رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

تاکگەرایی و کۆمەڵگەرایی تا چەندێک پێکەوە گونجاون؟

Facebook
Twitter
LinkedIn

بەشی یەکەم

دارسیا نارڤەیز

وەرگێڕانی: ژیر دانا

لە سەردەمەکانی پێشتردا و لە سەرەتای مێژوودا جیاواز لە ئێستا، کۆمەڵگاکانی ناو مرۆڤایەتی بە ڕێژەی ٩٠٪ کۆمەڵگای بچووک بوون و مرۆڤەکان لەناو بازنەی بچووکدا ژیاون. لە کاتێکدا کە لە ئێستادا کۆمەڵگاکان گەورەبوون و ژمارەیەکی زۆری مرۆڤ پێکەوە خەریکی ژیانکردنن. ئەگەر ئێمە بێین و بەراوردکارییەک لەنێوان ئەم دوو شێوازە لە ژیان واتا شێوازە کۆنەکە و نوێیەکە بکەین، دەرئەنجامی زۆر سەرنجڕاکێشمان دەست دەکەوێت لە بەراوردکارییەکەمانەوە.

بە گشتی ژیانی بە کۆمەڵ و فراوانبوونی بازنە کۆمەڵگاییەکان کاتێک گەشە دەکەن کە کۆمەڵێک سیفات بوونیان هەبێت. بۆ نموونە گونجاوی بازنەکان لەگەڵ گەشەکردن و دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ بازنەکانی تر، هەبوونی دەرفەتی فراوانبوون و جووڵان لە نێوان شوێنە جیاوازەکان، نەبوونی کۆمەڵێک داب و نەریت کە ڕێگربن لە گەشەکردن و هەبوونی سوودگۆڕکێ لەنێوان تاکەکان. ئەو کۆمەڵناسانەی کە کاریان لەسەر کۆمەڵگاکانی جیهان کردووە، پێیان وایە کە هەبوونی ئەم سیفاتانە لەناو زۆربەی کۆمەڵگاکاندا، بابەتێکی نەویستراوە.

ئەگەر سەیرێکی ئەو پێکەوەییە بکەین کە لە پێشتردا لەسەر بناغەی ڕاوکردن و کۆکردنەوەی خۆراک دامەزرابوو، دەتوانین جیاوازییەکی بنەڕەتی گرنگ بدۆزینەوە تیایاندا لەگەڵ پێکەوەییەکانی ئێستا. پیتەر وێڵسن بە جۆرێک باسی کۆمەڵگای ڕاوکەر-کۆکەرەوەی کردووە کە تاکەکانی بەردەوام کار بە تەرکیزکردن دەکەن لەسەر دۆخی ئامادە، لەجیاتی ئەوەی پێکهاتەیەکی بنەڕەتی و جێگیر هەبێت و تاکەکان بەردەوام بگەڕێنەوە بۆی و کار بەوە بکەن. ئەمە واتای ئەوەیە کە لەو کۆمەڵگایانەدا ئەگەر پێکەوەییەکیش هەبووبێت، پەیوەست نەبووە بە بناغە و سیستەمێکی جێگیر و ڕاستەوخۆ و بە دۆخی ئێستاوە بەستراوەتەوە.

گەشەکردنی کۆمەڵگاکان و کرانەوەیان، پێویستی بە گۆڕان و ناجێگیری بەردەوامە. وەک چۆن بێرد دەیڤد باسی کردووە، دروستبوونی گۆڕان لەناو کۆمەڵگاکاندا وەک ئەوە وایە کە دڵۆپێک ڕۆن بخرێتە ناو ئاوەوە. لە سەرەتادا دڵۆپە ڕۆنەکە ئەگەری هەیە ببێت بە چەند دڵۆپێک و لەیەک جیاببنەوە، بەڵام دواتر هەر دڵۆپێک دەکرێت لەگەڵ دڵۆپی تردا یەک بگرێتەوە. گەشەکردن و کرانەوەی کۆمەڵگاکانیش بەم جۆرەیە کە بەردەوام جیابوونەوە و یەکگرتنی تیایە. بەڵام دەبێت بزانین کە سیستەمە داخراوەکانمان ڕێگا بەم گۆڕانە نادەن.

پێویستیشە جیاوازییەک بکەین لە نێوان پێکەوەییەک کە بەهۆی خزمایەتییەوە دروست دەبێت لەگەڵ پێکەوەژیان کە لەسەر بنەمای خزمایەتی دروست نابێت. کەسانێک کە خزمی یەکتر نین دەکرێت لەسەر بنەمای چالاکی هاوبەش پێکەوە پێکەوە بن و پێکەوەییەکەیشیان بە ویستی ئازادی خۆیان بێت لەجیاتی ئەوەی کە وەک خزمەکان بە ناچاری پێکەوە بن. پێکەوەژیان سنوورێکی دیاریکراو و جێگیری نییە. دەکرێت لەسەر بنەمای خۆراکی هاوبەش، کار و چالاکی هاوبەش، شوێنی هاوبەش و یادەوەری و ئامانجی هاوبەش دروست ببێت. ئەمانە دەکرێت لەناو خێزانەکاندا نەبن. تەنانەت لەناو خێزانی یەکەمدا کە دایک، باوک و منداڵ دەگرێتەوە دەکرێت ئەگەری بوونیان زۆر کەمتر بێت لەچاو خێزانە گەورەترەکان و خزمە دوورەکان. بۆیە خزمایەتی پەیوەستبوونێکی ناچارییە. لێرەدا پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە کە لەناو کۆمەڵگاکانی ئێستادا، ئەم جۆرە لە پەیوەستبوونە ناچارییە پێویستە هەبێت؟

