رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

خوێندنەوەیەكی خێرا بۆ روئیای سیاسی ئابوری و رەشنووسی یاسای كاری هەرێمی كوردستان

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: هیوا عومەر

“سەردەمە مەترسیدارەكە، نەمانی دڵنیایی كۆمەڵایەتی و كاری جێگیرە”

میكانزمی ئامادەكردنی پرۆژە یاساكە

چەندین ساڵە، دروشمی ” هێنانەدی یاسایەكی عادیلانەی كار و خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی ” بۆ كرێكاران، بۆتە ژمارە یەكی سەر لافیتەی خۆپیشاندانەكانی یەكی ئایاری كرێكاران و هێزەچەپ و كۆمۆنیستەكان و سەندیكاو بەشێك لە رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی.

دوای چەندین دەیە، وەزارەتی كار رەشنوسێكی تایبەت بە یاسای كاری خستەبەرنامەی كاری پەرلەمانی كوردستان وەك جێگرەوەیەك بۆ یاسای كاری عێراقی ژمارە 71 ساڵی1987 كە زیاتر لە 30ساڵە بەركارە لە كوردستان، لە كاتێكا لە عێراق لە ساڵی 2015وە ئەم یاسایە راگیراوە و پەرلەمان یاسایەكی تازەی تەشریعكرد بەناوی یاسای ژمارە 37ساڵی 2015. یاسی ژمارە 37ی عێراق بە بەراورد بە یاسای ژمارە 71 لە هەندێگ بڕگە پێشكەوتوترە، لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانین بڵێین یاسایەكە لە دەرەوەی سیستەمی سیاسی ئابوری، لیبراڵیەتی نوێی عێراقە.

سەرەتای ئامادەكردنی رەشنوسی یاسای كاری كوردستان، لە چەند كۆبونەوەیەك یەك دوو رێكخراوێكی مەدەنی و یەكێتی گشتی سەندیكاكانی كوردستان و نوێنەری چەند لایەنێكی سیاسی بەشداریانكرد لە دارشتنی، دوای نزیكەی سێ‌ ساڵ لەبێدەنگی، لەم چەند رۆژە بەخێرایی خرایە بەرنامەی كاری پەرلەمان و بە بێدەنگی خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرا، تا نوسینی ئەم وتارە هێشتا رەشنوسەكە بە فەرمی بڵاونەكراوتەوە لە ماڵپەری پەرلەمانی كوردستان، هەر لایەنێك و رێكخراوێك و سەندیكایەك كۆپییەكی جیاوازتری پێدراوە، كۆپی رەشنوسەكە بە زمانی عەرەبی لای رێكخراوی كاری نێودەوڵەتی جۆرێكە لە كن پەرلەمان لە رێكخراوەكان و سەندیكاكان، جۆرێكی ترە؟

ژینگەیەك دروستكراوە بەهیچ جۆرێك ژینگەی بەشداریكرنی راستەقینەی هیچ لایەك نییە بەتایبەتی كرێكاران لە دراشتنی ئەم رەشنوسە، جگە لە رۆڵی وەزارەتی كارو حكومەت، بەجۆرێك تەنانەت سەندیكاكانی كرێكارانیش تاچەند رۆژ پێش ئێستا ئاگاداری هیچ شتێك نەبوون لەبارەی دواین كۆپی پرۆژەكە لە كاتێكا بنەمای ئەم رەشنوسە یاسای ژمارە 37ی ساڵی 2015ی عێراقە، بە دەستكارییەكی زۆر خراپەوە .

یەكێك لە بنەماكانی قۆناغەكانی دەركردنی یاسایەكی تەندروست بریتییە لە دروستكردنی ژینگەكی هاوبەش بۆ بەشداری ئەو چین و توێژەی پەیوەندیدارە بە یاساكە و بوونی شەفافیەت و بەشدارییەكی مانادارە.

