رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

دونیای دوای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

Facebook
Twitter
LinkedIn

(دەربارەی ئازادی و تایبەتمەندییەکانی ئێمە لە دونیای دیجیتاڵیدا)

نووسین: جواد خەلیل

Download PDF

پێش پەیدابوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەرفراوانبوونیان، مرۆڤ خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندیی خۆی بوو، سنوورێکی بۆ ئەوانی دی دانابوو تا بە تەواوی نەیەنە ناو ژیانییەوە، لێ دوای پەیدابوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەشێکی زۆری خەڵکی ئارەزوومەندانە دەستبەرداری ئەم تایبەتمەندییانە بوون. ئیدی ئارەزووەکان، جۆری پۆشاک و نانخواردن و بیرکردنەوە و تەنانەت پێکەنین و دڵتەنگییەکانیش بە تەنها لەو سنوورە بەرتەسکەدا نەمانەوە و هاتنە نێو تۆڕەکانەوە، بوون بە بەشێک لە جیهانێکی گەورەتر.

ئایا ئەمە کارێکی باش بوو ئێمە کردمان؟ رەخنەگر و نووسەری ناسراوی ئەڵمان “ئەندریاس بێرنارد” یەکێکە لەو نووسەرە دەگمەنانەی کە بەشێکی زۆری کتێب و توێژینەوەکانی خۆی بۆ ئەم بابەتە تەرخان کردووە. ئەو لەو باوەڕەدایە کە دەستبەرداربوونی ئێمە لە تایبەتمەندییەکانی ژیانمان ئەوەندەش ئارەزوومەندانە نەبووە، بەڵکوو ئێمە لە دۆخی ناجێگیری و گومان و راڕاییەوە هاتووینەتە نێو ئەم تۆڕانە و بەردەوامیش بەو گومانەوە لەگەڵی ماوینەتەوە. کاتێک وێنەیەکی تایبەتی خۆمان، زانیارییەکی کەسی دادەنێین، یان لەگەڵ هاوڕێ و کەسانی نزیکماندا چات دەکەین، هەمیشە مەترسی بڵاوبوونەوە و دزەپێکردن و خراپ بەکارهێنانیانمان هەیە، بەڵام سەرباری ئەمانەش هەر بەردەوامین لە دووبارەکردنەوەیان.

کەواتە کاتێک ئێمە دەزانین لە شوێنێکداین کە تەنراوە بە گومان و چاودێری، بۆچی هەر بەردەوامین و لێی دوور ناکەوینەوە؟ چونکە ئەم جیهانە پۆلیسییە بە تەواوەتی جیاوازە لە جیهانە پۆلیسییەکانی پێشتر، ئێمە بەوپەڕی ویست و ئازادیی خۆمانەوە هاتووینەتە نێو ئەم جیهانەوە و ئالودەی بووین و ناشتوانین بە ئاسانی دەستبەرداری بین. ژەهرێکی شیرینە و هەمووانی فریو داوە.

یەکێک لەو کتێبە گرنگانەی بێرنارد، کە دەربارەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و یارییەکانی سەر ئینتەرنێتە، کتێبی ( سەردەمی کۆتایهاتنی تایبەتمەندی)یە. بەشێکی گەورەی ئەم کتێبە تەرخانکراوە بۆ  رۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سیستەمی cps لە دزەپێکردنی زانیارییە تایبەتییەکانی ئینسان و گەیاندنی ئەم زانیارییانە بە دەزگا هەواڵگرییەکانی دەوڵەت. ئەم لێکۆڵەرە بە شێوەیەکی سەرسوڕهێن ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەکات، کە چۆن ئێمە هەموومان لە رێی ئەم تۆڕانەوە، خراوینەتە ژێر چاودێری ورد و سەرجەم تایبەتمەندی و نهێنییەکانمان لە بەردەستی دەزگا هەواڵگرییەکاندایە. ئەو ئاگادارمان دەکاتەوە لەو مەترسییەی کە چۆن هەموو چاتکردنێکمان، هەموو نامەیەکی ئێمە، هەموو وتووێژێکمان لە فایبەر و واتسئاپ و ماسنجەر و ئەپەکانی دیکە، لەژێر چاودێری و رەحمی دەسەڵات و دەزگای ئاسایشی دەوڵەتدایە.

