رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

بەرپرسیارێتیی مرۆڤی ئازاد

Facebook
Twitter
LinkedIn

تۆم جی پاڵمەر

وەرگێڕانی: ژیر دانا

هەر یەک لە ئێمە، هەڵبژاردنێکی گەورەمان لە بەردەستدایە بۆ چۆنیەتیی ژیانکردنمان. هەڵبژاردن لە نێوان ئەوەی کە وەکو مرۆڤێک خۆم بدەمە دەست سیستەم کە ئەو کۆنتڕۆڵم بکات، یان خۆم بەرپرس بم لە کۆنتڕۆڵکردنی خۆم؟ خۆکۆنتڕۆڵکردن لە هەمان کاتدا ئازادییەکی و بەرپرسیارێتییەکی گەورەت پێ دەدات، ڕێگەت دەدات وەکو تاکێک هەست بە شکۆداری و هارمۆنیی پێکەوەژیان بکەیت. ژیانێکت پێ دەبخشێت، کە شایستەی ژین بێت. جیا لەوەیش، هانت دەدات کە کەسێکی داهێنەر و چالاک بیت. بەڵام ژێردەستەبوونی سیستەم پێش ئەوەی هەر یەک لەو خاڵە ئەرێنییانەی سەرەوەت پێ ببەخشێت، لە بنەڕەتدا ژێردەستەیی و ژیانێکی لەقاڵبدراو و ترسی بەردەوامت پێ دەبەخشێت. کاتێک کە کۆمەڵگە بە تەواوەتی ژێردەستەی سیستەم دەبێت، هەموان لە هەوڵی ئەوەدا دەبن کە بگەن بە لوتکەی سیستەمەکە و بتوانن کۆنتڕۆڵی هەموو ئەوانی تر بکەن. هەروەها لەژێر سایەی سیستەمدا، کۆمەڵێک چین و لایەنی جیاواز دروست دەبن، کە ئامانجیان ڕووبەڕووبوونەوەی چین و لایەنەکانی تر دەبێت لەپێناو وەرگرتنی دەسەڵاتدا. بەڵام خۆکۆنتڕۆڵکردن زۆر سادەترە و لەگەڵ هەموو بارودۆخێکی مرۆڤدا گونجاوە.

مرۆڤی ئازاد نە ژێردەستەیە و نە کەسێکە هەموو شت بە دڵی خۆیبکات، بەبێ هیچ پرەنسیپ و یاسایەک، بەڵکو ئەوان کەسانێکن کە لە پاڵ ئازادبوونیاندا، بەرپرسیارێتییەکی گەورەیشیان لەگەڵ خۆیاندا هەڵگرتووە. کەواتە لە قسەکانی پێشوودا کە باسی مرۆڤێکمان دەکرد کە خۆی کۆنتڕۆڵی ژیانی خۆی بکات، مەبەستمان ئەوە بوو کە ئەو مرۆڤە ئازاد و بەرپرسیار بێت لە هەمان کاتدا. بە جۆرێک کە نە ئازادییەکە و نە بەرپرسیارێتییەکەیش بە تەنها قبووڵ نەکرین.

لەوانەیە نموونەی منداڵ زۆر گونجاو بێت، بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم بابەتە و جیاوازیی ئازادی بە تەنها و ئازادی لەگەڵ بەرپرسیارێتیدا. منداڵەکان ئازادن، ئەوەی دەیانەوێت ئەنجامی دەدەن، بەڵام بەبێ هەڵگرتنی هیچ بەرپرسیارێتییەک. کەواتە ئێمە ئەگەر تەنها ئازادیمان بوێت و وابزانین کە پێویستە کۆمەڵگە هەمووی مرۆڤی بە تەنها ئازاد بێت، ئەو کاتە کۆمەڵگەکەمان پڕ دەبێت لە منداڵی قەبارە گەورە. کە ئازادییەکەیان هیچ بەرپرسیارێتییەکی لەگەڵدا نییە و دەکرێت بە هۆی ئازادبوونی خۆیانەوە، ئازادی لەوانی تر وەربگرن. کەواتە ئەوەی ئێمە باسی دەکەین، ئەو قۆناغەیە کە منداڵە ئازادەکە تێیدا گەورە دەبێت. هەست بە کەسانی دەوروبەری دەکات و بەرپسیارێتییان هەڵدەگرێت. بەم جۆرە مرۆڤەکە هەم ئازاد دەبێت، هەمیش ڕێگر نابێت لە ئازادیی ئەوانی تر. کەواتە ئازادیی بەرپرسیارانە ژیانی گەورەکانە نەک منداڵەکان، ژیانی هاوشار و هاونیشتمانییەکانە نەک کەسێک بە تەنها، ژیانی مرۆڤێکە نەک ئامڕازێک.