روئیای رەشنوسی یاسای كار

ناوەرۆكە سیاسیەكەی ئەم پرۆژەیە بەخشینی شەرعیەتی یاساییە بە ژینگەی نایەكسان وئەوپەری نا دادپەروەری كاركردن لە كوردستان، دابڕاونییە لەوەی رۆژ لە دوای رۆژ ژینگەی كاركردن بەرەو خراپتر دەبات، كار لە بڕی ئەوەی بۆ خزمەتی مرۆڤ بێت زۆرینەی مرۆڤایەتی لە خزمەتی كاركردنە لە پێناو كۆكردنەوەی سەرمایە لە چەنگی كەمینەیەك .

لەم پرۆژەیەدا، هیچ ئیرادەیەكی سیاسی نابینیت بیەوێت جۆرێك لە دڵنیایی ئابوری و كۆمەڵایەتی بۆ هێزی كاری مرۆیی دابین بكات ، چەمكی گشەپێدانی مرۆیی و پەرەپێدانی بەردەوام كورتكراوەتەوە بۆ گشەپێدان و كەڵكەكردنی سەرمایە لە چنگی كەمینەیەك، شێوەی ئامادەكردن و بازنەی گفتوگۆكان وهەوڵی زووتێپەراندن و فەرزكردنی بەسەر هاوڵاتیان درێژكراوەی عقڵیەتی بەكەم تەماشاكردنی كارو رۆڵی كرێكار و ژیان و كەرامەتی كرێكارانە. دواجار پرۆژەكە بۆ بازاری كاری ئابوری لیبراڵیەتی نوێ‌ ئامادەكراوە ئەو بازارەی هەمووشتێكی كردۆتە كاڵا.

ئەگەر خوێندنەوە بۆ بڕگەكانی بكەیت لەو پرۆژەیەدا كرێكار و هێزی كرێكارەكەی لە بەشی گرێبەست و كاتژمێرەكانی كاركردن پشوو و مافی ئازادی بیرو ڕا وەك هەرزانترین كاڵا تەماشا دەكات .

لە مێژوودا، ریشەی هەڵگێرانەوەی ژینگەی كار دەگەرێتەوە سەر شێوە و پەرەسەندنی پەیوەندییەكانی بەرهەمهێنان و سیستەمی موڵكایەتی تایبەت، ئەو ئاڵوگۆڕە كرۆكی كاركردنی بەجۆرێك گۆڕیوە، بۆتە سەرچاوەی سەرەكی نامۆبونی مرۆڤ.

ئەوێ‌ رۆژێ‌ لەگەڵ دەست بەسەرداگرتنی هۆیەكانی بەرهەمهێنان لەلایەن كەمینەیەكەوە، لەوكاتەوە پێگەی مرۆڤ و رۆڵ و وەزیفەی كاركردنی بەتەواوی دەستكاریكرا و لە سروشتی خۆی دابڕێنرا، كاركردن لە بری ئەوەی بۆ ژیان بێت و بەشێك بێت لە چالاكی ئارەزوومەندانە و كاری داهێنەرانەی مرۆڤ، تەواوی ژیان دەبێتە كاركردنی زۆرەملێ‌ و لەپێناوی كاركردندا بچوككراوییەوە، لەوكاتەوە مرۆڤ سەربەستی لە دەست دەدات و نامۆ دەبێت.

تەنیا لێرەدا كۆتایی نایەت كاتێك خودی كاركردن دەگۆڕێت بۆ كاڵا، كاڵایەك بەشێكی بچووكی بۆ بەرهەمهێنانەوەی هێزی بەرهەمهێنانی كاڵای بنەرەتی بەكاردەهێنرێت، بەشە گەورەكەشی بۆ بەرهەمهێنانی زێدەبایی بەكاردەهێنرێت، هەروەك ماركس لە سەرمایەدا باسی دەكات .

