رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

ئایا مرۆڤ تەنها “Apes” مەیموونێکی خود-ماڵیکراوە؟

Facebook
Twitter
LinkedIn

كالیب ستڕۆم

خوێندکاری دکتۆرایە لە زانکۆی داکۆتای ئەمریکا، و سەرپەرشتیاری توێژینەوەی خوێندکارانی زانکۆکەیە.

وەرگێڕانی: ئاراس ئەنوەر

یەکێک لە گەورەترین نهێنی و ڕازەکان، بنەڕەتی هزری مرۆڤە. بۆچی مرۆڤەکان ئەوەندە لە ئاژەڵەکانی تر جیاوازن؟ بۆچی زمان و ئایین و سیستەمی سیاسی و ئابووریی ئاڵۆز و تەکنەلۆجیای پێشکەوتووی وەک فڕۆکە و ڕۆکێتمان هەیە، لەکاتێکدا زۆربەی زۆری جۆر و چەشنەکانی تر “Species” شتێکیان لەمانە نییە؟ بایۆلۆجیستەکانی پەرەسەندن و زانایانی زانستی دێرینی مرۆڤ سەرقاڵی دۆزینەوەی وەڵامی ئەم پرسیارەن. یەکێک لە دۆزینەوە زۆر سەرنجڕاکێشەکانی ئەم دواییانە ئەو ڕۆڵەیە کە ڕەنگە خود-ماڵیکردن لە پەرەسەندنی ئەقڵی “Cognition” مرۆڤدا و بەتایبەتی پەرەسەندنی زمانی مرۆڤ گێڕابێتی. ئەو زانایانەی کە توێژینەوە لەسەر سپێشیسەکانی تر ‘جۆر، چەشن’ دەکەن، تێبینییان کردووە کە مرۆڤی هاوچەرخ توێکارزانییانە “Anatomy” لە چەشنە هۆمینینسەکانی تری “Hominins” پێشوو، واتە پێش مۆدێرنە جیاوازن، بە شێوەش وەک چۆن ئاژەڵە ماڵیکراوەکان لەگەڵ باوباپیرانە کێوییەکانیان جیاوازییان هەیە.

دووشێوەبوونی ڕەگەزی

ماڵیکردن دەبێتە هۆی کەمتر شەڕەنگێزی و زیاتر گوێڕایەڵی و فێرکردنی ئاژەڵان بۆ ئەوەی بتوانرێت لەلایەن مۆرڤەوە بە ئاسانی کۆنتڕۆڵ بکرێن. ئەم پڕۆسەیە شتانێکی وەک قەبارەی بچووکتر، کەمکردنەوەی دووشێوەبوونی ڕەگەزی، و هێشتنەوەی تایبەتمەندی بەچکانەیی “Juvenile” چەشنەکان بە ئەنجام دەگەیەنێت. هەروەها کە ڕووخسارییان کورت و ددانیان بچووکتر دەبێت، کەمتر بەهێزدەبن. یەکێک لە هۆکارەکانی ئەمە ئەوەیە کە تایبەتمەندی زیاتر پێگەشتووی و قەبارەی لەش گەورەیی ئاژەڵە کێوییەکان لە چالاکییە شەڕەنگێزییەکانی وەک کێبڕکێ کردن بۆ گرتنی هاوژین یان بەرگری کردن لە ناوچەی ژیانیان هاوکاریان دەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا، دووشێوەبوونی ڕەگەزی لە زۆێک لە شیردەر و باڵندە و خشۆکەکاندا، لانیکەم بەهۆی کێبڕکێی زیاتر لە نێوان نێرەکاندا هەوڵدەدات ڕووبدات. ئەگەر سپێشیسێک زیاتر گوێڕایەڵ و هاوکاربێت ئەوا ئیتر ئەم تایبەتمەندییانە چیتر سوودێکی دیاریکەریان نییە.

