رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

بەسەنتەرکردنی تاک، چۆن بوونی خۆمان بدۆزینەوە؟

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: ئازاد شکور

Download PDF

بەو پێیەی تاک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و بوونی بەستراوە بە بوونی ئەوانی ترەوە، بۆیە کارێکی نەکردە نییە گەر بڕوامان وا بێت تاک دەتوانێت دوور لە کۆمەڵگا بژیێت، ئەمەش وا دەکات بوونێکی جیهانیانەی پێ ببەخشێت، بوونێک کە پەیوەندییەکی پتەوی بە جیهانی مادی و مەعنەوییەوە هەیە، وەک پەیوەندیی لەگەڵ سروشت و گەردوون، ئەستێرەکان و نیشتمان، لەگەڵ هەموو ئەو کەلوپەلانەی کە خاسیەت و تایبەتمەندێتیی ورووژاندنی تێدایە، وەک داهێنان و بیرکردنەوە و ئامێرەکان و دامەزراوە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان.

ئایا مامەڵەی تاکەکان هەمان مامەڵەی سروشتە؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە ژان پۆل سارتەر لە کتێبی “بوونگەرایی رێبازێکی مرۆڤانەیە” دەڵێت: ‘هەموو دیاردەکانی نێو ئەم جیهانە بۆ مرۆڤ دەبنە بابەت، چونکێ مرۆ دەتوانێت بە ویست و سەربەستانە مامەڵە لەگەڵ دیاردەکان و کەلوپەلەکانی دەوروبەری خۆی بکات، بۆ نموونە: قەنەفە کە شوێنی دانیشتن و پشوودانە، مرۆ دەتوانێت لە یەک کاتدا لە سەری دابنیشێت یان بیسووتێنێت یان بیشکێنێت، مرۆڤ ئازادە چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکات، بەڵام ئەمە بۆ مرۆڤێک پێچەوانەیە، چونکە مرۆڤ بۆ مرۆڤ نابێتە کاڵا و بابەت بەو پێیەی مرۆڤ خوودانی هۆشیاری و هەست و ئاگایییە، چونکە لە حاڵەتی بە کاڵا سەیرکردنی هاوڕێ یان هاوسەر ئەگەری بەریەککەوتن و توندوتیژی لێ دەکەوێتەوە ئەمەش دەبێتە هۆی تێکچوون، درزکەوتنە نێو پەیوەندییەکان و دووریش نییە ئازاری جەستەیی لێ بکەوێتەوە.”
بە یاریدەی ئەم تێڕوانینەی سارتەر، ئەگەر بمانەوێت خوێندنەوەیەکی پراگماتی بۆ سایکۆلۆجیا و بیرکردنەوەی تاکی کوردی بکەین، دەبێت پۆڵێنیان بکەین بە سەر دوو جۆردا:
جۆری یەکەم: تاکی ونبوو یان خامۆش: وەک مارتن هایدیگەر فەیلەسووفی ئەڵمانی و یەکێک لە ڕابەرانی قوتابخانەی بوونگەرایی بە بوونی ناڕەسەن وێنای دەکەن، ئەوانەن کە کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی کەسانی ترەوە و خاوەنی هیچ بیرکردنەوەیەکی ئازادانە و سەربەستانە نین، تواونەتەوە لەناو کەسانی دەوروبەر و کۆمەڵگادا، پابەندن بە کولتوور و نەریتەکان و هەموو ڕێسا کۆمەڵایەتییەکانەوە، لەبریی ئەوەی خۆیان بیر بۆ خۆیان بکەنەوە، بە پێچەوانەوە کەسانی تر بیریان بۆ دەکەنەوە و خاوەنی هیچ هەڵبژاردنێک نین، ئازاد و سەربەست نین، دەبنە بابەت بۆ کەسانی تر و وەک کاڵا و کۆیلە مامەڵەیان پێوە دەکرێت. لەبریی ئەوەی ببنە ئامانج بە پێچەوانەوە دەبنە ئامراز، دەبنە پڕۆژەی جڤاک، ئەم جۆرە بوونانە بەردەوام میزاجین و هەر جارەی