رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

(خوێندنەوەیەک بۆ تێزی پەروەردەی ژاکۆتۆ بە پشتبەستن بە تێزە پەروەردەییەکەی پاوڵۆ فرێری)

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: جیهاد محەمەد

ژاک ڕانسێر

پێنج وانە سەبارەت بە ڕزگاری هزری

مەنسور تەیفوری لە فەڕەنسیەوە کردوویەتی بەکوردی

باسەکە باسی ژۆزیف ژاکۆتۆیە، کە باسی “پەروەردەی گەردوونیی” دەکات، هەروەها باسی ڕزگاری هزری دەکات.

 مامۆستای نەزان، لە بازنەیەکدا فێرخوازان دەهێڵێتەوە و هزری داگیرکردوون. پەروەردەی گەردوونیی، پەروەردەیەکی خۆڕسکیانەیە، هەموو مرۆڤەکان دەتوانن خۆیان فێربن، هەرچیان بوێت بێ مامۆستا دەتوانن فێری بن. مامۆستای نەزان، ئەوانەن کە بوون بە فێرکار و لە پێناوی بەرژەوەندی دەسەڵاتدارە داگیرکارەکاندا هەموو مرۆڤایەتیان خستوەتە نێو بازنەیەکەوە، تا ئەوەی لە بەرژەوەندی سەردەستەکانە، بندەستەکان بمێننەوە و هیچ فێر نەبن، یان ئەوەی فێری دەبن، مانەوەیانە لەو ئاشەی بۆیان نراوەتەوە، ئەو ئاشەش گونجاندنی فێرخوازەکان و خەڵکەکەیە بە بندەستی سەردەستەکان و نایەکسانی بندەستەکان بە سەردەستەکان. مامۆستای نەزان، ئەو مامۆستایەیە، درێژە بە دوو “زەین”ی دەدات، زەینی سەردەستەکان و زەینی بندەستەکان. ئەم پەروەردەیە سەرلەبەری هەڵەیە، چونکە هەموو مرۆڤەکان یەک زەینیان هەیە، نەک دوو زەین. مامۆستای نەزان بەجۆرێک پڕۆسەی پەروەردەی بونیادناوە، کە زەینی سەردەستە دەسەڵاتدارەکان جیاوازە لە زەینی هەژاران..

ژۆزیف ژاکۆتۆ، کاتێک هەڵهات و چووە وڵاتی هۆڵند، لەوێ لەسەر داوای خۆی بوو بە مامۆستا، دەسەڵاتی هۆڵندە داوایان لێ کرد، کە کۆمەڵێک فێرخوازی هۆڵندیی فێری زمانی فەڕەنسیی بکات، لە کاتێکدا کە زمانی هۆڵندیی نەدەزانی و تێی نەدەگەیشت.

ژاکۆتۆ زۆر گەڕا تا کتێبێکی دەستکەوت، کتێبەکە لاپەڕەیەکی هۆڵندیی بوو لاپەڕەی دووەمی فەڕەنسیی بوو. ژاکۆتۆ لە ڕێگەی وەرگێڕێکەوە، بە فێرخوازەکانی وت: لاپەڕەی یەکەم وەک لاپەڕەی دووەمە، دەتوانن کە لاپەڕەی یەکەم بخوێننەوە، لاپەڕەی دووەمی فەڕەنسیەکەش بخوێننەوە، تا فێری زمانی فەڕەنسیی ببن. بەم شێوەیە، فێرخوازەکان فێری زمانی فەڕانسیی بوون.

ئەم فێربوونە بە بێ مامۆستا، بوو بەدەنکە زیخێک و کەوتە ناو ئەو ئاشەی مامۆستایانی نەزان بۆ فریودانی هەژاران نابویانەوە، تا بە ژێردەستەیی ڕازی بن و خۆیان بە کەمزان ببینن.

ژاکۆتۆ، بە کەوتەنەخوارەوەی ئەو دەنکە زیخە بۆ ناو ئاشەکە، ڕاچڵەکی و لەوە تێگەیشت و بیری کردەوە، کە زەینی مرۆڤەکان یەکسانە، هەموو مرۆڤەکان توانای فێربوونیان هەیە بێ مامۆستا.

ئەوەی کە زانا و نەزانی دروستکردووە چەواشەکاریی و فریودانە، ئەوە دەسەڵاتە داگیرکەرەکانە، کە مامۆستای نەزانیان داناوە بۆ فێرکاریی و فێرکردن.

مرۆڤ ئەگەر خۆی ڕزگار بکات، زەینی خۆی ڕزگار بکات لە دەسەڵات و مامۆستای نەزان، ئەوەی دەیەوێت فێری دەبێت.

