دەیڤد میلەر
وەرگێڕانی: ڕاڤین کامەران
لەڕاستیدا وەک دەزانین بەو سیستەمە سیاسییانەی وا ئێمە پێیان دەڵێین دیموکراسی، لە بەشداریی حکومەتدا تەنیا چەند ڕۆڵێکی زۆر سنووردار دەبەخشێت بە هاوڵاتییەکانی. ئەوان لە ماوەی هەڵبژاردن دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگی خۆیان دەدەن، یاخود لە کاتی هەبوونی ڕیفراندۆمێکدا و بۆ وەرگرتنی ڕای جەماوەر لەسەر پرسە گەورەکان ڕاوێژ بە هاوڵاتیان دەکرێت. هەروەها هاوڵاتی ڕێگەی ئەوەی پێدراوە گروپ و لۆبی پێکبهێنێت لەپێناو ئەو بابەتەی بۆی گرنگە. بەڵام دەستەڵاتی ڕاستەقینە لە کۆمەڵگە دیموکراسییەکاندا، ئەوەی کە داهاتوو دیاری دەکات، لەژێر دەستی ژمارەیەکی زۆر کەم خەڵکدایە – وەزیرەکان و هەندێک جاریش ئەندام پەرلەمانەکان – کەواتە شتێکی زۆر سروشتییە ئەگەر لە هۆی ئەمە بپرسین. ئەگەر دیموکراسی باشترین ڕێگە بێت بۆ بڕیاردانی سیاسی، بۆچی وا ناکات خەڵک بە واقیعی و ڕاستەوخۆیانە بەشداری لە پرسە گشتی و گرنگەکاندا بکەن؟
یەکێک لەو وەڵامانەی سەبارەت بەم خەڵکە بەردەوام دێتە پێشێ زۆر بەسادەیی ئاماژە بۆ ئەو خاڵە دەکات کە شتێکی مەحاڵە ملیۆنان خەڵکی ئاسایی بەشداری بکەن لە چەندین بڕیاری گرنگدا کە پێویستە لەو ساتەدا ئەو بڕیارە دەربکرێت. ئەگەر شتێکی لەو جۆرە ڕووبدات، نەک بەتەنیا حکومەت ئیفلیج دەبێت بەڵكوو حکومەت هیچ کاتێکی نابێت بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی دیکەی، کە ڕەنگە زۆر کەس لە خودی سیاسەت بەلایانەوە گرنگتر بێت. بەڵام ئەم وەڵامە بەس نییە، چونکە مەزندەکردنی بڕیارە گشتییەکانی هاوڵاتیانیش هێندە ئەستەم نییە، بڕیارگەلێک کە دواتر لەلایەن وەزیر و کاربەدەستانی دیکەوە جێبەجێبکرێت. شۆڕشی ئەلیکترۆنی بەتەواوەتی ئاسانکاریی بۆ ئەوە کردووە تا لەسەر ئاستێکی گشتی پرس بە هاوڵاتیان بکرێت سەبارەت بە پرسگەلێکی وەک جەنگ و ئاشتی، باجدان، چاودێریی ئاژەڵ، خەرجیی گشتی و بابەتی ژینگەیی. کەواتە بۆچی تەنیا لە چەند حاڵەتێکی کەم و دەگمەنی وەک ڕیفراندۆمدا ئەم کارە ئەنجام دەدرێت؟