لەسەر هەوەسێکن و ناتوانن ببنە خاوەنی بیرکردنەوەیەکی نەگۆڕ و جێگیری بەردەوام. کەسانێکی ڕاڕا و دوودڵ، دڕدۆنگ و نیگەرانن، مرۆڤانێکن کاریگەریی مێژوویان لەسەرە، هێشتا لەناو ڕەوڕەوی مێژوودان ناتوانن بێنە دەرەوە لە مێژوو، بەڵکوو مێژوو ئایندە و داهاتووشیان قۆرخکراوە، بەمەش دەتوانین بڵێین مرۆڤانێکی نابەختەوەر و نائاسودەن. ناتوانن خۆیان بەها و گرنگی بە شتەکان ببەخشن، بەڵکوو ئەوە کۆمەڵ و جڤاکە بەهایان پێ دەبەخشن، زیاتر پشت بە لاساییکردنەوە دەبەستن لەبریی داهێنان و چالاکی و گۆڕانکاری، بەتاڵبوونەتەوە لە بەهای تاکەکەسی و ڕۆچوون بە نێو خاسیەت و تایبەتمەندیی کەسانی دەوروبەر. ئەم جۆرەیان لەنێو کۆمەڵگای کوردیدا زۆرینەی ڕەهای داگیر کردووە.
جۆری دووەم: ئەم جۆرەیان بوونێکی ڕەسەن و ڕاستەقینەیە، خاوەنی ڕوانین و بیرکردنەوەی تایبەت بە خۆیەتی، بە شێوەیەکی تەواو ئازادانە و سەربەستانە بیروبۆچوونەکانی خۆی پێشکەش دەکات. بوونێکە ناکەوێتە ژێر کاریگەریی هیچ هەژموون و ئایدۆلۆژیا و بارودۆخێکەوە، زیاتر سۆپەرمان و باڵایە و بۆ هەموو بارودۆخ و ڕووداوێک شیکردنەوە و شرۆڤەی خۆی هەیە، ئەم جۆرە بوونە ناکەوێتە ژێر گوشاری دەرەکی، بەڵکوو خۆی سەنتەر و خاسیەتە، مرۆڤێکە هەموو بەرز و نزمییەکانی بڕیوە و خۆی لە لوتکەدایە، هەر لە لوتکەوە تەماشای خوارەوەی خۆی دەکات، ئەم جۆرە بوونە گەیشتن پێی ئاسان و سانایە، بە هەموو کەسێک دەکرێت، لە دەرەوەی  توانای مرۆڤ نییە. گەیشتن بەم جۆرە بوونە، پێویستی بە ئیرادەی مرۆڤی ئازاد هەیە، پێویستی بەو جۆرە کەسانە هەیە کە روووبەڕووی تەواوی تەحەدییەکان دەبنەوە، ئەمانە بیانوی کۆمەڵگا و  مێژوو و دابونەریت و ئایین رەت دەکەنەوە، خۆیان پێوەر و بەها بۆ شتەکان دادەنێن.
لە راستیدا تاک لە کۆمەڵگا و کولتووری کوردیدا گشتاندنی بۆ کراوە، بەو پێیەی تاک لەژێر کاریگەریی ژینگە کۆمەڵایەتییەکەدایە، ناتوانێت لە دەرەوەی جڤاک و کۆمەڵگا تێڕوانینەکانی خۆی پێشکەش بکات. تێهزرینی خێڵگەراییانە یەکێکە لەو فاکتەرە مەترسیدارانەی کە تاکی کوردی بەرەو چەقبەستوویی بردووە، کە ئازادی و سەربەستیی لە تاک سەندووەتەوە. ئەمە زەنگێکی مەترسیدارە کە تاک هاوشێوەی ئاغاکانیان بیر بکەنەوە سەرداری عەشیرەت و خێڵ بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندیی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیی خۆیان ئاڕاستەیان دەکەن. ئەمە بۆ خۆی بە مێگەلکردنی جڤاکە، مەترسیی ئەم دیاردانە ئەوەیە کە ئازادییە فەردییەکان بەرتەسک دەکەنەوە، تاکوو دەگاتە ئەوەی کە توندوتیژی و تیرۆری کەسایەتی و جەستەیشی لێ بکەوێتەوە، بە بیانوی پاراستنی عەشیرەت و خێڵەوە. مەرامیش لەم کارە حەسانەوە و بەرژەوەندیی مادیی دەرەبەگ و ئاغاکانە، مەبەست لێی خۆدەوڵەمەندکردن و کەڵەکەکردنی سەرمایەیە، کۆکردنەوەی دەنگی دەروێشانی خێڵە بۆ خزمەتی حیزب و فەرمانڕەوایانی وڵات.

