رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

”ڕەخنە لە کورد” یان ”نەفرەت لە کورد”؟

Facebook
Twitter
LinkedIn

مه‌ریوان وریا قانع

١

 مێژووی سەدەی بیستەم  لە ھێڵە سەرەکییەکانیدا بۆ کورد، ھێڵی گۆڕانی کوردە بۆ ”کەمینەیەکی ئەتنی“ لە چوارچێوەی کۆمەڵێک دەوڵەتی دەسەڵاتگەردا،authoritarian states . لە سەدەکانی بەر لە سەدەی بیستەمدا کورد ”کەمینە“ نەبووە، چونکە کەمینەبوون لەو قۆناغەدا لەسەر بنەمای ئاین دەستنشانکراوە. بە حوکمی ئەوەی کورد موسڵمانبووە و ھەڵگری ھەمان شوناسی دینیی بووە کە ئیمپراتۆریەتە دینییەکان ھەڵگیربوون، بۆیە سەر بەو زۆرینە دینییە بووە کە لە ڕووی سیاسییشەوە باڵادەست بووە. لە سەدەی بیستەمدا و لەگەڵ ھاتنی سیستمی ”دەوڵەتی نەتەوەدا“ شوناسی ئەتنیی و نەتەوەیی دەبێت شوناسی باڵادەست، لە ناو ئەم سیستمە تازەیەدا پێگەی کورد دەگۆڕێت بۆ ”کەمینەیەکی ئەتنی“ لەناو ئەو دەوڵەتانەدا کە دروستدەکرێن. 
لەم چوارچێوە سیاسییە تازەیەدا کوردبوون لە فۆرمە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگییە سەرەکییەکانیدا، دەبێتە بابەتی ھێرشکردنە سەر و سنوور بۆ دانان و پەراوێزخستن، تا بە ھەوڵی تواندنەوە و سڕینەوە و لەناوبردن دەگات. ئەم دۆخە بە پلە و ڕێژە و فۆرمی جیاواز لە تورکیا و ئێران و عێراق و سوریادا لەئارادابووە. مێژووی ئەم بە کەمینەبوونە لەناو ئەو دەوڵەتانەدا مێژووی بێمافکردن و چەوساندنەوەیەکی ئاڵۆز و فرەجۆرە. لە زۆرکاتدا کوردبوون وەک چۆن شوێنی گاڵتەپێکردن و بەکەمزانین و بێنرخکردن و بێمافکردن بووە. ھاوکات وەک ”ھەڕەشەیەکی ئەمنی“ی گەورە سەیری کراوە و داواکاریی و خواست و پەیوەندییەکانی لە سێبەری ئەو ھەڕەشەیەدا مامەڵەکراوە. ئەمەش ئەو پرۆسەیەیە کە لە ئەدەبیاتی سیاسیدا ناوی ”بە ئەمنیکردن“، Securitization، لێنراوە.  
بەرامبەر بەم دۆخە فۆرمی جیاوازیی بەرگریکردنی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی و شێوازی جیاوازیی قبووڵنەکردنی ئەو دۆخی ” بە کەمینەبوون“ە لە ئارادابووە. ئەنجامی ھەرە سەرەکیی ئەم بەرگریکردن و تەسلیمنەبوونە، سەرەڕای ئەو مێژووە توندوتیژ و پڕ خوێن و کوشتنە، مانەوەی ئەو شوناسە ”ئەتنیی“یە تا ئەمڕۆ و نەتوانەوە و لەناونەچوون و زیندووبوونیەتی. بەڵام ئەزموونی سیاسیی ئەم بەرگریکردنە ئەزموونێکی تایبەتە، دۆخێکە پڕبووە لە کێشەی ناوەکیی و لە فۆرمی ناشیرینی پەیوەندیی سیاسیی و لە کەسایەتی خراپ و لە سیاسەتمەداری بێدەربەست و لە خێزان و بنەماڵەی تایبەت کە سیاسەتکردن بۆ ئەوان ئامرازی مانەوەی خۆیان و نەوەکانیان بووە وەک خێزان و بنەماڵەی دەسەاتدار. لە قۆناغێکیشدا ئەم خێزانانە گۆڕاون بۆ کارخانەیەکی گەورەی بەرھەمھێانی تاوان و گەندەڵیی و بازرگانیکردن. لەسەرێکی دیکەوە ئەم پرۆسەی بەرگریکردنە پرۆسەیەکی تەواو خوێناویی بووە و بەناو مەرگی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی کوردستاندا تێپەڕیوە، کە زۆربەیان بە ئیمان و باوڕی بەرگریکردن لە خود و لەو شوناسەوە کوژراون کە بە شوناسی سەرەکیی خۆیانیان زانیوە. 
 ئەزموونی کورد لەناو ئەم چوارچێوە مێژووییەدا ئەزموونی تراوما و شڵەژانێکی دەرونیی و ڕۆحیی  دەستەجەمعیی بووە. ھێرشکردنە سەر بنەما مادیی و فەرھەنگیی و  نەفسییەکانی کوردبوون بەشێکە لە مێژووی پەیوەندیی کورد وەک کەمینەیەک بەو دەوڵەتانەوە کە تیایاندا ژیاوە. کوشتن و بڕین، ڕاگواستن و ڕوخاندن، گرتن و دەربەرکردن، ھەژارخستن و سنووردارکردن، تا بە تواندنەوە و پلانی لەناوبردن دەگات، بەشێکی دانەبڕاوی ئەو مێژوەیە.
بێگومان  ئەم مێژوە شوخت و درزی سایکۆلۆژیی گەورەی لە بونیادی سایکۆلۆژیی بەشێکی گەورەی کەسانی سەر بەم میلەتەدا بەجێھێشتوە. بەدرێژایی ئەو مێژووە و بۆبەرەنگاربوونەوە و خوگونجان لەگەڵ ئەم دۆخەدا،  زیاد لە میکانیزمێک بۆ بەرگریکردن لە خود ئامادەبووە.  یەکێکیان یاخیبوون بووە بە ڕووی ئەو دۆخەدا و قبووڵنەکردنی فشار و ھێرش و تاوان و سوکایەتییەکانی بووە، ئیتر لە خەباتی سیاسیی چەکدار و مەدەنییەوە بیگرە، بۆ نووسین و مۆسیقا و داھێنان، بە تێپەڕین بەناو بە پاراستنی کەلەپور و زمان و شێوەژیان و نەبوون بە بەعسیی و ساڤاک و میت و، ھتد…
 بەڵام ئەمە ھەموو کاردانەوەکانی خوگونجاندن نییە لەگەڵ ئەو دۆخی ”بە کەمینەبوون“ەدا،  کاردانەوەیەکی دیکە و ھەبووە و ھەیە، کە بەناو نکوڵیکردن لە کوردبوون و خۆدزینەوە لەو ئەرکە مێژووییانەدا تێدەپەڕێت کە کوردبوون لە فۆرمی کەمینەبووندا دەیخاتە سەر شانی کەسەکان. ئەم نکۆڵیکردنەش فۆرمی جیاوازیی گرتۆتەخۆی کە دەشێت لێرەدا باس لە دوو فۆرمیان بکەین.  
یەکەمیان ”تەماھیکردنە لەگەڵ دوژمنەکانی کوردا“دا، واتە وەرگرتن و بەناوکیرکردنی ئەو زمان و گوتار و پراکتیکانەیە کە دەوڵەتە دەسەڵاتگەرەکان لەسەر کورد بەرھەمیان ھێناوە. دووھەمیان، دیسانەوە لە پەیوەندییدا بە خاڵی یەکەمەوە، دروستبوونی ”خودنەفرەت“یە، واتە دروستبوونی دۆخی”ڕقبوونەوەیە لە خود“ خۆی کە ئەمیش دیسانەوە چەندان فۆرمی جیاواز دەگرێتەخۆی. بۆ نموونە شەرمکردن لە خود، ئیدانەکردن و مەحکومکردنی خود، بە ھیچنەزانینی خود، بە کەم تەماشاکردنی خود، ھتد.
خودنەفرەتی“ دیاردەیەکی ناسراوی ناو مێژووی ئەو کەمینانەیە کە ڕووبەڕووی ناحەز و دوژمنی گەورە بوونەتەوە و  لە کەوتنێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتییەوە بەرەو کەوتی تر ڕۆیشتوون و لەوەدا سەرنەکەوتون بتوانن خۆیان، لانیکە، لە ھەڕەشە بنەڕەتیی و داروینییەکانی لەناوبردن و سڕینەوە، بپارێزن. ئانا فرۆید لە کتێبێکی زۆر بەناوبانگدا بەناوی ”خود و میکانیزمەکانی بەرگریی لەخۆکردن“، کە لە ساڵی ١٩٣٦دا دەینوسێت، باس لە دیاردەی ”تەماھیکردن لەگەڵ ستەمگەر“دا دەکات وەک میکانیزمێک بۆ خۆپاراستن. ئەم خانمە دەرونناسە ئەم تەماھیکردنە وەک میکانیزمی بەرگریکردن لە خود دەبینێت و وەک ھەوڵی خود بۆ مانەوە سەیریدەکات. لە دیدی ئەودا مرۆڤ کاتێک ڕووبەڕووی ھەڕەشە و مەترسیی دەرەکیی گەورە دەبێتەوە، یەکێک لە میکانیزمەکانی بەرگریکردن  لە خود، بریتییە لەوەی تەماھیکردن لەگەڵ ئەو کەس و لایەندا کە سەرچاوەی ھەڕەشە و مەترسییەکەن و ھەوڵدانە لەو کەسە ھێرشبەر و ھەڕەشەکەرە بچیت تا ئاستی ئەوەی تەواو وەک ئەوت لێبێت، یاخود لە ڕووی فیزییایی و جەستەییەوە، یان لە ڕووی ئەخلاقیی و مەعنەوییەوە، لاسایی ئەو بکەیتەوە و ھەوڵبدەیت لەو بچیت. بۆ نموونە، لاسایی زمان و بیرکردنەوەکانی ئەو بکەیتەوە و ئەو ڕوانینەت بۆخۆت دروستبکەیت کە ئەو بۆ تۆی ھەیە و دروستیکردوە. نەفرەتکردن لە خود، خۆتاوانبارکردن و لۆمەکردن لە خود، دەبنە ئەو بنە سایکۆلۆژیی و ڕەمزییەی ئەم پرۆسەی تەماھیکردنە ئارستە دەکەن. خۆ  بە ناپاک و خائین و گەمژە، یان خۆ بێنرخ و بەھیچکردن، دەبنە دەرکەوتی ئەم پرۆسە مێژوویی و سیاسیی و دەرەونییە.
لە ھەموو ئەم دۆخانەدا ”ڕەخنکردنی خود“، کە کردەیەکی مێژووی ھێجگار گرنگە، دەگۆڕێت بۆ ”نەفرەتکردن لە خود“. ئەمەش ڕەخنەگرتن لە ڕەخنەکردن دەخات و  دەیگۆڕێت بۆ تۆڕێکی گەورە لە ڕق و نەفرەتکردن لە خود.