“ئەندریاس بێرنارد” پێمان دەڵێت چیدی ئێمە لەنێو دونیایەکی پارێزراودا نین، ئێمە بووین بە بەشێک لە سیستەم و دەوڵەت خاوەنداریمان دەکات، هەر خۆیشی خاوەنی کۆدی نهێنی و تایبەتمەندییە زۆر کەسییەکانیشمانە. دونیای دوای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەرگیز دونیای پێش پەیدابوونی ئەم تۆڕانە نییە. پێشتر دەوڵەت (وەک لە رۆمانی 1984 جۆرج ئۆرێڵ دەیبینین) دەبوو تاکەکان بکاتە چاودێر بە سەر یەکترەوە و متمانە لەنێوانیاندا نەهێڵێت، بەڵام ئێستا دەوڵەت کاری بە تێکشکاندنی ئەو متمانەیەوە نییە، بەڵکوو خۆی راستەوخۆ چاودێرییەکە ئەنجام دەدات و زووتر و خێراتریش دەرئەنجامی دەگاتە دەست، لەوەش سەیرتر ئێمە بەکارهێنراوی یەکەمین بۆ سەرخستنی پرۆسەی چاودێرییە راستەوخۆکە.

          کەنارگیریی کۆمەڵایەتی و دابڕان لە تۆڕەکان     

لە دۆخێکی وەهادا؛  تاکی ئازاد‌ ئەوەی کە نایەوێت کۆت و بەندی دەوڵەت و چاودێرییەکەی بیگرێتەوە و ناشخوازێت دەستبەرداری تایبەتمەندییەکانی خۆی بێت؛ چارەنووسی چی لێ دێت؟ بێگومان دەکەوێتە دۆخی جۆرە بەرگرییەکەوە کە دەشێت ناوی بنێین “بەرگریی نائومێدانە”.  تاکی بەرگریکار دەچێتە جەنگێکەوە دژی هەمووان. کە لە یەک کاتدا ناچارە دژی دەوڵەت و تۆڕە بەرفراوانەکانی سۆشیال میدیا و خەڵکانی دەستەمۆکراو، کە زۆرینەی رەها پێک دێنن، بجەنگێت. دەرئەنجامی ئەم جەنگەش گۆشەگیری و نائومێدی و زاڵبوونی هەستە نەرێنییەکانە بە سەر باری دەروونی و جەستەیی و هزریی کەسی بەرگریکاردا؛ ئەوەی کە “ئەندریاس بێرنارد” پێی دەڵێت ” گۆشەگیریی کۆمەڵایەتی” و پێی وایە چارەنووسی هەموو ئەوانەیە کە دژایەتیی ئەم چاودێرییەی دەوڵەت دەکەن و رووبەڕووی دەبنەوە.

تۆڕەکان چەکی هەرە گەورەی دەستی دەوڵەتن بۆ لێدان لە تاکی ئازاد و بەرگریکار. لە رێی ئەم تۆڕانەوە کەشێکی ترسناکی وەها دەخوڵقێنرێت کە کەس نەتوانێت بە ئاسانی زەفەریان پێ ببات. خاڵی هەرە ترسناکی ئەم تۆڕانە بەخشینی پانتاییەکی فراوانە لە ئازادیی وەهمی بە تاک. ئازادییەک؛ کە لە توانایدایە ئاسوودەیی ئەوەمان بداتێت کە ئێمە لە شوێنێکی ئارام و بێوەییداین و لە دەستدانی ئارامیشمان پەیوەستە بە  لەدەستدانی ئەم تۆڕانەوە. بە واتایەکی دیکە؛ تۆڕەکان پێمان دەڵێن ئێوە لە داکەوتدا ژێردەستەیی و ملکەچی ئەزموون دەکەن، لێ لای ئێمە ئازادی و سەربەستی! بۆیە ناتوانن لێمان دابڕێن و لە هەر کوێیەک بن پێویستان بە ئێمەیە و بۆمان دەگەڕێنەوە.

