رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

داستانی بادینان

Facebook
Twitter
LinkedIn

پەیکار عوسمان

– دەسەڵاتی مافیاگەری کێشەیە، چونکە وردبوونەوەی ستەمکارییە بۆ چەن ناوەندێكی هێزو سەپاندن. دەسەڵاتی پۆلیسی کێشەیە، چونکە کۆبوونەوەو چڕبوونەوەی ستەمکارییە لە چەقدا. کە ئەم دووانەش لەیەكیان دا، ئیتر قوڕەکە خەستتر ئەبێتەوە، چونکە ئیتر ستەمکاریی، هەم ئاسۆییە، هەم ستونی.ئەوەی کە حکومەت، دەسەڵاتی بەسەر گومرگەکاندا ناشکێ و هەر گروپەو مەرزێکی داگیرکردوە، ئەمە نمونەیەکی ڕوونی ستەمی ئاسۆییە. ئەوەشی کە حکومەت لەگەڵ خەڵکی ناڕازیدا دەسی داوەتە حەلی ئەمنی و گرتن و فڕاندن و دەمکوتکردن، ئەمەش نمونەیەکی ستەمی ستونی. هەردوکیشی هەر چەقۆیە لەسەر ملی یاساو هاوڵاتی و بەرژەوەندی گشتی.

– ئەو دۆخە ئەمنییەی بادینان، تەنیا ستەم و پۆستاڵی پارتیمان پیشان نادات، بەڵکو فەشەل و لاوازیی و بێکاریگەریی (حیزبەکانی تری بەشداری حکومەت، حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن، ڕاگەیاندنەکان، پەرلەمان، کەمپەین و بەیاننامەو هاشتاگ..)یشمان پیشان ئەدا، کە بە هەموو ئەمانە، نەك نەیانتوانی شیروان و مامۆستا بەدەل ئازاد بکەن، بەڵکو شتەکە بەردەوامەو گرتن و ڕفاندنی خەڵکی تریشی بەدوادا هات!

– ئێستا حەملەکە لەسەر چالاکانی بادینانە، چونکە لەڕاستیدا موعارەزەی ڕاستەقینە ئەوانن. “ڕاستەقینە” بەو مانایەی کە ئەوان ڕاستەوخۆ بەرامبەر ستەم و فەساد وەستاونەتەوەو ئەوان دژی پارتین، بە عینوانی ستەم و فەساد، نەك بە عینوانی “دژەپارتێتی”. لەکاتێکا لە دەڤەری ئەملا، موعارەزەبوون بریتییە لە دژەپارتێتی خۆی، نەك دژایەتی خودی ستەم و فەساد، کە ئەمەش موعارەزەبوونێکی موزەییەف و درۆزنانەیە. ئاخر کابرا خۆی لەلایەکی ترەوە لەناو لە مەشروعی ستەم و فەساددایە، کەچی ئەمەی خۆی لە پشتی دژایەتی پارتییەوە ئەشارێتەوەو بە قارەمانێتیش پێمانی بفرۆشێتەوە!

– ستەمکاری دابەشناکرێ و ئێمە ئەبێ دژی کۆی ستەم و فەسادو کۆیلایەتی و بتە حیزبی و بنەمامەڵەییەکان بین، نەكئەوەی لەپاڵ ئەم ستەمکارەوە تەقە لەو ستەمکار بکەین و لەپاڵ ئەم فەسادەوە دژی ئەو فەسادبین و لە پاڵ ئەم بتەوە لەو بت بدەین. یەعنی بە نیوەی کارەکە ئیشەکە ناکرێ، تۆ بە کۆی کارەکە، ئینجا ئەوەت کردوە کە پێویستە بیکەیت.

– من خۆم گەنجێکی سلێمانیم و پێموایە سلێمانی، لە باری ڕۆشنبیری و ئەدەبی و هونەرییەوە، بە حەق شایستەی لەقەبی شاری ڕۆشنبیرییە. بەڵام لە ڕووی هۆشیاریی سیاسییەوە، غوبنێك هەیە، تاکو ئەو غوبنە هەڵنەوەشێتەوە، ئەو لەقەبە حەڵاڵ نابێ. غوبنی ئەوەی کە، لە عەقڵی سیاسی ئەم شارەدا، پارتی یەکسانکراوە بە ستەمکاری، ئیتر لە پشتی دژایەتی پارتییەوە، هەر ستەمکاری ترەو هەڵئەتۆقێ، ئێمەش هەر چەپڵەیان بۆ لێئەدەین چونکە جنێومان بە پارتی بۆ ئەدەن!

– ئیتر ئەبینە مەکینەی بەرهەمهێنانی ستەمەکانی تر، بەبێ ئەوەی هیچیش لە ستەمی یەکەم کەمی کردبێ! ئاخر ستەمکاریی تەنیا لە ناستەمکارییەوە لێ ی ئەدرێ، ئێمەش ناستەمکاریی دروستناکەین. شتێك دروست ناکەین کە خۆی مەعدەنێکی تربێت، بەڵکو هەر ئەونە بەسە کە دژی مەعدەنی یەکەم بیت. لێرەشەوە مەعدەنی دووەم، هەر ئەبێتەوە بە مەعدەنی یەکەم و ئێمەش پەنجا ساڵە هەر پارتییەکانی ترمان دروستکردوەو پارتیش هەر وەکو خۆیەتی!

