رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

نامەی ئێران بۆ خەڵکەکەی: ئەگەر یاخی ببن، دەمرن

Facebook
Twitter
LinkedIn

نامەی ئێران بۆ خەڵکەکەی: ئەگەر یاخی ببن، دەمرن

سەعید گولکار

وەرگێڕانی: ژیر دانا

لە مانگی ٦ی ئەمساڵەوە، ١١ هاووڵاتیی ئێران ڕەوانی مردن کراون، کە سیانیان لە تارانی پایتەخت و هەشتیان لە ئەسفەهانن. تەواوی حوکمەکان بە هۆی بەشداریی ئەم کەسانەوە بووە لە خۆپیشاندانەکانی دژ بە حکومەت کە لە نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردووەوە دەستی پێ کردبوو. جیا لەوانیش ڕۆژنامەنووسێک بە ناوی ڕۆحولڵا زام تەنها بە هۆی لێدوانەکانی ناو چەناڵی تەلەگرامەکەی، بە هەمان شێوەی ئەمان حوکمی مردنی بۆ دەرچووە.

شایەنی باسە دەسەڵاتی ئێران تەنها بە خۆپیشاندەران و ڕۆژنامەنووسانەوە نەوەستاون، بەڵکو دەستیان کردووە بە گرتن و حوکمدانی چالاکوانانی مافی مرۆڤیش. لەم دواییانەدا گەورەترین رێکخراوی خێرخوازی لە ئێران کە رێکخراوی “کۆمەڵگەی ئیمام عەلی”یە. دەسەڵات تەواوی چالاکییەکانی ئەم رێکخراوەی ڕاگرتووە و سەرۆکی رێکخراوەکەیشی دەستگیر کردووە بە بیانووی ئەنجامدانی چالاکی دژ بە دەسەڵات. ئەمەیش لە کاتێکدا کە ئەوان تەنها ئەوەیان ڕاگەیاندووە کە دەسەڵات بەرپرسە لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری.

ئەم ڕووداوانە ئەو پرسیارەمان لا دروست دەکەن کە بۆچی دەسەڵاتی ئێران لەم ماوەیەی دواییدا ئەوەندە بە توندی دژی ڕادەربڕینی و چالاکی دەوەستێتەوە؟ وەڵامەکەی زۆر بە سادەیی “ترسە”، واتە لە ئێستادا بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و خراپتربوونی دۆخی خەڵکەوە، ئێران لە هەموو کات زیاتر دەترسێت لەوەی کە خەڵک یاخی ببن و دژی تەواوی سیستەمەکە بوەستنەوە.

لەمڕۆدا هاووڵاتییانی ئێران تەواو بێزار و ناڕەزان بەرامبەر بە سیاسەتی حکومەتەکەیان. سیاسەتێک کە تەواو تۆتالیتارییە و کۆنترۆڵی تەواوی پنتەکانی ژیانیان دەکات. تەنانەت مەترسییەکی گەورەی لەسەر ژینگەی وڵاتەکەیش دروست کردووە و ماوەیەکی زۆرە کەشوهەوا و سروشتی ئێران، بە دەست زیادەڕۆییەکانی دەسەڵاتەوە لە خراپبوونی بەردەوامدایە. بەڵام لە هەمووی خراپتر بۆ خەڵک، سیاسەتی شکستخواردووی ئابووریی وڵاتەکەیە بە تایبەت دوای ئابڵووقە ئابوورییەکانی ئەمەریکا، کە ژیانی هاووڵاتییانی تەواو سەخت کردووە. هەموو ئەمانەیش لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا زیاتر دەرکەوتن و خەڵکیش زیاتر تووڕە بوون.