ئایا دابڕان لەم تۆڕانە و هەڵبژاردنی گۆشەگیریی کۆمەڵایەتی بۆ مرۆ ئەوەندە ئاسانە؟ لە دونیایەکدا کە سەرتاسەری تەنراوە بە تۆڕەکانی پەیوەندی؛ چ شوێنێک دەمێنێتەوە بۆ تاکی ئازاد تا مومارەسەی ویست و خولیا و کردە کۆمەڵایەتییەکانی خۆی بکات و بتوانێت کاریگەری بخاتە سەر دەوروبەر؟ کە دێینە جیهانی دەرەوەی تۆڕەکان و دەمانەوێت لێیان هەڵبێین، دەبینین ئەمە بەو سادەییە نییە کە پێشبینیمان کردبوو، ئاخر ئەو جیهانە دەرەکییەش بۆ خۆی رەنگدانەوەی ئەو دونیا دیجیتاڵییەیە، ئێمە لەوێش بەردەوام لە بەرکەوتنداین لەگەڵ ئەو جیهانبینییە بەرفراوانەی ئەو تۆڕانە خوڵقاندوویانە. لەوێش ناتوانیت بە بەردەوامی خۆت لەوانە داببڕیت کە گرێدراوی جیهانە دیجیتاڵییەکەن! بۆ نموونە سەروەختێک کە تۆ لەگەڵ دەوروبەرەکەت، یان لەگەڵ ئەوانی دیکە دەکەویتە گفتوگۆوە؛ ناخودئاگا بابەتە سەرەکییەکانتان لە پنتێکدا هەر دەچێتەوە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و جیهانە دیجیتاڵییەکە. لەوێوە جارێکی دیکە کۆنتاکت و پەیوەندییت بەو تۆڕانەوە دەبێتە ئەمری واقیع. تۆ کە وای دادەنێیت لە دەرەوەی ئەم تۆڕانەیت، زۆر جار بەبێ ئەوەی بە خۆت زانیبێت کەوتوویتە داوەکانیانەوە! تۆ دەبێت ئەوە بزانیت کەوا تۆڕەکان لە ئاراستەکردنی هزر و روانینی بەرانبەرەکانتدا رۆڵی یەکلاکەرەوەیان دیوە، ئەوان تەرجومەی ئەو ئاراستەکارییەن رووەو تۆ، لێیەوە دەستکاریی دونیابینی و ئاراستە هزری و خەمە گشتییەکانت دەکەن. تۆ لە جێگایەک دانیشتوویت و کەسێک هەر لە رێی مۆبایلەکەی دەستییەوە، هەواڵێکت بۆ دەخوێنێتەوە کە سەرنجت رادەکێشێت، تۆ ئەمە دەبینیت و بەشدار دەبیت لە شەنوکەوکردنی ئەم هەواڵەدا، لەوێدا تۆ بەبێ هیچ سڵەمینەوەیەک و ناڕاستەوخۆ چوویتەتە نێو ئەو دونیایەوە و ئەو هەواڵە رۆڵی هەبووە لە راکێشانی تۆ بۆ نێو بابەتێک کە پێشتر نیازی قسە لەسەر کردنیت نەبووە. ئا بەم شێوەیە ئێمە هەموومان، چ لە نێو تۆڕەکان و چ لە دەرەوەی تۆڕەکان لەوەدا یەکدەگرینەوە کە خزێنراوینەتە نێو سیستەم و چوارچێوەیەکی دەرەخۆییەوە و ناخودئاگا ئاراستە دەکرێین.

        تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەندروستیی تاکەکان

یەکێک لە گرنگترین ئەو پرسانەی کە “ئەندریاس بێرنارد” لە کتێبەکەیدا ورووژاندوویەتی، پرسی تەندروستیی تاک و پەیوەندییەکانێتی بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە. گومان لەوەدا نییە زۆر مانەوە لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، جەستە و ئاوەز و دەروونی مرۆ رووبەڕووی چەندین نەخۆشی ترسناک دەکاتەوە. بۆ سەلماندنی ئەمە بە تەنها گەڕان و سێرچی نێو کتێبەکان بەس نییە، بەڵکوو دەبێت بچینە نێو واقیعەوە و سەیرێکی دۆخی ئێستێی کۆمەڵگەکان بکەین؛ بڕوانینە دەوروبەرمان و بچینە نۆڕینگە پزیشکییەکان و قوتابخانەکان؛ بپرسین لەو مامۆستایانەی کە دەناڵێنن بە دەست ئالوودەبوونی قوتابییەکانیان بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و یارییە ئەلیکترۆنییەکانەوە؛ بڕۆینە لای پزیشکانی چاو؛ سەیری ئەو سەدان و بگرە هەزاران گەنج و منداڵانە بکەین کە بە هۆی زۆر روانینان لە شاشەی مۆبایل و ئایپادەکانیان، لە دەرئەنجامی زۆر مانەوەیانەوە لە خەت، چ باجێکیان داوە و چۆن خەریکە بیناییان بە تەواوی لەدەست دەدەن! زۆرێک لە نەخۆشییە دەروونی و جەستەییەکانی ئەمڕۆ، بێ هیچ سڵەمینەوە و هەڵاواردنێک پەیوەستن بە ئامادەیی بەردەوامی تۆڕەکانەوە لەنێو ژیانماندا. کە دواجار هەموو ئەمانە پێکەوە، کۆمەڵگەیەکی داڕماو و وێران دێننە ئاراوە، کە تاکەکان تێیدا نەک بە دوای ماف و ئازادییەکانی خۆیاندا ناچن و عەوداڵی نین، بەڵکوو لە ئاست پاراستنی جەستە و ئاوەز و دەروونی خۆیشیاندا دەستەوەستان و بێباکن.

