رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

ئازادی پێویستی بە یەکسانییە

Facebook
Twitter
LinkedIn

بەشی دووەم

جەیمس ستێربا

وەرگێڕانی: ژیر دانا

ئازادی پێویستی بە یەکسانییە

مافێکی گەردوونی بۆ خۆشگوزەرانی

لای ئازادیخوازەکان مافە بنەڕەتییەکانی ناو ڕێبازەکەیان بریتیین لە مافی گەردوونی. واتە ئەوەی ئەوان بە مافی بنەڕەتی دەزانن تایبەت نییە بە کەسانی شوێنێکی دیاریکراو، بەڵکو تایبەتە بە تەواوی مرۆڤایەتی لە هەر شوێن و بارودۆخێکدا بن. دەبێت ئەوەیش بزانین کە مەرج نییە ئەوان هەموو کات بزانن کە مافە بنەڕەتییەکانیان و ئامانجە گەورەکەیان دواجار لەپێناو ئامانجێکی گەورەترە و بەوەوە بەستراوە کە ئەویش بریتییە لە خۆشگوزەرانی. هەر بۆیە من ئێستا دەمەوێت باسی ئەوە بکەم کە چۆن ئەوەی ئازادیخوازەکان هەوڵی بۆ دەدەن و وەک باسیشم کرد بە خۆشگوزەرانیەوە بەستراوەتەوە، دواجار پەیوەست دەبێتەوە بە بابەتێکی تر کە یەکسانییە.

سەرەتاییترین کار کە پێوست بێت باسی بکەین بریتییە لە چارەسەرکردنی کێشەی هەژاری بە دابینکردنی پێداویستی و مافە سەرەتاییەکانیان. ئەم پرسە پێشتر کاری زۆری لەسەر کراوە و ئەنجامی باشیش دروستبووە لە کارەکانەوە. من لێرەدا دەمەوێت سەرنج بخەمە سەر توێژینەوەیەکی ئاماریانەی پیتەر سینگەر کە تیایدا لەڕێگای باجەوە ویستوویەتی پێداویستی هەژارەکانی تەواوی جیهان دابین بکات. لەناو توێژینەوەکەی ئەودا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەگەر ئێمە هەستین بە وەرگرتنی باجێکی دیاریکراو و تایبەت بۆ ئەم پرسە لە ڕێژەی ١٠٪ـی دەوڵەمەندترین خێزانەکان لە تەواوی وڵاتە خاوەن پیشەسازییە گەورەکان، ئەوا دەتوانین کە بەو پارەیە پێداویستی هەژارەکانی تەواوی جیهان دابین بکەین. ئەو دەریخستووە کە تەنها لە وڵاتی ئەمریکا بە ئەنجامدانی ئەم کارە بڕی ٤٠٤ ملیار دۆلار ساڵانە کۆدەکرێتەوە. بێگومان بە زیادکردنی وڵاتانی تریش ئەم ڕێژەیە زۆر زیاتر بەرز دەبێتەوە.

هەرچەندە ئەم ڕێگاچارەیەی سینگەر سوودێکی زۆری بۆ دەستەبەرکردنی خۆشگوزەرانی دەبێت بۆ مرۆڤەکانی ئێستا، بەڵام بەداخەوە بۆ جیلەکانی داهاتوو ئەو سوودە زۆرەی نابێت. لە ئێستای ئەمریکادا ساڵانە نزیکەی یەک ملیۆن ئەیکەر زەوی کشتوکاڵی بەهۆی زۆربوونی ڕێژەی شارنشینانەوە، گەورەبوونی تۆڕەکانی گواستنەوەوە و گەشەکردنی پیشەسازیەوە لەناودەچێت. ئەمانە هەمووی کاریگەرییان لەسەر ئابووری هەیە و ڕیگری دەکەن لە مانەوەی داهاتی ئابووری لە ڕێژەیەکی بەرزدا کە بتوانرێت بۆ مەبەستی دیکەی جگە لەم مەبەستانە بەکار بهێنرێت. جگە لەوەیش ساڵانە نزیکەی ٢ ئەیکەر زەوی دیکە تەنها بەهۆی ڕووداوە سروشتییەکانەوە بێکەڵک دەبن. ئەمەیش دواهاتێکی ترسناکی هەیە و لە ساڵانی داهاتوودا ڕێژەی زەوییە کشتوکاڵیەکانی ئەمریکا زۆر زیاتر کەم دەبێتەوە و کێشەی گەورە بۆ پێداویستی کشتوکاڵی تاکەکان دروست دەکات. شایەنی باسە کە دۆزەکە لە زۆرینەی وڵاتانی دیکەیش بە هەمان شێوەیە. کەواتە ئێمە چۆن گرینتی ئەوە بکەین کە جیلەکانی داهاتوو دەتوانن پێداویستییە خۆراکی و کشتوکاڵییەکانی خۆیان دابین بکەن؟

