رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

چیرۆکەکان

Facebook
Twitter
LinkedIn

عەلی حەمەساڵح

چیرۆکی ئەم منداڵەو باوکی

چیرۆکی فرمێسک و ئازار

بەیانی کاتژمێر ١٠ بوو چومە دادگا، لەیەکەم بینینی ئەم کیژەدا چەندین وێنەو پرسیارم لە چاوەکانیدا خوێندەوە، منی دەناسی لە ناخی خۆیدا وای دانابوو من شتێکم پێدەکرێ باوکە بێتاوانەکەی ئازاددەکەم..

ئەو دڵنیابوو باوکی بێتاوانە، بەیانی زوو لە خەو ھەستابوو تاوەکو کاتژمێر سێ چاوەڕێی ئەوەبوو ھەواڵی ئازادبونی باوکی ببیستێت..کە ھاتمە دەرەوە لەگەڵ دایکی بەرەوڕووم ھاتن، دایکی پرسیاری کردو وتم: شەش ساڵ حوکمدرا، بەڵام تەمیز ماوەو بێ ئومێد مەبن، پێش دایکی فرمێسک چاو و ڕوومەتی داگیکرد، گریانێک لە ناخیدا دەھاتەدەر چیرۆکی بێدادیەکی گەورەی پێبوو..

باوکی ئەو ناوی شڤان سەعیدە، ١٢ ساڵ پێش نوێژوو وتارخوێن بوە…

خۆی و ھاوڕێکانی تۆمەتبارکرابون بەوە ھەستاون بە کۆکردنەوەی زانیاری قەدەغەکراو و گروپی چەکداری و پێدانی زانیاری بە لایەنی دەرەکی، بەمەبەستی تێکدانی ئاسایشی کوردستان بۆ بەرژەوەندی لایەنی دەرەکی!!

لە کۆی قسەی نوێنەری ئەنجومەنی ئاسایش و ئەو داواکاری گشتیەی کە دەیویست شڤان ھاوڕێکانی توندترین سزا بدرێن، ھیچ بەڵگەیەک نەبوو کە ئەمانە گروپی چەکداریان ھەبێت یان زانیاریان دابێت بەلایەنی دەرەکی..یان پلانێکی کوشتن ھەبێت، تەنانەت چەکدارێکیش دەستگیرنەکراوە چ جای گروپی چەکدار!!

بە قوڕگی پڕ گریان، بە ئاوازێکی پڕ لە بێتاوانی شڤان، دەیگوت: ھەموو کەس لە دھۆک دەزانێت من دژی توندوتیژم من باوەڕم نەک شەڕ قسەی توندیش نیە!!

کەواتە چی لەسەری سەلما..

ماوەیەک لە گروپێکی مێسنجەردا بوە، ئەم گروپە زانیاری و ڕەخنەی لەسەر حکومەت تێدا باسکراوە، شیڤان ھیچ زانیاری و شتێکی لەم گروپە باس نەکردوە، کە قەدەغە کراوبێت و تەنانەت لە گروپەکەش دەرچوە!

تاوانێکی دیکەی ئەوە بوە کەسێک وێنەیەکی بۆ ناردوەو داوای لێکردوە بینێرێت بۆ شیروان…. ئەمیش بەبێ ئەوەی بزانێت کێیە بۆی ناردوە…. دواتر دەرکەوتوە ئەم وێنە ئەفسەرێکی ئاسایشە!! من ناویان ھێنا ئەفسەرەکەم ناسی، ئەم ئەفسەرە سەدان وێنەی ئاشکرای لە فەیسبوک ھەیە!! بۆ ناردنی وێنەیەکی تاوان بێت!!

ئەو بەھیچ شێوەیەک دانی بەوەدا نەنا بەشدار بێت لە ھیچ تاوانێک، ھیچ بەڵگەیەکی سلمێنەر نەبوو تاوانباری بکات… پێنج پەرلەمانتارو چەندین کەسی دیکە شاھیدی ئەمەن!!

لەئەنجامدا دادوەر شەش ساڵ حوکمی دا..

من یەک ئامانجم ھەیە لەم نوسینە، ھاوڕێکانی بەم کیژۆڵە نەڵێن باوکت تاوانبارە بە کاری تیرۆرستی و خیانەت لە نیشتیمان، من نە پلانی تیرۆرم دی و نەخیانەت لە نیشتیمان..