یەکێک لە باوەڕە گشتییەکان هۆکارەکە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە خەڵکی ئاسایی ناتوانن لە هۆی پشت بڕیارە سیاسییەکان تێبگەن و دڵخۆشیشن بەوەی بڕیارەکانیان داوەتە دەست کەسانێکی باشتر کە توانای مامەڵەکردنیان لەگەڵ ئەو پرسە ئاڵۆزانەدا هەیە. یەکێک لە کێشەکانی ئەم ڕوانگەیەش دەکرێت لە کتێبەکەی جۆزێف شومپیتەر بەناوی سەرمایەداری، سۆشیالیزم و دیموکراسی (١٩٤٣)ـدا بدۆزرێتەوە، کە لەو کتێبەدا شومپیتەر باس لەوە دەکات ئەرکی هاوڵاتیی بریتییە لەوەی کۆمەڵێک سەرکردە هەڵبژێرن و نوێنەرایەتیی ئەوان بکات، لەبری ئەوەی ڕاستەوخۆ هەوڵی بڕیار لەسەر هەموو پرسەکان بدات. شومپیتەر بانگەشەی ئەوە دەکات کە لە هەر کوێیەکدا، بۆ نموونە لە مامەڵەی ئابووریدا ڕاستەوخۆ خەڵکی ئەزموونی ئەنجامی بڕیارەکانی خۆیان دەکەن (ئەگەر بەرهەمێکی خراپ بکڕن هەر زوو هەست بە هەڵەی خۆیان دەکەن)، بەڵام لە حاڵەتی هەڵبژاردنی سیاسییدا میکانزمی فیدباکێکی لەم جۆرە لە ئارادا نییە و لە ئەنجامدا خەڵک پەیوەندییان بە واقیعەوە دەپچڕێت و نابەرپرسانە مامەڵە دەکەن.
هەربۆیە هاوڵاتییەکی ئاسایی هەر زوو لە کایەی سیاسیدا تا نزمترین ئاست توانای زیهنی خۆی دادەبەزێنێت. هاوڵاتی گفتوگۆ و شیکاری دۆخی سیاسی و ئابووری دەکات بەو جۆرەی ئەو وەک منداڵێک دەیناسێت و گرنگی بەو شتانە دەدات کە خۆی ئارەزووی دەکات. بۆیە دووبارە دەبێتەوە بە مرۆڤێکی سەرەتایی.
ئەمە شتێکی گرنگە و ئەو شتەشی پێویستە زۆرترین هیوای بۆ بخوازین، کە هەندێک جار پێی دەڵێین “دیاریکردنی ئەریستۆکراسی”، لەو شوێنەی کە هەموو هاوڵاتییەکی ئاسایی دەکرێت پرسیاری لێبکرێت و وەک کەسانێک بناسرێن کە بەشداری لە بڕیارە گرنگەکاندا دەکەن. بەهەرحاڵ، هەرچۆنێک بێت سیستەمێکی لەم شێوەیەکە لەگەڵ ئایدیاڵی سیستەمی دیموکراسی یەکناگرێتەوە کە دەسەڵاتی سیاسی لەژێر دەستی کەمینەیەک بخرێتە ژێر دەست خەڵك وەک گشتێک. کەواتە بە چ جۆرێک دەتوانین وەڵامی گومانەکانی شومپیتەر بدەینەوە؟ با وردتر بڕوانینە ئەو شتەی وا دەکات بگاتە بڕیاری سیاسی.
