رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

دۆخـــی ژینگـــەمان لـــەبـــەردەم دوو مەتــرسی گەورەدایە

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: سبحان حسێن

یــەکــەم:پیسبوونێکی مەترسیدار .

دووەم:نەبوونی چاودێری ژینگەیی هەمەلایەنە.

لەماوەی ڕابردوودا لەگەڵ ڕێکخراوی ئازادبوون بەچەند قۆناغێک بەشداربووین لە خستنەڕووی ڕەوشی ژینگەی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە لە چۆارچێوەی پڕۆژەیەکی گشتگیردا،کە کۆتایی پڕۆژەکە بە کۆنفڕانسێکی تایبەت و ئەنجامدانی چەند توێژینەوەو بەدواداچونێکی زانستی کۆتایی بەکارەکانی هێنا، ئەوەی جێ سەرنجە لەماوەیەدا و لە داتاو زانیاریەکاندا کۆمەڵێک ئاماری مەترسیدار تایبەت بە دۆخی ژینگەو تەندرووستی خرانە ڕوو کە ئاماژەیەکی مەترسیداروون بە نسبەت ژینگەی ئەم دووپارێزگایە بەتایبەت سلێمانی، کە نیشانەی ئەوەبوون کە ژینگەی ئەم شارە لەهەموو سێکتەرە جیاوازەکانی ژینگەوە هەڕەشەو مەترسی گەورەی لەسەرە بەجۆرێک کە دکتۆرێکی نەخۆشخانەی هیواو بەشدار لە کۆنفڕانسەکە ئاماژەی بەوەدا لە مانگێکدا نزیکەی 100 بۆ 150 کەس داغڵی نەخۆشخانەی هیوا دەکرێن کە توشبووی نەخۆشی شێرپەنجەن و بەشێکیان ئەو جۆرەی نەخۆشیە کەسەرچاوەی سەرەکی لێ پیس بوونی هەوایە بەتایبەت نەخۆشەکانی کۆئەندامی هەناسە. لەکۆنفڕانسەکەدا گرنگترین هۆکارو سەرچاوەکانی پیس بوونی ژینگەی ئەم دوو پارێزگایە خرایە ڕوو لەچەند تەوەرەیەکدا.

یەکەم/ بەڕێوەبردنی پاشماوەکان لەشاری سلێمانی و هەڵەجەو بەهەردوو ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕینەوەو لە ئاستێکی زۆر لاوازدایە و هیچ کارگەیەکی پێشکەوتوو تایبەت بەبواری ڕیسایکڵین بوونی نیە، ئەوەی هەیە لەپارێزگای سلێمانی کارگەیەک بەناوی ڕیسایکڵین کەئەویش چەند ساڵە تەواو بووەو هێشتا بەهۆی کەمتەرخەمی لایەنە پەیوەندیدار دەست بەکاربوونی بۆنەکراوە، هەرچەند لەڕووی زانستیشەوە ئەم کارگەیە ڕیسایکڵ نیە، بەنسبەت پارێزگای هەڵەبجەش پڕۆژەیەکی تەواونەکراو هەیە،کەپاش تەواوبوونی تەنها بۆ سێ ساڵ توانای داپۆشینی پاشماوەکانی هەیە و کەئەمەش خراپترین جۆری بەڕێوەبردنی ژینگەیە، لەگەڵ ئەوەشدا بەداخەوە جۆرێکی ترسناکی پاشماوەمان هەیە کە پاشماوەی نەخۆشخانەکانە ئەویش بەناتەواوی چارەسەردەکرێت و بەشێکی زۆریشی تێکەڵ بە پاشەڕۆی گشتی شارەوانیەکان دەکرێت و فڕێ دەدرێنە ناو خاکەوە.