ئەمە چیرۆکی شیروان بوو

کاتژمێر نزیک دەبوەو لە ٢:٣٠ ، گوتەی داواکاری گشتی و نوێنەری ئەنجومەنی ئاسایش و پارێزەرانی بەرگریکارو تۆمەتباران وەرگیرابوو.. چاوڕێ بوین دەستەی دادوەری بگەڕێنەوە بۆ ڕاگەیاندنی حوکمی دادگا.

چەند خولەکێک لەگەڵ شیروان و ئەو چوار کەسەی دیکە قسەم کرد..

من و شیروان چەندین جار یەکمان دیوە، ھاتوەتە ماڵم و ڕۆشتومەتە ماڵی، ساڵی ٢٠١٨ کە لە زاخۆ پەلاماردرام شیروانم لەگەڵ بوو.. واتە دۆستایەتی و ناسراویمان ھەبوو…

شیروان لە قەفەزی تۆمتبوو، زۆر لاوازبوو، باسی شوێنێ زیندانی بۆ دەکردم کە ھۆڵێکی بچوکە جێگای ٣٠ کەسەو نزیکەی ١٠٠ کەسی تێدایە!! لە نێو باسی بێتاوانی خۆی لە پڕ وتی: عەلی تەکلیفێکم لێت ھەیە دەتوانی شتێکم بۆ بکەیت.. وتم: چی؟

وتی: عەلی گرنگ نیە چەند سزا دەدرێم، بەس تکات لێدەکەم ئەوەی لە دادگا بینیت وەک خۆی بیگەیەنە، باخەڵک وانەزانێ من تیرۆرستم یان سیخوڕی بۆلایەنێکی دەرەکی دەکەم. چیت دیوە لەم دادگا وەک خۆی بیگێڕەوە..

وتم: بیخەمبەو ھەمویم نوسیوەو دەیگەیەنم..

ئەو بەڵێنەی دام، لێرە جێبەجێی دەکەم..

وەک خۆی چیرۆکی دادگایی کردنەکە دەگێڕمەوە..

شیروان تۆمەتبارکرا بەوەی داوای زانیاری دەکات لەسەر بەرپرسێکی ئەمنی سمێل، شیروان ڕەتیکردەوە ئەو دەنگە دەنگی ئەو بێت!

ئەو دەنگە ھی ھەر کەس بێت ( شیروان لەبەردەم دادوەر وتی : ھی من نیە) تەنیا پرسیاری ئەوەی کردبوو ئەو بەرپرسە کێیەو چیە… ھیچ شتێکی تێدا نەبوو تاوانی بەرامبەر ئەنجام بدرێت و ڕۆژانە ڕۆژنامەنوس ئەو پرسیارانە دەکەن..

یەکێک لەو تۆمەتانەی ئاراستەی شیروان کرا، وێنەی بارەگای دەزگای ئەمنی گرتوەو ئەمە کاری سیخوڕیە…

شیروان وتی: من ڕۆژنامەنوسم و سەرنوسەری گۆڤاری باشوربوم، ئەو وێنانەی گرتومە وێنەی زیندانی نھێنین نەک دەزگای ئەمنی و پێش ساڵی ٢٠١٥ لە گۆڤاری باشور بڵاومکردەوە، بۆ ئێستا لەسەری دادگایی دەکرێم ؟

پلانی عەسکەریم ئاشکرانەکردوە، شاھید قسەی کردوە سجنەو کەسیش سکاڵای نەکرد لەسەرم ئەوکات..

داواکاری گشتی، کە زۆر توندبوو لەسەر سزادانی شیروان و وتی: تۆ ئەندامی سەندیکای ڕۆژنانوسان نیت، چۆن کاری ڕۆژنامەوانی دەکەیت! پێوابوو ئەمە تاوانە؟ چەندین جار پێداگیری لەسەر ئەمە کرد..

شیروان وتی: ئەو گۆڤارەی من سەرنوسەری بوم مۆڵەتی ھەبوە، ھیچ مەرجێکی یاسایی نیە، کە ڕۆژنامەنوس ئەندامی سەندیکا بێت..

