رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

قەلەنـدەری ئازادی؛ بەختیار شێخ عوسمان

Facebook
Twitter
LinkedIn

رەزا مەنوچەهری

قەلەندەرەكان دەتوانن ئەوەندە كاریگەری لەسەر نەیارەكانیان دابنێن، كە ركابەرەكانیشیان رقیان لێیان نەبێت و رێزیان بگرن. لەكۆڕو كۆمەڵدا بەrێزەوە لەكەسایەتیی نزیك ببنەوەو تەنانەت بەشداری لەپرسەو ماتەمەكەیدا بكەن. قەلەندەرەكان ئەم پەرۆشییە دروستدەكەن. جا ئەگەر قەلەندەرێك نەك تەنها بۆ رێگای عیرفان، بەڵكو خۆی بۆ ئازادی و دیموكراسی و دادمەندی تەرخانكردبێت، ئەوە كاریگەرییەكەی زۆر زیاتر دەبێت.

بەختیار شێخ عوسمان قەلەندەرو كەسایەتییەكی كوردستانی و ئازادیخواز بوو، كە لەسەر رێگای پیرەمێردی منەوەر قەلەندەرخانەكەی پیرەمێردی لەساڵی ٢٠٠٥دا زیندووكردەوەو پیرەمێردئاسا هەموو هەفتەیەك كۆڕی گفتوگۆی بۆ بابەتە جۆراوجۆرەكان بۆ كەسانی شارەزاو دڵسۆزو بەهەڵوێست رێكدەخست. هەروەك پیرەمێرد پەرۆشی بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاری تاك بەتاكی هەموو كوردی هەبوو. تامەزرۆی گەیشتنی كورد بەمافەڕەواكانی لەهەموو بەشەكانی كوردستاندا بوو. ئەوەش لەژیان و هەڵوێستەكانیدا رەنگیدابووەوە.

قەڵای داكۆكی بوو لەخەڵكانی بەشخوراوو چەوساوە

ئەم كەسایەتییە بەهۆی دڵگەورەیی و ئینساندۆستیی و شەیدابوونی بۆ ئازادی ببووە چەتری كۆكەرەوەی مرۆڤە جیاوازەكان، كە هەریەكە دیدو پێگە و دۆخێكی  جیاوازیان هەبوو. داكۆكیی لەغەدرلێكراوان دەكردو هەمیشە بەڕوونی و راشكاوانە هەڵوێستەكانی دەردەبڕی و هەرگیز سازش و مساومەی لەسەر بیروباوەڕی خۆی نەدەكرد. شۆڕش ئەمین چالاكوانی مەدەنی و هاوڕێی نزیكی بەختیار شێخ عوسمان و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری كۆڕی قەلەندەرخانەی كورد لەوبارەیەوە وتی، «كاك بەختیار هێندە بەپرەنسیب بوو، كەهەرگیز مساومەی لەسەر بیروباوەڕی خۆی نەدەكردو موجامەلەی كەسی نەدەكرد، بەڵكو بەردەوام تێدەكۆشا و قوربانیی دەدا لەپێناو ئەوەی باوەڕێی پێی بوو. دژی چەوسانەوە قەڵای بەرگری و داكۆكی بوو لەخەڵكانی بەشخوراوو چەوساوەو غەدرلێكراو، ئەگەر بیزانیایە كەسێك زوڵمی لێكراوە راستەوخۆ دەبووە پارێزەرەی كەسەكەو زۆر كاتیش كێشەكەی ئەدا بەكۆڵی خۆیداو خۆی دەبووە خاوەن كێشەكە، چونكە یەكێك لەتایبەتمەندییەكانی كاك بەختیار ئەوەبوو، ئەگەر لەشوێنێك تەنانەت لەبنی دنیا غەدرێك لەكەسێك بكرایە و بەبێ ئەوەی كەسەكە غەدرلێكراوەكە بناسێت پشتیوانیی لێدەكرد».

