کەمال چۆمانی
جگە لە نەرویژ و تا رادەیەک بۆتسوانا، هیچ وڵاتێکی خاوەن سەرچاوەی سروشتیی نادۆزیتەوە کە دیموکراتیک بێت و سیستەمی خۆشگوزەرانیی فەراهەم کردبێت. لەدوای قۆناغی بەخۆماڵیکردن و کۆنترۆڵکردنی نەوت لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە باشترین حاڵەتدا قەتەڕ دروستبوە -بێ دیموکراسیی و مافی مرۆڤ-، لە خراپترین حاڵەتیشدا عێڕاق و ئێران و فەنزوێلا.
توێژینەوەکان سەلماندویانە تا رادەی هەناردەی نەوت زیاتر بوبێت، تەنها چەند ساڵێک گەشەیەکی ئابوریی خێرا هەبوە، دواتر داتەپین و ململانێ و خۆسەپاندن و بەپاشەوەچونیی دیموکراسیی و شەڕی ناوخۆ و دابەشبون و دروستبونی میلیشیا و هتد. لە زۆربەی وڵاتانی خاوەن نەوت و سەرچاوەی سروشتیی سیستەمێکی تاکڕەویی رەیعیی دروستبوە. هۆکار زۆرن بۆ ئەوە ئێرە جێی باسکردنیان نییە. نایجیریا لە کۆتایی پەنجاکان سیستەمی دیموکراسیی پارلەمانیی دامەزراند، بەڵام بە پشتبەستن بە هەناردەی نەوت و وەدەستخستنی پارەی ئاسان لەلایەن حیزبی زۆرینە، کۆنترۆڵی دەستەڵات و سەرچاوەکانی کرد و تا گەییشتە تیرۆری سیاسیی.
هەرێمی کوردستانی عێڕاق لەژێر سایەی یەکێتیی و پارتیی لەوانەیە زۆر لەو نمونانە خراپتر بێت کە لە ناوچەکە دونیا هەن. دو بنەماڵە، دو حیزب، تەواوی سەرچاوەکانی داهاتیان خستۆتە بندەستی خۆیان. تەماشابکەن، هەر بەرمیلێک نەوت زیاتر ناردرابێتە دەرەوە، لەسەر حیسابی دیموکراسیی و عەدالەتی کۆمەڵایەتیی بوە.
چارەسەریی هەر ئەوە نییە لە یەکێتیی و پارتیی رزگارمان بێت، بەڵکو دەبێت لە ئابوریی نەوتیش رزگارمان بێت. چارەسەریی تەنها لێدان نییە لە مێز، بەڵکو رێکخستنی جڤاکە.
سۆشیەڵ میدیا راستە پلاتفۆرمێکی باشە، بەڵام بەرهەمەکەی ئێستا رێک پێچەوانەیە. پارلەمان و سۆشیەڵ میدیا نابێت توڕەیی قوت بدەن، دەبێت توڕەیی بکەنە کردە/ئاکشن.
کێشەکان قوڵن، تەنها خەڵکیش دەتوانێت گۆڕانکاریی دروستبکات. خەڵک لە کەسەکان گەورەترە.
هەمو چارەسەریی و پڕۆژەی یەکێتیی و پارتیی بریتییە لە چاوەڕوانیکردن تا نەوت نرخی بەرزدەبێتەوە، یان بەغداد پارە بنێرێت، یان ئەمریکا فشار لە بەغداد بکات. ئەوانەی سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان دەکەن نەک هی سەرکردایەتیی نین، بەڵکو هی ئەوە نین هیچ پۆستێکی سادەش وەربگرن؛ نەخوێندەوارن، نادڵسۆزن، خاوەن میلیشیای دڵڕەق بەرانبەر گەلی خۆ و ترسنۆک بەرانبەر نەیارانن. بە دیموکراسیی نەهاتون، شەرعییەتیان شەرعییەتی گولەیە.
هەرچی دەڵێین خۆدوبارەکردنەوەیە. بەڵام ئەو خۆدوبارەکردنەوەیەش ناچارییە، ناچارین هەندێک شت بڵێین کە خەمی ئەوڕۆیە. خۆ هەزار پڕؤژە و خەونیشمان هەبێت، لەژێر ئەو حوکمڕانییە چەتەگەرایییەدا ناچێتەپێش.
ئەو دەستەڵاتدارێتییە ناتوانێت چاکسازیی بکات چونکە چاکسازیی واتا مردنی خۆی. بۆیە، ئەمڕۆش نەبێت، دوای ٣٠ ساڵی تریش بێت، هیچ رێگایەک نییە جگە لە گۆڕانێکی ریشەیی لەو سیستەمە بێبەها و کەڕامەتشکێن و نادیموکراتیک و بێ پڕۆژەی ئابوریی و خزمەتگوزاریی باش و حوکمڕانیی چاک.
رای من وایە هێندەی لەسەر ئەو سیستەمە قسەدەکەین، دەبێت هێندەش باسی بەدیلێک بکەین. لەوەیاندا، نایشارمەوە، ئیعتیڕاف دەکەم، هێندەی یەکێتیی و پارتیی شکستخواردوین. تا ئەو بەدیلە حازرنەکەین، ناتوانین نە متمانەی خەڵک ببەینەوە، نە ئەگەر توانیشمان یەکێتیی و پارتییمان گۆڕین، دەتوانین گۆڕانی گەورە ئەنجامبدەین. هیوا لەسەر ئەو حکومڕانییە هەڵناچنرێت، ئەگەر هیوایەک هەبێت دەبێت هیوای روخاندنی ئەو حوکمڕانییە بێت.