تۆمەتێکی دیکە ئاراستەی شیروان کرا، ئەوەبوو بەشداری خۆپیشاندانی دھۆک لە ٥ی ٢ی ٢٠٢٠ کردوە ئایا مۆڵەت ی ھەبوو؟

شیروان وتی: بەشدار نەبوم.

تۆمەتێکی دیکە ئاراستەی شیروان کرا، دروستکردنی گروپ بوە؟

وتی: تەنیا گروپی چاتمان ھەبوەو بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر گەندەڵی و خراپی خزمەتگوزاری، و بەنیازی نوسینی پەرتوکێک بوم لەسەر تیرۆری سیاسی لە ساڵی ١٩٩١ بۆ ٢٠٢٠، ئەمەش پێویستی بە کۆکردنەوەی زانیاری و بەڵگە ھەبوە..

شیروان ڕەتیکردەوە لە ھیچ گروپێکی چەکداریدا بەشدار بوبێت، وتی: من دژی چەکم و دژی کوشتنم، نەک چەکم نەبوەو لە ماڵیشمدا ھیچ جۆرە چەکو تەقەمەنیەک نەگیراوە، ھەر نازانم چەکیش بەکاربێنم..

ھیچ بەڵگەیەک نەخرایەڕوو کە شیروان بەشێک بێت لە ھیچ گروپێکی چەکداری یان ھیچ چەک و تەقەمەنیەک لە ماڵیدا گیرابێت..

شیروان، تۆمتبارکرا ئەندام بوە لە ڕێکخراوێک بەناوی ١٧ی شوبات، ئەم ڕێکخراوەش مۆڵەتی نیە

شیروان، وتی: لە بەلجیکا مۆڵەتمان ھەیە، ڕێکخراوەکەی ئێمە سیاسی و چەکداری نیەو ھەر کارێکم کردوە لە چوارچێوەی مافی مرۆڤ و کاری ڕۆژنامەوانی بوە.

شیروان، تۆمتبارکرا بەوەی وێنەی فڕۆکەیەکی لە دورەوە لە فڕۆکەخانەی ھەولێر گرتوە لە کاتی ھەستاندا، شیروان ڕەتیکردەوەو وتی: ئەو وێنە ھی ٢٠١٢ لەگەڵ دوو ڕۆژنامەنووسی فەڕەنسی چومە سەری کانی و لەوێ وێنەگیراوە نەک ھەولێر..

لەبارەی پەیوەندی بە پەکەکەوە، شیروان وتی: ھیچ پەیوەندیەکم بە پەکەکە نیەو خیلافیشم ھەیە لەگەڵیان..

تۆمەتبارکرا بەوەی، وێنەی ھەندێک ئەفسەر لە میسنجەرەکەیدا ھەبوە…

شیروان، وتی: ئەو وێنانە من بۆ کەسم نەناردوە، بەڵکو ئەو کەسە بۆ منی ناردوە”سیخوڕ”ی بەسەرەوە کردوم، کەواتە: ئەو کەسە بۆ دەستگیر نەکراوەو تاوانی من چیە؟

یەکێکی دیکە لەو تۆمتانەی ئاراستەی شیروان کرابوو پەیوەندیە بەلایەنی دەرەکی و پێدانی زانیاریە دژ بە ھەرێمی کوردستان…

داواکاری گشتی وتی: مەبەستیان ئەوەبوە لە سومعەی ھەرێم بدەن لە نێوەندە جیھانیەکان..

شیروان، رەتیکردەوەو وتی: پەیوەندیم بە ھیچ لایەنێکی دەرەکیەوە نیە لە شتەکانیان پێچەوانەی ھەیە جارێک دەڵێن بە ئەمریکاوەو جارێک دەڵێن بە ئێران..

بەڵێ پێشتر لەگەڵ نوێنەری سەندیکای پارێزەرانی پارێزەرانی ئەمریکا دانیشتوم، ئەویش دوای دەستگیکردنم..

منیش چۆن گیروام پێم وتن… وتیان: دەتوانین لەڕێگای گەورە پارێزەرانی جیھانی و دۆسیەکەشت دەنێرین بۆ بەشی ئازادی رادەربڕین لە نەتەوە یەکگرتوەکان..

بەشداری خولی ڕۆژنامەوانیم کردوە نەک سیاسی..