لە دەستنوسە ئابوری و فەڵسەفییەكانیدا، ئاماژە بە بابەتێكی گرنگ دەكات بەوەی ئابووریی سیاسی سەرمایەداری وەك شت كار-ی ئەبستراكت دەبینێت “كار كاڵایە” لەم جیهانە دروستكراوەدا، دەبێت نرخی كاركردن وەك كاڵایەك دابەزێت و دابەزێت، ئەمە وەك پێشبڕكێیەك لە نێوان سەرمایەداران بەسەر كرێكاراندا دەسەپێنرێت، كرێكار ناچارە هێزی كاركردنی بفرۆشێت، سەرمایەدار ئازادە چۆن كار دەكات و كاڵاكەی چۆن و كەی بەكار دەهێنێت، بەڵام كرێكار، ئازادیش نییە چۆن مامەڵەی پێوە بكات، ڕۆژانە ناچارە لە بازاڕی سەرمایەداریدا بۆ كڕینی ژیان، بیفرۆشێت. ئایا تیۆری كاركردن وەك كاڵا، شت، جگە لە تیۆرێك بۆ بەرهەمهێنانی كۆیلایەتی، چیترە؟

بۆ خوێنەرو تێگەیشتنی زیاتر گەرانەوە بۆ كتێبەكەی گای زیاتر هاوكاریمان دەكات بۆ تێگەیشتن لەو پرسەدا وەك پرسێكی جیهانی و پرسی تێكچوونی ژینگەی كاركردن، لەم دوایانەدا لە ساڵی 2011بە پریكاریات ناویان دەبردرێت و یەكەم جار ئەم وشەیە دەچێتە فەرهەنگی زمانی ئینگلیزی بەشێوەیەكی فەرمی لە ساڵی 2004 دەبێت. یەكەم كتێبیش لە لایەن ( Guy Standing) گای، توێژەری بواری سۆسیۆلۆژیا The Precariat, The New Dangerous Class

بەناوی بە دروستبوونی چینی كرێكاری تازەی مەترسیدار بە (پریكاریات) ناویان دەبات، بڵاو دەبێتەوە. هەر چەندە ئەمە وەك گەرانەوە بۆ سەردەمی تازەی دروستبوونی سەرمایەداریش دەتوانین لێتێبگەین .

لێرەدا چەند مادەیەك وەك نمونە، شیدەكەینەوە بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە رووئیای سیاسی ئابوری پشت ئەم رەشنوسە و لێكەوتەكانی لە وێرانكردنی زیاتری ژینگەی كار، بە پێچەوانەشەوە چۆنیەتی بەهێزكردنی پێگەی زیاتری كۆمپانیا و سەرمایەدارەكان لەسەر حیسابی بەرژەوەندی چینی كرێكارانی كوردستان .

سەردەمە مەترسیداركە، نەمانی دڵنیایی كۆمەڵایەتی و كاری جێگیر

لەبەشی شەشەم و گرێبەستی تاكانە لە مادەی (32) برگەی دووم و سێیەم، ماوەی تاقیكردنەوەی تواناكانی كرێكار بۆ سێ‌ مانگ درێژ دەكاتەوە و لەو ماویە خاوەنكار سەرپشك دەكات هەر كاتێك بیەوێت كرێكارەكە دەربكات تەنها مەرجی ئەوەیە (7) رۆژ پێشتر ئاگەداری بكاتەوە .

لە مادەی (33) لە برگەی دووەم بونی گرێبەستی كاتی دەبەستێتەوە بە پێداویستییەكانی كارو دەڵێت 🙁 نابێت ماوەی گرێبەست دیاری بكرێت لەو كارانەی بە سروشتی خۆیان بەردەوامی هەیە مەگەر پێداویستییەكانی كاربخوازێت پشت ببەستێت بە كرێكارانی سەربار بۆ ماوە و كاری دیاریكراوەوە. برگەی یەكەمی ئەم خاڵە گرنگە بەڵام لە دوای وشەی مەگەرەوە ئیتر ئەم نیوە بڕگەیە، هەر خاوەنكارێك بیەوێت دتوانێت لە بڕی كاری بەردەوام گرێبەستی كاتی بۆ زۆرینەی كرێكارەكانی بكات بۆ ئەوەی هەركاتێك ویستی هەبوو گرێبەستەكە هەڵبوەشنێتەوە، ئەمە كرێكار بۆ هەمیشە لە دۆخێكی سایكۆلۆژی و كۆمەڵایەتی و ئابوری ناسەقامیگر دەهێڵێتەوە .