 ژاکۆتۆە بەم ڕاچڵەکینە، بیریکردەوە کە تا ئێستا دەسەڵاتە سەردەستەکان مامۆستا و فێرخوازانیان فریوداوە بەوەی کە دەسەڵاتداران زانان و، کرێکار و جوتیار و هەژاران نەزانن. بۆ ئەوەی هەژارە نەزانەکان فێری زانایی ببن، پێویستە بچنە فێرگە و مامۆستا فێریان بکات. لە کاتێکدا مامۆستاکان وەک هەژاران نەزانن، چونکە نەیاتوانیەوە زەینی خۆیان ڕزگار بکەن، کێشەکە ئەوە نییە، زانا و نەزان هەبێت، بەڵکو کێشەکە ئەوەیە کە دەسەڵاتدارەکان زەینی مرۆڤەکانیان داگیرکردوە لە ڕێگەی مامۆستای نەزانەوە. ڕاستیەکەی ئەویە کە مامۆستا و فێرخوازان هەموویان یەک “زەینیان” هەیە، هەموویان یەکسانن، ئەوەی نایەکسانی دروستکردووە، ئەوە دەسەڵاتە داگیرکەرەکانە، ئەوەشی هەژاران فریودەدات کە خۆیان بە نەزان بناسن، مامۆستای نەزانە.

چیرۆکی ژۆزیف ژاکۆتۆ ئەوەیە کە بەکورتی باسم کرد. لە ڕاستیدا هەتا بڵێی ژاکۆتۆ بیرکردنەوەیەکی جوانی هەبووە، بیرکردنەوەکەی گەیاندوێتی بەو ڕاستییەی کە هیچ کەس نەزان نییە، هەموو زەینەکان” یەکسانن، زەینی نایەکسانی لە مرۆڤدا بوونی نییە.

ئەم دیدگا تیۆریی و فەلسەفییەی ژاکۆتۆ یەجگار دۆزینەوەیەکی گەورەیە.

ژاکۆتۆ، دەڵێت، تەنها چارەسەر ئەوەیە کە هەموو مرۆڤەکان لە یەکسانیەوە دەست پێ بکەن. بەڵام کێشەی ڕازیبوون بە بندەستەیی ئەوەیە کە لە نایەکسانیەوە دەست پێ دەکەن.

بەڵام من وەک خوێنەرێک کۆمەڵێک ڕەخنە و تێبینی خۆم لەسەر ئەم دیدگا فەلسەفییە و خودی وەرگێڕانەکەی کاکە مەنسوری تەیفوریش هەیە.

فەلسەفەکەی ژاکۆتۆ پێمان دەڵێت:”یەکسانی مەبەست و ئامانج نییە. بەڵکو یەکسانی خاڵی دەستپێکە. ئەمەیە ئەو شۆرشە دەگمەنەی ژاکۆتۆ ڕایگەیاند. ئێمە لە “نایەکسانیەوە بەرەو یەکسانی ناڕۆین”. ئێمە “لەمیانەوە یان لەویانەوە” دەست پێ دەکەین، بەڵکو پەرە بەلۆژیکی خاڵە دەستپێکەکە دەدەین. دەستپێکردن لە نایەکسانیەوە ئەو شتەیە کە نەزمی کۆمەڵگاکان دەیکات و بەردەوامیی پێ دەدات، بەڵام هاوکات ئەو شتەشە کە پێشکەوتنخوازان و شۆرشگێڕان دەیکەن، کاتێک بەڵێن دەدەن، کە پێشڕەوی خوێندەوار، بە پێی زانستی کۆمەڵایەتی دنیای ئازادی و یەکسانیی، دروست بکات”. 

“بەڵام هەرکەس توانای سەلماندنی ڕێگەکەی تری هەیە، ڕێگەکەی تر یەکسانیە” بۆیە هەوڵ دەدەین لە یەکسانیەوە دەست پێ بکەین.