بەھیچ شێوەیەک مەبەستم لەکەدارکردنی ناوبانگی ھەرێم نەبووە، ئەوە ئیشی من نیە، وەک ڕۆژنامەنوسێک زانیاریم بڵاوکردوەتەوە..

تۆمەتێکی دیکە ئەوەبوو.. بۆچی لە فنلنداوە پارە بۆ خێزانی تەحویلکراوە.

شیروان وتی: من یەکەم جارە شتی وا ببستم .

تۆمەتێکی دیکە ئەوەبوە داوای زانیاری کردوە لەسەر دادوەرێک ، شیروان رەتیکردەوە..

شیروان وتی: دوو لاپتۆپ و موبایلێکم گیراوە، پاسۆردی یەکیانم لە ژێر ئەشکەنجەدا کردەوەو ئەوانی دیکە نازانم چۆن کراوەتەوە..

دادوەر وتی دواقسەت چیە..

وتی: من بۆ ئازادی ژیاوم باوەڕم بە توندوتیژی و کوشتن و سیخوڕی نیە… رەتی دەکەمەوەو باوەرم بە مرۆڤ کوشتن نیە، ئەگەر من بەشێکم لە گروپێکی چەکداری بۆچی یەکێک لەو چەکدارانە نەگیراوە، ئەمە گرتنەم سیاسیە..

من چی تێگەشتم..

بە وردی گوێم دەگرت و ھەمویم نوسی… بە ویژدانەوە دەیگوازمەوەو دەیڵێم.. چوار پەرلەمانتارو چەندین پارێزەر شاھیدن..

ھیچ بەڵگەیەکم نەبینی شیروان بەشێک بێت لە گروپی چەکداری، یان ھانی کەسێک بدات بۆ کوشتنی کەسێکی دیکە یان پلانی کوشتن دابنێ یان جێبەجێی بکات، ھیچ بەڵگەیەکی بەھێزیشم نەدی بیسەلمێنێت سیخوڕی بۆ وڵاتێک کردوە.. چەند جارێکیش وتی: بە خێزانم تەھدید کراوم و ھاواری دەکرد کێ ئەمە قبوڵ دەکات…

ئەگەر شیروان وێنەی زیندان یان دەزگای ئەمنی گرتووەو بڵاوی کردوەتەوە، دەبوو شەش ساڵ پێش ئێستاو لەسەر ئەوە دادگای بکرایە، نەک ئێستا کە گۆڤارەکەی لە ٢٠١٥ەوە داخراوە..

تێبینی: دەنگێک بە کۆمپیوتەر لێدرا، شیروان وتی ھی من نیە، دادوەر وتی: دواتر لە تاقیگە لەرەلەری ئەم دەنگە بەراورد دەکەین بزانین تۆیت.. داوەر پێش ئەوەی ئەمکارە بکات حوکمی شیروانیدا بەشەش ساڵ…

ھیواموایە دادگای تەمیز باشتر لەم دۆسیە بکۆڵێتەوە پێش حوکمی کۆتایی…

گواستنەوەی ئەم ڕاستیانەم لە دادگایەکی کراوە بە ئەرکی سەرشانی خۆم زانی…

ئەیاز کەرەم، چیرۆکێکی تراژیدی

شەش ساڵ زیندان لە پێناو ھیچ

بە بینینی ڕوخساری، شێوازی قسەکردنی، بێتاوانی ئەم کوڕەت دەبینی..

ئەو وتانەی خوێندرایەوە گوایە دانپێدانانی ئەو بووە، وتەکانی چەند شتێکی سەرنج ڕاکێش بوو.. لەوانە..

-لە گروپی ماسنجەر بووە لەگەل شیروان شیروانی..

گروپەکەش تایبەت بوو بە کۆکردنەوەی زانیاری و خراپی حکومەت و گەندەڵی ..

دوو کارتی کۆڕەکی لەلایەن کەسێکی ترەوە پێدراوە کەسێکی دیکەش بەناوی بەھجەت 200 دۆلاری وەک ھاوکاری بۆ ناردوەتەوە..

ئەیاز، گوتی: بەشێک لەم زانیاریانە ڕەتدەکەمەوە، من لە ھیچ گروپێکی چات نەبوم و ئاڵوگۆڕی زانیاریم نەکردووە و ڕەخنەمان گرتوە لە کەموکورتی حکومەت..

