رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

پارادۆکسی تاکگەرایی مۆدێرن

Facebook
Twitter
LinkedIn

بەشی دووەم

مارک وەینەر

وەرگێڕانی: ژیر دانا

سیستەمی خێڵ بە ڕەهایی خراپ نییە و بێبەش نییە لە چەندین خاڵی باش. لە باشترین سیفاتەکانی ئەم سیستەمە هەستکردنێکی بەهێزی تاکەکانە بە پێکەوەیی. وە بەخشینی شووناسێکی بەهێز و جێگیرە بە هەندێک تاک لەلایەن خێڵەکەوە و بەبێ هەوڵی ڕاستەوخۆی تاکەکە بۆ دەستخستنی ئەو شووناسە. بێگومانیش پەیوەستبوونێکی بەهێزی تاکەکان دروست دەکات بەو یاسا ناوخۆییانەی کە لەناو خێڵەکەدا پەیڕە دەکرێت. تەنانەت دەکرێت یەکسانییەکی ئابووری دروست ببێت لەو کاتەی کە تاکەکان بەرپرسیار دەبن لە یەکتر پێویستییەکانی یەکتری پڕدەکەنەوە. ئەمەیش وایکردووە کە هونەرمەندەکانی کۆمەڵگا مۆدێرنە لیبڕاڵەکان بە شێوازێکی ڕۆمانتیکیانە لەم جۆرە ژیانە بڕوانن و هەندێک جار ستاییشی بکەن لە کارەکانی خۆیاندا.

هەموو ئەم هۆکارانە لەگەڵ سروشتی بوونی خێزان و خزمایەتی لە تەواوی بوونەوەرەکاندا وا دەکەن کە پەیڕەوکردنی سیستەمی لەم جۆرە، زۆر ئاسانتر بێت وەک لە پیەڕەوکردنی سیستەمێکی لیبراڵی مۆدێرن. خەڵکی بەردەوام دەیانەوێت لەناو سیستەمی لەم شێوەیەدا بمێننەوە و بیپارێزن. تەنانەت ئەگەر لەژێر سایەی سیستەمێکی تریشدابن، لەکاتی دروستبوونی کیشە لە سیستەمەکەی خۆیاندا ئەم سیستەمە خێڵگەراییە دەکەن بە جێگرەوەی سیستەمەکەی خۆیان.

بەڵام هێشتا لە ڕوانگەیەکی لیبراڵانەوە ئەم جۆرە سیستەمە قبووڵنەکراوە و چەندین بیانووی جیاوازیش هەیە لەلایەن لیبراڵەکانەوە بۆ قبووڵ نەکردنی خێڵ. یەکێک لە بیانووەکان بەردەستبوونی چەکی نوێ و ترسناکە. ئەم بەردەستبوونە دەرفەتی ئەوە دەداتە دەست ئەندامانی خێڵ کە بە ئاسانی ببنە جێی مەترسی. بە جۆرێک کە کێشەیەک لەناو خێڵدا دەتوانێت ژمارەیەکی زۆر تاک لەخۆیەوە بگلێنێت و دواجار بەهۆی بەردەستبوونی چەکەوە کوشتارێکی گەورە ڕووبدات. ئەمەیش قبووڵ نەکراوە لە ڕوانگەی لیبراڵەکانەوە.

کێشەیەکی دیکەی بنەڕەتی لە سیستەمی خێڵدا، ئەوەیە کە پێکهاتەی یاسا لەجیاتی ئەوەی کە بنەماکەی تاک بێت، بنەماکەی کۆمەڵە. ئەمەیش دەبێتە هۆی ئەوەی کە تاک لەجیاتی ئەوەی بە ڕاستەوخۆیی مافەکانی خۆی بەدەست بهێنێت، تەنها دەتوانێت لە ڕێگای کۆمەڵەوە بەدەستی بهێنێت کە ئەویش بەستراوەتەوە بە پێگەی تاکەکەوە و ئاستی شەرەفمەندێتییەکەی.

لە دەرئەنجامدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە کۆمەڵگای خێڵەکی ڕێژەیەکی ئێجگار کەمتر لە سەربەخۆیی تاک و بەتایبەت سەربەخۆیی ژن دەستبەر دەکات بۆ تاکەکانی لە چاو کۆمەڵگای لیبراڵی مۆدێرندا. ئەگەر باسی سەربەخۆیی ژن بکەین، پێویستە سەرنجی ئەوە بدەین کە چۆن لە سەرانسەری جیهاندا ڕێژەی سەربەخۆیی ژن پێچەوانە دەگۆڕێت لەگەڵ ڕێژەی بەهێزی پەیوەندییە خێزانییەکان کە لەسەر بنەمای باوکسالاری دروستبوون. کەواتە لە کۆمەڵگا خێڵەکییەکاندا سەربەخۆیی ژن زۆر کەمترە.

