رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

پارەی زیاتر وەڵامی کێشەکانی لوبنان نییە

Facebook
Twitter
LinkedIn

جەمال ئیبراهیم حەیدەر و عەدیل مەلیک

وەرگێڕانی: ژیر دانا

لە دوای دەستپێکردنی خۆپیشاندان لە ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە، لوبنان بە خراپترین دۆخی ئابووریی خۆیدا تێدەپەڕێت لە مێژووی هاوچەرخی وڵاتەکەدا. قەیرانی ئابووری لە زیادبوونی بەردەوامدایە و دۆخی کۆمەڵگەکەی بە تەواوەتی تێک داوە. هەروەها نرخی دراوی فەرمیی وڵاتەکەیش بە ڕێژەی ٧،٥٪ دابەزیوە.

دابەزینی نرخی دراو لە پاڵ هەموو زیانەکانیدا، گەورەترین زیانی بۆ ڕێژەی خۆراک بووە لە وڵاتەکە. وڵاتی لوبنان ڕێژەی ٨٠٪ی خۆراک لە دەرەوەی وڵاتەکەوە هاوردەی ناوەوەی دەکات. هەر بۆیە دابەزینی نرخی دراو بووەتە هۆی ئەوەی کە کەمبوونەوەی خۆراک بەدی بکرێت لای تەواوی چین و توێژەکان، بە تایبەت لای ئاوارەکان کە لە ٣٠٪ی دانیشتوانی وڵات پێک دەهێنن. تەنانەت چینی ناوەڕاست داهاتی بە جۆرێک دابەزیوە کە گەیشتووەتە نیوەی داهاتی پێش قەیرانەکان.

ئەو دۆخەی کە لوبنانی تێدایە لە ئێستادا، دۆخێکی تۆقێنەرە. بە جۆرێک کە تەنها ئەو وڵاتانە تێیدەکەون کە لە ناو جەنگێکی گەورەدان، یاخود گەمارۆی نێودەوڵەتییان خراوەتە سەر، یان دووچاری قاتوقڕییەکی ترسناک بوون. بەڵام کێشەی لوبنان هیچ کام لەمانە نییە، بەڵکو جەنگی ئەو لە ناو خۆیدایە و لە نێوان و کەمینە دەسەڵات بەدەستەکە و ملیۆنان هەژارەکەدایە.

ئەو کەمینەیەی کە لە لوبنان دەسەڵاتیان هەیە و وڵات بەڕێوە دەبەن، پشتگیریکارێکی گەورەی سەرکردە ئایینییەکانی وڵاتەکەن، کە هەموو جۆرە ڕیفۆرمێک ڕەت دەکەنەوە و ئامادە نین هیچ گۆڕانکارییەکی گەورە لە وڵاتەکەدا ئەنجام بدرێت. ئەم کەسانە بێ لەوەی کە بەردەوام بە دوای بەرژەوەندیی خۆیانن، بەرژەوەندیی چەندین لایەنی دیکەیش ڕەچاو دەکەن کە لە دەرئەنجامدا زیانێکی زۆری دەبێت بۆ هاووڵاتییانی لوبنان. تڕەمپ و ئەمەریکا لایەنی سەرەکین لە هێشتنەوەی ئەم کەمینەیە و پشتگیریکردنیان.

لە هەشت مانگی ڕابردوودا، دەسەڵاتدارەکانی لوبنان کەوتوونەتە قورسترین دۆخی خۆیانەوە و قەیرانەکانیش بەردەوام لە زیادبووندان. هۆکاری دروستبوونی ئەم دۆخە دوو شتە: یەکەم، بە هۆی ئەو خۆپیشاندانە بەردەوامانەی کە لە دژی گەندەڵی دەستیان پێ کرد و خەڵک بەبێ جیاوازی تەمەن و توێژ هاتنە سەر شەقامەکان. دووەمیش بە هۆی هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید ١٩) بوو بۆ وڵاتەکە.