ئەم ڕەوتە شێوەییە “Morphology” لە زۆر جۆری ماڵیکراوەکاندا بە ڕوونی دەبینرێت. سەگەکان لە چاو گورگەکان زیاتر بچووکتر دەبن و زیاتر تایبەتمەندی بەچکانەیی وەک گوێچکە پانی و نەرمی بۆ گەورەبوونیان دەپارێزن. هەروەها گای ماڵیش لەشی لە باوباپیرانی، گای ئەوڕۆچ “the aurochs” کێوی بچووکترە. نێر و مێی سپێشسی مانگای ماڵی لە چاو ئەوڕۆچی پێشوویان، خەریکە قەبارەی لاشەیان وەکو یەکی لێدێت. هەروەها سەگ و ئاژەڵی ماڵیش بە گشتی لە چاو باوباپیرانی کێوییان کەمتر دڕندەن و پەلامار دەدەن. ئەمە هەمان ئەو قاڵبەیە کە زانایان کاتێک تەماشای باوباپیرانی مرۆڤ دەکەن دەیبینن. هۆمینینس وەک هۆمۆ هابیلیس “Homo Habilis” و هۆمۆ ئێرکتس “Homo Erectus” لەچاو هۆمۆ ساپیانسی “Homo Sapiens” هاوچەرخ زۆر بەهێزترن (ئێسکی گەورەتر و ئەستوورتر)، ددانی گەورەتریان هەیە، و ڕووخساریان زیاتر هاتۆتە پێشەوە. هۆمۆ ساپیانس زیاتر دووشێوەبوونی ڕەگەزی پیشان دەدەن “Sexual Dimorphism”.

خاسییەتەکانی وەک بەچکانەکردنی توێکارزانی “Anatomical Juvenilization” و کەمکردنەوەی دووشێوەبوونی ڕەگەزی لە ناو سپێشیسە ماڵییەکاندا ڕوودەدەن چونکە ئەوان بە کەمکردنەوەی دڕندەییەوە پەیوەستن – بەڵام بۆچی بە توێکارزانی هاوچەرخیی مرۆڤەوە پەیوەستبن؟ یەک ڕوونکردنەوە هەیە، ئەوەیە کە لە ماوەی پەرەسەندنی مرۆڤدا، مرۆڤەکان بەهۆی جۆرێک لە فشاری هەڵبژاردن بۆ هاریکاری زیاتر کەمتر شەڕەنگێز و زیاتر هاوکاربوونە. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی مرۆڤ دەست بکات بە جیاوازی لە هەردوو خەسڵەتی ڕەفتاری و ئەقڵی’معریفی’ لە چاو ئەوانیتردا. لەوانەیە بەم شێوەیە بێت، مرۆڤ بووە بە خود-ماڵیکردن.

لەیەکچوون لەگەڵ بۆنۆبۆس

نمونەیەکی تری گونجاو بۆ خود-ماڵیکردن بۆنۆبۆسە “Bonobos، سپێشیسی مەیمون”. بۆنۆبۆس وەک مرۆڤ، تایبەتمەندی بەچکانەیی بۆ گەورەبوونی پاراستووە، وەک ڕووخساری کورتتر و ئێسکی سەری خڕتر لە چاو مەیمونی شەمپانزی باودا. جۆرێکی تری شەمپانزی لە باکوری ڕووباری کۆنگۆ دەژی کە دوو کۆمەڵەی نیشتەجێ شەمپانزی لەیەک جودابوونەتەوە. بە گشتی بۆنۆبۆس کەمتر شەرەنگێز و زیاتر هاوکار و یارمەتیدەرن لە پەیداکردنی خۆراک و مێینەدا. یەک گریمانە بۆ جیاوازی ڕەفتاری نێوان بۆنۆبۆس و شەمپانزییە باوەکان ئەوەیە کە شەمپانزییە باوەکان لەگەڵ گۆڕیلاکان هاوبەشی لە شوێنی ژیانی خۆیان دەکەن، لەبەر ئەمەش، پێویستی شەمپانزییەکان بۆ کێبڕکێی گرتنی کەمترین ناوچە- وەهایان لێ دەکات زیاتر شەڕەنگێزبن.