زۆرێک لە بیرمەند و سەرکردە سیاسییەکان پشتگیری تەواوی خۆیان بۆ ئەم ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتە ناوەندییە دەربڕیوە، لەگەڵ ئەوەیشی کە بەباشی ئاگاداری لایەنە خراپەکانی بوون. بە تایبەت ئەوەی کە چۆن ئەم شێوازە کۆنە لە دەسەڵات و ژیانکردن گەل بێبەش دەکات لەو هەموو تازەگەرییەی کە لە مۆدێرندا دروستبوون. وڵاتێکی وەکو ئەمریکا هەر لە سەرەتاوە لەسەر ئەو بنەمایە دامەزرا  کە وڵاتێک بێت دابڕاو بێت لە هەموو ئەو ڕێڕەوانەی کە پیشتر مرۆڤ بەکاری هێناون وەک شێوازی ژیان و دابەشکردنی دەسەڵات، لەپێناو ئەوەی کە شێوازێکی نوێی بێبەش لە خاڵە لاوازەکانی شێوازەکانی پێشوو دروست بکەن. بەڵام سەرکردەیەکی وەک موعەمەر قەزافی لەناو مانیفێستۆکەی خۆیدا بە ناوی “کتێبی سەوز” بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەکات کە کۆمەڵگاکانی ئێستا بەرهەمی ئەو خێڵگەراییەن کە لە پێشتردا هەبووە. لەبەر ئەوەیش مرۆڤەکانی ئێستا پێویستە هەوڵ بدەن درێژەپێدەری هەمان شێوازی ژیان و دابەشکردنی دەسەڵاتبن.

ماهاتما گاندیش بە هەمان شێوەی قەزافی هەبوونی دەسەڵاتی ناوەندی ڕەت دەکاتەوە. بەڵام ڕەتکردنەوەکەی ئەو جیاوازە و پاڵنەرێکی ڕۆحانی لە پشتە. گاندی دەیویست دەسەڵاتی ناوەندی بوونی نەمێنێت و تاکەکان خۆیان حوکمی خۆیان بکەن بە هەمان شێوەی ئەو شێوازە ژیانەی کە پێشتر لە گوندەکانی هیندستان بوونی هەبووە. پشتگیریکردن و داواکردنی بەردەوامی گاندی بۆ پەیڕەوکردنی ئەم شێوازە لە ژیان گیرخواردنە لەناو ئەو نەریتگەراییەی کە لەگەڵ ژیانی ئەم سەردەمەی ئێستادا ناگونجێت.

لەناو جیهانی ڕۆژئاوادا ئەم ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتی ناوەندییە بە هەمان شێوەی ڕۆژهەڵات بوونی نەبووە و بە شێوەیەکی کەمتر باسی لێوە کراوە. لە نموونەی ئەو کەسانەی کە بە جۆرێک باسی ئەم بابەتەیان کردووە مارگرێت ساچەری و سەرۆک وەزیرانی بەڕیتانیا بووە. ئەو ڕەخنەی لە خوودی چەمکی “کۆمەڵگا” گرتووە و پێی وابووە کە شتێک بوونی نییە بەناوی کۆمەڵگاوە و ئەوەی هەیە تەنها کۆبوونەوەی کۆمەڵێک ژن و پیاوە کە دەکرێت ئازادبن. ئەگەریش دەسەڵاتێک بوونی هەبێت، ئەوا دواجار تاکەکان ئازادی خۆیان لەدەست نادەن و هەرکات بیانەوێت دەتوانن ئەزموونی ئازادییەکەیان بکەن و لەژێر دەستی دەسەڵاتەکە دەربچن.

ئەم بیرکردنەوەی ساچەر دەمانباتە ئەو شوێنەی کە ئەگەر کۆمەڵگا بوونی نەبێت، ئەوا ئەوەی بۆ تاک دەمێنێتەوە تەنها خێڵ و خزمە.

ئەو تاکگەراییەی کە ئازادیخوازەکان کاری بۆ دەکەن و دەیانەوێت بێتە بەرهەم مێژووییەکی کولتووری درێژی هەیە تا گەیشتووە بەم ئاستەی ئێستای. تێگەیشتنی ئێستا بۆ تاک بەرهەمی ئەو هەموو هەوڵە بەردەوامەیە کە لەناو هونەر، ئەدەب و تازەگەرییە ئایینییەکاندا پەرەی سەندووە. ئەم پێشکەوتنە کولتوورییانە ڕێگا خۆش دەکەن بۆ ئیمکانی دروستبوونی تاکێک کە تەواو سەربەخۆ و ئازاد بێت. ئەم جۆرە لە تاک و ئیمکانی دروستبوونی، هاندەری سەرەکی دروستبوونی کۆمەڵگا لیبراڵە مۆدێرنەکانە و لەناو کرۆکی بیرۆکەی دروستبوونیاندا ئامادەیی هەیە.

