رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

لە ستایشی گێلیدا
گێلی وەک تەمبەڵی، گێلی وەک بیرنەکردنەوە

Facebook
Twitter
LinkedIn

ئاراس ئەنوەر

بەشی یەکەم

مونا چەلەبی لە وەڵامی پرسیاری هاوڕێیەکی دەربارەی ئەوەی؛ ئایا چەندێک مرۆڤ لەسەر زەوی هەبوون، ئەو دەڵێت؛ ئێمە ناتوانین ژمارەی زیندووەکانی پێشوو بزانین، بەڵام دەربارەی ژمارەی مردووەکان دەزانین، واتە زیندوو ئەوەیە کە ئێستا هەیە و مردوو ئەوەیە کە لە ئێستادا نییە و ژیانی جێ هێشتووە، بۆیە بە پشتیوانی کارل هەوب، کەلە دەزگای ژمێریاری دانیشتوانی جیهان کار لەسەر دیمۆگرافی ژمارەی مرۆڤەکانی سەر زەوی دەکات لەسەرەتاوە تا ئێستا، لە خەمڵاندنێکدا دەڵێت کە ژمارەی ئەوانەی مردوون بە نزیکەیی ١٠٠،٨٢٥،٢٧٢،٧٩١ واتە بە نزیکەیی ١٠١ ملیار مرۆڤ دەکات. وەک دیارە ژمارەی زیندووەکانیش لە ئێستادا بە نزیکەیی ٧،٦٥ ملیار مرۆڤن.

ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ژمارەی مرۆڤ نییە وەک بوونێکی زیندوو، ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ژمارەی مرۆڤە وەک بوونێکی ئامادە، بە مردوو و زیندووەوە، واتە لە ڕاستیدا بۆ ئێمە زۆر گرنگ نییە کە هەزار ساڵ پێش زاین کەسێک لە مسر، بابل، یان هندستان ژیابێت کە نە مێژوو تۆماری کردووە و نە کاریگەری بوون و کەسێتی و شوناسی خۆی، نە لەسەر کۆمەڵگە و نە لەسەر دروستکردنی ڕووداو جێ نەهێشتووە. ئەوە بۆ ئێمە گرنگە شوناسی مرۆڤ نییە وەک چەمکێکی گەردوونی، نا، ئەوەی گرنگە ڕۆڵ و پێگەی کۆمەڵایەتی، زانستی، ئایینی فەلسەفی،،، هتد هەر کەسێکە کە شوناسێکی پێداوە و مێژوو و هەموو مرۆڤایەتی لە دوای ئەو کارتێکراو و قەرزارباری هەڵوێستەکانی خۆی کردووە.

بەپێی بەدواداچوونێکی تێروتەسەل لە ئینتەرنێت، لە ژمارەی ئەو کەسانەی لە مێژوودا ناودارن زانیارییەکی دروستمان وەدەست نەخست، تەنها ئەوە نەبێت بە چەند لیستێک وەک لیستی فەیلەسوفان، پاشایان، سوارچاکان، ئەکتەرەکان، سەرکردەکان، وەرزشەوانان، زانایان،،،هتد هاتووە و لە ڕاستیا لە زمانی ئینگلیزیدا ووشەی “Celebrity” بۆ ئەو کەسایەتییانە بە شیاو دەزانن، ئەویش لە ووشەی لاتینی “celebrity, celeber, celebered ” وەرگیراوە کە بەمانای “fame, famous” “ناودار، بەناوبانگ، ناسراو” دێن.

ئێستا کەوایە، خۆمان لە خەمڵاندنێکی ناشیاودا دەکرێت بڵێین ژمارەی کەسایەتییە ناودارەکان بە نزیکەیی ڕەنگە ١٠٠ هەزار کەس بێت، ئیتر بەوەی کە دەیانناسین و نایانناسین، بەوەی کە مێژووی نەرویج باسی دەکات و مێژووی کەمبۆدیا باسی ناکات، بەوەی کە لە ناوچەیەکی جوگرافی کاریگەری هەیە و لە ناوچەیەکی تر هەر بۆشیان گرنگ نییە. ئەو ژمارە گریمانەییە نزیکەییە ١٠٠ هەزار کەسییە، ئەگەر بە بەراورد بە ژمارەی مردووەکان و ژمارەی زیندووەکانی ئێستا بەراوردیان بکەین، لە ڕاستیدا زۆر زۆرکەمن. کەوایە، هۆکار چییە؟

