رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

بەڵێنە درۆکانی هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق

Facebook
Twitter
LinkedIn

حەیدەر ئەلشاکری

وەرگێڕانی: ژیر دانا

لە ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٩دا گەنجەکانی عێراق دەستیان کرد بە کۆمەڵێک خۆپیشاندان و چالاکیی جیاواز، کە ئامانج لێیان داواکردنی مافە سەرەتاییەکان، بەهێزکردن و چاکسازیکردن لە ئابووریی وڵات، لەگەڵ کۆتاییهێنان بە گەندەڵی و ئەنجامدانی گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە سیستەمی سیاسیی وڵاتدا بوو. دوای دەستپێکردنی ئەم چالاکییانە و بەردەوامبوونی، ڕووبەڕووبوونەوەیەکی توند لە نێوان حکومەت و هاووڵاتییاندا ڕووی دا و لە ئەنجامیشدا، سەدان گەنج کوژران و هەزارانیش بریندار بوون لە لایەن هێزەکانی حکومەتەوە. بەڵام سەرەڕای ئەو هەڵوێستە توندەی حکومەت، خۆپیشاندەران توانییان حکومەتەکەی عادل عبدولمەهدی بڕووخێنن.

دوای ڕووخانی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی، پارتە سیاسییەکان نەیاندەتوانی ڕێک بکەون لەسەر ئەوەی کە کێ شوێنی بگرێتەوە و حکومەتێکی نوێ دابمەزرێنێت. دواجار مستەفا کازمی کە سەرۆکی پێشووی دەزگای لێکۆڵینەوەی عێراق بوو، خرایە شوێنی سەرۆکی حکومەتی پێشوو.

حکومەتە نوێیەکە بەڵێنی ئەنجامدانی چاکسازی و گۆڕانکاریی ڕیشەیی داوە لە چەندین سێکتەری جیاوازدا، لەوانیش ئابووری، باری کۆمەڵایەتی و ئاسایش. گرنگترینیشیان ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١دا و لە پێش وادەی خۆیەوە، کە داواکاریی سەرەکیی خۆپیشاندەران بوو.

هەرچەندە بەشێکی زۆری خەڵک بەم دۆخەی ئێستا ڕازین و چاوەڕوانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنن، بەڵام بەشێکی دیکەی خەڵک ترسی ئەوەیان هەیە کە هەڵبژاردنی داهاتوویش وەک هەمان ئەوانەی پێشوو بێت، بە تایبەت کە لە ئێستادا هیچ گۆڕانکارییەکی جیدی و گەورە ئەنجام نەدراوە وەک ئامادەکارییەک بۆ چوونەنێو قۆناغێکی نوێوە. بە تایبەت یاساکانی هەڵبژاردن بابەتێکی گرنگە لای خەڵک و ئەوان پێیان وایە کە بەبێ گۆڕانکاری لەو یاسایانە، چاکسازییە ویستراوەکان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ڕێی تێناچێت.

هەڵبژاردنی بێ دیموکراسی

لە ساڵی ٢٠٠٣دا بە عێراقییەکان وترا کە دەتوانن خۆیان چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن، لە ڕێگەی هەڵباژردنەوە. هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٥دا دەستوورێکی نوێ ئامادە کرا کە دەوترا دەستوورێکە، لەسەر بناغەی دیموکراسیەت نووسراوەتەوە و هاووڵاتییانی عێراق مافی دەنگدانێکی دیموکراسییان دەبێت. خەڵی عێراق لەو کاتەدا وایان دەزانی کە ئەو قسانە ڕاستن و چیتر کەس ناتوانێت دەسەڵات بۆ خۆی بە کار بهێنێت.

بەڵام عێراقییەکان ئەوەیان نەدەزانی کە ڕێککەوتنێکی بە‌‌هێزتر لە دەستوور بوونی هەیە و بە هۆیەوە ڕێگە دەدرێت کە دەسەڵاتی وڵاتەکە، بەپێی ڕیژەیەکی دیاریکراو بەسەر لایەنە جیاوازەکاندا دابەش بکرێت، بە هۆی ڕێککەوتنێکی دەسەڵاتدارانی ئەو کاتەی وڵاتەکە لەگەڵ حکومەتی ئەمریکادا.

لەو ڕێککەوتنەدا لایەنەکان ڕێژەی دیاریکراویان هەبوو لە کورسییەکانی پەرلەماندا. هەر بۆیە کە لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە هیچ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە دوای هەڵبژاردنەکانەوە ڕووی نەداوە و لایەنەکان پارێزگاری لە ڕێژەی دەسەڵاتی خۆیان دەکەن.

