رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

دەنگی بەرز و عەقڵی نزم

Facebook
Twitter
LinkedIn

پەیکار عوسمان

بیرکردنەوەی تۆ، فلتەرێکە ئەبێ هەتبێ و شتەکانی لێبدەیت. شتەکان بەوێدا بڕۆن هۆشیارییەو بەوێدا نەڕۆن بێهۆشی یە. ئەوێت هەبێ یاریزانیت و ئەوێت نەبێ تۆپی بەرپێ ی ئەوانیتریت. کە ئەشڵێم یاریزانیت، مەبەستم ئەوەنیە ئەوان تۆپبن و ئینجا تۆ تێیانهەڵدەی. بەڵکو مەبەستم ئەوەیە کە “یاری هۆشیاریی” ئیتر تۆپ و تێهەڵدانی تیانیەو تەمرینێکی سویدییە بۆ خۆت!

جا ئەگەر قسەی ئاسایی، جارێك شایەنی گومان و لە فلتەردان بێت، قسەی هاتوهاوار دوجار! چونکە ئەوەی ئاسایی قسەت لەگەڵ ئەکا، ئەیەوێ ڕای خۆی بڵێ و لێرەدا تۆش هەیت و مەساحەیەك هەیە بۆ ڕای تۆش. بەڵام ئەوەی ئەقیڕێنێ بەسەرتا، ئەیەوێ تۆ لە گۆشەی عاتیفەدا سجنکاو تەواوی مەساحەکە ببا بۆ خۆی، ئیتر هەر ئەو هەبێ و تۆ نەبیت!

ئەوەی ئاسایی قسەت لەگەڵ ئەکا، لە تەنیشتی تۆدایەو ئەیەوێ بە هەردوکتان بابەتێك ڕوونبکەنەوە. بەڵام ئەوەی هاوارت بەسەرا ئەکا، ئەیەوێ لەسەرەوەبێ و خودی تۆ ئەکا بە بابەت. “بابەتی لێخوڕین”!

ئەوەی گفتوگۆت لەگەڵ ئەکا، ئامانجی ئەوەیە لەگەڵ تۆدا بگاتە مەعریفەو زانین و حەقیقەتی بابەتێك. بەڵام ئەوەی هاوارئەکا بەسەرتا، ئەیەوێ بڵێ حەقیقەت لای منەو خۆ ئەگەر هەر بەڕاستیش لایبێت، زانین لای ئامانج نیەو ئەیکا بە وەسیلە بۆ سواربوون و لێخوڕینی تۆ. کە ئەوەش پێشئەوەی سواربوونی تۆبێت، سواربوون و لاقەکردنی حەقیقەتە. چونکە حەقیقەت خۆی ئامانجەو نابێ وەسیلەبێت!

دەنگی بەرزو هاتوهاوار، جگە لەوەی عاتیفەبازی و هەڵخەڵەتاندنە، بێڕێزیشە. تۆ شایەنی ئەوەنیت بقیڕێنن بەسەرتا. تۆ شایەنی ئەوەیت کە گوێبگری و گوێت بۆ بگیرێ.
ئەوەشی کە دەنگی بەرزئەکاتەوە، گوێی دائەخاو ئیتر ئەو گوێ لە تۆ ناگرێ. چونکە تۆ ئەسڵەن دەنگێکت نامێنێ! ئاخر ئەو دەنگە زیادەیە، ئەوە بەشە دەنگەکەی تۆیە، ئەو ئەیباو ئەیخاتە سەر دەنگی خۆی. ئیتر تۆ بێ دەنگ ئەمێنیتەوە، یان ڕاستتر بێدەنگ ئەکرێ ی.

