رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

ئایا ئێمە دەمانەوێت ئازاد بین؟

Facebook
Twitter
LinkedIn

سیۆبان لیۆنس

وەرگێڕانی: ژیر دانا

لە یەکێک لە زنجیرە تەلەڤیزیۆنەکانی کەناڵی بی بی سی بەناوی “کوشتنی ئیڤ”، پیاوکوژێکی ڕووسی لەگەڵ هاوڕێیەکیدا لە زیندان هەڵدێن. دوای ئەوەی کە هەڵدێن و دوور دەکەونەوە، هاوڕێی بکوژەکە زۆر دەشڵەژێ و قەلەق دەبێت. ئەو دەپرسێت “من ئێستا  چی بکەم؟”. بکوژەکەیش پێی دەڵێت “نازانم. ڕابکە! ئێستا تۆ ئازادیت”. دواتر هاوڕێکەی دەڵێت: “نامەوێت ئازاد بم”. لەو کاتەدا بکوژە ڕووسییەکە ئەم وەڵامەی بەلاوە سەیر نابێت. ئەوەیش سەرەڕای ئەوەی کە ئەو خۆی ماوەیەکی زۆر دەبوو کە هەوڵی ئازادبوونی دەدا و بەردەوام هەوڵی ڕاکردنی لە زیندان، پاسەوان و کارمەندەکان دەدا. بەڵام لە هەستی هاوڕێکەی تێدەگەیشت. ئەم تێگەیشتنە دەکرێت هەمان ئەو تێگەیشتنە بێت کە کارەکتەری (ڕێد) لە فیلمی “ڕاکردنەکەی زیندانی شاوشانک”ـدا هەیەتی. ڕێد دەڵێت “ئەم دیوارانەی کە لەناویدا زیندانی کراوین زۆر سەیر و هەزەلین. یەکەمجار ڕقمان لێیانە و دەمانەوێت لێیان دوور بکەوینەوە. بەڵام دواتر لەگەڵیاندا ڕادێین. دوای ماوەیەکی زیاتریش، بە تەواوەتی پشتیان پێدەبەستین و ناتوانین بەبێ ئەوان مورتاح بین.”

یەکێک لە پرسیارە بەردەوامەکانی فەلسەفە دەربارەی ئەو ململانێیەیە کە لە نێوان ویستی ئازاد و ویستی ناچاری (یاخود چارەنووسگەرایی)ـدا بوونی هەیە. پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا داهاتوو پێشتر دیاریکراوە یاخود ئێمە خۆمان بکەرێکی چالاکین و بەدەستی خۆمان هەڵبژاردەکانی خۆمان دیاری دەکەین و لە ئەنجامی ئەمەیشدا، داهاتوو بە دیارینەکراوی دەمێنێتەوە. واتا ئەوەی کە تا چەندێک ئازادین لەوەی کە چی بین و چی بکەین. لێرەدا ئەو بیرکردنەوەیەی ڕێد لە فیلمی ڕاکردنەکەی زیندانی شاوشانک زۆر گرنگە کە پێی وایە ئەوەی لەگەڵیدا دەمێنیەوە، دواجار دەبێت بە پێویستی.

بیرۆکەی ئازادی بیرۆکەیەکی ناوەکییە و لەناو کۆدە مۆراڵیەکانمان جێگیر بووە. ئەو بیرۆکەیە ئەوەندە جێگیرە کە وامان لێدەکات باسی ئازادی بە باسێک نەزانین کە پێویستی بەوە بێت بەردەوام قسەی لەسەر بکەین و بڵێین کە ئێمە نامانەوێت بە هێزێکەوە ببەسترێینەوە. بەڵام ئەو پرسیارەی کە دەڵێت “ئایا ئێمە ئازادیمان دەوێت؟” پرسیارێکە کە زۆر بە دەگمەن دەگوترێت. هەندێک جاریش خەڵک پێیان وایە کە پرسیارکردن لەسەر چییەتی خوودی ئازادی دەکرێت مرۆڤ بگەیەنێت بە شێتبوون. بەڵام ئایا ئەمە پرسیارێک نییە کە وەڵامەکەی ڕوون بێت؟ واتە بۆچی نەمانەوێت ئازاد بین، لە کاتێکدا کە بەردەوام ئەو کەسانە دەبینین کە ئازاد نین و لەژێر سایەی دەستەڵاتێکدا وەکو بەندکراو ڕووبەڕووی ستەم دەبنەوە؟ لێرەدا ئەوە گرنگە کە ئێمە ڕاستییەک بزانین کە ئازادی تەنها گیرخواردن نییە لەژێر سایەی دەستەڵاتێکی ستەمکاردا، بەڵکو ویستی مرۆڤیشە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی. بۆ ئەوەی کە ژیانمان مانای هەبێت، پێویستە ئێمە خۆمان بەرپرس بین لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆمان و خاوەنی ئەو ئازادییە بین. چونکە ئەو بیرۆکەیەی کە پێی وایە چارەنووس دیاریکراوە و مرۆڤ ناتوانێت هیچ لە چارەنووسی خۆی بگۆڕێت، ویستی بەردەوامبووی ژیان لە مرۆڤ دەسەنێتەوە و وای لێدەکات کە گوێ نەدات بە گۆڕینی ئەوەی کە هەیە.

