رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

دونیای دوای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان..

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: جواد خەلیل

(دەربارەی ئازادی و تایبەتمەندییەکانی ئێمە لە دونیای دیجیتاڵیدا)

پێش پەیدابوونی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و بەرفراوانبوونیان، مرۆڤ خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندی خۆی بوو، سنورێکی بۆ ئەوانی دی دانابوو تا بە تەواوی نەیەنە ناو ژیانییەوە، لێ دوای پەیدابوونی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەشێکی زۆری خەڵکی ئارەزوومەندانە دەستبەراری ئەم تایبەتمەندیانە بوون. ئیدی ئارەزووەکان، جۆری پۆشاک و نانخواردن و بیرکردنەوە و تەنانەت پێکەنین و دڵتەنگیەکانیش بە تەنها لەو سنورە بەرتەسکەدا نەمانەوە و هاتنە نێو تۆڕەکانەوە، بوون بە بەشێک لە جیهانێکی گەورەتر.

ئایا ئەمە کارێکی باشبوو ئێمە کردمان؟ ڕەخنەگر و نووسەری ناسراوی ئەڵمان “ئەندریاس بێرنارد” یەکێکە لەو نوسەرە دەگمەنانەی کە بەشێکی زۆری کتێب و توێژینەوەکانی خۆی بۆ ئەم بابەتە تەرخانکردووە. ئەو لەو باوەڕەدایە کە دەستبەرداربوونی ئێمە لە تایبەتمەندییەکانی ژیانمان ئەوەندەش ئارەزوومەندانە نەبووە، بەڵکو ئێمە لە دۆخی ناجێگیری و گومان و ڕاڕاییەوە هاتووینەتە نێو ئەم تۆڕانە و بەردەوامیش بەو گومانەوە لەگەڵی ماوینەتەوە. کاتێک وێنەیەکی تایبەتی خۆمان، زانیارییەکی کەسی دادەنێین، یان لەگەڵ هاوڕێ و کەسانی نزیکماندا چات دەکەین، هەمیشە مەترسی بڵاوبوونەوە و دزەپێکردن و خراپ بەکارهێنانیانمان هەیە، بەڵام سەرباری ئەمانەش هەر بەردەوامین لە دووبارەکردنەوەیان.

کەواتە کاتێک ئێمە دەزانین لە شوێنێکداین کە تەنراوە بە گومان و چاودێری، بۆچی هەر بەردەوامین و لێی دوورناکەوینەوە؟ چونکە ئەم جیهانە پۆلیسیە بە تەواوەتی جیاوازە لە جیهانە پۆلیسیەکانی پێشتر، ئێمە بەوپەڕی ویست و ئازادی خۆمانەوە هاتووینەتە نێو ئەم جیهانەوە و ئالودەی بووین و ناشتوانین بە ئاسانی دەستبەرداری بین. ژەهرێکی شیرینە و هەمووانی فریو داوە.

یەکێک لەو کتێبە گرنگانەی بێرنارد، کە دەربارەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و یارییەکانی سەرئینتەرنێتە، کتێبی ( سەردەمی کۆتایهاتنی تایبەتمەندی)ە. بەشێکی گەورەی ئەم کتێبە تەرخانکراوە بۆ  ڕۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و سیستەمی cps لە دزەپێکردنی زانیارییە تایبەتیەکانی ئینسان و گەیاندنی ئەم زانیاریانە بە دەزگا هەواڵگرییەکانی دەوڵەت. ئەم لێکۆڵەرە بە شێوەیەکی سەرسوڕهێن ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەکات، کە چۆن ئێمە هەموومان لە ڕێی ئەم تۆڕانەوە، خراوینەتە ژێر چاودێری ورد و سەرجەم تایبەتمەندی و نهێنیەکانمان لە بەردەستی دەزگا هەواڵگرییەکاندایە. ئەو ئاگادارمان دەکاتەوە لەو مەترسیەی کە چۆن هەموو چاتکردنێکمان، هەموو نامەیەکی ئێمە، هەموو وتوێژێکمان لە فایبەر و واتسئاپ و ماسنجەر و ئەپەکانی دیکە، لە ژێر چاودێری و ڕەحمی دەسەڵات و دەزگای ئاسایشی دەوڵەتدایە.

