رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

عەقڵی لایەنگیری و عەقڵی تێگەیشتن

Facebook
Twitter
LinkedIn

پەیکار عوسمان

(١)

بۆ هەر کێشەیەك، عەقڵی گەورە، سەرەتا دەیەوێ تێبگا بۆ ئەوەی دواتر چارەسەری بکات. عەقڵی بچووك، نە تێگەیشتنی بۆ گرنگە، نە چارەسەر، تەنها لایەنگیریی بۆ گرنگە و هەر ئەوەیش دەکات!

هەر کێشەیەك کە دێ، درزێك دروست دەکا و دنیاکە دەخاتە بەردەم ئەگەری پەرتبوونێك. عەقڵی گەورە لە ڕێگەی تێگەیشتن و موعالەجەکردنەوە، دەیەوێ دنیاکە گرێ بداتەوە، بەڵام عەقڵی بچووك درزەکەت بۆ دەکا بە ترازان و هەر یەکسەر دنیاکە دابەش دەکا و لەگەڵ ئەمە دژی ئەو!

عەقڵی بچووك کە عەقڵی لایەنگیرییە، عەقڵی شەڕ و پەرتبوونە. چونکە لە هەر شتێك، خودی شتەکەی بۆ گرنگ نییە، ئەوەی بۆ گرنگە کە لەو شتەوە دنیاکە دوولەت بکا و لە لەتەکەی تر بدات.

عەقڵی گەورە یان عەقڵی تێگەیشتن، عەقڵی ئاشتی و هەماهەنگییە، چونکە لە کێشەکە، تەنها ئامانجی تێگەیشتن و چارەسەرکردنە و کاتێکیش کە تێگەیشتن و چارەسەر، هەماهەنگیت لێ بخوازێ، ئیتر دەست دەخەیتە ناو دەستی ئەوی تر!

عەقڵی گەورە دەیەوێ تێبگا، چونکە تێگەیشتن خاڵی سەرەتایە و جگە لە تێگەیشتن، لە هەر خاڵێکی ترەوە دەست پێ بکەیت، دەستت پێ نەکردووە. دوای تێگەیشتنیش، ڕاستەوخۆ ”بەرپرسیارێتی” لە دایک دەبێ، بۆیە قۆڵی لێ هەڵدەماڵیت و دەبیتە بەشێك لە چارەسەر!

بەڵام عەقڵی بچووك، کە عەقڵی لایەندارییە، هەمیشە بەشێکە لە کێشە و قەت نابێتە بەش لە چارەسەر، چونکە هەر لە ئەساسەوە بۆ چارەسەر نەهاتووە و بۆ لایەنگیری هاتووە! لەبری ئەوەی خودی کێشەکە بە بابەت بزانێ، ئەویتر بە کێشەکە دەزانێ. کە ئەمە بۆخۆی، کێشەیەکی گەورەترە لە کێشەی یەکەم!

عەقڵی بچووك نیو عەقڵە، چونکە نیو دنیا دەبینێ و یەکسانی دەکات بە هەموو. یانی کاتێ باسی کێشە بێ، وا دەزانێ نیوەکەی تۆ هەموو کێشەکەیە و کاتێ باسی چارەسەر بێ، وا دەزانێ نیوەکەی خۆی هەموو چارەسەرە.

بەڵام عەقڵی گەورە دەیەوێ لە هەموو وێنەکە تێبگا و بۆ ئەمەیش سەرەتا سەیری خۆی دەکا و خۆی ناخاتە دەرەوەی وێنەکە، لە خۆیەوە دەست پێ دەکا و بەسەر خۆیدا دێتەوە، نەك ئەوەی لە تۆوە دەست پێ بکا و بە سەری تۆدا بکێشێ، کە ئەمەیش سەرەتایەکی باشە بۆ پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردن.

لە عەقڵی تێگەیشتندا وێنەکە یەك پارچەیە و خۆیشتی تێدایە و پێت وایە بەبێ خۆت نوقسانە. بەڵام لە عەقڵی لایەنگیریدا وێنەکە دوو پارچەیە و لەتە ڕەشەکەیان، هەمیشە ئەوە و خاڵییە لە تۆ. لەتە سپییەکەیش هەمووی خۆتی و خاڵییە لەو. کە ئەمەیش سەرەتای ڕق و جیاکاری و فاشیزم و سڕینەوەیە.