یەکێک لە زانا بەناوبانگەکانی ماتماتیک بەناوی ئێدوار لۆرێنزەوە بەم جۆرە لەسەر ویستی ئازاد قسەی کردووە:

“ئێمە دەبێت باوەڕ بە چی بکەین؟ ئەوەی کە هەموو شتەکان دیاریکراون و ویستەکانمان ناچارین، یاخود هیچ شتێک دیاریکراو نییە و خۆیشمان ئازادین لەوەی کە ویستەکانمان چۆن بن؟ بەڕای من ئەگەر وەکو کێشەیەکی بیرکاری بیر لەم پرسیارە بکەینەوە و هەر بەو جۆرەیش مامەڵەی لەگەڵدا بکەین، ئەوا وەڵامەکەیمان بە ئاسانی دەست دەکەوێت. بۆ ئەوەی ئەو کارە بکەین، پێویستە بنچینەیەک بۆ پرسیارەکە دابنێین ئەو کات هەوڵی وەڵامدانەوەی بدەین. با بڵێین بنچینەکەمان ئەو ڕێسایەیە کە دەڵێت “پێویستە پشتگیری ڕاستی بکەین ئەگەر بە ئازاریش بێت، وەک لەوەی کە پشتگیری هەڵە بکەین ئەگەر بەچێژیش بێت.” بەم بنچینەیەوە ئێمە دێین بە دڵ و بە گیان پشتگیری ویستی ئازاد دەکەین. لەم کاتەدا و بەپێی بنچینەکەمان ئەگەر وەڵامە ڕاستەقینەکە بریتی بێت لە هەبوونی ویستی ئازاد، ئەوا ئەو کاتە کێشەمان نابێت و لەسەر ڕێگا ڕاستەکە دەبین. ئەگەریش وەڵامە ڕاستەقینەکە ئەوە بێت کە ئێمە ویستی ئازادمان نییە، ئەوا هێشتا لەسەر ڕێگای ڕاست دەبین چونکە لە بنەڕەتدا بە ئازادانە وەڵامەکەمان هەڵنەبژاردووە.”

 (بەشێک لە کتێبی “جەوهەرەکانی ئاژاوە”)

هەندێک کەس ویستی ئازاد بە وەهمێکی تەواو دەزانن. لە ساڵی ١٨١٤ پیەر دی لاپلاسی زانای ماتماتیک، بیرۆکەی ئەوەی خستەڕوو کە هەر ئەتۆمێکی ئەم گەردوونە لەسەر بنچینەیەکی جێگیری ماتماتیکی دەڕوات و هەر لە ساتی دروستبوونیشیەوە ئەو بنچینەیە دانراوە و تەواوی جووڵەکانی داهاتووی بەوەوە بەستراوە. واتە بەپێی ئەو بیرۆکەیە بێت، هەڵە نابێت ئەگەر بڵێین کە دەکرێت لەڕێگای ئەتۆمەکانەوە پێشبینی داهاتووی گەردوون بکەین. ئەم بیرۆکەیە دواتر بە ناچاری زانستی ناونرا. ناچاری زانستی ڕێک لە دژی بیرۆکەی هەبوونی ویستی ئازاد کار دەکات و زیانی گەورەی پێدەگەیەنێت. بەڵام هێشتا کەسانێکی زۆر هەن کە ناتوانن بڕوای تەواو بەوە بکەن کە ویستی ئازاد بوونی نییە. ئەوەیش بەهۆی چەندین هۆکاری زۆر کە سنووری خۆیان وەک مرۆڤ تێدەپەڕێنێت. ئەگەریش ویستی ئازاد بوونی نەبێت، ئەوا ئێمە بەرپرسیار نابین لە هیچ کام لەو کارانەی کە دەیکەین. بەڵام دواجار نەبوونی ویستی ئازاد بە هیچ جۆرێک ڕاستییەکی ڕەها نییە.

