رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

سیاسەتی کورد ڕێگرییەکی گەورەیە لە بەردەم تورکیادا

Facebook
Twitter
LinkedIn

یەشار یاکیش

وەرگێڕانی: ژیر دانا

کوردەکان کەسانێکن کە بە زۆری لە وڵاتەکانی تورکیا، عێراق، ئێران و سووریا دەژین. جگە لەم وڵاتانەیش، بە شێوەی کەمینە و کۆمەڵەی بچووک لە وڵاتەکانی وەک ئازەرباینجان، ئەرمینیا، ڕووسیا و چەند وڵاتێکی ئاسیای ناوەڕاستدا دەژین. بەڵام لەو شوێنانەدا ژمارەیان ئەوەندە زۆر نییە وەک چوار وڵاتەکەی پێشتر کە بتوانن کاریگەریی سیاسی دروست بکەن.

یەکەم سەرچاوەی نووسراوی مێژوو، کە تێیدا ئاماژە بە کوردەکان کرابێت تێیدا، کتێبێکی زەینەفۆنی مێژوونووسی یۆنانییە کە لە سەدەی چواری پێش زاین نووسیویەتی. زەینەفۆن لەو کتێبەدا بەم جۆرە باسی کوردەکانی کردووە: “کاردۆخییەکان، یاخود کوردەکان گەلێکن کە لە ناوچە شاخاوی و کێوییەکاندا دەژین. ئەوان شەڕانین و حەزیان بە جەنگە. هەر لەبەر ئەو حەزەیشە کە وای کردووە هەرگیز داگیر نەکرێن. جارێکیان پاشایەکی مەزنی یۆنان، سوپایەکی ١٢٠ هەزار سەربازی بۆ داگیرکردنی ناوچەکەیان نارد. بەڵام هیچ کەسێک لەو سەربازانە، نەیانتوانی بە سەلامەت بگەڕێنەوە خاکی خۆیان.”

سەڵاحەدینی ئەیوبی ئەو کەسە بوو کە کۆتایی بە داگیرکاریی خاچپەرستەکان هێنا لە شاری ئۆرشەلیم. مێژووی ئەو ڕووداوە مەزنەی سەڵاحەدین دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١١٨٧ و جەنگی حەتین. هەروەها بە هۆی ئەو دەستکەوتەوە، سەڵاحەدین بووە بە ناوێکی ناسراو لای گەلانی کورد و عەرەب و تورک، لەگەڵ تەواوی موسڵمانان بە گشتی. هەروەها لە ئێستادا سەڵاحەدینی ئەیوبی، بە بەناوبانگترین کوردی ناو مێژوو دادەنرێت.

هەر لە سەردەمی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانییەوە تا دەگات بە سەردەمی کۆماری تورکیا، کوردەکان چەندین یاخیبوون و ڕاپەڕینی جیاوازیان ئەنجام داوە و هەتاوەکو ئێستایش، هەر بەردەوامن لەسەر ئەم کارە. دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی یەکەم و ڕووخانی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی، ئینگلیزەکان و فەڕەنسییەکان ناوچە کوردییەکانی ژێردەستی عوسمانییان دابەش کرد، بەبێ ئەوەی پشت بە هیچ بنەڕەتێکی نەتەوەیی کوردەکان ببەستن و لەبەرچاوی بگرن. مێژوونووسێکی ئەمەریکی بە ناوی دەیڤد فرۆمکن، ئەم دابەشکردنەی کوردەکانی بەم جۆرە وەسف کردووە: “ئاشتییەک، کە بوو بە لەناوبەری هەموو ئاشتەواییەک.” لە ڕاستیدا لە دوای دابەشکردنەکەوە، هیچ ئاشتەواییەک لە ناوچە کوردییەکاندا بوونی نەبووە و ئەوا دوای تێپەڕبوونی نزیکەی یەک سەدە، هێشتا ناوچەکە لە کێشەدایە.

کوردستانی عێراق، یەکەم ناوچەی کوردەکان بوو کە توانیی ئۆتۆنۆمی بە دەست بهێنێت لە ساڵی ١٩٧٠دا. دوای تێپەڕبوونی چەند دەیەیەک، ئەمەریکا بە هۆی داواکارییەکی یووئێنەوەوە، ناوچەی دژەفڕینی لە باکووری عێراق ڕاگەیاند. ئەمەیش بووە هۆی ئەوەی کە کوردەکان بتوانن زیاتر دەسەڵاتە ئۆتۆنۆمییەکەی خۆیان بە کار بهێنن. بە تایبەت ئەو کاتەی کە مەسعود بارزانی، سەرۆک هەرێمی ئەوکات، ڕیفراندۆمێکی لەسەر سەربەخۆیی هەرێمەکە ڕاگەیاند. هەرچەندە زۆرینەی کوردەکانی هەرێم بە بەڵێ دەنگیان دا، بەڵام ڕیفراندۆمەکە نەیتوانی دانپێدانانێکی نێودەوڵەتی بە دەست بهێنێت، بە هۆی نەگونجانی کاتی ڕیفراندۆمەکە لەگەڵ بارودۆخی ناوچەکەدا.