بەئومێدەوە دەیڕوانییە داهاتوویەكی باشتر بۆ هەموان

شۆڕش ئەمین وتیشی:»بەردەوام دژایەتیی زوڵم و زۆرو ستەم و ستەمكاریی دەكرد، بەتەنها خۆی مەكۆیەك بوو، كە زۆر شتی لەخۆیدا كۆكردبووەو فریای هەمووشی دەكەوت، لەبەردەوامیی تەلەفونكردن بۆ هاوڕێكانی و دانەبڕان لێیان، بەرگریی لەخەڵكی زوڵملێكراوو دەستگیرۆیی خەڵكانی كەمدەرامەتی دەكرد، داكۆكی لەخەڵكانی چالاك و رۆژنامەنووس دەكرد. پیاوێك لەهەڵوێست و ئازا بوو لەبەگژداچوونەوەی گەندەڵی و نادادی. لەبەرامبەر ئەوەشدا مرۆڤیكی بەخشندە و ژیاندۆست، كە بەئومێدەوە دەیڕوانییە داهاتوویەكی باشتر بۆ هەموان».

هەرگیز باسی باشییەكان و خەمەكانی خۆی نەدەكرد

شۆڕش ئەمین باس لەتایبەتمەندییەكی تری بەختیار شێخ عوسمان دەكات و دەڵێت، «هەرگیز گوێم لێ نەبوو باسی یەكێك لەباشیەكانی خۆی، لەخەم و دەرد و كێشەی خۆی بكات، هەر دەم كە قسەی دەكرد وات هەستدەكرد هیچ كێشەی نییە، نەك هەر ئەوە بەڵكو، هێندە دڵسۆزو خەمخۆر بوو، كە هەستت دەكرد ئاوێتەی رۆحت دەبێت، بۆیە دەتوانین پێناسەی پراكیتكی هاوڕێیانە لەكاك بەختیارەوە دابڕێژینەوە».

تەنها گەندەڵ و خەڵكانی دژ بەئازادیی زوویر دەكرد

شۆڕش ئەمین لەبەردەوامیی باسەكەیدا ئەوەشی وت، «لەڕووی مەعنەوی و ورەوە قەڵایەكی گەورە بوو بۆ هاوڕێكانی. بۆ نموونە كاتێك یەكێك لەهاوڕێكانی نەخۆش دەبوو، هەموو هاوڕێیانی ئاگادار دەكردەوە، كە ئەحواڵی بپرسن و سەردانی بكەن، ببووە ناوەندێك بۆ هەموو هاوڕێكانی، كە هەرگیز نەیدەهێشت لەیەكتر داببڕێن، ئەوەندە وزەو تواناو ورەی تیادا بوو، كەهەر حەوت رۆژی هەفتە هاوڕێكانی كۆدەكردەوە، یان سەردانی هاوڕێكانی دەكرد. ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕایەوە، كەمرۆڤێكی بەخشندە بوو، چونكە لەلای ئەو بەخشندەبوون پێویستی بە سامانێكی زۆر نەبوو، بەڵكو پێویست بەدڵێكی گەورە بوو، كەئەو دڵە گەورەیەش لەلای ئەو بوو و تەنها بەهەڵوێست و دڵە گەورەكەی هاوڕێكانی كۆدەكردەوە و كاتێكیش هەر كەسێك لەوتەیەكی زوویر بوایە ئەستەم بوو بێهێشتایە رۆژێك، یان شەوێك بەسەر زوویربوونەكەیدا تێپەڕێت و خێرا ئەو كەسەی بەسەر دەكردەوەو نیگەرانیەكەی دەڕەواندەوە، تەنها گەندەڵ و خەڵكانی دژ بەئازادیی زویر دەكردو ئاشتی نەدەكردنەوە».

