رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

بە هۆمۆساکەرکردنی کورد و ڕەوایەتی دانی دەسەڵاتی کوردیی بە ئەویتر

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: هادی مەلایی

   ئاگامبێن بەم شێوە پێناسەی هۆمۆساکەر [ homo sacer ] دەکات : دەشێت بکوژرێت و لەگەڵ ئەوەشدا نابێتە قوربانی[1]، با بپرسین هۆمۆساکەر چیە؟  هۆمۆ ساکەر یان کەسی پیرۆز دەتوانرێت بکوژرێت و هیچ لێپیچینەوەیەک لەگەڵ کەسی بکوژدا نەکرێت، بەو مانا کە ئەم بوونەوەرە هێشتا وەها بەهایەکی نیە، دەسەڵات سزای کەسی بکوژ بدات. ئاگامبێن ئاماژە بەوە دەکات کە لە جیهانی کۆن و نوێدا و لە یاسای رۆمانی کۆندا ئەمە بەرچاو دەکەوێت، لە یاسای ڕۆمانی کۆندا یاساکان بۆ هەموو کەس وەک و یەک نەبوون، هاوڵاتیە ڕۆمانیەکان یاسای تایبەتی خۆیان هەبوو، ئەو هاوڵاتیانەی کە لە بنەڕەتەوە ڕۆمانی نەبوون، بەڵکو لە ژێر ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی دابوون بە هەمان شێوەی ڕۆمانیەکان بە یەک یاسا مامەڵەیان لەگەڵ نەدەکرا و یاساکان جیاواز بوون. ئیمپراتۆریەتی ڕۆمای ئەوسا خاوەن یەک یاسا نەبوو، بەڵکو خاوەن چەند یاسایەک بوو، بۆ ئەو گەلانەی هێشتا لە بەربەریەت دابوون و تێنەپەڕیبوون بە هەمان یاسای هاوڵاتی ڕۆمانی مامەڵەیان لەگەڵ نەدەکرا، یاسای دیکە لە ئارادا بوون بۆ دادگایکردنیان.

       ئەمە بە تەنها لە لایەن دیکتاتۆرەکانەوە ناکرێت، دەشێت [ پارت، دەوڵەت، ئاین، یاسا ] هەستێت بەم کارە یان ڕەوایەتی پێبدات، خوێنی هۆمۆساکەر هیج سزایەکی لەسەر نیە، هەروەها  بەندکردن و قڕکردنی جولەکەکان لەلایەن نازیەکانەوە لە سەدەی ڕابردوودا و پەلکێشکردنیان بۆ کەمپەکان و چاوەروانیان لە نۆرەی مەرگدا. ئەم ڕووداوە جەرگبڕەی زاخۆ [ کوشتنی گەشتیارانی عەرەب لە لایەن فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیاوە ] و گێڕانەوەی تەرمی قوربانیەکان لە وەها ڕێوڕسمێکدا و بە ئامادەبوونی [ دەسەڵاتی کوردی ]دەشێت چی لێ بخوێنرێتەوە بۆ ئێمە؟ هەروەها کوشتنی تاکی کورد و بێ هیچ لێ پێچینەوەیەک لە لایەن داگیرکەرانەوە چ خوێندنەوەیەکی بۆ دەکرێت ؟

ئەرێ ئێمەش هۆمۆساکەر نین و نەمان زانیوە!

