رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

کوشتنی کەمینەکان لەناو ئەمریکا

Facebook
Twitter
LinkedIn

حەمید دەباشی

وەرگێڕانی: ژیر دانا

جارێکی دیکەیش، کۆمەڵێک ئەندامی بێتاوانی تری گروپە کەمینەکان، بوون بە قوربانی هێرشێکی چەکداری لەناو ئەمریکادا.

 تەنها لە ڕۆژی ١٦ی مانگی سێدا، سێ ڕووداوی هێرشی چەکداری تۆمارکراون کە لە جۆرجیا و ئەتلانتا ڕوویانداوە. لەو ڕووداوانەدا هەشت کەس کە شەش کەسیان ئافرەتن، بوون بە قوربانی و لە ڕووداوەکاندا کوژراون. لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی پۆلیس لەسەر ڕووداوەکە گومانلێکراوێکی سپی پێست دەستگیرکراوە. هەموو ئەم ڕووداوانە و ئەو خۆپیشاندانانەیشی کە لەم ماوانەی دواییدا لەناو ئەمریکدا ئەنجامدراون، بوونەتە هۆی ئەوەی کە سەرنجێکی نێودەوڵەتیانە بچێتە سەر ئەمریکا و پرسی ڕەگەزپەرستی تیایدا.

ڕووداوەکانی ئەم دواییانە نوێ و نامۆ نین و نهێنییەکی گەورەیشی لە خۆیدا هەڵنەگرتووە. سپیپێستێکی بکوژ چەکێک هەڵدەگرێت و دەچێت ئاسیاییەکان، ئەفریقاییەکان، عەرەبەکان، موسوڵمانەکان، جوولەکە و سیخەکان دەکوژێت و بیانووەکەیشی ئەوەیە کە دەیەوێت وڵاتەکەی پاک بکاتەوە لەم کەسانە کە زیانبەخشن و زیانی گەورە بە ئەمریکا دەگەیەنن.

ئەم چیرۆکە چەندبارەیە ڕیشەییەکی مێژوویی درێژی هەیە، کە دەتوانرێت بە ئاسانی بگەڕێنرێتەوە بۆ ئەو کاتەی کە ئەوروپییەکان بۆ یەکەمینجار پێیان خستە ناو خاکی ئەمریکاوە و دەستیانکرد بە کوشتن و وەدەرنانی دانیشتووانە ڕەسەنەکان. ئەو تاوانە ڕەگەزپەرستیانە لە هیچ قۆناغێکدا نەوەستاوە و لەدوای ئەنجامدانی بەرامبەر بە دانیشتووانە ڕەسەنەکان، دواتر بەجۆرێک هەمان تاوان بەرامبەر بە ڕەشپێستە کۆیلەکان ئەنجام دەدرا کە لە وڵاتانی دیکەوە ڕەوانەی ئەمریکا دەکران. لە ئێستایشدا بەرامبەر بەو ئاوارە و گەشتیارانە ئەنجام دەدرێت کە سپیپێستەکان “نایانەوێت لەبەرچاویاندا بن”.

ئەوان دەیانەوێت کە تەنها سپیپێستەکان لەناو وڵاتەکەدا نیشتەجێبن. دووریش نییە دوای بەدیهاتنی ئەو ئامانجەیان، دەست بکەن بە کوشتنی یەکتری. وەک چۆن کە لە پێشتر و ئێستایشدا ڕەگەزەپەرستییان بەرامبەر بە ئیتاڵی، ئێرلەندی، سکۆتلەندی، ئەڵمانی، ئەسکەندەناڤی، پۆڵەندی و چەندین سپیپیستی دیکەیش ئەنجامداوە. بە سەیرکردنی ئەم هەڵوێستە بۆمان دەردەکەوێت کە کێشەکە کێشەیەکی ڕیشەیی ئەو مرۆڤە ڕەگەزپەرستانەیە، وەک لەوەی کە کێشەیەکی جێگیر و دیار بێت. دەتوانین بە چەند نموونەیەک دەری بخەین کە کێشەی سپی پێستەکان و ئەو بارەی کە لەسەر شانیانە چییە.