توندوتیژیی رەتدەكردەوە

بەوتەی شۆڕش ئەمین، «یەكێك لەپێشڕەوانی پێشەوەی سەنگەری داكۆكی لەئازادی و دیموكراسی و دادپەروەری لەكوردستاندا لەدەستچووە. چونكە  توندوتیژی و چەك و تەقەمەنی رەتدەكردەوە، پێداگریی لەسەر خەباتی مەدەنی و دیموكراسیانە دەكردەوە. ژینگەپارێزێكی گەورە بوو و رقی لەهەموو راوكەرێك بوو. تەنانەت هاوڕێكانی لەسەر هۆڕین لێدان بۆ خواحافیزی سزادەدا بە كڕینی پێداویستییەك بۆ قەلەندەرخانە، یان دابینكردنی هاوكاری بۆ كەسێكی كەمدەرامەت و دەیوت، هۆڕین بۆ ئاگاداركردنەوەیە نەك بۆ خواحافیزی».

ئارام جەمال چالاكوانی مەدەنی  و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی قەلەندەرخانە لەبارەی چۆنیەتیی دەستپێكردنی چالاكییە مەدەنییەكانی بەختیار شێخ عوسمان دەڵێت: بەختیار ئایكۆنێكی مەدەنی كاراو چالاك بوو.

كاك بەختیارو بزووتنەوەی هەتاكەی

پانزە ساڵ پێش ئێستاو لەڕۆژگارێكی پڕ لە قەیران و پەنگخواردنەوەدا، من و كاك بەختیار لەناو بزووتنەوەی «هەتاكەی»دا بەیەكتر گەیشتین و یەكترمان ناسی، ئەو بزووتنەوەیەی كە بەدەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستانی دەوت هەتاكەی ناعەدالەتی و گەندەڵی و پاوانكردنی دەسەڵات. ئەم بزووتنەوەیە تێكەڵەیەك بوو لەچەند كەسایەتییەك و ئەندامانی دەستەی گشتی فیدراسیۆنی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی. بەوپێیەی كاك بەختیارمان نەدەناسی و پێشینەیەكی كاركردنمان لەگەڵیدا نەبوو هاوكات باكگراوەندی سیاسی و حزبیشی یەكێتی بوو، سەرەتا جۆرێك لەسڵەمینەوەمان لێی هەبوو، بەڵام لەكورتترین ماوەدا بەهۆی دڵسۆزی و راستگۆیی و بڕوابوونی زۆری كاك بەختیار بە خەباتی مەدەنی لە دژی ستەمكاری ئەو بەدگومانییەمان گۆڕا بۆ خۆشەویستی و متمانەیەكی بێ ئەندازە بە كەسایەتی كاك بەختیارو بزووتنەوەی هەتاكەی بووە هەوێنی خەباتی مەدەنی نەپساوەی هاوبەشمان لە چالاكییەكانی قەلەندەرخانە و خۆپیشاندانەكانی ١٧ی شوبات و پشتگریكردن لەخۆپیشاندەرانی ساحەكانی تەحریر لەبەغداو خۆپیشاندانەكانی دژ بەداگیركردنی عەفرین و پشتگیریكردن لەگیراوانی بادینان و.. ..هتد.