   وەک ‘سلاڤۆی ژیژەک’ لە {بەخێربێن بۆ بیابانی ڕێاڵ} ئاماژە پێدەکات لە جەنگی تیرۆردا لە دوای ڕووداوەکانی یازدەی سێپتەمبەر بە تەواوی  لە سیاسەتی ڕۆژ ئاوادا بەرچاو دەکەوێت، چۆن دەڕوانێتە سەربازانی تاڵیبان و قاعیدە. ئەم سەربازانە وەک  شەڕکەری نایاسای دەناسێنێت کە خەریکن بەرانبەر هێزی نەزمی جیهانی دەوەستنەوە، بە جۆرێ کە وڵامدانەوەی گولە بە گولەی سووپای ئەمریکا لە لایەن گرووپە تیرۆرستیەکان کارێکی بە دەر لە یاسا و دژی ئاشتی جیهانیە، بەڵام بۆردوومانکردنی ئەوان لە لایەن سووپای هاوپەیمانان و ئەمریکاوە بەرگریەکی ڕاستەوخۆیە لە خاکی ئەمەریکاو دوورخستنەوەی مەترسیە لە ئەمریکا. ئەم سیاسەتە هەر لەڕۆژ ئاوا نامێنێتەوە درێژ دەبێتەوە و دەبێتە بنەمای هەر هێرشێکی هێزە ڕووخێنەرەکان لە ڕۆژهەڵاتدا و رۆژهەڵاتی ناوین بە تایبەتی. دواجار لە نێوان ئەمانیشدا هۆمۆساکەرەکان دەکوژرێن و هیچ { یاسا، دابێک، پڕەنسیپی دینی، ڕێکخراوێکی جیهانی، یاسای نێونەتەوەی } لە گەڵ ئەوەشدا ئەو کیانە سەربەخۆیەی (هەرێمی کوردستان) کە لە بنەڕەتەوە ئەرکی بە دەنگەوە هاتنی ئەم پرسەی لە ئەستۆدایە بێدەنگی هەڵدەبژێرێت، لە هەندێ کاتیشدا بە بیانوی چەکدارنی نا ئاسای لە چیاکانی دەوروبەر ڕەوایەتی دەدەن بە کردەکانی [ ئەویتر ]. ئەمە ناساندێکی کورت و سەرەتای چەمکی [هۆمۆساکەر] ی ئاگامبێن بوو، پەیوەست بە ڕووداوەکانی ئەم دوایەیی هەرێمی کوردستان و چڕکردنەوەی هێرشەکانی تورکیا  بۆ چیاکانی هەرێمی کوردستان و بۆردوومانکردنی ناوچە گەشتیاریەکانی دووروبەرەی پارێزگاکان، بۆردومانکردنی ژینگە و سامانی  هاوڵاتیانی مەدەنی و کردنە ئامانجی هاوڵاتیانی سڤیل، بێ گوێدانە ڕەچاوکردنی هیچ پڕەنسیپێکی جەنگ و ئیتیکی جەنگاوەری. تا ئێرە بۆ  ئێمە ڕوونە و دەمێکە بەبەرچاوی ئێمەوە دەیان هاوڵاتی مەدەنی و مندڵ بوونە قوربانی بۆردوومانەکان، ئەمەی کە بۆ من بۆتە جێگەی پرسیار و واق وڕمان، چی وا لە ئێمە دەکات [ دەسەڵاتی کوردی ] خوێنی گەشیارانی عەرەبی بەلاوە بە بەهاتر بێت لە هاوڵاتیانی هەرێم، ئەرێ ئەگەر وانیە بۆچی سەدان هاوڵاتی و  منداڵ  بوونە قوربانی باوەشی دەسەڵاتی کوردی لە کوێ بوو بۆ منداڵانی نیشتمان؟  

     دەشێت بۆ گەڕان بۆ وڵامی وەها پرسیارێک بتوانین لە چەند سۆنگەیەکەوە وڵامبدەینەوە، هەوڵی شرۆڤەو خوێندنەوەیەک بۆ ئەو ئەکتەی سەرۆکی هەرێم  بکەین. لە داگیرکردنی هەر نەتەوەیەکدا وڵاتی داگیرکەر کاریگەری { ئەرێنی و نەرێنی} بەسەر گەلی داگیراکراوە بە جێ دێڵێت و ئەمە لە زۆربەی ئەو گەلانە دا ڕەنگی داوەتەوە، کوردیش بێ بەری نیە لە مە لە چەندان ڕوانگەوە کاریگەریان جێ هێشت هەتا لە کارمەندێکی هێزە ئەمنیەکان [ پۆلیس ] ….هتد ڕەنگدانەوەی هەبوە ئەوندە وەک دامەزراوەیەکی فاشتی و بەعس ئاسا مامەڵەیان لەگەڵ هاوڵاتی و تۆمەتبار، تاوانبار  کردوە، ‌هێند وەک پۆلیسێکی هەرێمی دیموکرات و لیبیڕاڵ مامەڵەیان نە کردوە، دەشێ بڵێن ئەمە چ پەیوەندیەکی بە دەسەڵاتی کوردی و بەعس و هێزی ئەمنیەوە هەیە؟  بۆ ئێمەی کورد ئەمە ئاشکرایە کە بەعس  چ مامەڵەیەکی خراپی بەرانبەر بە کورد هەبوە، ڕژێمی بەعس ڕژێمێکی تەواو سادیست بوو، سادیست بەو کەسە دەگوترێت کە حەز لە ئازاردانی کەسانی دیکە بکات. لە کەسی یەکەمی حیزبەکەیەوە ئەم سادیستبوونە شۆڕش بۆتەوە بۆ ئەندامانی دیکەی حیزب و سەربازانی عێراقی. سادیس هەمیشە دەگەڕێت بۆ ئۆبێکتێک تا ڕەمەکە شەڕانگێزیەکانی تێدا خاڵی بکاتەوە ئەو ئۆبێکتەش پێ دەگوترێت مازۆشی. دوای پڕۆسەی سەربەخۆی  هەرێمی کوردستان  دامەزراندنی حکومەتی هەرێم، تا چەند داموودەزگاکانی هەرێم مامەڵەیەکی دێموکراتانەی لەگەڵ هاوڵاتی کوردا کردوە، لە دیدی منەوە بەعس بە تەواوی کاریگەری لەسەر  کورد جێهێشتوە کە خۆی هەمیشە وەک تاکێکی بێ بەهاو هۆمۆساکەر ئاسا ببینێت، بەو ئاکتەی دەسەڵاتدارانی کورد ئەوندەی دیکە کاریگەریی ڕژێمی فاشیستی دەرخستەوە لەسەر کۆمەڵ و تاکی کوردی. یاخود هۆکاری دیکە هەیەو ڕەوایەتی دان بە کوشتن [ هەڵبژاردنی بێدەنگی ] هۆکاری دیکەی هەیە!