ڕقبوونەوە لە خود: ئەزموونی جولەکە

٢
ڕقبوونەوە لە خود، یاخود ”خودنەفرەتیی“، لە ئەدەبیاتی سیاسیی و لە بواری سایکۆلۆژیای دەستەجەمعیدا دیاردەیەکە بە توندی بە مێژووی جولەکە و بە پەیوەندیی جولەکەکان لەگەڵ خودی خۆیندا گرێئەدرێت. جولەکەکان وەک ھەڵگریی ئەم پەیوەندییە تایبەتە دەبنێرێن، ئەگەرچی دیاردەی ”ڕقبوونەوە لە خود“ شتێک نییە تایبەتی بە جولەکە بەتەنھا. لە ڕاستیدا بەردەوامیی ئەم دیاردەیە بۆ ماوەیەکی درێژ لە مێژووی جولەکەکاندا و بە تایبەتی لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەھەمەوە تا سەردەمی جەنگی جیھانی یەکەم، لە وڵاتێکی وەک ئەڵمانیادا لە کێشەیەکی دەرونییەوە دەگۆڕێت بۆ جۆرێک لە ڕۆحیەتی تایبەت، بۆ زیھنیەت و عەقڵیەت، بۆ ئەو شتەی بە ئینگلزیی پێیدەگوترێت ”مێنتاڵیتی“، Mentality.
بێگومان دیاردەی ”ئەنتی سامیتیزم“، واتە ”دژە جولەکە بوون“، دیاردەیەکی دێرینە و ڕەگوڕیشەکانی بۆ ململانێی دینیی نێوان جولەکەکان و مەسیحییەکان دەگەڕێتەوە. لە سەردەمی مۆدێرندا، بە تایبەتی لە سەدەۆ نۆزدەھەم و ھاتنەکایەی زانستی بایۆلۆژیا و لەدایکبوونی داروینیزمدا، ئەم دژە جولەکەبوونە دەگۆڕێت بۆ ڕاسزیم و نەژادی جولەکە، وەک نەژادێکی سامی، بە نەژادێکی نزم ناودەبرێت. لە سەردەمی نازیەتی ئەڵمانیدا ئەم ڕاسیزمە دەبێتە بنەمای داڕشتنی پلانی لەناوبردنی یەکجارەکیی و سڕینەوەی نەژادی جولەکە لە ئەوروپادا. بەڵام ئەمە ھەموو فۆرمەکانی ئەنتی سامیتیزم، یان دژەجولەکەبوون، نییە. نووسەرە جولەکاکان خۆیان باس لە فۆرمێکی زۆر تایبەتی دیارەی ”دژە جولەکەبوون“ دەکەن کە بریتییە لە: ”دژەجولەکەبوونی جولەکەیە بەرامبەر بە جولەکە خۆی“، Jewish antisemitsim. و ھەندێکجاریش وەک ”دژەجولەبوونێکی داپۆشراو“ وێنایدەکەن، Disguised antisemites. لە کتێبی ”سێکس و کاراکتەر“دا نووسەری جولکە ڤاینینگەر دەنووسێت ”تاڵترین ئەنتی سامیتیزم، ئەو جۆرەیە کە لەناو جولەکەکان خۆیاندا ئەیاندۆزینەوە“. (Gilman 1986, pp. 293–294)
ئەم ڕقبوونەوەیەی جولەکە لە جولەکەبوون و ئەم خودنەفرەتییە بە تایبەتی لە ئەڵمانیای سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەھەم و تا سەردەمی دوای جەنگی جیھانی یەکەم، دەردەکەوێت. بەشێکە لە مێژووی جولەکەکانی ئەڵمانیا، بە تایبەتی لە سەدەی نۆزدەھەم و سەدەی بیستەمدا. بە جۆرێک لە سەردەمی جەگی جیھانی یەکەم و دوای جەنگەدا ئەم نەفرەتکردنەیە لە خود. لەدایکبوونی چەمکی ”جولەکەی خودنەفرەت“، ، “self-hating Jew”،، جولەکەیەک کە ڕقی لە خۆیەتی، بەو سەردەمەوە گرێئەدرێت. لە ئەڵمانیادا ژمارەیەکی بەرچاو لە جولەکە ئەڵمانەکان جولەکەبوونیان وەک ئافەت و بەڵا، یان وەک نەفامیی و گەمژەبوون وێنادەکەن و بەو شێوەیەش مامەڵەیدەکەن. جولەکەبوونیان وەک ھەستکردن بە ئیھانەکردن بینیوە، زۆریان بە ئیھانەیان زانیوە بە جولەکە بناسرێن. جولەکەبوون وەک لەکەیەکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و دینیی و وەک پەڵەیەکی دینیی پیس بینوە کە پێویستە لە خۆیانی بکەنەوە و بیسڕنەوە. تەنانەت شاعیرێکی وەک ھێنریش ھاینە، کە دینەکەی خۆی گۆڕیبوو بۆ پرۆتستانی، پێیوابە کە جولەکەبوون جۆرێکە لە لەعنەت. ئەم نەفرەتکردنە لە خود بەشێکە لە ئەدەبیاتی جولەکە و تەنانەت لە تیورە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانیش.
لە دیدی شارەزایانی ئەم بوارەدا ئەم خودنەفرەتییە لای جولەکەکان ھەم دیاردەیەکی تاکەکەسیی و ھەم دیاردەیەکی دەستەجەمعیی بووە. لە ئاستە دەستەجەمعییەکەیدا لە دژایەتیکردن و ناشیرینکردنی بەشێک لە جولەکە بەرامبەر بە بەشێک لە جولەکەکانی تردا بەرجەستەیە. بۆ نموونە ڕقی بەشێک لە جولەکەکانی ئەڵمانیا لە جولەکەکانی پۆڵەندا و جولەکەکانی تری ئەوروپای خۆرھەڵات. یان جولەکە ئۆرتۆدۆکسەکان بەرامبەر بە جولەکە ڕیفۆرمخوازەکان.