پرسیار: ئەی “هەوڵدان” و “شۆرش” جیاوازیان چییە، تۆ بڵێی تەنها بە ئەفرۆزکردنی مامۆستای نەزان، یان ئەفرۆزکردنی دەسەڵاتی داگیرکەر، کە نایەکسانی کردووە بە دەستپێک، بتوانرێت هزری هەموو مرۆڤەکان ڕزگاری بێت، لە دەست داگیرکەران کە نایەکسانی لە زەینیاندا دروست کردووە؟

پاوڵۆ فرێری بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەم کێشەیە، زۆر قسەی گرینگی هەیە، یەکێک لە قسەکانی: “میتۆدی مامۆستای فێرخواز و فێرخوازی مامۆستایە”. پرنسیپێکی تری “دیالۆگکردنە” لە نێوان مامۆستا و فێرخوازد. دیالۆگیش لە کاتێکدا دروست دەبێت، کە مامۆستا سەیری فێرخواز وەک نەزان تەماشا نەکات، واتە خۆی و فێرخوازەکانی بە یەکسانی زەینی ببینێت. تێزە پەروەردەییەکەی فرێری بۆیە باشتر و ڕاسترە، چونکە واقیعییترە لە تێزە پەروەردەییەکەی ژاکۆتۆ. چونکە بمانەوێت و نەمانەوێت، نایەکسانی زەین بەسەر تاک و کۆمەڵدا سەپێنراوە، دەست پێک ئەوەیە، ئەو دەسەڵاتەی نایەکسانی زینی سەپاندووە لا ببرێت، ئەمەش بە خەبات و تێکۆشان دەبێت، نەک بە تیۆرییەکی ڕووت، کە گوێ بە پراکتیەکەکردن نادات. پڕۆسەی پەروەدەی خراپ کە نایەکسانی لێکەوتووەتەوە، دەبێت سەرلەبەری بگۆڕرێت بۆ پەروەدەیەکی نوێ، کە پیشەسازی لە مرۆڤدا دەکات و مرۆڤی نوێ بەرهەم دێنێت. کە بە هیچ جۆرێک ڕازی نییە بە ژێردەستەیی.

ژاکۆتۆ نموونەی ئەوە دەهێنێتەوە، کە منداڵ لە خێزانەوە فێر دەبێت، خێزان چۆن پڕۆسەی فێربوون دەگوزەرێت لە ناو خێزاندا، ئەویش بە پشتبەستن بە توانا خۆڕسکیەکەی مندال خۆی، کەساناو ئاسان وەری دەگرێت. ژاکۆتۆ ئەمەی کردووە بە بنەما بۆ توانای منداڵ لە هەموو قۆانغێکی گەورەبوون و فێرگەدا، بە بێ مامۆستا. تەنانەت فێرگەش ڕەتدەکاتەوە.

ژاکۆتۆ دەڵێت: بۆ خۆ دەربازکردن لەم داگیرکاریی و دەستپێکە نایەکسانییە، پێویستە ئەم میتۆدە ژێرەوژوور بکرێتەوە و چییتر فێرگە و مامۆستای نەزان پێویست ناکات.

 پاوڵۆ فرێری بە جۆرێکی تر بیری لە چارەسەر کردوەتەوە، دەڵێت، ئەم میتۆدی فێرکردنە، میتۆدی بانکییە، کە پێویستە بگۆڕرێت بۆمیتۆدی “فێربوون”. -میتۆدی بانکی: چۆن خەڵک پارە لە بانکدا دادەنێت و لە کاتی پێویستدا وەریدەگرێتەوە، میتۆدی پەروەردەی کۆنەباو کە بڕوای بە فێرکردن هیە، مامۆستا زانیاریەکانی خۆی و ناو کتێبەکان دەدات بە فێرخواز، لە تاقیکردنەوەشدا داوایان لێ دەکات زانیاریەکانی بۆ بگێڕنەوە- هەڵبەت میتۆدی بانکی چەندان ئەنجامی خراپی لێ دەکەوێتەوە، کە لەم نووسینەدا جێگەی نابێتەوە.

 لە جیاتی میتۆدی بانکی دەبێت شۆرشێک لە پڕۆسەی پەروەردەدا بەرپابکرێت، کە میتۆدی بانکی بسڕێتەوە، لە جیاتی میتۆدی بانکی، میتۆدێکی زانستیانە و هونەریانە چێبکات کە پرۆسەی پەروەردە بکات بە پڕۆسەیەکی ڕزگاریدەر، مرۆڤەکان ڕزگاریان بێت لە دەست ژێردەستەیی، سا ئەو ژێردەستەییە چینایەتی بێت یان نەتەوەیی، یان جیاکاری نێو ڕەگەزەکان، واتە چارەسەرکردنی کێشەی جێندەر.

پرسیارێک: لە ژاکۆتۆ و کاک مەنسور!