فریودانەکانی چارەنووسگەرایی

لە ساڵی ١٨٤٤ـدا سۆرێن کیرکەگاردی فەیلەسووفی بوونگەرا لەناو کتێبی “کۆنسێپتی دڵەڕاوکێ” باس لەوە دەکات کە هەستی دڵەڕاوکێ، پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە درککردنی تاکەوە هەیە بە ئازادی خۆی. ئەو دەڵێت کە دڵەڕاوکێ گێژبوونێکە کە لە ئازادبوونێکەوە دروست دەبێت. واتە بە بڕوای کیرکەگارد، تووشبوون بە دڵەڕاوکێ و تۆقین بەرئەنجامی دروستبوونی ئەو ژمارە زۆرەی ئەگەرە لەبەردەم تاک، کە بەهۆی ئازادییەوە بۆی دروست دەبن. بۆ نموونە کاتێک لە بازاڕین و ژمارەیەکی زۆر شیرمان لەبەردەستدایە و نازانین کامیان بکڕین، یان کە نازانین چ کارێک هەڵبژێرین وەک کاری سەرەکی خۆمان، یان کە دەمانەوێت گەشتێک بکەین و نازاین بۆ کوێ بڕۆین. لای کیرکەگارد هەموو ئەمانە بارێکن و بەسەر شانی ئازادییەوەن. ئەو دەڵێت “ئازادی ناچار دەبێت  هەوڵی ئەوە بدات کە بە سنووردارکردنی بێسنووری، خزمەتی خۆی بکات”. مەبەستی لەم دێڕە ئەوەیە کە بە بێسنووربوونی ئەگەرەکان، مەترسی دەکەوێتە سەر خوودی ئازادی و بە سنووردارکردنی ئەو ئەگەرانە دەتوانرێت بڕوایەکی تەواو بە ئازادی دروست ببێت.

کیرکەگارد بڕوای بەوەیش هەیە کە درککردن بەوەی مرۆڤ دەتوانێت بەهۆی ئازادییەکەی خۆیەوە ژیانی بەرەو لەناوچوون ببات، بە هەمان شێوە دەبێتە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێ. ئەو نموونەی “شکستی مرۆڤ” وەک نموونە بۆ ئەم بۆچوونەی دەهێنێتەوە. شکستی مرۆڤ ئاماژەیە بە ئادەم لەو کاتەی کە دەیزانی کە خواردنی سێو لە داری زانین ژیانی وێران دەکات، کەچی دواجار سێوەکە دەخوات. واتە ئادەم بەهۆی ئازادییەکەیەوە خۆی بەدەستی خۆی ژیانی خۆی وێران کرد.

دڵەڕاوکێ پەیوەندییەکی زۆریشی بەوەوە هەیە کە فەڕەنسییەکان پێی دەڵێن “بانگهێشت لە بۆشاییەوە”. بۆ نموونە لەو کاتەی کە کەسێک لە بەرزاییەکی زۆر بەرزەوە وەستاوە و سەیری نزمایی دەکات. یاخود کەسێک لەناو فڕۆکە لەسەر کورسی تەنیشت دەرگاکە دانیشتووە. ئەم کەسانە بۆ ساتێکیش بێت دەکرێت بیر لە خۆفڕێدان بکەنەوە. ئەمەیش لەبەر ئەوە نییە کە ئەوان ویستی خۆکوشتنیان هەیە. بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە ئەو کەسانە دەیانەوێت سنووری ئازادی خۆیان بخەنە ژێر پرسیارەوە کە ئایا دەتوانن ئەزموونی ئازادییەک بکەن کە جێگیرترین یاسای ژیانیان کە حەزی مانەوەیە پێشێل بکات؟ ئەوان دڵنیان لەوەی کە ئەنجامی ئەم کارەیان چی دەبێت. بەڵام دڵنیا نین لەوەی کە ئایا هەر بەڕاستی دەتوانن ئەنجامی بدەن یاخود نا. بۆیە دەتوانین بڵێین کە بە بڕوای کیرکەگارد، ویستی بەردەواممان بۆ سەلماندنی ئازادی تووشی دڵەڕاوکێ و تۆقینمان دەکات.

