رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

ئایا سەردەمی تاکگەرایی بەرەو کۆتایی دەچێت؟

Facebook
Twitter
LinkedIn

بەشی دووەم

مایکڵ فۆلەی

وەرگێڕانی: ژیر دانا

پەیوەستبوونێکی نوێ

ڕەتکردنەوەی تاکگەرایی تەنها لە تیۆردا کار ناکات و دەتوانرێت بگوترێت کە لە پراکتیسیشدا کاری خۆی دەکات. نموونەی ئەوەیش ئەو پێکەوەییانەیە کە لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، خزمایەتی شارنشینەکان، کۆمەڵەی هاوڕێیەتی، چالاکی جیاوازی وەک فێستیڤاڵ، یاریکردن و کات بەسەربردنی بە کۆمەڵ، وە بەشێکی زۆری چالاکییە هونەرییەکانی وەک گۆرانی وتن و سەماکردن دەتوانرێت ببینرێت. تەنانەت ئەو عادەتەی کە لەناو ڕێستۆرانتەکاندا بەکار دەهێنرێت کە چۆن دوو کەس یان زیاتر لە هەمان قاپدا خۆراک دەخۆن. تەنانەت دەکرێت خوێندنەوەیش وەک نموونەیەک بهێنرێتەوە کە لەم سەردەمەدا تاکگەرایی پێ ڕەت دەکرێتەوە، لە کاتێکدا پێشتر خوێندنەوە تاکگەرایەنەترین چالاکی تاک بووە. ئەوەیش دوای ئەوە دروست بوو کە چالاکی وەک بە کۆمەڵ خوێندنەوە دروستبوو و دەرکەوت کە بەشێکی زۆری خەڵک بەم جۆرە نەبێت ناخوێننەوە. نموونەیەکی دیکەیش ئەو ڕێگاچارەیەیە کە کڵێساکان گرتوویانەتە بەر بۆ ئەوەی کە خەڵکی زیاتر پەیوەست بکەن بە کڵێساوە، ئەویش زیادکردنی چالاکی بە کۆمەڵی وەک گۆرانی وتنە.

لەناو سیاسەتی هەردوو ڕاست و چەپیشدا، لە ئێستادا ئەو بڕوایە هەیە کە دیموکراسی بەرهەمی ئایدۆلۆژیای لیبراڵی و بەرقەرارکردنی مافەکانی تاک نییە بە تەنیا. ڕاستڕەوەکان لە ئێستادا پشتیان بە نەتەوەگەرایی بەستووە و چەپڕەوەکانیش جۆرێک لە ئەنارشیزمی نوێیان بۆ خۆیان دروست کردووە. سایمن کریچلی لە یەکێک لە کتێبەکانیدا وتوویەتی: “بە بڕوای من ئەنارشیزم، مەبەستم ئەنارشیزمێکە کە بەڕاستی بوونی هەبێت نەک دانەیەکی وەهمی، وەڵامێکی نوێکەرەوە و هاندەرانەیە بۆمان لە دژی ئەو ساردبوونەوەیەی کە بەهۆی دیموکراسی لیبراڵەوە تووشمان بووە. بە تایبەت ئەو تایبەتمەندێتیەی ئەنارشیزم کە بە گاڵتەئامێزیانە و بەبێ چەک جۆرە زمانێکی ڕەخنەیی و ڕەتکردنەوەیان بۆ خەڵک دروست کردووە لە دژی بیرۆکەی دیموکراسی ڕاستەوخۆ.” کریچلی لێرەدا ئەنارشیزمی تاکگەراییانە ڕەت دەکاتەوە بۆ جۆرە ئەنارشیزمێکی کۆمەڵایەتییانە “ئەو ئەنارشیزمەی کە من بەرگری لێدەکەم لەسەر بنەمای سەیرکردنی ئازادی وەک بەرپرسیارێتی دروست نەبووە.”