ئەگەر ئێمە هەموو مامۆستاکان و فەیلەسوفەکان لە”سوکرات”ەوە، تا دەگات بە کۆاتا فەیلەسوف و زانا و مامۆستا ڕەتبکەینەوە، بە ناوی ئەوەی کە هەموومان زەیەنمان یەکسانە- کە بەڕاستی وایە و هەموو مرۆڤەکان زەینیان یەکسانە- ئەی چۆن ئەو بوومەلەرزەیەی لەم ڕۆژانەدا لە تورکیا و سووریا ڕوی دا. دەیان هەزار کەس بەوهۆیەوە گیانیان لە دەستدا، چۆن بڵێین، دەتوانرا کە تەلار و خانووەکان بە جۆرێک دروستبکرایە کە ئەو هەموو زیانەی لێ نەکەوتایەتەوە؟  ئەوە ئەندازیارەکان دروستیان کردووە، خۆ ئەو ئەندازیارانە لە سکی دایکیانەوە زانستی ئەندازیارییان نەهێناوەتە دەرەوە؟. فیزیاناسەکان، کیمیاناسەکان، بیرکارییناسەکان سۆسیۆلۆژیستەکان، ئەنترۆپۆلۆژیستەکان و سیاکۆلۆژیستەکان، خۆ لە سکی دایکیانەوە ئەو زانستانەیان دەرنەهێناوە. خۆ هەر ئەو زانا و پسپۆڕانەشن، کە چۆن هەڵە دەکەن، بەهەمان شێوە و زۆر زیاتریش خزمەت دەکەن. کەواتە کێشەکە کێشەی مامۆستای نەزان و نا یەکسانی نییە، هێندەی ئەوەی دەسەڵاتە سیاسییە داگیرکەرەکانە، لە ڕاستیدا هۆکاری سەرەکی نایەکسانی، دەسەڵاتە سیاسییەکانە، کە ژاکۆتۆ ناچێتە سەر دەسەڵاتی سیاسیی و باسیان ناکات. ئەوە دەسەڵاتە سیاسیە فاشیەکان، تۆتالیتاریەکان و دیکتاتۆریەکان و ڕەگەزپەرستەکانە، خراپ پڕۆسەی پەروەردە بەکاردەهێنن بۆ بەرژەوەندی خۆیان، هەر دەسەڵاتی سیاسی دیموکراتیشە کە پڕۆسەی پەروەردە، دەکەن بە پڕۆسەیەکی پیشەسازی مرۆڤی بەسوود و پڕ لە ئاکار و ڕەوشتی بەرز بۆ خزمەتکردن بە گەل و میللەتەکەی. کەواتە دەسەڵاتی سیاسیە، کە دوو زەینی دروستکردووە، نەک مامۆستا.

ژاکۆتۆ:”ئەوەی لە بنچینەدا کەسێکی ڕزگار دەتوانێت بیکات، ئەوەیە ڕزگارکەر بێت: نەک دانی کلیلی مەعریفە، بەڵکو دانی ئاگاداری لەوەی کە وریاییەک دەتوانێت بیکات کاتێ خۆی وەک یەکسان لەگەڵ گشت کەسانی دیکە لێکدەداتەوە و گشت کەسی دیکەش وەک یەکسان لەگەڵ وریایی خۆی سەیر دەکات.”لاپەڕەی ٧٥.   جا ئەمە چ جیاوازیەکی هەیە لەگەڵ مامۆستای فێرخواز و فێرخوازی مامۆستادا؟ مەبەستم ئەوەیە، فرێری مامۆستای بە مامۆستای نەزان نەناسیوە و فێرگەشی ئەفرۆز نەکردووە، بەڵکو دەڵێت، مامۆستا لە پڕۆسەی پەروەدەی نوێ و سەردەمدا کاتێک دەچێتە پۆلەکەیەوە بۆ وانەوتنەوە خۆی بە فێرخواز دادەنێت و فێرخوازەکان بە مامۆستا دادەنێت.

ژاکۆتۆ:ئەوەی خەڵک گەوج دەکات نوقسانی فێرکاری نییە، ڕزگاری هوشایربوونەوەیە لەم یەکسانیە، لاپەڕەی ٧٥. لێرەدا ژاکۆتۆ لەلایەکەوە دژایەتی مامۆستا دەکات و پێیان دەڵێت مامۆستای نەزان و فێڕکاری ڕەتدەکاتەوە، لە لایەکی ترەوە ئەوەتا دەڵێت: ئەوەی خەڵک گەوجدەکات فێرکاریی نییە. ئەم دوو قسەیە زۆر ناکۆکن.