کەواتە بۆ کیرکەگارد ئازادی تەنها پەیڕەوکردنێکی پڕچێژی سەربەخۆیی نییە. بەڵکو لە هەمان کاتدا هۆکارێکیشە بۆ دروستبوونی ئەو ئەگەرە زۆرانەی کە مرۆڤ لەزۆری خۆیان گێژدەکەن. ویستی ئازادیش هۆکارێکە بۆ ئەوەی کە ئێمە خۆمان بەرپرسبین لە نەگبەتییەکانمان. هەر ئەوەی کە هەڵبژاردنی بێکۆتامان لەبەردەستە، ئەگەری ئەوە دروست دەکات کە تووشی نەخۆشی دوودڵی “ئەبۆلۆمەینیا” ببین. بەڵام کاتێک بە جۆرێک بیر لە ژیانمان دەکەینەوە کە لە ڕێگایەکی ڕاست و ڕەوان پێکهاتبێت و ئاڕاستەکەی دیاریکراو بێت، ئەوکات ڕێی تێناچێت کە تووشی نەخۆشی لەم جۆرە ببین بە ئاسانی. کاتێک کە فریدا کاهلۆی شیوەکار دەزانێت کە چەترەکەی بیرچووە و ناچار دەبێت کە لەناو پاسێکەوە بچێت بۆناو پاسێکی تر، بە هیچ جۆرێک نازانێت کە پاسی دووەم دەبێتە هۆی ئەوەی کە تووشی ڕووداوێکی هاتوچۆ ببێت. ئەو ڕووداوە بووە هۆی ئەوەی کە فریدا بەدرێژایی ژیانی هەست بە ئازار لەناو ئیسکەکانیدا بکات. ئێستا ئەگەر ئێمە خەتای ئەم ڕووداوە بۆ چەترەکە یاخود پاسی دووەم بگێڕینەوە، گرنگ نییە. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە ویستی ئازاد و هەڵبژاردنی ئازاد دەتوانن ئاڕاستەمان بکەن بەرەو مەرگێکی ئازاد، هەروەک چۆن فریدا بڕیاریدا لەناو پاسی یەکەم دابەزێت و بچێت بۆناو ئەو پاسەی کە دواتر بەهۆیەوە تووشی ڕووداوەکە بوو. شتێکی سەیرە کە زۆرینەی زۆرمان تووشی نەخۆشی دوودڵی نەبووین، بەهۆی ئەو ویستە ئازادانەمانەوە.

