رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

سەردەمی پاش حەقیقەت

Facebook
Twitter
LinkedIn

نەزەند بەگیخانی

لە ساڵی ٢٠١٦دا، فەرهەنگی ئۆکسفۆرد بۆ یەکەم جار دەستەواژەی ”پاش حەقیقەت”ی(Post-Truth)  خستە ناو لیستی واژەکانیەوە و بەم جۆرە پێناسەی کرد: ئەو بارودۆخەیە کە ڕاستی و فاکتە مەوزوعییەکان، بە بەراورد بە عاتیفە و باوەڕی تاکەکەسی، کاریگەرییان لەسەر دروستکردنی ڕای گشتی کەمتر دەبێ.

سەردەمی پاش حەقیقەت، گوزارشت لە کۆمەڵێ گۆڕانکاری دەکات کە بە شێوەیەکی نابەجێ لە ژیانی ڕۆژانەمان، لە سیاسەت و کولتوور و میدیا و ڕەفتاری خەڵک و ڕای گشتیدا ڕەنگیان داوەتەوە. کۆمەڵناس و زانایانی سیاسی، ڕەگی ئەم دیاردەیە دەگەڕێننەوە بۆ ڕابردوویەکی دوور و دەڵێن لە نووسینەکانی جۆرج ئۆروێڵ و هانا ئارێنت و ئەلدۆس هەکسلی باسی لێوە کراوە، بەڵام لە دوای سەرهەڵدانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیای دیجیتاڵ، زۆر بە زەقی لە ژیانماندا ڕەنگی داوەتەوە. دوای هەڵبژاردنی دۆناڵد تڕەمپیش لە ساڵی ٢٠١٦ لە ئەدەبیات و توێژینەوەی ئەکادیمی و گوتاری میدیایی گرنگی زیاتری پێ دەدرێ.

ئێمە ئێستا لەو سەردەمەدا دەژیین کە حەقیقەت چیتر وەک کۆنسێپت و فاکت، وەک بەڵگە و داتا مانای نییە، بەڵکو حەقیقەت بووەتە ڕا و بۆچوون و مشتومڕ و ئەجێندای شەخسیی کەسانێک کە بۆ گەیشتن بە ئامانجی سیاسی و ئابووری و پایەی کۆمەڵایەتی دەیشێوێنن. لەم سۆنگەیەوە، حەقیقەتی مرۆڤەکان گرنگ نییە، تۆ لە چ ئاستێکی فیکری و مەعریفیدایت گرنگ نییە، بەڵکو ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە چۆن بتوانی ئەم یارییە بکەیت، چۆن بتوانی پرۆفایلێکی جوان بۆ خۆت دابڕێژی، خۆت بگەیێنیتە پایەی دەسەڵات و یاری بە ئیحساسی خەڵک بکەیت و سنووری نێوان حەقیقەت و درۆ ببەزێنیت، بە جۆرێک کە هەر وەک هانا ئارێنت دەڵێ، مرۆڤ ئیتر نەتوانێ درۆ و ڕاستی لە یەک جیا بکاتەوە. بە ڕای هانا ئارێنت، تۆتالیتاریزم ئا لەم خاڵەوە سەر هەڵدەدات.

کۆنسێپتی پاش حەقیقەت باس لە لێکترازان دەکات لەگەڵ سەردەمێک کە کۆمەڵێ بەهای ئەخلاقی و پرەنسیپ هەبوون لە پەیوەندییەکانی نێوان خەڵک، لە پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و هاووڵاتی، نێوان میدیا و ڕای گشتی. لە سەردەمی پاش حەقیقەت بەهاکانی وەکو ڕاستگۆیی و ئازادیی ڕادەربڕین لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە ئازادیی کەسانی دیکە، هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی لە ناو کۆمەڵگە، ئەقڵ بۆ ڕاڤەکردن و تێگەیشتن و بەرگریکردن لە حەقیقەت، ئەمانە نەمان و کولتوورێک دروست بوو کە ئاڵۆزی و دژوارییەکانی جیهان سادە و بچووک دەکاتەوە بۆ دوو سەنگەر و دوو جەمسەری ڕەها و دژ بە یەک: چاک و خراپ، خوداوەند و ئەهریمەن، ئێمە و ئەوان. سەردار و فۆڵۆوەر و دەروێشانی ئەم دوو سەنگەرە یەکتری تەواو دەکەن و بە عاتیفە و مەزاج یاری بە ئیحساسی خەڵک دەکەن، بە مەبەستی سەپاندنی دەسەڵات و قۆرخکردنی ڕای گشتی.