هاوكات لەگەڵ ئەوەی لەم پرۆژەیەدا بە هیچ شێوەیەك حكومەت پابەند ناكات بە دابینكردنی هەلی كاری شیا و بۆ هاوڵاتیان تەنانەت وەك ئەوەی لە یاسی ژمارە 37ی 2015ی عێراقیش هاتووە، دەركراوە .

نەبوونی هیچ چوارچێوەیەكی یاسایی پابەندكراو بۆ دابینكردنی هەلی كار لەم پرۆژەیەدا پێچەوانەی چەندین رێككەوتننامەی ناوەخۆیی و نێودەوڵەتییە، لەوانە جارنامەی جیهانی مافەكانی مرۆڤ ساڵی 1948، لە بەندی 23ی بەیاننامەكەدا هاتووە:

– هەموو كەسێك مافی كاركردن و ئازادی هەڵبژاردنی كار و هەلومەرجی كاركردنی دادپەروارانەی و ڕەزامەندانە و پاراستنی بێكاری هەیە .

لە برگەكانی دووەم و سێیەمیشدا تائكید لەسەر مافی یەكسانكردنی پارە و كاری یەكسان و بونی پاداشتی دادپەروەرانە و قایلكەرانەی هەیە كە گرنتی كاری شایستە و كەرامەتی مرۆیی بۆ خۆی و خێزانەكەی بكات .

لەو چوارچێوەیەدا رێكەوتنامەی رێكخراوی كاری نێودەوڵەتی تایبەت بە سیاسەتی كار ژمارە 122 ی ساڵی 1964 بە رێكەوتنێكی گرنگ دادەنرێت بۆ چارەسەری بێكاری و چەندین رێنمایی و راسپاردەی تر بۆ پابەند كردنی حكومەتەكان بە دابینكردنی كاری شیاوی بەرهەمدار بۆ بێكاران بەبێ‌ جیاوازی .

بەجۆرێكی لاوازتر لەوە بەڵام لە ماددەی 30ی دەستوری عێراق لە بارەی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و دابینكردنی كار بۆ هاوڵاتیان، ئاماژەی پێكردووە.

لە یاسای هەمواركراوی خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی ژمارە 39ی ساڵی 1971 عێراق كە بە یاسای ژمارە 15ی ساڵی 2012 لە هەرێم هەمواركراوە، لە بازنەیەكی بچوك و كەم بایەخ باسی بێكاری كراوە .

پابەند نەكردنی حكومەت بە دابینكردنی كارو بیمەی بێكای لە رووی یاساییەوە یەكێكە لە دیاردە مەترسییەكان لە ئێستا و داهاتوودا ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان دەبێتەوە.

فراوان بوونی دیاردەی بیكاری لە كوردستان بەتایبەتی لە ناو گەنجان ئەوانەی پێیان دەگوترێت نەوەی دوای دووهەزارەكان یەكێكە لە پرسە زیندووەكان، بە پێی هەندێك سەرچاوە ژمارەی بێكاری لەناو ئەو نەوەیەدا نزیك دەبێتەوە بۆ لەسەری%40 بە تایبەتی لە ناو رەگەزی مێ ئەو رێژەیە زۆر بەرزدەبێتەوە

كاتێك لە ناو واقیعی بڵاوبونەوە و هەڵكشانی بێكاری و هەژاریدا ئەم پرۆژە یاسایە دەخوێنیتەوە كە دوورو نزیك حكومەت ناخاتە بەردەم بەر پرسیارەتییەوە و هیچ مامڵەیەك لەگەڵ دیاردەیەكی وا بەر بڵاودا ناكات تێدەگەیت ئەوەی دەگوزەرێت هەمووی لە چوار چێوەی یەك پاكێجدایە، ئەویش جێبەجێكردنی ڕەچەتەكانی لیبراڵیەتی نوێیە لەسەر جەم بوارەكانی ژیاندا، رۆڵی حكومەت بەرەو حكومەتی پاسەوانە، دوور لە وەزیفەی ئابوری و كۆمەڵایەتییە، حكومەتێك زۆرینەی زۆری بودجەكەی بۆ وەزارەتی ناوەخۆ و پێشمەرگەیە بە ئاراستەی دروستكردنی حكومەتێكی پۆلیسی .