فرێری: کەسێک ئەتوانێت کەسێک بچەوسێنێتەوە، بەڵام کەسێک ناتوانێت کەسێک فێربکات. هەموو پێکەوە فێردەبین، ئەگەر بمانەوێت. واتا مامۆستا و فێرخواز پێکەوە فێر دەبن. دیسان فێربوون تەنها لە فێرگەوە نییە، بەڵکو بەشی زۆری فێربوون لە ئەزموون و ژیانەوەیە، بەشێکی تری لە خوێندنەوە و دۆزینەوەوە و بە دواداگەرانە. مامۆستا لە پەروەردەی نوێ و سەردەمیانە و دیموکراتدا، فێرخواز دەخاتە سەر ڕێچکەی فێربوون، واتە فێرخواز فێرناکات.

ژاکۆتۆ: ئێمە بینیومانە، گەورە و منداڵ بێ مامۆستا و بە تەنها فێری موزیک و زمانی بیانی بوون، ئەمەش سەلماندنی توانای هەرکەسێکە بۆ فێربوون.

منیش دەڵێم، هەموو شتێک شمشاڵەکەی قالە مەڕە و قەتار و ئەڵاوەیسیەکەی عەلی مەردان نییە! کە بە ئاسانی و بێ شارەزایەک فێریی ببیت، دواتر مامۆستا و فێرگە و کتێب ئامڕازە، بەکاردەهێنرێت بۆ فێربوون. بۆیە هەموو فەیلەسوف و زانا پەروەردەییەکان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە فێرخواز چەق و ناوەندە، نەک بەکارهێنراو، مامۆستا نەزان نییە لە پەروەردەیەکی سەردەمیانەی دیموکراتدا، بەڵکو ئامرازێکی زیندووە و فێرخواز گفتوگۆی لەگەڵ دەکات. 

ژاکۆتۆ: ئەوەی بیرچووە، کە بارودۆخی ژیان، پاڵنەرە، هۆکارە بۆ جیاوازی نایەکسانی، یەکسانی لە توانایی و وەرییاییدا چەندە راستە، هێندەش نایەکسانی ڕاستە. هۆکاری نایەکسانی توانایی و وریایی بارودۆخی ژیانە، ژیانی منداڵی گوندنشینێک لەگەڵ منداڵی شارنشینێکدا بمانەوێت یان نا جیاوازە، منداڵی گوندنشین ئاسۆی بیر و بیرکردنەوەی سنوردارە، چونکە ژیانی گوندەکەی سنوردارە، منداڵی شارنشینێک ئاسۆی بیر و بیرکردنەوەی فراوانترە، چونکە ژیانی شار و شارنشینیی فراوانە. کەواتە بۆ ئەوەی تونا بنەڕەتیە سروشتیەکەی منداڵ بەدی بێت، پێش هەموو شتێک پێویستە بارودۆخی ژیان یەکسانی تێدا بێت، یەکسانی بارودۆخ و ژیانی یەکسان زەینی یەکسان دروست دەکات.

لێرەدایە جیاوازی زەینەکان دەردەکەوێت. نەک لە تواناییە بنەڕەتیەکەدا. هەربۆیە فرێری پێ دادەگرێت لەسەر گەڕانەوە بۆ توانا بنەڕەتییەکەی مرۆڤ. واتە خۆدۆزینەوە.

پاولۆ فرێری دەڵێت: هەموو مرۆڤەکان بوونێکیان هەیە، کە داگیرکراوە، داگیرکردنی بوونە بنەڕەتییەکەی مرۆڤ لەلایەن سەردەستەکانەوە، جیاوازیەکە دروست دەکات. ئەوە بارودۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیە کە سەپێنراوە بەسەر بندەستەکاندا، وایلێکردوون کە توانایان نەمێنێت. بۆ لابردن و سڕینەوەی ئەم جیاوازیانە، دەبێت هاوکێشەکەی نێوان چەوسێنەران و چەوساوەکان هەڵبوەشێنرێتەوە.

ژاکۆتۆ: لە لاپەڕەی ٩١دا، دان بە جیاوازیەکەدا دەنێت، دەڵێت جیاوازیەکە لەوەوە هاتووە کە وریایی بندەستەکان نەخراوەتە گەڕ. ئەم قسەیە زۆر ڕاستە، بەڵام ناکۆکە لەگەڵ ئەوەی کە هەموو مامۆستاکان و فەیلەسوف و زاناکان ڕەتدەکاتەوە.