دواجار دەبێت ئەوەیشمان بیربێت کە تاکی مۆدێرن بەرهەمی گەشەکردنی دەوڵەتە. دەتوانین تا ئەو ئاستە بڕۆین کە بڵێین تاکی مۆدێرن ئەوەندەی بەرهەمی دەستکەوتی یاسا و حکومەتە، ئەوەندە دەستکەوتی کولتوور نییە. ئەم بیرۆکەیە کە تیایدا تاک دەبیت بە بەرهەمی دەوڵەت، لەسەر بنەمای هەمان بیرۆکە دامەزراوە کە هیگڵ باسی لێوەکردووە و پێی وابووە کە بنەمایەکی گەردوونی هەیە وەک لەوەی کە بنەماکەی تایبەت و سنووردار بێت. هەر بۆیە گەشەکردنی دەوڵەت و فۆڕمەکانی، گەشەکردنێکە کە ناتوانرێت جیابکرێتەوە لە گەشەکردنی خوودی تاک خۆی. هەر ئەم بیرۆکەیەیشە کە وایکردووە بەشێکی زۆر لەو کۆمەڵگایانەی کە خێڵگەرایی تیایاندا باڵادەستە، لە خێڵگەرایی دوور بکەونەوە و هیچ نەبێت بە شێوازێکی نەرمتر و کراوەتر پەیڕەوی بکەن.

ئەم بابەتانە تاکگەرایی مۆدێرن دەخەنە ناو پارادۆکسەوە. پارادۆکسی ئەوەی کە تاک وەکو تاکێکی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، یاخود وەک بەشێک لە خێڵێکی بچووک کە لەپاڵ کۆمەڵێک خێڵی تردا کۆمەڵگا گەورەکە دروست دەکەن. ئەوەی کە لێرەدا گرنگە ئەوەیە کە هەر کام لەو مامەڵانە لە بەرامبەر تاکدا ئەنجام بدرێت، دواجار پێویستە دەوڵەتێک و دەسەڵاتێکی ناوەندی بوونی هەبێت. لەپێناو پاراستنی تاکگەرایی مۆدێرندا، پێویستە دەوڵەتێک هەبێت کە سنوورێک بۆ سەربەخۆیی تاک دابنێت. بێگومان مەبەستەکە لێرەدا ئەوە نییە کە دەوڵەتەکە دەسەڵاتێکی ڕەهای هەبێت کە بەهۆیەوە ئازادی و سەربەخۆیی تاک بە هیچ شێوەیەک مانای نەمێنێت. بەڵکو مەبەستەکە لە دەوڵەتێکە کە تەرخان کرابێت بۆ قازانجی خەڵکەکە و بەردەوام تاکەکان بتوانن بۆی بگەڕێنەوە لەو کاتەی کە پێویستیان پێبێت و نەتوانن بە تەنها کارێک ئەنجام بدەن.

حکومەت بۆ ئەوەی کە شەرعییەتی خۆی بەدەستبهینێت، پێویستە هەوڵ بدات هەموو ئەو سیفاتە باشانە لەناو خۆیدا جێبکاتەوە کە لەناو سیستەمی خێڵدا بە ڕاستەوخۆیی کار دەکەن و سوودبەخشن. جگە لەوەیش پێویستە زەمینەیەک دروست بکات کە تیایدا نایەکسانی ئابووری نەبێت بە کێشە و تاکەکانیش دەرفەتی گونجاویان هەبێت تا بە شێوەیەکی باش ئەزموونی ئازادی خۆیان بکەن لەناو بازاڕدا. بێگومانیش دەبێت تاکەکانی ژێر دەسەڵاتی هەمیشە بگەڕێنەوە بۆ خۆی کە سەرچاوەی دەسەڵاتە.

ئەمە ئەو پڕۆژە لیبراڵیە کە لەم سەردەمەدا خەڵکی لە سەرانسەری جیهانەوە کاری بۆ دەکەن. لەناو فەڵەستین بێت یاخود نێجیریا، ئەفغانستان، فیلیپین و ئەمریکا هێشتا هەوڵ بۆ دروستبوون یاخود گەشەکردنی ئەم جۆرە لە ژیانکردن و دابەشبوونی دەسەڵات هەیە. لیبراڵخوازەکان نزیکایەتییەکی زۆریان لەگەڵ یەکتریدا هەیە و پێکەوە بوون بە مەرجی سەرەکی بۆ سەرکەوتنی زیاتری تاکگەرایی مۆدێرن لە داهاتووی مرۆڤایەتیدا.

سەرچاوە کلیک بکە

هاوشێوە