لەبارەی گرێبەستی كار

لە لقی دووەم، مادەی ( 38)

(د) دەڵێت : ئەگەر بارودۆخی كاركردنەكە لە پرۆژەكەدا پێویست بە كەمكردنەوەی قەبارەكەی بكات لە دوای ئاگەداركردنەوەی وەزارەت لەم بارەیەوە. لێرەدا خاوەنكار تاك لاینە دەتوانێ‌ گرێبەستەكە هەڵبوەشێنێتەوە و كرێكارەكە دەربكات .

ئەمە ئامادەكردنی ژینگەیەكی تری ترسناكە بۆ خراپتر بوونی ژینگەی كار، لابردنی بەر بەستێكی تری یاساییە بۆ چاوچنۆكی سەرمایەدار لەوەی هەر كاتێك كرێكار وەك كۆیلە بە پێی مەیلی ئەو مامڵەی نەكرد دەری بكات یان لە لایەك ژمارەی كاتژمێرەكان كاركردن زیادبكات لە لاكەی تر ژمارەی كرێكارەكان كەمتر بكاتەوە بۆ كەم كردنەوەی تێچوو زیاد كردنی قازانج .

لەو بارەیەوە یاسای ژمارە 37ی كاری عێراقی پێشكەوتوو ترە لە مادەی (43) برگەی د، دەڵێت 🙁 ئەگەر بارودۆخی پرۆژەكە وای خواست كە قەبارەكەی بچوك بكرێتەوە بەڵام بەمەرجێك وەزیر ڕەزامەندی لەسەر ئەو بچوككردنەوەیە بدات).

ئەگەر دیقەت بدەین لە مادەی 38ی رەشنوسەكەی كوردستان مەرج و رەزامەند بوونی وەزیری گۆڕیوە بۆ تەنها ئاگەداركردنەوەی وەزارەت. ئاڵۆگۆرپێكردنی ئەم دەستە واژانە زۆر بە ڕوونی لە لایەك كەم كردنەوەی پێگەی كرێكارو كاری هەمیشەییە لە لاكەی تر فراوانكردنی دەسەڵاتی خاوەنكار وكۆمپانیا و سەرمایەدارەكانە.

كاتژمێرەكانی كاركردن و پشووی كرێكاران

لە چەند برگەیەكی دیاریكراو، دان بە هەندێك لە مافەكانی كرێكاراندا نراوە بەڵام كاتژمێرەكانی كاركردنی رۆژانەی بە 8كاتژمێر و یەك رۆژ پشووی لە هەفتەیەك دیاریكردووە لە كاتێكا لە یاسای راژەی مەدەنی فەرمانبەران دوو رۆژ پشووی لە هەفتەیەكدا دیاریكردووە و لە چەندین لایەنیشەوە مافەكانی فەرمانبەرانی باشتر دابین كردووە، لێرەدا دەبێت داواكاری پێداگیری بكەین بۆ كەمكردنەوەی كاتژمێری كاركردن لە نیوان 6- 7 سعات و دیاریكردنی 2 رۆژ لە هەفتەیدا بۆ پشوو. ئەگەر هەر كرێكارێك كاری زیاتری كرد دەبێت وەك كاری سەر بار مامڵەی لەگەڵ بكرێت و پاداشت وەربگرێت.

دیاریكردنی هەشت سعات كاركردن و یەك رۆژ لە هەفتەیەكدا یبۆ پشوو نزیكەی سەدەیەكی بەسەردا تێپەریوە لەدوای شەری دووەمی جیهانی ناكرێت تازە بە تازە لەدوای چەندین گۆرانكاری لە ئاستی جیهانی و كەم كردنەوەی كاتژمێرەكان لە هەندێك وڵات بۆ شەش كاتژمێر لە رۆژێكدا ئێمە بە یاسا هەشت كاتژمێر بەسەر كرێكاران فەرز بكەین .