نازناوی «بەختیاری قەلەندەرخانە»یە

لەناو ئەو هەزاران رێكخراوە ناحكومی و سەندیكاو كۆمەڵەو یەكێتیانەی لەدوای راپەڕینەوە پێكهێنراون و نۆژەنكراونەتەوە، گەواهی ئەوە دەدەم كە «كۆڕی قەلەندەرخانەی كورد» خۆماڵیترین و گەشەسەندووترین مۆدێلی رێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنییە، بەبەڵگەی ئەوەی كەقەلەندەرخانە، جیاواز لەهەموو رێكخراوە تۆماركراوەكانی دیكە، سەكۆیەكی خۆڕسكی سەربەخۆی تۆمارنەكراوە و لەنێو هەناوی كۆمەڵگەوە هاتۆتەدەرو تەونێكە لە رایەڵەو پەیوەندی نێوان كەسانی ئازادیخوازو خاوەن روئیای كۆمەڵگەیی.. ئەم ساباتە نە فەندی لەڕێكخراوە بیانی و نێودەوڵەتییەكان وەرگرتووەو نە منەتی هاوكاری ماددیی هیچ حزبێكی سیاسی هەڵگرتووە، بەڵكو لەبنەڕەتدا پشتی بەكۆمەكی دارایی ئەندامەكانی بەستووەو لەسەر پێی خۆی وەستاوە.. لەمێژووی دروستبوونیەوە قەلەندەرخانە هەڵگری وزەیەكی گەورەی پۆزەتیڤە بۆ جوانكردنی ژیان و ژینگەدۆستی و مرۆڤسالاری و فراوانكردنی پانتایی مەدەنی، هاوكات خاوەنی گوتارێكی رەخنەگرانەیە بۆ بەگژداچوونەوەی عەقڵی خێڵەكی و كۆنەپەرستی و حزبسالاری و لەمرۆڤخستن و داگیركاری، هەموو ئەمانەشی لەجووڵە و چالاكییەكانیدا بەرجەستەكردووە، بەڵام ئەوەی كەدەبێت هەرگیز بیرمان نەچێت ئەوەیە: «لەپشت هەموو ئەم هەوڵ و كۆشش و بەرەنگارییە هەڵكێشراوانە لەدیدو جیهانبینی مرۆڤدۆستانە و بارگاوی بەبەها گەردوونییەكان، مرۆڤێكی پڕ لەئیرادەو خاوەن خەونی گەورە دەبینین، كەپێی دەڵێن «بەختیاری قەلەندەرخانە».

پشتیوانی خەباتی بەشەكانی تری كوردستان بوو

یەكێك لەقۆناغە گرنگەكانی كاری قەلەندەرخانە هاوكات لەگەڵ پشتیوانی لەهەموو جوڵە و چالاكییەكی ئازادیخوازانەو مەدەنیانە، پشتیوانیی بەردەوامی بوو لەشۆڕشی رۆژئاوا و كۆبانێ، شەنگال، باكوری كوردستان و رۆژهەڵاتی كوردستان. ئەوەش قەلەندەرخانەی كردبووە سەكۆی دەنگی ئازادیخوازان و هاواری نەتەوەكەمان. بەختیار شێخ عوسمان وەك خۆی و هەم  بە ناوی قەلەندەرخانەوە بەشداریی لەهەموو چالاكی و گردبوونەوە و رێپێوان و خۆپیشاندانێكدا دەكرێت، كە بۆ پشتگیری لەخەباتی ئازادیخوازانەی كورد لەهەموو بەشەكانی كوردستاندا دەكرا.

هاوكارییەكانی سەردەمی كۆرۆنا

هاوكات لەگەڵ دروستبوونی قەیرانی دارایی و بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا لەكۆڕی قەلەندەرخانەدا لیژنەیەكی تایبەتی دڵسۆزی بۆ سەرپەرشتیكردنی هاوكاریی  كەسانی نیازمەند دروستكردبوو، كە لەو ماوەیەدا خۆنەویستانەو بەگرتنەبەری رێوشوێنی خۆپارێزیی دژ بەكۆرۆنا و مۆڵەتی سەردەمی كەرەنتینە هاوكارییان گەیاندە ژمارەیەكی بەرچاو لە هاووڵاتیانی نیازمەند.

