رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

قسە لە من و کردار لەوان

Facebook
Twitter
LinkedIn

عومەر محەمەد (ئەندامی بۆردی رێکخراوی ئازادبوون)

لە دەرفەتێکی ڕەخساودا، بە (James Thornton) جێیمس سۆرنتۆن کونسوڵی بەریتانیام گوت، ئەوەی هەرێمی بە پێوە ڕاگرتووە حیکمەت و ئازایەتی سیاسیەکان نییە، بەڵکو ئازایەتی خەڵکی کوردستانە، ئەمرۆ گەنجە هەژارەکانی شاری سەیدسادق بە کردەوە، قسەکەمیان پشتڕاستکردمەوە.

کاتژمێر ١١:٥ی سەرلەبەیانی ڕۆژی ١١/١/٢٠٢١ ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان PDO لە هۆڵی کارگەی مافوردا، دیدارێکی بۆ ڕیکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کونسوڵی بەریتانیا ڕێکخستبوو، بە ئامانجی نیشاندانی توانا و بەهرەو کاری کرێکارانی ژن لە کارگەی مافوری سەربە کارگەی کلتور. لەوێ گفتوگۆیەکی کراوە لە نێوان ئامادەبوان و کونسوڵی گشتی بەریتانیا، دەربارەی میکانیزم و شێوازەکانی گۆرانکاری لە کۆمەڵگەدا لە ڕووی یاسایی و کۆمەڵایەتی و کولتوری و کاری میدیایی. دروست بوو، منیش وەک نوێنەری ڕێکخراوی ئازاد بوون، ئامادەبووم، دوای ئەوەی ڕێکخراوی پیدی ئۆو بەرێوەبەری کارگە خۆیان ناساندو باسێکی کورتیان دەربارەی ئامانج و کاروچالاکییەکانیان پێشکەش کرد، داوا لە ئەندامان ونوێنەری ڕێکخراوەکانیش کرا، خۆیان و ڕێکخراوەکانیان بناسێنن، دوای ئەوانیش کونسوڵی بەریتانیا لەرێگەی وەرگێڕەوە خۆی ناساندو هەندێک موجامەلەشی کردین.

لەوەڵامی پرسیارێکدا کە کونسوڵ ئاڕاستەی ئامادەبوانی کرد، دەبوو هەموو ئەندام و نوێنەرانی ڕێکخراوەکان بەپێی ڕیزبەندی دانیشتنیان بە دێرێک ئەوپەڕی دوو دێڕ وەڵامی بیدەنەوە، پرسیارەکەش ئەمە بوو: ئایا ئێمە “کونسڵی بەریتانیا” چیمان پێدەکرێت ؟

بەگشتی وەڵامی ئەندامان و نوێنەرانی ڕێکخراوەکان سەرنجی باش و جەختکردنەوە بوو، لە (دادوەری و سەروەری دادگاو یاساکان و مافی مرۆڤ و گەشەپێدانی دیموکراسی)، لەبەرئەوەی لە ڕیزبەندەکەدا دووەم کەس بووم، منیش هەربەدێڕێک وەڵامم دایەوەو گوتم (سەروەری یاساو سەربەخۆیی دادگاکان). بەڵام کە ئەوانەی دوای من درێژەیان پێداو هەبوو، نەک بە ڕستەیەک وەڵامی نەدایەوە بەڵکو لەپەڕەگرافیشی تێپەڕاند، بۆیە دوای ئەوەی هەموویان قسەی خۆیانیان کرد، داوای نۆرەم کردەوەو وتم منیش دوو ڕستەم هەیە بڵێم، کاک سالار کە وەرگێڕی قونسوڵ بوو، دەرفەتی دام و بەقونسڵم گوت:

(ئێمەش وەک هەر وڵاتێک کێشەی خۆمانمان هەیە، بەڵام کێشەی ئێمە قوڵ و ئازاری زۆرە، من دەزانم ئێوە لەبەرهەندێک پرۆتۆکۆڵات و پەیوەندەی دیبلۆماسی، ناتوانن کێشەکانی ئێمە چارەسەر بکەن چونکە بەپێی یاسا و بەرژەوەندی ناتوانن دەست لە کێشە ناوخۆییەکانی ئێمە وەردەن. بۆیە داوام لە ئێوەیە هەرئەوەندە بکەن کە پێتان دەکرێت، کاتێک سەرۆک وسەرکردەو سیاسیەکانی هەرێم دەبینن، مجامەلەیان مەکەن و پێیان مەڵێن ئێوە دیموکراسی و ئازاو پاڵەوانن، بەڵکو هاندەریان بن لە جەهالەت بێنە دەرەوەو خۆشیان و ئێمەش لەم مەینەتییە ڕزگار بکەن. چونکە ئەوەی هەتا ئێستا هەرێمی بەپێوە ڕاگرتووە، حیکمەت و ئازایەتی سەرکردەکان و سیاسیەکان نییە، بەڵکو خەڵکێکی بەسەبرو پشودرێژە، هەمان ئەو خەڵکەی کە قاچی بەعسیەکانیان شکاند، ئەوەی هەرێمێشی بەجوانی هێشتووەتەوە، هەر ئەو خەڵکە میهرەبانە و ڕێخکراوەکان و چالاکوانەکانن.)

ئێمە پێویستمان بە خەبات و شۆڕشێکی کلتوری هەیە، کە یەکەم هەنگاوی لەوێوە دەست پێبکات، خۆی لەبەرانبەر ئەوانیدیدا بەکەم نەگرێت. گومان لەوەدا نییە کە ناشرینیمان هەیە، بەڵام جوانی و ئازایەتیەکانمان زۆرترن، لەهەموو دونیادا دزی و گەندەڵی و تاوان هەیە، ئەوە کاڵایەک نییە بەبەری کوردەکاندا بڕابێت، بەپێچەوانەوە ئەو دۆخەی ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، لەناو هەر میللەتێکی تردا بوایە، دزی و ڕاوو ڕوت دەبووە دیاردەیەکی مەترسیدار، کورد وتەنی دز چاوی بنیادەمی دەردەهێنا، بەڵام لێرە ئەوەی دزی گەورەیە دەسەڵاتە نەک خەڵک.

هەر ڕۆژێک دوای ئەم قسانەی بە قونسڵی بەریتانیام گوت: دوو گەنجی شاری سەید سادق بێ باوک و بێ پارەوپول، بەڕەفتاری بەرزیان ئەم قسانەیان پشت ڕاست کردمەوە، ئەوان بڕی ١٢ هەزار دۆلاریان دۆزیوەتەوە لەکاتێکدا مۆبایلەکانیان ئەوەندە باڵانسی تێدا نەبووە، کە تەلەفۆنی پێبکەن بۆخاوەنی پارەکە. بەڵکو بە تەلەفۆنی کەسێکی تر مژدەی دۆزینەوەیان داوەتە خاوەنەکەی..ئەمڕۆ ١٢/١/٢٠٢١ دووشەممە ئەو دوو گەنجە هەژارە (شکار حەمە عەلی و هاوڕێکەی بەناوی بینەر) تەواوی پارەکەیان ڕادەستی خاوەنەکەی کردووەتەوە.[1]

خاڵی سەرنج ڕاکیش لەم چیرۆکەدا ئەوەیە نەگەنجەکان کوڕی دەوڵەمەندەکان و سیاسیەکان بوون و نە خاوەنی پارەکەش، بەڵکو هەردولا هەژاری شاربوون، کاتێک تەلەفۆنیان بۆ خاوەن پارەکە کردووە پیاوێک بە قوڕگی پڕ لە گریانەوە وەڵامی داونەتەوەو پێی گوتوون: ماڵتان ئاوابێت ئێمەش ئەو پارەیەمان قەرزکردووە، ڤیزای تورکیامان وەرگرتووە و بەنیازین بچین نەشتەرگەریی دایکمی پێبکەین.

دەی ئەوە جوانی و ئەوە پاڵەوانی ناوکۆمەڵگە ؟ ئیتر بۆچی نادیدەیان بگرین و هەر بڵێین کورد وپارەو خیانەت ؟! بۆچی هێندە تۆوی نائومێدی بڕێژین ؟ بەسە چیدی ڤایرۆسی خۆبەکەمزانی بڵاومەکەنەوە . ئەوەتا دوێنێ گوتم و نەیانهێشت دوو ڕۆژ بەسەر قسەکەمدا تێپەڕێ ئەمڕۆ سەلماندیان.


[1] بروانە سنور میدیا

هاوشێوە