مێتۆدی جێبەجێکردنی ئەم کارەیش بریتییە لە دروستکردنی هەواڵی درۆ و ساختەکاری و درۆی ئۆرگانیزەکراو بۆ هێرشكردن و چاندنی ڕق و کینە و پچڕاندنی پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان و لەخشتەبردن و لەناوبردنی کەسایەتی و کوشتنی سیمبۆلی. هەندێ پسپۆڕ ئەمە وەک ”ئامێرێکی ڕێکخستن” پێناسە دەکەن کە بەپێی بەرژەوەندی و ئەجێندا و مەرامی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی، هەندێ کەس و لایەن بڵند دەکات و سنوور لە نێوان هاووڵاتییان، لە نێوان خەڵک دروست دەکات: سنووری سیاسی، سنووری شارچێتی، سنووری حیزبایەتی و خانەوادەیی و عەشیرەتگەری، سنووری مەزهەبی و ئایینی و… هتد. لەسەر بنچینەی ئەم سنوورانەیش تۆوی دوژمنکاری دەچێنێ. خاسیەتی سەرەکیی ئەم دۆخە نەبوونی دادوەری و پەیڕەوکردنی غەدرە لە کەسانێک کە جیاوازن و لەم هاوکێشەیە خۆیان نادۆزنەوە و بەرگری لە بیرکردنەوەی قووڵ و ڕاڤەکاری و ڕاستگۆیی دەکەن. نەبوونی دادوەری و هەستکردن بە غەدر لە هەموو کۆمەڵگەیەک کۆتایی بە ئاشتی و ئاسوودەیی دەهێنێ. ئەم دیاردەیە ئەمڕۆ تەواوی جیهانی گرتووەتەوە.

هانا ئارێنت دەربارەی درۆ و درۆی ئۆرگانیزەکراو دەڵێ: تۆ درۆ بەرامبەر کەسێ دەکەیت و نائومێدی دەکەیت، بەڵام لە درۆی ئۆرگانیزەکراو کە بە پلان ئامادەکاریی بۆ کرابێ، ئەوە تۆ نەک تەنها حەقیقەت دەشێوێنی، بەڵکو حەقیقەت لە ناو دەبەیت. بۆ نموونە، لە سەردەمی کۆرۆنا، درۆی ئۆرگانیزەکراو لە لایەن ئەو کەس و گرووپانەوە دەکرا کە نکۆڵییان لە بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکرد. لە ڕووی سیاسییەوە درۆی ئۆرگانیزەکراو کە لە وڵاتە دیکتاتۆرەکان زۆر دەکرێت، نکوڵی لە بوونی ئۆپۆزیسیۆن دەکات و لە ناوی دەبات، حاشا لە جینۆسایدی ئەرمەنییەکان و لە هۆڵۆکۆست دەکات. لە میدیا هەواڵی نادروست و هەڵە پەخش دەکات و ڕای گشتی لە خشتە دەبات. لە مزگەوت و کەنیسەکان، گوتارێکی توندڕەو دەڵێتەوە کە گرژی و دوژمنکاریی لێ دەکەوێتەوە.