قەلەندەرخانە بووە دەنگی دەستگیركراوانی بادینان

 لەكاتی دەستگیركردنی ناڕەوایانەی رۆژنامەنووسان، چالاكوانان و جیابیرانی بادیناندا، وێڕای ئەوەی قەلەندەرخانە ببوو بەدەنگ و هاواری ئازادیخوازانی بادینان، دەستیشیكرد بەهاوكاریكردنی رۆڵەكانی بادینان و بەشێك لەبنەماڵەكانیان و چەندین وەجبەی شیاوی هاوكاری لەقەلەندرخانەوە گەیشتە بادینان و بەوەش یەكێك لەگەورەترین پلانەكانی ناحەزانی ئازادی شكستیهێنا، چونكە دەیانخواست كەس دەستی بەبادینان نەگات و كەس نەبێتە هاواری بادینان و بادینان لەبێكەسی و بێ پشتیوانیدا بەتەواوی سەركوت بكەن، بەڵام كاك بەختیارو قەلەندەرخانە لەشكاندنی ئەم بەستەڵەكە دەستكردی دەسەڵاتەدا رۆڵێكی بێوێنەیان گێڕا.

هەتا ژیا بەخشندە بوو

هۆمەر محەمەد تووێژەری بواری ئەنفال و یەكێكی تر لەهاوڕێیانی نزیكی بەختیار شێخ عوسمان لەبارەی كەسایەتییەوە، وتی: «ژیا دەیبەخشی و جوانی كۆدەكردەوە، هەتا ژیا بەخشندەبوو».

هۆمەر محەمەد لەبارەی شكڵگرتنی كەسایەتیی بەختیار شێخ عوسمان و هۆكاری بەخشندەبوونەكەی دەڵێت، ساڵی ١٩٦٣و كاتێك بەختیار تەمەنی چوار ساڵ دەبێت باوكی لەحامیەكەی سلێمانی بۆ ماوەی سێ مانگ زیندانیكرا. كاتێكیش بەختیار تەمەنی بوو بە ٢٦ ساڵ، سەرداری برای لەگەڵ دوو هاوڕێیدا بەناوەكانی ئارام و هیوا لەلایەن ئەمنی سلێمانییەوە بەهۆی چالاكییەكانیان لە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەراندا دەستگیردەكرێن. هاوكات نەزیرە خانی دایكی سەردارو دایك و بنەماڵەی ئارام و هیواش دەستگیردەكرێن و دوای سێ مانگ دووردەخرێنەوە بۆ زیندانی سەماوە، بەڵام پێش ئەوەی دووربخرێنەوە لە ١٧ی ١٢ی ١٩٨٥دا سەردارو ئارام و هیوای هاوڕێی لەبەردەم ئامادەیی رۆشنبیری كوڕاندا گولـلەبارانكران.

بەختیار لەگەڵ سۆرانی شیخ محەمەد غەریبی هاوڕێیدا بەرنامەیەكی وردیان بەنهێنی داڕشت و زۆر ئازایانە نەزیرەخان و خانەوادەی شەهید خەباتی شێخ محەمەد غەریبیان لەسەماوەوە گەیاندەوە سلێمانی. هەر ئەوڕۆژە بۆ ئێوارەكەی بەختیار دایكی گەیاندەوە گوندی ئاوایی لەقەرەداغ و لەوێ هەواڵی گولـلەبارانكردنی (سەرداری كوڕی و هاوڕێكانی بیست)، بەختیار لەوبارەیەوە پێی وتم: دایكم دەگریاو لەخۆی دەدا ئێمەش تەكسیەكمان گرتبوو سایەقەكەی عەرەب بوو و وتی: ئەوەچییە بۆ وادەكات، منیش بۆئەوەی ئاشكرانەبین وتم هیچ نییە ئەوە دەمێكە تێكچووەو شێت بووە. بەعسییەكان هەربەوەندەشەوە نەوەستابوون، كە سەردار گولـلەباران بكەن و دایكیان نەفی بكەن بۆ زیندانێكی سەماوە، بەڵكو ماڵەكەیان تاڵان كردبوون و خانووەكەشیان لەسەركارێز تەخت كردبوون.