ئەی چی دەربارەی سەرچاوە سروشتییەکانی تر؟ لە ئێستادا دەرکەوتووە کە هەر تاکێکی ئەمریکی بە بڕی ٧٥٪ زیاتر سەرچاوەی سروشتی بەکاردەهێنێت لەچاو تاکێکی دانیشتووی هیندستان. واتە ئەگەر بەپێی بەکارهێنانی سەرچاوەکان بێت لە هیندستان، ئەمریکا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٢٢،٥ ملیار کەسە. کەواتە دەبێت بەردەوام لەبیری ئەوەدابین کە مادەم سەرچاوەکان هەمیشەیی نین و ڕێژەی دیاریکراویان هەیە، پێویستە بەکارهێنانەکانمان سنووردار بکەین تا بۆ پێویستییەکانی داهاتوویشمان هەر بمێنن. بۆیە من پێم وایە کە تا ئەو کاتەی کە بەهۆی تەکنەلۆژیاوە ئەم سنووردارییەی سەرچاوەکان چارەسەر دەکەین، پێویستە کۆمەڵێک مافی گەردوونی دیاری بکەین بۆ بەکارهێنانی سەرچاوەکان. بۆ نموونە وا بکەین کە هەر تاکێک تەنها بە گوێرەی پێویستی خۆی بتوانێت سەرچاوەکان بەکاربهێنێت نەک زیاتر. چونکە ئەگەر ئێمە بەبێ بیرکردنەوە لە نەمانی سەرچاوە بۆ جیلەکانی داهاتوو لە ئیستادا سەرچاوەکان بەکاربهێنین، ئەوا بێگومان تاوانبار دەبین بەرامبەریان و سنووری ئازادییەکەیانمان بڕیوە بۆ هەبوونی مافە سەرەتاییەکانیان. لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت کە بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسانەی کە تا ئێستا باسمان کردوون، پێویستمان بە ڕێگاچارەی زۆر گەورەتر و ئاڵۆزترە لەوەی کە سینگەر لە توێژینەوەکەیدا باسی کردبوو. هەرچۆنێک بێت، دەبێت بەردەوام ئەوەمان بیربێت کە بە دیاریکردنی مافەکانمان، دەتوانین بگەین بە خۆشگوزەرانی. وە بیریشمان بێت کە چۆن خۆشگوزەرانی ئێمە کاریگەری بەسەر خۆشگوزەرانی تاکەکانی ترەوە هەیە لە ئێستا و داهاتوویش، بۆیە دەبێت بەرپرسیاربین.

ڕێگایەکی ئاشتییانە بەرەو دادپەروەری

بە ڕوونی دیارە کە ئەنجامدانی گۆڕانکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە کارێکی ئێجگار گەورە و قورسە. هەر بیرکردنەوە لە جیهانێک کە تیایدا هەموو کەسێک تەنها ئەوەندەیان سەرچاوە لەبەردەست بێت کە پێویستیانە بیرکردنەوەیەکی چەند سەیرە. یان بیر لەو هەموو گۆڕانکارییە بکەینەوە کە پێویستمان دەبێت تا لەم قۆناغەی ئێستاوە بچینە سەر ئەو قۆناغە. من پێم وایە بۆ ئەوەی کە ئەو گۆڕانکارییە ئەنجام بدەین، پێویستمان بەوە دەبێت کە ئارگیومێنتەکانمان هەم لەسەر تاکگەرایی ئیش پێبکەین و هەمیش لەسەر کۆمەڵگەرایی.

جێبەجێکردنی ئارگیومێنتەکانی پێشتر لەسەر تاکگەرایی بەو جۆرەی لێدێت کە هەموو خاوەندارێتییە تایبەتەکانی تاک دوای ئەوەی کە پێداویستییەکانی خوودی تاکەکە پڕدەکەنەوە، بچنەوە خزمەتی تاکەکانی تر تا پێداویستییەکانی ئەوانیش پڕبکاتەوە بەپێی بەهایەکەی. ئەمەیش بە واتای ئەوە دێت کە ئێمە زێدەبەهاکانی خۆمان بکەین بە هۆکاری چارەسەری خراپی دۆخی ژیانی تاکەکانی تر. جگە لە کارکردنی تاکەکان لەسەر خوودی خۆیان بۆ ئەنجامدانی ئەم پڕۆسەیە، دەکرێت تاکەکان کاریگەری لەسەر دەوڵەمەندەکان دروست بکەن و لەڕێگای چالاکی تاکەکەسی خۆیانەوە دەوڵەمەندەکان ناچار بکەن کە زێدەبەهاییەکانیان بۆ مەبەستێکی لەم جۆرە بەکاربهێنن، هەروەک چۆن ڕۆبن هوود ئەم کارەی کردووە و خوودی خۆی کردووە بە هۆکارێک تا زێدەبەهای دەوڵەمەندەکان بگەڕێنرێتەوە بۆ هەژارەکان.