تیۆدۆر لێسینگ، Theodor Lessing، یەکێکە لەو نووسەرانەی لە ساڵانی سی سەدەی بیستەمدا ئەم دیاردەی خودنەفرەتییەی تیوریزەکردوە. ئەم نووسەرە خودنەفرەتی جولەکە وەک ئاکارێکی پاسۆلۆژیی و وەک جۆرێک لە عوساب دەبینێت، acute pathology of psychosis..و وەک دەرەنجامی کەمینەبوون و مەنفیبوونی چەندین سەدەی جولەکەکان مامەڵەیدەکات، کە بەسەریەکەوە دۆخێک دروستدەکەن جولەکەکان ھیچ شکۆیەک بەرامبەر بە خۆیان و لەناو مێژووی خۆیاندا نەبینن. ھیچ ھەستێکیشیان بە بوونی نرخێک بۆ خۆیان نەبێت و ڕێزگرتنیان لە خۆیان لە پلەیەکی ھێجگار نزمدا بێت. چەندان سەدەش لە ئەنتی سامیتیزم وادەکات ئەو دۆخی خودنەفرەتییە ببێت بە دیاردەیەکی سایکۆ پاسۆلۆژیی و لە فۆرمی بیمارییەکی نەفسیی دەستەجەمعیدا ئامادەبێت.ھاوکات لێسینگ ئەم خودنەفرەتییە وەک نەخۆشییەکی کولتورییش وێنادەکات و گرێیئەدات بە ”تەماھیکردنێکی پڕ موبالەغەوە لەگەڵ فەرھەنگی باڵادەست و بەناوەکیکردنی پێشداوەرییەکانی ئەو فەرھەنگە باڵادەستەوە“ ((Gilman 1986). باوەڕیشی وایە ئەم دیاردەیە زیاتر لەناو ئەو خوێندەوار و نووسەر و ڕۆشنبیرانەدا ئامادەیە کە خۆیان وەک کەسانی تواوە و ئامێزانبوو بە فەرھەنگە باڵادەستەکانی سەردەمەکانی خۆیان دەزانن. لەم خودنەفرەتیەدا جولەکەکان ھەموو ئەو بەدبەختیی و نەھامەتیانەی لە مێژوودا بەسەریاندا ھاتوە، خستۆتە ملی جولەکە خۆی و جولەکەیان لەو نەھامەتییانە بە بەرپرس زانیوە. پێشیان وایە جولەکەکان پێویستە لەسەر ئەو چارەنووسە تاڵەی ھەینابووە، تەنھا لۆمەی خۆیان بکەن.
ھەستکردنی بەردەوام بە ترس و ھەستکردن بە بچوکیی لە بەرامبەر ئەوانیتردا، کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئەم خودنەفرەتیەن. لەگەڵ دروستبوون و ھاتنەکایەی دەوڵەتی نەتەوەشدا لە ئەوروپا، لە کۆتاییەکانی سەدەی ھەژدەھەمەوە، ئیتر مەسەلەی دروستکردنی ”دانیشتوانێکی لێکچوو“، یان ”ئامێزانبوون“ بەمانای ئیندیماجکردن، دەبن بە بابەتی سەرەکیی و وا چاوەڕوان دەکرێت جولەکەکان ببنە بەشێک لەو دانیشتوانە تازەیە کە دروستدەبێت. ئەم دۆخە جولەکەکان، بە تایبەتی لە ئەڵمانیادا، بۆ دوو بەرە دابەشدەکات. یەکەمیان ئەو بەرەیەیە کە لەگەڵ تواندنەوە و ئامێزانبووندابون لەناو ئەو چوارچێوە تازانەدا، دووەھمیان ئەوانە کە دەیانویست شێوە ژیان و ئاین و زمان و کەلەپوری خۆیان بپارێزن. خودنەفرەتیی جولەکە، بەرھەمی ئەو بەشەی جولەکەکانە کە لەگەڵ تواننەوە و ئامێزنبوونی جولەکەدابوون لەناو ئەو کۆمەڵگا تازانەدا، بێگوێدانە کێشەی بڵاوبوونەوەی ڕاسیزم و بەھێزبوونی زاتری ئەنتی سامیتیزم.
لە سەرێکی ترەوە ”خودنەفرەتیی“ جولەکە، وەک شارەزایانی ئەم بوارە دەڵێن، دەرەنجامی تێکەڵبوونی ”خودڕەخنەیی“ جولەکەکانیشە بە وێنەی جولەکە وەک نەزان و گەمژە و بەڵا. وێنەیەک لە سەدەی نۆزدەھەمەوە جولەکەکان بەرامبەر بەیەکتری زیاتر و زیاتر ھەیانبووە. واتە بەشێکی ئەم ڕقبوونەوەیە لە خود و ئەم نەفرەتە لەوەی کە تۆ کێیت، لەو ھەڵوێستە ڕەخنەییەوە دێت کە مرۆڤ بەرامبەر بە خودی خۆی ھەیەتی، بەڵام ڕەخنەیەک کە سنووری ڕەخنەکردنی تێپەڕاندوە و گۆڕاوە بۆ ڕقبوونەوە لە خود. لەم ساتەدا ئیتر ڕەخنەگرتن لەوەدەکەوێت ڕەخنەگرتن لە خود بێت، بەڵکو دەگۆڕێت بۆ ڕق و نەفرەتێکی سایکۆلۆژیی و سیاسیی لە خود خۆی. ڕەخنەیەک تێکەڵبووە بە ڕوانینێکی زۆر نزم بۆ خود و بە بەکەم و سوک و نوقسان تەماشاکردنی خۆی. ئەم فۆرمە لە سنووربەزاندنی ڕەخنەگرتن لە خود، ئەو ژێرخانە سایکۆلۆژیی و سیاسییەیە کە خودنەفرەتیی لەسەر دروستدەبێت.