برینێكی تر

ئێوارەی ٢٣ی ئازاری ١٩٩١ هەروا ١٥-١٧ رۆژێك دوای راپەڕین، رێبوار عوسمان، برای بەختیار، كە ئەندازیارێكی هوشیارو زیرەك بوو، بەڵگەنامەیەكی دائیرەی ئەمنی سلێمانی دەكەوێتە دەست كەسیخوڕێك بەناوی ( مەریوان ح. س) وردو درشتی زانیارییەكانی كوشتنی (عەباس)ی داوەتە ئەمنی سلێمانی، عەباس مامۆستایەك بوو لەسانەوی رۆشنبیر سەر بەدەزگای ئەمن بووە.  جاسوسەكە (سەردار عوسمان، ئارام محەمەد كەریم و هیوا فایەقی) بەگرتن دابوو، كە لەكەرتێكی رێكخستنی كۆمەڵەی رەنجدەرانی سەر بەڕێكخراوی سلێمانی رێكخرابوون و بۆخۆشم هەر لەو كەرتەدا بووم، هەربۆیە دوای شەهیدبوونیان كەرتەكەمان ناونرا كەرتی رێكخستنی شەهید ئارام. مەریوان كە زانیبووی فایلی جاسوسییەكەی كەوتووەتە دەست خەڵكی راپەڕیو، لەهەوڵی ئەوەدابوو بەپەلە خۆی رزگاربكات و بچێتە دەرەوەی وڵات، رێبواری برای بەختیاریش سۆراغی مەریوانی كردبوو و چووبووە سەرماڵی مەریوان، بەڵام مەریوان خۆی تەسلیمی رێبوار نەكردبوو، بەپێچەوانەوە تەقەی لەڕێبوار كردبوو و شەهیدی كردبوو، دیسانەوە برینی (سەردار)و شەهیدەكانی بەردەم ئامادەیی رۆشنبیری نوێكردەوەو ماڵی شێخ عوسمان تازییەباربوونەوە. مەریوان دوای ماوەیەكی كورت دەستگیركرا و سزادرا.

بەردەوام پشتگیریی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوانی دەكرد

من لەساڵی ١٩٩١ دەستبەرداری كاری سیاسی و حزبی بووم و نامەی دەستلەكاركێشانەوەم دایە یەكێتی، بۆیە نازانم بەختیار هەتاكەی لەحزبایەتی بەردەوام بوو، بەڵام لەساڵی ٢٠٠٧ەوە دەیان هەڵوێستی ئازایانەم لە بەختیاری هاوڕێمەوە دیوە، بەتایبەتی لەسەر پشتگیریكردنی كەسوكاری شەهیدان بۆ ئەوەی كەلوپەل و پێداویستیەكانیان بەقست بەرن تووشی كێشە دەبوو، زۆرجار پێم دەگوت باشە تۆ ماندوو نەبووی لەم هەموو كێشەیە ؟ دەیگوت نا تائەو خەڵكە ناچارنەبێت بەقست كەلوپەل نابات و خۆی قەرزداری كۆمپانیا ناكات، زۆر لەو كەسانە نەیاندەتوانی لەكاتی خۆیدا قەرزەكانیان بدەنەوە. كێشەكانیان دەهاتەوە سەر بەختیاری جوانەمەرگ، هەشیان بوو ساختەكاری دەكرد، بیرمە كەسێك پارەیەكی زۆری كۆمپانیاكانی بردبوو، تەنانەت فێڵی لەبراكانی كردبوو، كەچی زۆر بەنەرمی لەگەڵیدا دەجوڵایەوەو هەرهەوڵی چارەسەری بۆ دەدا. كەم رۆژ هەبوو بەختیار كێشەی زیاد لەكەسوكارێكی شەهیدان و ئەنفالكراوانی نەگرتبێتە كۆڵ بەتایبەتیش كاتێك خزمەتگوزارییەكانی خانووبەرەو پێشینەی هاوسەرگیری و خەرجكردنی دەرمان وەستاو دەرماڵەی خوێندكارانی كوڕو كچی شەهیدان كەمكرایەوە، ئیتر بەردەوام تەلەفۆنی دەكرد بۆ ئەو هاوڕێ و دۆستانەی دەوڵەمەندبوون و بەخشندەبوون، ئیتر یەكێك پارەی دەرمانی نەبوو، یەكێك نەشتەرگەری دەكردو یەكێك كرێی خانوی بۆنەدەدراو هتد .. ئەمە جگەلەوەی دەیان كێشەی كارگێڕی كە لەتواناو دەسەڵاتی ئەمدا نەبوون، كە بەڕێوەبەری گشتی بوو و بەتەكلیفیش چارە نەدەكران.