ئێستا ئەوەمان لەلا ڕوونە کە ئازادی دەکرێت ببێتە ئەوەی کە چەندین هەڵبژاردەی هەڵە بوونیان هەیە دەکرێت هەرکاتێک بێت ئێمە ئەو هەڵبژاردە هەڵانە هەڵبژێرین. کاتێک بەم جۆرە سەیری ئازادی دەکەین، ڕێی تێدەچێت کە کەسانێک ڕاستەوخۆ چارەنووسگەرایی هەڵبژێرن و خۆیان لەم جۆرە ئازادییە دووربخەنەوە. چونکە دواجار ئێمە ئەوکاتە ئارام دەبین کە بزانین ئەوەی ڕوودەدات چاوەڕواننەکراو نییە و دەتوانین خۆمانی بۆ ئامادە بکەین. لێرەدا سلاڤۆی ژیژەک دێتە ناوەوە. ژیژەک ئەم جۆرە لە دروستبوونی تراژیدیایە لای تاک بە “وەسوەسەی مانا” دەیانناسێنێت. بۆ نموونە خەڵک ئەوەیان بەلاوە باشترە کە نەگبەتییەکانی ژیانیان فەرمانێکی گەردوونی بن، وەک لەوەی ڕووداوی هاکەزایی بن کە زۆرجار بەبۆنەی هەڵبژاردنەکانی خۆیانەوە دروستببن. ئاسترا تایلەر لە کتێبی ژیانی تاقیکراوەدا دەڵێت: “کاتێک کە شتێکی ناخۆش و کارەساتبار ڕوودەدات، مەیلی ئێمە بەجۆرێک کاردەکات کە مانای ئەو شتە ناخۆشە بدۆزێتەوە. لێرەدا ئەگەر مانای شتەکە وەک سزایەک سەیربکەین، زۆر ئاسایی دەبێت لەلامان؛ چونکە سزاکەمان پێباشترە وەک لەوەی کە سەرچاوەی شتە ناخۆشەکە بگێڕینەوە بۆ هێزێکی کوێرانە و هاکەزایی”. ژیژەکیش دەڵێت: “لەو کاتەی کە لەناوەڕاستی کارەساتێکداین، باشترە کە وابزانین ئەم کارەساتە سزایەکە و خودا داویەتی بەسەرماندا، وەک لەوەی کە ڕێکەوتێک بێت بەتەنها. چونکە چەندێکیش بە کارەسات و سزاکە ناڕەحەتبین، دواجار ئەم تێڕوانینە ئەوە دەسەلمێنێت کە لەناو گەردوونێکی ماناداردا دەژین”. بۆیە خراپ نابێت ئەگەر خۆمان لەو بیرکردنەوەیە بپارێزین کە ئەم گومانە ئازاربەخشانە دروستدەکەن. بۆ نموونە دەربارەی ڕووداوەکەی کاهلۆ دەتوانین بڵێین کە بەهۆی ڕووداوەکەوە ئەو توانی دەرفەتی وێنەکێشانی بۆ دروستببێت و ببێت بەو کەسە مەزنەی کە لە مێژوودا ماوەتەوە، لەجیاتی ئەوەی کە بیر لەوە بکەینەوە ڕووداوەکە چۆن ڕوویدا و کاهلۆ چۆن بە هەڵبژاردنی پاسێک ئەو کارەساتەی بەسەر خۆیدا هێنا.

هەربۆیە لەژێر سایەی چارەنووسگەراییدا، بکوژەکان دەتوانن بکوژبوونی خۆیان بخەنە ملی چارەنووسەوە و خۆیان بێبەری بکەن لە تاوانەکانیان. بەڵام لە هەمان کاتیشدا، دەکرێت تەواوی خراپییەکانی ژیانی خۆمان بخەینە ملی چارەنووس. ئەمەی دووەمیان دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە ئێمە ناچاربین بە خۆشویستنی چارەنووسی خۆمان بە تەواوی خراپیەکانییەوە (نیچە ئەمەی بە “خۆشویستنی چارەنووس” ناوناوە). ئەم جۆرە ژیانکردنە دەتوانێت ڕزگارمان بکات لەو فشارانەی کە هەڵبژاردنە بێکۆتاکان بۆمان دروستدەکەن. هەرچەندە کەسانێک هەن کە بەهیچ جۆرێک ئامادەنین لەپێناو مورتاحبوونێکی بوونگەراییانەی خۆیاندا، دەستبەرداری ویستی ئازاد ببن؛ بەڵام لە هەمان کاتدا کەسانێکی زۆریش هەن کە بە خۆشحاڵیەوە دەستبەرداری ویستی ئازاد دەبن، تەنها لەپێناو ئەوەی کە هۆکارێک بە هەموو ڕووداوەکانی ژیانیان ببەخشن. بەڵام ئەوە ڕێکەوت نییە کە خۆشویستنی چارەنووسەکەی نیچە و وەسوەسەیی بوونەکەی ژیژەک هەردووکیان لەکاتی ڕوودانی کارەسات و درستبوونی تراژیدیادا لەناو مێشکماندا دروستدەبن. واتا ئێمەی مرۆڤ پێمان خۆشە کە خۆمان بەرپرسیاری سەرکەوتنەکانمان بین و لەکاتی سەرکەوتندا، ئەم شتانەمان بەخەیاڵدا نایەت. بەڵام لەکاتی شکستەکانماندا، حەز دەکەین کە خۆمان بەرپرسیان نەبین و ئەو جۆرە هۆکارانەیان بۆ دەدۆزینەوە.

