رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

مرۆڤایەتی پێویستی بە نوێنەرێکی دیموکراسییانە هەیە

Facebook
Twitter
LinkedIn

ئەندریاس بەمێل

وەرگێڕانی: ژیر دانا

دۆخی ئێستای مرۆڤ پارادۆکسێکی گەورەیە. ئێستا لە هەموو کات زیاتر نزیکترن لە یەک. بەڵام لە هەمان کاتیشدا، چەندین بەربەست لە نێوانیاندا هێستا هەیە و لە یەکتری دووریان دەخاتەوە.

یەکگرتنی جیهان و نزیکبوونەوەی مرۆڤەکان لە یەکتری، لە ئێستادا پێویستییەکی گەورەیە، نەک بە تەنها ئەگەر. هەروەها لە بابەتێکی فەلسەفییەوە بووە بە بابەتێکی سیاسیی زیندوو، کە هیچ سیاسییەک ناتوانێت ئینکاری لە پێویستییەکەی بکات؛ بە تایبەت لای ڕۆشنبیران، ئەکادیمییەکان، چالاکوانەکان و سیاسییەکان.

هەرچەندە لە ئێستادا ڕێژەی تەمەنی چاوەڕوانکراو لە شوێنە جیاوازەکانی جیهاندا، بەرزبوونەوەی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە، بەڵام لە هەمان کاتدا، جیهان پڕیەتی لە قەیرانی جۆربەجۆر و کێشەی چارەسەرنەکراو، کە بەردەوام ژیانی مرۆڤەکان بەرەو تێکچوون دەبەن.

مەترسیی گەرمبوونی جیهان، بابەتێکە کە لەمێژەوە خەڵک و حکومەتە جیاوازەکان لێی ئاگادارن. بەڵام هەتاوەکو ئێستایش، هیچ کارێکی جیدیی بەکۆمەڵ نەکراوە بۆ ڕاگرتنی ئەم مەترسییە، کە پێویستی بە هەموو مرۆڤایەتییە تا کاری لەسەر بکرێت و ڕابگیرێت. ڕێژەی کاربۆن لە بەرگەهەوادا بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە و مەترسیی بۆ ژینگە و ژیانی میلۆنەها دروست دەکات. هەروەها لە ئێستادا گەیشتووینەتە دۆخێک کە چیتر کاتمان نەماوە بەفیڕۆی بدەین.

بۆ ماوەیەکی زۆر دەچێت کە شارەزایان و پسپۆڕان زەنگی مەترسییان لێ دابوو لەسەر پەرەسەندنی ڤایرۆس و بەکتریا زیانبەخشەکان، کە ئەگەری دروستبوونی پەتایەکی کوشندەی هەبێت لەسەر تەواوی مرۆڤایەتی. تا کار گەیشت بەوەی کۆڤید ١٩ بڵاو ببێتەوە. ئەوەیشی کە جێگای سەرنجە ئەوەیە، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەکەدا زۆرینەی شوێنەکان بە مەترسییان دانەدەنا، تەنها چەند لایەنێکی کەمی وەک رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بابەتەکەیان بە جیدی وەرگرتبوو. تا کار گەیشت بەوەی بە میلیۆنان تووشبوو و هەزاران قوربانیی لێ بکەوێتەوە.

نایەکسانییش بابەتێکی دیکەیە کە لە ئێستای جیهاندا بەرەو گەشەکردن دەچێت. لە یەکێک لە وتارەکانی ئەم دواییانەیدا، ئەنتۆنیۆ گیوتێرێسی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەم جۆرە باسی لە نایەکسانی کرد: “هەرچەندە ئێمە هەموو لە ناو یەک دەریاداین و پێکەوە دەژیین، بەڵام هەندێکمان وەکو کەشتیی گەورە واین لە ناو دەریاکەدا و هەندێکیشمان وەکو زبڵ و پاشەڕۆ واین.”

بەپێی راپۆرت و ئامارەکانی چاودێریی خۆراکی نێودەوڵەتی، نزیکەی ١٣٥ ملیۆن مرۆڤ لە ئێستادا بە دەست برسێتییەوە دەناڵێنن. هەروەها ٨٠ ملیۆن کەسیش ئاوارەن و ماڵ و نیشتمانی خۆیان بە جێ هێشتووە، بە هۆی جەنگ و ناسەقامگیری و مەترسی لە شوێنەکانی خۆیاندا. ئەمەیش بەرزترین ڕێژەی ئاوارەیە، لە ٧٠ ساڵی ڕابردوودا کە تۆمار کرابێت.