بەرزبوونەوەی ئاستی شەڕەنگێزی لەسەر ناوچەکان، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی شەڕەنگێزی لە کاتی گەڕان بە دوای هاوژینێکدا. وەها دیارە مەیموونی شەمپانزییە باوەکان شێواز و ڕێگایەک بۆ شەڕەنگێزی لە کاتی کێبڕکێ لەسەر خاک بەکاردەهێنن، بە سروشتی خۆیان هەمان شێواز و ڕێگا بۆ کۆنترۆڵ کردن و دەستگەشتن بە هاوژینەکان بەکاردەهێنن. بۆنۆبۆسی باشووری ڕووباری کۆنگۆ ناوچەکەیان لەگەڵ سپێشیسەکانی تر بەشناکەن، هەر بۆیە ڕێگانادەن هەتا لە نزیک گۆشەکانی ناوچەکایان بمێننەوە. ئەمەش دەرئەنجامەکەی کەمترین پێویستی بە شەڕەنگێزی و ڕووبەرێکی زیاتر بۆ هاوکاریکردن لە دۆزینەوەی خۆراک و هاوژینێکی باشدا دەبێت.

بەرزبوونەوەی ئاستی هەماهەنگی و ئەقڵی

ئەو پرسیارەی کە خوێنەر لە ئێستادا دەیکات ئەوەیە کە چۆن ئەم هاوکاری و هەماهەنگییە زیادبووە، ئەگەر لە مرۆڤدا ڕوویداوە، بووەتە هۆی ئەو جیاوازییە ئەقڵییە ‘زانین’ گەورەیەی لەنێوان مرۆڤ و سپێشیسەکانی تردا هەیە؟ زانایانی لێکۆڵەری پەرەسەندنی مرۆڤ بۆیان دەرەکەوت کە لانیکەم دوو ڕێگا هەیە کە پرۆسەی خود-ماڵیکردن و زیادبوونی هاوکاری و هەماهەنگی، دەتوانێت توانا ئەقڵییە نائاساییەکانی مرۆڤی هاوچەرخ ڕوونبکەنەوە.

ڕێگای یەکەم، زمانە. لەو ژینگانەی کە کێبڕکێیەکی زۆر هەیە چ لە ناو سپێشیسێکدا یان لە نێوان چەند سپێشیسێکدا بۆ گەیشتن بە سەرچاوەکانی وەک خۆراک و هاوژین، فشارێکی دیاریکراو بۆ بەکارهێنانی هەندێک دەنگ “Sound” هەیە. لە ئەنجامدا، بەکارهێنانی دەنگ زۆر سنورداربووە و تەنیا بۆ چەند مەبەستێک بووە کە تێیدا سودێکی دەستبژێری بۆ بەکارهێنانی دەنگ هەیە، وەک بەرگریکردن لە خاک، دۆزینەوەی هاوژین، یان دەربڕینی سۆزێک. دەنگەکان بۆ ئەو مەبەستانە زۆر تایبەت و کڵێشەیی بوون بۆ ئەوەی بە هیچ جۆرێک ناڕوون نەبن و هەموو گیانلەبەران هەر زوو بیانناسنەوە و لە پەیامەکانی تر جیای بکەنەوە.

هەروەها هەماهەنگی زیادکراو مانای ئەوەیە کە فشاری دیاریکراو بۆ بەکارهێنانی هەندێک دەنگی هێمن و هەندێک دەنگی تر کە دەتوانن مانای کاری جیاوازتر لە خۆبگرن. ئەمەش ڕێگادەدات دەنگەکان داهێنەرانەتر بەکاربهێنرێن و جۆری زیاتر لە زانیاری ئاڵوگۆڕبکەن، لە فەرمان (دوورکەونەوە) ئارەزووە تاکەکەسییەکان (ئەم خواردنەم دەوێت یان ئەو مێیە/نێرەم دەوێت) یان هەست وسۆز (من دەترسم). دەکرێت دەنگ بۆ مەبەستی هەرەوەزی بەکارهێنرابێت وەک یارمەتیدان بە گروپێکی ڕاوکردن بۆ دۆزینەوەی نێچیر یان ئاماژەدان بەو گروپەی کە تاکێکی بەتەمەن خەریکی فێرکردنی ئەوانیترە، وەک دروستکردنی ئامێرێک.