ئێستا ئێمە لە عەقڵیەتی کۆڵەواری لایەنگیریداین، بەوەی کە هەموو شتێك دەکەینە دەرفەتی لایەنگیریی. گرنگە بپەڕینەوە بۆ عەقڵیەتی تێگەیشتن، بەوەی کە هەموو شتێك بکەینە دەرفەتی تێگەیشتن!

مەسەلەن لە نێوان پۆلیس و دکتۆردا، کاری من و تۆ ئەوە نییە دنیا دابەش بکەین و بکەوینە سەنگەری یەکێکیانەوە دژی ئەوی تر، چونکە دنیاکە یەکە و ئەوانیش خۆیان باشترین نموونەی یەکێتیی دنیاکەن، کە لە هەمان سەنگەردان دژی کۆرۆنا.

لە نێوان دکتۆر و پۆلیس، دەسەڵات و موعارەزە، ڕۆژنامەنووس و دادگادا، کاری ئێمە تێگەیشتنە، ئینجا هەڵوێست، چونکە ئەگەر تێنەگەی هەڵوێستیش دروست نابێ!
ئاخر بنەمای هەڵوێست بیرکردنەوە و تێگەیشتنە، نەك هەڵچوون و لایەنگیری، کە ئەسڵەن بیرکردنەوەیەکی ناوێ و هەر بە بڕیاری پێشوەخت دەکرێ!

ئاخر فەرقی بڕیاری پێشوەخت و بڕیاری ئێستا، هەر ئامادەبوون و ئامادەنەبوونی عەقڵی تۆیە، هەڵوێستیش ئەوەیە کە عەقڵت تێیدا ئامادە بێ!

تەنانەت بەرامبەر ستەمیش، کاری یەکەمی ئێمە تێگەیشتنە، ئینجا بەرگری، چونکە ئەگەر تێنەگەیت، ئەوەی تۆیش دەبێ بە ستەمێکی تر!

کێشە هەر چەند گەورەیش بێ، هەر بچووکە، ئەگەر بە عەقڵی تێگەیشتن مامەڵەی لەگەڵ بکەین. چونکە ئەم عەقڵە خۆی چارەسەرە!

کێشە هەر چەند بچووکیش بێت، هەر گەورەیە، ئەگەر بە عەقڵی لایەنگیری مامەڵەی لەگەڵدا بکەین. چونکە ئەم عەقڵە خۆی کێشەیە.

هەموو کێشەیەك کە دێ، یەکێکە، ئێمە بە عەقڵی لایەنداری دەتوانین بیکەین بە دوان و بە عەقڵی تێگەیشتنیشدئەتوانین بیکەین بە سفر.

(٢)

دابەشکردنی عەقڵ، بۆ عەقڵی بچووك و عەقڵی گەورە، جیاکاری و دوولەتکردن و ڕەشوسپیکردنێکی تری دنیاکە نییە. ئەوە نییە کە من سەر بە عەقڵی گەورە و تۆیش سەر بە عەقڵی بچووك بیت، کە ئەمە دابەشکارییەکی تەواو فاشیستانە و عەقڵ بچووکانەیە! بەڵکو عەقڵی گەورە و بچووك، هەردووکی لە ناو خۆماندایە و وەکو هێڵکاریی دڵ، هەموومان بەردەوام، دێینە خوارەوە بۆ لای عەقڵی بچووكی خۆمان و سەر دەکەوینەوە بۆ لای عەقڵی گەورەی خۆمان.

یانی شتەکە، پرۆسەیەکی کەسی و ناوەکییە، نەك پرۆسەیەکی دەرەکیی سیاسی و کۆمەڵایەتی کە دنیای پێ دابەش بکەین و چینایەتی و جیاکاریی پێ دروست بکەین لە نێوان مرۆڤەکاندا.

