رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

لە ستایشی گێلیدا
بەشی دووەم

Facebook
Twitter
LinkedIn

ئاراس ئەنوەر

بەشی دووەم

ئەی کەواتە ڕێگەی جەهل و گێلی چییە؟

هەموو ئەو جۆرە ژیانانەی تر، ئەوەی ئێستا وەک وەسفێکی ناشرین دەدرێتە پاڵ کەسێک “ئیپیکۆری”، ئەوەی کە بەتەنها بە دوای چیژێکی کاتی و ئێستایی و خۆشییەکی بێ ڕەسەنایەتییەوەین، ئەوەی کە حەوسەڵەی بەرپرسیارێتی کەسێتی خۆمان و دەوروبەرمان نییە، ئەوەی کە قسەی کچی مۆدێلێک دەکەینە سەرچاوی مەعریفەی خۆمان و لە نێو یەکدا شێری دەکەین و لایکی دەکەین، و ئەوەی باسی مۆدێلی سەیارە و جۆری شوقە و ڕێژەی پارە “بێ گوێدانە چۆنێتی پەیداکردنی” بوونەتە بابەتی گەرمی ڕۆژ، ئەوەی کە سیاسییەکی دەبەنگ ئاڕاستەمان دەکات، چەتەیەک کە وێنەی لەسەر پشتی مۆبایلەکانمان دادەنێن، فریادرەسێکی ساختە کە لێمان ئەدزێت و لێمان زەوت دەکات و ستایشی دەکەین، ئەوەی کە ئەم بەرەی ڕەنگێکمان پێ باشتربێت لەو بەرەی رەنگەیتر “کە نازانین ئەسڵی هەردوو ڕەنگەکە ڕەشە”، ئەوەی کە خوێندن بە بەلاش هەیە و مندالەکانمان دەنێرین بە پارە بخوێنن، ئەوەی کە پێمانوایە ئاهەنگی فڵان رستۆرانت و دوبارە نەکردنەوەی قاوەی فلان کافێ و چێکینی فڵان نێرگەلە خانە، دەستکەوتی نیشتمانین و دەکرێت وەک شوناسێکی سەتحی و ساختە و ناشرین، بەوانیتری بفرۆشینەوە،،، بەڵێ، ئەمانە جەهلن.

کەوایە بۆچی زۆرینە جەهل و کەمینە زانین هەڵدەبژێرن؟

وولیام گلاسەر “William Glasser” بەهۆی بیردۆزەی هەڵبژاردنەوە”Choice Theory”، وەلامێکی دروستمان دەداتێ و ئێمە زۆر بە کورتی لێرەدا ئاماژەی پێ دەکەین.

ئەو دەڵێت، هەوڵی مرۆڤ لە ژیاندا و لە پەیوەندی کردندا بەم جۆرەیە:

یەکەم؛ مانەوە، دووەم؛ عیشق و خۆشەویستی، سێیەم؛ ئازادی، چوارەم؛ دەسەلات، پێنجەم؛ شادی. واتە مرۆڤێک کە سبەی لە خەو هەڵدەستێت، بە نیازی مانەوەی کارێک دەکات، دەیهەوێت لە پەیوەندی کردنیدا بەو کارە و بە دەورەبەرییەوە عیشق و خۆشەویستی بکات، و لە پەیوەندیدا لەگەڵ ئەوانیتر ئازادبێت “بە پێی ئاگایی لە سنوری ئازادی”، وە دەیهەوێت بە هۆی دەستکەوتی کارەکەیی و عیشق و ئازادییەوە جۆرێک لە دەسەڵات بۆ خۆی بچڕێت، و هەموو دەسەڵات و ئازادی و عیشق و هەوڵی مانەوەی لە خزمەتی شادییدا بێت.

بەڵام گلاسەر پێوەری بۆ ئەو کارە بەم جۆرەیە؛

یەکەم؛ فکر، دووەم؛ رەفتار، سێیەم؛ فسیۆلۆجی، چوارەم؛ هەست.

واتە دەڵێت مرۆڤ بۆ ئەو کارەی کە دەیکات سەرەتا دەبێت ئەقڵ،هۆش،ژیری، پێش بخات و بەکاربەرێت، پاشان ئەقڵی کۆنترۆڵی رەفتاری دەکات، و ئەقڵ و رەفتاری کۆنترۆڵ و هاوکاری فیزیکی و جەستەیی دەکەن و هەرسێکیان هەستی ڕادەگرن. بە مانایەکیتر، بۆ هەر بژاردەیەک سەرەتا دەبێت بە ئەقڵ بیربکەیتەوە و بڕیاربدەین، پاشان رەفتار بە بیرکردنەوە و بڕیارەکەمان بکەین، و جەستەمان بۆ ئەو رەفتارە ئامادە بکەین و هەست و دەرونمان ئاڕاستە بکەین.