دان نەنان بە فەرمانبەرانی گرێبەست و كرێكارانی ئابوری هاوبەشی و كێڵگە كشتوكاڵییەكان لایەنێكی تری خاڵە لاوازەكانی ئەم پرۆژە یاساییە و پێویستە تەركیزی لەسەر بكەین .

ئازادی كاری رێكخراوەیی و میكانزمی نوێنەرایەتیكردنی كرێكاران

لەبارەی ئازادی كاری سەندیكایی و كاری رێكخراوەیی پێی رێككەوتنامەی 87ی ساڵی 1948ی رێكخراوی كاری نێودەوڵەتی، یەكێكی ترە لە پرسە گرنگەكان كە عێراق وەك پابەند بویەك داویەتی و دەبێت هەرێمی كوردستانیش پێوەی پابەند بێـت.

هەرچەندە لەم پرۆژەیەدا باسی كراوە و دانیشی ناوە بە فرەیی كاری سەندیكایی و رێكخراوەیی بەڵام چۆنیەتی تۆماركردن و گەیشتنی كرێكار بەم چوارچێویە باس نەكراوە، دەبێت لە مادەیەك باسی ئەو وردە كارییە بكات لەكاتێكدا یاسای ژمارە 52ی ساڵی 1987ی تایبەت بە رێكخستنی كاری سەندیكایی سەردەمی بەعس تا بە ئێستا بەركارە. پێویست دەكات بە ماددەیەك ئازادی كاری سەندیكایی و رێكخراوەیی كرێكاران بەیاسایەكی تازە لەبەر رۆشنایی ئەم یاسایەدا داوای تەشریعكردنی بكات و كاركردن بەیاسای 52ی ساڵی 1987 رابگرێت .

گرنكە لەبارەی ئەو رێكخراوەی كە زۆرترین نوێنەری هەیە و كاراشە هەردوو مەرج بكرێتە بنەما، بەتایبەتی هەڵبژاردن لە شوێنی كار و كارایی چالاكی رێكخراوەكە وەك دوو پێوەر دەبێت مامڵەی لەگەڵ بكرێت لە یەك ئاست، واتە لە كاتی بونی كێشە و ناكۆكی كرێكار لەگەڵ خاوەنكار و پرسەكانی نوێنەرایەتی دەكرێت چەند رێكخراوێك بە پێی ئەو دوو مەرجە ئامادەبێت و حكومەت و دەسەڵاتەكان، دانیان پێبنێن نەك تەنیا مامڵە بكات لەگەڵ یەك رێكخراوی كرێكاری یان سەندیكایی .

چەندین چوارچێوەی تری یاسایی لەم پرۆژەیە غیابە بە دەستكاریكردنی لایەنی كەم هەندێك لە پێشێڵكاری و قوربانیانی شوێنی كار كەم دەكاتەوە ، لەوانە :

بۆ سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی دەبێـت ناوەندێكی نیشتمانی هەبێـت لەشارو قەزاكان لە كەسانی پسپۆڕی جیاجیا، لەگەڵ گرنگیدان بە پشكێنەرانی كار ئەمەش دەبێت بە مادەیەك زەمانەتی سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی كرێكار لە شوێنەكانی كاردابكات بەڵام بەداخەوە لە بارودۆخی ئێستادا وەزارەتی كارو و لاینە پەیوەندارەكان لەرووی هەیكەلی ئیداری و توانای مرۆییەوە نەیان توانیوە لایەنی كەمی یاساكانی كرێكاران جێبەجێبكەن، ئەوەی لە ماددەی 111 خاڵی دووەم بكرێت بە پشكنەرانی سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی نەك پشكنەرانی كار، چونكە ئەركی پشكنەری كار دیاریكراوە و شارەزاش نیە لەسەر مەترسییە جۆراو جۆرەكانی شوێنی كار … بۆیە گرنگە ناوەندی نیشتمانی پشكنەری سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی هەبێت، هەروەك لە لایەن رێكخراو و سەندیكاكانیش پێشنیاركراوە.