شتەکە پرۆسەیەکی بەردەوامە، هەر وەکو هەناسەدان و فەرقەکەیان هەر ئەوەیە کە ئەگەر هەناسە بوەستێنی، دەمریت، بەڵام ئەگەر عەقڵ بوەستێنیت نامری، بەڵکو دێیتە خوارەوە بۆ لای عەقڵی بچووكی خۆت. کاتێکیش کە دەیخەیتەوە ئیش، سەر دەکەویتەوە بۆ لای عەقڵی گەورەی خۆت. بەم شێوەیە پرۆسەکە بەردەوامە و هەمیشە هەموومان لە بەردەم ئەگەری عەقڵ بچووکی و عەقڵ گەورەییشداین و هیچمان بێبەش نین لە عەقڵ گەورەیی و هیچیشمان بەدەر نیین لە عەقڵ بچووکی!

هەموو شتێك سیحری خۆی هەیە و هەموو سیحرێکیش لوتکەی خۆی هەیە. کاری عەقڵیش بەئاگابوونە لە سیحری شتەکان، لە هەموو کاتێکدا و بە تایبەت لەو کاتەدا، کە سیحری شتەکە دەگاتە لوتکەی خۆی!

 کە سیحری شتێك دەگاتە لوتکە، ئیتر تۆ خۆت نابینی و هەموو تیرەکانت ڕوو لەوە. ئەمەیش ڕێك ساتی فاشیزم و ساتی جەهلە. ئاخر جەهل هەر ئەوەیە کە لە خۆت بێئاگایت و فاشیزم هەر ئەوەیە کە ئەو تێیدا سەنتەرە!

ئەگەرچی زۆریش دڵم لایان بوو، بەڵام لە گەرمەی شەڕی داعشدا بابەتێكم نووسی، کە لێدان بوو لە سیحری پێشمەرگە و لە گەرمەی شەڕی ڕۆژئاوایشدا، ڕەخنەم لە سیحری شۆڕشی چەکداری دەگرت!

چونکە لەو دوو ساتەدا، سیحری چەك گەیشتبووە لوتکە و لوتکەی سیحریش، ڕێك ئەو شتەیە کە عەقڵ دەوەستێنێ و هۆشیاری بەتاڵ دەکاتەوە.

لە ئێستایشدا کە ”دکتۆر” لە کارێکی جیهانیی گەورە و ڕێزلێگیراودایە، بە دیوێکی تردا، سیحری ئەو، لە لوتکەی خۆیدایە و لای منەوە ئیتر شایەنی بەتاڵکردنەوەیە و کاتەکەیشی ناوەخت نییە و ڕێك کاتیەتی بە تەوقیتی سیحر و ئیگۆ!

هەموو کارێك ڕێزلێگیراوە و دکتۆریش تەنها لە ناو کارەکەیدا دکتۆرە. لە دەرەوە هاووڵاتییەکی ئاساییە. بەڵام لای ئێمە ئەمە وا نییە و دکتۆر لە دەرەوەی کارەکەیشی هەر دکتۆرە و ئیگۆیەکی زەبەلاحی هەیە و ”دکتۆری” جگە لەوەی پیشەیە، پێگەیەکی کۆمەڵایەتییشە! ئەو هەر ئەوەندەی کە دکتۆرە، ئیتر بڕێك خۆی بە سەرتر دەزانێ و ئەوانی تریش هەر وای دەبینن، کە ئەمە هەڵەیەکی دوولایەنەیە!

جا ئێمە هیچ مەجبوور نیین لەسەر ئەساسی ئەو ئیگۆیە و هەر لەبەر ئەوەی کە کابرا دکتۆرە، پێشوەخت بڕیار بدەین کە ئەو لەسەر حەقە! لە ڕاستیدا هەر کێشەیەك کە لە نێوان دکتۆرێك و نادکتۆرێکدا ڕوو دەدا، چەندێك بۆی هەیە خەتای ئەمیان بێ، ئەوەندەیش بۆی هەیە کە خەتای ئەویان بێ و هیچیان بەرائەتی پێشوەختیان نییە و هیچیان تاوانباری پێشوەخت نین و مەسەلەکە دەبێ یاسا و عەدالەت و حەق و ”بڕیاری نەزانراوی پاشوەخت” یەکلای بکاتەوە، نەك ”بڕیاری پێشوەختی زانراو” لەسەر ئەساسی پێگە و عینوانی کەسەکان!