ئەم توانایەی دەنگ بۆ چەندین جۆری زانیاری بەکاردێت، وەها پەیوەندیکردنێک بە کۆمەڵەکەوە لە شتێکدا کە لە ئامانجە هاوبەشەکەیان یارمەتییان بدات، دەبێتە هۆی ئەوەی وەک چۆن لە زمان تێدەگەن وەهاش گەشەی پێ بدەن. ئەمە بۆ ئەوە نییە کەبڵێێن شەمپانزییە باوەکان ناتوانن زمان فێربوون وەک زمانێکی گەورەی ئاماژەپێکردن نیشانیبدەن، بەڵام ئەوە دەردەخات کە بۆچی شەمپانزییە باوەکان پێشتر بە پشتبەست بە خۆیان و بەبێ یارمەتی هۆمۆ ساپیانس گەشەیان بە زمان نەداوە.

دروستکردنی ئامێر

بوارێکیتر کە دەکرێت هاوکاریی زیاتر تێیدا بەرەو ئەقڵی’زانین’ زیاتر بڕوات، بێگومان ئەویش بواری ئامڕازدروستکردنە. هاوکاری بە تانها مەرج نییە ببێتە هۆی گەشەکردنی ئەو توانا تەکنیکییانەی کە بۆ دروستکردنی ئامێر پێویستن وەک هۆکاری قەبارەیی و ناوچەیی و توانای پێکهێنانی نەخشەی ئامێر لە مێشکی کەسێکدا بەوەی کە دەیهەوێت بەرهەمی بهێنێت، بەڵام پێویستە.

بەهرە تەکنیکییەکان پێویستە فێربکرێن و بۆ نەوەی داهاتوو بگوازرێنەوە، ئەمەش لەو سپێشیسانەدا ئاسانترە کە توانای هاوکاریکردنیان هەبێت. ئەگەر نا، دابونەریتی ئامڕازدروستکردن لەوانەیە بە سادەیی لە دەست بچێت چونکە بەهۆی خراپی پەیوەندی نێوان تاک بە گروپەوە گواستنەوەکە لاوازدەبێت.

ئەقڵی فرەڕووگەیی

هۆکاری سەرهەڵدانی ئەقڵی هاوچەرخ’مۆدێرن’ توانای فرەڕووگەیی یان فرەلایەنی ئەقڵی مرۆڤە “The Multi-faceted Mind”، و ڕەنگە نەتوانریت بۆ یەک ڕووداو یان پرۆسەیەک بەرتەسک بکرێتەوە. لەوانەیە بەهۆی تێکەڵبوون و بەرکەوتنی کۆمەڵە هۆکارێک لە کات و ساتێکی گونجاو و دروستدا بووبێتە هۆی گەشەکردنی زهنی مرۆڤ. بەلایەنی کەمەوە یەکێک لەو هۆکارانە، وا دەردەکەوێت کە یەکەم ئاژەڵ کە مرۆڤ ماڵی کردبێت، ماڵی کردنی خودی مرۆڤ خۆی بووە. بە درێژایی کات مرۆڤ زیاتر هەماهەنگکار بووە و ئەمەش باشتر و زیاتر لە ڕاوکردن، داهێنانی ئامێر، و دواجار پەرەدان بە زمان بۆ گواستنەوەی دابونەریتە کەلتوورییەکان هاوکارییان بووە.

تێبینی وەرگێر:

١/ Apes هەم بە مانای مەیموون و هەم بە مانای لاساییکەرەوەش دێت، بەڵام بەوەی لە زانستدا زۆرجاران بیستوومانە کە گوایە نەژادی مرۆڤ دەگەڕێتەوە بۆ مەیموون، من ووشەی مەیموونم بە شیاو زانیووە لە بەرامبەر ووشەی Apes.

٢/ Dimorphism واتە دوو خەسڵەتی جیاوازی شێوە یان قەبارە یان ڕەنگی هەمان سپێشیس.

٣/ ئەم بابەتە و چەندین توێژینەوەی تر هەن، کە بنەچەی مرۆڤ بۆ کۆمەڵگەرایی و کاری دەستەجەمعی دەگێڕنەوە، و ئەو تاکانەی لە دەرەوەی گروپ ژیاون، توشی قەیرانەکانی وەک مەترسی ژیان و برسییەتی و گەشەنەکردن لە ڕووی زمان و کەلتوور و نەبوونی ئامێری پێویست بوونەتەوە.

سەرچاوە کلیک بکە

هاوشێوە