ئەم نەبوونی گۆڕانکارییە بڕوای ئەوەی لای هاووڵاتییانی عێراق دروست کردووە کە هیچ گۆڕانکارییەک لە وڵاتەکەدا ڕێی تێناچێت. لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨دا ڕێژەی دەنگدەران گەیشتە نزمترین ئاستی خۆی لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە. هەر بۆیە ئەگەر شێوازی هەڵبژاردنی داهاتوویش کە دەچێتە ساڵی ٢٠٢١، بە هەمان جۆری ئێستا بێت، ئەوا گۆڕانکارییەکی گەورە دروست نابێت و ڕێژەی دەنگدەرانیش نزمتر دەبێتەوە.

هەڵبژاردنی نادادپەروەرانە

کاتێک کە خۆپیشاندانەکان لە ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٩دا دەستیان پێ کرد لە عێراق، یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی خۆپیشاندەران ئەوە بوو کە پیاچوونەوە بە تەواوی بناغەی سیستەمەکەدا بکرێت و دواجاریش، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان هەڵبوەشێتەوە و دانەیەکی نوێ لە جێگای دابمەزرێت، تا هەڵبژاردنی داهاتوو بەڕێوە ببات. بەڵام لە ئێستادا دەرکەوتووە کە ئەنجامدانی ئەو گۆڕانکارییانە کارێکی قورسە. بە تایبەت لە کاتێکدا کە یاسا و دەستووری ئێستا ئیش بکات، بە هەموو کێشەکانیەوە. هەر بۆیە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانەیش کارێکی ئێجگار قورسە.

لە مانگی دیسەمبەری ساڵی ٢٠١٩دا، پەرلەمان دەنگی لەسەر ئەوەدا کە چەند یاسایەکی نوێی هەڵبژاردن زیاد بکات. لەو یاسا نوێیانەدا، خەڵکی دەتوانن خۆیان کاندیدی سەربەخۆ هەڵبژێرن، لەجێی ئەوەی کە ناچار بکرێن کە پارتێک هەڵبژێرن و دواتر تەنها کاندیدی ئەو پارتە هەڵبژێرن. کاندیدەکانیش لەسەر ئاستی ناوچە دیاری بکرێن، لەجیاتیی ئەوەی کە لەسەر ئاستی پارێزگا دیاری بکرێن. هەرچەندە ئەم یاسا نوێیانە بەشێک بوون لە داواکارییە سەرەکییەکانی خەڵک، بەڵام هێشتا ڕەخنەیەکی زۆری لەسەرە لە لایەن خۆپیشاندەران و شارەزایانەوە، بەوپێیەی کە یاساکان ڕوون و پتەو نین و کێشەی زۆر لە خۆیان دەگرن.

کێشەیەکی ئەم یاسایانە بریتی دەبێت لە ڕۆڵی بەهێزی پارتەکان. بۆ نموونە لە یاساکاندا هاتووە کە ئەوە پارتەکان دەبن کە سنووری ناوچەکان دیاری دەکەن. لە کاتێکدا کە خەڵک داوای ئەم گۆڕانکارییانە دەکەن لەپێناو بێهێزبوونی ئەم پارتانە، نەک بە‌هێزتربوونیان. چونکە ئەوان دەتوانن لە ڕێگای جیاکردنەوەی ناوچەکان و دیاریکردنی سنووری هەر ناوچەیەک، بەرژەوەندیی خۆیان پێش بخەن و ناوچەکان بەپێی دەنگدەرەکانی خۆیان جیا بکەنەوە.

ئەمەیش لە پاڵ مانەوەی چەندین بڕگەی یاساکانی هەڵبژاردن کە بە تەواوی لە خزمەتی پارتەکاندایە. بۆ نموونە ئەو یاسایەی کە دەڵێت پارتەکان دەتوانن بودجەی تایبەت لە حکومەتەوە وەربگرن لەپێناو بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی خۆیان. لەم جۆرە یاسایانە هیچ خزمەتێک بە خەڵک ناکات و لە بودجەی گشتیی خەڵک، بەش دەدرێت بە پارتەکان لەپێناو بەرژەوەندیی خۆیاندا.

زۆربەی پارتەکان بە ڕێگای جیاواز جیاواز، ئەو ڕێژە بودجەیە دەشارنەوە کە لە خۆیاندا سەرفی دەکەن. بۆ نموونە هێنانی پارە لە سەرچاوەکانی دەرەوەی وڵاتەوە لەجیاتیی بەکارهێنانی سەرچاوە ناوخۆییەکان. ئەمەیش جگە لەوەی کە لایەنە بەهێزەکان بە ئاشکرا پارە لە بودجەی گشتی بۆ خۆیان خەرج دەکەن و سەرچاوە گشتییەکان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان و پارتەکانیان بە کار دەهێنن. ئەمەیش هۆکارێکی سەرەکییە کە کاندیدی سەربەخۆ نەتوانێت سەرکەوتن بە دەست بهێنێت لە هەڵبژاردنەکاندا، کاتێک بەرامبەر بە کاندیدی پارتەکان دەوەستێتەوە کە پارە لە سەرچاوەی گشتی و تایبەتییەوە بە کار دەهێنن.