كەسوكاری شەهید نابێت دەستی كەس ماچ بكەن

جارێكیان لەژوورەكەی دانیشتبووم، پیاوێك هات خاوەن پێداویستی تایبەت بوو، لەبەرئەوەی بەختیار قبوڵی نەدەكرد پرسگەو دەرگاوانی هەبێت، هەمیشە دەرگاكەی كراوە بوو، ئەو پیاوە لەودیو دەرگاكە دەنگی دەهات و جنێوی دەدا، هەرهاتە ژوورەوە بەختیار فریانەكەوت بڵێ فەرموو ئەو كیسەیەك دەرمان و دەرزی بەدەستەوە بوو، بەجنێوێكی قورسەوە زەرفە دەرمانەكەی گرتە بەختیار، كابرا هێشتا جنێوەكانی بەردەوام بوون ئەو لەسەر كورسیەكەی هەستاو دەستیكرد بەكۆكردنەوەی دەرزی و دەرمانەكانی و كابراش هەر جنێوی دەدا، ئینجا وتی : تۆڕاوەستێ بزانم بۆ واتوڕەی، كابرا هەرجنێوی ناشرینی دەدا، بەختیار وتی، دەتەوێ گوێت لێبگرم؟ ئەگەر بۆجنێودان هاتووی گوێ لەجنێو ناگرم؟ ئەگەر ئیشت هەیە فەرموو چونكە خەڵكی تریش وەك تۆ وەستاون و ئیشیان هەیە. ئەمەش چیرۆكێكی درێژە، بەڵام كابرا ئەوەندە هێمن بووەوە ژێوان بووەوەو پەلاماری دەستیدا ماچی بكات، بەختیار وتی نانا واز لەو ئەخلاقە بێنە دەستی كەس ماچ مەكە … كەسوكاری شەهید نابێت دەستی كەس ماچ بكەن … ئەمەو دەیان نموونەی ئاوای بەختیارم لایە.

نەیدەهێشت ئەوانەی هاوكارییان دەكات بەخۆیاندا بشكێنەوە

لەهەمووی جوانتر كاتی موچەوەرگرتن و كڕینی دیاری و بەخشینی هاوكارییەكانی بوو، ئەمە بۆ فلان نەخۆش و ئەوە بۆ فڵان كارگوزارو ئەوە بۆ فیسار دایكی شەهید .. هەموو جارێك كاك سەلامی بانگ دەكرد، كاك سەلام پیاوێكی زەحمەتكێشەو دەستگێڕە لەدەرەوە قوماشی جلی كوردی دەفرۆشێ‌، جاری وابوو هەتا سەری مانگ چوار قاتی بۆ دۆست و ناسیاوەكانی دەكڕی و هەندێكجار بۆشی بەدورین دەدان.. لەهەمووی جوانتر ئەو نەیدەهێشت ئەوانەی هاوكارییان دەكات بەخۆیاندا بشكێنەوە. 