“ئەندریاس بێرنارد” پێمان دەڵێت چیدی ئێمە لە نێو دونیایەکی پارێزراودا نین، ئێمە بووین بە بەشێک لە سیستەم و دەوڵەت خاوەنداریمان دەکات، هەر خۆیشی خاوەنی کۆدی نهێنی و تایبەتمەندییە زۆر کەسیەکانیشمانە. دونیای دوای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، هەرگیز دونیای پێش پەیدابوونی ئەم تۆڕانە نیە. پێشتر دەوڵەت (وەک لە ڕۆمانی 1984 جۆرج ئۆرێڵ دەیبینین) دەبوو تاکەکان بکاتە چاودێر بە سەر یەکترەوە و متمانە لە نێوانیاندا نەهێڵێت، بەڵام ئێستا دەوڵەت کاری بە تێکشکاندنی ئەو متمانەیەوە نیە، بەڵکو خۆی ڕاستەوخۆ چاودێرییەکە ئەنجام دەدات و زووتر و خێراتریش دەرئەنجامی دەگاتە دەست، لەوەش سەیرتر ئێمە بەکارهێنراوی یەکەمین بۆ سەرخستنی پرۆسەی چاودێرییە ڕاستەوخۆکە.

          کەنارگیریی کۆمەڵایەتی و دابڕان لە تۆڕەکان     

لە دۆخێکی وەهادا؛  تاکی ئازاد‌ ئەوەی کە نایەوێ کۆت و بەندی دەوڵەت و چاودێرییەکەی بیگرێتەوە و ناشخوازێت دەستبەرداری تایبەتمەندییەکانی خۆی بێت؛ چارەنووسی چی لێ دێت؟ بێگومان دەکەوێتە دۆخی جۆرە بەرگرییەکەوە کە دەشێت ناوی بنێین “بەرگریی نائومێدانە”.  تاکی بەرگریکار دەچێتە جەنگێکەوە دژی هەمووان. کە لە یەککاتدا ناچارە دژی دەوڵەت و تۆڕە بەرفراوانەکانی سۆشیال میدیا و خەڵکانی دەستەمۆکراو، کە زۆرینەی ڕەها پێکدێنن، بجەنگێت. دەرئەنجامی ئەم جەنگەش گۆشەگیریی و نائومێدی و زاڵبوونی هەستە نەرێنییەکانە بە سەر باری دەروونیی و جەستەیی و هزری کەسی بەرگریکاردا؛ ئەوەی کە “ئەندریاس بێرنارد” پێی دەڵێت ” گۆشەگیریی کۆمەڵایەتی” و پێی وایە چارەنووسی هەموو ئەوانەیە کە دژایەتی ئەم چاودێرییەی دەوڵەت دەکەن و ڕووبەڕووی دەبنەوە.

تۆڕەکان چەکی هەرە گەورەی دەستی دەوڵەتن بۆ لێدان لە تاکی ئازاد و بەرگریکار. لە ڕێی ئەم تۆڕانەوە کەشێکی ترسناکی وەها دەخوڵقێنرێت کە کەس نەتوانێت بە ئاسانی زەفەرییان پێ ببات. خاڵی هەرە ترسناکیی ئەم تۆڕانە بەخشینی پانتاییەکی فراوانە لە ئازادیی وەهمیی بە تاک. ئازادییەک؛ کە لە توانایدایە ئاسوودەیی ئەوەمان بداتێ کە ئێمە لە شوێنێکی ئارام و بێ وەییداین و لە دەستدانیی ئارامیشمان پەیوەستە بە لە لەدەستدانیی ئەم تۆڕانەوە. بە واتایەکی دیکە؛ تۆڕەکان پێمان دەڵێن ئێوە لە داکەوتدا ژێردەستەیی و ملکەچیی ئەزموون دەکەن، لێ لای ئێمە ئازادیی و سەربەستیی! بۆیە ناتوانن لێمان دابڕێن و لە هەر کوێیەک بن پێویستان بە ئێمەیە و بۆمان دەگەڕێنەوە.