ئەو کاتەی کە بەم جۆرە بیرمان کردەوە، دەتوانین ئازادی و باشی بۆ خۆمان دەستەبەر بکەین، لەجیاتیی ئەوەی کە چاوەڕێی سیستەم و حکومەت بکەین ئەم کارەمان بۆ بکەن. ئەرکی سیستەم و حکومەت ئازادکردنی تۆ نییە، بەڵکو دروستکردنی ڕێگایەکە کە تۆ خۆت بتوانیت بگەیت بە ئازادیی خۆت.

بەرپرسیارێتی چییە؟ کە بیر لەم وشەیە دەکەینەوە، ڕاستەوخۆ کەسێکی گەورەمان دێتە بەرچاو، کاتێک کە ئامۆژگاریی کەسێکی منداڵ دەکات. بۆ نموونە کە پێی دەڵێت جوان دابنیشە، وانەکانت بخوێنە، کە کەسێک شتێکی بۆ کردیت تۆ دەبێت سوپاسی بکەیت. لەوانەیە بەرپرسیارێتی بەمە تێگەیشتبین. لەوانەیشە وابزانین کە ئازادی بریتییە لە ڕاکردن لەمە. واتە منداڵەکە ئەو کاتە ئازادە کە بە قسەی کەسە گەورەکە ناکات و خۆی بڕیار دەدات. چونکە داواکارییەکانی کەسە گەورەکە، بۆ منداڵەکە بێزارکەرە.

بەڵام لە ڕاستیدا بەرپرسیارێتی بێزارکەر نییە و ناکۆکیش نییە لەگەڵ ئازادیدا. ئێمە هەڵەین ئەگەر وابزانین بەرپرسیارێتی قوربانیدانە بە ئازادیمان. بەرپرسیارێتی قوربانیدان نییە و سەرکێشییە. سەرکێشی بۆ ئازادبوونمان، کە دەمانگەیەنەتە لوتکەی دڵخۆشبوون. بە جۆرێک کە مرۆڤە ئازادەکان لە ڕێگەی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییەوە، دەتوانن هۆکاری ئازادبوونی خۆیان بزانن. واتا بڵێن ”ئێمە ئازادین، چونکە دەتوانین بەرپرسیار بین. دەتوانین خۆمان بیر بکەینەوە و خۆمان بڕیار لەسەر ژیانی خۆمان بدەین. بەرپرسیارێتیمان یارمەتیمان دەدات کە بەم جۆرە بین و ئازادێکی زیانبەخشن نەبین. کەواتە ئێمە شایەنی ئازادبوونین”. بەرپرسیارێتی نەفرەتێکی ئەبەدی نییە کە بەسەرماندا سەپابێت، بەڵکو هۆشیارییە لە هەموو ئەو کردانەی کە ئەنجامی دەدەین. بەرپرسیارێتی گەورەترین کلیلە بۆ هەستکردن بە ئازادیی خۆت.

ئێمە تەنها لەبەر گەیشتن بە ویست و ئارەزووەکانمان شایەنی ئازادبوون نیین، بەڵکە شایەنیین چونکە دەتوانین خۆمان و ئازادییەکەیش کۆنتڕۆڵ بکەین، چونکە ویژدانمان توانای ئەەی هەیە کە ئازادییەکەی بەرپرسیارانەمان بۆ دەستەبەر بکات. ئادەم سمیس، کە یەکێک لە کاریگەرترین بیرمەندەکانی مێژووە، لە کتێبی ”تیۆریی هەڵبژاردن ویژیدانییەکان”دا دەڵێت: ”مادەم مرۆڤ خاوەنی ویژدانە، کەواتە توانای هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی هەیە. کەسی بەرپرسیاریش ئەو کەسەیە کە بەرپرسیارێتیی کارەکانی هەڵدەگرێت و دەتوانێت هەڵبژێرێت لە نێوان باشترین کارەکاندا. هەڵبژاردنێک کە کارە باشەکان بخاتە پێش کارەکانی دیکەوە.”

ئادەم سمیس لێرەدا ئاماژەی بەو گەشەیە کردووە کە مرۆڤایەتی پێی گەیشتووە. گەشەیەک کە ویژدانی مرۆڤەکان توانای هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی ئەوانی تر و خۆیشیان هەبێت. بە جۆرێک کە هەر کارێک بکەین، لە جێی ئەوەی تەنها بیر لە دەرئەنجامی کارەکە بکەینەوە، دەتوانین بیر لە ڕێژەی باشی ئەو دەرئەنجامە بکەینەوە و دواتر کارێک هەڵبژێرین بۆ ئەنجامدان، کە باشترین بێت.