قەرزکردنی چاوەکانی بەعس و ئەتاتورک و خومەینی: خودنەفرەتیی و ڕقی کورد لە خۆی

٣

“تاڵترین شێوازەکانی دژەجولەکەبوون، ئەنتی سامیتیزم، ئەوانەیە کە لە ناو جولەکەکان خۆیاندا ئەیدۆزینەوە“ گیلمان.
خودنەفرەتیی دیاردەیەکی ھێجگار بەرچاوی ناو دونیای سیاسیی و ڕۆشنبیریی ئێمەیە لەمڕۆدا، بە ڕادەیەک ڕۆڵی ئەو ژێرخانە مادیی و رەمزییە دەبینێت کە بەشێکی زۆر لە کردەی سیاسیی و نووسین لە دونیای ئێمەدای لەسەر بونیادنراوە. لە مێژووی ئێمەدا کەم ساتەوەخت ئەدۆزینەوە ئەو ھەموو ڕقە ناوخۆییەی بەرابەر بە کورد و بەرامبەر بە شێوازە جیاوازەکانی کوردبوونی تێدابووبێت.
لە سەردەمی ئەحمەدی خانییەوە ”ڕەخنەکردنی خود“ دیاردەیەکە لەناو ئەدەبیاتی ئێمەدا بوونی ھەبووە، ھەندێکجار ڕەخنەی توند و ھەمەلایەنیش، بەڵام تەنھا لەمڕۆدا ئەو ڕەخنەکردنە بە شێوەیەکی بەرفراوان و لە فۆرمی جیاوازدا گۆڕاوە بۆ نەفرەت و بۆ ڕقبوونەوە لە خود خۆی. بەشێکی زۆری ڕەخنەگرتن لە خود، ”خودەڕەخنەیی“، گۆڕاوە بۆ ڕقبوونەوە لە خود، ”خودنەفرەتیی“.
گۆڕانی ڕەخنە بۆ ڕق و گۆڕانی خودڕەخنەیی بۆ خودنەفرەتیی، یەکێکە لەو گۆڕانکارییە بەرچاوانەی لە پازدەساڵی ڕابردوودا دروستبووە و بەشێوەیەکی بەرچاو گەشەیکردوە. ئەم خودنەفرەتییە تەنھا نەفرەتکردن لەم یان لەو دەرکەوتی ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی ئێمە نییە، تەنھا ڕق لە سیاسەت و سیاسییەکان نییە، ڕق لەم بکەر یان ئەو بکەری کۆمەڵایەتیی نییە، نەفرەت لەم دەرکەوت یان لەو دەرکەوتی کۆمەڵگا و مێژووی ئێمە نییە، بەڵکو ڕق و نەفرەتکردنە لە کۆی ئەزموونەکانی کوردبوون وەک کەمینەیەکی ھەڕەشەلێکراوی ناو مێژووی سەدەی بیستەم: لە ئەزموونە سیاسییەکانییەوە بیگرە، بۆ ئەزموونە ئەدەبیی و فیکرییەکان و لەوانیشەوە بۆ ئەزموونی دینیی و ئەخلاقیی. ئەم ڕقە لەوە کەوتوە ڕق بێت لەم پارت و یان ئەو پارت و ڕێکخراوی کوردیی، بەڵکو بووە بە نەفرەتکردن لە سەرجەمی یاخیبوون و شۆڕشەکان و ئیدانەکردنیان، ڕق لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و بەھا ئەخلاقییەکان، ڕق لە فۆرمەکانی دین و دینداربوون، تا بە ڕق لە نووسەر و شاعیر و ئەدەبیاتی کوردییش، دەگات. ئەم نەفرەتانە ھەندێکجار بەناوی دژایەتیکردنی ناسیۆنالیزم و ھەندێکجاربەناوی خۆدەربازکردن لە شوناسیی ئەتنیی و نەتەوەیی و ھەندێکجار بەناوی کۆسمۆپۆلیتیزم و ئینساندۆستییەکی ئەبستراکتەوە دەکرێت.
لە ھەمووشیاندا وێنەی کورد وەک بوونەوەرێکی گەمژە و نەزان و جاھیل، وەک کەسێکی ناپاک و خۆفرۆش و عەمیل، وەک کەسێکی ترساو و بێبەبەرھەم و بێقورسایی، وەک بوونەوەرێکی پوچ و زیاد و بار بەسەر مرۆڤایەتییەوە، وەک کائنێکی بۆش کە بەردەوام بە دوای شتێکدا دەگەڕێت بیپەرستێت و ببێت بە کۆیلەی، ھتد…وێنادەکرێت. تا بەوەدەگات کە کردە خۆکوژییە نوێکانی ھێزە دینییەکانی ناو دونیا ئەمڕۆ بخرێتە ملی ھەندێک شاعیر و نووسەری ئەم میلەتە کە زیاد لە نیوسەدە بەر لە دروستبوونی ئەم کردانە کۆچیان کردوە. لە ھەموو ئەو دۆخانەدا ناشیرنترین و بەدترین شێوازەکانی ڕقبوونەوە لە کورد لەناو کورد خۆیدا ئەدۆزینەوە، بەتایبەتی لەناو ئەوانەدا کە بەناوی مرۆڤدۆستیی و ھیومانیزم و گەردونگەراییەوە دەدوێن و پێیانوایە ڕەخنەی ناسیۆنالیزم و سێکتاریزم دەکەن. لە دونیای ئەمڕۆدا خودنەفەرتی کورد بۆ خۆی، زۆر فراوانتر و بەدترە لە نەفرەتکردنی ئەوانیتر لە کورد.