ژاکۆتۆ: “ئەو مرۆیەی بە گوێی عەقڵ دەکات، نە قانوونی پێویستە نە دەستەی باڵای دادوەری. ڕەواقیەکان پێشتر ئەمەیان دەزانی: ئەو بەها و مەزنییەی کە خۆی خۆی دەناسێ، بەهای خۆناسین بە خۆ، هێزی ڕێنوێنیکەری هەموو بەهاکانی دیکەیە. بەڵام ئێمە دەزانین کە ئەم عەقڵە ئیمتیازی حەکیمانە نییە:

عەقڵ لەو جێگەیەوە دەست پێ دەکات، کە ئەو گوتارانەی بە مەبەستی ڕاستکردن ڕێکخراون، دەوەستن، لەو جێگەی کە یەکسانی دانیپیانراوە: نەک یەکسانیەک کە قانوون، یان حوکمێکی قانوونی، یان هێزێک ڕایگەیاندووە، بەڵکو یەکسانیەک کە لە هەر هەنگاوێکی ئەو ڕێبوارانەدا بەکردە سەلمێنراوە”.

پرسیار ئەوەیە لێرەدا: ئەو یەکسانیەی کە پێویستی بە قانوون و دەستەی دادوەری نییە، کەی دێتە بەرهەم و چۆن دێتە بەرهەم؟ بە چ میکانیزمێک هەموو مرۆڤەکان بگەن بەو ڕاستییەی کە هەموویان یەکسانن لە وریایی و زەیندا. واتاچۆن خۆیان ڕزگار بکەن و بگەن بەو ڕۆژی ڕزگارییە. من هەستدەکەم، ژاکۆتۆ، باسی قۆناغی سۆسیالیستیی دەکات. خەیاڵی مرۆڤەکان دەورووژێنێت، بەڵام هیچ چارەسەرێکی واقیعیانە ناخاتە بەردەست.

ژاکۆتۆ، لاپەڕەی ١٣٢: “ورییاییە “ناماددیی”ەکان، ناتوانن بەیەکبگەن، مەگەر بە ملدان بە یاساکانی ماددە. ورییاییەکان یەک وریایین، مرۆڤەکان یەک زەینیان هەیە، ئەوەی جیاوازی لە نێوانیاندا دروست دەکات، وشەکانە، یاساکانی ماددەیە.

وریایی، بە هیچ جۆرێک نابێت پێملی ماددە بێت، ئەوە یاسا ماددیەکانن، کە لەپێناوی نایەکسانییدا جیاوازی لە نێوان زەیندا دروست دەکەن.

هۆبز، باشتر لە ڕۆسۆ، سەرنجی داوە. هۆبز دەڵێت:”شەڕی کۆمەڵایەتی لەوێوە دەست پێ ناکات، کە کەسێک بڵێت ئەمە هی منە، واتە لە خاوەندارێتیەوە دەست پێ ناکات، بەڵکو لەوێوە دەست پێ دەکات کە کەسێک بڵێت من لە تۆ جیاوزترم”.

بە بڕوای من پێچەوانەی ئەم قسەیەی ژاکۆتۆ ڕاستە.  نایەکسانیەکان لە خاوەندارێتیەوە(تملك) دەست پێ دەکات، بە نموونە، فاشیزمی تورک، کە دەڵێت کورد بوونی نییە لە تورکیادا، بۆ ئەوەیە خۆی بکات بە خاوەنی کورد و کورد بتوێنێتەوە لە خۆیدا، ئەگەر کورد ئەمەی قبوڵ کرد، ئیتر تورک بە کورد ناڵێت من جیاوازم لە تۆ، کەواتە بنەماکە مادییە.

نایەکسانیەکە لەوێوە دەست پێ دەکات، جیاوازی بیر و هزر و دوو زەینی لەوێوە دەست پێ دەکات. لەو ڕۆژەوە کە دابەشکردنی کار و موڵکایەتی دەستی پێ کرد، جیاوازی و جیاکاری دەستی پێکرد، ژن بۆ ماڵەوە، بۆ سێکس و زاووزێ، پیاویش بۆ ئیش و کار و دەسەڵات، ئەمانە هەموویان ماددیین. 

جارێکی تر ژاکۆتۆ دەڵێت:”نایەکسانی هیچ نییە جگە لە تاسەیەکی سەرەتایی، هۆی نایەکسانی، یەکسانییە و هیچی تر”.

ئەم قسەیە زۆر پێش ژاکۆتۆ لابۆتی کردوویەتی-خۆبەکۆیلەکردن.. لابۆتی- هۆی نایەکسانی خاوەندارێتیی و داگیرکاریی عەقڵ و کولتوورە.

نەزمی کۆمەڵایەتی، وەک نەزمی هەسارەکانە، کە بە یاسایەکی بێ کۆتا هەڵدەسوڕێن و وەک خۆیان دەمێننەوە.