لە جەوهەردا بڕیاری سیاسی واتا حوکمێکی سیاسی سەبارەت بەوەی پێویستە لە دۆخێکدا کە چەندین بژاردەی جیاواز و ناڕەزایەتی سەبارەت بە بژاردەکان هەیە، چ بڕیارێک بدرێت. ئەو توخمانە چین کە دەبنە هۆی بڕیاردانی حوکمێک؟ بەر لە هەرشتێک پێویستە زانیارییەکی واقیعی هەبێت سەبارەت بەوەی چی ڕوودەدات ئەگەر بژاردەکەی دیکە هەڵبژێردرێت. بۆ نموونە ئەگەر باج زیادبکرێت چ کاریگەرییەکی لەسەر ئابووری دەبێت؟ دووەم شت بریتییە لەوەی زانیاریی تەواو هەبێت لەسەر ئەوەی ئەو خەڵكانەی بڕیارێکیان پێ باشە ڕووبەڕووی چ کاریگەری و بەرئەنجامێک دەبنەوە؟ بۆ نموونە گریمانەی ئەوە بکەین باج زیاد دەکرێت تا کەرتی وەرزش پێشبکەوێت، لەو کاتەدا ئەو پرسیارە سەرهەڵدەدات چەند لە هاوڵاتیان گرنگی بەم کەرتە دەدەن و دەیانەوێت سوودمەند بن لێی؟ سێیەم، سەبارەت بە پڕەنسیپی ئەخلاقییە. ئایا ئەوە دادپەروەرییە کە هەمووان لەسەریان پێویست بێت باج بدەن تاوەکو کەرتی وەرزش پێشبکەوێت؟ یاخود تەنیا ئەو کەسانە باج بدەن کە لەو کەرتە سوودمەند دەبن؟
لە زۆربەی حاڵەتەکاندا حوکمدانی سیاسی ڕووبەڕووی ئەم سێ توخمە دەبێتەوە، سەرەڕای ئەوەی لە دۆخێکەوە بۆ دۆخێکی تر ئەم تایبەتمەندییانە تێکەڵ بەیەکتر دەبن. زۆرێک لە پرسەکان بەر لە هەرشتێک پرسی تەکنیکین. بۆ نموونە ئەگەر جۆرە دەرمانێکی تازە بەیاسایی بکرێت، دەبێت ئەوە بزانین پێشتر ئەو دەرمانە تاقیکراوەتەوە و لە تاقیکردنەوەکان ئەوە دەرکەوتووە کە بەکارهێنانی ئەو دەرمانە تەندروستە، هەر کاتێکیش تاقیکردنەوەکە ئەنجامدرا ڕێگەدان بەو دەرمانە دەبێتە شتێکی ڕۆتین و ئاسایی. لە هەندێک پرسی دیکەدا ئەوەی گرنگە پڕەنسیپی ئاکاری و مۆڕاڵییە. بۆ نموونە گەنگەشەی ئەوەی ئایا پێویست دەکات بۆ هەندێک لە تاوانەکان سزای لە سێدارەدان جێبەجێ بکرێت یاخود هەڵبگیرێتەوە. لێرەدا گرنگیی زانیارییە واقعییەکان دەردەکەوێت (چۆن ئەوە بسەلمێنین هەندێک لە تاوانەکان ئەم سزایە نایانگرێتەوە یاخود چی دەبێت ئەگەر کەسێکی بێتاوان ڕووبەڕووی ئەم سزایە ببێتەوە؟)، لەسەروو هەمووشییەوە، بۆ زۆرێک لە خەڵکی ئەمە پرسێکی ئەخلاقییە ئایا مافی ئەوەمان هەیە لە ڕێگەی سزاوە ژیان لە کەسێکی دیکە وەربگرینەوە.
سەختترین حوکمیش ئەو کاتەیە کە هەر سێ توخمەکە لە یەک کاتدا ڕووبەڕووببێتەوە. بۆ نموونە لە ئێستادا یەکێک لەو مناقەشە و گفتوگۆیانە لە وڵاتی بەڕیتانیا لە ئارادایە سەبارەت بە ڕاوەڕێوییە، کە ئایا پێویستە ڕاوی ڕێوی قەدەغە بکرێت یاخود ڕێگەی پێبدرێت؟ دووبارە لێرەدا زانیاریی پشت بە واقیع بەستوو زۆر گرنگە: ئەگەر ڕاوەڕێوی قەدەغە بکرێت چ کاریگەرییەکی لەسەر ئابووریی گوندەکان دەبێت؟ هەروەها پرسیارێکی گرنگیش سەبارەت بەو کەسانەی ئەو کارە پەسەند دەکەن ئەوەیە کە ئەم بابەتە چەندێک بۆ ئەو کەسانە گرنگە کە ئێستا ڕاوی ڕێوی دەکەن، ئایا پێویستە بەردەوام بن لەم کارە یاخود دەست بدەنە کارێکی دی؟ هەروەها ئایا گوندنشینەکانی دیکە دەیانەوێت ڕاوەڕێوی بەردەوام بێت، یاخود لەوە بێزاربوون کە ئەسپەکان زیان بە پەرژینەکانیان دەگەیەنێت؟ و لە کۆتاییدا پرسیارێکی ئەخلاقی سەرهەڵدەدات: ئایا ئازادی و سەربەخۆیی تاک بە واتای ئەوە دێت مافی ئەوەی هەبێت ڕێوی ڕاو بکات؟ یاخود ئایا ڕێوی و ئاژەڵەکانی دیکە ئەو مافەیان هەیە کە نەکوژرێن یاخود بەپێچەوانەوە؟ زۆربەی خەڵک کاتێک دەگەنە کاتی بڕیارێک، دەیانەوێت هەر بیر لە هەر سێ پرسیارەکە بکەنەوە و هەر لەبەر ئەمەشە حوکمدانێکی ئاقڵانە لەسەر ئەم پرسانە زۆر زەحمەتە.