دەرئەنجام و هۆکار

لەلای کیرکەگارد سەرەڕای ئەوەی کە ژیان بەرەوپێش دەچێت، بەڵام تەنها پاشەوپاش و بۆ دواوە دەخوێنرێتەوە. ڕۆبەرت پیرسینگ لەناو یەکێک لە نووسینەکانیدا دەڵێت: “کاتێک لە شوێنێکدا وەستاویت و سەیری بەردەمی خۆت دەکەیت، ناتوانیت دڵنیا ببیت لەوەی چی دەبێت. بەڵام کاتێک لە شوێنێ خۆتەوە سەیری دواوە دەکەیت کە لە کوێوە گەیشتوویت بەو شوێنە، بەباشی تێدەگەیت و هاوکێشەکە لەبەرچاوتدا ڕوونترە.” بینینی ڕابردوو زۆر ئاسانترە لە بینینی داهاتوو، کاتێک دەمانەوێت باسی کێشەکانی ئیستا بکەین. چونکە لەکاتی بینین و بیرکردنەوە لەڕابردوو، ئێمە دەتوانین کە نەخشە دووبارەبووەکان دیاری بکەین کە دەکرێت بە چارەنووس، یاخود هەڵبژاردن، یاخود هەردووکیان لەیەک کاتدا ناوی ببەین.

یەکێک لەو کارانەی کە ئەم پرسەی تیادا ورووژاوە، ڕۆمانەکەی تێد شیانگە، کە دواتر لە ساڵی ٢٠١٦ فیلمێکی لەسەر دروستکراوە بەناوی “گەیشتن”. لەم فیلمەدا ئێمە پەیوەندی نیوان چارەنووسگەرایی و ویستی ئازاد دەبینین. هەروەها فیلمەکە کارێکی باشی لەسەر پیشاندانی ئەوەش کردووە کە ئێمە چۆن لە ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو تێدەگەین.

دیمەنی سەرەتای فیلمەکە بریتییە لە پیشاندانی ئەوکەسایەتییەی کە ناوی لویسە و (ئەیمی ئادەمز) ڕۆڵی دەبینێت. لویس پسپۆڕێکی بواری زمانە و خەریکە لەگەڵ کچەکەیدا یاری دەکات. لەکاتی بینینی ئەم دیمەندا، ڕاستەوخۆ ئەو بیرۆکەیە لەلای بینەر دروست دەبێت کە دیمەنەکە خەیاڵکردنی ڕابردووە؛ چونکە لەدوای ئەو دیمەنەوە چەند دیمەنێکی تر دەبینین کە تیایاندا گەورەبوونی کچەکە پیشان دەدات، تا دەگات بە تەمەنی هەرزەکاری لەو کاتەی کە بەهۆی نەخۆشییەکەوە گیان لەدەست دەدات. بەڵام لەکۆتایی فیلمەکەدا ئێمە بۆمان دەردەکەوێت کە ئەو دیمەنانە بینینی داهاتووبوون نەک ڕابردوو. وە لویس بەهۆی فێربوونی زمانی بوونەوەرە ئاسمانەکان، توانیویەتی کە توانای بینینی داهاتووی بۆ دروستببێت.

گریمانەی سەپیر-وۆرف گریمانەیەکی بەناوبانگی بواری زمانزانییە. لەو گریمانەیەدا دەگوترێت کە ئەو زمانەی بەکاری دەهێنین، شێوازی وەرگرتنی واقعمان بۆ دیاری دەکات. لەناو فیلمەکەیشدا، لویس دوای ئەوەی کە فێری زمانی بوونەوەرە ئاسمانییەکان دەبێت، بەجۆرێکی تر لەکات دەروانێت و مامەڵەی لەگەڵدا دەکات. ئەو جیاواز لە مرۆڤەکانی تر کە بۆ هەموو شتەکان (سەرەتا، ناوەند و کۆتایی) دادەنێن، دەچێت بە شێوازێکی هاوتەریب لە کاتە جیاوازەکانی ژیان دەڕوانێت. واتە لەجیاتی ئەوەی کە سەرەتا، ناوەند و کۆتا هەریەکەیان سەربەخۆبن و بەشێوەیەکی ڕاستەهێڵیانە بەرەوپێش بچن، لای لویس بە شێوازێکی هاوتەریبی و هەموویان لە یەک کاتدا بوونیا هەیە. ئەم زمان و توانا تازەیە بۆ لویس دەبنە هۆی ئەوەی کە بتوانێت داهاتووی خۆی ببینێت. کە داهاتووش دەبینێت، سەیر دەکات کە کچێکی هەیە و کچەکەی دەمرێت. واتا لویس درک بەوە دەکات کە ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان کچێکی ببێت، ئەوا ئەو کچە لە تەمەنێکی کەمدا بەهۆی نەخۆشییەوە دەمرێت.