بە بەڕوای من ژاکۆتۆ لێرەدا هیچ حیسابێک بۆ توانا و ئیرادەی مرۆڤەکان ناکات، کە لە گەلێک شوێنی تری ئەم  کتێبەدا پێ لەسەر ئیرادە و توانای مرۆڤەکان دادەگرێت، ئەمەش یەکێکی ترە لە ناکۆکیەکانی ژاکۆتۆ.

مرۆڤ تامەزرۆی نایەکسانی و یاسا و نەزمە کۆمەڵایەتیە نایەکسانەکەیە، کە ئەمە لە گێلێتی زیاتر هیچی تر نییە.

لێرەشدا، دیسان ژاکۆتۆ تەنها مرۆڤە ژێردەستەکان تاوانبار دەکات. وازی لە دەسەڵاتە سیاسیە ستەمکارەکان هێناوە.

ژاکۆتۆ، ئەرک و ماف بە بێ عەقڵی و فێڵبازی سەردەستەکان دەزانێت. دەڵێت ئیدەی ئەرک و ماف درۆیە و بۆ ئەوەیە کە نەزمی کۆمەڵایەتی وەک خۆی بمێنێتەوە و نەزمی سەردەستیی بەسەر نەزمی ژێردەستییدا بەردەوام بێت. چارەسەر لای ژاکۆتۆ ئەوەیە ئەم نەزمی کۆمەڵایەتیە هەڵبوەشێنرێتەوە، ئەم قسەیە هەتابڵێی جوانە.

 بەڵام چۆن؟ ژاکۆتۆ هیچ چارەسەرێکی واقیعیانە ناخاتە ڕوو، تەنها ئەوە نەبێت دەڵێت، یەکسانی دەستپێکە.

ژاکۆتۆ:پێناسەی عەقڵ: نەتوانینی درۆکردن لەگەڵ خۆیدا. عەقڵ ناتوانێت درۆ لەگەڵ خۆیدا بکات. مرۆڤی عەقڵدار خۆی ڕادەستی نەزمی کۆمەڵایەتی ناکات، کە سەردەستیی و ژێردەستەیی تیدایە. لێرەدا تەواو هاوڕای ژاکۆتۆم، بەڵام دیسان دەڵێم چۆن، چیی بکەین بۆ ئەوەی لەو نەزمە کۆمەڵایەتیە دەربچین کە سەردەستەیی و ژێردەستەیی تیادایە؟ ژاکۆتۆ هیچمان پێ ناڵێت. بەڵام فرێری چارەسەرمان پێ دەڵێت، پێمان دەڵێت، پەروەردەی نوێ و سەردەمیانە، ئەو پەروەردەیەیە، کە پیشەسازی لە مرۆڤدا دەکات و مرۆڤی نێو بەرهەم دێنێت. مرۆڤی نوێ ویژدان و ئاکار و ڕەوشتی بەرزی سیاسی و کۆمەڵایەتیی هەیە، جگە لەمەش مرۆڤی نوێ چەوساندنەوە و ژێردەستەیی قبوڵ ناکات.

بۆ ئەوەی ڕاستگۆیانە هەڵسەنگاندن بکەین، ژاکۆتۆ دەڵێت:”باسەکەمان باسی هێزی عەقڵدارە، ئەو هێزەش هێزی رای یەکسانیی وریاییەکانە.

 لە لاپەڕە ١٦٧دا، ژاکۆتۆ دەڵێت: هەر مرۆڤێک دەتوانێت خۆی ڕزگار بکات و ئەوانی تریش ڕزگار بکات. ئەمە ناکۆکەکە لەگەڵ چارەسەرییەکەی پاوڵۆفرێریدا، کە دەڵێت: مرۆڤێک دەتوانێت مرۆڤێکی تر بچەوسێنێتەوە، وەلێ ناتوانێت مرۆڤێکی تر ڕزگار بکات. دیسان ناکۆکیشە لەگەڵ بیروبۆچونەکانی ژاکۆتۆ خۆیدا، کە دەڵێت: مرۆڤە عاقڵدارەکان، ئەوانەن کە نەزمی کۆمەڵایەتی هەڵدەوەشێننەوە.

ژۆزیڤ ژاکۆتۆ: لاپەڕە ١٧٠ کێشەکە ئەوە نییە وەک زاناکان بکەیت، کێشکە دەستانە دەستی ئەو کەسەیە وریایی خۆی بە خوار و نزم دەزانێت. باسکە دەرهێنانێتی لەو زەلکاوەی تێیدا قەتیس ماوە، نەک خمخۆرکی نەزانی، بەڵکو خمخۆرکی خۆ بە سووکزانی، واتە سووکایەتی بە خۆی مەخلوقی ئەقڵدار. باسەکە ئەوەیە مرۆڤ ڕزگارببن و ڕزگاریش بکەن.