ئایا دابڕان لەم تۆڕانە و هەڵبژاردنی گۆشەگیریی کۆمەڵایەتیی بۆ مرۆ ئەوەندە ئاسانە؟ لە دونیایەکدا کە سەرتاسەری تەنراوە بە تۆڕەکانی پەیوەندیی؛ چ شوێنێک دەمێنێتەوە بۆ تاکی ئازاد تا مومارەرسەی ویست و خولیا و کردە کۆمەڵایەتییەکانی خۆی بکات و بتوانێت کاریگەری بخاتە سەر دەروبەر؟ کە دێینە جیهانی دەرەوەی تۆڕەکان و دەمانەوێت لێیان هەڵبێین، دەبینین ئەمە بەو سادەییە نیە کە پێشبینیمان کردبوو، ئاخر ئەو جیهانە دەرەکییەش بۆ خۆی ڕەنگدانەوەی ئەو دونیا دیجیتاڵییەیە، ئێمە لەوێش بەردەوام لە بەرکەوتنداین لەگەڵ ئەو جیهانبینییە بەرفراوانەی ئەو تۆڕانە خوڵقاندوویانە. لەوێش ناتوانیت بە بەردەوامی خۆت لەوانە داببڕیت کە گرێدراوی جیهانە دیجیتاڵییەکەن! بۆ نموونە سەروەختێک کە تۆ لەگەڵ دەوروبەرەکەت، یان لەگەڵ ئەوانی دیکە دەکەویتە گفتوگۆوە؛ ناخودئاگا بابەتە سەرەکییەکانتان لە پنتێکدا هەر دەچێتەوە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و جیهانە دیجیتاڵیەکە. لەوێوە جارێکی دیکە کۆنتاکت و پەیوەندییت بەو تۆڕانەوە دەبێتە ئەمری واقیع. تۆ کە وای دادەنێیت لە دەرەوەی ئەم تۆڕانەیت، زۆرجار بە بێ ئەوەی بەخۆت زانیبێت کەوتوویتە داوەکانیانەوە! تۆ دەبێت ئەوە بزانیت کەوا تۆڕەکان لە ئاڕاستەکردنی هزر و ڕوانینی بەرامبەرەکانتدا ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان دیوە، ئەوان تەرجومەی ئەو ئاڕاستەکارییەن ڕووەو تۆ، لێیەوە دەستکاری دونیابینی و ئاڕاستە هزری و غەمە گشتییەکانت دەکەن. تۆ لە جێگایەک دانیشتوویت و کەسێک هەر لە ڕێی مۆبایلەکەی دەستییەوە، هەواڵێکت بۆ دەخوێنێتەوە کە سەرنجت ڕادەکێشێت، تۆ ئەمە دەبینیت و بەشدار دەبیت لە شەن و کەو کردنی ئەم هەواڵەدا، لەوێدا تۆ بە بێ هیچ سڵەمینەوەیەک و ناڕاستەوخۆ چوویتەتە نێو ئەو دونیایەوە و ئەو هەواڵە ڕۆڵی هەبووە لە ڕاکێشانی تۆ بۆ نێو بابەتێک کە پێشتر نیازی قسەلەسەرکردنیت نەبووە. ئا بەم شێوەیە ئێمە هەموومان، چ لە نێو تۆڕەکان و چ لە دەرەوەی تۆڕەکان لەوەدا یەکدەگرینەوە کە خزێنراوینەتە نێو سیستەم و چوارچێوەیەکی دەرەخۆییەوە و ناخودئاگا ئاڕاستە دەکرێین.

        تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەندروستیی تاکەکان

یەکێک لە گرنگترین ئەو پرسانەی کە “ئەندریاس بێرنارد” لە کتێبەکەیدا وروژاندوویەتی، پرسی تەندروستیی تاک و پەیوەندییەکانێتی بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە. گومان لەوەدا نییە زۆر مانەوە لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، جەستە و ئاوەز و دەروونی مرۆ ڕووبەڕووی چەندین نەخۆشی ترسناک دەکاتەوە. بۆ سەلماندنی ئەمە بە تەنها گەڕان و سێرچی نێو کتێبەکان بەس نیە، بەڵکو دەبێت بچینە نێو واقیعەوە و سەیرێکی دۆخی ئێستێی کۆمەڵگەکان بکەین؛ بڕوانینە دەوروبەرمان و بچینە نۆڕینگە پزیشکییەکان و قوتابخانەکان؛ بپرسین لەو مامۆستایانەی کە دەناڵێنن بە دەست ئالوودەبوونی قوتابیەکانیان بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و یارییە ئەلیکترۆنیەکانەوە؛ بڕۆینە لای پزیشکانی چاو؛ سەیری ئەو سەدان و بگرە هەزاران گەنج و منداڵانە بکەین کە بەهۆی زۆر ڕوانینان لە شاشەی مۆبایل و ئایپادەکانیان، لە دەرئەنجامی زۆر مانەوەیانەوە لە خەت، چ باجێکیان داوە و چۆن خەریکە بیناییان بە تەواوی لە دەست دەدەن! زۆرێک لە نەخۆشییە دەروونیی و جەستەییەکانی ئەمڕۆ، بێ هیچ سڵەمینەوە و هەڵاواردنێک پەیوەستن بە ئامادەیی بەردەوامی تۆڕەکانەوە لە نێو ژیانماندا. کە دواجار هەموو ئەمانە پێکەوە، کۆمەڵگەیەکی داڕماو و وێران دێننە ئاراوە، کە تاکەکان تێیدا نەک بە دوای ماف و ئازادییەکانی خۆیاندا ناچن و عەوداڵی نین، بەڵکو لە ئاست پاراستنی جەستە و ئاوەز و دەروونی خۆیشیاندا دەستەوەستان و بێباکن.