کێشەیەکی دیکەی گەورە ئەوەیە کە زۆربەی پارتەکان، هێزی چەکداری تایبەت بە خۆیان هەیە. لە کاتێکیشدا ئەوە بەپێی یاسا ڕێگەپێدراو نییە. ئەم میلیشیایانە خزمەتی بەرژەوەندیی خۆیان و پارتەکانی خۆیان دەکەن. تەنانەت هەندێک جار، وەکو هەڕەشە بۆ سەر لایەن و ڕکابەرەکانی تر بە کار دەهێنرێن. هەروەها بوون بە هەڕەشە بۆ تەواوی هەوڵ و چالاکییەک کە لە دژی پارتەکانی خۆیان ئەنجام بدرێت، یاخود پارتێکی سیاسیی نوێ و سەربەخۆ کە بیەوێت دابمەزرێت و کار بکات.

ئەمەیش لە دوایین چالاکییەکانی ئەم ماوەیەدا، بە ئاشکرا دەبینرێت. بە تایبەت لە هەڕەشەلێکردن و کوشتنی ئەو کەسانەی کە خەریکی چالاکیی مەدەنین. تەواوی ئەو شەپۆلی کوشتنانەی کە لەم ماوەیەدا ئەنجام دران لە دژی چالاکوانان، ئەو هێز و میلیشیایانە لێی بەرپرسن کە پارتێکیان لە پشتە. هەتاوەکو ئێستایش هیچ کارێکی جیدی نەکراوە بۆ لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر ئەم بابەتە و دیاریکردنی هەموو تاوانبارەکان. ئەمەیش ئەو ڕاستییە دەگەیەنێت کە بەشی زۆری ئەم تاوانانە، کەسانی پلەبەرز و بەدەسەڵاتیان لە پشتە و خەڵکی ئاسایی نین.

عێراق پێویستی بە ‌هەڵبژاردنێکی دیکەی هەڵە نییە

ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت لەژێر سایەی هەمان یاسا کۆنەکاندا بەبێ هیچ ڕیفۆرم و چاکسازییەک تێیاندا، وە بەبێ ئەوەی کە کاندیدە سەربەخۆکان دەرفەتیان هەبێت و مەترسی لەسەر ژیانیان دروست ببێت، ئەنجامەکە هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆی نابێت لە هەڵبژاردنەکانی پێشووی عێراق. هەروەها لە بەرژەوەندیی پارتەکانی ئێستا دەبێت؛ ئەو پارتانەی کە ئەندامەکانی پێشووتر ڕەخنەیان لە سیاسەتی دیکتاتۆریەتی سەدام حسێن دەگرت، بەڵام ئێستایش خۆیان هاوشێوەی ئەون.

تاکە ڕێگای چارەسەر بۆ عێراق ئەنجامدانی ڕیفۆرم و بوونی شەفافیەتێکی زۆرە لە سیاسەتی وڵاتەکەدا. دەبێت جۆرە چاکسازییەک لە یاساکانی هەڵبژاردندا بکرێت، کە دەرفەتی یەکسان بۆ کاندیدە سەربەخۆکان و کاندیدی سەر بە پارتە دەسەڵاتدارەکان دەستەبەر بکات. چونکە تەنها بە چوونی کاندیدی سەربەخۆ و کەسانێک کە نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵک بن نەک پارتەکان، دەتوانرێت چاکسازیی ڕیشەیی ئەنجام بدرێت.

ئاشکرایە کە دەسەڵاتدارانی ئێستا، وا بە ئاسانی واز لە دەسەڵاتی خۆیان ناهێنن و داواکارییەکانی خەڵک جێبەجێ ناکەن. بۆیە تاکە ڕێگە دروستکردنی فشاری بەردەوامە لەسەریان، ئەویش لە شەقامەکانەوە. خەڵکی ئەمە دەزانن و یادی یەک ساڵەی خۆپیشاندانەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو دەکەنەوە.

عێراقییەکان هیوایان بەم حکومەت و دەسەڵاتدارانەی ئێستا نەماوە. چونکە ئەو ڕێگایەی کە ئەوان گرتوویانەتە بەر بۆ چاکسازی، هیچ قازانجێکی جیدی بۆ خەڵک دروست ناکات. باشترین ڕێگەچارە وازهێنانی ئەوانە. ئەگەر وا نەکەن ئەوا تووڕەیی خەڵک زیاتر دەبێت و خۆپیشاندانەکانی داهاتوویش، توندتر و خوێناویتر دەبن.

سەرچاوە (کلیک بکە)

هاوشێوە