ئابڵوقە ئابوورییەکان لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە دەستیانپێکرد کە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، ڕێککەوتنە ئەتۆمیەکانی لەگەڵ ئێران هەڵوەشاندەوە و دەستیکرد بە فشارکردنە سەر ئابووری ئێران. ئەمەیش لەکاتێکدا کە ئابووری وڵاتەکە خۆی لە دۆخێکی باشدا نەبووە بەهۆی سیاسەتی خراپی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەوە، هەربۆیە دۆخەکە لە خراپ خراپتربوو. وە هاتنی کۆرۆنا نرخی نەوتی دابەزاند، کە گورزەیەکی گەورەبوو بۆ سەر داهاتی ئێران، بەجۆرێک کە نرخی یەک بەرمیل لا ٦٠ دۆلارەوە لە کەمبووەوە بۆ تەنها ٩ دۆلار. هەرچەندە دەسەڵاتی ئێران ویستی لەڕێگای سێکتەرەکانی ترەوە داهاتی خۆی ڕێکبکاتەوە، بەڵام کۆرۆنا ڕێگری لەمەی کرد و دواجار ئابووری ئێران تووشی داڕمانێکی گەورە بوو و بەڕێژەی لە ٪٤٠ زیانیکرد.

هەموو ئەمانە خەڵکی ئێرانیان والێکردووە کە بەردەوام تووڕەببن و هەموو کاتیش ئامادەی دەربڕینی تووڕەییەکەیانبن بە جۆری جیاواز. لە ساڵی ٢٠١٧ـەوە خۆپیشاندانی خەڵک دەستیپێکردووە و لە نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوویشەوە خۆپیشاندانەکان زۆر زیادیانکردووە و زۆریش توند و ڕێکخراوتربوون. کاردانەوەی حکومەتیش لەبەرامبەر ئەم خۆپیشاندانانە لەجێی ئەوەی کە چارەسەری کێشەکان بێت، ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵکە. بۆیە دۆخەکە ڕۆژ بەڕۆژ نالەبارتر دەبێت و حکومەتیش زیاتر دەترسێت. لە ٢٧/٦ـی ئەمساڵدا محەمەد موسەوی کە مەرجەعكی باڵای ئایینی ئێرانە، نامەیەکی کراوەی بۆ خامنەیی سەرۆک نارد. لەو نامەیەدا خانمەیی ئاگادارکردەوە لەو دۆخەی کە خەڵک بەهۆی حکومەتەوە تێیکەوتوون و ژیان لە ئێران چۆن خخراپبووە. ئەم نامەیە مەترسیەکی ڕاستەوخۆ بوو بۆ سەر ڕژێم و ئەوەی دەرخست کە مەرجەعە ئایینیەکانیش هەموو کات لەپشت دەسەڵات نین و دەکرێت دژیانبن، کە ئەمەیش خەڵک زیاتر هاندەدات کە یاخی ببن و بیانەوێت ڕژێمەکە بەتەواوەتی بڕووخێنن.

شایەنی باسە ڕژێم چەند پلانێکی ئاشکراکردووە کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخەی خەڵک جێبەجێیان دەکات. یەکێک لەو پلانانە کردنەوە دەزگایەکی خێرخوازی گەورەیە بەناوی دەزگای ئیمام حەسەن، کە ئەرکی دابینکردنی پێداویستی سەرەتایی و خواردنە بۆ هەژارترین دانیشتووانەکان. بەڵام ئاشکرایە کە ئەم پلانە ئەوەندەی بۆ چاوبەستنی و مەشغوڵکردنی خەڵکە، ئەوەندە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نییە. چونکە وا مەزندە کراوە کە ڕێژەی ئەو کەسانەی هێڵی هەژاری تێدەپەڕێنن لە ساڵی ٢٠٢٠، نزیک دەبێتەوە لە ٥٧ ملیۆن کەس. ئەم ڕێژە زۆرەیش بەهیچ جۆرێک بە پڕۆژەی وەک دەزگای ئیمام حەسەن چارە ناکرێت و پێویستی بە کاری گەورەتر هەیە کە ڕژێم ئامادە نییە ئەنجامی بدات. هەر شکستی ئەم پڕۆژە و پلانە بچووکانەیە کە وادەکات حکومەت ڕێگەی تر بگرێتەوە بەر، ئەویش چاودێریکردنی بەردەوامی خەڵکە و فشارکردنە سەریانە، تا هیچ دەرفەتێکی گەورە دروست نەبێت بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیەکانیان.

