رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

ئێمە هەموومان غەریبین

Facebook
Twitter
LinkedIn

جیهاد محەمەد

کۆمەڵگەی کوردی بە گشتی و بێ جیاوازی، کۆمەڵگەیەکی غەریبە، غەریبە بە خودی خۆی، بە ئاو و خاک و زێدی لەدایکبوونی، غەریبە بە هەر چی خۆشی و خۆشەویسیتیەک هەیە لە وڵاتەکەیدا، غەریبە بە چێژ و بەختەوەری و خۆشنوودی، غەریبە بە هەموو دیمەن و ئاو و هەوا پاک خاوێنەکەی، غەریبە بە زانین و مەعریفەی خۆی و دەوروبەری خۆی، غەریبە بە پەروەردەی سەردەم و تەندروستیی پێشکەوتوو. ئەم غەریبییە وای لێ هاتووە گەیشتووەتە ئەو ئاستە نەخوازراو و ناشیرینەی کە تاکەکەسەکانی غەیر بن بە جەستەی خۆیشیان.

سەرچاوەی ئەم هەموو غەریبییە، لەگەڵ ئەوەی دەسەڵات و حوکمڕانییەکی دوورودرێژی ستەمکاری ناوچەکەیە، لە هەمان کاتیشدا لە نزیکەی سی ساڵی ڕابردوودا سەرچاوەی قووڵبوونەوە و فراوانبوونی ئەم غەریبیە ژەهراوییە، دەسەڵات و حکومڕانییەکەی خۆمانە. خودی دەسەڵات و حوکمڕانییەکەیش لە هەمان غەریبیدان، تەنها جیاوازیی ستەمکاران لەم غەریبییەدا لەگەڵ ستەملێکراواندا ئەوەیە، کە ستەمکاران چێژ لەم غەریبییە وەردەگرن، بوون بە گرووپێکی مافیایی و سادیزم، گەشە دەکەن لەم غەریبییە ژەهراوییەدا کە وەک شێرپەنجە بە جەستەی کۆمەڵگەدا بەردەوام لە تەشەنەکردندایە.

ترسی گەورە لەم هەموو غەریبییە، ئەوەیە کە وردە وردە کۆمەڵگە بەم کولتوورە ڕابێت و ببێت بە کولتوورێکی نەبڕاوە و هەتا دەمرین لەگەڵمدا بژیی. بە داخەوە، دەتوانم بڵێم سەرەتای ئەم ڕاهاتنە دەرکەوتووە، ڕەنگە بە تەواوەتی نەبووبێت بە کولتوور، بەڵام بووە بە حاڵەت و زۆرێک لە ناوچەکانی کوردستان و زۆرێک لە توێژە کۆمەڵایەتییەکانی گرتووەتەوە.

ئەم غەریبییە قووڵ و فراوانە، لە ڕاستیدا ئەگەر بوێر بین دەبێت دان بەوەدا بنێین تەنها هەردوو حیزبی دەسەڵاتداری حوکمڕانی پارتی و یەکێتی لێی بەرپرسیار نین، بە داخەوە زۆر جار حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان، ئەو حیزبانەی کە ئەندامانیان زۆر جار تیرۆر کراوە، زۆر جار سووکایەتییان پێ کراوە، زۆر جار ئەندامان و دۆستانیان زیندانی کراون، دەیانڕفێنن و بێسەروشوێنیان دەکەن، بیروباوەڕەکانیان تیرۆر دەکرێت هەر وەک چۆن خۆیشیان تیرۆر دەکرێن، ئەم حیزبانە لەگەڵ هەموو سەرسەختییەکانیاندا دژ بە حکومڕانانی پارتی و یەکێتین وەک دوو حیزبی گەندەڵ و خاوەن میلیشیا و دەزگاگەلێکی ئەمنی و جاسووسی بەسەر خەڵکەوە، کەچی لە دواجاردا دەبن بە دارشەقی ژێر باڵی ئەم دوو حیزبە و هەرگیز ناهێڵن سەرەولێژ ببنەوە. هۆکاری ئەمەیش ئەوەیە کە ئەم حیزبە ئۆپۆزیسیۆنانە حیزبگەلێکن پارێزەری کولتوورە کۆمەڵایەتی و سیاسییە کۆنەباوەکەن، ئەم حیزبانە شەریکی سەرەکیی پارتی و یەکێتین لە پاراستنی ئەم کولتوورە کۆنەباوانەدا، چونکە بەبێ بوون و بەردەوامیی ئەم کولتوورە کۆنەباوە ئەم حیزبانە بچووک دەبنەوە و لە دواجاریشدا دەتوێنەوە و نامێنن، بۆیە ئەم حیزبانە چەند دژایەتیی یەکتری بکەن، دژایەتییەکانیان لەپێناوی دەسەڵاتخوازیدایە، نەک لەپێناوی گۆڕینی ئەم کولتوورە کۆنەباوەی هەموو کۆمەڵگەی خستوەتە نێو غەریبییەکی خنکێنەرەوە. کێشەی هەرە گەورەی ئەم کۆمەڵگە غەریبە بە خۆی، ئەو کولتوورە کۆمەڵایەتی و سیاسییەیە، ئەم کولتوورە بووە بە ئایدۆلۆژیەتی کۆمەڵگە، کۆمەڵگە لەژێر سایەی ئەم ئایدۆلۆژیەتەدا تووشی دەیان قەیران بووە و دەبێت. ڕەخنەی ئەم حیزبە ئۆپۆزیسیۆنانە بووە بە چەلەحانێ و قسەگەلێکی سواو، بووە بە پێدانی زانینێک کە هەموو کەس دەیزانێت، بەڵام چەلەحانێکانیان بۆ ئەوەیە کە خەڵک قایل بکەن بەوەی کە تەنها هەر ئەمان ئەو زانیاری و زانینانەیان هەیە، تا وا لە خەڵک بکەن ببن بە دەروێش و کۆیلەی ئایدۆلۆژیاکەیان کە درێژەپێدەری ئایدۆلۆژیا خنکێنەرەکەی کۆمەڵگەیە، ئەم حیزبە ئۆپۆزیسیۆنانەن بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدان کە هەر کرانەوە و بیرکردنەوەیەک بۆ هێنانەئارای کۆلتوورێکی ئازادانە، خەڵکی قایل بکەن بەوەی کە کولتووری کرانەوە، پەروەردەی سەردەم، پەروەردەی دیموکراتییانەی ناو خێزان غەریبە بە کۆمەڵگەی کوردی و کولتووری ڕۆژئاوا و کافرانە.   

هاوشێوە