       پەیوەندیی پەڕاوی تایبەتی بە تاوانناسییەوە

لە کۆندا تاوانباران بۆ ئەوەی خۆیان بشارنەوە و لەبەر چاو ون بن، ناچاربوون مەلەف و پەڕاوی کەسیی خۆیان گومناو بکەن تاوەکوو بە ئاسانی نەناسرێنەوە. هەر کاتێک دەستگیر بکرابان و بخرانایەتە زیندانەوە، پەڕاوێکی کەسییان بۆ دروست دەکرا و سەرجەم زانیاری و  نهێنی و تایبەتمەندییە کەسییەکانیانی تێدا کۆ دەکرایەوە. لێ لە دونیای نوێدا، لە رێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، داوای پەڕاوی کەسی لە هەمووان دەکرێت و هەمووان بە دڵخۆشییەوە بەرەو ئەم داوایە دەچن. لێرەوەیە کە هەموو ئەوانەی نایەنە نێو ئەم تۆڕانەوە، بە مەترسییەکی گەورە دادەنرێن بۆ سەر سیستەم و دەزگا دەوڵەتییەکان و وەکوو تاوانبار دەبینرێن. بۆ ئەمەش وەهمی ئەوەیان خستووتە ڕوو، کە زۆرێک لە تاوانبارە گەورەکانی جیهان و تیرۆریستە بەناوبانگەکان هیچ  کام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکار ناهێنن و لە هیچ شوێنێکدا پەڕاوی کەسی و زانیاریی کەسییان نەخستووتە ڕوو. ئەمە بۆ خۆی جۆرە هاندانێکی ناڕاستەوخۆیە بۆ راکێشانی ئەو کەسانەی ملکەچ نەبوون تاکوو بخزێنرێنە نێو ئەم تۆڕانەوە. بە بڕوای “ئەندریاس بێرنارد” ئێمە لە رێی پەڕاوی کەسیمانەوە داگیرکراوین، هەموو ئەو شتانەی کە دەکرێت لە لای پۆلیس و دادوەر وەک پێناس باس بکرێن، لە ئەپەکاندا هەن و بەردەستن. ئیدی دادوەران و پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکانی دەوڵەت دەتوانن تەنها لە رێی پەڕاوی کەسیی نێو تۆڕەکانەوە، هەم شوێنمان بدۆزنەوە و هەمیش وەک بەڵگەی یاسایی لە دژمان بەکاری بهێنن. دۆسیەی دەستگیرکراوانی بادینان، دیارترین نموونە و نزیکترینیانە لە ئێمەوە. زۆر بە سادەیی هەموومان لە رێی دەزگاکانی راگەیاندنی حیزب و حکومەتەوە بینیمان کە چۆن گفتوگۆ و چاتکردن لە رێی ماسنجەر و فایبەرەوە کراون بە بەڵگە بۆ پیلانگێڕی و سیخوڕێتیی چەند رۆژنامەنووس و چالاکوانێک! لە رێی ئەم دۆسیەیەوە حکومەت و دەزگا هەواڵگرییەکانی پێیان وتین: گەر بمانەوێت زۆر بە ئاسانی دەتوانین بچینە نێو بچووکترین وردەکاریی پەڕاوی کەسیتانەوە و دەست بگرین بەسەر چات و پۆست و پەیوەندییە زۆر کەسییەکانیشتاندا؛ دواجاریش بیانکەینە بەڵگەی حاشاهەڵنەگر و دژی ئێوە بەکاریان بهێنینەوە. لەم سەردەمەدا چیدی تاوان تەنها تاوانێکی کردەییانەی نێو واقیع نییە؛ بەڵکوو دەشێت مەسجێکی ماسنجەر و فایبەر یان نامەیەکی واتسئاپ بێت، دەشێت پۆستێکی فەیسبووک بێت، یان تەنانەت کۆمێنتێک بێت و ببێتە بەڵگەی سەرەکی بۆ ناساندنی هەریەک لە ئێمە وەک تاوانبار و پیلانگێڕ!