دەنگی بەرز، زمانی مەعریفەو زانین نیە، زمانی سیاسەت و شەڕی ئایدۆلۆژییە. ئینجا بەئارامی و بێ هاتوهاوار: بێگومان موحەمەد هانی پاکوخاوێنی داوە، چونکە ئەو پیاوێکی عاقڵبووەو هیچ عاقڵێكیش کێشەی لەگەڵ پاکوخاوێنیدا نیە، تەنانەت ئەوانەش کە خۆیان پاکوخاوێن نین! چونکە “پاکوخاوێنی” شتێکی بەڵگەنەویست و بەدیهییە، وەکچۆن “ڕاستگۆیی” باشێکی بەدیهییەو تەنانەت درۆزنەکانیش ناڵین ڕاستگۆیی خراپە. وەکچۆن “دزیی” خراپێکی بەدیهییەو تەنانەت دزەکانیش ناتوانن بڵێن دزی باشە.

بەهێواشی و دوور لە دەنگەدەنگی ئایدۆلۆجی: فیکرەی کەرەنتین نازانم کەی هاتووە. بەڵام بێگومان ئەگەڕیتەوە بۆ ئەو کاتەی کە مرۆڤ نەخۆشی ساریی ناسیوە!
هەرئەونەی کە مرۆڤ عەقڵی بە نەخۆشی گوێزەرەوە شکا، ئیتر ئۆتۆماتیکی فیکرەی کەرەنتینیش لەدایك ئەبێ و ئەمە تەحسیڵ حاسڵەو عەقڵێکی غەریب و عەجیبی ناوێ. یەعنی ئەگەر کۆمەڵگای ئەوکاتی مەکە، هۆشیارییان بە نەخۆشی ساری هەبووبێ، بێگومان ئەبوجەهلیش هەروەکو موحەمەد هەمان شتی زانیوە!

یەعنی زۆر بە هێواشی و دوور لە ژاوەژاو: ئەوانە شتانێکی ئاسایین و لانیکەمی عەقڵی گەرەکە نەك ئەوپەڕی دانایی! گەورەیی خواو پێغەمبەریش مەفروزە لە شتانێکی گەورەدا ببینین. شتی گەورە وەکو زانین. زانینی ئەوەی کە تۆ ڕێزلێگیراویت و نە هی ئەوەی ئیستغلال بکەیت و نە هی ئەوەی ئیستغلال بکرێیت. چونکە لەو دوو حاڵەتەدا ڕێزێك لە ئارادا نامێنێ!
زانینی ئەوەی کە خودا ئەیەوێ تۆ بزانیت، نەکئەوەی خودی خودا بکرێتە کەرەستەی نەزانی و گێلکردنی تۆ!

ئەوەی کە بەڕاستی جوان و حەکیمانەیە، مەسەلەی گوریس و حوشترەکەیە. هۆکاری ئەو هەموو جەهل و دواکەوتنەی موسوڵمانیش، هەر ئەوەیە کە حوشترەکەی بەرەڵاکردووەو لەولاوە خەریکی نوێژەو بەتەمایە خوا بۆی ببەستێتەوە، وەکئەوەی خودا حوشترەوانی ئەوبێت!
پێغەمبەر لێرەدا پێتئەڵێ: ئەبێ بزانیت و ئاشەکە خۆت بیگێڕی، ئینجا خودا موەفەقت ئەکاو ئەمە یاساو سونەتی ئیلاهییەو (لن تجد لسنة اللە تبدیلا). کەچی ئێمەی موسوڵمان عیبادەت و هەنێ شکڵیاتمان خستە بری “کارو زانین” و (ئاشی نەزانەو خوا ئەیگێڕێ)مان خولقاند!

ئەو شتەی کە پێویستی بە ڕیکلامە “کاڵا”یە. ئەوانەشی کە دینیان کردوە بە کاڵاو دوکانی فرۆشتنی دینیان هەیە، ئاسایی پێویستیان بە ڕیکلامیش ئەبێ و کاسپی هەروایە. ئەوانەشی کە دوکانی دژەدینیان هەیە، ئەوانیش هەر کاسپی خۆیان ئەکەن و شتەکە تا ئێرا ئاساییە. ئەوەی ئاسایی نیە شەڕە بچوکەکەی ئەم دوو گروپەیە، لەکاتێکا ئێمە لە شەڕێکی گەورەداین!