– ئەگەرچی پارتی وەحشە گەورەکەی دنیای سیاسی ئێمەیەو هیچ ناڕەزاییەكیش ڕاستەقینە نیە، ئەگەر پێش هەر کەس یەخەی پارتی نەگرێت، بەڵام هێشتا ئەمە ناکاتە ئەوەی کە پارتی یەکسانکرێ بە خودی ستەمکاریی و بە کۆی ستەمکاریی. پارتی تەنیا یەکسانە بە خۆی نەك بە هەموو ستەمکاریی. ستەمکاریش یەکسانە بە ستەمکاریی خۆی، نەك بە شتێکی تر. تەنیا بەم ڕێگەیەو بەم فەهمەش ئەتوانین لە کۆی ستەمکاری و لەناویشیدا لە پارتی بدەین.

– دەزگا ئەمنییەکانی حیزب، ئەیانەوێ لەڕێگەی هاك و دەستخستنی مەلەفی ژیانی تایبەتەوە، خەڵك کۆنترۆڵ بکەن و بشکێنن. کابرا دەیان ساڵ خەباتی بۆ گشت کردبێ، بە مەلەفێکی شەخسی ئەشکێنرێ و وەکو وایە هیچی نەکردبێ. بەپێچەوانەوە ئێمەش زۆر مەبەستمانە مەلەفێکی سێکسی بەرپرسانی حیزبمان دەسکەوێ و کابرا سی ساڵ لەبەرژەوەندی گشتی دابێت، لای ئێمە بەقەت ئەوە عەیب نیە کە مەلەفێکی تایبەتی ئاشکرا ببێ. لێرەشدا دەسەڵات و خەڵك، هەموومان پێکەوە هەمان عەقڵیەت تۆخئەکەینەوە، عەقڵیەتی پێشێلکردنی ژیانی تایبەت و گشتی هەردوکیان!

کە لەڕاستیدا هەردوکیان ئەبێ ڕێزلێگیراوبن و ڕێزی هەردوکیشیان بەوەیە کە تێکەڵنەکرێن و ژیانی تایبەت نەکرێتە قوربانی شەڕە گشتییەکان. شەڕە گشتییەکانیش بە لاڕێدا نەبرێن و نەکرێنە قوربانی شتە تایبەتەکان. بەڵام کاتێك کە هۆشیاریی بە فەزای گشتی نزمەو فەزاکە وەکو موڵکی تایبەت سەیرئەکرێ، ئیتر ململانێ ی گشتیش ئەبێتە شەڕی شەخسی، گرێ ی سێکسیش شتەکە نزمترو شەخسییتر ئەکاتەوە.

– ئینجا سڵاو لە شیروان شێروانی و مامۆستا بەدەل و مەکی ئامێدی و هەموو چالاكانی بادینان، حەملەی گرتن و هاكکردنی ئەمانە پێمان ئەڵێ، کە ڕاگەیاندن و بەیاننامەو پەرلەمان و مۆدێلە موزەییەفەکەی موعارەزەبوون، هەمووی کەوتووەو تەنیا شەقامی بادینان و شەقامی فەیسبوك بە پێوە ماوە بۆیە لەوێوە لێمان ئەدرێ.

– ئینجا با هەر دیوە تاریك و ناشرینەکان نەبینین، با هەر ستەمی پارتی و بێدەنگی ئەوانیترو بێکاریگەری موعارەزەو پەرلەمان و کەمپەین و بەیاننامەکان نەبینین، بەڵکو ئەم پرسە گۆشەیەکی جوانیشی هەیە، کە پێوستە ویژدانی زیندو بیبینێت. ئەویش هەوڵ و خەباتی (قادر نادر)و هاوڕێکانییەتی، کە لە کاتی بێکاریگەربوونی هەموو پنتەکانی تر، هێشتا دەنگی ئەم بەڕێزانە کاریگەرەو ئەگاتە پەرلەمانەکانی ئەوروپاو ڕێکخراوەکانی دنیاو شیروانەکان بەتەنیا جێناهێڵن!

-دەی چەنێك جیاوازبیت لەگەڵ بیرکردنەوەو شێوازی ئەم هاوڕێیانە، بەڵام ناتوانی ئەو هەوڵ و فەزڵەیان بەرز نەنرخێنیت. بۆیە ئەوەشم باسکرد، چونکە ئێمە فێرین، تەنیا لەکاتی مردن و لەکاتی گیران و تێهەڵدروایدا یەکتریمان بیرئەکەوێتەوە، کە ئەمە چەنێك ئەرکەو پێویستە، ئەونەش مەرگدۆستی و ڕەشبینییە. دەی نەخێر کاتی تریش هەیە کە ئێمە یەکتری تێدا ببینین و گەشبینی و ئومێدی لێدروستکەین و بڵێین هێشتا دنیا باشە.

هاوشێوە