دووەم:بەڕێوەبردنی پاشماوەی شل و ئاوەڕۆی گشتی شارەکان و پڕۆژەکان و نەخۆشخانەو دامەزراوە زانستیەکان کە تائێستا بەداخەوە هیچ بەرنامەیەکی گشتگیربوونی نیە بۆ چارەسەکردن و سوود وەرگرتن لەم ئاوە پیسەو بەکارهێنانەوەی ،کەئەمە جگە لەوەی سەرچاوەیە بۆ پیس بوونی سەرچاوە ئاوییەکان بەڵکو لەبەردەم زۆربەی دەرچەی ئەم ئاوەڕۆیانە لەشارەکان سەوزەوات دەکرێت و پاشان ئەم بەرهەمانە دێتەوە ناوشارەکان خەڵکی دەیان خۆن و کەسەرچاوەی سەرەکی توش بوونی چەندین نەخۆشی ترسناکن، کە بەداخەوە نەخۆشخانەی هیوا لەگەڵ ئەوەی هیوایەکە بۆژیان لەهەمان کاتتدا ئاوەڕۆی ئەم نەخۆشخانەیە دەڕژێتە ناو ئاوەڕۆی گشتی.

هەروەها بونی زۆی ژمارەی ئۆتۆمبێل و مۆلیدەی کارەبایی ونەبوونی سەوزایی پێویست و مەترسی لەسەر دارستانەکان و پیس بوونی ژینگەی بینین و بیستن و مەترسی سەر ئاژەڵ و باڵندەی کێوی و نەبوونی سەلامەتی پیشەیی لەکار و پابەند نەبوونی کارگەکان بە یاساو ڕێنمایە ژینگەیەکان و نەبوونی کوالیتی کۆنتڕۆڵی باش لە سنورەکان و مەترسی پەینە کیمیایەکان و چەندین لایەنی تری ژینگەیی مەترسی گەورەیان هەیە لەسەر ژینگەی ئەم شارەو پشت گوێ خراون.

بەگشتی کۆی ڕەگەزەکانی ژینگە لەژێر مەترسی زۆر گەورەدان کەچەندین ڕۆژو کاتی پێویستە بۆ ئاوەی باس لەم کێشەو گرفتانە بکرێن و چارەسەرەکان بخرێنە ڕوو.

یەکێکی تر لە گەورەترین کێشەکانی بۆ دۆخی ژینگەی ئەم دوو پارێزگایەوئیدارە سەربەخۆکان وبەگشتی هەرێمی کوردستان نەبوونی چاودێری ژینگەیی و گرنگی وبایەخی ژینگەو پاراستنیەتی لەلای هەموودامو دەزگاکانی حکومەت، کە ئەم هۆکارانەی پیس بوونی ژینگەی ئەم شارە بەهۆی کەمتەرخەمی تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکانە بەنسبەت ژینگەوە کە بەداخەوە نەبووەتە جێ بایەخی ئەم لایەنانە و کار نەکراوە بۆ پاراستن و ڕێگری کردن لەپیس بوونی ژینگەی ئەم پارێزگایە.

لەبەرئەوە پێویستە بەجدی ئاوڕ لەم بابەتە ژینگەییانە بدرێتەوەو چی دیکە هیچ کەسێک مافی فریودان وقسەی ناڕاست و نازانستی نەبێت و بانگەی باشترین ڕەوشی ژینگەو بەرواردکاری نەبێ لەنێوان پارێزگاکان، بەهەموو پێوەرەکان ژینگەی هیچ پارێزگایەکمان سەلامەت نیە و لەهەموو گرفتەکان هەموومان هاوبەشین و لەکەمتەرخەمیەکانیش لەسەرەوە بۆ خوارەوە لێ بەرپرسن.

#پێکەوە_دەتوانین_ژینگە_و_ژیانمان_بپارێزین

#ژینگە_ژیانە

لە چوارچێوەی پڕۆژەی(چاودێڕی و خستنەڕووی ڕەوشی ژینگە و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و بنیادنانی تواناکان) کەمپینێکی میدیای پرۆژەکە، کۆمەڵێک کار بە پاڵپشتی رۆژنامەنووسان و ژینگە پارێزان و ناوەندەکانی راگەیاندن بەرهەم دەهێنیت، ژینگە پارێز (سبحان حسێن) ئەم وتارەی بۆ کەمپینەکە ئامادەکردووە.

ئەم پرۆژەیە، لەلایەن رێکخراوی پردێک بۆ- UPP جێبەجێ دەکرێت، بەهاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی ئازادبوون، بە پاڵپشتی دارایی یەکێتی ئەوروپا لە رێگەی UNDP و پرۆژەی .“HIWAR”,

هاوشێوە