دەروێشی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و دادپەروەری و جوانی بوو

ئەوە ئازایەتیەكەی شتێك نییە لەكەس شاراوەبێت ئەو كەساڵی ٢٠١٦ تووشی نەخۆشییە پسەكە بوو، هەموومان ترساین بەڵام ئەو بۆی نەلەرزی هەرچەندە زۆر زۆر خۆپارێزی دەكرد بەڵام هەرگیز لێی نەدەترسا، كاتێك دەمانگوت كاكە گیان وەختی فەحسێكت هاتووە، دەیگوت تۆ واز لەوەبێنە ئەم هەفتەیە كێ لەقەلەندەرخانە سیمینارمان بۆبكات ؟ نەیدەهێشت باسكردنی نەخۆشی ئەو ببێتە باسی سەرەكی، بەڵام كە زانیی ئیتر مەرگ نزیكبووەتەوە، كەوتە شەڕێكی دەستەویەخە هەتا ئەوكاتەش كە لەشی دەلەرزی، تارمایی مەرگ نەیترساندو دەستی نەلەرزی، لەوكاتەشدا هێشتا بەردەوام لەگروپی كۆڕی قەلەندەرخانە سەرپەرشتیی داهات و خەرجیی دەكرد، لەوكاتەدا كە لەشی دەلەرزی ئەو نەفسی هەر پڕبوو لەتەماحی كۆكردنەوەی جوانی، پێم شك نایات قەت رۆژێك زەلیلی نەفسی بووبێ، بەڵام ئەو دەروێشی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و دادپەروەری و جوانی بوو.. لەهەر كوێیەك ناشرینی هەبوایە بەگژیدا دەهاتەوە.

ماڵی ئازادی

بەختیار وێڕای ئەوەی ببووە كوڕە تاقانەكەی ماڵ، بەڵام هەرگیز نەسرەوت و هەموو تەمەنە ٦٤ ساڵیەكەی بۆ ئازادی و ئاشتی و دادپەروەری تەرخانكرد. ئەو رێگاو هەڵوێستانە باجیان قورس بوو و بەختیار باجەكەی دەدا. كاتێك لەساڵی ٢٠١٢دا لەسلێمانی تەقە لەماڵەكەی كراو لەشیوی قازی لەقەراخ ماڵەكەی سوتێنرا، نەك پاشگەزنەبووەوە لەهەڵوێستەكانی، بەڵكو ماڵە سوتاوەكەی شیوی قازیی ناونا ماڵی ئازادی و كردیە شوێنی كۆكردنەوەی ئازادیخوازان و وێنەی شەهیدانی قەڵەم سەردەشت عوسمان، سۆرانی مامە حەمە، كاوە گەرمیانی و ویدات حسێنی تیاداهەڵواسی و لەسەری نووسی «تا ستەم بمێنێت ئەم ماڵە چاك ناكرێتەوە»، بۆیە لەخۆڕا نەبوو خۆی و قەلەندەرخانەكەی و ماڵی ئازادیی بۆ ئازادیخوازان تەرخان كردبوو، چونكە ئەو قەلەندەری ئازادی بوو. 

لەمردن ناترسم

قەلەندەرەكان هەرگیز ناترسن، نە لەنەیارەكانیان و نە لەمەرگ. بەختیار شێخ عوسمان لەم چەند مانگەی كۆتایی تەمەنیداو پێش ئەوەی شەممە ١١ی ٢ی ٢٠٢٣ دوا ماڵئاوایمان لێبكات، گوێی لەوەسیەتەكەی پیرەمێرد دەگرت و ئێمەش بەدەم رێزەوە گوێمان لێدەگرت، كە لەسەرەتایدا دەیوت، ئەمجارە دەمرم، لەمردن ناترسم، ژیانێكی باش و عومرێكی درێژم رابوورد… هتد.

هەروەها ئەم بەیتەی پیرەمێردی لەگەڵ وێنەیەكی پیرەمێرددا لەچوارچێوەیەكی جواندا لەناو كتێبخانەكەی قەلەندەرخانەدا دانابوو.

رەنجەڕۆیی من ببینن، خانوم لە رەهەنی پارەی كاغەزو حروفاتی مەتبەعەدایە،

بەرگیشم كۆنەپۆشیی خێرەومەندانە، لەناو جەرگیشم بنێرن بووە بەخومخانە

هاوشێوە