رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

پەروەردە چییە و کێ لێی بەرپرسیارە؟

Facebook
Twitter
LinkedIn

ڕەهێل دزەیی

چەمکی پەروەردە، چەمکێکە ئاسان نییە کۆدەنگی لەسەر هەبێ  و پێناسەیەکی یەکگرتووی بۆ بکەین. پێناسەی پەروەردە لە کۆمەڵگایەک بۆ کۆمەڵگایەکی تر دەگۆڕدرێت، ئاستی هۆشیاری، جۆری بیرکردنەوە، گەشەکردنی مرۆڤەکان، جیاوازی بیروبۆچون، پێداویستیەکانی ژیان، بەرزیی و نزمی ئاستی ئابووری، و جۆری سستمی حکومڕانی کاریگەریان دەبێت لەسەر پێناسە و فەلسەفەی پەروەردەی هەر کۆمەڵگایەک. 

پەروەردە کار دەکات لەسەر پەرەپێدانی تاک لە ڕێگای پرۆسیەکی سستماتیکی مەبەستدار لە پێناو ئامانجێکی دیاریکراو کە لە نێوان نەوەکان ئاڵوگۆڕ دەکرێن.

ئامانج لە پەروەردە، پەرەپێدان و گەشەکردنی تواناکانی تاک لە سەرجەم لایەنەکانیەوە، لایەنی زهنی، دەروونی، جەستەیی، کۆمەڵایەتی، سۆزداری، مەعرفی، هەڵسوکەوت و کەسایەتی تاک، لە پێناو گەشەپێدانی و پەرەوپێشچوونی کۆمەڵگادا.

پەروەردە و سستمی پەروەردەیی بەردی بناغەی پێشکەوتنی وڵاتان، گرنگی هەیە لەسەر گەشەکردنی لایەنی ئابووری وکەلتووری وڕامیاری وکۆمەڵایەتی گەلان.

یەکەم لانەی منداڵ خێزانە، کە لەوێوە یەکەم وانەی پەروەردە وەردەگرێت، بەڵام خێزان تاکە لایەن نییە، کە بەرپرسیاربێت لە پەروەردە کردنی منداڵ. هەروەک باسمان کرد، شێواز وجۆری پەروەردە کاریگەری دەبێت لەسەر کایەکانی حکومڕانی وڵات و گەشکردنی کۆمەڵگا، بۆیە ناکرێ پرۆسسی پەروەردە بەتەنها بخرێتە ئەستۆی دایک وباوک.

 بەرپرسیاری سەرەکی لە داڕشتنی شێواز و دەستنیشانکردنی ئەو فەلسەفە پەروەردەییەی کە دەگونجێ لەگەڵ داب و نەریت  و کەلتووری کۆمەڵگاکەمان، سیاسەتمەداران و حکومەت و پەرلەمانە.

ئایا تا ئێستا لە پەرلەمانی کوردستان بۆ یەک جاریش باس لەوە کراوە چیی جۆرە فەلسەفەیەکی پەروەردەیی گونجاوە لەگەڵ کەلتووری ئێمە و بیکەن بە پرۆژەیاسا وکاری لەسەر بکەین؟ بۆ ئەوەی کۆمەڵگەکەمان ببێت بە خاوەن پەروەردەیەکی یەکگرتوو سەردەمیانە. ئەم بابەتە گرنگترین بابەتە کە دەبوو پەرلەمان و ئەندام پەرلەمانەکان کاتی زۆر و توانای زۆرتری بۆ تەرخان کردبا.

سستمی پەروەردە و فێرکردن و ڕادەی گەشەکردن و سەردەمیانەی ئەم سستێمە کاریگەری بەرچاوی هەیە لە بووژانەوەی ئابووری و ئاسایشی گشتی و بەرەوپێشچوونی پیشەسازیی و کشتوکاڵی وجوڵانەوەی فەرهەنگی هەر کۆمەڵگەیەک.