کریچلی دەیەوێت ئاماژە بەو هۆکارە بکات کە خوودی تاکگەرایی لاواز کردووە. ئەویش ئەوەیە کە ئازادی تایبەتی ئەو دیارییە گەردوونییە نییە کە هەموو تاکێک خاوەنی بێت، وەک ئەوەی کە پێشتر باس دەکرا. لە شەستەکان و حەفتاکاندا داواکارییەکانی خەڵک زۆربەی دەگەڕانەوە بۆ دەستخستنی ئازادی و مافەکانی تاکەکەس. چونکە وا دەزانرا کە تەنها دەستخستنی ئەو ئازادییە بەسە بۆ ئەوەی تاک ژیانێکی بەختەوەرانەی هەبێت. بەڵام هەروەک چۆن پۆپۆلیزمەکان دەیانگوت، ئازادی تەواوەتی تەنها بۆ کەمینەیەک بەردەست دەبیت نەک زۆرینە. ئەو کەمینەیشی کە ئازادی تەواویان بەدەستهێناوە دواجار تێگەیشتوون کە ئەو ئازادییەیش جۆرێکە لە بەندبوون. ئەوەی کە تاکێک بێ کۆتا هەڵبژاردنی لەبەردەست بێت تەنها لە ڕووی تیۆرەوە سەرنجڕاکێشە و لە پڕاکتیکدا زۆر ماندووکەرە. ئەو جۆرە ژیانەیشی کە هیچ پەیوەستبوونێکی تێدا نەبێت دەرکەوت کە ژیانێکی بەختەوەرانە نیە بۆ مرۆڤ.

ڕەگەکانی تووڕەیی

بەڵگەی قسەکانی سەرەوە، لە ژیانی باوکانی دۆزەرەوەی تاکگەراییدا دەردەکەوێت. بۆدلێر وەک کاریگەریترین شاعیری مۆدێرن، فلوبێر وەک کاریگەرترین ڕۆماننووسی مۆدێرن، دواجاریش نیچە وەک کاریگەرترین بیرمەندی مۆدێرن. ئەم سێ کەسە هەرسێکیان ژیانێکی تەنیایان بەسەر بردووە. بەردەوام خەختیان لەسەر تەنیایی و ئازادی خۆیان دەکردەوە، دروستکردنی خێزان و ملکەچکردنیان بۆ دیموکراسی ڕەت دەکردەوە. فلۆبێر لە شوێنێکدا دەڵێت: “من ژیانی خۆم کردووە بە منارەیەک، کە شەپۆلەکانی پیسی تەنها دەتوانن لە بنەکەی بدەن”.

ژیانی تەنیایی و دابڕاوی دەبوو ئاستی داهێنانیان بگەیەندایە بۆ لووتکە، بەڵام لەجیاتی ئەوە ئەو جۆرە ژیانە بووە هۆی دەرکەوتنی زیاتری تووڕەیی لە تاکە تەنیاکاندا. ئەم دەرکەوتنی تووڕەییە لەو سێ کەسەی کە باسمان کرد زۆر بە توندی دەرکەوتبوو. نیچە کە لە هەمووان کەللەڕەقتر بوو دەربارەی تەنیایی خۆی و بە تەنیا لە شاری تۆرینۆی ئیتاڵیا دەژیا، بەبێ ئەوەی هیچ پەیوەستبوونێکی هەبێت بە ژیانی کۆمەڵایەتییەوە، لە هەردوو کەسەکەی تر زیاتر چووبووە حاڵەتی تووڕەییەوە. ئەو هۆکاری دروستبوونی هەموو کێشەکانی خۆی دەگەڕاندەوە بۆ نیشتیمانەکەی و بەردەوام نیشتیمانی خەتابار دەکرد. بەردەوام نامەی توندڕەوانەی بۆ خێزان و هاوڕێکانی دەنارد. کێشەی لەگەڵ ئەو دەزگا بڵاوکەرەوانەدا دروست دەکرد کە نزیک بوون لێیەوە. هەروەها داوای لەسێدارەدانی پاشای ئەڵمانیای دەکرد لەلایەن خەڵکەوە.