بینەرەکان ئەم داهاتووەی کە لەویس درکی پێکردووە بەجۆرێک دەبینن کە داهاتوویەکی نەگۆڕاوە و هەر دەبێت ڕووبدات. بێگومان بەو جۆرەی کە دەبینرێت وا دەردەکەوێت کە لویس هیچ هەڵبژاردنێکی لەبەردەمدا نییە و هەرچییەک بکات، کچەکەی هەر دەمرێت. بەڵام ئەمە ئەو ڕاستییە نیە کە نووسەرەکە لەم چیرۆکەدا ویستوویەتی بە ئێمەی بگەیەنێت. بەڵکو ڕاستییەکە ئەوەیە کە لویس توانای هەڵبژاردنی هەیە. ئەو درکی بەوە کردووە کە ئەگەر کچێکی هەبێت، ئەوا کچەکەی دەمرێت. لێرەدا لویس دەتوانێت بڕیاری ئەوە بدات کە ئەسڵەن نەهڵێت کچی ببێت، بەم شێوەیەیش کچەکەی لەدەست نادات وەک لەوەی کە لە داهاتووبینینەکانیدا دەیبینی. بەڵام ئەو سەرەڕای زانینی ئەم ڕاستیەش، هێشتا هەر بڕیاری ئەوە دەدات کە منداڵی ببێت و چارەنووسی خۆشبوێت، هەروەک چۆن نیچە ئامۆژگاری کردبووین کە چارەنووسمان خۆشبوێت بە هەموو خراپیەکانییەوە. لویس ناتوانێت ڕێگە لەمردنی کچەکەی بگرێت، چونکە ئەوە لە داهاتوودایە و هەرچۆنێک بێت هەروەک خۆی دەمێنێتەوە. بەڵام خۆ لە ئێستادا توانای ئەوەی هەیە کە ئازادانە هەڵبژاردن ئەنجام بدات و نەهێڵێت منداڵی ببێت. واتا ئەو چۆک بۆ ئەوە دادەدات کە داهاتوو بگۆڕێت، بەڵام بڕوای بەوە هەیە کە لە ئێستادا تەواوی هەڵبژاردنەکانی ژیانی لەدەستی خۆیدان و ئازادە لەوەی کە دەیەوێت چیبکات.

ئەم شێوازی کارکردنی دەرئەنجام و هۆکارە، هەمان شێواز نییە کە لەناو دنیا و لۆجیکی ئێمە و دەرەوەی فیلمەکەدا ئیش دەکات. بەڵکو تەنها بۆ مەبەستی گەیاندنی چیرۆکەکە دروستکراوە و ئەو بیرۆکەیە دانراوە کە دەتوانرێت بەهۆی داهاتووەوە، گۆڕانکاری لەڕابردوودا بکرێت. ئەمە چەندێکیش سەیربێت، هێشتا تایبەتە بە چیرۆکەکە و بەشێکە لەو دنیایەی کە چیرۆکەکە دروستیکردووە. فیلمەکە دەکرێت وەک دەرخەری بیرۆکەی ‘کۆمپاتەبیلیزم’ سەیربکرێت، کە بیرۆکەیەکە تیایدا هەردوو چارەنووسگەرایی و ویستی ئازاد پێکەوە بوونیان هەیە.