       پەیوەندی پەڕاوی تایبەتیی بە تاوانناسییەوە

لە کۆندا تاوانباران بۆ ئەوەی خۆیان بشارنەوە و لەبەرچاو ون بن، ناچاربوون مەلەف و پەڕاوی کەسیی خۆیان گومناو بکەن تاوەکو بە ئاسانی نەناسرێنەوە. هەرکاتێک دەستگیر بکرابان و بخرانایەتە زیندانەوە، پەڕاوێکی کەسییان بۆ دروست دەکرا و سەرجەم زانیاری و  نهێنی و تایبەتمەندییە کەسییەکانیانی تێدا کۆدەکرایەوە. لێ لە دونیای نوێدا، لە ڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، داوای پەڕاوی کەسیی لە هەمووان دەکرێت و هەمووان بە دڵخۆشییەوە بەرەو ئەم داوایە دەچن. لێرەوەیە کە هەموو ئەوانەی نایەنە نێو ئەم تۆڕانەوە، بە مەترسییەکی گەورە دادەنرێن بۆ سەر سیستەم و دەزگا دەوڵەتییەکان و وەکو تاوانبار دەبینرێن. بۆ ئەمەش وەهمی ئەوەیان خستۆتە ڕوو، کە زۆرێک لە تاوانبارە گەورەکانی جیهان و تیرۆرستە بەناوبانگەکان هیچ  کام لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەکارناهێنن و لە هیچ شوێنێکدا پەڕاوی کەسیی و زانیاری کەسییان نەخستۆتە ڕوو. ئەمە بۆ خۆی جۆرە هاندانێکی ناڕاستەوخۆیە بۆ ڕاکێشانی ئەو کەسانەی ملکەچ نەبوون تاکو بخزێنرێنە نێو ئەم تۆڕانەوە. بە بڕوای “ئەندریاس بێرنارد” ئێمە لە ڕێی پەڕاوی کەسیمانەوە داگیرکراوین، هەموو ئەو شتانەی کە دەکرێت لە لای پۆلیس و دادوەر وەک پێناس باس بکرێن، لە ئەپەکاندا هەن و بەردەستن. ئیدی دادوەران و پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکانی دەوڵەت دەتوانن تەنها لە ڕێی پەڕاوی کەسیی نێو تۆڕەکانەوە، هەم شوێنمان بدۆزنەوە و هەمیش وەک بەڵگەی یاسایی لە دژمان بەکاریبهێنن. دۆسیەی دەستگیرکراوانی بادینان، دیارترین نموونە و نزیکترینیانە لە ئێمەوە. زۆر بە سادەیی هەموومان لە ڕێی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی حیزب و حکومەتەوە بینیمان کە چۆن گفتوگۆ و چاتکردن لەڕێی ماسنجەر و فایبەرەوە کراون بە بەڵگە بۆ پیلانگێڕی و سیخوڕێتیی چەند ڕۆژنامەنووس و چالاکوانێک! لە ڕێی ئەم دۆسیەیەوە حکومەت و دەزگا هەواڵگرییەکانی پێیان وتین: گەر بمانەوێت زۆر بە ئاسانی دەتوانین بچینە نێو بچووکترین وردەکاری پەڕاوی کەسییتانەوە و دەستبگرین بەسەر چات و پۆست و پەیوەندییە زۆر کەسییەکانیشتاندا؛ دواجاریش بیانکەینە بەڵگەی حاشاهەڵنەگر و دژی ئێوە بەکاریان بهێنینەوە. لەم سەردەمەدا چیدی تاوان تەنها تاوانێکی کردەییانەی نێو واقیع نیە؛ بەڵکو دەشێت مەسجێکی ماسنجەر و فایبەر یان نامەیەکی واتس ئاپ بێت، دەشێت پۆستێکی فەیسبوک بێت، یان تەنانەت کۆمێنتێک بێت و ببێتە بەڵگەی سەرەکی بۆ ناساندنی هەریەک لە ئێمە وەک تاوانبار و پیلانگێڕ!

