رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

نه‌مام غه‌فوری سیمبولێك له‌پێناومرۆڤ ترسی به‌زاند

Facebook
Twitter
LinkedIn

نیاز عه‌بدوڵڵا و سه‌نگه‌ر ره‌سول

نه‌مام غه‌فووری تاڵه‌ سپییه‌كانی پرچی له‌ژێر له‌چكه‌ كوردییه‌ رۆژئاڤاییه‌كه‌ی دیاربوون، له‌م ساڵانه‌ی دواییدا زۆربه‌ی كاته‌كان ره‌نگی سووری ده‌پۆشی، چرچ و لۆچه‌كانی ماندووبوونی ژیان له‌ ده‌وری چاوه‌ كاڵ و گه‌شه‌كانی له‌كاتی پێكه‌نینی ده‌رده‌كه‌وتن، له‌ وێنه‌كانیشیدا له‌گه‌ڵ منداڵان و ژنان و پیاوان له‌نێو كه‌مپه‌كانی ئاواره‌كان هه‌مووان لێی كۆده‌بوونه‌وه‌ و به‌قسه‌ خۆشه‌كانی ده‌یخستنه‌ پێكه‌نین، به‌رده‌وام وێنه‌ی گه‌شته‌كانی له‌نێوان رۆژئاڤا و هه‌رێمی كوردستان له‌نێو كه‌مپه‌كانی ئاواره‌كان و له‌ كۆبانێ و عه‌فرین و سه‌ریكانێ و شنگال و دهۆك بڵاوده‌كرده‌وه‌؛ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌ مه‌ترسیدارترین رێگاكانی شه‌ڕدا ده‌رۆیشت، به‌ڵام به‌ زمانێكی ساده‌ و له‌ناو سروشته‌وه‌ ده‌یوت، بۆنی بارووت و جه‌نگ منداڵان و كچانی خنكاندووه‌، فریایان بكه‌ون.‌

دكتۆر نه‌مام غه‌فووری پزیشكێكی كوردی- سویدی بوو، داهاتی كاری پزیشكی خۆی ته‌رخانكردبوو بۆ چاره‌سه‌ری جه‌سته‌یی و ده‌روونی ئه‌و منداڵ و كچ و ژنه‌‌ ئێزیدیانه‌ی قوربانی ده‌ستی تیرۆریستانی داعش بوون. توانا و زیره‌كی زانستی و كۆمه‌ڵایه‌تی خۆی بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی و ئاشتی و مرۆڤدۆستی خستبووه‌كار، بۆیه‌ به‌هۆی هاوكاری و بوونی به‌ كه‌سی كه‌سه‌ بێكه‌سه‌كان، خێزانی ناو كه‌مپه‌كان چه‌ندین منداڵی كچی تازه له‌دایكبوویان ناونا “نه‌مام”.

له‌ دایكبوونێك له‌نێوان بۆنی سروشت و بارووتدا

له‌ 17ی ئازاری ئه‌مساڵدا به‌بۆنه‌ی رۆژی له‌ دایكبوونییه‌وه‌، نه‌مام غه‌فووری نووسیبووی “من وای دادەنێم، زۆر بە بەختم لەماڵێکی پڕ لەخۆشەویستی دەورەدراو بەجەنگ و دەنگی بۆمبەکان لەدایکبووم. ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ بیرەوەرییە کۆنەکان. رۆژێکیان لەگەڵ ماتیۆ هاڵ-ی هاوڕێم، پێکەوە چووین بۆ هەمان ئەو ئەشکەوتەی کە منی تیادا له‌داكبووم، بۆ من هەر جارێک دیتنەوەی ئەشکەوتەکە وەک سەر لەنوێ لەدایکبوونه‌وه‌ وایە. هەرچەندە گۆڕانی کەشو هەواو گەرمبوونی گۆی زەوی گۆڕانی زۆری بەسەر سروشتی شوێنەکەدا هێناوە؛ بەڵام لەچاوی بیرەوەرییەکانی دایکمەوە هیچ نەگۆڕاوە: دەنگی ئاو، بۆنی گیاکان، قیژەو دەنگە دەنگی یاریکردنی منداڵەکان، ئەوانە هەموویان لەپڕ بۆی هەبوو بگۆڕدرێن و تێکەڵبن بە بۆنی بارووت و دەنگی ناپاڵمەکان و بێدەنگییەکی ترسناک باڵ بکێشێت. هەرچەندە زۆرمان بڕیووە، لەهەمانکاتیشدا بەدوورنین لەدووبار دیتنەوەی هەمان مەترسییەکان”.