ئەو سیستەمە جیهانگیرییەی کە لە ئێستادا ئیش دەکات، تەنها لەپێناو ئەوەدایە کە بەرهەمی بە جیهانی بکرێت تا قازانجی لایەنێکی دیاریکراو زۆرتر ببێت. بەجیهانیکردنی بەرهەمەکانیان، وا دەکات کە لایەنی قازانجدار باجێکی کەمتر بدات لەچاو ئەو ڕێژە زۆرەی قازانج کە دەیکات.

کۆمپانیا زەبەلاحەکان و کەسە زۆر دەوڵەمەندەکان، بەردەوام خەریکی دۆزینەوەی ڕێگای خۆدزینەوەن لە باجدان. ئەمەیش بە سوودوەرگرتن لە ساخکردنەوەی سامان و بەرهەمەکانیان لە شوێنی جیاوازی جیهاندا، کە باجی کەمتریان لەسەر بێت وەک لە وڵاتانی خۆیان. دەرئەنجامی ئەم کارەیش، دەوڵەمەندبوونی ئەو لایەن و کەسانەیە و کەمبوونەوەی ڕێژەی باجە لەو شوێنانەی کە پێویستە باج وەربگرن.

لە پەیوەند بە وزەی ناوەکییشەوە، جگە لە ڕێککەوتنەکانی پێشوو کە لە نێوان ٥ وڵاتە زلهێزە خاوەن وزەی ناوەکییەکەیە، هیچ ڕێککەوتنێکی دیکەی نوێ لەم ساڵانەدا ئەنجام نەدراون کە سوودێکی گەورەی هەبێت بۆ دۆخی مرۆڤایەتی.

لەجیاتیی ڕێککەوتن، وڵاتانی خاوەن وزەی ناوەکی خەریکی دروستکردنی چەکن. هەروەها تەواوی ئامانجیان پێشکەوتنە لە بواری چەکدا و لە پێشبڕکێیەکی بەردەوامدان. ئەمەیش وای کردووە بەردەوام چەکی نوێتر و بەهێزتر ئاشکرا بکرێن کە هەمووی مەترسیی گەورەن لەسەر مرۆڤایەتی و ئاشتەوایی نێودەوڵەتی.

بەم جۆرە سیاسەتەی کە ئێستا لە نێو وڵاتاندا پەیڕەو دەکرێت بۆ پەیوەندیی نێودەوڵەتی، گەیشتن بە چارەسەری کێشەکان و باشترکردنی دۆخەکە مەحاڵە. چونکە سیاسەتی پەیوەندیی نێوان وڵاتان هەر لە ڕیشەوە کێشەی تێدایە، نەک ئەوەی کە کێشەکان بچووک و سنووردار بن. لە ئێستادا زیاد لە ٢٠٠ دەوڵەت بەرژەوەندیی خۆیان دەخەنە پێش بەرژەوەندیی نێودەوڵەتییەوە و باپەندی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان نابن لەو کاتانەی کە بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان دێتە ناو باسەکەوە.

تەنانەت ئەو لایەنانەی کە کاریگەریی ئەرێنییان هەیە لەسەر پەیوەندیی وڵاتان بە یەکترییەوە، وەک نەتەوە یەکگرتووەکان و تەندروستیی جیهانی، تەنها کاتێک دەتوانن کار بکەن کە ڕێگەیان پێ بدرێت، بە تایبەت لە لایەن ئەو دەوڵەت و لایانەنەوە کە پشتگیریی مادییان دەکەن. هەر بۆیە دەتوانین بڵێین نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەندەی نوێنەری کۆمەڵێک لایەنە کە دەکرێت بەرژەوەندیی خۆیان بخەنە پێش هەر شتێکەوە، ئەوەندە نوێنەری مرۆڤایەتی نییە.

ئێستا کاتی ئەوەیە ئەو رێکخراو و لایەنانەی کار بۆ پەیوەندیی نێوان وڵاتان دەکەن، ئەو هێزەیان پێ بدرێت کە تەواو سەربەخۆ بن و بتوانن گۆڕانکاریی گەورە ئەنجام بدەن. ئەمەیش لەپیناو ڕێگەگرتن لە هەموو ئەو مەترسییانەی لە ئێستادا ڕووبەڕووی مرۆڤایەتی بوونەتەوە. لەپێناو ئەنجامدانی ئەمەیشدا، دەوڵەتانی جیهان پێویستە ئازادیی کارکردن و بڕیاردان، دەسەڵات و بودجەی تەواو سەربەخۆ بە رێکخراوەکان ببەخشن. دوو ساڵ لەمەوبەر راپرسییەک لە ١٠ وڵات ئەنجام درا، لەسەر ئەوەی کە ئایا کاتی ئەوە هاتووە نەتەوە یەکگرتووەکان گۆڕانکاری لە سیاسەتی کارکردنیدا بکات؟ ٪٨٢ دەنگیان بەوە دابوو کە پێویستە ڕۆڵی گەورەتری هەبێت لەو پرسانەی کە ئێستا یان داهاتوو دەبن بە مەترسی لەسەر دۆخی مرۆڤایەتی. بەشی زۆری دەنگدەرانیش هەمان ڕایان هەبوو لەسەر ئەوەی کە پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان بتوانێت خۆی هەندێک بڕیار بدات و دەسەڵاتەکەی گەورەتر ببێت لەچاو دەوڵەتاندا.

