رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

سیاسەت لە کوردستان ئەبێ مانا ڕاستەقینەکەی بۆ بگێڕدرێتەوە

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: شارۆ شاھۆ

لەڕاستیدا کاتێک گوزەر دەکەین بەناو ئەم ئەزمونەی کە ھەیە و سیاسیەکانی باشور بانگەشەی بۆدەکەن ڕەنگە ئەستەم بێت ھەڵگری پەیام و بنەما ڕاستیەکانی سیاسەت بێت. کاتێک بەرۆکی ھەرکەسێک دەگرین لە وەسفی سیاسیەکاندا دەستبەجێ باس باسی لە ھێزی سەربازی و ڕادەی بوونی دەسەڵات دەکرێت بەسەر سامانی نەوتدا. لەکاتێکدا ھەریەکێک لەم سیاسیانە خاوەن پڕۆگرامێکی ڕوون و پراکتیکی نین لە واقعدا. ھاوکات ئەستەمە ئەوە لە پڕۆگرامی پارتە سیاسیەکاندا ئەوە بدۆزینەوە کە ھەر بەڕاستی دەتوانن لە کایەی گشتیدا بەرجستەی ئەو جۆرە لە دیسکۆرس- وتاری سیاسی بین کە دواجار بەرگری لە کۆمەڵانی خەڵک بکەن؟ لەبەرامبەر کۆی ئەو گۆڕانکاریانەی کە لەسەر ئاستی جیھاندا ڕووئەدەن بەنموونەی دیاردەی پیسبوونی ژینگە، گۆڕانکاری لە فۆڕمی خێزان و ئاڵانگاریکانی بەردەم نەوەی نوێ. ئەوەی ئێمە لە فەزای سیاسی عێراق و کوردستاندا تێبینی دەکەین نەبوونی ستراتیجێتکی نەتەوایەتیە لە پاراستنی تەواوی بەرژەوەندیەکاندا. ئەوەی زیاتر بەدی دەکرێت دەرکەوتنی گروپ و کارتێلاتی بچوکن کە ھەر یەکێکیان قۆرخی سێکتەرێکیان کردووە. مەترسی ئەم قۆرخکاریەش ڕۆژ بە ڕۆژ دەرئەنجامە مەترسیدارەکانی لە دەرکەوتندان. بەتایبەت لە پرسەکانی پەیوەست بە گەشەی ژێرخانی ئابووری و بازاڕەوە.

سیاسەکانمان لەبری ئەوەی متمانەی بگێڕنەوە بۆ کایەی سیاسەت، زیاتر ھاونیشتیمانیان نائومێد ئەکەن لەوەی کە ھەر بەڕاستی کایەی سیاسەت جگە لە کەڵەکەکردنی سەرمایە و پاراستنی بەرژەوەندیەکان ھیچی دی نیە. بۆیە کاتێک سەیری ئامارەکانی بەشداری دەکەین لە پرۆسەی دەنگدان ساڵ بەساڵ پاشەکشێی دەبینین کە ئەمەش ھۆکارێکە کە ھاوڵاتیان کەم بایەخانە تەماشایی کۆی پرۆسەی دیموکراسی بکەن. ئەفزەلیەتی زیاتر بدەن بە فیدراسیۆنە خێڵەکان و بزاوتە ئاینیە فێندەمێنتاڵەکان. ئامانج لەم بایەخدانەش، فەراھەمکردنی جۆرێک لە گرنتی کۆمەڵایەتیە لەبەرامبەر دەسەڵاتێک کە ھاونیشتیمانیان زیاتر بە مەترسی دەبینن تاکو فریادڕەس بەرەو ئاسۆیەکی ڕۆشن.

ئەرکی ھاونیشتیمانیان و ڕۆشنبیرانە کە میتۆدێکی نوێ بۆ پیادەکردنی سیاسەت بدۆزنەوە، برەو بدەن بە مۆراڵی سیاس لەناو دامەزراوە مەعریفی و حکومیەکاندا. ھەموان داوایی یەکسانی دەکەین بەڵام بەبێ ئەوەی لە ئاستی فەردی کاری لەسەر بکەین و کارایی بکەین لە فەزای گشتیدا تاکو پرادایمێکی نوێ دروست ببێت کە ھاوتەریب بێت لەگەڵ گۆڕانکاریە ناوخۆی و جیھانیەکاندا. پاشان گرنگە ئەو زھنێتە لەناو تاکەکاندا دروستبکرێت لەلایەن دامەزراوە پەروەردەی و میدیای و سیاسیەکانەوە، کە تاک بۆ پرۆگرامی چاکسازی و گەشەپێدان ئاراستەی وەلائی سیاسی خۆی بکات بۆ پارتە سیاسیەکان نەوەکو لەسەر بنەمای بەرژەوەندی زۆرکەسی کە وەک ئێستا ڕووئەدات تاک بۆیە دەنگ ئەدات تاکو دابمەزرێت لەناو دامەزراوەیەکی فەرمیدا نەوەک چاکسازی ڕووبدات لەناوھەناوی سیستەمدا. وەک ئاشکراشە لە ئێستادا پرۆسەی دامەزراندن زیاتر لەناو دامەزراوە سەربازیەکاندا زیاترە تاکو دامەزراوەی مەدەنیەکان، ئەمەش بێگومان دەرئەنجامەکەی دروستبوونی دەوڵەتی پۆلیسە کە لە ئێستا و ڕابردووشدا ھۆشداری جدی دراوە بە دەسەڵات کە ئەم پرۆسەی بە “چەکدارکردنی تاک” بەناوی کارکردن لەناو سێکتەری سەربازیدا دەبێتە ھۆکارێک بۆ برەودان بە بیری توندوتیژی و یەکلاکردنەوەی ململانێکان بە چەک تاکو بە دیالۆگ.

بۆیە دواجار ئەوەی گرنگە لەکۆتایدا تیشکی بخەینەسەر شکۆ بۆ چەمکی سیاسەت بگێڕدرێتەوە و بەرگری لە کۆمەڵگا بکرێت. ضمێژووش شایەتی بۆ ئەو فاکتە ئەدات: کاتێک کە ئیرادەی کۆمەڵگا بەھێزبوو دەسەڵات ناتوانێت بەئاسانی ئاڕاستەی بکات لەناو بەرژەوەندیەکانی خۆیدا و ئەم ستەمەی لێ بەرھەمبێت کە ئیمڕۆ دەیبینین کە جۆرە بارودۆخێکی دەستەوەستان بوونی دروستکردووە بۆ گۆڕانکاری.

هاوشێوە