بەڵام با ئێستا ئەوە بپرسین کە ئایا ئەو کەسانەی هەڵبژێردراون تا نوێنەرایەتیی خەڵکی بکەن چاوەڕوانیی ئەوەیان لێدەکرێت لە خودی خەڵکەکە باشتر بن و هەر کامێک لەو توخمانە لە حوکمە سیاسییەکانیاندا بەرجەستە بێت؟ یەکێک لە کێشە گەورەکان لە کۆمەڵگە هاوچەرخەکاندا کە لەمپەڕ لەبەردەم بڕیاری سیاسیی دروست دەکات بریتییە لەوەی زۆرێک لە حوکمدانەکان پەیوەستن بە زانیاریی واقیعییەوە و ئەو زانیارییانەش تەنیا چەند کەسێکی کەم کە بەڕاستی لە بوارێکدا پسپۆڕن دەتوانن ڕاستی و دروستیی بڕیارەکە بسەلمێنن. ئەمەش ئەو کاتە بەتەواوەتی ڕوون دەبێتەوە کاتێک پرسێکی زانستی دێتە ئاراوە، بەڵام ئەمەش بەسەر پرسە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانیشدا جێبەجێدەکرێت، ئەویش ئەو کاتەی کە سیاسەت و یاسایەکی تازە جێبەجێدەکرێت. بۆ نموونە ئایا بەیاساییکردنی حەشیش cannabis کاریگەریی دەبێت لەسەر دابەزاندن یاخود بەرزکردنەوەی ڕێژەی ئەو کەسانەی هیرۆین و دەرمانە قورسەکانی دیکە بەکاردەهێنن؟ بێگومان بەشێوەیەکی گشتی وەڵامدانەوەی پرسیارێکی لەم چەشنە دوورە لە پسپۆڕیی سیاستەمەدارە هەڵبژێردراوەکان و کارمەندە حکومییەکانەوە (هەروەک چۆن پسپۆڕیی زۆرینەی ئێمەش نییە). هەروەکو ئێمە، دەبێت ئەوانیش پشت بە بیروڕای ئەو کەسانە ببەستن کە لەو بوارەدا پسپۆڕییان هەیە، کاتێکیش بیروڕای کەسە پسپۆڕەکانیش جیاواز بوون، دەبێت بەپشتبەستن بە متمانەپێکراوترینیان بڕیارەکان بدرێن. تا ئێستا هیچ هۆکارێک نییە تا بیرلەوە بکەینەوە کە هەڵبژاردنی ئەرستۆکراسی حوکمێکی باشتر دەدات وەک لە جەماوەر.