بێگومان هەتا مرۆڤ بەرکەوتەی ڕووداوە جیهانییەکان بێت و کاریگەریی بڕیار و سیاسەتی وڵاتانی لەسەر بێت، دەبێت زیاتر جەخت لەسەر ئەوە بکاتەوە کە دیموکراسییەکی نێودەوڵەتیی بەهێز کارا بکرێت. بۆ نموونە لە هەر وڵاتێک کاتێک خەڵکەکە دەیانەوێت ئەزموونی دیموکراسی بکەن، هەموان دەنگ دەدەن و خۆیان چارەنووسی خۆیان دیاری دەکەن. کەواتە دەتوانرێت هەمان ئەزموون بۆ بابەتە نێودەوڵەتییەکانیش بە کار بهێنرێت و ئەوانەی کە دەکرێت ڕۆڵیان هەبێت لە پەیوەندیی نێوان وڵاتاندا، بە دەنگی خەڵک هەڵبژێرێن.

نابێت ئەوە لە بیر بکەین کە هەندێک جار، تەنانەت لە ناو وڵاتەکانی خۆیاندا ڕێگەی ئەزموونکردنی دیموکراسی نادرێت و دەنگ و ویستی خەڵک پشتگوێ دەخرێت. پێکەوە بەستنی بەرژەوەندیی هەموان و دروستکردنی دیموکراسییەکی سەرتاسەری دەتوانێت ئەم کارەیش چارە بکات و دیموکراسیبوون لە تەواوی شوێنەکان بەرقەرار بکات.

لە ئێستادا، یەکێک لە گریمانەکان کە دەکرێت بەرەو ئەو دیموکراسیەتەمان ببات کە پێشتر باسمان کرد، دروستردنی ئەنجوومەنێکی هاوشێوەی پەرلەمانە لە ناو نەتەوە یەکگرتووەکاندا، کە دواتر دەتوانرێت هەمان ئەنجوومەن وەک ئەنجوومەنێکی جیهانی سەیر بکرێت و تێیدا کار لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و کێشە گشتییەکان بکرێت. هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەم ئەنجوومەنەیش، دەکرێت لە ڕێگای پەرلەمانی وڵاتان خۆیانەوە بێت، یاخود هەڵبژاردنێکی ڕاستەوخۆ و تایبەتیی بۆ ئەنجام بدرێت. ئەندامە هەڵبژێراوەکانیش دەبێت نوێنەری ڕاستەقینەی وڵاتەکە و سیاسەتی وڵاتەکە خۆی بن، نەک نوێنەری حکومەتی وڵاتەکە و بەرژەوەندییەکانی. کە هەموو وڵات و تەنانەت ناوچەیەکیش، نوێنەری خۆی هەبێت لە ناو ئەم ئەنجوومەنەدا.

بیرۆکەی ئەم جۆرە ئەنجوومەنە و ئەم جۆرە کارکردنە، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شۆڕشی فەڕەنسی. هەروەها بەدیهێنانیشی، پێویستی بە سەیرکردن و گەڕانەوەیە بۆ ئەو مێژووە. بە تایبەت سەرنجخستنە سەر ئەوەی کە چۆن یەکگرتنی خەڵک و زەقکردنەوەی کێشە و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان دەکرێت کاری پراکتیکیی گەورەی لێوە دروست ببێت.

دەوڵەتان ئیستا کەوتوونەتە نێوان چەندین قەیرانی جۆربەجۆرەوە. قەیرانەکان جیهانین و بوونەتە هۆی ئەوەی کە هەموان کاریگەرییان لەسەر یەکتری هەبێت. هەر بۆیە دروستکردنی نوێنەرایەتییەکی دیموکراسی کە کار بۆ بەرژەوەندیی نێودەوڵەتی بکات و ئەندامی لە تەواوی وڵاتانەوە بۆ بچێت، کارێکی پێویستە.

سەرچاوە (کلیک بکە)

هاوشێوە