لە پێنجی ئۆگەستی ساڵی ٢٠٢١، کەسێک بەناوی وەید مایکڵ پەیجەوە کە سەربازی کۆن و توندڕەوێکی سپیپێست بوو، هێرشی کردە سەر یەکێک لە پەرستگای سیخەکان لە ویسکۆنسن. لەو هێرشەدا شەش کەسی کوشت و چواریشی بریندار کرد کە یەکێکیان لە ساڵی ٢٠٢٠دا بەهۆی برینەکەیەوە گیان سپارد. دوای ڕووبەڕوو بوونەوەی لەگەڵ پۆلیس، دواجار لە دەرەوەی هەمان پەرستگا بە دەستی پۆلیسێک کوژرا.

لە ڕۆژی دەی فێبریوەری ساڵی ٢٠١٥، خێزانێکی عەرەب لەناو ماڵەکەی خۆیاندا تیرۆرکران لەلایەن یەکێک لە دراوسێ سپیپێستەکانیانەوە بەناوی کرەیگ ستیفن هیکس. تاوانبارەکە دوای دەتسگیرکردن حوکمی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرا و لە حوکمەکەشیدا بە ئاشکرا دیارە کە بابەتی ڕەگەزپەرستی پشتگوێ خراوە و بابەتێکی دیکەی لاوەکی سەرنجی خراوەتە سەر کە گوایە بەهۆی کێشەی پارکینگی ئۆتۆمبێلەوە دروستبووە.

هەر لە ساڵی ٢٠١٥دا، لە یەکێک لە کڵێساکانی کارۆلینای باشوور ٩ کەسی ڕەشپێست کوژران لەکات ئەنجامدانی مەراسیمێکی ئایینی لەناو کڵێساکەدا، کە یەکێکە لە هەرە کۆنترین کڵێساکان لە تەواوی ئەمریکادا. سپیپیستێکی توندڕەو بۆ ئەنجامدانی ئەم تاوانە دەستگیرکرا بەناوی دیلان ڕووف.

نموونەیەکی دیکەیش ڕووداوەکەی ساڵی ٢٠١٨ بوو کە سپیپێستێک بەناوی ڕۆبەرت گریگۆری باوەرس لە هێرشێکدا ١١ کەسی کوشت و چەندانی دیکەی بریندار کرد. دواجار حوکمەکەی ڕۆبەرت لەنێوان ٥٣٥ ساڵ زیندانیکردن یاخود لەسێدارەدان دیاریکرا.

ئەم نموونانە بۆمان دەردەخەن کە زۆرینەی زۆری ساڵەکان ڕووداوی لەم جۆرەیان تیادا هەبووە. وە ئەگەر ڕێژەی هەموو ئەو کەمینە کوژراوانە کۆبکەینەوە و بیانخەینە پاڵ یەکتری، دوور نییە کە ڕێژەکەیان ڕێژەی سپیپێستەکان تێنەپەڕێنن.

هۆکاری ڕیشەیی بۆ ئەم تاوانە گەورانە دەگەڕێنەوە بۆ سەر وەهمێک کە دەکرێت ناوی بنێین وەهمی “سپیسپێست”. بەهۆی ئەم وەهمەوە بەشێک لە خەڵک بڕوای ئەوەیان بۆ دروست بووە کە هەموو سپیپێستێک بارێکی گەورەیان لەسەر شانە و پیویستە بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدابن کە ئەو بارەیان لەسەر نەمێنێت.

یەکێک لە نموونەکان کە دەرخەری ئەم جۆرە وەهمەیە، شیعری شاعیرێکی ڕەگەزپەرستە بەناوی ڕودیارد کیپلینگ. ئەو شاعیرە خاوەنی شیعرێکە بە ناوی “باری سەر شانی سپیپێست”. لەم شیعرەدا کیپلینگ کرداری ڕەگەزپەرستی و ستەمکردن بەرامبەر بە مرۆڤەکانی تر وەک ئەرکێک دەردەخات و هانی سپیپیستەکانی دیکەیش دەدات کە هەمان تێگەیشتنیان هەبێت. بەشێک لە شیعرەکە بەم جۆرەیە:

“باری سەر شانی سپیپێستبوون هەڵبگرن

باشترین منداڵەکانتان بنێرن بۆ پێشڕەوی

لەوێ با پشتی یەک بگرن و پێکەوە بن

تا بتوانن خزمەتی پێویستی گیراوەکانیان بکەن

لەوێ لە چاوەڕانییەکی قورسدا دەبن

لەگەڵ خەڵکە دەشتەکی و کێوییەکاندا دەبن

لەگەڵ دڕندە گیراوەکان

ئەوانەی کە نیوە مرۆڤ و نیوە شەیتانن.”

