رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

شێروخەتی ڕقییزم

Facebook
Twitter
LinkedIn

پەیکار عوسمان

هیچ فیکرو ئاڕاسەتەیەك، خۆی لەخۆیدا کێشە نیە. ڕقی ناو هەموو فیکرو ئاڕاستەکان کێشەکەیە. ڕق ژەنگی فیکرەو لە هەموو فیکرەکانیش ئەدات. کاری ئێمەش ئەوەیە کە، بە هێزی عەقڵ، فیکرەکە لەو ڕقە ڕزگاربکەین، نەكئەوەی هێزی ڕقەکە کێشمانکاو بمانخاتە ناو خۆیەوە. کاری ئێمە ئەوەیە کە فیکرەکەو ڕقەکەی ناوی لە یەك جیابکەینەوە، نەكئەوەی کە ڕقەکەمان لێببێ بە خودی فیکرەکەو بکەوینە ناوی! ڕق خۆی لە خۆیدا زبڵە، نەك لەوێدا کە ئاڕاستەی کێ کراوە. یەعنی ئەو تفەی کە ئاراستەی سەڵاحەدین کرا، ئاراستەی مارکسیش بکرایە، هەر هەمان شتبوو. نەكئەوەی زبڵێتی کردەکە، لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی ترو بەپێ ی ئایدۆلۆژیاو حەزو بەرژەوەندی بگۆڕێت. (یەعنی مەسەلەکە ئەخلاقییە نەك ئایدۆلۆژیی.) کاتێکیش کە شتەکە بە لای ئایدۆلۆژیادا ئەبرێ، لەڕاستیدا لە ئەخلاق دوورئەخرێتەوە. ئا ئەمەشە کێشەی ئایدۆلۆژیا، کە بووە بە بەڵا بۆ ئەخلاقی مرۆڤ! مەسەلەن تۆ هەر بە مرڤبوونی خۆت، ئەزانیت کە دزی خراپە. بەڵام ئایدۆلۆژیا لەپێناو شەڕو ململانێکانی خۆیدا، ماڵی ئەوت بۆ حەڵاڵئەکاو تاڵانی ئەکەیت! تۆ هەر بە مرۆڤبوونی خۆت ئەزانیت کە ئەویتریش هەر مرۆڤەو ئێوە یەکسانن. بەڵام ئایدۆلۆژیا دێ و پێت ئەڵێ نا، تۆ باڵاتریت، بۆیە ئەبێ زاڵ و سەردەست بێت. لێرەشەوە ستەمکاریی دەستپێئەکات!ڕق ئەتکا بە زبڵدان و دەروونت خەسار ئەکات. ئیتر لە هەر ئایدۆلۆژیاو بیرو باوەڕێکەوە بکەویتە ناو ڕقەوە، کەوتوویتەتە ناو هەمان زبڵەوە، نەكئەوەی ڕقێك هەبێ نازبڵ و پیرۆزبێ و جیابێ لە ڕقەکانی تر!تەنانەت ڕق لە ستەمکاریش پێویست نیە، تێگەیشتن لە ستەمکاریی پێویستە. چونکە کاتێ لە هۆشیارییەوە هەڵوێست بەرامبەر ستەمکاریی وەرئەگریت، ئیتر خۆت نابیتەوە بەو. بەڵام کاتێ لە ڕقەوە هەڵوێست بەرامبەر ستەمکار وەرئەگریت، ئیتر لە پشتی شەرعیەتی “دژایەتی ستەمکارەوە”، خۆت ئەبیتەوە بەو. ڕەنگە تێشیپەڕێنیت و گێڕێ خراپتریش!”ڕق” مەکینەی کوشتنی جیاوازییە، بەڵام تۆ هەست بە لێکچۆنەکە ناکەیت. چونکە هەمیشە ڕق، دوو بەرەی دژت بۆ قوت ئەکاتەوەو بەو شەڕەوە مەشغوڵت ئەکات. ئیتر چونکە دووانی “دژ” لەبەردەمتایە، وائەزانیت دووانی “جیاواز” لەئارادایە. لەکاتێکا ئەوانە جیاوازنین، بەڵکو ئەوان لێکچوون و لێکچوونەکانیان لە پشتی شەڕو ململانێوە شاردۆتەوە. (ئەمەش ئەو فێڵەیە کە ڕق لێمانی ئەکات)! چەپێکی ڕقاوی و ڕاستێکی ڕقاوی، دینییەکی ڕقاوی و بێ دینێکی ڕقاوی، موسوڵمانێکی ڕقاوی و زەردەشتییەکی ڕقاوی، قەومییەکی ڕقاوی و