ئەوەی ئێمە بۆمان گرنگە و لەسەر ڕادەوەستین ئەو هۆکارەیە کە وادەکات مرۆڤ شوناس بە خۆی بدات، ڕۆڵ و پێگەی کۆمەڵایەتی دروست بکات، کاریگەری لەسەر ڕووداو کۆمەڵگا و مرۆڤایەتی جێ بهێڵێت، چییە و چۆنە؟ بەڵێ، ئێمە هەموو هۆکارەکانی چاخ و سەردەم و هەژاری و کۆیلایەتی و بێدادی و دەستنەگەشتن و کەمی پێداروی و هەلومەرجی ژینگەیی و کۆمەڵایەتی و،،،هتد هەموو لەبەرچاو دەگرین، و تەنها و تەنها بەراوردێکی بچووک و سانا لە نێوان خواستی دەستکەوتنی زانست، ئاگایی، ووشیاری، ئەقڵ لەبەر چاو دەگرین، و سێ نمونە و تێۆریایەک دەخەینە بەرباس.

نمونەی یەکەم؛ سینۆهای پزیشکە، کە ماوەیەک لە ناو کۆشک و تەلاری ڕازاوەی فرعەون، پزیشک بووە و پاش ئابڕوچوونەکەی بە هۆی ژنێکەوە با ناوی نەفەرنەفەر، بڕیاردەدات تەبەس جێ بهێڵێت. بریاردانەکەی چەندێک بۆ خاتری ئابڕوچوونەکەی بوو، دە هێندە بۆ گەڕانبوو بە داوی زانیندا، بۆ ئەوە بوو ئاشنای ژیانی ولاتانی تر ببێت، ئاشنای کۆمەڵگاکان و شێوازی جیاوازی کاری پزیشکی و چەندێتی و چۆنێتی سیستەمی ئیدارەدانی ولات و سەربازی و ئابوری و زانستی ببێت. جگە لەوەی هۆرۆم هۆبی هاوڕێی کە جەنڕاڵی سوپاکەی فەرعەون بوو، داوای لێ کردبوو کە وەک چاوساغ و پۆلیسی نهێنیی ئەو، بچێتە ولاتانی تر و زانیاری وورد لە بارەی توانای سەربازی و چەک بە گشتی بۆ هۆڕۆم هۆب تۆمار بکات، سینۆها بۆ خۆیشی خوازیاری گەڕان و بینینی ژینگەی ولاتانی جیاواز و مەیلی وەدەست خستنی زانستی زیاتری هەبوو بە تایبەت لە ڕووی کاری پزیشکییەوە. ئەم هەستەی هەر لە مناڵییەوە ئەو سەر ئێشەیەی بۆ دروست کردبوو، کاتێک دەیخوێند مامۆستاکەی هەرچی باس کردبایە، سینۆها دەیپرسی، بۆچی وەهایە؟ واتە بە پرسیارەکانی، کە رەنگە لە توانای وەلامدانەوەی مامۆستاکەی نەبووبێت، دەبووە هۆی توڕەبوون و هەتا لێدانی. ئەم ئاکارە پرسکارییە لە خانەی ژیانیش کە خوێندنگای پزیشکی بوو، تووشی سەر ئێشە و نەیاری مامۆستاکانی کردبوو. سینۆها لە گەڕانیدا بە ولاتانی بابل، هاتی، کریت و ئاسیریا، هەم کاری پزیشکی دەکرد و هەم چاودێری دەکرد و هەم خۆشی فێری جۆری جیاوازی کاری پزیشکی دەکرد. لەگەل ئەمانەشدا، بە ئاگاییەوە پەیوەندی دۆستانەی لەگەڵ کەسایەتی و دەسەلاتدارانی ناوچەکانی تر، خاڵی گرنگی ژیانی سینۆهایە. ژیری و دانای و زمان پاراوی و خەسڵەتی خۆگونجاندنی وەهای کردبوو لە ناو هەر کۆمەڵگەیەدا بێت بە سانای جێی خۆی لە دڵی خەڵکی ئاسایی و پاشا و دەسەڵاتداران بکاتەوە. سەڕەرای زۆرێک کێشە و تەگەرە کە لە ژیانیدا پێشی دەهات، سینۆها هەمیشە بە تاسەوە زیاتر خواستی لەسەر فێربوون و زانین هەبووە. سینۆها، ئێستا لە نێوماندا دەژی و زیندووە، لە راستیدا ئەوانیە مردوون، ئەو هاوسەردەمییانەی سینۆهان، کە مێژوو باسیان ناکات.