توخمێکی دیکە کە دەبێت بدۆزرێتەوە بریتییە لەو کەسانەی پشتگیری لە دەرچوونی بڕیارێک دەکەن، ئەو کەسانە کێن؟ چەندە بەهێزن؟ ڕەنگە لێرەدا وا بیربکەنەوە کە لە دیموکراسیدا هەمووان مافی بڕیاردانیان هەیە، کە تێیدا هەمووان بە ڕوانگەی جیاواز و بیروڕای جیاواز و چینی کۆمەڵایەتیی جیاواز و باکگراوەندی ئایینیی جیاواز بەشێوەیەکی دیموکراتی دەرفەتی بەشداریکردنیان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو چینە سیاسییەی کە ئەمڕۆکە حکومداریمان دەکات سپیپێستن، نێرن و سەر بە چینی ناوەڕاستن. بێگومان ئەندام پەرلەمانەکان و هەندێک پلە و پۆستی حکومیی دیکە دەتوانن گوێ لە خەڵک بگرن، بەڵام لەڕاستیدا ئەوانیش لەژێر فشاری حیزبەکانیاندان لە کاتی دەنگداندا نەوەک ئەو خەڵکەی وا دەنگیان پێیانداوە. کەواتە لە بڕیاری سیاسیدا لەبری گوێگرتن لە کەمینەیەکی بچووک گوێ لە داواکاری و داخوازی خەڵک بەگشتی بگرین؟
بەڵام بەرلەوەی بچینە سەر هەر ئەنجامگیرییەک هەندێک ئاڵۆزی و کێشە هەیە کە دەبێت لەسەری بوەستین. گریمان زۆرینە لە بڕیاری سیاسیدا بەشداربوون، بەڵام کەمینەیەک کە خاوەن بیروڕایەکی سیاسیی جیاوازن، زۆر زیاتر لە زۆرینە گرنگی بە موژار و پرسەکان دەدەن. حاڵەتی لەم جۆرە زۆربەی کات ڕوودەدات. نموونەی مێزگردی ڕاوی ڕێوی ڕەنگە نموونەیەکی باش بێت. زۆربەی خەڵک خاوەن ڕوانگەیەکی نەرێنی بوون سەبارەت بە ڕاوی ڕێوی، تەنانەت ئەو کەسانەشی خاوەن ڕوانگەیەکی ئەخلاقی نەبوون سەبارەت بە مافی ئاژەڵان، بەڵام بەگشتی دژ بەم جۆرە لە ڕاوکردن بوون. زۆرینەی خەڵک وەک شتێکی بەربەری، قێزەون و خراپ دەیانبینی، لە هەر دەرفەتێکدا دەیانویست ئەم ڕاوکردنە قەدەغە بکرێت. بەڵام خودی ڕاوچیەکان کەمینەیەکی بچووک بوون، کەچی بڕوایەکی تەواویان بەوە هەبوو کە دەبێت ڕێگەیان پێبدرێت لەسەر ڕاوکردن بەردەوام بن. لەڕاستیدا ئەمە ڕووداوێکی کۆمەڵایەتیی گرنگە کە پەیوەندیی بە بژێویی ژیانی خەڵکەوە هەیە. بڕیارێکی سیاسی (بۆ نموونە سەبارەت بە ڕاوکردنی ڕێوی) نابێت تەنیا ژمارەی لایەنگران و دژبەرانی بکاتە پێوەر، بەڵکوو بەهێزیی بەڵگە و ئاگومێنتەکان ببنە پێوەر نەک هاوسۆزی لەگەڵ کەمینە یاخود زۆرینەدا.
بۆچی دەبێت نوێنەرێکی هەڵبژێردراو بڕیارێکی دروستتر لە جەماوەری گشتی بدات لە پرسگەلێکی هاوشێوەدا؟ ڕەنگە ئەوان بتوانن قەناعەت بە بەڵگە و ئارگومێنتەکانی کەمینەیەک بهێنن. لەوەش زیاتر کەمینەکان دەتوانن یەکبگرن و پشتگیری داواکانی یەکتر بکەن لە چەند پرس و بابەتێکدا و ببنە زۆرینەیەکی پێکهێنراو. ئەم وێنەیە لە نوێنەرایەتیی دیموکراسی زۆرجار پێی دەگوترێت پلوراڵیزم.
