رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

پەروەردە بە پلەی ئیمتیاز پرسێکی فەلسەفییە

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: دانا ئیسماعیل

Download PDF
هۆکاری نووسینی ئەم وتارە جەدەلێکی کورتی نێوان بەندە و وەزیری پەروەردەیە.
بۆ ئاشنابوون بە پەروەردە بە ناچاری دەبێت بۆ کلاسیک بگەڕێینەوە، بە دیاریکراوییش ترادسیۆنی یۆنانی. لە یۆنانی دێریندا پەروەردە بەر لە هاتنە نێو دونیاوە دەست پێ دەکات. واتا دایک لە ڕێی ژەمەخۆراکی تەندروست و ئەنجامدانی وەرزشی گونجاوەوە، بە پەروەردەکردنی نەوەکەی هەڵدەستێت. پاشان منداڵ لە ڕێی بەرنامەڕێژییەکی گونجاوەوە بە فلتەری پەروەردەدا دەڕوات. سەرەتا پەروەردەی بەدەنی، تا لە دواجاردا دەبێتە خاوەن بەدەن و لەشێکی تۆکمە و بەهێز، ئەمەش لە ڕێی مەشقی وەرزشییەوە ئەنجام دەدرێت، چونکە ئەقڵ لەنێو بەدەنێکی تۆکمە و بەهێزدا بە ڕوشدی خۆی دەگات. ئەوەش ڕای ئەفڵاتوونە. پاشان پەروەردە لە قۆناغەکانی خوێندندا لە ڕێی کۆمەڵێک وانەی پراکتیکییەوە دەست پێ دەکات. لەوانە وانەی هونەر و میوزیک و وەرزش و زمان. هەریەک لەو کایانە ڕۆڵی جەوهەری لە دروستکردنی کاراکتەرێکی ئەقڵانی و خاوەن دید و جیهانبینیدا دەبینن. لە قۆناغی سەرەتاییدا پێویستە منداڵ بە شێوازێکی گونجاو تەنها فێری زمانی دایک ببێت، واتا بە دروستی توانای ئاخاوتن، نووسین و خوێندنەوەی هەبێت. دواتر لە ڕێی کۆمەڵێک وانەی تەرفیهییەوە فێرخواز بۆ خوێندن تەشویق دەکرێت. لەوانە میوزیک کە ڕۆڵی جەوهەری لە پەروەردەی زەینی و ڕۆحیی کاراکتەردا دەبینێت. مۆسیقا شێوە بە ڕۆح دەبەخشێت و وا لە کاراکتەر دەکات ڕوانینی بۆ ژیان ڕوانینێکی ئێستاتیکییانە بێت. ئامانج لە پەروەردە گواستنەوەی مرۆڤە لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی دیکە. بە نموونە لە دۆخی سروشتییەوە بۆ دۆخی مەدەنی. واتا لە دۆخی جەنگ و ئاشووبەوە بۆ دۆخی تۆلێرانس و یەکدی-قبووڵکردن و هەڵکردن لەگەڵ ئەوانی دیدا. واتا پەروەردە لە باریدا هەیە بەر بە مەیلی ئاشووب و شەڕەنگێزیی مرۆڤ بگرێت و مەیلی مرۆڤدۆستیی تێدا بچێنێت. لە دیدی ئیمانوێڵ کانتدا ئامانج لە پەروەردە گەیشتنە بە کەماڵی مرۆڤبوون. واتا مرۆڤ لێوانلێوە لە غەریزە و ئارەزووی ناپێویست تەنها لە ڕێی پەروەردەوە دەتوانرێت کۆنتڕۆڵیان بکات و چاو لە فەزیڵەتە ئەقڵی و باڵاکان ببڕێت. گرنگە ئاوڕێک لە مێژووی سەدساڵەی پەروەردە لەم ناوچەیەدا بدەینەوە. سەرەتا لە خۆمان دەپرسین پەروەردە سەد ساڵە لەم ناوچەیەدا دەخوێنرێت بۆ توانای دروستکردنی کاراکتەرێکی ئەقڵانی و خاوەن دیدی نەبووە؟ سەد ساڵە کایە زانستییەکانی لە چەشنی فیزیا، بایۆلۆجیا و کیمیا دەخوێنرێت، ئەی بۆ زانایەکیان دروست نەکرد؟ بۆ خاوەنی تیۆرییەکی زانستی نین؟ بۆ هیچ ئیزافەیەکمان بۆ شارستانیەت و توراسی بەشەری نییە؟ ئەمانە و دەیان پرسیاری دیکە. کوان ئەو توێژینەوە و لێکۆڵینەوانەی لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا ئەنجام دراون؟ شەرمەزارییە پەروەردە لە کەوتن و قەیرانی قووڵدا بێت و خاوەنی زیاد لە سەدهەزار مامۆستا و سەرپەرشتیار و بەناو پسپۆڕ و شارەزای پەروەردەیی بێت و یەک توێژینەوە بەڵێ تەنها یەک توێژینەوە دەربارەی ئەو کایە گرنگەی نێوی پەروەردەیە ئەنجام نەدرابێت. هەر هێندە نا، بەڵکو توانای وەرگێڕانی تێکست و سەرچاوە گرنگەکانی نێو کایەکەشیان نەبووە! بەڕاستی تراژیدیایە نەتەوەیەک هێندە بەرانبەر بەهادارترین کایەی ژیان بێباک بێت. سەرەتا گرنگە گۆڕانی ڕیشەیی لە ستراکچەری پەروەردەدا ئەنجام بدەین و خۆمان قوتار بکەین لەو پڕۆگرام و میتۆدە سواو و تەقلیدییانەی جگە لە مرۆیەکی مەسخبوو لە ڕووی ئەقڵییەوە، لە باریدا نییە هیچی دیکەمان بۆ ئینتاج بکات. تراژیدیاکە لەوەدایە جەنابی وەزیری پەروەردە پێی وایە وەزیفەی پەروەردە دروستکردنی زانا و فەیلەسووف نییە! ڕەنگە پێی وا بێت وەزیفەی پەروەردە دروستکردنی کاراکتەری بێسەواد و ملکەچ بێت بۆ نێو جڤاتێکی مونحەت و داڕزیو، لە دواجاریشدا پێدانی بڕوانامەی بێکەڵک و کارنەکردوو. جەنابی وەزیر ئەرکێکی ئەخلاقیی گەورەتان لەئەستۆیە و مێژوو ڕەحمتان پێ ناکات. ئەرکی بونیادنانەوەی جڤات و کولتوورێک وا لەنێو پەروەردەیەکی دروست و ئەقڵانیدا، کەوتنی هەر جڤات و کولتوورێکیش بە شەکست و کەوتنی پەروەردەوە وابەستەیە. کەمێک چاوتان بسڕن و قەیرانی مۆدێلی حکومڕانی لەم هەرێمەدا ببینن. دڵنیام پێتان وایە مۆدێلی حکومڕانیی کوردی باشترین مۆدێلی حکوومڕانییە! غەریبە تا هەنووکە کاراکتەرێک پەروەردە نەبووبێت کە بە هونەری حکومکردن و هیچ دەربارەی کایەی فەرمانڕەوایی نەزانێت، ئاشنا بێت! کێشەی جەوهەریی پەروەردە لەوەدایە بە کولی تەرکیزی لەسەر کایەی کارگێڕی و تەکنیکیی پەروەردەیە. ئاگایەکی لە غیابی مەعریفە لەنێو پڕۆسەکەدا نییە و خوازیاریش نییە ئاگادار بێت! لە کاتێکدا مەعریفە داینەمۆی پەروەردەیەکی دروست و ئەقڵانییە. چی لەوە تراژیدیترە کە دامەزراوەی پەروەردە ڤیژنی بۆ پەروەردە نەبێت و تەبەنیی هیچ کام لە پارادایمە زانستی و ئەقڵانییەکان نەکات! پەروەردەی ئێمە بە پلەی ئیمتیاز پەروەردەیەکی میکانیکییە و لە ڕێی تەڵقینکردنی کاراکتەرەوە خۆی بەیان دەکات. واتا فێرخواز مەشقی ئەقڵی نابینێت و بە هونەری بیرکردنەوەی دروست ئاشنا ناکرێت و فێری دیبەیت و جەدەلی ئەقڵی ناکرێت، بەڵکو تەرکیزی پەروەردە بە کولی وابەستەیە بە پێدانی زانیاری بە فێرخواز. واتا فێرخواز بە پێدانی زانیاریی بێکەڵک بۆردوومان دەکات، لە چەشنی ئوستراڵیا خاوەنی چەند سەرئاژەڵە؟ مۆزەمبیق دەکەوێتە کام کیشوەرەوە؟ هتد. هەڵەترین میتۆدی پرسیارکردن تەبەنی دەکرێت. ناکرێت وەڵامی پرسیار تەنها لە ڕێی بەڵێ و نەخێرەوە بدرێتەوە، بەڵکو دەبێت پرسیار وا لە پرسیارلێکراو بکات ڕووەو بیرکردنەوەی دروست ئاڕاستەی بکات. لە چەشنی دادپەروەری چییە؟ ڕاستی چییە؟ چاکە خۆی لە خۆیدا چییە؟ فەزیڵەتە ئەخلاقییەکان چین؟ هەر ئەوەشە هونەری پرسیارکردن. لە پەروەردەی هاوچەرخدا فێرخواز نابێت فێری شتگەلێک بکرێت کە توانای تێگەیشتن و وەرگرتنی لە ئاستیدا نەبێت. واتا دەبێت کاراکتەر لە ڕێی دەرکیەوە پەروەردە بکرێت، هێندەی لە توانای ئەقڵیی ئەودایە. لە کۆتاییدا گرنگە ئاماژە بە دوو کایەی بێئەنداز گرنگ بدەین، کە پەروەردەیان لەسەر بەندە. ئەوانیش لۆژیک و بیرکردنەوەی ڕەخنەیین، کە لەنێو سیستمی پەروەردەی ئێمەدا بە قووڵی غیابیان هەیە. لۆژیک لە ڕێی تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی ئەرگیۆمێنتەوە بیرکردنەوەی دروست سەرڕێ دەخات. بۆ خۆبەدوورگرتن لە هەڵە لۆژیکییەکان و سەفسەتە، گرنگە لۆژیک بخوێنرێت. هەڵە لۆژیکییەکان لە چەشنی هەڵەی حکومدان بەسەر ئەوانی دیدا بە بێسەلماندن. پێویستە فێرخواز بە هونەری ئەرگیۆمێنتسازی ئاشنا بکرێت. واتا هێنانەوەی ئەرگیۆمێنت و کاونتەر ئارگیۆمێنت، تا لە ڕێیەوە فێری سەلماندنی گوزارە و بانگەشەکانی بکرێت. بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بۆ پرسیاردانان لەسەر هەموو باوەڕ و دید و دۆکترینەکانمان گرنگە. بەبێ بیرکردنەوەی ڕەخنەیی هەرگیز ناتوانین کاراکتەرێکی گومانگەرا و بیرکەرەوە بار بهێنین. گومانکردن داینامیکێتدانە بە ژیان، لەحزەی بیناکردنی شارستانێتە. هەر بۆیەش ئێمەی کورد هیچ پشکێکمان لە شارستانێتیی بەشەریدا نییە. هەر بەڕێزێکیش ڕای پێچەوانەی ئەم بانگەشەیەی ئێمەی هەبێت، جگە لە وەهم هیچی دیکە نییە. خۆبەیانکردنی بانگەشەکەی ئێمە وا لەنێو مێژوودا. ئێمە لەم نووسینەکورتەدا دەرفەتی ئەوەمان نییە دەربارەی کایەی لۆژیک و بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بدوێین، چونکە دوو کایەی گەورەن و هەزاران کتێبیان دەربارە نووسراوە. خوازیارم پەروەردە بەهەندیان بگرێت و داغڵی نێو میتۆدی خوێندنیان بکات، چونکە بەبێ خوێندنی ئەو دوو کایەیە مەحاڵە قوتاربوونمان لە جەهل و دواکەوتوویی. پێویستە ئەوەش لەیاد نەکەین کە باگراوندی مەعریفیی جەنابی وەزیر هێندە کەمە توانای تێگەیشتنی ئەوەی نییە پەروەردە بەبێ بیرکردنەوەی فەلسەفی، مەحاڵە.

هاوشێوە