگاوێک دایبنێین کە چۆن لەم جۆرە لێکۆڵینەوە و کارکردنە زانستییە دەتوانێت بەشێکی کێشەکان چارە بکات و وێنەکەمان زیاتر لەبەرچاو ڕوون بکاتەوە. وە هۆکاری دیکە بدۆزێتەوە کە ‌هێشتا کاریان لەسەر نەکراوە و بەردەوامی بە کێشەکە دەدەن.

لە وڵاتانی کەنداودا، لەم جۆرە لێکۆڵینەوە زانستییانە ژمارەیان ئێجگار کەمترە لەچاو وڵاتانی ڕۆژئاوادا. ئەمەیش لەکاتێکدا کە وڵاتانی کەنداو کێشەی جیاوازی جێندەری تیایاندا زۆر زیاترە لەچاو وڵاتانی ڕۆژئاوا. بەشی زۆری ئەم ناچالاکیەی وڵاتانی کەنداو دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی پشتگیری بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی لەم جۆرە. بۆیە هەر شتێکیش بکرێت، لەسەر ئاستێکی کەسییەوە ئەکرێت وەک لەوەی کە لەسەر ئاستێکی گشتی و بەرزەوە پشتگیری بکرێت. لەکاتێکدا کە لە وڵاتێکی وەک ئەمریکا حکومەت خۆی پشتگیری لەم جۆرە لێکۆڵینەوە و توێژینەوانە دەکات و مەبەستیەتی کە بەباشی لە کێشەی جیاوازی جێندەری تێبگات.

بێگومان ڕێی تێدەچێت کە وڵاتانی کەنداو سوود لە توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا وەربگرن. بەڵام لەبەر هەبوونی جیاوازییەکی زۆری کولتووری و یاسایی لەنێوان وڵاتانی کەنداو و ڕۆژئاوادا، ناکرێت بەبێ هەبوونی توێژینەوەی ناوخۆیی کێشەکان چارسەربکرێن. بۆ نموونە ئەو توێژینەوەی کە لەسەرەوە باسمان کرد لەناو وڵاتانی کەنداودا زۆر بەباشی کارناکات و سوودی تەواویشی لێوەرناگیرێت. چونکە سیستەمی دام و دەزگاکان جیاوازە و ژمارەی ئەو ژنانەیشی کە لە ئاستە ئیدارییەکاندا کاردەکەن کەمترە. بۆیە ئەو توێژینەوەیە ئەگەر لە وڵاتانی کەنداودا ئەنجام بدرێت، بەجۆرێکی تر دەردەچێت.

بۆیە پشتگیری کردنی ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت توێژینەوەی ورد و زانستی بکەن لەسەر بابەتی جیاوازی جێندەری لە وڵاتانی کەنداو، رێگەیەکی راستە بۆ هەنگاونان بەرەو چارەسەرکردنی کێشەکە. جگە لە پشتگیریش پێویستە هەوڵی تەواو بدرێت تا ژنان خۆیان بهێنینە قسە و لێدوانیان لێوەربگرین.

سەرچاوە (کلیک بکە)

هاوشێوە