رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

کوردستانی عێراق نموونەیەکی باش نییە بۆ ئازادیی ڕادەربڕین

Facebook
Twitter
LinkedIn

حەکیم داود قەرەداغی

وەرگێڕانی: ژیر دانا

هەرێمی نیمچەئۆتۆنۆمیی کوردستان لە عێراق، زۆر دەمێکە لە بارودۆخێکی وەها ئارامدا دەژیی کە وەک بەهەشتێک سەیر بکرێت لە لایەن دەوروبەرەوە. وەکو شوێنێک کە تێیدا مافی ئازادیی ڕادەربڕین هەیە و مافی مرۆڤ تێیدا پارێزراوە. بەڵام لەم چەند مانگەی دواییدا، دەرکەوت کە ئەم بۆچوونە لەسەر هەرێمی کوردستان هەڵەیە و بارودۆخەکەیش بەو جۆرە نییە.

لە مانگی ئۆگەستی ئەمساڵەوە، زنجیرەخۆپیشاندانێک لە ناوچە جیاوازەکانی ئەم هەرێمە بەڕێوە چوو، کە هۆکاری سەرەکییان نەدان یاخود بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی حکومەت بوو. فەرمانبەرەکانی هەرێم، نزیکەی ٥٠٪ی دانیشتوانی هەرێمەکە پێک دەهێنن. ئەوان چەندین مانگە مووچەی ئاسایی خۆیان وەرنەگرتووە، بە هۆی ئەو قەیرانە ئابوورییانەی کە بەردەوام ڕووبەڕووی هەرێمەکە دەبێتەوە. لە پاڵ بوونی کێشەی زۆریش لەگەڵ بەغدادی پایتەختدا، لەسەر نەناردنی بەشەبودجەی هەرێم. هەموو ئەمانەیش لە سەردەمێکی هەستیاری وەک سەردەمی کۆرۆنادا.

لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا، ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە دەیانویست ڕووماڵی خۆپیشاندانەکان بکەن، هێرشیان دەکرایە سەر و دەگیران. هەروەها نووسینگەی کەناڵێک بە تەواوەتی داخرا لە لایەن هێزەکانی حکومتەوە. ئەمەیش لە کاتێکدا کە ئەو تۆڕە میدیایی و ڕۆژنامەوانییانەی کە لەژێر دەستی دوو پارتی باڵادەستدان، واتە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، باسی ئەم ڕووداوانەیان نەدەکرد.

بە بڕوای حوکمڕانان و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان، داخستنی دەزگا میدیاییەکان و ڕێگریکردن لە گواستنەوەی هەواڵەکان ڕێگایەکی باشە بۆ سەرکوتکردنی خەڵک و دامرکاندنی تووڕەییان. بەڵام هەمان ڕێگری و سەرکوتکردن بۆ سەر مافی ڕادەربڕینی هاووڵاتییانی هەرێم، دواجار دەبێت بە چەکێکی گەورە لە دژی حکومەتەکە خۆی.

سەرکوتکردنێکی توندوتیژانە

خۆپیشاندانەکان لە زۆرینەی ناوچە جیاوازەکانی هەرێم ئەنجام دران. بەڵام لەبەر ئەوەی کە ناوچەکانی هەرێم بەسەر دوو پارتە دەسەڵاتدارەکەدا دابەش بوون، هەر بۆیە لە هەر ناوچەو بە جۆرێک خۆپیشاندانەکان بەردەوام بوون. لە سلێمانی و دەوروبەری کە لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندایە، خەڵکێکی زۆر گرد بوونەوە. بەڵام لە دهۆک و هەولێر کە لەژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستاندایە، هەر لەگەڵ گردبوونەوەی خەڵک هێزەکانی ئاساییش دەچن و ڕێگری لە خۆپیشاندان دەکەن. ئەمەیش وا دەکات کە ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان خۆپیشاندەرانی ئەو ئەو ناوچانە و هێزەکانی ئاساییش ڕوو بدات. لەو ڕووبەڕووبوونەوانەدا چەندین کەس گیراون و بریندار کراون، بە تایبەت لە شارۆچکەی زاخۆ ڕووبەڕووبوونەوەکان ئێجگار توند بوون.