ئەمە هۆشیاریترین کارێکە کە بکرێت بۆ خاتری مانەوەی مرۆڤ، بۆ عشقکردنی، و بۆ گەشتن بە ئازادی و بۆ دەسەلات و پاشان شادی، وە هەموو ئەمانەش جۆرێک لە شوناسی کەسی لەسەر بنەمای ئەقڵ و بیرکردنەوە و رەفتار و کردوەوە بە کەسەکە دەبەخشن. بۆ نمونە، بژاردە ڕاست و ئەقلانییەکە ئەوەیە کە تۆ بە هۆش و ئاگایی حیزب و سەرکردە و کار و خێزان و بۆچوون و چەندێتی و چۆنێتی ژیانت هەڵبژێریت.

پێچەوانەی ئەمەش، واتە بۆ هەر کارێک یان بژاردەیەک، سەرەتا هەست، پاشان فسیۆلۆجی، و پاشان رەفتار و دواتر ئەقڵمان ئاڕاستە بکەین و کاری پێ بکەین، ئیتر دەبێتە مایەی سەرگەردانی و ماڵوێرانی. واتە ئەگەر بەم چەشنە کە هەست پێش بخەین و ئەقڵ پاش بخەین بژاردەی هەوڵی مانەوەی ژیان، و عەشق، و ئازادی، و دەسەڵات و شادیمان بکەین، زۆر نزیکە کە خۆمان لەدەست بدەین، چونکە هەست و دەروون و لایەنی سۆزداری کارە ئەسڵی و ڕەسەنییەکەی مرۆڤ نیە و تووشی دڵخورپێ و تەنگەژەی دەرونی بوون هۆکارە لە گۆڕانکاری لە بیروبۆچوون و بڕیارمان. واتە ئەگەر بە هەست، حیزب و سەرکردەی خۆمان هەڵبژێرین، ئیتر لەو کەسانە ئەبین کە هەمیشە لە سۆشیال میدیا و لە ناو خەڵک تەنگەژەی دەرونییان هەیە و توشی گرفت ئەبن، چونکە سەرکردە و حیزبی خوازراوی ئەم، لە ڕاستیا گەندەڵ و چەتە و نەخوازراوە.

بۆیە ویلیام گلاسەر، بۆ هاوکاریکردنی بژاردەکانمان هاوکاریمان دەکات، و دەیەوێت بە پرسیارێک بمانخاتە سەر ڕاستەڕی ئەقلانییەکە، کە دەپرسێت؛ ئەوەی بە دەست خۆتە چییە؟ ئەوەی بە دەست خۆت نییە چییە؟… واتە دەیەوێت بپرسێت، هەوڵی مانەوەی تۆ چۆنایەتی و چەندایەتییەکەی بە دەست خۆتە؟ یان نا؟ ئەو کاتەی بە دەست خۆتە، بژاردەت بۆ مانەوە چییە؟ ئایا دزی و چەتەیی و مەعاشی بندیوار و موفتە، ئایا خۆ بە مۆدێلکردن و خۆ نمایشکردن و رازی کردنی دڵی پارەدارانە؟ یان ڕیگەی دروست و مەشروع و یاسایی دەگریتەبەر؟ وە گلاسەر لەوەش زۆر باش هاوکاریمان دەکات، وەختێک دەڵێت؛ تەنها شتێک کەلە کەسانی ترەوە دەستمان دەکەوێت، ئاگادارییە. واتە دەیەوێت بڵێت، تۆ ئاگاداری پێگەی مەلامحمودیت چۆنە؟ کەوایە ئەوە بژاردەیەکە، بۆ ئەوەی تۆ ئاگاداربیت، کە ئەو چەند بە دروستی ژیا، وە هەمان پرسیاریش بۆ هەموو کارەکتەرە سیاسی و هونەری و پۆڕنستارەکانی سۆشیالمیدا و چەتەکانی بازرگانی و مەلا و،، هتد هەر ڕاستە. ئایا ئێمە پێگە و ڕۆڵی کۆمەڵایەتی و شوناسی ئەوان دەزانین و ئاگادارین؟ ئایا ئەوە بژاردەیەکی پەسەندە؟ وەڵامی ئەم پرسیارانەیش بەجۆرێک کەسیی و خودی و پشت بەستە بە ئاگایی خودییەوە ئەگەر خۆمان “گێل” نەکەین ڕاستەوڕاست خۆمان دەخەینە ژێر بەرپرسیارێتی و ئیمتیحانی ئەقڵی و هۆشەگیی خۆمانەوە. مادەم پرۆسەی بژاردەی بەرپرسیارێتی ئەقڵی و دەرچوون لە “گێلی” کەسی و خودییە، گلاسەر لەبەردەم “من-ی ئاگامەنددا” دەپرسێت؛ تەنیا کەسێک کە بتوانم ڕفتاری کۆنترۆڵبکەم؟ کەوایە تەنیا کەس کێیە؟ ئایا هەر یەک لە ئێمە ئامادەین ئەو تەنیا کەسەبین، کە هەر بۆخمان بە هاوکاری پرۆسەی “ئەقڵ-رفتار-فسیۆلۆجی-هەست”ەوە کۆنترۆڵی بژاردەکانمان بکەین؟.

هاوشێوە