سمیس پێی وایە کە مرۆڤ، چونکە بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە، دەبێت بەردەوام بە چاوێکی بابەتییانە و دەرەکی سەیری کار و کردارەکانی خۆی بکات. لەجیاتیی ئەوەی تەنها خۆی پێوەری کار و کردارەکانی خۆی بێت. واتە هەر کارێکمان ئەنجام دا، پێویستە بزانین کە دەرئەنجامی ئەم کارە بۆ مرۆڤەکانی دیکە چۆنە. کە بەم شێوەیە بووین، ئەوکات دەتوانین چێژ لە بەرپرسیارێتییەکانمان وەربگرین. چونکە ئەوە وا دەکات زیاتر دڵنیا بین لە باشیی کارەکانمان، هەروەها دەتوانین خاوەندارێتی لە ئەنجامی کردارەکانمان بکەین. سمیس دەڵێت: ”کەسێک کە ستایشمان بکات بۆ کارێک کە هەستمان بە خاوەندارێتیی کارەکە نەکردبێت، وەک ئەوە وایە کەسەکە ستایشی نەکردبین.” ئەو ستایشە کاتێک مانادار دەبێت کە بەرپرسیارێتی هەڵبگرین. ئەوکات زیاتر دڵنیا دەبین لە کاریگەریی کردارەکانمان و دەتوانین زیاتر هەست بە کاردانەوەی خەڵکیش بکەین بۆ کارەکانمان.

ئازادی چییە؟ مانای چەمکی ئازادی لای هەندێک کەس، واتەکەی لەم دێڕەدا کورت دەبێتەوە: ”هەر چییەک دەبێت با ببێت.” واتا بێنەزمی و بێویژدانی و مۆڵەت بۆ ئەنجامدانی کاری زیانبەخش. بۆیە سەیر نابێت کە ئازادی لای ئەم کەسانە، ترسناک بێت. هەر بۆیە هەمیشە دژی ئازادی دەوەستنەوە و ژێردەستەیی سیستەم یان لایەنێکی گەورەتر قبووڵ دەکەن. لایەنێک کە خۆی لەجیاتیی تاک بیر بکاتەوە و بڕیار بدات و بەها دابنێت. ئەمە هەرچەندە دژی ئازادییە، بەڵام ئەو کەسانە بە جۆرێک بڕوایان بەوەیە کە وازهێنان لە ئازادییە کەسییەکە و ژێردەستە بوون، دەیانگەیەنێت بە ئازادییەکی باڵاتر. ئازادییەک کە لە باشترین دۆخی خۆیدا، ژیانی سەرانی سیستەم، واتا بۆرژواکان و دەسەڵاتدارەکان دەبنە نموونەی باڵا بۆی. لەژێر سایەی ئەم جۆرە ژیانەدا تاکەکان بەڵێنی ئەوەیان پێ دراوە، کە ئەگەر ژێردەستە بن و هەموو داواکارییەکی سیستەم جێبەجێ بکەن، ڕۆژێک دێت دەگەن بە لوتکەی ئەو سیستەمە.

ئازادی مۆڵەتی ئەنجامدانی هیچ کارێک نییە، بەڵکو کاتێک ئازادی لەگەڵ بەرپرسیارێتیدا یەک دەگرن، هەردوو دەبن بە فەزیلەت بۆ ژیان. پەیوەندیی نێوان ئازادی و بەرپرسیارێتی سەرەتا لە لایەن پاڵەوانێکی مێژووەوە دروست کرا. پاڵەوانێک کە دەکرێت مەزنترین پاڵەوانی ئازادی بێت. پیاوێک کە خۆی وەک کۆیلەیەک لە دایک بوو، بەڵام دواتر بووە هۆی ئەوەی خۆی و ملیۆنان کۆیلەی تر ئازاد ببن. فرێدریک ئۆگەست واشنتن بەیڵی، کە دواتر ناوی خۆی کرد بە فرێدریک دۆگڵاس، لە ساڵی ١٨٤٥ ژیانی خۆی نووسییەوە، ئەزموونی ئەوەی باس کردب کە چۆن سەرەتا وەکو کۆیلەیەک بووە و دواتر توانیویەتی ئازاد بێت.