لە مانگی ٣ی ئەمساڵدا، دوای ئەوەی لوبنان ناچار بوو دەست بە دانەوەی قەرزەکانی بکات، ڕاستییەکی ترسناک لەسەر باری ئابووریی وڵاتەکە و سیستەمە بانکییەکەی دەرکەوت. ئەو قەرزانە ئەوەیان دەرخست کە بۆ ماوەیەکی زۆر دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە سیستەمی بانکی و داهاتی وڵاتەکەیان بە جۆریک بە کار هێناوە کە خۆیان قازانجی لێوە بکەن. بەم ڕێگەیەیش دەسەڵاتی خۆیان هێشتووەتەوە و بەردەوام بوون لە بڕین و دزینی قووتی خەڵک، بەڵام دوای دروستبوونی قەیرانەکان و زۆربوونی قەرزەکان، بەهای دراو لە لوبنان بە ڕێژەیەکی زۆر دادەبەزێت و ڕاستییەکان ئاشکرا دەکات.

لوبنان توانای تێپەڕاندنی ئەم دۆخەی نەماوە و لە ئێستادا دەبێت پەنا بۆ هاوکارییەکانی دەرەوە ببات. بۆ ئەمەیش بەردەوام لە گفتوگۆدایە لەگەڵ سندووقی داهاتی نێودەوڵەتیدا، تا هاوکاری لەوان وەربگرن. بەڵام وەڵامی دەرەوە بۆ لوبنان ئەم جارە زۆر جیاوازە، چونکە قەیران و کێشەکان جیاوازن. هەموو ئەو لایەنانەی کە لوبنان دەیەوێت هاوکارییان لێ وەربگرێت، هەر لە سندووقی داهاتی نێودەوڵەتی، بانکی نێودەوڵەتی و لایەنەکانی تر، دەیانەوێت بەو مەرجە یارمەتیی لوبنان بدەن کە ڕیفۆرم ئەنجام بدات و خواستی خەڵک بەدی بهێنێت.

هەموان دەزانن کە دەسەڵاتدارەکانی لوبنان، نایانەوێت هیچ جۆرە ڕیفۆرمێک ئەنجام بدەن. چونکە بە ئەنجامدانی ڕیفۆرم، ئەوان دەسەڵاتی خۆیان لە دەست دەدەن و ناتوانن وەک پێشتر دەسەڵات تەنها بۆ بەرژەوەندیی خۆیان و هاوکارەکانی خۆیان بە کار بهێنن. ئەمەیش لایەنە دەرەکییەکانی خستووەتە گومانێکی زۆرەوە لەوەی کە هاوکاریی لوبنان بکرێت، یاخود نا. لایەنە دەرەکییەکان دەزانن کە هەتا ئەم قەیرانانە بەردەوام بن، هەژاری و برسێتی لە لوبنان زیاتر دەبێت. بەڵام دەیشزانن کە ئەگەر بە هاوکاریی دەرەوە لوبنان قەیرانەکان تێبپەڕێنێت، ئەوا دەسەڵاتدارەکان بەردەوام دەبن لە گەندەڵییەکانیان.

شایەنی باسە فەڕەنسا پێشتر سێ جار کۆنگرەی گەورەی ڕێک خستووە لە ئاستێکی نێودەوڵەتیدا، تا هاوکاریی لوبنان بکات، هەروەها هەر جارێک هاوکارییەکان بە مەرجی ئەنجامدانی کۆمەڵێک چاکسازی و ڕیفۆرم بووە، بەڵام هیچ جارێک لوبنان بەڵێنەکانی خۆی تەواو جێبەجێ نەکردووە، بە تایبەت لە کۆتا دوو کۆنگرەدا. ئەوەی کە لوبنان جێبەجێی کردووە کەمتر بووە لە چارەکی ئەو بەڵێنانەی کە داویەتی بە لایەنە یارمەتیدەرەکان.

هەموو ئەمانە ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەخەن، کە هاوکاری و پێدانی پارە کێشەکانی لوبنان چارە ناکات، هەر بۆیە هیچ لایەنێک ئامادە نییە ڕاستەوخۆ و بەبێ مەرجی پێشوەختە هاوکاریی لوبنان بکات. پێویستە دەسەڵاتدارەکان تەواوی وردەکاریی ئابووریی وڵاتەکەیان ئاشکرا بکەن و هەموو هاوکارییەک، بۆ شوێنێ ڕەوای خۆی تەرخان بکرێت. هەروەها دوای تێپەڕاندنی قەیرانەکان دەست بکرێت بە چاکسازی لە سێکتەرە جیاوازەکاندا، چونکە کێشەکان لە قەیرانەکانی ئێستا گەورەترن و بەبێ چارەکردنیان، ئەم دۆخە دووبارە دەبێتەوە.

سەرچاوە (کلیک بکە)

هاوشێوە