رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

تاکگەرایی و کۆمەڵگەرایی تا چەندێک پێکەوە گونجاون؟

Facebook
Twitter
LinkedIn

بەشی دووەم

دارسیا نارڤەیز

وەرگێڕانی: ژیر دانا

بە بڕوای ئینگوڵد، یەکێک لە فاکتەرە هەرە سەرەکییەکانی پڕۆسەی گەشەکردنی تاک بریتییە لە فاکتەری بەخشینی خۆراک. بە جۆرێک کە پێویستی تاک بۆ خۆراک هەر لە قۆناغی منداڵیەوە هانی تاک دەدات کە زیاتر کۆمەڵایەتی ببێت، زیرەکتر ببێت و فێری بەستنی پەیوەندیش ببێت لەگەڵ تاکەکانی دیکەدا. من خۆیشم کە باسەکە دێتە سەر ڕاهێنانی منداڵ، ئەم فاکتەرە زۆر بە گرنگ دەزانم.

بەخشین کردارێکە کە دەکرێت زاڵبوونی ئابووری لێوە دروست ببێت. واتە بەهۆی بەخشینەوە، کەسێک دەتوانێت دەسەڵاتی خۆی بەسەر کەسێکی دیکەدا بسەپێنێت. بێگومان بەخشینیش جۆری جیاوازی هەیە و هەموو بەخشینەکان وەک یەک نین. پێشتر لە سەردەمی ڕاوکردنی بە کۆمەڵدا بەخشین بەو مانایەی ئێستا نەبووە و زیاتر دەکرێت وشەی ئاڵوگۆڕکردنی بە ناچاری بۆ ئەوە بەکاربهێنین کە لەو سەردەمەدا تاکەکانی پێکەوە دەبەستەوە. واتە لەو قۆناغەدا، جۆرە بەخشینێک هەبووە کە ناچاری بووە و لەو کاتەی کە تاکێک خاوەنی شتێک دەبوو، ئەوە چاوەڕوانکراو بوو کە تاکەکانی دیکە بێن و خۆیان شەریک بکەن. تێگەیشتنی ئێستا بۆ بەخشین و بەکارهێنانیشی وەک فاکتەرێکی پێکەوە ژیان، گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا هاتووە لەچاو پێشووتردا. بە تایبەت تێگەیشتنە ڕۆژئاواییەکە. بە گوێرەی تێگەیشتنی ڕۆژئاوایی بەخشین کاتێک دەبێت ڕووبدات کە تاکێک داوای شتێک لە تاکێکی تر بکات و تاکی خاوەنداریش بە ویستی خۆی شتەکەی بداتێ. هەر بۆیە لەم جۆرەیاندا وشەکانی ئێمە و ئێوە (یاخود من و تۆ) زیاتر کار دەکەن.

ئەمە جیاوازە لە کۆمەڵگای ڕاوکەر-کۆکەرەوە کە لە پێشتردا ئێمە و ئێوە لەلایەن بوونی نەبووە. تەنانەت دەکرێت تاکەکان ناویان نەبووبێت و خاوەندارێتییەکانی کەس جیانەکرابێتەوە لەگەڵ خاوەندارێتی کەسەکانی دیکە. بێگومان دەسەڵات هەبووە لە لایان، بەڵام دەسەڵاتێک نەبووە کە سەرکوتکەر بێت. بەڵکو دەسەڵاتێک هەبووە بۆ دابەشکردنی ئەرک و جیاکردنەوەی توانا. وە هەر تاکێکیش توانای هەبووایە، دەیتوانی ببێت بە خاوەنی دەسەڵات لەجیاتی ئەوەی کە بەردەوام تەنها یەک کەس خاوەن دەسەڵات بێت. ئەمەیش بەڵگەی ئەوەیە کە لەو جۆرە پێکەوە ژیانەدا، متمانە زۆر بەهێز بووە و هۆکارێکی کاریگەریش بووە بۆ دروستبوونی پەیوەندی. بە بڕوای ئینگوڵد ئێمە ناتوانین ئەم جۆرە لە متمانە و پەیوەندییە لەناو کۆمەڵگاکانی ئەم سەردەمەدا ببینین.

