رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

تاکگەرایی لە ڕوانگەیەکی فەلسەفی و ئایینییەوە

Facebook
Twitter
LinkedIn

بەشی سێیەم

مارک ڤێرنۆن

وەرگێڕانی: ژیر دانا

ئەگەر بگەڕێینەوە سەر ئەوەی کە چۆن فەلسەفە کاریگەری بەسەر ئەم پێشکەوتنە ئایینیانەوە هەبووە، دەتوانین باسێک لە ئەفڵاتوون بکەین لە دوای لەسێدارەدانی سوقڕاتی مامۆستایەوە لە ساڵی ٣٩٩ـی پێش زایین. لەو کاتە بەدواوە ئەفڵاتوون سەرنجی خستبووە سەر شارستانی میسڕی و چۆنییەتی پەیڕەوکردنی ئایین لەلایەن میسڕییەکانەوە. ئەو تەنانەت لەناو دایەلۆگی تیمایۆسدا بەتایبەتی باس لەو بابەتە دەکات و بەجۆرێکیش ڕەخنەی ئەو شێوازە لە ژیان دەکات. پێم وابێت سەردانی ناوچەکانی دەوروبەری نیلیشی کردووە و لە نزیکەوە چالاکییە ئایینییەکانی بینیوە.

ڕەخنەکانی ئەو و دیاریکردنی هەندێک بابەت وەک کێشە لەلایەن ئەفڵاتوونەوە نیشانەی دەرکەوتنی جۆرە هۆشیارییەکی نوێ بوو بۆ تاک. هۆشیارییەک کە لە سوقڕات و میتۆد و پرسیارکردنە بەردەوامەکانی سوقراتەوە سەرچاوەی گرتبوو. سوقڕات تاکێک بوو کە بەردەوام گومانی لەسەر عاداتە باو و کۆمەڵایەتییەکان دروست دەکرد و ئەوەیش بووە هۆی ئەوەی کە کۆمەڵگای ئەوکاتی ئەسینا بڕیاری لەسێدارەدانی بدەن. بەشێک لەو تاوانانەی کە بەسەر سوقڕاتدا سەپێنرابوو ئەوە بوو کە ئەو بانگەشە بۆ پەرستنی خودای نوێ دەکات و خودا کۆنەکان ڕەت دەکاتەوە. هۆکاری ئەو تۆمەتەیش ئەوە بوو کە سوقڕات وەک تاکەکانی تر بەشداری نەدەکرد لە چالاکییە بەکۆمەڵە ئایینییەکان و بەشێوازێکی تاکگەراییانە خەریکی پەرستش بوو. ئەو پەیوەندییەکی تایبەتی لەگەڵ ئەپۆلۆدا هەبوو و باوەڕی قووڵیشی بەو پەیوەندییە هەبوو. هەروەک چۆن ئەفڵاتوون لە زمانی سوقڕاتەوە لەناو دایەلۆگی “ئەپۆلەجی”ـیدا باس لەوە دەکات کە چۆن پەیوەندییە تایبەتەکەی لەگەڵ ئەپۆلۆدا ڕێگای نەداوە کە لە چالاکییە بەکۆمەڵەکان بەشداری بکات.

دروستبوونی ئەم جۆرە لە تاکگەرایی هاندەرێکی گەورە بوو بۆ ئەرستۆ. وە کاریگەرییەکی زۆریشی بەسەر کارە فەلسەفی و لۆجیکییەکانیەوە هەبووە. کەواتە ئەگەر لێرەدا پرسیاری ئەوە بکەین کە هۆکاری سەرەکی بۆ ئەو گرنگیدانە بێئەندازە چییە کە بیرمەندە ئەوروپییەکان بۆ ئەرستۆ هەیانە، وەڵامەکە بریتی دەبێت لەوەی کە ئەرستۆ گرنگییەکی زۆری بە هزر و هۆشیاری تاک و پێشکەوتنی داوە و دواجاریش بووەتە هۆی دروستبوونی هۆشیارییەکی نوێ.

دروستبوونی جۆرێک لە هۆشیاری نوێ کارێک نییە کە هەموو ڕۆژێک ڕووبدات. جگە لە دروستبوونەکەیشی، کاتێکی زۆر پێویستە بۆ بڵاوکردنەوە و جێگیرکردنی ئەو هۆشیارییە نوێیانەی کە دروست دەبن. ئەمە بەرهەمی فەلسەفەی یۆنانی بووە. سەدەکانی شەش بۆ چواری پێش زایین ئەو هۆشیارییە نوێیە بڵاوبووەوە کە بەهۆیەوە تاک بە تواناکانی خۆی ئاشنا دەبێت و دواتریش گەشە دەکات. سەرچاوەی ئەمەیش ئەو فەلسەفەیەیە کە بە فەلسەفەی یۆنانی ناوی دەبەین.