ئێستا ئەمە بەراورد بکەن بەوەی چی ڕوودەدات ئەگەر کەمینە و زۆرینە لەسەر هەندێک پرس دەنگ بدەن. لە حاڵەتێکی لەو جۆرەدا هیچ سەنتەر و خاڵێکی ناوەندی نامێنێت کە لۆبی و چالاکییەکان ئاراستەبکرێت و هەر گرووپ و لایەنێک بەو جۆرەی خۆیان دەیانەوێت بەو ئاراستەیەدا دەڕۆن، ئەمەش سنوورداریان دەکاتەوە و کاریگەرییەکی کەمتریان دەبێت لەناو ئەو سیستەمی لە دیموکراسیدا لە ئارادایە. کەواتە لێرەدا کەمینە ڕووبەڕووی ئەو مەترسییە دەبێتەوە کە ئەندامانی زۆرینە گوێ لە داواکارییەکانی ئەمان نەگرن و نەتوانن وا بکەن ڕوانگەیان لەسەر پرسەکان بگۆڕن. هەرچەندە وا پێویست دەکات زۆر زیاتر لەسەر ڕۆڵی بڕیاردەرکردن ڕوونکردنەوە بدەم لە سیستەمی دیموکراسیدا، بەڵام بەرلەوە پێویستە کەمێک زیاتر باس لە سێیەم توخمی حوکمی سیاسی بکەین، ئەویش بریتییە لە پرسی مۆراڵ و ئاکار.
پرەنسیپی مۆراڵ لە هەموو بڕیارە سیاسییەکاندا ئامادەگیی هەیە، نەک بەتەنیا ئەو بابەتانەی پێیان دەگوترێت “پرسی ئەخلاقی” وەک منداڵلەباربردن و بەیاساییکردنی هاوڕەگەزخوازی. پرسیارە دووبارەکە ئەوەیە کە ئایا بەیاساییکردنی شتێک هەموو تاکەکان یاخود گرووپەکان دەگرێتەوە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە، یاخود هیچ مافێکیان دەستەبەردەکات. ئایا ئەندامانی چینی سیاسی مەعریفەیەکی قووڵتریان هەیە وەک لە هاوڵاتیانی ئاسایی؟ لەڕاستیدا زۆر زەحمەتە کە وای دابنێین ئەوان زیرەکتر و خاوەن مەعریفەیەکی قووڵترن، چونکە هیچ کەس لە پرسی ئەخلاقیدا پسپۆڕتر نییە. بەڵکوو پێوەرێکی ڕازیبوون هەیە لەسەر پرەنسیپە بنچینەییەکانی ژیانی سیاسی لە کۆمەلگەی دیموکراسیدا کە دەبێت بەو شێوەیە فەرمانڕەوایی بکرێت. هەربۆیە هیچ هۆکارێک نییە وا بیربکەینەوە کە ئەگەر هاوڵاتیان لە پرس و موژارەکاندا ڕاستەوخۆ بڕیاربدەن، ئەوا لە پرسە ئەخلاقییەکاندا کارەسات دروست دەکەن وەک لەو کەسانەی کە هەڵبژێردراون و نوێنەرایەتیی ئەو خەڵکە دەکەن.