دژەقەومییەکی ڕقاوی، ئیخوانێکی ڕقاوی و ئاپۆچییەکی ڕقاوی، پارتییەکی ڕقاوی و دژەپارتییەکی ڕقاوی.. ئەمانە هەمان شتن، ئەگەرچی نمایشێکی زەق و توندی جیاوازیت بۆ ئەکەن. ئەمانە لە هەزار گۆشەوە جیابن، لە ڕقسازییدا هەموویان یەکن. کاتێکیش کە لەوێدا یەکن، ئیتر جیاوازییەکانی تر، هەمووی دیکۆرە بۆ شاردنەوەی هەمان ناوەڕۆك و هەمووی پاساوە بۆ شەرعیەتدان بە ڕقسازییەکە!ئەوەشی کە خەتەرە، هیچکام لەو ئاڕاستانە نین، چونکە هەموو جیاوازەکان، لە غیابی ڕقدا، ئەتوانن پێکەوەژیان بکەن. بەڵام لە ئامادەیی ڕقدا، هەموویان ئەبنەوە بەو لێکچووەی کە نمایشی جیاوازیی ئەکات. پێکەوەژیانی ڕاستەقینەش لەنێوان جیاوازە ڕاستەقینەکاندایە نەك درۆیینەکان. کاتێ کە جیاوازیی ئەبێتە شتێکی نمایشیی و درۆیینە، ئیتر پێویستی بە شتێکە بۆ شاردنەوەی درۆکە. ئەو شتەش، خولقاندن و قووڵکردنەوەی کەشی ڕقسازییەو بە نەتیجەش ئیتر پێکەوەژیان ناکرێت!ململانێ ی بەرهەمدار، ئەوەیە کە لەنێوان جیاوازەکاندایە. ئەو ململانێیەی کە لەنێوان لێکچووە نمایشکارەکانی جیاوازییدایە، ململانێیەکی بێ بەرهەمە. چونکە پێویستی بە خولقاندنی کەشی شەڕو ڕقسازییە بۆ نیشاندانی جیاوازییەکی درۆیینە. دەی لەو کەشەشدا هیچی باش بەرهەم نایەت و شتەکان هەر خراپتریش ئەبن! جا لەناو حەلەبەی ڕقدا، کاری ئێمە، ئەوەنیە کە هیچکام لە ڕقەکان سەرخەین بەسەر ڕقەکەی تردا. کاری ئێمە ئەوەیە کە سیحری خودی ڕق بەتاڵکەینەوەو لەوێشەوە ئیتر لە یارییەکە بچینە دەرەوە. ئاخر ئێمە، هەر لەوێوە ڕاوئەکرێین و ئەبرێینە ناو یارییەکە!بەڵێ ئەبێ ڕق بەتاڵبکەینەوە لە بەرژەوەندی هۆشیاریی. چونکە ڕاستی ئامانجەو تەنیا لە هۆشیاریدا ئەزانیت کە ئامانجەو نایکەیت بە وەسیلە. بەڵام لە ڕقسازیدا، ڕاستی تەنیا وەسیلەیە بۆ شەڕەشەقەکەی دەسەڵات و بەرژەوەندی و ئایدۆلۆژیا.. ئیتر کەس ڕاستی ناوێت وەکو خۆی. هەمووی وا ئەیەوێت کە بۆ خۆی باشە. لێرەشەوە هەمووان ئەکەوینە ناو وەهم و درۆوە.جا کێشەی ڕق، هەر لەوێدا نیە، کە خۆی لە خۆیدا نائەخلاقی و نەخۆشییە. بەڵکو نەخۆشییەکی گوازەرەوەشەو هەر ڕقاوییەك، کۆمەڵێکی تریش تووش ئەکاو شتەکە وەکو ئاگری ناو پوش، بڵاوئەبێتەوە. مەلایەك پیرێك نوسەرێك سیاسییەك.. کاتێ کە ئاوی ڕق ئەڕێژێ،، هەر خۆی نیە، بەڵکو حەشامەتێك شڵپ و هوڕی تیائەکەن!وەکچۆن تیرۆر دینی نیەو هەموو تیرۆرستان لەسەر یەك دینن کە دینی نائینسانییەتە. ڕقیش دینی نیەو ڕقاوییەکانی ناو هەموو دینەکان، لەسەر هەمان دینن و لێرەدا مەلایەكی دەمشڕو پیرێکی دەمشڕ، فەرقی نیەو هەردوکیان دینی ڕق کۆیان ئەکاتەوە. ئایدۆلۆژیستە دۆگماکانیش، هەموویان لە ناوەوە سەر بە ئایدۆلۆژیای ڕقییزمن، نەك ئەو ییزمە دەرەکییەکەی کە پیشانی منو تۆی ئەدەن! هەموویان خەریکی ئەوەن کە دنیات بۆ بکەن بە دوو لەتی ڕەش و سپی و خۆیان وەکیل و دەمڕاستی سپییەکەبن.. ئەمە بازگانییەکەو یارییەکەی هەموویانە بەکورتی. هەمووشی لەسەر حسابی جەهالەت و کۆیلایەی منو تۆیە، کە دابەشمان ئەکەن بەسەر ئەو دوو معەسکەرەی ڕقداو شەڕەکەمان پێئەکەن!