رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

پەروەردەی خێزان لەسەر لێهاتوویی منداڵ چ ڕۆڵێک دەبینێت؟

Facebook
Twitter
LinkedIn

هاوناز ڕەزا

پێش ئەوەی باس لە لێهاتوویی منداڵان بکەین دەبێت بزانین منداڵ کێیە؟

منداڵ بە یەکێک لە گرنگترین توێژەکانی کۆمەڵگە دادەنرێت، هەر کەسێک تەمەنی لە خوارەوەی ١٨ ساڵان بێت بەپێی یاسای نەتەوە یەکگرتووەکان بە منداڵ دادەنرێت و هەموو مافێکی بەپێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی منداڵ هەیە.

کاتێک باس لە چۆنیەتی گەشەی لێهاتووی منداڵان دەکرێت دەبێت کەسێتی منداڵان لە ژینگەیەکی تەندروست و لەباردا شکڵی گرتبێت. بەپێی تیۆری شیتەڵی دەروونی (فرۆید) “مرۆڤ وەک دیلی منداڵی دەمێنێتەوە، تەنانەت گەر حەفتاکانی تەمەنیشی تێپەڕێنێت، گیرۆدەیی منداڵبوونی لەدەستنادات”. لە تەمەنی منداڵیدا قۆناغێکی گرنگمان هەیە، کە زۆر کەم درکی پێدەکرێت، بەداخەوە زۆربەمان ئەو قۆناغە گرنگەی منداڵ فەرامۆش دەکەین، کە پێی دەڵێین “قۆناغی ئاوێنەیی” کە هەوڵی منداڵە بۆ خۆ هاوشوناسکردن لەگەڵ گەورەکاندا، بۆ ئەوەی خۆی وەک کەسێکی کامڵ و جەستەیەکی یەکانگیر و پێگەیشتوو ببینێت، ئەمەیش بەو واتایە دێتەوە منداڵ هەر شتێک ببینێت و بیبیستێت دەیەوێت دووبارەی بکاتەوە، بۆ نموونە: “گۆچانێک وەک سەیارە لێدەخوڕێت”، یان وەک ئەسپ دەیخاتە ناو قاچەکانیەوە و بە پەتێک وەک ڕەشمەی ئەسپەکە دەگرێت بە دەستەوە و لێیدەخوڕێت. کەواتە ئەم لێکچواندنە دەگەڕێتەوە بۆلێهاتوویی منداڵ گەر سەرکوت نەکرێن. دواتر منداڵ بەبێ بەکارهێنانی کەرەستەکان بەشێوەیەکی ئەبستراکتانە بیر لە شتەکانی دەوروبەرییان دەکەنەوە و دەیبەنەوە نێو “زمانی ناوەکی” کە بیرکردنەوەیە، دەیانەوێت لەگەڵ شتی نوێدا کە تا ئەو تەمەنەی ئەزموونی کردووە پێمان بڵێن ئێمەش دەتوانین لێهاتوو و بە توانا بین وەک گەورەکان. داهێنانە گەورەکانیش لە جوڵەی منداڵێکەوە بەرهەم دێت.

زۆر جار من وەک پیشەکەم کە مامۆستایەتی بووە جووڵەی فێرخوازەکانم تەکنیکی گەیاندنی پێبەخشیووم. بەڵام زۆر بەداخەوە منداڵانی ئێمە هەم لە ژینگە خێزانییەکە و هەم لە ژینگەی قوتابخانەدا سەرکوتیان دەکەین. سەرکوتکردنی منداڵانیش بۆتە چەتری هەراسانکردن و توندوتیژی بەرامبەرییان، سەرکوتکردن وا لە منداڵان دەکات لێهاتووییەکانیان بپوکێتەوە، چونکە هیچ منداڵێک نییە لێهاتوویی و توانای نەبێت، بۆیە ئەگەر منداڵێک تووشی شکست بێت، ئەوا خۆشمان لەگەڵیدا لە شکستداین. بە ڕای من کاتێک دەتوانین گەشە بە لێهاتوویی منداڵان بدەین کە ژینگەیەکی تەندروستی هەبێت، ئەوەش سەرەتا پێویستی بە دایک و باوکێکی هۆشیار و پەروەردەیی هەیە، کە بەداخەوە پەروەردەی ئێستامان تەنها بەخێوکردنە، نەک پەروەردەی خراپ تەنها هۆکارێکە کە وا لە منداڵ دەکات لێهاتوویەکانی دەرنەکەوێت، بەڵکو ناز پێدانی زۆریش هەمان ڕۆڵی خراپ دەبینێت لەسەر منداڵ. بۆیە نابێت لە یادی بکەین، کە نازپێدانی زۆریش دەبێتە توندوتیژی بەرامبەر بە منداڵ، بەڵام زوربەمان بێ ئاگایین لەوەی کە تەنها منداڵ بەخێو دەکەین نەک پەروەردەیەکی شیاو.

