رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

چاكسازی یان شۆڕش؟

Facebook
Twitter
LinkedIn

نیاز نەجمەدین

پرۆفیسۆر ریچارد ۆڵف (Richard Wolff)، یەكێك لە ئابوریناسە ناسراوەكانی ئەمریكا، لە گفتوگۆیەكدا زۆر جوان وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە.

لە چاكسازییدا، تۆ سیستمەكە لە شوێنی خۆی ئەهێڵیتەوە و دەستكاری پارچەكانی دەكەیت. وەك ئوتومبیلێك، دێیت ئەم بورغوە توند دەكەیتەوە، ئەو تایەیە دەگۆڕێت، بەڵام مەكینەی ئوتومبێلەكە ناگۆڕیت کە دووەمی ئۆكسیدی كاربۆن فڕێ دەداتە دەرەوە و ژینگە پیس دەكات.

چاكسازیی پرۆسەیەكی هێواشە، قۆناغ بە قۆناغ و هەنگاو بە هەنگاوە. بۆ نمونە، بیمەی بێكاریی چاكسازییە. لایەنی كەمی كرێ چاكسازییە. ئەم چاكسازییانە جێگای دەستخۆشیین. بەڵام كاتی زۆریان دەوێت و پاش ماوەیەكیش لە توانادا نامێنێت بەردەوام بن.

بۆچی ئەمە روودەدات؟ چونكە لە ماوەی چاكسازییدا دەسەڵات خۆی دەوڵەمەندتر دەكات تا ئەو شوێنەی ئیدی تۆ ناتوانیت لێی ببەیتەوە. چاكسازییەكان پەكیان دەكەوێت لەبەرئەوەی شۆڕش رووی نەداوە. بیركردنەوە لە شۆڕش بریتیی نییە لە هەڵگرتنی چەك و سوتاندنی مەخفەرەكانی پۆلیس، بەڵكو گۆڕانكاریی ریشەییە. هەر تاكێك یان كۆمەڵگەیەك، بۆ ئەوەی سەقامگیرتر بژی، پێویستی بە شۆڕشە، واتە بە گۆڕانكاریی ریشەیی.

گۆڕانكاریی ریشەیی بریتییە لەوەی سنورێك لە بەردەم هەیمەنەی دەستەیەك لە مرۆڤ (كە كەمینەن) بەسەر ئەوانی دیكەدا (كە زۆرینەن) دابنێیت، ئیدی با تەواوی سیستمەكەشت پێ نەگۆڕێت. ئەگەر دیموكراسییەت چووە شوێنی كار و لە پرۆسەی بەرهەمهێنان و دابەشكردندا پەیڕەوكرا، ئەوە گۆڕانكاریی ریشەیی دروست بووە. بۆچیمانە ئەگەر تەنها لە دنیای سیاسەتدا بمێنێتەوە و پەرلەمان و ئەو شتانەی لێ دروست بكرێت؟

وتم دیموكراسییەت دەبێت بچێتە پرۆسەی بەرهەمهێنان و دابەشكردنەوە. بە نمونەیەك لەسەر هەرێم ئەم خاڵە رووندەكەمەوە. كەرتی گشتیی خاوەنی زیاتر لە نیو ملیۆن كارمەندە، تەسەوركە زیاتر لە نیو ملیۆن مرۆڤ، بەڵام كەسیان پرسیان پێ ناكرێت لەوەدا چی كاڵایەك بەرهەمبهێنرێت مەگەر پیاوەكانی نزیك لە بڕیاربەدەستان. لەلای فەرمانبەرەكە باشە یان نا، نەوت نەك كشتوكاڵ بەرهەمدەهێنرێت، پاشان بەو شێوەیە دابەشدەكرێت كە خۆیان دەیانەوێت. دواییش كە پارەی نەوتەكە دێتەوە، كەسیان پرسیان پێ ناكرێت چۆن دابەشی بكەن و بیخەنە چی بوارێكەوە؟ خۆ ئەگەر بڵێی بۆ پرسیان پێ ناكەیت؟ پێت دەڵێن “ئەوانە چی دەزانن تا پرسیان پێ بكەین؟”. ئەی لای كەم زانكۆكانت؟

چاكسازیی باشە، بەڵام تەواوكارێكی دەوێت، ئەویش شۆڕشە تا جێگیری بكات و هەیمەنەی كەمینە بەسەر زۆرینەدا كەم بكاتەوە.