چیرۆکی سینۆها بۆ ئێستای ئێمە، جێی بایەخ پێدان و ستایشە،،، لانی کەم دەکرێت ئەوە فێرببین کە شوێنکەوتەیی چێژ و خۆشی کاتی، هەمیشە ماڵوێرانی و ئابڕوچوون و سەرگردانی بە دوای خۆیدا دەهێنێت، بەڵام شوێنکەوتەیی زانین، ئەقڵ و هۆشیاری، شوناسێکی لە چەشنی سینۆهامان پێ دەدات.

نمونەی دووەم؛ سۆکارتی مەزن، خواستی ئەم فەیلەسوفە بۆ زانین بە جۆرێک بوو کە کۆمەڵگەی ئەسینای جارسکردبوو. ئەو، تەنها یەک دێڕی نووسراویشی لە دوای خۆی و بەدەستوخەتی خۆی جێ نەهێشتووە، تەنها لە ڕێی گفتوگۆ و ووروژاندنی پرسیارەوە دەیهەویست بگاتە ڕاستی. سۆکراتی فەیلەسوف بە جۆرێک گفتوگۆی دەکرد کە ئەم گێلە و هیچ نازانێت “بەمە دەڵێن گێلی سۆکراتی”، و بەرامبەری دەزانێت، بەڵام لە نێو بابەت و باس و خواسەکەدا بە جۆرێک بەرامبەری دەخستە ژێر پرسیار و وورد دەبۆوە، ئیتر ولامدانەوەی کاری نەکردەبوو و پیاوی خۆی دەویست، بۆیە لە ناو دانیشتوانی ئەسینا بڵاوبۆوە کە ئیتر کەس گفتوگۆی لەگەل نەکات، و هەموو خۆی لێ هەڵەبکەن. سۆکرات بۆ خۆی دەڵێت؛ ئەسینا ئەسپێکی تەمبەڵە و منیش وەک مێشێکم، هەوڵدەدەم بیگەزم بۆ ئەوەی جولەیەک بکات. هەر بۆیە سوکرات بە فەیلەسوفی هۆشگەرا ناودێر دەکرێت، چونکە لە مەراقی گەشتنە ڕاستی و زانین هەمیشە لە هەوڵێکی نەپساوەدابوو تا کارگەشتە ئەوەی دەسەلاتی ئەو کاتەی ئەسینا بە دژە خواکانی ئەسینا و هەندێک بیانووی بێ بنەمایتر ژەهر خواردیان کرد. تێبینی بکەن، ئەگەر تەقەلای ئەو بۆ زانین و راستی نەبوایە، هیچ کات نەدەگەشتە ئەوەی ڕووداوێکی وەها خەمناک بەسریدابێت، بەڵام، بەڵێ ڕاستە سۆکرات کوژرا و مرد، بەڵام بە درێژایی ٢٥٠٠ ساڵە مێژووی فەلسەفە و مرۆڤایەتی، قەرزاری ئەون و هەمیشە بە زیندووی دەمێنێتەوە. لە کاتێکدا زۆرێک لەو خەڵکەی تر کە ئەو دەمە لە ئەسینا دەژیان و مردن، ئێستا کەس ناویان نابات و بۆشمان گرنگ نین. ناودارترین ووتەی سۆکرات ئەوەیە کە دەڵێت: زانا ئەو کەسەیە کە دەزانێت، هیچ شتێک نازانێت.