بەپێی لێدوانی چەند چالاکوانێکی ناوخۆ، تەنها لە مانگی هەشتدا نزیکەی ١٠٠ کەس کە لە ناویاندا ڕۆژنامەنووس هەبوون، دەستگیر کراون لە هەڵمەتێکی شەوانەی هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای دهۆک و ناوچەکانی دەوروبەری.

لە ١٩ی مانگی هەشتیشدا، هێزەکانی ئاسایش هەڵیانکوتایە سەر نووسینگەکانی کەناڵی ئێن ئاڕ تی، کە لە لایەن شاسوار عەبدولواحیدی سەرۆکی یەکێک لە پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان بە ناوی نەوەی، خاوەندارێتی دەکرێت. دوای هەڵکوتانەکەی دهۆکیش، هەمان شت بەسەر نووسینگەی سەرەکیی کەناڵەکە لە هەولێری پایتەختی هەرێمدا ڕووی دایەوە و نووسینگەکەی ئەوێیش داخرا.

جگە لە داخستنی نووسینگەکانیش، چەند ڕیپۆرتەرێکی کەناڵەکە دەستگیر کراون، هەندێکیشیان چەندین ڕۆژە لە ناو زیندانان، بەبێ ئەوەی هیچ هەواڵێک لەسەریان بدرێتەوە بە خێزان یاخود پارێزەرەکانیان. ئەمەیش خۆی لەخۆیدا پێشێلکارییە بەرامبەر بە یاسای ٢٠٠٨ی هەرێمەکە کە تێیدا ئاماژە بەوە کراوە نابێت هیچ ڕۆژنامەنووسێک دەستگیر بکرێت، بە هۆی ئەنجامدانی کارەکەی خۆیەوە.

لە نامەیەکیشدا کە نێردراوە بۆ کەناڵی ئێن ئاڕ تی، بەرپرسێکی حکومەت بە ناوی دیندار زێباری ئەوەی ڕای گەیاندووە کە دەستیان کردووە بۆ هەوڵدان بۆ داخستنی کەناڵەکە، بە هۆکاری ئەوەی کە کەناڵەکە وێنەی حکومەتی لای خەڵک ناشیرین کردووە و سووکایەتی بە بەهای گشتیی خەڵکی هەرێمەکە کردووە.

حکومەتە نوێیەکی هەرێمی کوردستان، لەژێر سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانیدایە، کە کوڕە گەورەی مەسعود بارزانی، سەرۆک پێشووی هەرێمەکەیە. لەم حکومەتە نوێیەدا، ئازادیی ڕادەربڕینی و ڕۆژنامەوانی تەواو پێشێل کراوە. سەنتەری میترۆ بۆ مافی ڕۆژنامەنووسان لە ڕاپۆرتێکدا ڕای گەیاندووە کە نزیکەی ٩٨ پێشێلکاری ئەنجام دراوە بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان، تەنها لە ٦ مانگی سەرەتا ساڵی ٢٠٢٠دا. هەروەها لە پەرلەمانی هەرێمەکەیشدا کار لەسەر پڕۆژەیاسایەک کراوە کە مافی ڕۆژنامەنووسان زیاتر سنووردار بکات.

ئەمانەیش لە کاتێکدا کە دەزگا میدیاییەکانی سەر بە دوو پارتی دەسەڵاتدار، تووشی هیچ کیشەیەکی لەو جۆرە نەبوون و هیچ ڕێگرییەکیان بەرامبەر نەکراوە لە لایەن ئەم حکومەتەوە.