لە کوردستان، ڕەفتار و کولتوور و سیاسەتی پاش حەقیقەت زۆر بە زەقی دیارە و پیادە دەکرێ. لەگەڵ هەر کەسێ قسە دەکەیت، دەبینی کە ڕۆژانە ئازار دەچێژێت و دڵتەنگ و نیگەران و ناکۆکە لەگەڵ خۆی و لەگەڵ دەوروبەری، هەست بە غەدر و نادادوەری دەکات. تاکی کورد لە بارودۆخێکی ناهەموار و پڕ نیگەرانی و سترێس ئەزموونی ژیان دەکات. میدیای ناپیشەگەر و دیجیتاڵی ٢٤ سەعاتەی حیزبەکان بەبێ وەستان هەواڵی نادروست و بێ بەڵگە و بنەما بڵاو دەکەنەوە کە ختووکەی خەڵک دەدەن، مێشکی خەڵکی پێ دەشۆنەوە و توانای بیرکردنەوە و ئەقڵانیەتیان دەکوژن. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بوونەتە سەکۆی خودپەرستی و هەلپەرستی و خۆنمایشکردن کە بەپێی مەزاج و ئەجێندای گرووپ و حیزب و میدیا و ڕۆشنبیرە ئۆلیگارشییەکان جێبەجێ دەکرێ. سەکۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە فەیسبووک و ئینستاگرام و تویتەر و… هتد، لە لایەن ئەو گرووپانەوە بە ترس و هەواڵی درۆ و ڕقئامێز تەنراون. لەم سەکۆ و میدیایانە ڕای گشتی نییە، بەڵکو یاریکردن بە ئیحساس هەیە؛ پەیوەندییەکان تێکچوون، زمانی زبر و ناشیرین بووە باو تا ئاستی جنێودان و لەخشتەبردن کە لە ڕێگای بەکارهێنانی ئەکاونت و ماڵپەڕ و پەیجی ساختە و ڕەفتاری نابەجێ و ئازاربەخش ئەنجام دەدرێ. گوتار و نووسینی سەنگین و زانستی و ئەکادیمی و بەڵگەئامێز ئیتر بە دەگمەن دەخوێنرێنەوە و لە بەرامبەردا سادەکاری و گوتاری ئیحساسی و ڕواڵەتکاری تا ئاستی پۆڕن زاڵە بە مەبەستی مێشکشووشتنەوە و خەساندن و مۆنۆپۆلیزەکردنی ڕای گشتی. سەنگی مەحەکیش بوو بە ژمارەی کلیک و لایک و فۆڵۆوەر.

ئەم دۆخە بووەتە مایەی جەمسەرگیری و سەنگەرگرتن لە یەکتری: واتە ڕای گشتی دابەش بووە لە نێوان ”ئێمە” و ”ئەوان”دا، خەڵک دەچنە ناو سەنگەر و خانە هاوشێوەکانیانەوە و دەستە و گرووپ دادەمەزرێنن لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و خزمەتکاری، نەک بنەمای فیکر و دیالۆگ. ئەمانە هێرش دەکەنە سەر هەر کەسێ کە لەوان جیاواز بێ. نووسین چیتر بۆ بەرهەمهێنانی زانست و مەعریفە نییە، بەڵکو بۆ دژایەتیکردنی ئەوانی ترە. میچیتۆ کاکوتانی لە کتێبی ”مردنی حەقیقەت” ئەم گرووپانە بە خێڵی ئایدیۆلۆژیگەرا ناو دەبات و دەڵێ جیاوازییەکی وایان نییە لەگەڵ تۆڕە تیرۆریستەکان (کاکوتانی، ٢٠١٨). لەم کۆنتێکستەدا، هەر کەسێ جیاواز لەوان بیر بکاتەوە لە ئەکاونت و پەیجە ساختەکانیانەوە هێرشی دەکەنە سەر، ناوبەدی دەکەن، وەک ”ئەهریمەن” و ”خراپەکار” دەیناسێنن.

ئەم دیاردەیە تەنها سیاسییەکان ناگرێتەوە، بەڵکو لایەنی کولتووری و ڕۆشنبیر و گرووپە ئۆلیگارشییەکانیش دەگرێتەوە. لە سایەی ئەم سیاسەت و کولتوورەدا، هەر کەس و لایەنە خۆی لە ناو ڕا و بۆچوون و باوەڕی تاکڕەو و هاوشێوەکەی بەند کردووە و نە دەوێری ڕەخنە بگرێ، نە دەوێری حەقیقەت بدرکێنێ. ئەوەی کە دەیڵێ گوزارشت نییە لەوەی کە دەیەوێ بیڵێ، یان پێویستە بیڵێ بۆ سەرخستنی حەقیقەت. ئەمە بۆچی ڕوو دەدات؟ هۆکار زۆرن و وەڵامی ئەم پرسیارە لێکدانەوەی زۆر هەڵدەگرێ و پێویستی بە ڕاڤەکاری هەیە. ئەگەر لە ڕوانگەی هانا ئارێنت و ڕەهەندی تۆتالیتاریزمییەوە لێی بڕوانین، ئەوە دەتوانین بڵێین تاک لە ناو ئەو سەنگەر و گرووپە حیزبی و کولتووری و میدیایی و کۆمەڵایەتییانە لە سیستەمی ترس و تۆقان بەند کراوە، خەسێنراوە و توانای بیرکردنە و گفتوگۆ و ئارگیومێنتی لێ سەنراوەتەوە و وەک ئامێرێک هەڵدەسووڕێنرێ. هەر کەسێک ڕەخنە بگرێت و ڕاستیی مەوزوعییەکان بدرکێنێ ئەو تاکە ڕسوا دەکرێ، لە گرووپ و دەستە و تۆڕەکان وەدەر دەنرێت، جگە لە کوشتنی سیمبۆلی، ژیانیشی دەکەوێتە مەترسییەوە.