           قوربانییەکان لە دونیای دیجیتاڵیدا   

دونیای پێش تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، تا رادەیەکی زۆر دونیای ئابڕووپارێزی و پاراستنی کەرامەتی مرۆیی بوو. کاتێک کەسێک شێوەژیانێکی جیاوازی تاقی بکردایەتەوە، یان کارێکی ئابڕووبەرانەی (بە واتا کۆمەڵایەتییەکەی) ئەنجام بدایە، لە جوغزێکی بچووکی جوگرافیدا دەمایەوە و دوای ماوەیەک چاوپۆشی لێ دەکرا و بیر دەچووەوە؛ یاخود لە خراپترین دۆخدا ئەو جێیەی جێ دەهێڵا و دەچووه شار و ناوچەیەکی دیکە و دەستی دەکردەوە بە ژیانی ئاسایی خۆی،  بەوپەڕی شکۆپارێزی و قەدرزانییەوە. بەڵام لەگەڵ هاتن و بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تۆڕەکانی پەیوەندیی بە شێوەیەکی گشتی، ئەمە بە تەواوی گۆڕانی بەسەردا هات. هەموو ئەوانەی خوازیاری پراکتیزەکردنی شێوەژیانی جیاواز و نائاسایین لە دیدی کۆمەڵگەوە، کاتێک کارێکی نائاسایی ئەنجام دەدەن و کۆمەڵگە پەسەندی ناکا، زۆر بە ئاسانی دەنگدانەوەی ئەم کارە نائاساییە بە مەبەست فراوان دەکرێت و دەچێتە جوگرافیایەکی زۆر گەورەتر، کە ئەستەمە ئیدی کەسی شکۆشکێنراو و قوربانی بتوانێت بەو ئاسانییە لێی دەرباز بێت. ئاخر ئەو هێندە دەناسرێت، بچێتە هەر شوێنێک و لە هەر کوێیەک بێت خەڵکی لێی ناگەڕێن و بیری دەخەنەوە کە ئەو شکۆشکێنراو و ئابڕووتکاوە. لێرەدا ئەم کەسە دەکەوێتە بەردەمی چەند بژاردەیەکی سەخت، یان داننان بەو واقیعە تاڵەی تێیدایە و هەڵکردن لەگەڵیدا؛ یاخود پەنابردن بۆ خۆکوشتن(کە بەداخەوە هەندێکیان ئەم رێگایە هەڵدەبژێرن)؛ یانیش هەڵگیرساندنی جەنگێک لەنێو تۆڕەکانەوە دژی هەمووان، کە ئەمەشیان هێندە ئاسان نییە و کەسی قوربانی دەبێت بەردەوام ئامادە بێت بۆ هێرشێکی دەستەجەمعی و سووکایەتیپێکردنی بەردەوام تا دەگاتە هەڕەشەی جیددی کە دوور نییە تیرۆری فیزیکی لێ نەکەوێتەوە!