- کاتێ “بەرە” هەبوو، ئیتر تۆ بە حەق و ناحەق لەگەڵ بەرەی خۆتیت،، لەکاتێکا ئەرکی ئەخلاقیی مرۆڤ و جەوهەری مرۆڤبوون، ئەوەیە کە تۆ، لەگەڵ حەقبێت بەبێ مەرج، نەكئەوەی حەق بە مەرجی ئایدۆلۆژیا بپێویت و بەرەو معەسکەری بۆ دابتاشیت! شەڕی حەق لەناو خۆتدایەو بۆ ئەوەیە کە ستەم نەکەیت. ڕقسازیی ئایدۆلۆژیی، ئەم شەڕەت بۆ ئەباتە دەرەوەو بەرەو معەسکەری بۆ دروستئەکات. ئا لەوێشەوە تۆ لە حەق ئەپچڕێیت و ئەکەویتە ناو ستەمەوە. چونکە لە شوێنێك شەڕی حەق ئەکەیت کە شوێنی ئەوە نیە! ڕق لە شتێك، شتێکی تر بەرهەمناهێنێ، “ئەوی تەریب” دروستئەکاتەوە. ئا لێرەوەیە کە پارتی و دژەپارتی ئێمە، دینی و دژەدینی ئێمە، قەومی و دژەقەومی ئێمە.. ئەڵێ ی سێوێکن و کراون بە دوو لەتەوە. ئاخر ئەمانە لە “ڕقەوە” موجەب و سالبی هەمان شتن، نەكئەوەی “لە هۆشیارییەوە” شتێکی ئیجابی و جیاوازیان هێنابێت. “هۆشیاریی” کاردانەوەو موجەب و سالبی شتێك نیە، تەنیا بینینی شتەکەیە “وەکو خۆی”. بینینی هەردو جەمسەری ڕقە، نەكئەوەی جەمسەرێکیت لێببێ بە شتێکی زۆر موهیم، لەکاتێکا تەنیا نیوەکەی تری ڕقسازییەکەیە. هۆشیاریی پەڕینەوەیە لە کردنی یارییەکەوە بۆ ناسینی یارییەکە. کە ڕقت ناسی، ئیتر ڕقسازیی ناکەیت. چونکە ئیتر تێئەگەیت لەوەی کە، ئەمبەرو ئەوبەری ڕق، وەکو یەکەو هەردولا سەریان لە هەمان زەلکاودایە، نەكئەوەی سەرێکیان پاکتربێ لەویتریان!کاتێکیش لەم چڵکاوە دوو جەمسەرییەی ڕقسازیی خۆت پاكئەکەیتەوە، ئەمە ناکاتە بێ هەڵوێستی و گوێنەدان بە خەمە گشتییەکان.. بەڵکو خودی هەڵوێستی ڕاستەقینە، هەر ئەوەیە کە ئەکەوێتە دوای ئازادبوون لەو ڕقە دوو جەمسەرییەوە. ئاخر لەوێدا تۆ لەناو کاردانەوەدایت نەك لەناو هەڵوێستدا. بەڵام کە ئازادبوویت لەوە، ئیتر تۆ لەناو بەرپرسیارێتی خۆتدایت، نەك لەناو کاردانەوەو ڕقەبەرایەتی ئەوان. هەڵوێستیش هەر ئەوەیە کە لەبەرپرسیارێتییەوە دێت!مرۆڤی هۆشیار خەریکی ڕاکەڕاکی تۆمارکردنی هەڵوێست نیە، بۆ بەر چاوی ئەوانیتر. خەریکی ئەوەیە کە بەرپرسیارێتی ئەخلاقیی خۆی لێ ی ئەخوازێ. مرۆڤی هۆشیار نە چەپڵەو ئافەرینی ئەوانیتر ئەیجوڵێنێ، نە تەخوین و ئیرهابی فیکری ئەوانیتر ئەیوەستێنێ. بەڵکو ئەو تەنیا ئەیەوێ بەرپرسیارێتی خۆی بناسێ و ئەرکی ئەخلاقیی خۆی ئەدا بکاو لە مرۆڤبوونی خۆی دانەبڕێ.

هاوشێوە