ئەو کارتی موبایلەش برادەرێک بۆی ناردوم وەک جەژنانە،

بەھجەتیش خزممە و لە ئەوروپاوە 200 دۆلاری پێداوم.

ئەیاز جەختی لەوە دەکردەوە ئەو لە ھیچ گروپێکی میسنجەر نەبوە “تەنیا لە فەیسبوک ڕەخنەم گرتوە، من ئەوەندە دڵنیام لەخۆم تەنانەت رەقەم سڕیش لەسەر موبایلم نەبوە بردویانە!”

ھیچیان لەسەر ئەیاز نەبو، وەک ئەوەی ڕەخنە تاوانێکی گەورەبێت، داواکاری گشتی دەی پرسی..

مەبەست چی بوو لەو ڕەخنانە؟

“ڕەخنەمان گرتوە بۆ چاککردنی دۆخی کوردستان، رەخنەکانیشم بە ئاشکرا لە فەیسبوک بڵاوبوەتەوە”.

داواکاری گشتی وتی: بەشداری خۆپیشاندانت کردوە؟

ئەیاز، وتی: خۆپیشاندان لە دھۆک نەبوە تاوەکو بەشداربم، بەشداری گردبونەوەم کردوە..

داواکاری گشتی پرسی: مۆڵەتی ھەبوە؟

ئەیاز وتی: وەک بەشداربویەک ڕۆشتم، من ڕێکخەر نەبوم.

تۆمەتێکی دیکە ئاراستەی ئەیاز کرا ئەوە بوو، کەسێک نامەی بۆ ناردووە وتویەتی ھێزێکی زۆری ئاسایش بۆ شیلادزێ دەچن؟

ئەمیش لە وەڵامدا وتویەتی : دەستخۆش..

ئەیاز وەک ئەوەی دڵنیابێت ھیچ تاوانێکی نیە، وتی: جەنابی دادوەر من یەک گرفتم ھەیە.

پێنج ساڵە جنسیەو کارتی دەنگدانم لێوەرگیراوەتەوە، تکایە مافی دەنگدانم پێنج ساڵە ڵێوەرگیراوەتەوە..

دادوەر وتی: ئەو بابەتە پەیوەندی بەم دۆسیە نیە…

لەپێش خوێندنەوەی حوکمەکەی، وەک ئەوەی دڵنیابێت ئەمڕۆ ئازاد ددەبێت، وتی: کاک عەلی کاتێ تۆبەرنامەی زمانی ژمارەکانت ھەبوو منیش ھاوکاری KNN بوم کێشەی ئەو کارتی دەنگدانەم بۆ حەل بکەن…. وتم: بائازاد بیت خودا گەورەیە…

ئەیاز، بە شەش ساڵ زیندانی حوکمدرا..

نەتۆمەتەکان و نە بەڵگەو نە شاھیدو نە دانپێدانان، نەیان وت: ئەیاز بەشێکە لە گروپی چەکداری یان سیخوڕی بەسەر نیشتیمان… ئەیاز ھەژاریکی دڵسۆزی ئەم نیشتیمانەبوو کە پارەی کارتی موبایلی نەبوو، ڕەخنەی دەگرت لە پێناو ژیانێکی باش…

چیرۆکی گوھدار..

رۆژنامەنوس یان سیخوڕ..

من بەڵێنم بە ھەر پێنجیان دابوو، وەک خۆی چیرۆکەکان بگێڕمەوە..

گوھدار لەدایکبووی ساڵی 1991ــە، خوێندەوار و قسەزانبوو ، ئازا و زمانپاراو، زۆر بە باشی بەرگری لە خۆی دەکرد..

دانپێدانانێک بەناویەوە خوێندرایەوە، چەندین خاڵی تێدابوو، گوھدار بەشێکی ڕەتکردەوە..

نوسرابوو..

بەشداری گروپێکم کرد کاری گۆڕینەوەی زانیاری بوو

لەسەر خراپی دەزگا ئەمنیەکان بەرامبەر خۆپیشاندان و نەبوونی خزمەتگوزاری، چەند جارێک راپۆرتم بۆ شیروان نوسیوە و کۆی گشتی پاداشتی 400 ھەزار دیناری پێداوم..

