رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

دادگای تەمیزی کوردستان دابەش بوو

Facebook
Twitter
LinkedIn

 

د. لەتیف مستەفا

 

بە داخەوە ئەوەی پێشبینیمان دەکرد و دەستمان لە کار کێشایەوە بۆی، خراپتر ڕووی دا.

لە ئێستادا بە ھۆی ناکۆکی لەسەر کەیسێکی نێوان کۆمپانیایەکی قەبەی سەر بە دەسەڵاتی زەرد لەگەڵ کۆمپانیایەکی ھاوشێوەی سەر بە دەسەڵاتی سەوز و یەکلاییکردنەوەی کەیسەکە بە یەک دەنگ لە بەرژەوەندیی کۆمپانیاکەی دەسەڵاتی زەرد و ھەندێ کێشەی تری پەراوێزخستنی دادوەرانی سنووری سلێمانی لە ئەندامانی دادگای تەمیز، ناکۆکیی قووڵ دروست بووە و بە ھاندان و پشتگیریی بەڕێز جێگری سەرۆکی حکومەت، دادوەرانی سنووری سلێمانی لە دادگای تەمیز مانیان گرتووە و کەیسەکان نابینن.

ئێستا یەکێتی دەیەوێت ئەو باری لارەی لە دادگای تەمیز ڕاست بکاتەوە.

بە داخەوە ئەمە دەرەنجامی سروشتیی بەحیزبیکردنی دادگایە، بە تایبەتی لە ١٢/٦/٢٠١٨دا کە ھەردوو لا، واتە یەکێتی و پارتی ڕێک کەوتن ئەو ١٠ ئەندامەی دادگای تەمیز کە پۆستەکانیان چۆڵ ببوو بە ھۆی خانەنشینییەوە، بڕیاریان دا فیفتی فیفتی جێگاکانیان پڕ بکەنەوە، پێنج دادوەر لە سنووری ئەولا و پێنج دادوەریش لە سنووری ئەملا.

ئێمە دەرەنجامی مەترسیی ئەو کارەمان دەزانی، بۆیە نامەمان نارد بۆ ئەنجوومەنی دادوەری لە ڕێگای بەرێز سەرۆک دادگای تێھەڵچوونەوەی ئەوسای سلێمانی، نامەشمان نارد بۆ سەرۆکی ھەرێم کە ئیمزای ئەو دامەزراندنانە نەکات و نەچێتە ژێر بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی وا مەترسیدارەوە، پەیامێکیشمان بۆ ڕای گشتی بڵاو کردەوە.

بەڵام بە داخەوە گوێیان لێ نەگرتین و کارەکەیان ئەنجام دا، سەرەنجام ئێمە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییشدا دەستمان لە کار کێشایەوە و بۆ خەڵکمان ڕوون کردەوە.

دیارە من ئەوکاتیش و ئێستاش ھیچ ئیعترازێکم لەسەر شەخسی ئەو دە دادوەرە بەڕێزە نەبووە و ھەموویان ھاوپیشەم بوون و خەڵکی باش و بەڕێزن، بەڵام گلەیی و ڕەخنەکەم لەسەر میکانیزمی دیاریکردنی ئەو دە پۆستە بوو بە شێوەی پشکپشکێنە لە نێوان ھەردوو دەسەڵاتی ئەمبەر و ئەوبەر، چونکە دەمزانی کارێکی لەو جۆرە دەرەنجامی کارەسات باری لێ دەکەوێتەوە.

هەروەها ھیچ بەرژەوەندییەکی شەخسییشم نەبوو، چونکە خۆم بە تەمای ھیچ کام لەو پۆستانە نەبووم بە بەڵگەی ئەوەی داواکارییشم پێشکەش نەکردبوو، لە کاتێکدا لە ھەشت دادوەریان ئەقدەمتر بووم و ھەموو مەرجەکانیشم تێدا بوو.

ئێستا ئەوەی لێی دەترساین ڕووی دا و تەنانەت باس لە دوولەتکردنی دادگای تەمیز و ئەنجوومەنی دادوەرییش دەکرێ، کە ئەوە کاریسەیەکی ترە، چونکە ئەگەر ھەموو دەزگاکانی تر دوولەت ببن و بە حیزبی بکرێن، دەبێ دادگا بە یەکگرتوویی و بێلایەنی بمێنێتەوە.

بۆیە پێویستە لەسەر ھەموو حیزبەکان، بە تایبەتی ئەوانەی دەسەڵاتی ڕاستەقینە نین، لە پایتەخت ھەوڵ بدەن ئەنجوومەنێکی دادوەری لە دادوەرانی سەربەخۆ و بێلایەن و ئازا دروست بکرێ، نەک لەسەر بنەمای پشکپشکێنەی حیزبی.

ئەگەر وایان کرد، سوودمەندی یەکەم خەڵک و ئەو حیزبانەشن لەگەڵیاندا کە دەسەڵاتی ڕاستەقینە نین لە پایتەخت.

بەلام ئەگەر دووبارە ھەوڵ بدەن لەسەر بنەمای پشکپشکێنەی حیزبی چارەسەری کێشەکە بکەن، ئەوا خۆیان و خەڵکیش و دادوەریش زەرەرمەند دەبن، چونکە ئەو شتە ھەمان دەرەنجامی پێشووی دەبێت، تەنانەت ئەگەر ھەموو ئەنجوومەنەکە و دادگای تەمیزیش لە دادوەرانی سەر بە حیزبەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی پایتەخت بن، تەنھا سەرۆک سەر بە دەسەڵاتی پایتەخت بێ، دووبارە کۆنتڕۆڵی داداگا و ئەنجوومەنی دادوەری بۆ حیزبی باڵادەستی پایتەخت دەبێ و ھیچ جیاوازیی نابێ لەوەی ئێستا ھەیە.

بەڵام ئەگەر ھەموو پێدا بگرن کە پێویستە ئەنجوومەنی دادوەری و دادگای تەمیز و سەرۆکی دادگاکان لەسەر بنەمای شایستەیی و ئەقدەمیە و بێلایەنی بێ، ئەوا ھەمووان سوودمەند دەبن. ھەقی خۆشیەتی و کاتیشیەتی ھیچ نەبێ دەسەڵاتی دادوەری بکرێتەوە بە دەسەڵاتی دادوەری، ئەگەر بە ڕاستی دەیانەوێ سنوورێک بۆ ئەم داڕووخانەی ھەرێم دابنێن.

هاوشێوە