ئەم نەفرەتکردنە لەسەر شاردنەوە و لەبیرکردنێکی سیستماتیکی دوو ڕاستیی مێژوویی زۆر سادە کاردەکات: یەکەمیان دۆخی کەمینەبوونی کوردە لەناو کۆمەڵێک سیستم و دەوڵەتی ستەمگەر و توندوتیژدا. دووھەمیان پرۆسەی بە ئەمنیی و ئاسایشکردنی بەردەوامی داخوازییە سادە و سەرەکییەکانی ئەم کەمینەیەیە. ھەموو مێژووی سەدەی بیستەم و سەدەی بیست و یەکەمی کورد ئەم دوو پرنسیەپە سەرەکییە ئاراستەی دەکات. ئەم دوو پرۆسەیە دۆخێکی ھێجگار زەحمەت و پڕھەڕەشەی بۆ کورد دروستکردوە کە خودنەفرەتیی یەکێک لە میکانیزمەکانی بەرگریکردنبووە لە خود خۆی. بەڵام میکانیزمێک کە لەسەر تەماھیکردنی تەواو لەگەڵ زمان و ڕوانین و عەقڵیەتی ئەو دەوڵەتانەدا دامەزراوە کە ئەو دۆخی کەمینەبوون و ھەڕەشەکردنە بەردەوامەیان خولقاندوە.
لە بەشی یەکەمی ئەم نووسینەدا لەوەدوام کە دیاردەی خودنەفرەتیی زیاتر دیاردەی ناو کەمینە ئەتنیی و دینییەکانن و لە دیارترین شێوەشیدا لەناو جولەکەکاندا بەرجەستەبوو. سەرنەکەوتن بەسەر دۆخی کەمینەبووندا و ڕووتەقینەوەی بەردەوام بە ڕووی مەترسیی و ھەڕەشەی گەورە و ھەمەلایەندا ئەو ژێرخانە سایکۆلۆژیی و سۆسیۆلۆژییە کە ئەم دیاردەیەی لەسەر دروستبووە. لە دۆخی میلەتی ئێمشەدا ھەمان ژێرخان ئامادەیە و بە درێژایی مێژووی بە کەمینەبوون، دەرچوون لە دۆخی کەمینەبوون لە مەحاڵ نزیکتربووە تا ئەگەرێکی مێژوویی مەعقول و ڕاستەقینە. بە ئاسایشکردنی داخوازییە سەرەتاییەکانی ئەم میلەتەش دۆخی ڕووبەڕوبوونەوەی توندوتیژیی و ھەڕەشە و گواستنەوە و ڕاماڵین و پەلاماردانی کردوە بە دۆخێکی بەردەوام. وەک پێشتریش باسمکرد تەماھیکردن لەگەڵ ستەمگەر و چەوسێنەردا یەکێک بووە لە میکانیزمەکانی بەرگریکردن لە خود. بوون بە بەعسیی و ساواک و میت، بوون بە جاش و جاسوس و ناپاک، ئەگەرچی چەندان ھۆکاریی ئابوریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیشی لە پشتەوەبووبێت، بەڵام دابڕاو نەبووە لەو میکانیزمە سایکۆلۆژییەی لە فۆرمی خودنەفرەتیدا کاریکردوە.
لەم سێ دەیەی دواییدا کورد لە عێراقدا لە دۆخێکی سیاسیی و ئابوریی و ئیقلیمیی و جیھانیدا خۆیبینیوە وا دەردەکەوت ئەو دۆخی کەمینەبوون و بە ئاسایشکردنەی خواستەکانی تێپەڕاندبێت و بۆ یەکەمجار خۆی لە ھەرێمێکدا سەروەری خۆی بێت. دەکرا ئەم ئەزموونی کۆتاییھێنانە بە دۆخی کەمینەبوون ببوایە بە ”سەرەتایەکی تازە“ و بە بنەمای سڕینەوە و پەکخستنی سایکۆلۆژیای خودنەفرەتیی. بەڵام ئەم ئەزموونی سەربەخۆبوونە بەڕادەیەک وێران و ناشیرین و بۆگەن بوو، کە نەک کۆتایی بە سایکۆلۆژیای خودنەفرەتی نەھێنا، بەڵکو وزە و ھێز و گوڕێکی ھێجگار گەورە و ھەمەلایەنی پێبەخشیی. نەفرتەکردن لە پارتی و یەکێتییەوە گۆڕا بۆ نەفرەتکردن لە سیاسەت بە مانا گشتیی و سەرەکییەکەی و بۆ نەفرەتکردن لە سەرجەمی ئەزموونی سیاسیی میلەتی ئێمە لە سەدەی بیستەمدا. تا ئەو ڕادەیەی کەسانێک لە نەفرەتکردن لە سیاسەتەوە گواستیانەوە بۆ نەفرەتکردن لە سەرجەمی ئەزموونەکانی کوردبوون لە ئاستە جیاوازەکاندا: نەفرەت لە مێژوو، لە شۆڕش و یاخیبوونەکان، لە نووسین و ئەدەبیات، لە گشتێتی بوونی کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی و ئەخلاقیی. تا ئەو ڕادەیەی سڵ لەوە نەکەەوە کوردبوون و گەمژەبوون و کوردبوون و جاھیلبوون و کوربوون و ھیچنەبوون، بەیەکتری یەکسانبکەن. لە ئێستادا خودنەفرەتیی لە دونیای ئێمەدا بووە بە پەتا، نەک تەنھا لەناو سیاسەتی کوردیی و پەیوەندیی کۆمەڵایەتیدا ئامادەیە، بەڵکو لەناو شیعر و ئەدەبیاتدا، لەناو ڕەخنەی سیاسیی و ڕەخنەیی کۆمەڵایەتییدا، لە ناو نووسینی ڕۆژانە و کتێب و بڵاوکراوەدا، لەناو ڕەخنەی فەرھەنگیی و ئەخلاقییدا ئامادەیە. ئەم دۆخە بەجۆرێکە مرۆڤ واھەستدەکەات ئەم نووسەر و سەرنجنووس و ڕەخنەگرانە چاوەکانی بەعس و ئەتاتورک و شا و خومەینی و ئەسەدیان قەرزکردوە و بۆ سەریکردن و ڕامان لە کورد و لە ئەزموونی کەمینەبوونی لەناو مێژوی خوێناوی سەدەی بیستەمدا.