چیرۆکی ژیانی سۆکرات و فەلسەفەکەی بۆ ئێستای ئێمە، لانی کەم دەمانخاتە بەر حوکمێکی بەراوردکاری گرنگ، کە ئایا، بە ڕاستی ئێمە دەزانین؟ یان نازانین؟ ئەوەی دەزانین چییە و چۆن خزمەتمان دەکات؟ و ئەوەی نازانین چییە و چۆن بیزانین؟ حەقیقەت چییە؟ و حەقیقەت لە زانیندا چییە؟ و ماڵوێرانی نەزانی تووشی چ دەردەسەرییەکمان دەکات؟ ئایا سیاسییەکان دەزانن کە نازانن؟ ئایا مەلاکان دەزانن کە نازانن؟ ئایا مامۆستاکان دەزانن کە نازانن؟ ئایا کچە مۆدێلەکان دەزانن کە نازانن؟ و ئایا ئەمانە شوناس و مێژوویان بۆ گرنگە یان ئێستا و خۆشی و لەززەتی کاتی؟ ئایا وەک سۆکرات حەقیقەتیان بۆ گرنگە؟ یان وەک ئیپیکۆر خۆشی و ڕابواردنیان بۆ گرنگە؟

نمونەی سێیەم: مەلا محمودی بایەزید، کە مێژوونووس و وەرگێڕ و نوسەرێکی گەورەی کوردستانە. وەک ئەوەی “ئۆگەست ژاپا”ی کۆنسۆڵی رووسیا لە ئەرزروم دەڵێت: کوردەکان قەرزداری مەلا محمودن، چونکە زۆر لایەنی ڕۆشنبیری و مێژووی کوردی تۆمارکردووە و لە لەناوچوون پاراستوونی. ئەم مێژوونووسە گەورەیی کورد، لەو مرۆڤانەیە کە خۆشی و ژیان و دەسەڵات و هەموو شتێکی کاتی، بۆ خزمەتی زانست و زانین تەرخان کردووە. ئەو لە کاتێکدا دەیتوانی بە هۆی هەلومەرجی ئەو کاتەی کوردستانەوە کە سەردەمی میرنشینە کوردییەکان بووە، بە خۆ نزیک کردنەوەی لە میرنشینێک و بێ دەنگبوونی لە ووتنی راستی، خۆی دەولەمەند بکات، بەڵام نەیکرد، وە لە کاتێکدا دەیتوانی بە هۆی خۆ نزیکردنەوەی لە یەکێک لە ئیمپراتۆرێتەکانی عوسمانی، سەفەوی، و رووسی بۆ خۆی کەیف بکات و بچێتە دەسەڵات و پارە و سامان پێکەوەبنێت، بەلام قەبوڵی نەبوو. ئەو بەو مووچەیەی میری “کە ئەو کات دەوڵەتی عوسمانی ئیدارەی ناوچەکەی دەکرد” و بە ژیانێکی هەژارانە لە رووی ماددی و دەوڵەمەند لە رووی زانینەوە خۆی و خێزانی دەژیاند. مەلا محمود ئاشقی زانین بوو، بۆ ئەوە گەشتی بایەزید و تەبریز و ئەرزڕۆمی کرد، خۆی فێری زمانەکانی فارسی عەرەبی تورکی کرد و وەرگێڕانی دەکرد. وەک جان دۆست لە ڕۆمانی دەستنووسەکەی پترسبۆرگدا باسی دەکات، و دەڵێت؛ هەمیشە ژوورەکەی بۆنی پەڕەی کۆن و نوێ و مرەکەبی قەڵەمەکەی لی دەهات. ئەم زانا گەورەیەی کورد، گەلێک کێشەی هەم لەلایەن میرنشینانی کورد، و هەم لەلایەن هاوەڵانی و هەم لەلایەن دەسەلاتدارانی ئەو کاتەی عوسمانی و سەفەوی بۆ پیشهاتووە. هەرچەندە لەبەر زانای و زمان پاراوی و ڕاستگۆییەکەی و ئاگاداری لە کەشی ژیانی کوردستان بەگشتی و میرنشینەکان بە تایبەتی ئاگاداربووە و، دەوڵەتی عوسمانی بۆ سوڵح و ئاشتەوایی شەڕی نێوان میرنشینەکان لەلایەک و دەوڵەتی عوسمانی و میرنشینەکان لەلایەکیتر دەینارد. ئاخ و کەسەری مەلا محمود بە دەست ناهۆشیاری و بێ باکی و نەزانی میرنشینەکان و دانیشتوانەکانی، وەهای کردبوو ئیتر لەو ساڵانەی کۆتایی تەمەنی حەوسەڵەی جێیەکی نەبوو لێێ دانیشێت، ناچار و پاش بانگێشتە گەرم و گوڕەکەی ئۆگۆست ژاپا بۆ کارکردن پێکەوە لەسەر مێژووی کورد و کوردستان، بریاریدا بچیتە ئەرزڕووم و لەوێ خزمەت بەو مێژووەی کورد بکات، کە هەر بۆ خۆی دەیزانی چەند پڕ سوچ و تەشەر و گریانە.