لاپەڕەی ١٧١، تەنیا تاک دەتوانێت خۆی ڕزگار بکات و ڕزگارکەریش بیت. هیچ حیزبێکی ڕیفۆرمیستیی و هیچ دامودەزگایەکی حوکمویی و دەوڵەتیی و فێرگەیی ناتوانێت کەس ڕزگار بکات.

 ئەمە بیر و باوەڕی ئەنارکیستەکانە کە ژاکۆتۆ پێی لەسەر دادەگرێت.

بەڵام ئەمە چەند ڕاست و دروستە، جێبەجێکردنی مەحاڵە، چونکە دەسەڵاتێکی ستەمکار لە ئارادایە، کە بە دەیان میکانیزمەوە خەڵک فریودەدات، وەک فێرگە و هەر بە زمانی ژاکۆتۆ خۆی مامۆستای نەزان، ئەم میکانیزمانە مرۆ بەباردەهێنن، کە لەگەڵ بارودۆخە ستەمگەرییەکەدا گونجاو بێت. هەتا ئەم میکانیزمانە نەسڕرێتەوە ناتوانرێت ئەو پەروەردە گەردوونیەی ژاکۆتۆ باسی دەکات بێتە دی.

لاپەڕەی١٩٦ جۆزیف ژاکۆتۆ”پێشکەوتن جۆری تازەی گوتنی نایەکسانیە، بەڵام ئەم جۆرە هێزیکی ترسناکتری لەو جۆرەی پێشووتری هەیە”. واتا چەندین دەچینە پێش، ئەوەندە نزیکتر دەبین لە هەڵدێر.

ئەم قسەیە، یەجگار دوورە لە ڕاستی، چونکە ئەمە خەیاڵە کە مرۆڤە ژێردەستەکان بتوانن بە یەک گوژم، بەیەک جوڵەی شۆرشگێڕانە بتوانن لەسەدا سەد خۆیان ڕزگار بکەن. لێرەدا ڕێک ململانێکەی نێوان لینین و ترۆتسکیم بیردەکەوێتەوە، کە حەتەمەن ترۆتسکی ڕاستی دەکرد، کە پێیوابوو، مادام دەسەڵاتە سەرمایەدارەکان لە جیهاندا بەردەوامن، ناتوانرێت لە وڵاتێکدا لە سەدا سەد سۆسیالیستیی پراکتیکە بکرێت. هەر لەسەر ئەوەش بوو کە تیرۆریان کرد.

لاپەڕەی ٢١٥، کۆمار، بە مانای یەکسانی مافەکان و ئەرکەکانە، بەڵام ناتوانێ یەکسانی وریاییەکان بکاتە حوکم و فەرمان. وەریایی وەرزێرێکی دواکەوتوو، هەمان وەریایی سەرۆکێکی کۆمارییخواز نییە. هەندێک لایان وایە ئەمە نایەکسانی ناچاریە و دەبێتە هۆی فرە جۆری کۆمەڵایەتی.

لە سەدا سەد من لەگەڵ ئەم قسەیەم، بەڵام ئەمە هەنگاوێکە لە هەنگاوە پێشکەوتووەکان، مافەکان و ئەرکەکان لە قۆناغی دیموکراتییدا پراکتیک دەکرێت، هاوڵاتیی بوون خەسڵەتێکی قۆناغی دیموکراتییە، کە ژاکۆتۆ هەموویان ئەفرۆز دەکات.

ژۆزیڤ ژاکۆتۆ، لاپەڕە ٢٢٧، لە ساڵی ١٨٤٠ مردووە، کوڕەکانی، ڤیکتۆری پزیشک و فۆرتونێی پارێزەر. لەسەر کێلی گۆڕەکەی، نووسیوانە: من لام وایە، خودا ڕۆحی مرۆیی وەها خولقاندووە، کە توانای ئەوەی هەیە، خۆی بە تەنها و بێ مامۆستا خۆی فێربکات. بەڵام دوای چەند مانگ دواتر نووسینەکە تێک درابوو.

دامەزرێنەر باش ئەمەی بەدی کردبوو:”پەروەردەی گەردوونی نایباتەوە، بەڵام ناشفەوتێ”

باشە کە تیۆریایەک، فەلسەفەیەک، دیدگایەک کە پێشوەخت دەزانێت نایباتەوە، چۆن بتوانرێت جێبەجێ بکرێت، ئایا هەوڵدان بۆ پراکتیکەکردنی، گێلێتیی نییە؟

هاوشێوە