لە قونسوڵگەری ئەمریکا باسی خراپی دۆخی ئەمنی دھۆک و ئازادیمان کردووە..

گوھدار، بەشێکی ئەم دانپێدانانەی ڕەتکردەوەو وتی: بەشێک لەمانە قسەی من نیە…

ئێمە وەک ڕۆژنامەنوس و چالاکوان لە گروپێک بوین بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری میدیایی و خێراکردنی کاری میدیای و ڕۆژەڤی بادینان ئەم گروپەمان دروستکردووە و ھەر یەکێک لە دەزگایەکی میدیای کارمان دەکرد و ئەو گروپە بۆ ئاسانکاری کاری میدیایی بوو…

من ڕۆژنامەنوس بوم لە سپێدە و NRT پەیامنێری وڵات… من لە ھیچ گروپێکی سیخوڕی و چەکداریدا نیم..

داواکاری گشتی وتی: تۆ لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسان ناوت نیە و چۆن بەناوی ڕۆژنامەنووس کار دەکەیت.. گوھدار، وتی: ئەو تەلەفزیۆن و کەناڵانەی کارم تێداکردوە مۆڵەت پێدراو بوە و منیش باجی ئەوانم ھەیە..

گوھدار، تۆمەتبارکرا بەوەی داوای زانیاری لە پارێزەرێک کردوە لەبارەی دادوەرێک کە بڕیاری گرتنی شیروان شیروانی داوە.

گوھدار، وتی: من وەک ڕۆژنامەنوس پرسیارم کردوە تەنیا ویستومە بزانم زانیاریەکە ڕاستە کە بڕیاری دەستگیرکردنی شێروان شێروانی داوە، نەک بەدوای زانیاری کەسی بم..

دوو تۆمەتی دیکە لە لایەن دادگاوە ڕووبەڕووی گوھدار کرایەوە، فیشەکی ھەبوە ، ئاڕمی پێشەوە و پشتەوەی سەیارەکە جیاوازەو یەکیان شۆفرلێتە و ئەوی دیکە دایۆ، ساڵانەی ئۆتۆمبیلەکەشی بەسەرچوەو ئۆتۆمبیلەکەت ڕەقەمی پێشەوەی نیە و تەنیا ھی دواوەی پێوەیە..

گوھدار، وتی: من ھیچ چەک و فیشەکێکم نەبوە، ئۆتۆمبیلەکم تێکچوە و لە کاتی چاکردنەوەدا وا بۆم گونجاوە بۆیە ئەو عەلامەتە وابوە… ئۆتۆمبیلەکەی من ژمارە موسڵە بۆیە لە ھاتوچۆ ساڵانەم بۆ نوێ نەکرایەوە و ڕێگا پێدانم ھەیە، لای من بوو پێشەوە و پشتەوەی ئۆتۆمبیلەکە ژمارەکەی پێوەبوو…

ھەرچەندە من دژی ھەموو یاساشکێنیەکم.. بەڵام لەو کاتەدا بیری ئەوەم کردەوە بەرپرسان نزیکەی شانزە ھەزار ئۆتۆمبیلی خوار مۆدیلیان داخڵکردوە بەنایاسایی، ژمارەشیان پێنادرێ و ئێستاش کەس دەستگیریان ناکات!!

من ھیچ بەڵگەیەک و زانیاریەکی باوەڕ پێکراوم نەدیت، گوھدار بەشێک بێت لە گروپێکی چەکداری یان سیخوڕی بۆ لایەنێک کردبێت..

ئەو شەش ساڵەی حوکمدرا پەیوەندی بە سەرپێچی ئۆتۆمبیلەی نەبوو، چونکە لە کاتی خوێندنەوەی حوکمدا، دادوەر وتی: ئۆتۆمبیلەکە دۆسیەیەکی جیاوازی بۆ دەکرێتەوە..

لە کۆتاییدا ئازایانەو بە قوڕگی پڕ گریانەوە وتی: جەنابی دادوەر من بێتاوانم، من ڕۆژنامەنوسی نیشتیمانم، لە شەڕی داعشدا ڕۆشتمە بۆ کوبانی بۆ پیشاندانی ئازایی کورد، لەشەڕی داعش ھاوشانی پێشمەرگە کاری ڕۆژنامەوانیم دەکردو ورەی خەڵکم بەرز دەکردەوە، ئێستا من چۆن سیخوڕی بەسەر نیشتیمانەوە دەکەم.. بێتاوانم

ھاریوان، عەشق لە زینداندا

ھاریوان دۆستێکی خۆشەویستم بوو، بەتەمەن حەوت ساڵ لە من منداڵتربوو، بەڵام ژیرو سەنگین، ھەمیشە پرسیاری جدی ھەبوو..