هاتنەدەرەوە لە ئەشکەوتەکە و ڕۆیشتن بەرەو عەدەم

تۆڵستۆی لەناو جەنگ و ئاشتیدا دێڕێکی لەم جۆرەی هەیە “پێویستە واز لەو ئازادییە بهێنین کە بوونی نییە، وە ئەو بیرۆکەیەیش بناسینەوە کە پێی وایە ئێمە ئاگاییمان نییە”. کەسێکی وەک دانیاڵ دێنێت زۆر لەگەڵ ئەم قسەیەی تۆڵستۆیدا هاوڕا نییە و پێی وایە کە نەبوونی ویستی ئازاد و باوەڕبوون بە ئازادیی، هانی مرۆڤ دەدات کە کشانەوە و وازهێنان هەڵبژێرێت. هەرچەندە ئێمە ناتوانین بە تەواوەتی بزانین کە ئایا ئازادین یاخود نا لە هەڵبژاردنەکانمان، بەڵام لەو کاتانەی کە بێتواناین، دەکرێت بڕیاربدەین و بۆ مورتاحکردنی خۆمان وەڵامێکمان بۆ پرسەکە هەبێت. لەم ڕووەوە، ئێمە لە زیندانییەکانی ئەشکەوتەکەی ئەفڵاتوون دەچین کە بڕوایان وایە ئازادن لەکاتێکدا کە هەموویان بە زنجیر بەستراونەتەوە. وە بانگەشەکانی ئەو کەسەش ڕەتدەکەنەوە کە ئازادبووە و گەڕاوەتەوە تا ئەوانیش ئازاد بکات.

هەرچۆنێک بێت، ئێمە هیچ نەبێت لەوانەیە بڕوامان بەوە هەبێت کە خاوەنی ویستی ئازادین، ئەگەر خۆشمان ئازاد نەبین. یان هیچ نەبێت ئەوەندە دەزانین کە شتێک هەیە بەناوی چارەنووسگەراییەوە و شتێکیش هەیە بەناوی ویستی ئازادەوە، جیاواز لە زیندانییەکانی ئەفڵاتوون کە ئەمانەیان نەدەزانی. لەوانەیە هەر ئەوەندەی کە ئێمە ئەم دوو چەمکە دەزانین و بیریان لێدەکەینەوە، سەلمـینەری ئەوەبێت کە خاوەنی جۆرە ئازادییەکین. ئەی ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان کەسێک هات بۆ لامان و بە هەمان شێوەی کەسە ئازادبووەکەی لای ئەفڵاتوون، پێی وتین کە ئێمە ئازاد نین، چۆن وەڵامی بدەینەوە؟ ئەفڵاتوون هەرگیز بە وردی باسی ئەوەی نەکردووە کە کەسە ئازادبووەکە خۆی چۆن درکی بە ئازادییەکەی خۆی کردووە و توانیویەتی لێی تێبگات و تەنها پرسیاری لەسەر زیندانییەکان وروژاندووە. بۆیە ئەگەر شتێکی لەو شێوەیە بەسەر ئێمەشدا بێت، ئەوکات ئێمە نازانین چۆن مامەڵە لەگەڵ ئازادییەکە بکەین و لەوانەیە هەر قبووڵیشی نەکەین. چونکە بەردەوام ڕێگرییەک هەیە کە دەمانوەستێنێت و ناهێڵێت بە جارێک تەواوی تێگەیشتنەکانمان بە هەڵە و پووچ قبووڵ بکەین و هانمان دەدات کە لە دۆخی خۆماندا بمێنینەوە. ئەو ڕێگرییە دەکرێت ناوی بنێین خۆپاراستن، ترس یان هۆشیاری گشتی. بە بڕوای من، زۆر کەس ئەم جۆرە ئازادیەیان پێ قبووڵ ناکرێت و لەجیاتی ئەوەی کە بەرەو عەدەمیەت هەنگاوبنێن، ئامادەن تەواوی ژیانیان لەناو ئەشکەوتەکەدا بمێننەوە و هەرگیز چاویان بە ڕووناکی ڕاستەقینە نەکەوێت.

هەرچەندە بەشێکی زۆر لە فەیلەسووفان ڕەخنەیان لەو جۆرە ژیانکردنە گرتووە کە لەناو دنیایەکی چارەنووسگەرادا بوونی هەیە، بەڵام خوودی ئازادیش بەو هەموو ئەگەرانەی کە دروستیان دەکات، وا دەکات کە زۆر ترسناکبێت. لەوانەیە لەناو دنیایەکی چارەنووسگەراییانەدا تەنها بەرپرسیارێتی ئەرکێک بێت لەسەر مرۆڤەکان. بەڵام لەناو دنیایەکی ئازاد، ئەوەندە ئەرک و ئەگەر بوونیان هەیە کە وادەکەن مرۆڤ هەندێکجار ئەو دنیایەی نەوێت و لێی دووربکەوێتەوە.

سەرچاوە کلیک بکە

هاوشێوە