ئایین یەکێکی دیکەیە لەو کایانەی ژیانی تاک کە زۆرترین بازرگانی پێوە دەکرێت، ڕێبەرانیان لەپێناو بەرژەوەندیی خۆیان، خەریکی گەوجاندن و لە قاڵبدانی مێشکی کۆمەڵگان، ئەمەش لەپێناو ئەوەی پارێزگاری لە مووچە و قووتی خۆیان بکەن، ئایین لە کۆمەڵگای کوردیدا لەبریی ئەوەی دەزگایەکی ئایینی و ڕۆحانی بێت، بە پێچەوانەوە بووەتە دەزگایەکی حکوومی هەر وەکوو فەرمانبەرەکانی تری دەوڵەت مووچە لە حکوومەت وەردەگرن، ئەگەر لە رووی ئینسانییەوە سەیر بکەین ئاساییە مووچە لە بەرانبەر کاردا، بەڵام ئەوەی نەنگییە ئەوەیە پیاوانی ئایینی لەبریی ئەوەی کۆمەڵگا بۆ شێوەژیانێکی باش و شایستە ئاماده بکەن و هۆشیاریان بکەنەوە، بە پێچەوانەوە بەکۆمەڵ دەیانکەنە مێگەل و دەچنە خزمەت دەسەڵاتە سیاسییەکەوە، چونکی مادام پیاوانی ئایین مووچەخۆری دەوڵەتن هەر دەبێت ئاراستەی کۆمەڵگا بکەن بە ویست و خواستی دەسەڵات و حیزب. بەمەش ناتوانن حەقیقەت نیشانی کۆمەڵگاکانیان بدەن، ناتوانن باس لە نەهامەتی و بێکاری و ئەو هەموو ناعەدالەتییە بکەن کە هاووڵاتییان بەدەست دەوڵەتەوە دەیچێژن، بەمەش پیاوانی ئایینی پێی بزانن یان نەزانن، هۆکاری سەرەکین بۆ سەرلێشێواندنی تاک. تووشی حاڵەتێکی دەروونیی بێدەرەتانیان دەکەن، هەموو ئەمانەش تەنها و تەنها لەپێناو مووچەیەکدا. ئایینیان کردووەتە سەرچاوەیەک بۆ پارە پەیداکردنی خۆیان و خۆشگوزەرانی خۆیان، بێئاگا لەوەی کە دەبێت ناوەڕۆکی ئایین دژ بوەستێتەوە لە ئاست ئەو شتانەدا. یەکێک لەو مەترسییانەی ئایین کە رووبەڕووی جڤاک دەبێتەوە، ئامانجی لەناوبردنی تاک و دژی هەر جۆرە روانین و بیرکردنەوەیەکی سەربەستانەی خودی تاکە، بە پێچەوانەوە زانایانی ئایینی دەیانەوێت لە رێگەی عیبادەت و نوێژەوە تاک لەناو جڤاکدا بتوێننەوە، بۆیە بەردەوام وەکوو سیاسەتمەداران بە ناوی گەل و کۆمەڵگاوە قسە دەکەن بەبێ ئەوەی هیچ پرسێکیان بە کۆمەڵگا و خەڵکی خۆیان کردبێت. لە کاتێکدا ناتوانن هەست بە ویژدانی ئەو مرۆڤانە بکەن، کە چ جۆرە ژیانێک بەسەر دەبەن، ئەمەش پەیامێکی ئاراستەکراوە ، بە مەبەستی ناڕەسەنێتی کۆمەڵگا و دوورکەوتنەوە لە رەسەنێتی بەم کارەیان رۆحیەتی سەربەستی و ئازادنەی تاک دەکوژن و لەناو جڤاکدا دەیانتوێننەوە. کیرکیگارد لەم بارەیەوە دەڵێت: “پیاوی ئایینی تووشی شیزۆفرینیامان دەکات، چونکە وتارەکانی لە ئاوازێک دەخوێنن و کار و کردەوەکانیشی ئاوازێکی تر، پیاوانی ئایینی داوا لە خەڵکی دەکەن پرەنسیپە ئایینییەکان پراکتیک بکەن، کەچی خۆیان پێچەوانەی ئەو پرەنسیپ و بنەما ئایینیانە رەفتار دەکەن”. بە جۆرێک هەژاری و نەداری وەک دۆستی خودا و خۆشەویستیی خودا وێنا دەکەن کەچی خۆیان لەوپەڕی ناز و نیعمەتی ژیاندان، خودانی هاوسەری زۆر و پۆشاکی جوان و گەشتی خۆش و سەرجەم هۆیەکانی خۆشبەختی و خۆشگوزەرانین، چونکە ئەوان فەرمانبەری دەوڵەتن و بە پارە وتارەکانیان جێبەجێ دەکەن. دەوڵەتیش پاسەوانیان لێ دەکات و پارێزگارییان لێ دەکات، چونکی خواستی دەوڵەت جێبەجێ دەکەن. خەڵکیش ئامادەیە گوێبیستی ئەم جۆرە وتارانە بێت، خەڵکی ئەمەیان پێ خۆشە خەڵکی خۆی بە لێشاو روو لە کەنیسە و مزگەوت دەکەن و تاکوو لە بەرچاوی یەکتری وا خۆیان نیشان بدەن کە خەڵکانێکی بەتەقوا و ئیماندارن. بەڵگەش بۆ سەلماندنی ئەم بۆچوونە کە وا دەکات ئایین ساختە دەربکەوێت و رۆڵی سەرەکی لە شێواندنی دەروونی تاکدا ببینێت و بەرەو ناڕەسەنبوونی ببات، بریتییە لە پیرۆزکردنی کەسایەتییە دیارەکانی ناو ئایین، مەرقەد و شوێنە پیرۆزەکان کە گوایە ئەو کەسایەتییە ئایینییانە شفادەرن و کەسانی پیرۆزن و نەخۆش چاک دەکەنەوە و دەتوانن منداڵ ببەخشن و رۆزی خەڵکی زیاد دەکەن، ئەمانەش تاکە ئامانج لێی بۆ خۆدەوڵەمەندکردن و خۆشگوزەرانی خۆیان و نەوەکانی خۆیانن.
ئەوانەی دەیانەوێت مرۆڤی ناڕەسەن لەو دۆخەی خۆیدا بمێنێتەوە، لە رێی پیاوانی ئایینییەوە وا لە بڕوادارەکان دەکەن کە هەرگیز نەبنەوە بە خۆیان، بە جۆرێک ئایین لە هێزێکی بەتوانا و خاوەن ئیرادە و گۆڕانکارییەوە دەکەنە هێزێکی بێئیرادە و بێتوانا، وا لە تاک دەکەن هەموو خەونێکی گۆڕانکاری زیندەچاڵ بکات، بۆیە ئەوانیش خەونی ریفۆرم و چاکسازییان نامێنێت و خۆیان تەسلیمی دەستی ئایین دەکەن و دەیانەوێت خودا تۆڵەیان بۆ بکاتەوە. بێئاگا لەوەی خودا هیچ قەومێک ناگۆڕێت ئەگەر ئەو قەومە خۆیان هەوڵی گۆڕینی خۆیان نەدەن. ئەم رۆڵە خراپەی ئایین لە بە ناڕەسەنکردنی مرۆڤدا وای کردووە زۆرێک لە فەیلەسووف و بیریاران دژی بوەستنەوە، تەنانەت هەندێکیان ئایین بە تلیاک و بێهۆشکەری میللەتان ناوزەند بکەن. هەروەک چۆن کارڵ مارکس لە کتێبی “سەرمایە” بۆچوونە باوەکە دەردەبڕێت: “ئاین تلیاکی گەلانە”.