لەم نێوانەدا شەڕێکی بێهودە هاتووەتە ئاراوە کە زۆربەی خەڵک تێیدا بەشدارە و هەموان تێیدا دۆڕاون. لەم دۆخەدا، میدیاکان دڵی خۆیان بە زۆرترین ژمارەی کلیک و لایک دەدەنەوە. ئەو ئەکاونت و پەیجانەی زۆرترین لایک و فۆڵۆوەر بە دەست دەهێنن، خۆشییەکی فریودەرانە دایان دەگرێ و خۆیان لێ دەبێتە پاڵەوانێکی خەیاڵی. دیموکراسییش لەم نێوانەدا جگە لە قسەی گەورە، هیچ مانایەکی نەماوە.

باشووری کوردستان زەمینەیەکی گونجاو بوو بۆ کولتوور و سیاسەت و ڕەفتاری پاش حەقیقەت. دوای چل ساڵ لە فەرمانڕەوایی ڕژێمی بەعسی دیکتاتۆر، دوای ئەنفال و کۆمەڵکوژی و کۆڕەو و ڕاپەڕینی خوێناوی، دوای شەڕی براکوژی و سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسی و هێرشی داعشییەکان، خەڵک تامەزرۆی سیاسەت و گوتارێکی ئەلتەرنەتیڤ بوو کە ئومێدی پێ ببەخشێ و ئاسوودەی بکات. بەڵام گوتاری سیاسی و ئۆلیگارشیی ڕۆشنبیری و توندڕۆیی ئیسلامی لە سەردەمی پاش حەقیقەت لە ڕێگای تەکنەلۆژیای نوێوە شەڕ و توندوتیژی و ڕقیان هێنایە ناو ماڵ و سەر شاشەی کۆمپیوتەر و مۆبایلەکانمانەوە. شەڕی ساردی ناوخۆ و حیزبایەتیی بەرتەسک و گرووپگەرایی و شارچێتی بوونە نۆڕم و خەڵکێکی زۆر ئەوەندە پێی ڕاهاتوون کە نە دەتوانن دەستبەرداری بن، نە دەتوانن بە شێوەیەکی دروست بیری لێ بکەنەوە بەرەو چارەسەرکردنی.

کاتێ سیاسەتمەدار لە خشتەت ببات، ڕۆشنبیر درۆ بکات، مەلا و قەشە منداڵبازی بکەن، فێمینیست هەلپەرست بێ و پرەنسیپ ببەزێنێ، ئەوە گوتاری ساختە و درۆ دەبنە نۆرم و خەڵکی خەسێنراویش شاگەشگە دەبێ پێیان. ئاکامی ئەم دۆخە بێزاری و حەزی تێکشکاندن و لەناوبردنە، تا ئاستی لەناوبردنی حەقیقەت و ملشکاندن و لەناوبردنی یەکتری. ئەمە ڤایرۆسە و مەترسییەکانی لە هیی کۆرۆنا زیاترە؛ ئەم ڤایرۆسە لەسەر هەموو وشەکانمانە، لە بن زمان و سەر زمان و هەڵسوکەوتی ڕۆژانەمانە، بۆیە دەبێ هەموان پێکەوە بە هەمان شێوەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەرەنگاری ئەم ڤایرۆسە ببنەوە.

(ئەم وتارە پێشتر لە پۆرتاڵی ڕووداو بڵاو بووەتەوە)

هاوشێوە