ئەمە وەكئەوەیە، پۆلیس حەملەیەك بکەن بۆ حیجزکردنی عەرەبانەکانی لای مزگەوتی گەورە، کەچی لەو کاتەدا دوو عەرەبانچی خەریکی شەڕە بۆکس بن، لەسەر ئەوەشنا کە تەماتەکەی کێ جوانترە، لەسەرئەوەی کە تەماتەی کێ گەنیوترە!

دین کە بوو بە کاڵای ناو بازاڕی سیاسەت، ئیتر هەر حیزبی ئیسلامی و قەناتی ئیسلامی کاسپی پێوەناکەن، بەڵکو حیزبی ترو قەناتی تریش ئەیکەن و بە قانونی بازاڕی ئازاد، هەریەکەو تەماتەی خۆی ئەفرۆشێ. لێرەداو بە قانونی قورئانیش کە هەمان فلتەرەکەی خۆتە (یستمعون القول فیتبعون احسنە) قسەی باش لە هەموویان وەرگرە، بەڵام کاڵای کەسیان مەکڕەو پولێکی قەڵبی پێ مەدە. چونکە قسە تا ئەوێ باشە، کە نەبووبێ بە کاڵا!

ئینجا وەکچۆن هونەرمەندو وەرزشکار لەڕێگەی کایەی خۆیانەوە خەریکی هاندانی خەڵکن بۆ پابەندبوون بەڕێنماییەکانەوە. لێگەڕێن کایەی ئایینیش ڕۆڵی خۆی بگڕێڕێ و پیاوانی ئاینییش بە شێوازی خۆیان خزمەتی هەمان ئامانج بکەن. دواجار ئەوەی کە گرنگە بانەیە نەك ڕێگاکان. کێ چۆن ئەڕوا با بچێ، گرنگ ئەوەیە هەمووی بچێتەوە بۆ بانەی خۆپارێزی.

ئینجا خەڵك پێویستی بە وەسف و سەنای موحەمەد نیە، پێش کابرای ابوشوارب و ئیسلامی سیاسی، ئەوی ناسیوەو بەتەبیعەت خۆشیئەوێ و ڕۆژانە دەیان سەڵاواتی بەریئیشی بۆ ئەنێرێ. خەڵك پێویستی بە بژێوییەو چیرۆکی نانیش بەدیلی نیەو مەجالی فریودانی تێدانیە، چونکە برسێتی فێڵی لێناکرێ و جگە لە نان شتێکی تر ناخوات!

ئینجا هۆنراوە جوانەکەی (شێخە رەسوڵ) پێشکەشە بە حکومەتی هەرێم.

کوا موچەکەم؟

مات و برسی و ڕووتوقووتم، موچەکەم کوا بێشەرەف؟

پەستم و گەیشتۆتە لووتم، موچەکەم کوا بێشەرەف؟

خۆم دەپارێزم کە نەمرم، داخی تۆ وا دەمکوژێ

بۆیە مەشغوڵی هەجووتم، موچەکەم کوا بێشەرەف؟

شاتەشاتی ڕاگەیاندن نامکەرێنێ، باوەکەر

وا نەزانی کەللـەپووتم، موچەکەم کوا بێشەرەف؟

کلک و هەوسارت لە دەستی دوژمنی ئەم میللەتەن

هەر بەدەستتۆ ماوە قووتم، موچەکەم کوا بێشەرەف؟

هەی لە کۆرۆنا کەسیفتر، هەی لەخۆت کەمتر، بەڵا

بۆ هەقی خۆم ڕووبەڕووتم، موچەکەم کوا بێشەرەف؟

ترسی مەرگی ئازیزانم دەست و پێی بەستووم، دەنا

تۆ دەتۆپی، هەی بە “تووت”م، موچەکەم کوا بێشەرەف؟

هاوشێوە