هۆکاری پشت نائومێدییەکانی کۆمەڵگا


هەڵبەت لە تەواوی وڵاتە خەوتووەکانی جیهانی سێیەم، دەسەڵات و سیستەمە سیاسییەکە هۆکاری سەرەکین بۆ بەنجکردن و نائومێدکردنی تاکەکان، چونکێ لە روانگەی دەسەڵاتی سیاسییەوە ئەگەر تاک و کۆمەڵگا بێگرفت و سەقامگیر بن، ئاستی زانکۆکان لە ئاستی وڵاتە پێشکەوتووەکان بێت، هاووڵاتییان کێشەی خزمەتگوزاری و کێشەی ئابوورییان نەبێت، تاکەکانی کۆمەڵگا ئاستی هۆشیارییان بەرز بێت، ئەو کات تاک  بیر لە گۆڕانکاری و ریفۆرمی سیاسی دەکاتەوە. ئەم جۆرە حکوومدارییەی کە لە رۆژهەڵاتی ناویندا بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی پەیڕەو دەکرێت، سیستەمێکی گەندەڵ و ستەمکارە و وزەی تاکی تیا کەبتکراوە، سیستەمێکە دوورە لە دیموکراسی و بڕوای بە جاڕنامەکانی مافی مرۆڤ نییە. هەر لەبەر ئەم هۆیانەش جێگەی قبوڵی نییە خەڵکانێک ئاستی هۆشیارییان بەرز بێت، جا بۆ ئەوەی دەسەڵاتداری کورد بەردەوام لەسەر کورسییەکەی بێت و پایەکەی بە پشتاوپشت بۆ نەوەکانی دوای خۆی مسۆگەر بکات، بە پلان و بەرنامە کار دەکات بۆ شکاندنی شکۆی تاک و تەواوی دامەزراوە نیشتمانییەکان بێبەها دەکات. بەردەوام قەیران لەسەر قەیران دروست دەکات بۆ ئەوەی تاک نەیپرژێتە سەر خۆی، مووچە کەم دەکاتەوە و خەڵکی بێهۆش دەکات بە کاراکتەری دروستکراو، بە هەزاران کچەمۆدێل و بەناو ئارتێست دێنێت و دەیانخاتە بەردەمی شاشەکان و بە ملیۆنان دۆلار سەرف دەکات، لەگەڵ دەیان شتی لابەلای تر کە تێکڕا ئامانج لێی سەندنەوەی رەسەنێتییە لە تاک و کردنێتی بە بەشێک لە دونیایەکی ساختە و کۆمەڵێکی نمایشکار. سەرقاڵ و بێهۆشی دەکات بە تۆڕی کۆمەڵایەتی و ئەنتەرنێت و پۆرنەوە، بەمەش دەسەڵات دەتوانێت خەڵک و نیشتمانیش هەڕاج بکات، بێگومان ئەم کارانەش بە هەڕەمەکی و نەزانانە ناکات، بەڵکوو بە پشتبەستن بە دەیان راوێژکاری پسپۆڕ و تایبەتمەند، بە مەبەستی لەکارخستنی شکۆی تاک. بەم کارانەش تاکی کورد دوور دەکەوێتەوە لەو هۆکارانەی کە رێگە خۆشکەرن بۆ رەسەنێتیی تاک، چونکی تاک لەبریی بیرکردنەوە و تێهزرین لە خەمی ئەوە دەبێت چۆن پاروویەک نان بۆ منداڵەکانی پەیدا بکات، چۆن بژێوی خۆی دابین بکات. بەمەش تاک لەبریی خۆدۆزینەوە و گەیشتن بە رەسەنایەتی لەناو بازنەی ونبوون و ناڕەسەنێتیدا دەخولێتەوە، موتربە بە جڤاک و کۆمەڵگا دەبێت، باڵابوون و گەیشتن بە هەرەم لەدەست دەدات، ئەم ناڕەسەنێتییەی کۆمەڵگا ئامانج و ستراتیژە لای دەسەڵاتی سیاسی.