بە داخەوە بڕێك لە غرووری ستەمکارانەی مەسولەکان، لە ناو هەندێ لە دکتۆرەکاندا هەیە و بڕێك لە شەقاوەیی شەقاوەکانیش لە ناو هەندێ لە پۆلیسەکاندا هەیە! ئەسڵەن دوای معاش، ڕەنگە پاڵنەری دووەمی پشت پۆلیسی، هەر ئەوە بێت کە بتوانی لەو ڕێگەیەوە بڕێك شەقاوەیی بکەیت و هەندێ شەق و دار بوەشێنیت!

دوای دەرەجەی بەکالۆرییش، ڕەنگە پاڵنەری پشت هەڵبژاردنی کۆلێژی پزیشکی، هەر ئەو ئیگۆ و پێگەیە بێت، کە دکتۆر لە کۆمەڵگەدا هەیەتی، نەك حەز و خۆشەویستیی پیشەی پزیشکی!
لێرەیشەوە ئیتر ئەم دوانە هیچیان بە مانا و بە ڕۆح و بە ناوەڕۆك پزیشك و پۆلیس نین و کاتێکیش کە بەو حاڵەوە بەر یەك دەکەون، هەر ئەوەی لێ دەردەچێ کە بینیمان.

لە ڕاستیدا نێوانی عەدالەت و ستەمکاری، هەوێیە. عەدالەت لەوێدا دەردەکەوێ کە شتەکان ڕووت بکەینەوە لە هەر ناسنامە و ئیعتیبارێك. ستەمیش لەوێدا دەکرێ، کە ئەم ڕووتکردنەوەیە ڕوو نەدا و دەست بە هەوێ و ئیعتبارەکانەوە بگرین، لەسەر حیسابی عەدالەت و ڕاستی!

لە هەر کەیسێکدا، ڕاستی و عەدالەت گرنگە، نەك هەوێ و عینوان و پێگەی کەسەکان. هەر کەس بە قەت خەتاکەی دەبێ سزا وەرگرێ و هەر کەس بەقەد موستەحەقیی، دەبێ مافی بۆ بگەڕێنرێتەوە. ئیتر نە دکتۆری شەهادەی مەعسوومییە لە هەڵە و تاوان، نە پۆلیسی مۆڵەتی شەقوەشاندنە لە ئینسانەکان!

کەرامەتیش هەر لە شەقەوە ناشکێ و شەقوەشاندن تەنها دیوە دیارەکەی کەرامەتشکاندنە. کەرامەتشکاندن دنیایەك شێوازی تری نادیاری هەیە و ئەسڵەن دیوە دیارەکان، تەنها نەتیجە و دەرکەوتەی دیوە نادیارەکەن. ئەوانەیشی کە دێنە ناوچەی کەرامەتشکاندنی دیارەوە، هەر ئەوانەن کە بە ناوچەی کەرامەتشکاندنی نادیاردا ڕۆیشتوون!

کەرامەتشکاندن هەر شەقی شەقوەشێنێك نییە و دەشێ کۆی عەقڵیەتی کۆمەڵگەکە بێت. دەشێ پەروەردەی وەعزی و فووتێکردنی مامۆستا و بچووککردنەوەی قوتابی بێت. دەشێ تەندروستیی قووچەکی و زلکردنی دکتۆر و بچووککردنەوەی نەخۆش بێت. دەشێ سیاسەتی هەڕەمی و بەخواکردنی سەرکردە و گرگنکردنی ئەندامەکان بێت. دەشێ ئابووریی چەتەیی و دروستکردنی کۆیلەی نان بێت. دەشێ تیجارەتی دین و گەورەکردنی کەهەنە بێ لەسەر حیسابی بچووککردنەوەی شوێنکەوتووەکان. دەشێ عەقڵیەتی پیاوسالاری و نابەرابەریی ڕەگەزیی بێت… کە ئەمانە هەمووی شەقە و لە ڕۆحی ئینسان هەڵدەدرێ و هەر ئەمانەیشە دەبنەوە بە شەقی جەستەیی.

 بە گشتی، پەیوەندی ستوونی ڕەگی کەرامەتشکاندنە و پەیوەندیی ئاسۆیی، فەزای کەرامەتمەندییە.
ئاخر لە پەیوەندیی ستوونیدا، مرۆڤەکان لەسەر شانوملی یەك دەوەستن و دروستبوونی هەر یەکێك لەسەر شکاندنی ئەوی تر وەستاوە و لێرەیشەوە خودی کۆمەڵگە بریتییە لە ”کەڵەکەبوونی شکاوی”!