لە ”گرێی خۆ بەکەم زانین“ەوە بۆ ”ڕقبونەوە لەخود“

٤

                   
”گرێی خۆ بەکەم زانین“و وێناکردنی خود وەک بوونەوەرێکی کەمتر و نزمتر و کەمنرختر لەوانیتر، ھەمان شت نییە وەک  گرێی ”ڕقبوونەوە لە خود“، وەک”خودنەفرەتیی“. بینینی خود وەک شتێکی کەمتر و نزمتر لەوانیتر، یەکسان نییە بە ڕقبوونەوە لەو خودە خۆی و وێناکردنی وەک شتێکی بۆگەن و قابیلی نەفرەتلێکردن. 

یەکەمیان دۆخێکی گشتیترە و لە ڕووی مێژووییەوە بەرھەمی تەماھیکردنە لەگەڵ ستەمگەران و داگیرکەران و پرۆژەی کۆلۆنایلزیمدا، واتە بەرھەمی پەیوەندیی خودە بە ئەوانیترەوە، بە ناوەکیکردنی ڕوانینەکانی ئەویترێکی دەرەکییەیە بەرامبەر بە خود، ھەرچی دووھەمیانە، ھەرچی ڕقبوونەوە  لە خود و خودنەفرەتییە، بەرھەمی پەیوەندیی خود نییە بە ئەوانیترەوە، پەیوەندییەکەی دەرەکیی نییە، بەڵکو بەرھەمی پەیوەندیی خودە بە خود خۆیەوە، سەیرکردن و ھەڵسەنگاندنی قێزەوانانەی خودە بۆ خۆی لە غیابی ڕاستەوخۆی ئەویترێکی دەرەکیدا. 

بەم مانایە خودنەفرەتیی چەند ھەنگاوێک ئەولاتر و قووڵتری پەیوەندیی نێگەتیڤی خودە بە خود خۆیەوە. لە ڕقبوونەوە لە خودادا وھەستکردن بە کەمبوون بەرامبەر بەوانیتری دەرەکیی، گۆڕاوە بۆ پەیوەندییەکی ناوەکیی ڕقبوونەوەی خود لە خود خۆی. خودنەفرەتیی جۆرێکە لەنەفیکردنی خود و سڕینەوەی، نمایشکردنییەتی وەک شتێک کە شایستەی ژیان نییە. زۆر لەوە بەددترە جێگەیەکی لەسەر زەوی ھەبێت. 

بەم مانایە قۆناغی خودنەفرەتیی قۆناغێکی تەواو ترسناکتر و پڕکێشەترە لە قۆناغی خۆبەکەمزانین، ئەگەر لە دۆخی خۆبەکەمزانیندا پێویستت بەوانیتر ھەبێت بۆئەوەی لەوەدڵنایبیت کە تۆ بچووکتر و کەمتریت، لەدووھەمیاندا ئەم بوونەوەرە دەرەکییە پێویست نییە و نەفرەتەکە بووە بە میکانیزمێکی ناوەکیی سەربەخۆ. 