له‌ رێی په‌یامی رۆژی له‌ دایكبوونییه‌وه‌، نه‌مام جگه‌ له‌ گوزارشتكردن له‌ئازارەکانی گەلێکی ماندوو بەدەست جه‌نگه‌وه‌، وێنه‌ی راسته‌قینه‌ی ئازارەکانی خۆی و خێزانه‌كه‌ی نیشانداوە. ئەو دیمەنانەی وەسفی کردوون، لەگەڵ رۆحیدا گەورەبوون و رێگای ئامانجه‌كانی دۆزیوه‌ته‌وه‌ تا تێبكۆشێت بۆ رزگاركردنی قوربانییه‌كانی جه‌نگ، ئه‌و ویستی به‌ هه‌مووان بڵێت، بۆ کۆمەڵگای کوردی ئازارەکانی بەرهەم ده‌هێنێت له‌كاتێكدا پڕە جوانی سروشت و خۆشەویستی و رەتکردنەوەی جەنگ.

نه‌مام چۆن بكرێت به‌ سیمبولێك بۆ نه‌وه‌كان؟

له‌دۆخێكی وه‌ك ئێستای هه‌رێمی كوردستان كه‌ ژنانی ئازادیخواز و تێكۆشه‌ر و مرۆڤدۆست له‌ژێر فشاری ده‌سه‌ڵاتی نادیموكراتی نێرسالارو سه‌رمایه‌داردان، له‌به‌رامبه‌ردا هه‌ژموونی جیهانی سه‌رمایه‌داری فاشیۆن له‌لایه‌ن هه‌مان ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ په‌ره‌یپێده‌درێت تا‌ سیمبولی ژنانی كۆمه‌ڵگا و وڵات به‌تاڵببنه‌وه‌ له‌ فكر و مه‌عریفه‌ و ناوه‌ڕۆك، گرنگه‌ له‌لایه‌ن ژنان و پیاوانی مرۆڤدۆست و ئازادیخواز، هه‌روه‌ها رۆژنامه‌نووسان و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی كاربكرێت بۆ گه‌یاندنی ئامانجی كاره‌كانی دكتۆر نه‌مام غه‌فووری، تا وه‌ك وێنه‌ و په‌روه‌رده‌ و سیمبولێكی نیشتیمانی، كاریگه‌ری ئه‌رێنی هه‌بێت له‌سه‌ر خه‌ون و تیكۆشانی نه‌وه‌كان، به‌تایبه‌ت كچان.

نه‌مام وه‌ك خه‌ڵات و به‌رده‌وامی

دكتۆر نه‌مام غه‌فووری رۆژی 1ی نیسانی 2021، به‌هۆی تووشبوونی به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا كۆچی دواییكرد. ئێمه‌ دڵنیایین ئه‌و بوێرییانه‌ی ناوبراو كه‌ له‌ناوچه‌كانی شه‌ڕ نواندی بۆ رزگاركردنی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی و چاره‌سه‌ركردنی برینداره‌كان، له‌لایه‌ن هاوڕێكانی و ئه‌و خێزان و ژنانه‌ی رزگاریكردن له‌ شنگال، سه‌ریكانی، عه‌فرین، كوبانی و كه‌مپه‌كان له‌یادناكرێت، به‌ڵام به‌ ئامانجی وننه‌كردنی رێگا و ته‌واوكردنی ‌كاره‌كانی بۆ هاریكاریكردنی قوربانیانی شه‌ڕ له‌ناوچه‌ نائارامه‌كاندا، پێشنیارده‌كه‌ین:

یه‌كه‌م: ناوه‌نده‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ عێراق، هه‌رێمی كوردستان، رۆژئاڤای كوردستان، وڵاتی سوید و ئاژانسه‌كانی سه‌ربه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، هاریكاربن بۆ به‌رده‌وامی و په‌ره‌پێدان به‌كاره‌كانی رێكخراوی ناحكومی (هاریكاری هاوبه‌شی كوردستان) كه‌ دكتۆر نه‌مام سه‌رۆكی بوو.

دووه‌م: سه‌نته‌رێكی تایبه‌تی چاره‌سه‌ری جه‌سته‌یی و ده‌روونی له‌ شنگال بكرێته‌وه‌ بۆ منداڵان و ژنان و پیاوانی قوربانی ده‌ستی تیرۆریستانی داعش، ئه‌مه‌ باشترین دیارییه‌ كه‌ وه‌ك پاداشتی كاره ‌مرۆڤدۆستانه‌كانی غه‌فوری پێشكه‌ش به‌ رووحی بكرێت.

سێیه‌م: له‌پێناو پیشاندانی رێز و پێزانین و هاندانی كاری مرۆڤدۆستانه و كاركردن له‌پێناوئاشتی‌، له‌ وڵاتی سوید یان عێراق و هه‌رێمی كوردستان، له‌لایه‌ن ناوه‌نده‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان خه‌ڵاتی نه‌مام غه‌فوری دابهێندرێت و پێشكه‌ش بكرێت به‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی له‌ ئاستی جیهان له‌ ناوچه‌كانی شه‌ڕ كاری مرۆڤدۆستانه ئه‌نجامده‌ده‌ن و هاوكاری قوربانیانی جه‌نگ ده‌كه‌ن.

هاوشێوە