چۆن رووبەڕووی ئەم دۆخی پڕنائومێدیە ببینەوە؟

ژان پۆڵ سارتەر کە یەکێکە لە ڕێبەرە دیارەکانی قوتابخانەی بوونگەرایی، دەڵێت: “پێویستە لەسەرمان کات بۆ رووبەڕووبوونەوەی جیهانی سەرمایەداری تەرخان بکەین، چونکی جیهانی سەرمایەداری تاک بۆ بژێوی و کار و بەدەستخستنی پارە ئاراستە دەکەن، دووریان دەخەنەوە، لە ژیان و تێفکرین و پرەنسیپەکانی حەقیقەت و ئازادی و بەرپرسیارێتی.)3 دواتر هەر خودی سارتەر  باسی دوو جۆری بوونمان بۆ دەکات:

یەکەم:  بوون لەناو خۆیدا/ ئەو جۆرە بوونەیە کە خۆی لە جیهانی مادیدا دەبینێتەوە، بەدەرە لە هۆش و ئاگایی، جیهانێکی وەستاو و نەگۆڕە وەک (تەختە، کورسی، مێز) هەست بە هیچ کەموکورتییەک ناکات، ئەم هەستنەکردنەش بە کەموکورتی وا دەکات لە دەرەوەی چالاکییەکان بێت، نەبوونی چالاکیش واتا شتێک کە نەگۆڕ و چەسپاو بێت، ئەگەر تاکی ئێمە هەرچەند سەر بە جیهانی هۆش و ئاگایین توانای خۆدۆزینەوەی نەبێت و دەست بۆ گۆڕانکاری و چالاکییەکان نەبات، ئەوا هەر لەنێو ئەم بازنەیەی بوون لەناو خۆیدا دەسووڕێتەوە.

دووەم: بوون بۆ خۆی/ ئەم جۆرە بوونە دیوی ئاگایی و هۆشمەندیی مرۆڤ دەگرێتەوە، لەم جۆرە بوونەدا هەمیشە مرۆڤ هەست بە کەموکورتی دەکات، بوونی هەمیشە بوونێکی چالاکانەیە، هەمیشە هەوڵ دەدات کەموکورتییەکان پڕ بکاتەوە، بە هۆی ئاگایی و هۆشیارییەکەیەوە لە هەبووەکانی تر جیای دەکاتەوە، داهێنان و بەهاکان بیرکردنەوە و ململانێکان و بیردۆزەکان سەر بە جیهانی ئاگایین.                                                   

ئەگەر بمانەوێت ئەم بۆچوونەی سارتەر هەڵهێنجێنین، دەگەین بەو راستییەی، بوونی مرۆڤ دەکەوێتە پێش خاسیەت و تایبەتمەندییەکانییەوە، بوونێکی ئازادانەی هەیە توانای رووبەڕووبوونەوەی هەموو تەحەدییەکانی هەیە، هیچ بەربەستێک ناتوانێت ببێتە لەمپەڕ لە هەمبەر جووڵە و بیرکردنەوەکانی مرۆڤدا، چونکە مرۆڤ بوونێکی ئاگایی و هۆشیارانەی هەیە و هەر بە هۆی ئەم ئاگاییەشەوە دەتوانێت رووبەڕووی ئەم دۆخی نائومێدبوونە ببێتەوە، بەڵام ئەمە هیچ ئەنجامێکمان ناخاتە بەردەست ئەگەر لە هەندێک بنەمای سەرەکیی فەلسەفەی بوونگەرایی تێنەگەیشتبین، بۆ ئەمەش هەوڵ دەدەین بەشێک لەو بنەمایانە کە پەیوەستن بەم بابەتەکەمانەوە، شی بکەینەوە.                                                                  

نیگەرانییە وجودییەکان:


مرۆڤ هەمیشە بوونێکی نیگەرانە، چونکە بوونێکی ناکامڵ و ناتەواوی هەیە، بە هۆی نیگەرانییەکەیەوە دەیەوێت کەموکورتییەکانی خۆی پڕ بکاتەوە، ئەم ناکامڵیەی مرۆڤ هەمیشە وا دەکات مرۆڤێکی دڕدۆنگ و نیگەران بێت، نیگەرانیش سیفەت و تایبەتمەندیی مرۆڤە، جگە لە مرۆڤیش هیچ بوونەوەرێکی تر تووشی نیگەرانی نابێت، نیگەرانی دەبێت رێڕەوەی راستەقینەکەی خۆی وەربگرێت، نابێت کەمتەرخەمی یان زێدەڕەوی تێدا بکرێت، چونکی زیادەڕەوی لە نیگەرانیدا، مرۆڤ لە قۆناغی ناڕەسەنێتی دەهێڵێتەوە، بەردەوام دەیکاتە کەسێکی واسواس و ترسنۆک و تۆقێنەر، کەمتەرخەمیش بە هەمان شێوەی زیادەڕۆی زیانی هەیە مرۆڤ لە داهێنان و گۆڕانکاری دوور دەخاتەوە و دەیکاتە کەسێکی بێئیرادە و مردوو، بەڵام گەر نیگەرانییەکەی لەسەر بنەمایەکی هاوسەنگ و راست بێت، ئەوا دەتوانین لە رەگەزی رەسەنێتی تۆماری بکەین، چونکی بەرپرسارێتی دەکەوێتە سەرشانی و ئەم بەرپرسارێتییەش بە داهێنان و چالاکی و گۆڕانکاری و بەرهەمداری کۆتایی دێت، کەوایە بۆ دەربازبوونمان لەم دۆخە شڵەژاویەی کە تێی کەوتووین نیگەرانیمان بە بەرپرسیارێتییەوە گرنگە.                                        

ئازادی:

ئازادی، پایە و کۆڵەکەیەکی گرنگی تاکە، تاک دەکاتە چەق و سەنتەر، شکۆ و بوون بۆ مرۆڤەکان دەگێڕێتەوە، کارێکی مەحاڵ و نەکردەنیە، گەر بێت و تاک داوای ئازادیی کەسانی تر بکات ئەگەر بێت و نەتوانێت خودی خۆی ڕزگار بکات و خۆی لە دەرەوەی ئازادییەکە بێت، بۆیە یەکەم کاری تاک خۆئازادکردنیەتی لەو ژینگە و بارودۆخە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەی کە تێیدا دەژیێت، تاک پێویستی بەوە هەیە خۆی لە میرات و کەلەپوور و ئایین و رێسا کۆمەڵایەتییەکان دەرباز بکات، بەرەو بە باڵابوون هەنگاو بنێت، ئەم بوونە، بوونێکە خۆی بڕیار لە پرۆسەی ژیانی خۆی دەدات پێویستی بە هیچ ڕێنوێنیکەرێک و هیچ ئاراستەیەکی دیاریکراو و سەپێنراو نییە، ئیتر ئاراستەکە چ ئایین بێت یان کولتوور یان رێسا جڤاکییەکان، ئەمە گێڕانەوەی شکۆیە، تاک ئازادە لە بڕیاردان، بیروبۆچوونە سیاسی و کایەکانی تری ژیان. مێژوو لەگەڵ مێژوودا جێ دەهێڵێ نابێت چارەنووس داهاتوو و ئایندەی داگیر بکات، بە پێچەوانەوە چارەنووس بەشێکە لە ژیانی و خەمی ناخوات و بیری لێ ناکاتەوە، لەبریی خۆزگە و هیوا و خەمخواردن بۆ رابردوو، بەهێز و وزە و چالاکییەکی نوێوە ئایندەی خۆی بنیاد دەنێت، دەرگاکانی ژیان بە رووی خۆیدا دەکاتەوە، گەشبینانە بۆ داهاتوو دەڕوانێت، ناکرێ و نابێت تاک دیلی دەستی بەهای کۆمەڵایەتی و مێژوو و ئایین و کولتوور بێت، چونکە ئەو بەهایانە بەهای ئەبەدی نین مۆنۆپۆڵکراو نین لەسەر تاک، ئەوا کۆمەڵگا خۆیەتی لەنێو خۆیاندا رێککەوتوون کە بەها و قورسایی بۆ شتەکان دادەنێن، ئەگەر نا لە ئەسڵدا هیچ بوونێکی نییە، بۆ نموونە، هەندێ بەها و کولتوور لەنێوان خودی جڤاک و کۆمەڵگاکاندا جیاوازن، لە هەندێ لە کۆمەڵگاکان ئەگەر کەسێک ورگی هەبێت، وەک نیشانەی جوانی سەیر دەکرێت و لێی دەڕوانرێ، بەڵام ئەمە لە هەندێ کۆمەڵگای ترەوە پێچەوانەکەی تەواوە. دەرچوون لە دەستەجەمعییەوە بەرەو تاکگەرایی رێگەیەکە بۆ بەدەستهێنانی ئازادی بۆ نموونە توێری شارێکی چاکەکار لە لایەن “ئەفلاتۆنەوە، ئەوە بوو لە رێگەی لەناوبردنی کەمئەندامانەوە ویستی بگاتە ئەو کۆمەڵگا چاکەکارە، بە شێوەیەکی گشتی ئازادی کرۆک و ناواخنی تاکە کە بڕیار لەسەر ژیانی خۆی دەدات، هیچ هێزێک لە دەرەوەی خۆی بوونی نییە و ناتوانێ ئاراستەی بکات.