لە هەرێمی کوردستان تا ئێستا نەتوانراوە یان هەوڵنەدراوە فەلسەفەیەکی پەروەردەیی یەکگرتوو داڕێژن و پەیڕەوی بکەن و شۆڕی بکەنەوە بۆ قوتابخانەکان ولەڕێگای پەیوەندی و هاوکاری نێوان خێزان و قوتابخانەکانەوە بگەێندرێتە دایک و باوک، بۆ ئەوەی پەروەردەیەکی یەکگرتوومان هەبێ و بتوانین پێناسەی پەروەردەی کۆمەڵگەی کوردی بکەین، لە ئێستادا ئاسان نییە پێناسەی جۆری پەرەوەردەی کۆمەڵگەکەمان بکەین. هەر خێزانەو بە گوێرەی ئاستی هوشیاری وڕۆشنبیری وتێڕوانینی بۆ بەهاکانی ڕەوشت وژیان منداڵەکانی پەروەردە دەکات، خێزان لە هەرێمی کوردستان هیچ هاوکاریەک ناکرێت بۆ ئاشنا بوونییان بە شیوازی پەروەردەی سەردەمیانە وچۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم گۆڕانکاریە زۆر و بە پەلانەی ڕوودەدات لەم سەردەمەدا،  کە کاریگەری زۆری هەیە لەسەر تاک بە تاکی کۆمەڵگە. خێزان بەتەنها توانای ئەوەی نییە پەروەردەیەکی سەردەمیانە پێشکەش بە منداڵەکانی بکات، بۆیە پێویستی بە هاوکاری و ڕێنمایی هەیە، ئەمەش لە ڕێگای کردنەوەی سەنتەری (هاوکاری خێزان) لە زۆربەی شوێنەکان بۆ ئەوەی ڕێنمایی دایک و باوکان بکەن و هاوکاریان بن لە پەروەردەکردنی منداڵەکانیان، ئەمەش ئەرکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییە.

لەگەڵ ئەوەی زۆر باس لە پشتگوێ خستنی لایەنی پەروەردە لە سستمی خوێندن دەکرێت، بەڵام پرۆسەی پەروەردەی (ئەرێنی و نەرێنی) بوونی هەیە لە ناو هۆڵی خوێندن و قوتابخانەکان. ئەوەی بوونی نییە (پێداگووگیک)ە  نەک پەروەردە ( پێداگوگیک واتا بیر و تیۆری، بەڵام کاتیک ئەم بیر وتیۆریانە بە پراکتیکەکردن دەکرێت بۆ کردار و ئاکار دەگۆڕدرێت بۆ پەروەردە).

 پەروەردە بابەتێک نییە کاتی بۆ دیاری بکرێت وەک وانەکانی ماتماتیک، زانست، وەرزش یان هەر بابەتێکی تر، بەڵکو پەروەردە بوونی هەیە لە هەموو وانەکان. مامۆستا پێشڕەو و نمونەیە بۆ قوتابیەکانی، هەڵسو کەوت و شێواز و ئاستی قسەکردن و ڕێزگرتنی لە خۆی و قوتابیەکانی، هەروەها  شێوازی وانە بێژی ڕاستەوخۆ وناڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێ لەسەر قوتابیەکانی، لە مامۆستاکەیان فێردەبن و دەبێتە بەشێک لە پەروەردە وکەساییەتیان. لە نەبوونی بەرنامەیەک و فەلسەفەیەکی دیاریکراو لەلایەن پەرەلەمان و وەزارەتی پەروەردە، کە قوتابخانە و مامۆستاکان پابەندبکرێن پێیوەی، دەبێتە هۆی ئەوەی پەروەردەیەکی نەرینی و بێ بەرنامە لە ناو قوتابخانەکان پەیڕەوبکرێت.

وەزارەتی ڕۆشنبیری ئەرکێکی گرنگی هەیە شان بە شانی  دەزگاکانی تری حکومەت. ئاستی بلاوکراوە ئەدەبی وفەرهەنگیەکان و ئەم درامایانەی کە لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن پەخش دەکرێن، پێش بڵاوکردنەوەیان دەبێ لەلایەن وەزارەتی ڕۆشبیری کۆنتڕۆڵ بکرێت و ڕێگا بەو درامایانە نەدرێت کە کاریگەری نەرێنیان هەیە و ناگونجێن لەگەل ڕەوشت و کەلتووری کۆمەڵگاکەمان. ئاستی زمانەوانی بێژەر ودۆبلاج کردنی دراماکان و بەکارهێنانی وشەی نەشیاو ڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر شێوازی قسەکرد وئاستی زمانەوانی تاکی کۆمەڵگا بەتایبەتر منداڵان.

بۆ ئەوەی کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو سەرکەوتوومان هەبێ، بۆ ئەوەی حکومڕانێکی ڕەشید و دادپەروەرمان هەبێ، گرنگە پەرلەمانی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کاری شێلگیرانە بکەن و بە گرنگەوە کار بۆ داڕشتنی پڕۆژەیاسایەک کە تیایدا پێناسەی جۆر و ئەو فەلسەفەیەی گونجاوە بۆ کۆمەڵگەکەمان و منداڵ و نەوەکانمانی لەسەر پەروەردە بکرێت، لە پێناو گەشەپیدان وبەرەوپێشچوونی کۆمەڵگا وسستمی حوکومڕانی هەرێمەکەمان.

هاوشێوە