رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

دیسان مۆتەکەی بەکالۆری

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: سروە نوری ئەزیز

کچێکی خوشکەزام لە پۆلی شەشی ئامادەییە (پۆلی دوانزە)، کاتێک باسی پرسیارەکانی زیندەوەرزانی (٤ ی ٦ ی ٢٠٢٣)ی تاقیکردنەوەی بەکالۆری بۆ کردم، خەمێکی زۆر دایگرتم. قوتابی بە چ  شێوازێک تواناکانی دەردەکەوێ کاتێ هەموو وەڵامەکانی بە بژاردەیە؟ بە چ شێوەیەک بیر و بۆچوونەکانی خۆی بۆ شیکردنەوە و لێکدانەوە دەردەخات؟

تاقیکردنەوەی بەکالۆری لەگەڵ ئەوەی کە کاریگەرییەکی دەروونی زۆر خراپ دەخاتە سەر قوتابی، هاوکات پێوەرێکی دادپەروەرانەش نییە بۆ دەرخستنی توانا و بەهرەکانی قوتابی… تاقیکردنەوەی بەکالۆری خونچەی توانا و بەهرە و خەونەکانی قوتابی وەک تەرزەیەکی لەناکاو هەڵدەوەرێنێ…

دوو هەفتە لەمەوپێش قوتابییەکانی خۆم تاقیکردنەوەی نیشتمانیان لە وانەی بیرکاریدا ئەنجام دا (لە سوید). لە هەموو کۆرسەکانی ئامادەییدا، تاقیکردنەوەکانیان لە سێ بەش پێک هاتبوو. دوو بەش بەبێ هاوکاری ئالاتی ژمێریاری، بەشی دووەم و سێیەم کە زۆرینەی پرسیارەکانی ئەم تاقیکردنەوەیە بوون، هەموویان کێشە بوون، دەبێ قوتابی خۆی چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە و شیکاریان بکا، پرسیاریان هەبوو یەک لاپەڕەی ئەی ٤، بە زمانێکی دروست و ڕەوان، باسی لە کێشەکە دەکرد. کێشەکانیش زۆرینەیان لە کێشەی ژیانی راستەقینەوە وەرگیرابوون. جگە لەوەش زۆرینەی پرسیارەکان بە وێنەی ڕەنگاوڕەنگ کێشەکانیان ئاسانتر کردبوو بۆ تێگەیشتن. دیارە پرسیارەکانی تاقیکردنەوەش تایبەت بوو بەو بابەتانەی کە لە کاتی خوێندنی کۆرسەکەدا وەریان گرتبوو. بە ڕاستی بەزەییم بە قوتابیانی کوردستان و بە نیشتمانەکەمدا دێتەوە…

بە هەڵکەوت نییە وڵاتی سوید دووەم وڵاتە لە جیهاندا لە بواری innovation  دا. سیستمی پەروەردەی سوید نەوەیەک بەرهەم دێنێ کە ترسی نەبێ لە هەنگاونان بۆ بەدیهێنانی خەونەکانی خۆی… دەبێ ئامانج لە بەڕیفۆرمکردنی سیستمی پەروەردەی کوردستان بە گشتی و سیستمی تاقیکردنەوەکان بە تایبەتی، کردنی سیستمی پەروەردە، لە سیستەمێکی ڕەقەوە بۆ سیستمێکی نەرم و مرۆڤدۆست بێ. سیستمێک کە توانا و بەهرەکانی قوتابی بە هەند وەربگرێ و قوتابی هان بدرێ و پشتگیری بکرێ بۆ گەشەپێدانی تواناکانی و هەنگاونان بۆ بەدیهێنانی خەونەکانی…  

چەند ساڵێک لەمەوپێش لەسەر مۆتەکەی تاقیکردنەوەی بەکالۆری لە سیستمی پەروەردەی کوردستاندا و هەبوونی تاقیکردنەوەی نیشتمانی، چەند وتارێکم نووسی. بە ئامانجی ئەوەی کە تاقیکردنەوەی بەکالۆری نەمێنێ و سیستمێکی نەرم و مرۆڤدۆست جێگای بگرێتەوە. هەروەک ئاسانکاری بۆ خوێندکار و هاوکاری و پشتگیرییەکیش بۆ مامۆستا لە کاتی نمرەدانانی کۆتادا، زیاتر لەسەر بیرۆکەی تاقیکردنەوەی نیشتمانی لە پۆلە جیاوازەکاندا، زیاتر لەو وتارانەدا ڕوونکردنەوەم دابوو…  زۆر بەداخەوە ئەمڕۆ لە کوردستاندا تاقیکردنەوەی نیشتمانی کراوەتە هەمان مۆتەکەی بەکالۆری و هەناسەی لە قوتابییان بڕیوە. پرەنسیپی تاقیکردنەوەی بەکالۆری بەکار دەهێنرێ و بە تەواوی مەبەست و ئامانجی تاقیکردنەوەی نیشتمانی شێواندووە. تاقیکردنەوەی نیشتمانی ئەو ئامانجەی نەپێکاوە کە لە سەرەتاوە مەبەست بووە.  

تا ئێستاش ته‌نیا پێوه‌رێک بۆ خوێندنی به‌رده‌وام له‌ زانکۆ و په‌یمانگاکان له‌ کوردستاندا، ته‌نیا ئه‌نجامی تاقیکردنه‌وه‌کانی به‌کالۆریه‌. بڕیاری دواڕۆژی هه‌زاره‌ها قوتابی  شه‌شی ئاماده‌یی به‌ستراوه‌ به‌ توانای ته‌نیا دوو هه‌فته‌یانه‌وه‌. سیسته‌می به‌کالۆری مۆته‌که‌یه‌که‌، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک نا‌هێڵێ قوتابیان بره‌و به‌ توانای داهێنه‌رانه‌ی خۆیان بده‌ن. بە چ پێوەرێک ڕەوایە لە ماوەی چەند ڕۆژێکی کەمدا هەموو توانا و بەهرەی قوتابییەک دەربکەوێ. یا تەنیا بە دەرئەنجامی یەک تاقیکردنەوە بڕیار لەسەر نمرەی کۆتایی و دوارۆژی قوتابییەک بدرێ. کەمکردنەوەی بەها و پیرۆزی تاقیکردنەوە و هەوڵدان لە پێناوی هاندانی قوتابیان بۆ گەشەکردن و پێشکەوتنی بەهرە و تواناکانیان کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ژینگەی فێربوون دەبێ و قوتابی بە دەروونێکی ئارامەوە هەوڵی فێربوون دەدا. ئەوکات خونچەی بەهرە و تواناکانیش دەبنە گوڵ. بەڕیفۆرمکردنی ‌سیستمی پەروەوردە و لابردنی سیسته‌می به‌کالۆری ئەرکێکی نیشتمانییە. له‌ بری ئه‌م سیستمه‌ ده‌کرێ سه‌رجه‌م ئه‌نجامه‌کانی هه‌ر سێ ساڵی خوێندنی ئاماده‌یی، بۆ داواکردنی به‌شه‌کانی په‌یمانگا، کۆلیژ و زانکۆکان به‌کار بهێنرێن‌. به‌م گۆڕانه‌ ژینگه‌یه‌کی دڵنیا و ئارام بۆ قوتابیان دوور له‌‌ دڵه‌ڕاوکێ و باری ده‌روونی خراپ ده‌خوڵقێ… هاوکاتیش توانا وبەهرەکانی قوتابی دەردەکەون و خۆشیان بە دڵنیاییەوە، بۆ دوارۆژی خۆیان و نیشتمان هەنگاو دەنێن.

هاوشێوە