ئەم هەوڵەی کوردەکانی باشوور، بووە هۆی ئەوەی کە کوردەکانی باکوور لە تورکیا زیاتر هەست بە پێویستی بکەن بۆ دەستکەوتنی مافە نەتەوایەتییەکانی خۆیان.

لە سووریا دوای دەستپێکردنی قەیرانەکان و لاوازبوونی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، کوردەکان بیریان لەوە کردەوە کە ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە و هەوڵ بدەن کە ئامانجەکانی خۆیان بەدی بهێنن. بۆ ئەم مەبەستەیش، ئەمەریکا لە هەموو ڕوویەکەوە پشتگیریی کردن.

لەم دواییانەدا، بەهێزترین پارتی سیاسیی کورد لە سووریا کە پەیەدەیە، توانیی سازش لە نێوان ٢٥ گرووپی سیاسیی جیاوازی کورد بکات و هەموان لەژێر چەترێکدا یەک بخات، کە دواتر بە پارتەکانی یەکێتیی دیموکراتی کورد ناسێنرا. لایەنێکی دیکە کە ڕۆڵی گەورەی هەیە لەسەر دۆخی کوردەکانی سووریا، ئەنەکەسەیە. ئەنەکەسە بریتییە لە ئەنجوومەنێک کە کار لەسەر پرسی کوردستانی سووریا دەکەن و لە ناو ئیستەنبووڵدان. لە سەرەتادا پەیەدە و ئەنەکەسە یەک نەبوون و ناکۆکی لە نێوانیاندا هەبوو. بەڵام دواتر، بە هۆی چەند گفتوگۆیەکەوە کە بە کۆمەکی ئەمەریکا ساز کران، هەردوو لایەنەکە گەیشتنە سازش و ئەمەریکایش، لە ڕێگەی ویلیەم ڕوباکەوە کە نوێنەری خۆیەتی و لە دانیشتنەکاندا ئامادە بووە، پشتگیریی خۆی بۆ ڕێککەوتنەکەی هەردوو لایەنە کوردییەکە ڕاگەیاندووە.

نێچیرڤان بارزانی، کە لە ئێستادا سەرۆکی هەرێمە لە کوردستانی باشوور، پیرۆزبایی خۆی ئاڕاستەی کوردەکانی سووریا کردووە. ئەمەیش لە کاتێکدا کە پێشتر میدیاکانی تورکیا ئەوەیان بڵاو کردبووەوە کە نێچیرڤان و حکومەتەکەی، هاوکاریی هێزەکانی تورکیا دەکەن لە ڕووبەڕووبوونەوە لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان. چونکە ئەو پارتە بە هەمان شێوەی تورکیا، کێشەی بۆ حکومەتی هەرێمیش دروست دەکات. بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە حکومەتی هەرێم پشتگیریی جووڵە سیاسییەکان ناکات لە پارچەکانی دیکە، بەڵکو ئەو پیرۆزباییەی کە نێچیرڤان ئاڕاستەی کوردەکانی سووریای کرد، دەرخەری ئەوەیە کە کوردستانی باشوور ئامادەیە هەماهەنگی لەگەڵ ڕۆژئاوا بکات و دواتریش پێکەوە کار بکەن بۆ یەکگرتنی لەگەڵ پارچەکانی دیکەیش.

یەکگرتن لە نێوان کوردەکانی سووریا و عێراق ڕوو بدات یاخود نا، هێشتا تورکیا گەورەترین زەرەرمەند دەبێت. ئەو هەوڵە سەرکەوتوانەیەی کە لە پارچەکانی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان دراون لەسەر بابەتی داننان بە شوناسی خۆیاندا و بەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمی، ڕۆژبەڕۆژ کوردەکانی تورکیا زیاتر دەورووژێنێت و هانیان دەدات کە ئەوانیش کاری زیاتر بکەن لەسەر ئەو پرسە. تورکیا لە ئێستادا زانیویەتی کە سازشکردنی ئەنەکەسە لەگەڵ پەیەدەدا چ مەترسییەکی هەیە، بە تایبەت کە پەیەدە پەیوەندییەکی زۆری لەگەڵ پەکەکەدا هەیە، کە بۆ ماوەی ٣٥ ساڵە لە دژی تورکیا دەجەنگێت. بەڵام تورکیا هێشتا هیچ کاردانەوەیەکی گەورەی لە دژی ئەنەکەسە نەبووە. ئەمەیش لەوانەیە دەرخەری ئەوە بێت کە هێشتا درکی تەواویان بە گەورەیی مەترسییەکە نەکردووە.

بە بڕوای من ئەو ڕێککەوتنە، ڕێگریی گەورە لە بەردەم تورکیادا دروست دەکات و دەرئەنجامی زۆر گەورەتریش دروست دەکات، لەوەی کە ئیستا هەیە.

سەرچاوە (کلیک بکە)

هاوشێوە