“مامەڵکردنی ڕاوکەرەکان مامەڵەیەکی ڕاستەوخۆ بووە لەجیاتی ئەوەی کە مامەڵەیەک بووبێت کە لەناو سیستەمێکی جێگیردا ئیشی کردبێت و سیستەمەکە بڕیاردەر بووبێت لەجیاتی ڕاوکەرەکە. ئەوان ڕاستەوخۆ لەکاتی ئەنجامدانی کارەکاندا بڕیاریان لەسەر پێکەوەیی داوە و هۆکاری ئەوەیش دڵنیاییان بووە لە متمانەکردن بەیەکتر. شایەنی باسە کە ئەو متمانەیە تەنها لە نێوان مرۆڤە ڕاوکەرەکاندا نەبووە و تەنانەت لەگەڵ ئاژەڵ، ڕووەک و تەنانەت شوێنەکانیشدا بوونی هەبووە. بۆ نموونە ڕاوکەرەکان بڕوایان بەوە بووە کە نێچیرەکان ڕازین بەوەی خۆیان بدەن بەدەست ڕاوکەرەوە ئەگەر ڕاوکەرەکە ڕێز لە نێچیرەکان بگرێت و لەو کاتەی کە ڕاو ناکەن حەقیان بەسەر سەربەخۆیی نێچیرەکانەوە نەبێت.” (ئینگوڵد ١٩٩٣).

لەناو کۆمەڵگای ڕاوکەر-کۆکەرەوەدا، پەیوەندی نێوان سروشت و مرۆڤ پەیوەندییەکی خێزانیانە بووە. بە جۆرێک کە چۆن مرۆڤ لە قۆناغەکانی سەرەتای ژیانی خۆیدا پشت بە بەخشینەکانی باوانی دەبەستێت، لەو سەردەمە کۆنەیشدا مرۆڤەکان پشتیان بە بەخشینەکانی سروشت بەستووە. ئەمەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە چۆن ئەوان مرۆڤیان بە بەشێک جیاواز نەبینیوە لە سروشت و پێیان وابووە کە مرۆڤ بەشێکە لە سروشت و ناتوانێت لێی داببڕێت. ئینگوڵد بەم جۆرە لەسەر پرسەکە دواوە: “ئەو جیاکاریەی کە لە فکری تاکگەرایی ڕۆژئاوایی ئێستادا بۆ مرۆڤ و سروشت کراوە، لەناو فکری کۆمەڵگای ڕاوکەر-کۆکەرەوەدا بوونی نەبووە. واتە لای ئەوان جیهانی مرۆڤ و جیهانی سروشت دوو جیهانی دابڕاو نین و هەردووکیان یەک جیهانن. هەر بۆیەیش بەردەوام و لەناو تەواوی کار و چالاکییەکانی مرۆڤدا پێویستە سروشت و کاریگەری سروشت بوونی هەبێت.” لە هەموویشی گرنگتر ئەوەیە کە ڕاوکەرەکان ئامانجیان کۆنترۆڵکردنی سروشت نەبووە، بەڵکو هێشتنەوە پەیوەندییەکی باش بووە لەنێوان سروشت و خۆیاندا.

بیر لەوە بکەرەوە کە فکری ئێستا چەندێک جیاوازە لەو فکرە و چەندێک گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە! لە ئێستادا ئێمە سروشت بە باوانێکی خەمخۆر و بەخشەر نازانین و لەجێی ئەوەی بە دوژمنی خۆمانی دەزانین. یاخود گرنگی بە بوونەکانی تری جیاواز لە بوونی مرۆڤ نادەین و تەواوی بوونەکان بۆ بەرژەوەندی خۆمان بەکار دەهێنین. بە هیچ جۆرێکیش هەوڵی دروستکردنی یاخود باشترکردنی پەیوەندی خۆمان لەگەڵ سروشت نادەین. بە کورتی ئێمە وا دەزانین کە خۆمان گرنگترینی ئەم جیهانەی و خودایەکیش هەیە کە بە هەمان جۆر بیر دەکاتەوە و ئێمە بە گرنگترین دەزانێت.

تێگەیشتنەکانی ئێستامان ڕەوایەتییان نییە ئەگەر بەپێی پێوەرە مێژووییەکانی مێژوو هەڵیان بسەنگێنین. تۆ بڵێت ئەم تیگەیشتنانە پەیوەندییان بەو وێرانییەوە هەبێت کە سروشت دووچاری بووە؟ یاخود کێشەکە تەنها لەناو خۆماندایە و دەکرێت بگوترێت کە ژیانی بە کۆمەڵی سەردەمەکانی پێشوو ویژدانی زیاتر تێدا بووە لەچاو ژیانی ئێستادا؟ بە تایبەت کە لەو جۆرە ژیانەدا کۆمەڵێک پەیوەندی بەهێز بوونیان هەبووە کە ئێمە لە ئێستادا گرنگییان پێ نادەین.