بێگومان ناکرێت تەنها سوقرات، ئەفڵاتوون و ئەرستۆ بە سەرچاوەی سەرەکی بڵاوبوونەوەی ئەو هۆشیارییە نوێیە دابنێین. بەڕای من فەیلەسووفەکانی سەر بە قوتابخانەی ڕەواقی کاریگەرییەکی ئێجگار گەورەیان هەبووە لە بڵاوکردنەوەکە. ئەوان گرنگییەکی زۆریان بەو تەکنیکانە دا کە تاکیان بەهێز دەکرد. خود-شیکردنەوە، خود-ناسین، خود-دەربڕین و دواتریش دروستکردنی مەعریفەی تایبەت بە خود لەو تەکنیکانە بوون کە ئەوان کارییان لەسەر دەکرد، بێگومان لەپاڵ دیاریکردنی لاوازی و هەڵەکانی خۆتیش. ئەم تەکنیکانە لەلایەن پیەر هادۆتی فەیلەسووفەوە بە “چالاکییە ڕۆحییەکان” ناوبراون. ئەوەیش بەهۆی ئەوەیە کە هەموویان کار لەسەر ئاستێکی قووڵی تایبەت بە تاک دەکەن.

لەدوای ڕەواقییەکانیشەوە، جووڵیەکی گەورەی تر کە بەهۆیەوە هۆشیاری تاک و مانای نوێ بۆ تاک گەشەی کردبێت بریتی بوو لە ئایینی مەسیحیەت. بۆ ئەم بابەتە من لەژێر کاریگەرییەکی زۆری بیرمەندی وەک ئۆین بارفیڵدم. بارفیڵد لەو کەسانەیە کە پێی وایە کە هۆکارێکی سەرەکی بڵاوبوونەوەی ئایینی مەسیحیەت دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بەدیموکراتکردنەی تاک کە لە ئایینەکەدا بوونی هەیە.

مەسیحییەکان پێیان وایە کە عیسا لە هەمان کاتدا هەم مرۆڤە و هەمیش بوونەوەرێکی ئیلاهی پیرۆزە. بۆیە ئەوان زۆر بە توندی چوونە ژێر کاریگەری مەسیح و ئەو کەسایەتییە بەهیزەی کە خاوەنی بووە. لێرەوە تاکگەرایی لە دەستکەوتێکی فەلسەفیەوە بوو بە دەستکەوتێک کە هەر مرۆڤێک بتوانێت هەوڵی بۆ بدات.

بەڵگەیەکی دیکە لەسەر کاریگەری ئایینی مەسیحییەت لەسەر ئەم بابەتە، دروستبوونی کۆمەڵێک چەمک و دەستەواژەی تایبەت بە تاکگەرایی بوو لە سەدەی دووەمی زایینیدا. بۆ نموونە یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی ناو ئایینی مەسیحیەت بەناوی جەستن مارتیر لەو سەردەمەدا بۆ یەکەمجار باسی لە ئیرادە یاخود ویستی ئازادی تاک کرد. ئەوەیش جگە لەوەی کە هەر لەو سەردەمەدا بوو کە خاوەندارێتی بۆ نووسین بوو بە بابەتێکی گرنگ و خەڵک گرنگییەکی زۆریان بەوە دەدا کە نووسەری دەقەکان کێن. لە هەموویشی گرنگتر شێوازی پێکەوەیی بوو لەناو ئایینەکەدا کە لەسەر بنەمای پێکەوەیی تاکە جیاوازەکان دامەزرابوو. واتە ئەو پێکەوەییەی کە ئایینی مەسیحی دروستی دەکات پێکەوەییەک نییە کە هەموو تاکەکان وەک یەک لێ بکات. بەڵکو پێکەوەییەکە کە تیایدا تاک خاوەنی تاکێتی خۆی دەبێت و لەسەر چەند بنەمایەکی دیاریکراو لەگەڵ ئەوانی تردا پەیوەندی دروست دەکات.

ئەمە چەندێکیش تاکگەرایی بێت، بەڵام هێشتا لە ئاستی ئەو تاکگەراییەدا نەبووە کە ئێمە لە ئیستادا دەتوانین ئەزموونی بکەین. بەتایبەت لە سەدەکانی ناوەڕاست و سەدە تاریکەکاندا مرۆڤەکان هێشتا نەیاندەتوانی بە تەواوەتی خۆیان لە سروشت، گەردوون و خودا داببڕێنن و بەردەوام وایاندەزانی کە پێویستە بگەڕێنەوە بۆ ئەو سێ پایە سەرەکیەی ژیانیان، وەک لەوەی کە تەواو سەربەخۆبن. بەڵام لە ئێستادا بڕوای مرۆڤ تا ئەو ئاستەیش ڕۆیشتووە کە هیچ باوەڕێکی بە بوونی ڕۆح و خودا نەبێت. هەر بۆیە مرۆڤەکانی ئێستا دەتوانن بە تەواوی تاکگەرایی ئەزموون بکەن.

بەڵام هێشتا لە کاتی خوێندنەوەی ئەفڵاتوون، ئەرستۆ و سوقڕاتدا ئێمە بە تەواوی کاریگەرییەکەی ئەوان دەبینین و درکیش بەوە دەکەین کە هەر هۆشیارییەکەی ئەوانە کە لە ئێستادا گەیشتووە بە ئێمە و گەشەمان پێیداوە. گەڕانەوە بۆ مردن و ژیانی سوقڕات ئەوەمان پیشان دەدات کە تاکگەرایی چۆن لەدایکبووە و پێویستی بە چ قوربانییەک بووە. دواجار دەتوانین بڵێین کە سوقرات بۆ ئێمە خیانەتکار نییە و پاڵەوانە.

سەرچاوە کلیک بکە

هاوشێوە