بەرپرسیارێتی:


سەرباری ئەوەی مرۆڤ ئازادە لە بڕیاردان و دیاریکردنی شێوازی ژیانی خۆی و خۆی هەڵی دەبژێرێت، خەڵکانی تر رۆڵیان نییە لە دەستنیشانکردن و بڕیاردان و هەڵبژاردن و تەنانەت بیرکردنەوەکانی، بەڵام لە هەمان کاتیشدا تاک بەرپرسیارێتیی گەورە لەسەر شانیەتی، دەبێت خەمی لە خەمێکی تاکەکەسییەوە بگۆڕێت بۆ خەمێکی گشتی، لەم قۆناغەدا، تاک بەرپرسە لە بەرانبەر مێژوو و خۆی بەرپرسیارێتیی شکست و سەرکەوتنەکانی خۆیەتی، ومافی تاوانبارکردنی هیچ هێز و کەس و لایەنێک و زەمانێکی نییە، کە لە شتێکدا شکستی خواردووە ئەوە خۆیەتی، نەک کەسانی تر، چونکە ئەو کارەی هەڵیبژاردووە بە ئازادانە هەڵیبژاردووە، کەس زۆری لێ نەکردووە، کەس بۆی هەڵنەبژاردووە، هەر بۆیەشە خۆی بەرپرسە لە خۆی و شکستی خۆی. وەک چۆن کیرکیگارد دەڵێت: “خۆت خۆت هەڵبژێرە”.                                               

خاڵێکی تری ئەم لایەنەی بەرپرسیارێتیی تاک ئەوەیە، خەمەکەی دەبێتە خەمێکی گشتی، لەبەر ئەوە بوون بوونێکی جیهانیانەیە، بەبێ ئەوانی تر ژیانکردنی تاکەکان مەحاڵ و هەڵە و نەکردەنییە، کەوابوو لە هەر شوێنێک نادادی و ستەم و چەوسانەوە هەبێت، بەرپرسیارێتیی تاکە، وەک بەشێک لە خۆی لێی بڕوانێت، ئەگەر چ ستەمەکە رووبەڕووی خۆیشی نەبێتەوە، بەڵام لەسەری پێویستە ویژدانی بێتە دەنگ و رۆڵی ئیجابییانەی هەبێت، بە شێوەیەکی مەیدانی پشتیوانی خۆی بۆ زوڵملێکراوان و نەداران دەرببڕێت، گەرچی ئەگەر هاوزمان و هاوپیشەی خۆشی نەبێت، ئەوەی گرنگە کۆدەنگییە و بەگژداچوونەوەی جەور و ستەم و رووبەڕووبوونەوەی ناعەدالەتییە، ئەگەر لە هەر کوێی ئەم زەمینە بێت.                                                    

فینۆمینۆلۆجی(دیاردەناسی)


جگە لەو بنەمایانەی کە ئاماژەمان پێدا، بۆ تێگەیشتن لە بوونگەرایی ناچارین لە فینۆمینۆلۆجیش تێبگەین، کە قوتابخانەیەکی فەلسەفییە و دامەزرێنەرەکەی “ئەدمۆند هۆسرێل”ە. مەبەستی ئەم قوتابخانەیە ئەو دیاردانەیە یاخود ئەو مادانەیە کە خۆیان دەردەخەن و دەکەونە بەر چاوان، واتا شتانێک بێته جێگەی تێڕوانین و تەرکیز و بیرکردنەوە و زانینمان. ئێمە دەتوانین  ئەوەی لێ هەڵهێنجێنین، گەر تاک بیەوێت گرنگی بە پرسێک یان شرۆڤەی دیاردەیەک بدات، نابێت پشت بە پێشبیرو بیروبۆچوونی کەسانی تر ببەستێت، قسەی دەوروبەر بکاتە مەرجی قبوڵکردنی دیاردەیەک یان پرسێک یان رووداوێک، بەڵکوو بە پێچەوانەوە تاک لە کەسێکی رۆبۆتئاساوە بچێتە دەرەوەوە و خۆی تەرکیز بخاتە سەر رووداوەکان و دیاردەکان، لەژێر فلتەری خۆیدا شرۆڤە و شیکردنەوە بۆ رووداو و دیاردەکان بکات. خۆی بەدواداچوون بکات و توێژینەوە لەسەر ئەو پرسانە بکات. بۆ ئەم مەبەستەش ئەقڵ سەرچاوەی توێژینەوە و هەڵسەنگاندنە، ئەمەش باشترین رێگەیە بۆ تاک کە بتوانێت لەو ژاوەژاوە رزگاری بێت و لە بازنەی ناڕەسەنێتی بچێتە دەرەوە، لەناو بازنەی رەسەنایەتیدا خۆی بدۆزێتەوە، ئەقڵی خۆی بکاتە پێوەر بۆ هەڵسەنگاندن، نەک بیروبۆچوونی خەڵکانی تر، چونکە ئەوەی خەڵکی باسی دەکەن دوورە لە بابەتە ئەسڵیەکە، چونکە جڤاک کاتێک لێکدانەوە بۆ رووداوێک دەکەن، زۆر بە کەمی هەڵسەنگاندنەکە لەژێر دروشمی عەقڵ و لۆژیکدایە، بە پێچەوانەوە هەر کەسێک بەپێی میزاج و بەرژەوەندییەکانی خۆی، شیکردنەوە بۆ رووداو و دیاردەکان دەکات، بەبێ ئەوەی پەیوەندیی بە راست و دروستی بابەتەکەوە هەبێت، بە جۆرێک ئەگەر باسی کەسێک یان ئایدۆلۆژیایەک یان دیاردەیەک بکات، بە شێوەیەکی ئەهریمەنانە باسی دەکات، چونکی هەر کەسە و حەقیقەت لە روانگەی خۆیەوە دەبینێت. لەناو جڤاکدا پێوەرێک و یاسایەک نییە بۆ حەقیقەت. بۆیە لە کۆمەڵگادا، بەتایبەت ئەو کۆمەڵگایانەی ونبوون لەناو یەکتری و لەسەرهێڵی ناڕەسەنین، لە کوێوە با هەبێت لەوێوە شەن دەکەن، بۆ چارەسەریش وا باشترە تاک خۆی لەژێر رۆشنایی عەقڵ و لۆژیک، واقیعبینانە خوێندنەوە و توێژینەوە بۆ دیاردەکان بکات.