           قوربانییەکان لە دونیای دیجیتاڵییدا   

دونیای پێش تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، تا ڕادەیەکی زۆر دونیای ئابڕووپارێزیی و پاراستنی کەرامەتی مرۆیی بوو. کاتێک کەسێک شێوە ژیانێکی جیاوازی تاقیبکردایەتەوە، یان کارێکی ئابڕووبەرانەی (بە واتا کۆمەڵایەتییەکەی) ئەنجام بدایە، لە جوغزێکی بچووکی جوگرافییدا دەمایەوە و دوای ماوەیەک چاوپۆشیی لێدەکرا و بیردەچووەوە؛ یاخود لە خراپترین دۆخدا ئەو جێیەی جێدەهێڵا و دەچووه شار و ناوچەیەکی دیکە و دەستی دەکردەوە بە ژیانی ئاسایی خۆی،  بەوپەڕی شکۆپارێزیی و قەدرزانییەوە. بەڵام لەگەڵ هاتن و بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تۆڕەکانی پەیوەندیی بە شێوەیەکی گشتی، ئەمە بە تەواوی گۆڕانی بەسەردا هات. هەموو ئەوانەی خوازیاری پراکتیزەکردنی شێوە ژیانی جیاواز و نائاسایین لە دیدی کۆمەڵگەوە، کاتێک کارێکی نائاسایی ئەنجام دەدەن و کۆمەڵگە پەسەندی ناکا، زۆر بەئاسانی دەنگدانەوەی ئەم کارە نائاساییە بە مەبەست فراوان دەکرێت و دەچێتە جوگرافیایەکی زۆر گەورەتر، کە ئەستەمە ئیدی کەسی شکۆشکێنراو و قوربانیی بتوانێت بەو ئاسانییە لێی دەرباز بێت. ئاخر ئەو هێندە دەناسرێت، بچێتە هەر شوێنێک و لە هەر کوێیەک بێت خەڵکی لێی ناگەڕێن و بیری دەخەنەوە کە ئەو شکۆشکێنراو و ئابڕووتکاوە. لێرەدا ئەم کەسە دەکەوێتە بەردەمی چەند بژاردەیەکی سەخت، یان داننان بەو واقیعە تاڵەی تێیدایە و هەڵکردن لەگەڵیدا؛ یاخود پەنابردن بۆ خۆکوشتن(کە بەداخەوە هەندێکیان ئەم ڕێگایە هەڵدەبژێرن)؛ یانیش هەڵگیرساندنی جەنگێک لە نێو تۆڕەکانەوە دژی هەمووان، کە ئەمەشیان هێندە ئاسان نیە و کەسی قوربانیی دەبێت بەردەوام ئامادەبێت بۆ هێرشێکی دەستەجەمعیی و سووکایەتیپێکردنی بەردەوام تا دەگاتە هەڕەشەی جدی کە دوورنیە ترۆری فیزیکیی لێ نەکەوێتەوە!