قوربانییەکان لە دونیای دیجیتاڵیدا بە تەنها ئەمانە نین، بەڵکوو زۆر جار کەسانی ئاسایی و بێزیانیش دەبنە قوربانی و لە رێی چاوپێکەوتنێکەوە، قسەیەک دەکەن و لە پڕ دەبنە فیگەرێکی دیاری تەرفیهیی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەمووان قسەکەی دووبارە دەکەنەوە، تاکوو دواجار ژیانی لێ تاڵ دەکەن و ناهێڵن بحەسێتەوە و ژیانی ئاساییانەی خۆی بژێت. لەم چەند ساڵەی دواییدا کۆمەڵگەی ئێمە زیاد لە قوربانییەکی وەهای خستووتەوە، قسە باو و نەستەقەکانی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئێمە قسە و گوزارەی کەسانی زۆر ئاسایین و خزێنراونەتە نێو دونیای بێڕەحمی دیجیتاڵییەوە. ( مەعاشەکەو جوانە گەواو، سەعاتەکەی ئاوات، با ماڵمان بە قوڕ نەگیرێ و دواهەمینیشیان کچەکەی کەژاڵی؟) هیچ نین جگە لە تیرۆری کەسایەتی و کردەییەکی قۆشمەبازانەی بێمۆراڵ، کە تێیدا هیچ حسابێک بۆ دۆخی دەروونی و شکۆی مرۆییانەی قوربانییەکان نەکراوە و ناکرێت. ئەوەی جێی سەرنجە لێرەدا، هەموو ئەو فیگەرە دیارانە کاتێک ئەم قسانە دەکەن، لە ناواخنی تراژیدیاوە دەدوێن و لە رێی هەڵچوونە دەروونییە کۆنترۆڵنەکراوەکانیانەوە قسەی وەهایان بە زاردا دێت، کەچی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دێت و ئەم نەفەسە تراژیدییە بۆ کۆمیدیایەکی بێتام دەگۆڕێت.

تۆ بڕوانە، مامۆستایەکی ئاسایی بە نیازی بازاڕکردنێک لە ماڵەوە دەچێتە دەر، لە پڕ دەبینێت کۆمەڵێک گەنج خۆپیشاندان دەکەن و پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکانیش کە بێمووچەن و بە چەند مانگ جارێک مووچەیەکیان دەدرێتێ، رووبەڕووی ئەو گەنجانە دەبنەوە و ئازاریان دەدەن، ئەم مامۆستایەش هەر بەو عەلاگەیەی دەستییەوە کە بازاڕییەکەی پێ کردووە و لە سووچێکی کۆڵانەکەوە کە ئەم دیمەنی پێکداهەڵگژانە دەبینێ، تووڕە دەبێت و بە پۆلیسەکە دەڵێت:  مەعاشەکەو جوانە گەواو! مامۆستا دەچێتەوە ماڵ و وەک رۆژانی ئاسایی مۆبایلەکەی بەدەستەوە دەگرێت و دەبینێت ئەم قسەیەی ئەو وەک بۆمبێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا تەقیوەتەوە و هەمووان دەیڵێنەوە، ئەی خوایە ئەمە چییە؟ من بەناوبانگ بووم! بەڵام بەناوبانگبوونێکی خۆنەویستانە و سەخت، بەناوبانگبوونێک کە خۆم نەمویستووە و بەسەرمدا سەپێنراوە، بەناوبانگێکی موزەیەف و گاڵتەجاڕانە! ئەوانەی هەڵگری ئەم جۆرەن لە ناوبانگ، لە هەموو کەس زیاتر کۆکن لەگەڵ ئەو وتەیەی ” سارتەر” دا کە پێی وایە ( ئەوانی دیکە، دۆزەخن)، ئاخر ئەوان رۆژانە ئەزموونی ئەم واتایە دەکەن و بەدەستییەوە دەتلێنەوە.

دونیای دوای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاوها مرۆ دەکاتە قوربانی، لەپێناو گەرمکردنی بازاڕەکەی خۆیدا. لەپێناو دابینکردنی ساتەوەختێکی خۆش و چێژبەخشانە بە بەکارهێنەرانی خۆی. ئەمە دەبێتە بابەتێک بۆ سەرقاڵی و کاڵبوونەوەی حەماسە شۆڕشگێڕی و دۆخە تراژیدییەکەش. ئا بەم شێوەیە لە ناواخنی تراژیدیاوه کۆمیدیا لەدایک دەبێت و هەمووان کەیفخۆش دەبن و دەوڵەت و دەزگا میدیاییەکانیش سوودمەندی یەکەم‌؛ بەڵام لەسەر حسابی کێ؟ قوربانییەکان وەڵامی ئەمەیان لایە، تەنها ئەوە نەبێت ئەوان نایانەوێت لەوە زیاتر باس بکرێن، بۆیە وەڵاممان  نادەنەوە!

هاوشێوە