دۆگلاس لە ژیاننامەکەی خۆیدا باسی دیاردەیەکی ترسناک دەکات کە خاوەن کۆیلەکان ئەنجامیان دەدا. دیاردەکەیش ئەوە بوو کە لە بۆنە و ڕۆژە تایبەتەکاندا، خاوەن کۆیلەکان کۆیلەکانی خۆیان ئازاد دەکرد، تا بە دڵی خۆیان بخۆنەوە و ڕابوێرن. هەر بۆیە مانای ئازادی لای کۆیلەکان لەوەدا کورت بووبووەوە کە مۆڵەتی خواردنەوە بێت و بەس. ئەم دیاردەیە ئەوەندەی پەیوەندیی بە ناشیرینکردنی ئازادییەوە هەبوو لە لایەن خاوەن کۆیلەکانەوە، پەیوەندیی بە ئازادیی کۆیلەکان خۆیان نەبوو. دۆگلاس لە ژیاننامەکەیدا دەڵێت: ”کۆیلەکان وایان لێ هاتبوو، کە قێز لە ئازادی بکەنەوە، هەروەها ئازادی ئەوەندە نزم بکەنەوە کە بە هاوتای بزانن لەگەڵ چێژی کاتیدا. خاوەن کۆیلەکان تەنها ڕێگەی خواردنەوەیان بە کۆیلەکان نەدەدا، بەڵکو پلانی ئەوەیان دادەنا کە بێگومان دەبێت کۆیلەکان سەرخۆش بن. پلانەکانیان لە شێوەی یاریکردن دەردەکەوت. بۆ نموونە گرەوی ئەوەیان لەگەڵ یەکتری دەکرد کە کۆیلەی کام سپیپێست دەتوانێت زۆرترین ویسکی بخواتەوە، بەبێ ئەوەی سەرخۆش ببێت. بەم کارەیشیان لە سەرخۆشکردنی زۆربەی کۆیلەکان بە ڕادەیەکی زۆر سەردەکەوتن. واتا کە کۆیلەکان داوای ئازادییان دەکرد، خاوەن کۆیلەکان بەم جۆرە کارانە وەڵامی ئەوانیان دەدایەوە. وەک دیاریشە، ئەنجامی ئەم کارە تەنها سەرخۆشبوونی کۆیلەکەیە و تەواو، نەک ئازادبوونی. هەر بۆیە ڕۆژانی دواتر، ماندوو و بیزار دەبووین و قێزمان لە خۆمان دەکردەوە. وامان دەزانی لە نێوان کۆیلایەتی و ئازادیدا، پێویستە هەمیشە کۆیلایەتی هەڵبژێرین. دواجار ئێمە هەم کۆیلەی مرۆڤ بووین، هەم کۆیلەی خواردنەوە. هەر بۆیە بەردەوام دەبووین لە کارکردن و مانەوەمان وەک کۆیلە.”

بۆ دۆگلاس، ئازادبوون لە ناو زۆر خواردنەوە و ڕابواردندا نەبوو، بەڵکو لە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بوو لە پاڵ ئازادیدا. ئەو کاتێک ئەم ڕاستییەی زانی، کە کتێبێکی دەخوێندەوە بە ناوی ”وتاربێژە کۆڵۆمبییەکە”، کە تێیدا گفتوگۆی نێوان کۆیلەیەک و سەروەرەکەی پیشان دەدرا. لە گفتوگۆکەدا، کۆیلەکە ئارگیومێنتەکانی سەروەرەکە ڕەت دەکاتەوە سەبارەت بە کۆیلایەتی. هەر بۆیە داوای ئازادیی لێ دەکات. ئەم گفتوگۆیانەی ناو ئەو کتێبە، کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر تێگەیشتنی دۆگلاس هەبووە سەبارەت بە مانای ئازادی. هەر بۆیە دواتر لە ڕێگای تێگەیشتن و ئەزموونەکانی خۆیەوە، کاریگەری لەسەر چەندان کۆیلەی تر دادەنێت. دۆگلاس دوای تێگەیشتنی لە مانای ئازادی دەڵێت: ”ئازادی دەرکەوت، هەرگیز ون نابێتەوە. لە هەموو دەنگێکدا دەتوانم بیبیستم، هەروەها لە هەموو شتێکدا دەتوانم بیبینم. پێشتر وام دەزانی ئازادی ئەوەیە کە تێیدا دەکەومە خراپترین دۆخی خۆمەوە. ئەو کاتەی ئازاد نەبووم، هیچم نەدەبینی، هیچم نەدەبیست، هەستیشم بە هیچ نەدەکرد.”

سەرچاوە (کرتە بکە)

هاوشێوە