ئەم چیرۆکەی مەلا محمود، دەبێت و پێویستە بۆ خۆناسی و کوردناسی ئێمەی کورد بە جۆرێک لە پێش چاو بگیرێت کە ئەو کەلێن و نەزانی و نا شارەزاییەی ئەو کاتی مێژوو لەمەڕ خۆمان و دەوڵەتانی دەوروبەر هەمان بوو، ئێستا پڕبکرێتەوە و باشتر بکرێت. لانی کەم دەبێت ئەو خزمەتە بکات لەسەر ئاستی تاک، کە بەڵێ مەلا محمود وەک ئەستێرەیەکی گەشەوا لە میژوو کوردان دەدرەوشێتەوە، ئەویش بە هۆی زانین و ئاگایی و خوێندەواری و ووشیاری ئەوەوە، بەڵام ئەو کەسانەی کە هاوزەمەنی ئەوبوون، تەشەریان لێ ئەدا و فشاریان بۆ دەهێنا و ئازاریان دەدا، ئێستا وەک تۆزی چڵە پوشێکی سوتاو چوون و کەسمان بۆشمان گرنگنین.

ئێستا ئەگەر بەراوردی ئەمرۆ و ئەو دەمانەی کە مەلا محمود و سۆکرات و سینۆهای تێدا ژیاوە بکەین، بە سانایی تێبینی ئەوە دەکەین؛ کە تۆی مرۆڤ بۆ ئەوەی ببیتە سینۆها پێویستت بەوە نییە ئەو هەموو دەوڵەتە بگەرێیت و مەترسییەکان وە پێش خۆت بهێنیت، بۆ ئەوەی ببیتە سۆکرات، پێویستت بەوە نییە خەڵک مژۆڵ بکەیت بە پریسارگەلێکەوە کە ڕەنگە ژەهری پەیوەندی پچراندنت دەرخوارد بدەن، بۆ ئەوەی ببیتە مەلا محمودی بایەزید پێویستت بەوە نیە بایەزید و تەبرێز و ئەرزڕووم بکەیت و کۆڵی خەمی میرنشینان لە خۆت بنێیت، تەنها ئەتوانیت مۆبایلەکەت، کۆمپیوتەرەکەت یان تەلەفزیۆنەکەت بە شێوەیەکی تەندروست و بۆ خزمەتی هۆشیاری و ئاگایی خۆت وەکار بخەیت. تەنها پیویستت بەوەیە لە گۆگڵ ئەو پرسیارەی لە زهنتدایە بنوسیت و دەیان وەلامی جۆراوجۆر لەسەری وەخوێنیت. ئەو هەموو کتێبە بەلاشەی بە پی دی ئێف لە ئینتەرنێت دانراون، تەنها دایانگرە و بیانخوێنەوە و وەلام وەربگرە. ئەمە کردەوە راستەکەیە، ئەمە ئەوەیە کە ئەگەر ئێستا مەلا محمود بمایە دەیکرد، ئاخر بۆیە مەلا محمود خاوەن شوناس و میژوو و زیندووی و پێگە و ڕۆڵە، چونکە ئەو ڕیگە راستەکەی هەڵبژارد، کە رێگەی زانستە.

هاوشێوە