لێرەدا پێویستە من سەرنجێکی گرنگ بخەمە ڕوو. سەرنجەکەم ئەوەیە کە لەناو ژیانی بە کۆمەڵی سەردەمەکانی پێشوودا سەرەڕای ئەو هەموو خاڵە بەهێزەی کە پێشتر باسمان کرد، کۆمەڵێک خاڵی نەرێنی هەیە کە لە بنەڕەتدا ئەو خاڵانە بوونەتە هۆی ئەوەی کە ئەو جۆرە لە ژیانکردن بەردەوام نەبێت و ئەم جۆرەی ئێستا دروست ببێت و گەشە بکات. بۆ نموونە لاوازی تاکەکانی ئەو سەردەمانە لە ڕووی توانای پێشبینیکردن و بینینی داهاتوو. تەنانەت لە پەیوەند بە کۆکردنەوەی خۆراکیشدا، ئەوان نەیانتوانیوە هەمیشە لە بیری داهاتوودا بن و بە شێوەیەکی باش پێویستییەکانی داهاتوویان دەستەبەر بکەن. ئەوەیش جیاوازە لە تاکەکانی ئێستا و شێوازی بیرکردنەوەیان کە بیرکردنەوەی لە داهاتوو و پێویستییەکانی داهاتوو خاڵێکی بەهێزیانە. کۆمەڵگا کۆنەکان ژیانێکیان هەبووە کە هاوشێوەی ژیانی باڵندەکانە کە عیسا لەناو ئینجیلدا باسی کردووە. ژیانێک کە لە خەمی سبەینێ نییە، یاخود “ژیانێک کە گەنم چاندن و دووربینی تیا نییە”.

ئەندامەکانی ناو کۆمەڵگا کۆنەکان ئێستایا لەلا گرنگ بووە نەک داهاتوو. ئەمە هەمان ئەوەیە کە من بە “ئەخلاقی دەرگیربوون” ناوی دەبەم. ئەم ئەخلاقەیە کە ئێمە بە هۆیەوە پەرەمان سەندووە و هێشتایش بەردەوامین. بەڵام ئەوەتا نەوەکانی ئێستامان خەریکە لەم ئەخلاقە دوور دەکەونەوە بە پشتبەستن و پێویستییە بەردەوامەکانییان. ئەمەیش بەهۆی نەمانی باوەڕ، سەربەخۆیی و توانای ململانێیە تیایاندا.

ژیانی بە کۆمەڵ پڕیەتی لە نزیکایەتی و پەیوەستبوون بە یەکتریەوە. لەو جۆرە ژیانەدا مرۆڤەکان بەردەوام لەگەڵ یەکتریدان و پشت بە یەکتر دەبەستن. ئەمەیش درێژکراوەی هەمان پەیوەندی نێوان منداڵ و خێزانە کە لەسەرەتاکانی تەمەنی منداڵەکەدا بوونی هەیە. ئێمە لەمڕۆدا زۆر دوورین لەم جۆرە ژیانکردنەوەوە. ئایدۆلۆژیای ئێستامان هانمان دەدات کە بەردەوام خەریکی کارکردن بین، لەپێناو ئەوەی کە بە کەسێکی تەمبەڵ سەیر نەکرێین و دواجاریش بتوانین پارەمان دەست بکەوێت بۆ گەشتکردنی هاوینەی خۆمان. وە بە جۆرێکیش بیر دەکەینەوە کە هەتا زیاتر لە خەڵک نزیک ببینەوە، زیاتر لە ئامانجە تایبەتییەکانی خۆمان دوور دەکەوینەوە. تێگەیشتنیشمان بۆ سروشت بەو جۆرەیە کە سروشت تەنها بۆ خزمەتکردن بە ئامانجەکانی ئێمە بوونی هەیە و هیچی تر.

ژیانی بە کۆمەڵ، ژیانێکی خۆشگوزەرانانە بوو. بەڵام ژیانی ئێستا بە شێوەیەکی گشتی ژیانێکی غەمبارانەیە. بەشی زۆری ڕۆژئاواییەکان ڕۆژەکانیان بە غەمباری بەڕێ دەکەن. چونکە خۆیان دابڕاندووە لەوەی کە دەکرێت سەرەتاییترین پێویستی مرۆڤ بێت کە پێکەوەییە. یاخود پەیوەندی لەگەڵ سروشت. هەر بۆیە چارەسەرە دەکرێت گەڕانەوە بۆ مێژوو و سوود وەرگرتن بێت لەوەی کە لە ڕابردوودا باوانمان سوودیان لێ بینەوە.

سەرچاوە کلیک بکە

هاوشێوە