ھەرکاتێک چوبام بۆ دھۆک ئەو لە سمێڵەوە دەھات..

ھەفتەیەک پێش دەستگیکردنی ژنی مارەبڕیبوو بەنیازبوو لە زووترین کاتدا بچێتە ژیانی نوێی ھاوسەرگیری، ئێستا دەستگیرانەکەی چاوەڕێی ئازادبونی دەکات بۆ دەستپێکی ژیانێکی نوێ.

ھاریوان، چاوەڕێی ئاھەنگی دەرچون بوو، بەڵام ھەفتەیەک پێش ئاھەنگی دەرچون دەستگیکرا..

ھاریوان لە دایکبوی ساڵی ١٩٩١ــەو کۆلیژی وەرزشی تەواوکردوە..

دانپێدانانی ئەریوان خوێندرایەوە..

داخلی گروپێکی مێسنجەری زانیاری کراوم لە ٢٠٢٠ م ..

شێروان داوای زانیاری لێکردم لەسەر تیرۆری سیاسی و ڕۆژنامەنوسان. شێروان شیروانی سەرقاڵی ئامادەکردنی پەرتوکێک بوە لەسەر تیرۆری سیاسی لە ساڵی ١٩٩١ بۆ ٢٠٢٠ ..

ھاریوان وێنەی کێڵگەیەکی نەوتی سمێڵی بۆ شیروان ناردبوو

ھاریوان لەبەردەم دادگا وتی:

من لە ھیچ کارێکی سیخوڕی و کوشتن و گروپی چەکدار تێوەنەگلاوم..

لەو گروپەش ھیچ شتێکی سیخوڕی و کوشتنمان باس نەکردوە..

وتی: شێروان داوای زانیاری لێکردم لەسەر کێڵگەیەکی نەوت لە گوندێکی ناوچەی سمێل و وتی ڕاپۆرتم لەسەری ھەیە، منیش لە ھاوڕێیەکی خۆم کە خەڵکی گوندەکەیە وەرمگرت و بۆم نارد..

پاریزەرەکەی وتی: ئەوە بەدواداچونی ڕۆژنامەوانی بوە بۆ گەندەڵی نەوت و بردنی نەوتی ئەوکێڵگە…

من ھیچ زانیاریەکیشم لەسەر تیرۆری سیاسی نەدا بەشیروان، چونکە زانیاریم لانەبوو، ھیچیشم لەسەری نەدەزانی..

تۆمەتێکی تری ئەوەبوو، گوایە لە مێسنجەر بە کەسێکی وتوە: حکومەت لە نەخۆشخانە خەڵکی کوشتوە گوایە کۆرۆنایەتی .. ئێوەش نەخۆشی کۆرۆناکەتان ببەنە بەخۆشخانە بە ساخی نایەتەوە..

نوێنەری ئەنجومەنی ئاسایش، وتی: ئەمە دروستکردنی تۆمەتە..

رەتیکردەوە کە مەبەستی ئەوەبێت حکومەت خەڵک دەکوژێت..

تۆمەتێکی دیکە ئەوەکارتێکی 5 ھەزار دیناری کۆڕەکی بۆ کەسێک ناردووە.

وتی: ھاوڕێمەو زانیومە وەحدەی نیە، کارتێکم بە دیاری بۆ ناردوە…

دادوەر وتی: کۆتا قسەت چیە..

وتی: من ھیچ کارێکی سیخوڕی و گروپی کوشتن و چەکداریم نەکردوە، من ڕۆحی وەرزشیم ھەیە، ڕۆحی وەرزشی دژی کوشتن و سیخوڕی و توندو تیژیە…

ھیچ بەڵگەیەک نەخرایەڕوو کە بەشێک بێت لە گروپێکی تیرۆر و کوشتن… بەڵام بەو تۆمەتە حوکمی شەش ساڵ زیندانی بۆ دەرکرا…

هاوشێوە