بەڵام ئایا بەڕاستی دەتوانین ئەم سێ توخمەی حوکمی سیاسی یاخود پسپۆڕی سیاسییە لە زانیاریی داببڕین؟ لەڕاستیدا بڕیارە سیاسییەکان زۆر سەختن: چونکە ئەو بڕیارانە پەیوەستن بە زانیاریی ئاڵۆز و ئارگومێنتی مۆراڵی. ئەو کەسانەی بەردەوام لەناو سیاسەتدان باشتر و زیاتر حوکم و بڕیارە سیاسییەکان دەزانن و پێی ئاشنان، لەبەرئەوە نا کە لە زگماکییەوە توانەیەکی تایبەتیان هەیە وەک لە ئێمە. بەڵکوو لەبەر ئەو ڕاوێژکردن و مێزگردانەیە کە لەنێوان پسپۆڕەکانیاندا هەیە و دەبێت بەوردی ئاگاداری ئەو شتانە بن کە ئەوان ڕێنماییان دەکەن. کەواتە چۆن ئەو ئامار و داتایانە شی بکەینەوە کە لە کۆمەڵگە دیموکراسییەکاندا ڕێژەی نزمی ئاستی مەعریفەی هاوڵاتیانمان سەبارەت بە سیاسەت بەرچاو دەکەوێت؟ یەکێک لە شیکردنەوەکان ئەوەیە کە دیموکراسی زانیاری و ڕۆشنبیرییەکی زۆر کەم سەبارەت بە سیاسەت دەدات بە هاوڵاتیان. هەموو ئەو شتەی کە لەناو سیستەمی دیموکراسیدا داوا لە هاوڵاتیان دەکرێت ئەنجامی بدەن بریتییە لە چوار ساڵ پێنج ساڵ جارێک دەنگدان. وشەی گەمژە idiotلە زمانی ئینگلیزیدا لە بنەڕەتدا یۆنانییە و لە وشەی “ئیدیۆتیس”ـەوە هاتووە کە بۆ کەسانێک بەکاردێت کە تەنیا و تایبەت دەژین و بەشداری ناکەن لە هیچ بەشێکی ژیانی گشتیی شاردا. لەڕاستیدا ئەمڕۆکە ئێمە زۆربەمان گەمژەین بەو واتایە، چونکە لە ئەزموونکردنی سیاسیدا شکست دەخۆین و بەشداری ناکەین. ژان ژاک ڕۆسۆ پێیوا بووکە ڕادەستکردنی هەموو دەسەڵاتە سیاسییەکان بۆ نوێنەرێکی هەڵبژێردراو یەکێکە لە کێشەکانی مۆدێرن، ڕۆسۆ دەنووسێت:
“خەڵکی بەڕیتانیا خۆیان هەڵدەخەڵەتێنن و وا خەیاڵدەکەن کە ئازادن، لەڕاستیشدا ئازادن، ئەویش تەنیا لەسەروەختی هەڵبژاردنی ئەندام پەرلەمانەکاندا. هەر هێندەی کەسێکی تازەش هەڵبژێردرا، دووبارە دەکەونە ناو کۆت و زنجیرەوە و هیچ شتێکی تازە ڕوونادات. ئینگلیزەکان چەند ساتێکی کەم لە ئازادی دەخوڵقێنن، بۆیە شایەنی ئەوەن کە ئازادییان لەدەست نەمێنێت.”
تەنانەت ئەگەر پێشمان وابێت ڕۆسۆ زیادەڕەوی دەکات، ئەوە دەبێت ددان بەو ڕاستییەدا بنێین کە هاوڵاتییەک لە دیموکراسیی هاوچەرخدا تەنانەت چاودێریی چالاکییەکانی ئەو کەسەش ناکات کە هەڵیبژاردووە.
دیموکراسی پێویستی بەو کەسانەیە کە گرنگی بە سیاسەت دەدەن و بەتایبەتیش ئەو کەسانەی کە لە پرسە ئاڵۆزەکاندا بەشداری دەکەن. هەرچەندە زەحمەتە دژ بەو دەنگە بوەستینەوە کە دەڵێت دەبێت بڕیارە سیاسییەکان بۆ نوێنەرە هەڵبژێردراوەکانمان جێبهێڵین. بەڵام گەر بەرگری نەکەین – و بڕوامان وا نەبێت کە دەسەڵاتی سیاسی دەبێت لەگەڵ داواکاریی هاوڵاتیان یەک بێتەوە، ئەوا هەروەک ئەوەی جۆن لۆک لێی ئاگاداری کردبووینەوە، کۆتایمان بریتی دەبێت لە قوتدانمان لەلایەن ئەو شێرەی وا فەرمانڕەواییمان دەکات.
سەرچاوە:
Miller, David (2003), Political Philosophy, A very short introduction, Oxford University press, P40-54.