لە ئیستادا تاکێک ئەگەر بیەوێت ببێت بە بەشێک لە کۆمەڵگایەک کە کراوە بێت و بەردەوام ئەگەری گۆڕان و فراوانبوونی هەبێت، پێویستە زۆر چاونەترس بێت و بەباشی توانای خۆگونجاندنی هەبێت لەگەڵ گۆڕانکاری. بە تایبەت کە گۆڕانکارییەکان پێشبینینەکراو و ناجێگیر بن. پێویستە تاکەکە لەوە تێبگات کە لەناو کۆمەڵگایەکی گەورە و کراوەدا ئەگەری ئەوە هەیە کە هەر بەشێکی کۆمەڵگاکە بتوانێت یارمەتی ئەم بدەن و سوودیان لێ وەربگرێت. بێگومان ئەمەیش لەسەر بنەمانی هەبوونی متمانە دروست دەبێت. واتە لەم جۆرە لە پێکەوە ژیان و سوودگۆڕکێیە پێویستە تاکەکان چاوەڕیی باشە لەوانی تر بکەن و خۆیشیان باشە بەرامبەریان ئەنجام بدەنەوە. ئەمە متمانەی ئەوە دروست دەکات کە تاکەکان بڕوایان بە یەکتری هەبێت و لادانیش لێی دەبێت بە خیانەت. بەڵام دواجار هیچ کەس ناتوانێت کەسی تر ناچار بە کردنی کارێک بکات.

کەواتە دەکرێت لێرەوە هەست بە بوونی سەربەخۆیی تاک بکەین لەناو کۆمەڵگەراییدا و بە خاڵێکی هاوبەشی دابنێین لەگەڵ تاکگەرایی. بەڵام ئەو سەربەخۆییەی کە لەناو کۆمەڵگەراییدا هەیە، جیاوازی هەیە لەگەڵ سەربەخۆیی ناو تاکگەرایی هەرچەندە هەردووکیشیان دەکرێت بە سەربەخۆیی ناوزەند بکرێن. لە تاکگەراییدا، تاکی سەربەخۆ بە تەنیایە و تەنها خۆی بەرپرسە لە خۆی. بەڵام لە کۆمەڵگەراییدا، تاکی سەربەخۆ پەیوەستە بە کۆمەڵێک کەسی ترەوە و پێویستە ئەو پێکەوەییەیش ڕەچاو بکات. لێرەدا دەمەوێت بەشێک لە نووسینەکانی تیم ئینگوڵد بهێنم کە تیایدا زۆر بەباشی بەراوردی تاکگەرایی لەناو کۆمەڵدا و تاکگەرایی ڕۆژئاوایی دەکات:

“لە تاکگەرایی ڕۆژئاواییدا تاکێک هەیە کە سەربەخۆیە، بیرکەرەوەیە، پەیوەستە بە تایبەتمەندێتییەکانی خۆی و سنووردارە لەناو جەستەی خۆیدا. وە بە تەنها بەرامبەر بە کۆمەڵە تاکێکی تر وەستاوەتەوە کە کۆمەڵگایان پێکهێناوە و پەیوەستن بەیەکەوە و ئامادەیە ڕووبەڕوویان ببێتەوە لەپێناو گەیشتن بە سەرکەوتن. کۆمەڵە تاکەکە پەیوەندییەکیان هەیە کە پەیوەندی ڕاستەوخۆ نییە. ئەوان سەرەڕای پێکەوەبوونیان، ئەگەری جیابوونەوەیان هەیە، بەڵام ئاگایان لە یەکتری و بەرژەوەندی یەکتری هەیە. جیاواز لە تاکێکی تەواو تاکگەرا کە پەیوەست نییە بە کەسی دیکەوە و خۆی لە هەموو شتێکی تر لەلا گرنگترە.”

“لە سەردەمی کۆندا و لەناو کۆمەڵگای ڕاوکەر-کۆکەرەوەدا، پەیوەستبوونێکی بەردەوام بوونی نییە لە نێوان تاک و کۆمەڵ. لەو کۆمەڵگایانەی کە لەسەر بنەمای لەم جۆرە دامەزراون، تاکەکان خۆیان دەکەن بە سەنتەر و هەر کارێک بکەن بە ڕاستەوخۆیی بەستراوەتەوە بە ویست و بەرژەوەندی خۆیانەوە. هەموو شوێنەکانیشی کە بۆی دەچن، هەموو ئەو کەسانەی کە لە لێیان نزیک دەبنەوە، هەموو ئەو کەرەستانەی کە دروستی دەکەن و بەکاریان دەهێنن شتانێکن کە ڕاستەوخۆ بە خۆیەوە بەستراون. تاکەکان لەگەڵ بەردەوامبوونیان لە ژیان، خۆیان هەڵدەستن بە مەشقکردن بە خۆیان لەپێناو باشتربوون. وە پەیوەندیش لەگەڵ هەر شتێک دروست دەکەن کە یارمەتیان بدات لە گەشەکردن.”

لەم سەردەمەی ئێستادا، تاکەکان بەو جۆرە سەربەخۆ نین. بۆ نموونە خێزانەکانی ئەم سەردەمە منداڵەکانیان هان دەدەن کە خۆیان بدۆزنەوە و گەشە بە خۆیان بدەن. کەچی منداڵی ئێستا لەوانەی پێشتر لاوازترن. وە ناتوانن تەنهایی خۆیان قبووڵ بکەن و بەردەوام پەنا دەبەنە بەر سەرچاوەیەکی جێگیر و بۆی دەگەڕێنەوە. ئەمەیش دوورکەوتنەوەیە لەو تاکگەراییەی کە هەوڵی بۆ دەدرێت.

سەرچاوە کلیک بکە

هاوشێوە