جیاوازی چیە لە نێوان هاوڵاتی مەدەنی و چەکداری نا ئاسای لە دیدی داگیرکەرەوە؟

    ئەمە بۆ هەموومان ڕوونە کە هاوڵاتی مەدەنی چیە، چەکداری نا ئاسایش چیە. ئەمەی کە ڕوون نیە لە دیدی داگیرکەر و دەسەڵاتدارانی جیهان  و ناوچەکە چ جیاوازیەک دەکرێت لە نێوان هاوڵاتی و چەکداران، ئایە ئەم هاوڵاتیانە تا چ ڕادەیەک ژیانیان پارێزراوە؟ داگیرکەر خوێنی کامیان بە حەڵاڵ و کامیان بە حەرام دەزانێت؟ ئایە بە دەرنانی مرۆڤ لە فەزای سیاسی و دواجار گۆشکردنیان لەبەندینخانەکاندا چ لێکەوتێکی دیکەی دەبێت جگە لە یاخیبونێک بە چیاکانەوە. بۆ ئێمە [ کوردانی باشوور ] و هەموو ئەو لایەنانەی ڕەوایەتی دەدەن بە کردەی داگیرکەری و ڕشتنی خوێنی کورد ،یادکردنەوەی هەڵگریساندنی شۆڕش دژی ڕژێمی فاشیستی بەعس، یارمەتی دەرێکی باش دەبێت بۆ وڵامدانەوە و ڕوون بوونەوەی ڵێڵی دۆخی هەنووکە. برینە ساڕێژ نەبوەکانی گەلی کورد کەمنین لە هەڵگریسانی شۆڕشەوە تا ئەو چرکەساتەش  مرۆڤانێک هەن ئازار دەچێژن { ڕاگواستن، ئاوارەبوون، ئەنفالکردن } تەختکردنی دەیان گوند و شار لە لایەن ڕژێمی ئەو ساوە. لە هەموو ئەو ڕووداوەنەدا زەرەرمەند سەرەکی بێگومان خەڵکی سڤیل بوون. ئەمە زۆر ڕوونە لە پڕۆسەی ئەنفالدا چەند هەزار کەسی بێتاوان بوونە قوربانی. چەندان منداڵ لە دایک و باوکی خۆیان هەڵبران، بە ناچاری لە دووری دایک و باوکیان ژیان دەکەن. ئەو سیاسەتەی ڕژێم پیادەی دەکرد زۆر بە ڕوونی ئەمە بوو [ کوردانی باشوور هۆمۆساکەرن ]، بە بڕیارێکی سیاسی پڕۆسەی ئەنفال چەندان ناوچەی کوردی گرتەوە، هەزاران کەس بوونە قوربانی ئەم پڕۆسە نەگریسە، ڕژێم هیچ بە هایەکی بۆ خوێنی ئەم قوربانیانە دانەدەنا ناچار دەکران بە مەرگ، بۆ ڕژێم جیاوازیەکی ئەو تۆ نەبوو لە نێوان هاوڵاتی مەدەنی و شۆڕشگێڕەکاندا. شۆڕشگێرانی ئەو سەردەمە بە [ تێکدەر ] ناو زەند دەکران، گەرچی لە بنەڕەتەوە خوێنی هەردوکیان بۆ ڕژێم هەمان شت بوو.