کاتی روودانی یاخیگەریی بەرهەڵستکاری:                                      

  یاخیگەری دەرئەنجام و دەرهاویشتەی زوڵم و ستەم و چەوساندنەوەی دەسەڵات و دەوڵەتە. کاتێک دەسەڵات دەرگا بە رووی ئازادییەکان دادەخات و بۆ کپکردنی دەنگە ئازا و دلێرەکان دەست بۆ جۆرەها ئەشکەنجە و لێدان و تیرۆری جەستەیی و کەسی دەبات، بەندینخانەکان دەکاتە ماڵی هەتاهەتایی رۆژنامەنووسان و نووسەران و دەنگە دلێرەکان، یان بە مەبەست دەست بۆ بڕینی قووتی هاووڵاتییانی خۆی دەبات، خاک و خەڵک و پیرۆزییەکان هەڕاج دەکات لە سەفقەیەکی سیاسیدا هەرزان فرۆشی دەکات، تەنها لەپێناو کورسی و بەدەستهێنانی بەرژەوەندیی مادی، یان گیرۆدەبوونی وڵات بە شەڕ و دروستکردنی قەیران لەسەر قەیران و نابووتکردنی ئابووریی وڵات و قورسکردنی سەرشانی هاووڵاتییان و خنکاندن و دەستخستنە نێو بیناقاقای هاونیشتمانیان، ئەمانە دەبنە فاکتەرێکی گرنگ و چاوەڕوانکراو کە کۆمەڵگا چاوەڕێی بوومەلەرزەیەکی مرۆیی و سیاسی لێ بکرێت، زۆربەی قوتابخانە فیکری و دەنگە ناڕازییەکان و رێبازە ئەدەبییەکان لە جیهاندا، دەرهاویشتەی زوڵم و ستەم و نادادی و ئەو فەوزا سیاسی و مرۆیی و ئابووری و کۆمەڵایەتییە بوون. بۆ نموونە: رێنیسانس دەرئەنجامی کۆتوبەند و توندوتیژیی مەسیحیەت بوو لە چاخەکانی ناوەڕاستدا، بزووتنەوەی بوونگەراییەکان، دەرئەنجامی ماڵوێرانی و جەنگی دووەمی جیهانی بوون، بارودۆخی ناسەقامگیری کوردستانیش رێگەخۆشکەرە بۆ سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی و بزووتنەوەی رۆشنبیریی ئازادیخوازانەی لەو جۆرە، گەر تاکی کوردی بەئاگا بێتەوە و هۆشیار بێت لە بەرانبەر ماف و ئازادییەکانی خۆیدا.                               

 سەرچاوەکان:                                         

١_ مەجدی کامل: بوونگەرایی” وجودییەت”، وەرگێڕانی: ئیسماعیل کوردە، چاپی یەکەم، هەولێر، ۲۰۱۹

٢_ ڕێبین ڕەسول ئیسماعیل: کیرکیگارد فەلسەفە و ژیان، چاپی یەکەم، هەولێر، ۲۰۱۳

٣_ مەجدی کامل: ژان پۆل سارتەر، وەرگێڕانی: سەڵاح سەعدی، چاپی یەکەم، ۲۰۲۰

هاوشێوە