کیپلینگ ئەم شیعرەی لەکاتی داگیرکردنی فلیپین لەلایەن ئەمریکاوە نووسیوە، وەک هاندانێک بۆ سەربازە ئەمریکییەکان تا بچن بۆ جەنگ و بەشداربن لە هێرشکردن و کوشتارەکەدا. ئەمە چ جۆرە بیرکردنەویەکی قێزەونە؟

باری سەر شانی سپیپێستەکان وا لە هەموو خەڵکە جیاوازەکان دەکات کە بەردەوام لە ترسی ئەوەدا بژین کە ڕۆژێک لە ڕۆژان لەلایەن سپیپێستێکەوە هێرش بکرێتە سەریان بکوژرێن، تا بارەکەی سەر شانی خۆی لابدات.

دەشتوانرێت بەجۆرێک هۆکاری ئەو توندوتیژیەی کە ئێستا لەلایەن سپیپێستەکانەوە ئەنجام دەدرێت ببەسترێتەوە بەو سیاسەتەی کە ئەمریکا بەدرێژایی مێژوو هەیبووە لە داگیرکردنی وڵاتانی دیکە. واتە سپیپێستە توندڕەوەکان درێژەپێدەری هەمان جۆرە سیاسەت بن کە کوشتنی کەسانی دیکە بە ئەرکێکی پیرۆز بزانن، لەجیاتی ئەوەی کە وەکو تاوانێک سەیری بکەن. ئەمریکا پێشتر جەنگی لە دژی وڵاتان ئەنجامداوە و هەر ئەو جەنگانەیش بووە کە وایکردووە بەشێکی زۆر لە خەڵک ناچاربن وڵاتەکانی خۆیان جێبهێڵن و پەنا بۆ ئەمریکا خۆی ببەن. دواجار تاکە توندڕەوە ئەمریکیەکان بۆیان دەرکەوت کە ئەوەی پێشتر دەچوونە وڵاتان بۆ ئەنجامدانی، ئێستا لەناو وڵاتەکەی خۆیاندایە و بەبێ هەبوونی جەنگێک دەتوانن ڕەگەزەکانی دیکە بکوژن.

نووسەرێکی هیندی بە ناوی سوکیتۆ مێهتا لەم دواییەدا کتێبێکی نایابی بڵاوکردووەتەوە بە ناوی “ئەم خاکە خاکی ئێمەیە: مانیفێستۆی پەنابەرێک”. نووسەر لەو کتێبەدا زۆر بە وردی کاری لەسەر پرسی پەنابەرەکان کردووە و کۆمەڵێک بابەت و ڕووداوی گرینگی تیادا باس کردووە. بەتایبەت سەرنجی خستووەتە سەر ئەوەی کە چۆن کاپیتالیزم خەڵکانێکی زۆر ناچار دەکات بە جێهێشتنی وڵاتەکانی خۆیان و ڕۆیشتن بەرەو شوێنێک کە لەوێیش نەتوانن ژیانێکی ئارامیان هەبێت.

مێهتا لە سەرەتای کتێبەکەیدا، چیرۆکێکی باپیری خۆی دەگەڕێتەوە کە لە شاری لەندەن ڕوویدابوو. چیرۆکەکە بە جۆرێکە کە باپیرە بەتەمەنەکەی مێهتا بەتەنیا لە پارکێک دانیشتووە و لەناکو سپیپێستێکی توندڕەو دێت بۆ لای “کە بە ئەگەری زۆرەوە پێدەچێت خوێنەرێکی دیکەی ڕودیارد کیپلینگ بووبێت”. سپیپێستەکە بە شێوەیەکی ناشرین پەنجە ڕادەکێشێت و دەڵێت کە بۆچی لە وڵاتەکەی ئەودایە. باپیریشی کە لەدایکبووی وڵاتی هیندستانە و بەشێکی زۆری ژیانی بە کارکردن بۆ ئینگلیزەکان لە وڵاتی کینیا بەسەر بردووە و دواتر لە لەندەن خانەنشین بووە بەم جۆرە وەڵامی دەداتەوە: “من لێرەم، چونکە ئێوەیش لەوێ بوون”.