     بەم بیرهێنانەوە ڕابردوو دەشێت تێبگەین هیچ ڕژێمێکی داگیرکەرو خۆسەپێن بەها بۆ میلەتی داگیرکراو دانانێت و لە هەمان کاتدا بە [ ئۆبجێکت ] ی خۆی دەزانێت، ئەی ئێستا لەو سەردەمەدا دوای هەموو ئەو ڕووداوانەی بەسەر گەلی کوردا هاتووە بە تایبەت لەو سەردەمەدا بە هۆی شۆڕشەکانی سەدەی ڕابردوو و ناوزەندکردنی شۆڕشگیڕان بە تێکدەر لەلایەن ڕژێمەوە. بۆچی دەسەڵاتی سیاسی هەرێم نەیتوانیوە بە خوێندنەوەیەکی قووڵ بۆ ڕابردووی خۆی، گەڕانەوە بۆ مێژوو  دیدگایەکی دیکەی هەبێت لەسەرهاوڵاتیانی هەرێم؟ ئایە ئەمە بەسە نیە بۆ دەسەڵادارانی هەرێم کە ڕۆژانە دەیان کەس دەبنە قووربانی، حکومەتی کوردی  هیچ بەهایەک بۆ گیانی هاوڵاتیانی خۆی دادەنێت یاخود وەک هەمان ڕژێمی بەعس و دەوڵەتی تورک هاوڵاتیانی خۆی بە هۆمۆساکەر دەزانێت؟ پرسیارە بنەڕتیەکە ئەمەیە دەسەڵاتی کوردی ئەو ڕووداوانەی نەدیبوو کە لە سەیرانگەکانی دیکەی هەرێمدا ڕویان دابوو؟ ئایە هیچ بەهایەک بۆ گیانی هاوڵاتیانی کورد دادەنرێت؟ دەشێت ئەم پرسیارە لەخۆمان بکەین سەبجێکتداشۆرینی تاکی کورد سیاسەتی کێیە، کیانێکی سەربەخۆی کورد  ڕۆژانە خاک و ژینگە و هاوڵاتیانی بۆردوومان دەکرێت لاوانی خوێنیان دەڕێژرێت کەچی هیچ یەکیك لە دەسەڵاتە سەرەکیەکانی نەیتوانیوە تەنانەت بە ئیدانەکردنێکی ڕاستیش هەستێت، بەڵام بۆ گیان لە دەستدانی عەرەبەکان ڕاستەوخۆ دەستیان کرد بە ئیدانەکردنی ڕووداوەکان و هەتا دەسەڵادارانی کوردی بە عەرەبیش لێدونیان دا، ئایە کوردیش زمانی فەرمی نیە لە عێراق؟ یان لە دیدی ئەوانەوە ئەم زمانە ئەو سەنگەی نیە بۆ لێدوان لەسەر دۆزێکی وەها؟ ناشێ خوێنی گەنجانی نەتەو و هاو زمانی خۆت  هیچ  بەهایەکیان نەبێت؟ چ خوێندنەوەیەکی تری بۆ دەکرێت جگە لەوەی، بەڕاستی خوێنی کورد لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە وەکو  هۆمۆساکەر وایە هیچ لێپرسینەوەیەکی لەسەر نیە! ئەم بە خۆ نامۆبوونە چیە بەرۆکی دەسەڵادارانی هەرێمی گرتۆتەوە؟ ئەو هاوڵاتی و گوندنشینانە کە کرانە ئامانج لە لایەن فڕۆکەکانی تورکیا  بوونە قوربانی چ  جیاوازیەکیان هەبوو؟ بۆ دەبێت خوێنی هاوڵاتی هەرێم ئاوا بە لێپرسینەوە بڕوات.

    یاخوود هاوزمانی و هاودۆزیمان لەگەڵ کورانی دیکەدا بۆ ئەوە ببینە هۆمۆساکەر بەسە؟ با وڵامی ئەم پرسیارە بۆ خوێنەر بمێنێت .

سەرچاوە:


[1] https://www.sup.org/books/title/?id=2003

هاوشێوە