گواستنەوە لە گرێی ”خۆ بەکەم زانین“ەوە بۆ گرێی ”خودنەفرەتیی“ لە دونیای ئێمەدا لە دوای ڕاپەڕینەوە ڕووئەدات. لەوکاتەوە کە تیایدا دۆخێک دروستدەبێت کاروباری ھەرێم و دانیشتوانەکەی دەکەوێتە دەستی ھێزە سیاسییەکانی کوردستان خۆیان و ئەو ”ئەویتر“ە دەرەکییە ئەو بوونە ڕاستەوخۆیەی لەناو ژیانی سیاسیی و ئابوریی و فەرھەنگیی و سایکۆلۆژیی خەڵکی کوردستاندا نامێنێت. لەوکاتەدا کە ”خود“ خۆی دەبێت بە سەرەوەری خۆی و خۆی دەبێتبە داڕێژەری پەیوەندییەکانی بە خودی خۆی و بە دونیای دەرەوەوە. فۆرمی ئەو خودسەروەریی و حوکمڕانییە بەڕادەیەک بەد و ناشیرینە، بە ڕادەیەک ترسناک و قێزەونە، زەمینەیەکی بەپیت بۆ گەشەکردنی گرێی خودنەفرەتیی دەھێنێتەکایەوە. 

لەوکاتانەدا کە ھێزە سیاسییە کوردییەکان بە ھەمان لۆژیک و ھەمان مۆدێلی بەعس کەوتنە داڕشتنی بناغەکانی جیھانێکی نەفرەتلێکراو، گرێی خودنەفرەتیی دەبێت بە گرێی سایکۆلۆژیی ژمارە یەکی ناو ئەو دونیایە. لە ئێستادا ئەم گرێیە وەک پەتایەکی گەورەی لێھاتووە و لەناو زیاد لە کایە و لای زیاد لە گروپێکی کۆمەڵایەتیی و لەناو زیاد لە فۆرمێک لە فۆرمەکانی تەعبیرکردن لە خوددا، ئامادەیە. 

ئەم پەتایە بە ڕادەیەک ئامادە و کاریگەرە بەشێکی زۆری ڕەخنەی سیاسیی و فەرھەنگیی و ئەخلاقیی و ئەدەبیی لە دونیای ئێمەدا گۆڕیوە بۆ نەفرەتی سیاسیی و نەفرەتی فەرھەنگیی و نەفرەتی ئەخلاقیی و نەفرەتی ئەدەبیی. ئەمەش وایکردوە کردەی ڕەخنەکردن، کە کردەیەکی ھێجگار گرنگی ناو سەرجەمی دەرکەوتەکانی ژیانی ناو کۆمەگایە، بگۆڕێت بۆ ڕق و نەفرەتێکی ھەمەلایەن، نەک تەنھا بەرامبەر بە ئێستا، بەڵکو بەرامبەر بە سەرجەمی مێژووی سیاسیی و فەرھەنگیی و ئەخلاقیی و ئەدەبیی ئێمە. 

بە بۆچوونی من خوێندنەوەی دونیای دوای ڕاپەڕین لەڕێگای گرێی خودنەفرەتییەوە دەروازەیەکی تازەمان بۆ تێگەیشتن لەزۆر دەرکەوتی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئەدەبیی و فەرھەنگیی ئەمڕۆمان بۆ دەکاتەوە. گرێ سایکۆلۆژییەکانی ئەم قۆناغە لەوە تێپەڕیون تەعبیربن لە گرێی خۆ بەکەم زانین، کە ڕەنگە ڕاپەڕین کۆتایی بە ھەندێک لە دەرکەوتە سەرەکییەکانی ھێنابێت، ئەوەی دەیبینین گۆڕانی ئەم گرێیە بۆ گرێی خودنەفرەتیی. 

یەکێک لەو بابەتە سەرەکییانەی کە فرانز فانۆن لە کتێبی ”پێستە ڕەشەکان و ماسکە سپییەکان“دا گەشەی پێئەدات، بابەتی ”گرێی خۆ بەکەم زانینە“،inferiority complex. فانۆن ئەم گرێ دەرونیی و مێژووییە وەک دەرەنجامی وەرگرتن و بەناوەکیکردنی وێنەکانی ھێزە داگیرکەرەکان دەبینێت، لەسەر میلەت و خەڵکە داگیرکراوەکان. ئەو وێنانەی تیایاندا ھێزە داگیرکەرەکان میلەتە داگیرکراوەکان وەک خەڵکانێکی گەمژە و نەزان و جاھیل، وەک ”حەشامەت“ و ”ھۆردو“یەکی دواکەوتو، وەک منداڵی بچووک و پێنەگەیشتو، نمایشدەکەن. 

لای فانۆن ئەم دۆخی داگیرکردن و سیاسەتی بەرھەمھێنانی وێنەیەیە، کە گرێی خۆ بەکەم زانین دروستدەکات و لەناو کەسانی سەر بە میلەتە داگیرکراوەکاندا دەیچێنێت. دۆخێک فانۆن وەک دۆخێکی پاسۆلۆژیی و ناتەندروست وێنایدەکات. لە پشتی ئەم گرێیەوە ئەوەی ئامادەیە داننەنانە بە کەسایەتی میلەتە داگیرکراوەکاندا وەک کەسایەتیەکی سەربەخۆ و عەقڵانیی، وەک کۆمەڵگایەک قابیلی ژیانێکی سەربەخۆ، وەک دانیشتوانێک خۆیان بتوانن نوێنەرایەتی خۆیان بکەن و خۆیان چرەنووسی خۆیان دیاریبکەن. 

وێناکردنی ئەو میلەتانە وەک وەحشی و نەزان و گەمژە و جاھیل، وەک کەسانێک پێویستیان بە پەروەردەکردن و پێگەیاندن ھەیە، وەک خەڵکانێک لە دەرەوەی مێژوو و لە دەرەوەی شارستانیەتدا، بەشێکە لەم سیاسەتی داگیرکارییە. ئەوەی لای فانۆن کۆتایی بەم گرێی خۆ بەکەم زانینە دەھێنێت، شۆڕشە، یاخیبوونی چەکدارانەیە، بەگژاچوونەوەی ئەو دۆخە کۆلۆنیالیی و خۆڕزگارکردنە لە جەبر و فشارە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابوریی و سایکۆلۆژییەکانی. ڕاپەڕین لە دونیای ئێمەدا سەرەتاکانی ئەم دۆخە نوێیەی ھێنایەکایەوە، دەکرا ”سەرەتایەکی نوێ“بێت، بۆ دروستکردنی دونیایەکی ناکۆلۆنیالیی کە تیایدا مرۆڤی ئازاد و سەربەخۆ و خاوەن ئیرادە دروستببێت، کەسێک لە باتی ڕق خۆشەویستیی و لەباتی نەفرەت ئامێزانبوونی ئینسانیی و کۆمەڵایەتیی بیجوڵێنێت.  