هاوسەنگی و یەكسانی جێندەری

پرسی بەدیهێنانی بڵانسی جێندەری لەگەڵ ژینگەیەكی ئارامی كار دوور لە هەراسانكردن و دەستدرێژی سێكسی بۆ رەگەزی مێینە دوو پرسی گرێدراون بە یەكتری كە دەبێت بە مادەیەك %40 لە هەر پرۆژەیەك رێژەی رەگەزی مێیەنە كەمتر نەبێت بۆ ئەم قۆناغە لە كەرتی گشتی و تایبەت جێگیربكرێت و لەگەڵ ڕووبەڕوو بونەوەی دیاردەی هەراسانكردن و دەستدرێژی سێكسی، هەروەها وەرگرتنی مۆڵەتی لەدایكبوون بۆ دایك و باوك دیاری بكرێت بۆ ئاگەداری منداڵ دوور لە عقڵیەتی پیاوسالاری كە ئەركی بەخێوكردن و پەروەدەكردنی منداڵ تەنیا بخرێتەسەر ژنان .

كرێكارانی هاتوو، ئەوانەی وەك كۆیلەی تازە مامڵەیان پێوەدەكرێت

رەوشی مافەكانی كرێكارانی هاتووە لە كوردستان ئەوانەی پێیان دەگوترێت كرێكاری بیانی، لەكاتێكا بە پێی داتاكان زۆرینەی زۆرییان لە خراپترین ژینگەی كاردا ژیان بەسەر دەبن هەندێكیان وەك كۆیلەی تازە مامڵەیان پێوەدەكرێت بە چەندین دەست دەكڕدرێن و دەفرۆشرێن بەڵام لەم پرۆژە یاسایەدا تەنها ئەركەكانیان دیاریكراوە بەبێ‌ دان نان بە مافەكانیان، هەروەها هیچ زەمانەتێكی یاسایی واقعی بۆ بەدواداچوونی ژینگەیەكی سەلامەت و شیاوی كاركردنی تێدانییە، ئەمە جۆرێكە لە داننان بەم واقعیە نامرۆییەی ئەوان تیایدا دەژین .

لایەنی كەمی كرێ‌

لە ماددەی (56) ی پرۆژەكەدا هاتووە لە ماوەی دووساڵ جارێك وەزیر لەگەڵ لاینە پەیوەندارەكان لایەنی كەمی كرێ‌ دیاری دەكات، پێویستە ئەوە بكرێتە ساڵانە، هەروەها ئەوەشی بۆ زیادبكرێت لە كاتی هەڵاوسان و بەرزبونەوەی تێچووی پێداویستییەكانی ژیان لایەنی كەمی كرێش بەرزدەكرێتە كە بتوانێت ژیانێكی شەرەفمەندانە بۆ كرێكاران دابین بكات. دەبێت ئەم دیاریكردنە وەك پرسێكی گشتی مامڵەی لەگەڵ بكرێت بە شەفافی بەشداری كرێكاران مسۆگەربكات و بخرێتەبەردەم گفتوگۆ لە نێوان سەندیكاكانی كرێكاران و لەناو كرێكاران بەگشتی، نەك وەك ئەوەی ئێستا هەیە بەم میكانزمە لایەنی كەمی كرێ‌ بە بڕی 350000 هەزار دیناری عێراقی بۆ ئەمرۆ دیاریكردووە، واتە ئەوەی لەسەروی سێ‌ سەدو پەنجا هەزار دینار مووچەكەی بێت، ناچێتە ژێر هێڵی هەژارییەوە !

لە كۆتایدا، چەندین تێبینی تر لە لایەن رێكخراوەكان و سەندیكاكانی كرێكاران و هەڵسورانی كرێكاری پێشكەشكراوە پێویستە لەبەر چاو بگیرێت و بەهیچ شێوەیەك پەلە لە دەركردنی یاسایەكی وا گرنگ نەكرێت، پێویست دەكات جارێكی تر بگەرێتەوە ناوەندەكانی كارو لەگەڵ سەندیكا و رێكخراوەكان و شارەزایان و هەڵسوراوان و ئەو هێز و لایەنە چەپانەی گرنگی بەم پرسە دەدەن بەشدارییەكی ماناداریان بۆ مسۆگەر بكرێت .

هاوشێوە