قبووڵنەکردنی ڕای جیاواز

ئەمە یەکەم جار نییە کە دوو پارتی دەسەڵاتدار دژی ڕای ئازاد و میدیای سەربەخۆ یاخود ئۆپۆزیسیۆن بوەستنەوە. ئەوان بە درێژایی ماوەی دەسەڵاتیان، بەو جۆرە بوون. سەرەڕای ئەوەیش کە خۆیان بە هاوپەیمانێکی باشی ئەمەریکا و ڕۆژئاوا دەزانن، بەڵام هێشتا ڕای جیاوازیان پێ قبووڵ ناکرێت و دژی دەوەستنەوە.

لە ساڵی ٢٠١٠دا ڕۆژنامەنووسێک، کە قوتابیی زانکۆ بوو لە شاری هەولێر، دوای گرتن و ئەشکەنجەدانێکی زۆر تیرۆر کرا. هۆکاری ئەو ڕووداوە نووسینی شیعرێکی ڕەخنەیی و گاڵتەئامێز بوو بە خێزانی بارزانی کە سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن. دوای تیرۆرکردنەکە، دەنگۆ و ناڕەزایەتییەکی زۆر بڵا بووەوە لە ناو خەڵکی هەرێمدا و داوای بەدواداچوونی خێرایان دەکرد. بەڵام دوای لێکۆڵینەوەی هێزەکانی حکومەت لەسەر ڕووداوەکە، ئەنجامی ئەوەیان دا بە دەستەوە کە سەردەشت پەیوەندیی بە ڕێکخراوی ئەنسارولئیسلامەوە هەبووە کە لقێکی قاعیدەیە. بەپێی لێکۆڵینەوەکە، سەردەشت داوای لێ کراوە پەیوەندی بە ڕێکخراوەکەوە بکات و ئەویش قبووڵی نەکردووە، هەر بۆیە تیرۆر کراوە. ئەم ئەنجامەیش ڕاستەوخۆ ڕەت کرایەوە لە لایەن خێزانی سەردەشت عوسمانەوە.

ڕووداوەکەی سەردەشت دوایین ڕووداوی لەو جۆرە نەبووە و لەم چەند ساڵەی دواییدا، چەند کەیسێکی هاوشیوە ڕوویان داوە. لە ناویاندا کەیسی تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی لە ساڵی ٢٠١٣ و وەدات حسێن لە ساڵی ٢٠١٦دا. تەواوی کەیسەکان دەگەڕێنەوە بۆ ئەوەی کە ئەو ڕۆژنامەنووسانە بە نووسینێکیان ڕەخنەیان لە خێزانە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم گرتووە و باسی گەندەڵییەکانیان کردوون. لە تەواوی کەیسەکانیشدا هیچ هۆکارێکی تر نەدۆزراوەتە بۆ کوشتنی ئەو کەسانە، جگە لە ڕەخنەکانیان دژی دەسەڵات.

نوێنەرێکی ڕێکخراوی سی پی جەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست بە ناوی ئیگناسیۆ دێلگادۆ ئەوەی پێ ڕاگەیاندم کە چەندین کەیسی کوشتن و گرتن و ئەشکەنجەدانی ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمدا هەیە و تەواوی کەیسەکانیش حیزبە دەسەڵاتدارەکان و شوێنکەوتوانی ئەو دوو حیزبە لێی بەرپرسن.

هاوڕێیەکی خۆم کە لە تۆڕی میدیایی نالیا لە ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٩ بە شێوازێکی نامۆ مرد و لاشەکەی دۆزرایەوە. ئەو لەگەڵ لانە محەمەدی هاوسەریدا کە بە هەمان شێوەی خۆی ڕۆژنامەنووسە، لەگەڵ منداڵە سێ ساڵانەکەیان بە مردوویی لە ناو ئوتۆمبیلەکەی خۆیاندا دۆزرانەوە. دوای چەند سەعاتێکی کەم لە دۆزینەوەیان، هێزەکانی پۆلیسی سلێمانی ئەوەیان ڕاگەیاند کە ڕووداوەکە خۆکوژی بووە. شایەنی باسە کە پۆلیسی سلێمانی پەیوەندیی توندیان بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە هەیە.