بەڵام خودنەفرەتیی نەک چارەسەر نییە، بەڵکو بیمارییەکی سەختترە لە گرێی خۆ بەکەم زانین، خودنەفرەتیی  بازدانە بەسەر خود خۆیدا و ھەوڵدانە بۆ سڕینەوە و نەفیکردنی و بوون بە شتێکی دیکە کە لە ”ھیچ“ەوە نزیکە تا ھەر شتێکی دیکە. بۆ شیکردنەوەی ئەم خاڵە با جارێکی دیکە بۆ فرانز فانۆن بگەڕێینەوە. 

لای فانۆن مرۆڤی ڕەشپێست ناتوانێت لە ڕشبوونی خۆی ڕزگاریببێت، ڕەشپێست ھەمیشە بە ڕەشپێست دەمێنێتەوە، ھیچ قسەکردنێکی ئەبستراکت لەسەر ”مرۆڤ“ و ”مرۆڤایەتیی“ ناتوانێت ئەو ڕەشبوونە لەیادبکات و تێیپەڕێنێت. بۆیە ئەوەی دەمێنێتەوە باوەشکردن بەم ڕەشبوونەدا و بەخشینی ناوەرۆک و پێناس و ناسنامەی تازەیە پێی لە دەرەوەی گرێی خۆ بەکەم زانین و لە دەرەوەی خودنەفرەتیدا. لە ئێستاشدا مرۆڤی کورد ناتوانێت لە کوردبوونی خۆی ڕابکات و لێی ڕزگارببێت، ھەموو قسەکردنێک بۆ چوونە ئەودیوی کوردبوونەوە، بۆ بوون بە شتکی تر لە دەرەوەی کوردبووندا، جگە لە وەھم و خورافەتێکی مێژوویی و فیکریی، جگە لە گەمژیەکی سیاسیی، زیاتر نییە. بەبۆچوونی من کوردبوون وەک جۆرێک لە شوناسی تایبەت، وەک ھێمایەک بۆ کەمینەبوون، وەک بەشێک لە مێژوویەکی پڕ لە بەرگریی و خوێن، وەک شوناسێکی چەوساوە و چەپێنراو، شتێکە نە کورد خۆی دەتوناێت لێیدەربازببێت و نە ئەو دەوڵەتانەش کە کورد وەک کەمینە لەناویاندا دەژین. 

بێگومان ئەوەی ئێمە بە بەردەوامی دەکاتەوە بە کورد، ئەوەی وامان لێدەکات بەردەوام بە کوردبوونمانەوە بنووسێین، جەوھەرێک نییە ناوی ”جەوھەری کورد“ و ”جەوھەری کوردبوون“بێت، شوناسێکی ئەتنی و نەتەوەیی نەگۆڕ و نەمر نییە، تەنانەت بوونی بزوتنەوەیەکی سیاسییش نییە بەناوی ئەو کوردبوونەوە بدوێت، ئەوەی بەشێوەیەکی بەردەوام دەمانکاتەوە بە کورد و دەمانخاتە پەیوەندیی جیاوازەوە لەگەڵ کوردبووندا، کوردبوون لە ھەموو فۆرمەکانیدا، لە فۆرمە باش و فۆرمە خراپەکانیدا، ئەو دونیا دژەکوردەیە کە بە دەوری کورددا وەک کەمینەیەکەی چەوساوە و بە دەوری فۆرمە جیاوازەکانی کوردبووندا وەک شوناسێکی تایبەت، دروستکراوە. ئەم دۆخی بە کەمینەبوونەیە کە لە ژینگەیەکی دژەکەمینەییدا، مێژووی ئێمەی لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمەوە تا ئەمڕۆ گەمارۆداوە. 

ئەو بێماف و بێنرخ و بێکەرامەتکردنە بەردەوامەی کوردبوونە ھەمیشە بەبیرماندەھێنێتەوە کە کوردین. لێرەوە و لەم ھەلومەرجە مێژووییە تایبەتەدا دەستگرتن بە کورد و کوردبوونەوە، تەعبیر نییە لە ڕاسیزم و نەژادپەرستیی و فاشیزم، ئەم جۆرە تۆمەتانە تەنھا تەعبیر نین لە گەمژەییەکی سیاسیی کەموێنە، بەڵکو تەعبیرن لەو دۆخی خودنەفرەتیی و خۆبەکمزانینەی باسمکرد. دەستگرتن بە کوردبوونەوە وەک شوناس کاردانەوەیەکی مێژووییە بەڕووی ھەموو ئەو بێنرخکردن و سوکایەتیپێکردن و پەراوێزخستنە سیستماتیکییەی کورد و کوردبووندا کە تا ئەمڕۆ لە فۆرمی جیاوازدا ھەن و درێژەیان ھەیە.

جان بۆل سارتەر لە باسکردنی شوناسی جولەکەبووندا ڕاستییەکی ھێجگار گرنگ و بەناوبانگی ھەیە، کە پێموایە بۆ ئێمەی کوردیش گونجاوە. سارتەر دەڵێت، جولەکە جەوھەر یان شوناسێکی ئەبەدیی و نەمر نییە، ”جولەکە ئەو کەسەیە کە کەسانیتر وەک جولەکە مامەڵەی دەکەن“. بەم مانایە ئەوەی جولەکە دروستدەکات جولەکەبوونێکی جەوھەرگەرایی نییە، بەڵکو دژەجولەکەبوون و ڕقبوونەوە لە جولەکەیە، واتە ئەنتی سامیتیزمە، کە جولەکە دروستدەکات. کوردبوونیش بەھەمان شێوە شوناسێکی نەمرد و ئەبەدیی نییە، بەڵکو بەرھەمی ئەو دۆخی دژەکوردبوونەیە کە مێژووی سەدەی بیستەم دروستیدەکات و ئەمڕۆش لەناو بەشێکی بەرچاوی کوردان خۆیاندا بووە بە فۆرمێکی تەواو نەخۆشی خودنەفرەتیی.

هاوشێوە