بەڵام لە پەیوەندیی ئاسۆییدا مرۆڤەکان لەسەر پێی خۆیان دەوەستن و لە دەوری ئامانجێکی هاوبەش کۆ دەبنەوە. کەرامەتمەندییش هەر ئەوەیە کە لەسەر پێی خۆت بیت و لەسەر شانی ئەو نەبیت. ئەمە کەرامەتە بۆ هەردووکتان و کە پەیوەندییەکانیش وا بوو، ئیتر کۆمەڵگە بریتییە لە ”کەڵەبوونی کەرامەت”.

جا تا شتەکان ئاسۆیی نەکەینەوە، حاڵی کەرامەت باش نییە و باسکردن لە کەرامەتیش لە ناو پەیوەندیی ستوونیدا، وەکو ئاوبێژانەوە وایە.

لە ڕاستیدا کاری دکتۆر و پۆلیس و پێشمەرگە و هەر پیشەیەك، تا ئەوێ ڕێزلێگیراوە، کە ئەوانی تر بینرخێنن. لەو شوێنەدا کە ئەوان، خۆیان نرخ لەسەر کارەکەیان دانێن و پێمانی بفرۆشنەوە، ئیتر ستۆپێك زەرورە! چونکە لێرەوە جۆرێك لە جیاکاری و سواربوون و چەمانەوە دێتە گۆڕێ، کە لایەق بە کەرامەتی ئینسان نییە و شتەکە لە ڕێزگرتنی پیشەکانەوە، دەبێتە بێڕێزیکردن بە مرۆڤەکان.

لە ڕاستیدا ئینسانی ئێمە بە خوێنەوار و نەخوێنەوارەوە، دەبێ جارێکی تر پەروەردە بکرێنەوە لەسەر ئەوەی کە ئەوان مرۆڤن و هیچی تر نین. کەمتر لە مرۆڤ نین و زیاتریش لە مرۆڤ نین.

جا تا ئەو کاتەی ئەمە دەبێتە هۆشیارییەکی گشتی و دەچێتە ناو خێزان و قوتابخانە و باوی کۆمەڵگەوە، کارەکە فەردییە و دەبێ هەر کەسەو خۆی بیکات.

یانی دەبێ دکتۆرێك، ڕۆژیی سەد جار بە خۆی بڵێ من مرۆڤم، نەك ئەوەی ڕۆژیی سەد جار بە خۆی بڵێ من دکتۆرم. کە بە خۆتت وت من دکتۆرم، دواتر ئینجا بەوانی تر دەڵێی من دکتۆرم. ئەوانیش ئاسایی جارێك و دوان دەڵێن سەرچاومان دکتۆری، بەڵام لە جاری سێیەم و چوارەمدا، ئیتر پێت دەڵێن دکتۆری، دکتۆر نییت، هەردوو چاوت دەردەهات. ئەمەیش بۆ هەموو پیشەکان وایە و هەموویان لەوێدا و ”لە من من”دا بەر ئەوانی تر دەکەون و ئاسایشی دەروونی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی تێک دەدەن. بەڵام لە مرۆڤبووندا، هەموومان دەکەوینە ناو ئاشتی و ئارامییەوە.

ئینجا بەوپەڕی ڕێز و بە چەپکێك گوڵەوە، بە دکتۆرەکانمان دەڵێم: ئێوەی ئەزیز بەبێ هیچ هۆکارێك و هەر بە سروشتی کۆمەڵگەکە، ئیگۆیەکی گەورەتان هەیە، لە ئێستایشدا کە چاوی دنیا لە دەستی ئێوەیە، بێگومان ئیگۆکەتان فڕیوە و بەقەد یەك باڵۆنی لێ هاتووە! ئەمەیش خۆی کێشەیە و ئاسایی کێشە بۆ خۆتان و بۆ ئێمەیش دروست دەکات.
جا ئەگەر ”بە خۆشەویستییەوە” دەرزییەکی پێدا بکەین و فشی بکەینەوە، هیچ خراپ نییە، ئەگەرچی عەزێتیشتان بدا. وەک چۆن ئێوە بە خۆشەویستییەوە، دەرزیمان لێ دەدەن و ئازاریشمان دەدەن و باشیشە.

هاوشێوە