ئەمە چیرۆکی بەشێکی زۆر لە پەنابەرەکانە. پەنابەرەکان لەو وڵاتانەن کە پێشتر وڵاتی خۆیان لەلایەن هەمان وڵاتەوە داگیرکراوە. ئەفریقییەکان لە فەڕەنسان. هیندییەکان لە بەڕیتانیان. کۆری، ڤێتنامی و ئێرانییەکان لە ئەمریکان. فەڵەستینییەکان لەناو کامپەکاندان. بە سەیرکردنی ئەم پەنابەرانە بە ئاسانی دەتوانین دڕندەیی وڵاتە داگیرکەرەکان ببینین کە چۆن برینێکی هەمیشەییان لە وڵاتە هەژارەکاندا دروست کردووە و پەنابەرەکانیش بەهۆی ئەوانەوە ناچاربوون کە وڵاتی خۆیان جێبهێڵن ببن بە پەنابەر.

خەڵکی لە سەرانسەری جیهانەوە دوای ئەوەی کە وڵاتەکانی خۆیان بووە بە قوربانی ویستە ئیمپریالی و کۆلۆنیاڵی وڵاتە زلهێزەکان، ناچاربوون ژیانی پەنابەری و ئاوارەیی هەڵبژێرن و بەردەوام لە هەوڵدا بن بۆ گەڕان و پەیداکردنی شوێنێکی ئارام بۆ خۆیان و خێزانەکانیان.

ئەو هۆکارانەی کە بەردەوام هەن و لەسەر زمانی کۆچەر و پەنابەرەکاندان لەو کاتەی کە وڵاتە هەژارەکەی خۆیان جێدەهێڵن و بەرەو وڵاتێکی دیکەی دەوڵەمەندتر دەچن بریتین لە هەژاری، توندوتیژی و ناسەقامگیری، گۆڕانی خراپی کەشوهەوا، ململانێی بەردەوامی ناوخۆیی و داگیرکاری بەردەوامی ئیمپریالانەی ئەمریکا و ئەوروپا و هاوپەیمانەکانیان. بێگومان ڕووسیا و چینیش باشتر نین و بگرە خراپتریشن.

مێهتا لەناو کتێبەکەیدا چەند ئامارێک سەبارەت بە داگیرکاری و پەنابەری دەردەخات و لەناو یەکێک لە ئامارەکاندا، ئاماژە بەوە دەکات کە لە نێوان ساڵانی ١٥٠٣ بۆ ساڵەکانی ١٨٠٠ ئەو بڕە زیوەی کە ئەوروپا لە ئەمریکای لاتین تاڵانی کردووە بەهایەکەی دەگاتە نزیکەی ١٦٥ ملیار دۆلار. ئەم ڕێژەیە کە تەنها یەک ئاماری دەریخستووە، بە شیوەیەکی ترسناک زۆرە. لە ئەمریکا حکومەتەکەی جۆ بایدن بۆ ئەنجامدانی چاکسازی بەرفراوان لە وڵاتەکەدا تەنها ٣ ملیار دۆلارییان بۆ تەرخان کردووە.

ساڵی ٢٠١٨ وتارێک لە دەزگای میدیایی ئەلجەزیرە بلاوکرایەوە لەلایەن جەیسن هیکڵ بە ناونیشانی “چۆن بەڕیتانیا ٤٥ ملیاری لە هیندستان دزیوە و دواتریش درۆی دەربارەی دزییەکەی کردووە”. جەیسن بۆ دەستکەوتنی ئەم ڕێژەیە پشتی بە سەرچاوەی کتێبێک بەستبوو کە لە زانکۆی کۆڵۆمبیا بڵاوکرابووەوە و لالیەن ئابووریناسی بەتوانا ئوتسا پاتنەیکەوە نووسرابوو. لەو کتێبەدا لێکۆڵینەوەیەکی ورد کراوە لەسەر ئەوەی کە چؤن بەڕیتانیا ئەو کارەی ئەنجامداوە لە نێوان ساڵانی ١٧٦٥ بۆ ١٩٣٨.

ئەوەی جێی داخە ئەوەی کە ئەم ژمارە گەورانە هەموو ئەوە نین کە لە ڕاستیدا هەن و تەنها ڕووە دیار و لەبەرچاوەکان. ژمارە ڕاستەقینەکان کە هێشتا ئاشكرا نەکراون زۆر لەم ژمارانە گەورەترن. بۆیە سەیر نییە کە ڕێژەیەکی زۆر لە مرۆڤ بە دەست هەژارییەوە بناڵێنن و ناچار ببن کە کۆچ بکەن بەهۆی “باری سەرشانی سپیپێستەکانەوە”.

سەرچاوە کلیک بکە

هاوشێوە