قوربانییەکان لە دونیای دیجیتاڵییدا بە تەنها ئەمانە نین، بەڵکو زۆرجار کەسانی ئاسایی و بێ زیانیش دەبنە قوربانیی و لە ڕێی چاوپێکەوتنێکەوە، قسەیەک دەکەن و لە پڕ دەبنە فیگەرێکی دیاریی تەرفیهیی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەمووان قسەکەی دووبارە دەکەنەوە، تاکو دواجار ژیانی لێ تاڵ دەکەن و ناهێڵن بحەسێتەوە و ژیانی ئاساییانەی خۆی بژێت. لەم چەند ساڵەی دواییدا کۆمەڵگەی ئێمە زیاد لە قوربانییەکی وەهای خستۆتەوە، قسە باو و نەستەقەکانی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئێمە قسە و گوزارەی کەسانی زۆر ئاسایین و خزێنراونەتە نێو دونیای بێ ڕەحمی دیجیتاڵییەوە. ( مەعاشەکەو جوانە گەواو، سەعاتەکەی ئاوات، با ماڵمان بە قوڕ نەگیرێ و دواهەمینیشیان کچەکەی کەژاڵی؟) هیچ نین جگە لە ترۆری کەسایەتیی و کردەییەکی قۆشمەبازانەی بێ مۆراڵ، کە تێیدا هیچ حسابێک بۆ دۆخی دەروونیی و شکۆی مرۆییانەی قوربانییەکان نەکراوە و ناکرێت. ئەوەی جێی سەرنجە لێرەدا، هەموو ئەو فیگەرە دیارانە کاتێک ئەم قسانە دەکەن، لە ناواخنی تراژیدییاوە دەدوێن و لە ڕێی هەڵچوونە دەروونییە کۆنترۆڵنەکراوەکانیانەوە قسەی وەهایان بە زاردا دێت، کەچی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دێت و ئەم نەفەسە تراژیدییە بۆ کۆمیدیایەکی بێتام دەگۆڕێت.

تۆ بڕوانە، مامۆستایەکی ئاسایی بە نیازی بازاڕکردنێک لە ماڵەوە دەچێتە دەر، لە پڕ دەبینێت کۆمەڵێک گەنج خۆپیشاندان دەکەن و پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکانیش کە بێ مووچەن و بە چەند مانگ جارێک مووچەیەکیان دەدرێتێ، ڕووبەڕووی ئەو گەنجانە دەبنەوە و ئازاریان دەدەن، ئەم مامۆستایەش هەر بەو عەلاگەیەی دەستییەوە کە بازاڕییەکەی پێکردووە و لە سووچێکی کۆڵانەکەوە کە ئەم دیمەنی پێکداهەڵگژانە دەبینێ، تووڕە دەبێت و بە پۆلیسەکە دەڵێت:  مەعاشەکەو جوانە گەواو! مامۆستا دەچێتەوە ماڵ و وەک ڕۆژانی ئاسایی مۆبایلەکەی بەدەستەوە دەگرێت و دەبینێت ئەم قسەیەی ئەو وەک بۆمبێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا تەقیوەتەوە و هەمووان دەیڵێنەوە، ئەی خوایە ئەمە چیە؟ من بەناوبانگ بووم! بەڵام بەناوبانگبوونێکی خۆنەویستانە و سەخت، بەناوبانگبوونێک کە خۆم نەمویستووە و بەسەرمدا سەپێنراوە، ناوبانگێکی موزەیەف و گاڵتەجاڕانە! ئەوانەی هەڵگری ئەم جۆرەن لە ناوبانگ، لە هەموو کەس زیاتر کۆکن لەگەڵ ئەو وتەیەی ” سارتەر” دا کە پێی وایە ( ئەوانی دیکە، دۆزەخن)، ئاخر ئەوان ڕۆژانە ئەزموونیی ئەم واتایە دەکەن و بەدەستییەوە دەتلێنەوە.

دونیای دوای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاوها مرۆ دەکاتە قوربانیی، لە پێناو گەرمگردنی بازاڕەکەی خۆیدا. لە پێناو دابینکردنی ساتەوەختێکی خۆش و چێژبەخشانە بە بەکارهێنەرانیی خۆی. ئەمە دەبێتە بابەتێک بۆ سەرقاڵیی و کاڵبوونەوەی حەماسە شۆڕشگێڕیی و دۆخە تراژیدییەکەش. ئا بەم شێوەیە لە ناواخنی تراژیدییاوه کۆمیدیا لە دایک دەبێت و هەمووان کەیف خۆش دەبن و دەوڵەت و دەزگا میدیاییەکانیش سوودمەندی یەکەم‌؛ بەڵام لەسەر حسابی کێ؟ قوربانییەکان وەڵامی ئەمەیان لایە، تەنها ئەوە نەبێت ئەوان نایانەوێ لەوە زیاتر باس بکرێن، بۆیە وەڵاممان  نادەنەوە!

هاوشێوە