کێشەکە ئەوەیە کە کە ڕۆشنبیرە تاکگەراکان لەدوای دوورکەوتنەوەیان لە خەڵک و کۆبوونەوەی خەڵکیش وەک شەپۆلێکی پیسی لە بنی منارەکەی ئەواندا وەک ئەوەی کە فلۆبێر باسی لێوە دەکرد، دەبێتە هۆی ئەوەی کە ڕۆشنبیرە تاکگەراکە هەست بە تاوانباربوونی خۆی بکات کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی تووڕەکردنی.

نموونەیەکی لەم جۆرە کە لەم سەردەمەدا ڕوویداوە، چیرۆکی فیلیپ لارکنی شاعیرە. لارکین ڕەتی کردەوە کە لەگەڵ هیچ کام لە خۆشەویستەکانی بچێتە پەیوەندییەکی درێژخایەنەوە کە لەگەڵیدا ناگونجێت. لە ئەنجامدا بڕیاری تەنیابوونی خۆی و دابڕانیدا لە ژیانی کۆمەڵایەتی. هۆکاری سەرەکی ئەوەیش دەگەڕایەوە بۆ ویستەکانی لارکن لەسەر نووسین و دەیویست بەو تەنیابوونە کاتی زیاتری هەبێت بۆ نووسین. بەڵام لە ئەنجامدا تەنیابوون وای لە لارکن کرد کە وشک ببێتەوە و هیچی پێ نەمێنێت تا بینووسێت و لە ئەنجامدا وەک خۆی باسی دەکات تەنها تووڕەیی بۆ مایەوە.

هەستی گۆڕانکاری

بۆ پارێزگاریکردن لە خۆمان و ژیانمان پیویستە هاوسەنگییەکی باشی تەنیابوون و پێویستیمان بەوانی تر ڕابگرین. ئەو تایبەتمەندیانەی کە لە کۆمەڵگای نەریتیدا هەیە و پێکەوەیی تیایدا زاڵە چەندێکیش نەویستراوبن بۆ ئیستامان، هێشتا پێچەوانەی ئەوە و تاکگەراییەکی توند نابێت بە وەڵام بۆمان. چونکە دواجار کە ئێمە سەربەخۆیی تەواوی خۆمان بەدەست هێنا و ئازاد بووین لەوەی کە چی دەکەین بە ڕەهایی، ئەوکات لەناو هەڵبژاردنە بێئەندازەکانی بەردەستمان نوقم دەبین و ناتوانین بەباشی بەردەوام بین.

نیچە باش لەوە تێگەیشتبوو کە مرۆڤ پێویستی بەوەیە هاوسەنگی دوالیتییەکانی ناو ژیانی بپارێزێت. بەتایبەت دوالیتی ئەپۆلۆ کە سومبولی ڕاگرتنی یاساکانی ژیانی بەکۆمەڵ و سنوورەکانیەتی، لەگەڵ داینۆسیس کە سومبولی ئازادی تاک و شوێنکەوتنی ویستە تایبەتەکانە. هێشتنەوەی هاوسەنگی لەنێوان دوالیتییەکانی لەم جۆرە دەبێتە مایەی بەهێزبوونمان. نیچە دەڵێت: “با بڵێین مرۆڤێک هێشتنەوەی هاوسەنگی لەنێوان هێزە دوالییەکان بە مەحاڵ دەزانێت. دواتر دێت و یەکێک لە هێزەکان بە تەواوەتی لەناو دەبات و هێزەکەی تر بە ڕەهایی وەردەگرێت بۆ ئەوەی چارەسەری ناهاوسەنگی و ململانێی نێوان هێزەکان بکات. لەم کاتەدا ئەو مرۆڤە هیچ چارەسەرێکی نامێنێت جگە لەوەی دووبارە جێی هەردوو هێزەکە لەناو خۆیدا بکاتەوە و خۆی بگونجێنێت لەگەڵ بوون و کاریگەری هەردووکیان.”