ئەوان وتیان کە ئامانج بابانی ژن و منداڵەکەی خۆی کوشتووە و دواتریش خۆی کوشتووە. ئەمە بۆ زۆربەی خەڵک و بە تایبەتییش خۆم باوەڕپێکردنی ئاسان نییە. بە تایبەت چونکە ئامانج کەسێکی هێمن و لەسەرخۆ بوو. ناتوانرێت باوەڕ بکرێت لەوەی کە ئامانج توانای ئازاردانی هیچ کەسێکی هەبێت، بە تایبەت کەسە خۆشەویستەکانی خۆی.

دوای چەند مانگێک، هێزەکانی ئاسایشی هەولێر کە نزیکن لە پارتی دیموکراتەوە، لێدوانێکیاندا لەسەر هەبوونی بەڵگەی کوشتنی ئامانج دا. ئەمەیش هەڵوێستێکی نوێ نییە کە دوو هێزەکەی هەرێم یەکتر تاوانبار بکەن و بۆ ئەو تاوانانەی کە ئەنجام دەدرێن. شایەنی باسە هیچ لێکۆڵینەوە و ئەنجامێکی نوێ بۆ کەیسەکەی ئامانج ئەنجام نەدراوە.

 دیموکراسیەتی کوردی لەژێر مەترسیدایە

ئێستا کە نزیکەی سێ دەیە بەسەر حوکمی کوردەکان بەسەر خۆیاندا تێپەڕیوە، لەو ماوەیەدا گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە نموونەیەکی باشی حوکمڕان نین؛ وەک ئەوەی کە خۆیان بانگەشەیان بۆ دەکرد. ئەوە ڕاستە کە ئەم هەرێمە وەک ناوچەکانی تری عێراق نییە و جیاوازە لەوان، بەڵام نایشکرێت ئەم هەرێمە بکرێت بە نموونەیەکی باش بۆ پارچەکانی تری کوردستان.

شایەنی باسە کە جگە لە ناوچەکانی تری عێراق و پارچەکانی دیکەی کوردستان، شوێنی سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییشە. نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە لێدوانێکیدا ئیدانەی ئەو هەوڵە یەک لە دوای یەک و بەردەوامەنەی حکومەتی هەرێم کرد، بەرامبەر بەو خۆپیشاندان و چالاکییە مەدەنییانەی کە لە هەرێمەکەدا ئەنجام دەدرێن. هەروەها پێی وایە کە ئەم هەڵوێستانە یارمەتیی هەرێمەکە نادەن بۆ پێشکەوتن.

کوردەکان بۆ ماوەی زیاتر لە سەدەیەکە، شەڕ بۆ ئازادی و خۆبەڕێوەبردنی خۆیان دەکەن. لە ئێستادا هەرێمی کوردستان لە عێراق تاکە ناوچەی کوردە کە تێیدا کوردەکان هەرێمی فیدڕاڵیی دانپێدانراویان هەبێت. دەسەڵاتدارە کوردەکان پێویستە پاریزگاری لە مافی ڕادەربڕینی هاووڵاتییانی هەرێم بکەن، تا پیشانی هەموو جیهانی بدەن کە کوردەکان توانای خۆبەڕێوەبردنیان هەیە.

ئەگەر نەیانتوانی پارێزگاری لە مافی ڕادەربڕێن بکەن، ئەوا تووڕەیی خەڵک زیاتر دەکەن و دۆخی ژیان بەرەو خراپتر دەبەن. بەم جۆرەیش هەرێمەکە لە ڕووی ئابووری و سیاسییشەوە دەکەویتە ژێر قەیرانی زیاتر. ئەمەیش مەترسییەکی گەورە دەخاتە سەر ئەو باوەڕەی کە کوردەکان توانای خۆبەڕێوەبردنیان هەبێت.

سەرچاوە (کلیک بکە)

هاوشێوە