یەکێک لە ڕێکارەکانی ڕژێم، ڕاسپاردنی جەنەراڵ حوسێن نەجات بوو بۆ سەرکردایەتیکردن و بەڕێوەبردنی دەزگای ئاساییشی ثاراللە. ئەو دەزگایە بە توندترین و گەورەترین دەزگای حکومەت دادەنرێت، کە کاری پاراستنی هەموو ئەو کەس و لایەن و شوێنانەیە کە سەر بە حکومەتن. حوسێن نەجاتیش بە یەکێک لە توندترین کەسایەتییە سەربازییەکانی ئێران دادەنرێت. واتە ڕژێمی ئێران ناچاربووە توندترین چەکەکانی خۆی بەکاربهێنێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە. شایەنی باسە هەر لەدوای دەستبەکاربوونی حوسێن نەجاتەوە، کاری دەزگاکە لەجیاتی ئەوەی پاراستنی شوێن و لایەنە جیاوازەکانبێت، ڕاستەوخۆ بووە بە هێرشکردنە سەر چالاکیەکانی خەڵک. گرینگیش نییە چالاکیەکە چەندێک توند بێت، هەر ئەوەندەی کە کەسێک یان کۆمەڵێک کەس ڕەخنەیەک لە حکومەت بگرن، ئەم دەزگایە هێرشی دەکەنە سەر.

حوسێن نەجات بە لێدوانە توندەکانی ئەوەی ئاشكراکردووە کە ڕژێم خەڵکە هەژارەکەی ئێران بە گەورەترین مەترسی دەزانێت بۆ سەر خۆی. هەر بۆیەش کاری سەرەکی هێزەکانی ثاراللە لەگەڵ خەڵکە هەژارەکەدایە. بەقسەی ڕژێم بێت ئەمریکا لەڕێگای فەزای مەجازیەوە بەردەوام هانی خەڵکە هەژارەکەی ئێران دەدات کە دژی حکومەتی ئێران چالاکی بکەن و زانیاری هەڵەیان پێدەدات. ئەمەیش لە کاتێکدا کە ئێران خۆیشی بەردەوام سۆشیال میدیا بەکاردەهێنێت بۆ بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە لە قازانجی خۆی و هەڕەشەیش بۆ سەر خەڵک. وە لەگەڵ ئەمانەیشدا ڕژێم ڕێگەی بە دروستبوونی چەندین میلیشیا داوە کە لە دژی خۆپیشاندانەکان کاربکەن و بەو جۆرەی کە خۆیان دەیانەوێت، ئازاری خەڵک بدەن.

خراپترین کاریش کە ڕژێمی ئێران کردبێتی، کوشتن و حوکمدانە بەردەوامەکانیەتی. ئامارەکانی ئەوە دەردەخەن کە لە خۆپیشاندانەکانی نۆڤەمبەری ساڵی پارەوە، زیاتر ١٥٠٠ کەس کوژراون بەهۆی خۆپیشاندانەوە و چەندانی تریش برینداربوون. وە ڕژێم بەردەوام خەڵک دەگرێت و حوکمی سێدارەیان بەسەردا جێبەجێ دەکات. چونکە ڕژێمی ئیسلامی ئێران هەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە وابیریکردووەتەوە، کە سێدارەدان گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر خەڵک و دەتوانرێت لە ڕێگای ئەو هەڕەشەیەوە خەڵک کۆنترۆڵبکرێت. ئەم ڕووداوانەی دواییش بوونە هۆی ئەوەی کە ئێران ئەم سیاسەتەی خۆی بەکاربهێنێتەوە و لەڕێگای لەسێدارەدان بە خەڵکەکەی بڵێت: “ئەگەر یاخی ببن، دەمرن.”

دۆخی خەڵک هیچ باشبوونێک بەخۆیەوە نابینێت و لە خراپبوونی بەردەوامدایە. وە ناڕەزایەتیەکانیشیان بەهیچ جۆرێک دانەمرکاوەتەوە و زیاتر بووە، سەرەڕای ئەو سیاسەتە توندەی ڕژێم. بەڵام هێشتا ڕژێم پێی وایە کە چەوسانەوە و دەستەمۆکردنی خەڵکەکەی دەتوانێت ڕزگاری بکات و لەم ڕێگایەوە دۆخەکە تێپەڕێنێت. هەربۆیە ڕۆژ بەڕۆژ سیاسەتی خۆی توندتر و توندتر دەکات.

سەرچاوە (کلیک بکە)

هاوشێوە