ریچارد ۆڵف باسی ئەوە دەكات ئازادیی ئەو كاتە واتای هەیە كە كارمەند هەست بكات ئەو شوێنەی تیایدا ئیش دەكات هی ئەویشە، نەك بۆ كەسێكی دیكە ئیش دەكات. بۆ ئەوەی بگات بەو هەستە، دەبێت بەشداریی پێ بكرێت لەوەی چی بەرهەمبهێنرێت، چۆن بەرهەمبهنرێت و چۆن پارەكە دابەش بكرێت یان بخرێتەوە ئیش.

ریچارد ۆڵف پێمان دەڵێت ئەم بۆچونانە زۆر كۆنن. كاتێك بۆ خەڵكی باس دەكەیت، ئەوان قبوڵیانە و لایان جوانە. بەڵام كە پێت وتن “ئەمانە بۆچونەكانی كارل ماركسن”، ئیدی دەسڵەمێنەوە.

هەر هێندەی ناوەكەیان زانی، دەستدەكەن بە رەجمكردنی بەبێ ئەوەی لەوە تێبگەن كە:

یەكەم، ماركس باسی ئەوەی نەكردووە كۆمۆنیزم چ كۆمەڵگەیەكە،

دووەم، بەرپرس نییە لەوەی دوای مردنی بە نزیكەی چل ساڵ سۆڤێت دروست كراوە.

سێیەم، بەناوبانگترین كتێبی ناوی “سەرمایە”یە، واتە باسی سەرمایەداریی دەكات و رای وایە دەبێت هاوكاری یەك بین لەوەی گۆڕانكاریی ریشەیی دروست بكەین. سۆشیالیستبونیش واتای هاوكاربونی یەكتر بۆ ئەو ئامانجە،

چوارەم، ماركسیزم و كۆمۆنیزمیش وەك هەر شتێكی دیكە رەوتی جیای تیادایە و ناكرێت یەك رەوت (ڤێرژن) بكرێت بە شوناسی.

ئەمەوێت كۆمێنتێكی خۆم لێرەدا داخڵ بە گفتوگۆكە بكەم. رەخنە لە دیاردەكانی سەرمایەداریی (بۆ نمونە لە نایەكسانیی و هەژاریی) تاپۆ نییە بۆ ماركسییەكان. تۆ بۆ ئەوەی رەخنەت هەبێت، پێویستت بەوە نییە ماركسیی بیت. تۆ هەر ناوێكت هەیە، گرنگ ئەوەیە لەسەر كرۆكی باسەكە رێكەوین و لەو بەرەیەدا بیت نایەوێت ژیانی مرۆڤ و گیاندارانی دیكە لە ئازاردا بێت، بە رەنگ و دەنگ و جێندەر و نەتەوەی جیاوازەوە. كۆمەڵگە تاپۆ نییە بۆ كەس و بەوەش دەمێنێتەوە و گەشە دەكات تێزی قوڵ و جدی بێتە مەیدان.

لە هەر بارێكدا، ماركسیزم (یان سۆشیالیزم ئەگەر تۆ پێت خۆشە) خاوەنی كەلەپورێكی رەخنەیی قوڵ و جدییە لە سەرمایەداریی. ئەگەر بە فۆرمێكی نوێ بێتەوە، خۆی توشی پەڕگیریی نەكات، وشك و دابڕاو نەبێت، خۆی بە تاقانە عەسای رزگاربون نەزانێت، ئەوا بە دنیابینییەكەی ریچارد ۆڵفەوە، سەدان عەقڵی گەورە بەرهەمدەهێنێت كە لە زۆر كێشەی كۆمەڵایەتییدا هاوكاریی چارەسەر دەكەن. ئەو كاتەش وەك یەكێك لە میتۆد و رێگاكان شایستەی ئەوەیە پێشوازیی بكرێت.

هاوشێوە