نیچە شکستی هێنا لەوەی کە ئەم ئامۆژگارییەی خۆی لەسەر خۆی جێبەجێ بکات. بەڵام ئەوەتا لە ئێستادا کاتێک بانگەشە بۆ یەکێک لە تاکگەرایی یاخود کۆمەڵگەرایی دەکرێت، ڕاستەوخۆ ئەوەی دیکەیان ڕەت دەکرێتەوە. پێدەچێت چارەسەرەکە ئەوە بێت کە تاک خۆی ئازاد بێت لە هەڵبژاردنی شێوازی ژیانی، وەک لەوەی کە بەسەریدا بسەپێنرێت. وە شێوازی هەڵبژێردراویش شێوازێکی کاتی بێت وەک لەوەی کە هەمیشەیی بێت. دواجاریش چوونی تاکەکە بۆ ناو ئەو جۆرە ژیانە نافەرمی بێت و بە جۆرێک نەبێت کە تاکەکە زۆر فەرمیانە ببێت بە بەشێک لەو ژیانە و دواتر نەتوانێت لێی دەربێت.

لاوازبوونی تاکگەراییش ترسناکی خۆی هەیە و دەبێت بەردەوام ئاگاداری بین. ئەو لاوازبوونە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی نەتەوەپەرستەکان و پۆپۆلیستەکان. بێگومانیش ناخودئاگاییانە کاریگەری لەسەر هەریەک لە ئێمە دەبێت. من بۆم دەرکەوتووە کە خۆم زۆر لەوە تاکگەراترم تا بتوانم لەناو گروپی ڕێکخراودا کار بکەم، چونکە بەرهەمی تاکگەراییەکەی سەدەی بیستم. بەڵام بێگومان بەو جۆرەیش نیم کە تەواو دابڕاوبم و خەڵکی تر قبووڵ نەکەم. دەتوانم بڵێم کە لە منارەکەی خۆم دابەزیوم و توانیومە تێکەڵ بە شار و خەڵکەکەی ببەمەوە. وە حەشاماتیش بەو مانا نەرێنییە وەرناگرم کە هەریەک لە بۆدلێر، فلۆبێر و نیچە دایاننابوو. بەڵام هێشتا بێزارم دەکەن. بۆ نموونە با سەیرێکی ئەو هەموو خواردنگایانە بکەین کە لە شوێنە گشتییەکاندا کراونەتەوە و وا دەکەن کە تاکێک لەبەرچاو هەموو تاکەکانی تردا خەریکی نانخواردن بێت، یاخود قاوەخانەکان کە چۆن مێزەکانیان دەبەنە سەر شەقامەکان و موشتەرییەکانیان تێکەڵ بە حەشامات دەکەن. خەڵکی ئێستا هەموو ئەم سیفاتانەیان هەیە. بەڵام دەکرێت ئێمە ئەمە بە فۆڕمێکی نوێی پێکەوەیی ببینین. فۆڕمێکی نوێ لە کۆمەڵگا کە کۆمەڵگایەکی پارادۆکسییە و پێکەوەییە کە کۆبوونەوە و نزیککردنەوەی کۆمەڵێکی زۆر لە تاکی نەناسراو بەیەکتر دروست دەکات. هەستێکی سەیرم بۆ دروست دەبێت کە سەیری خەڵک دەکەم کە بەم جۆرە ژیانەوە خەریکن. هەستێکی پڕنهێنی، نەزانراو و هەندێکجاریش هیوابەخش. دەتوانم بڵێم کە شارەکانی ئێستا لەبەرچاومدا وەکو دەریایان لێهاتووە.

سەرچاوە کلیک بکە

هاوشێوە