جێبەجێکردنەکان لەسەر ئاستی کۆمەڵگەرایی بریتی دەبن لە دروستکردنی دامەزراوە و کۆمەڵەی تایبەت کە ئامانجیان ئەنجامدانی ئەم کارانە بێت. جا دەکرێت کارەکانیان بریتی بێت لە چالاکی مەدەنی وەک خۆپیشاندان، بایکۆت کردن، دروستکردنی فشار و هەموو ئەو چالاکیانەی تریش کە دوورن لە توندوتیژیەوە. وە دەشبێت لەسەر ئاستی کۆمەڵ بڕوا بەوە دروست ببێت کە چۆن هەموو ئەندامەکانی کۆمەڵگا بەرپرسیارن لە دابەشکردنی ژیانی ئەندامەکانی تر و ئەوانەیشی کە لە داهاتوودا دەبن بە بەشێک لەو کۆمەڵگایە. دواجار بەجێبەجێکردنی ئەم کارانە لەسەر هەردوو ئاستی تاکگەرایی و کۆمەڵگەرایی، دەتوانین هیوامان بە هاتنەدی جۆرە ئازادیخوازییەک بێت کە دادپەروەرانە بێت.

گۆڕانکارییەکی نموونەیی

ئێستا ئەگەر بەشی زۆری دانیشتووان ئامادەی جێبەجێکردنی ئەو بیرۆکەیە ببن کە من لە سەرەوە باسم کردووە، چی ڕوودەدات؟ بە گشتی دەتوانین پێشبینی ڕوودانی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەین:

یەکەم) ئەو کەسانەی کە خاوەنی کارێکن و دەتوانن بەهۆی ئەو کارەوە پارەیەکی باش بەدەستبهێنن، بەردەوام دەبن لە کارەکەی خۆیان. بەڵام پێویستە دوای ئەوەی کە بە پارەی کارەکەیان پێداویستییەکانی خۆیان پڕدەکەنەوە، دەبێت ئەو پارەیەی کە دەمێنێتەوە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی کەسانی تر بەکاربهێنرێت. ئەوەیش بە دوو جۆر ئەنجام دەدرێت کە یەکەمیان بردنی پارەکەیە بۆ دەزگایەکی حکومەت لە شێوەی باجدا کە لەڕێگای ئەوەوە بگات بەدەستی هەژارەکان. دووەمیشیان ئەوەیە کە ڕاستەوخۆ ببەخشرێت بەو دامەزراوە و ڕێکخراوانەی کە کار لەسەر ئەم پرسە دەکەن.

دووەم) ئەو کەسانەی کە لە بواری بەرهەمهێنانی ئەو بەرهەمانە کاردەکەن کە بەرهەمی گرانبەهان و بە مەبەستی پڕکردنەوەی چێژی زیاد لە پێویست دروست دەکرێن وەک لەوەی کە پێویست بن، پێویستە هەوڵ بدەن کارێکی دیکە بدۆزنەوە. چونکە خواست لەسەر ئەو جۆرە بەرهەمە گرانبەهایانە کەم دەبێتەوە و هەمووان سەرنجیان لەسەر ئەوە دەبێت کە پێویستە. بۆیە دەبێت ئەو کەسانەی کار لەم جۆرە بەرهەمانە دەکەن کارێکی هاوشێوەی خاڵی یەکەم بدۆزنەوە کە کارەکە بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمە پێویستەکانە.

سێیەم) ئەو کەسانەیشی کە ڕاستەوخۆ کار ناکەن و پارەیان لەناو کاردایە یاخود جۆرێک لە خانەنشینیان هەیە پێویستە دڵنیاببنەوە لەوەی کە داهاتەکەیان تەنها بەشی پێداویستییەکانیان دەکات نەک زیاتر. ئەگەر داهاتی زیاتریان هەبوو ئەوکات بەشێوەی باج پارەکە دەگەڕێننەوە بۆ لایەنی پەیوەندیدار.

بە جێبەجێکردنی ئەم خاڵانە دواجار دەگەین بەوەی کە تاکەکان ئازادییەک بەدەستبهێنن کە لەسەر بنەڕەتی یەکسانی دروست دەبێت. وە هاوسەنگییەک دروست بێت لەنێوان ئەو تاکانەی کە بەرهەمییان کەمە لەگەڵ ئەوانەی کە بەرهەمییان زۆرە بۆ ئەوەی هیچ لایەکیان نەکەوێتە دۆخێکی خراپی ژیانەوە و ئەوی تریش چێژی زیاد لە پێویستی دەست بکەوێت.

بێگومان جێبەجێکردنی ئەم بیرۆکەیە وەک باسکردنەکەی ئاسان نییە. ئەوەی کە هەموو تاکەکان پەیوەست بن بە بیرۆکەیەکی لەم جۆرەوە کە بەهۆیەوە بەشێکی زۆری ژیانیان تەرخان بکرێت بۆ قازانجی ئەوانی تر، لە ڕاستیدا کارێکی قورسە. بەڵام هەر ئەوەندەی کە ئیمە دەتوانین باسی بیرۆکەیەکی لەم جۆرە بکەین و بە ئاسانی هەست بە گرنگی و گەورەیی کاریگەرییەکەی بکەین، دواجار یارمەتیمان دەدات کە لە ڕاستیشدا کارێکی گونجاو ئەنجام بدەین.

سەرچاوە کلیک بکە

هاوشێوە