رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

داربڕینەوە، بڕینەوەی داهاتووە!

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: ڕێبوار سیوەیلی

1. ماوەیەكە هەواڵی بڕینەوەی دارەكان لە هەرێمی كوردستان بەرگوێ دەكەوێت. ئەمە كێشەیەكی نەك هەر ئێستایی، بگرە داهاتووییشە و پێویستە بەرلەهەمووان حوكوومەت و هێزەكان لە دژی بوەستنەوە و ئەوانەی ئەمكارە دەكەن، بە سزا بگەیەنن. یان ئەوەتا دەبێت گومان لە حوكوومەت و هێزەكانیش بكەین كە ئاخۆ لەبەرامبەر كام بڕە پارەیەی توركیا و ئێراندا ئەم ئەركە جێ بەجێ دەكەن. چونكە ئەم كردەوە قێزەونە هەمان هەڵمەتی قەڵاچۆی پەلەوەرەكانی چەند ساڵێك لەمەوپێشمان بیر دەخاتەوە، كە دیسانەوە لەبەرامبەر گووژمەیەك پارەدا، خەڵكیان هاندا بۆ قەڵاچۆ و ئەنفالكردنی پەلەوەرەكانی هەرێم و كردنەوەی بازاڕ بۆ مریشكە تۆپاوەكانی توركیا و دووگی ئێران.

2. كاتی خۆی عەلی كیمیاوی جوێنی بە تەماتە و خەیاری كوردستان دەدا و ئیستاش توركیای فاشیست قینی لە درەختەكانی كوردستانە چونكە باش دەزانیت ئەم درەختانە داهاتووی ئەم نەتەوەیەیان پێوە بەندە. لەوەش فاشیانەتر ئەوەیە، كە كورد خۆی بێت و دەستی بچێتە داهاتووی خۆی لە ڕێگەی بڕینەوەی درەختەكانی كوردستانەوە.

3. بڕینەوەی هەر دارێك، بڕینەوەی پەیوەندییەكی ڕیشەییە بەم خاك و وڵاتەوە. بەڵام بڕینەوەی پەیوەندییشە بە داهاتووەوە، چونكە لەگەڵ بڕینەوەی هەر درەختێكدا هەناسە لە مرۆڤێكیش دەبڕیت كە پێویستی بە ژیانە. بۆیە هووشیاریی ژینگەیی ئەمڕۆ شەڕی گەورە لە سەر درەختەكان دەكات وەك بەشێك لە دابینكەری ژیان لە داهاتوودا. ئەمڕۆ سیاسەتی ژینگەیی جیهان بەوەدا ڕێز لە دەسەڵاتەكان دەگرێت، كە چەندە ڕێز لە ژینگە دەگرن.

4. بۆ ئێمەی كورد لە كۆنەوە، لە سەرەتای سەرەتاوە، لە سفری ژیانەوە، ژینگە دایكمان بووە. ئێمە لە باوەشی ژینگەدا وشەكانی وەك ژن و ژیان و زان و ژینوار و زێ و زادمان داڕشتووە و زمانمان پێیان پژاوە. ئەوەتا لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان خەڵك خوێنی خۆی بۆ ئەمانە دەڕێژێت. بۆیە بڕینەوەی هەر درەختێك بڕینەوەی ئەخلاقی پەیوەندییە بە ژینگە و ژیانەوە. بڕینەوەی پەیوەندیی زمانیشە بە ژیانەوە. ئەوەش كارەساتە مەگەر تەنیا جەهل بەرهەمی بهێنیت.

5. كاتی ئەوەمان نییە ئەم بابەتەش بخەینە “گفتوگۆیەكی دیموكراسیانە”وە، یان بیكەینە بابەتی میدیاكان و مشتومڕی ڕۆشنبیر و گەورە بیرمەندانی وڵات و بیكەنە قوربانیی زیادكردنی لایكەكانی سۆشیال میدیا. یەك كات لەبەردەستدایە: تەورەكان و مشارە كارەباییەكان لە دەستی داربڕەكان بستێنینەوەو سزایەكی تووندیان بدرێت لەسەر ئەو تاوانەی كردوویانە. دیموكراسییەتی گفتوگۆیی لەم بابەتەدا خۆگێلكردن و نیشانەی بەشدارییە لە تاوانەكەدا تا ئەو كاتەی ئێمە بە گفتوگۆ “جوانەكانمانەوە” بەفیڕۆی دەدەین، داربڕەكان بەكاوە خۆ لە بڕینەوەی داهاتوودا بەردەوام بن. دواییش بە سوڵحیكی عەشایەری لێیان خۆش دەبین.

6. ئێوە كە بۆ ژینگەی ئەم وڵاتە جگە لە پڕكردنی شارەكان لە دار خورمای زڕ، شتێكی ئەوتۆتان نەكردووە، شەرمە لە شاری حاجی قادر و لە دهۆكی دەلال، دەست بە بڕینەوەی داهاتوو دەكەن. هیچ پاساویكی خودایی و زانستی و ئەقڵی بۆ بڕینەوەی داهاتوو نییە. درەختەكان موڵكی گشتین وەك ئەو هەناسەیەی هەڵیدەمژین. دەزانم ئەگەر هەوای كوردستان پارەی كردبا، ئێستا نەوتفرۆشەكان كۆمپانیای هەوافرۆشیان دادەهێنا. بەڵام ئەوەتا لە درەختەكانەوە دەستیان پێكردووە.

7. هیوادارم هەرچی بە میدیاكار، مامۆستایانی ئایینی و دۆستانی سۆشیال میدیا و ژینگەپارێزان و خێرخواز و باوەڕداران دەكرێت، بیكەن؛ بۆ ئەوەی ئەم مەسەلەیە ببێتە كێشەیەكی هەنووكەیی و گوشار لەسەر دەسەڵات دروستبكەن بۆ سنوورداركردنی ئەم تاوانە گەورەیە.

ئادەی ڕێزدار سەرۆكی حوكوومەت، بتبینم چی دەكەیت!

هاوشێوە