 وەک دەزانین مامۆستا پەروەردەکارە. ئەوە تەنها مامۆستا نییە پەروەردە دەکات، بەڵکو کۆ پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانیش پەروەردە دەکەن، بۆ نموونە شۆفێرێک، دووکاندارێک… دواجار هەموومان پەروەردە دەکەین بە ڕێگەی خۆمان، مامۆستاش کە لە ڕێگەی قوتابخانەوە بەر فێرخوازەکانی دەکەوێت بەتەواوەتی کاریگەری لەسەر باری دەروونی و مەعریفی و کۆمەڵایەتی  فێرخواز بەجێدەهڵێت، ئەوەش لە ڕێگەی شێوازی هەڵسوکەوتی و گەیاندنی پڕۆگرامەکان. مامۆستایەک دەتوانێت لێهاتوویی و توانای فێرخوازەکانی بدۆزێتەوە، کە سەرەتا خۆی شارەزای ڕێگە و میتۆدەکانی وانە وتنەوەبێت و خوێندنەوەی هەبێت و بزانێت پەروەردە ناوەستێت لە خاڵێکدا، بەڵکو پرۆسەیەکی درێژخایەنە و بەردەوام سەردەم لە دوای سەردەم لە گۆڕاندایە.

وشیاری لەبارەی سایکۆلۆژیای منداڵ و شێوازی پەروەردەیی و خۆشەویستی بۆ پیشەی مامۆستایی و هەستکردنی بەوەی کە مامۆستایە و ئەرکێکی گەورەی لەسەر شانە، دەتوانێت خۆراکێک بداتە فێرخوازەکانی کە توانا و لێهاتووی هەر فێرخوازێک گەشە پێبدات. بەڕای من گەورەترین لێهاتوویی دەبێت مامۆستایانمان وا لە فێرخوازەکانیان بکەن، کە بتوانن گوزارشت لە شتەکانی دەوروبەرییان بکەن، ئیتر وردە وردە فێرخواز بەر چەمکی نوێ دەکەوێت و هەوڵدەدات بەدوای شتی نوێدا بگەڕێت، ئەمەیش دەکەوێتەوە سەر شێوازی هاندانمان بۆ فێرخوازەکانمان. کاتێک ئێمە پێیان دەڵێین، ئێوە دەتوانن پێش بکەون، ئێوە تواناتان هەیە، دڵنیاتان دەکەمەوە فێرخوازەکانمان هەوڵی تەواوەتی خۆیان دەدەن، کە لێهاتووییەکانیان بەرجەستە بکەن، هەروەها هەر مامۆستایەک گرنگی بە جووڵە بدات، بێگومان پۆلێک فێرخوازی زیندووی دەبێت و چەندین عەقڵی نوێ پەروەردە دەکات. لێکۆڵینەوەکان پێمان دەڵێن: منداڵان تا تەمەنی ١٢ ساڵی دەبێت زۆر بجوڵێن، چونکە خانەی عەقڵی بە جووڵە زیاد دەکات. هەر بۆیە مامۆستایان کاریگەرییەکی ناکۆتا لەسەر دەرخستن و گەشەی لێهاتووی و تواناکانی منداڵانی کۆمەڵگەکەمان دادەنێن.

هاوشێوە