رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

لە دوای خۆپیشاندانەکانی واشنتنەوە ڕای ئازاد کەتووەتە ژێر مەترسییەوە

Facebook
Twitter
LinkedIn

دالیا ئەلعەقیدی

وەرگێڕانی: ژیر دانا

بەدرێژایی مێژوو، مرۆڤەکان ناچاربوون خاک و نیشتیمانی خۆیان جێبهێڵن و بەرەو شوێنی دیکە ئاوارەببن، بەهۆی کاریگەری ئابووری، ئایین، بارودۆخی مرۆڤایەتی و هۆکاری سیاسی بەسەریانەوە. ئێمە بەردەوام مرۆڤانێک دەبینین کە بەناچاری دەیانەوێت لەژێر دەستی دەسەڵاتە ستەمکار و دیکتاتۆرەکان هەڵبێن و بگەن بە ژیانێکی تر. ژیانێک کە لەسەر بنەمایەکی ئازادی کۆمەڵایەتی دروستکرابێت و تیایدا مرۆڤەکان بە ئازادی بیربکەنەوە، ڕادەرببڕن و بژین.

ئەم وێنا نموونەییە زۆر بە ئاسانی دەکرێت وڵاتانێکی وەک ئەمریکا بێت. بەشی زۆری ئەو مرۆڤەکانەی کە لەناو کۆمەڵگایەکی ناشاییستەدا دەژین، بەجۆرێک وێنای ئازادی دەکەن کە لەناو ئەمریکادا بەردەستببێت و بە ئاواتی ئەوەوەن کە لەوێدا بژین و ئەمریکا بکەن بە نیشتیمانێکی نوێ بۆخۆیان. ئەمە وێناکردن و تێگەیشتنی ئەو ئاوارانەیە کە لە وڵاتانی جیاوازەوە ڕوو لە ئەمریکا دەکەن. ئەم مرۆڤانە پەیکەری ئازادی ئەمریکایان کردووە بە سیمبولێک بۆ ژیانێکی ئازاد و بە ئاواتی ئەوەوەن کە ڕۆژێک لە نزیکەوە ببینین تا بتوانن ئەزموونی ئەو ئازادییە بکەن.

بەڵام ئایا لە ساڵی ٢٠٢١دا، ئەمریکا هێشتا شاییستەی ئەم جۆرە وێناکردنەیە بۆی؟  بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەتوانین سەرنجی خەڵکی ئەمریکا بدەین کە چۆن شانازی بە دەستوورەکەی خۆیان دەکەن. دەستوورێک کە تیایدا ئازادی بەرجەستە دەکرێت و وەکو یاسا سەیردەکرێت و پارێزگاری لێدەکرێت. ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی کە هەموو ئەمریکیەک بە پشتبەستن بە دەستوورەکەی، دڵنیابێت لەوەی کە ئازادی لەناو وڵاتەکەیدا بەرقەرارە. ئەمەیش پێمان دەڵێت کە ئەمریکا بەبێ ئەو دەستوورە، ئەو ئەمریکایە نییە کە شایەنی وێناکردنێکی نموونەیی بێت بۆ هەبوونی ئازادی تیایدا.

شتێکی سەیر نییە کە ئازادی ڕادەربڕین لە یەکەمین و گرینگترین بڕگەکانی مافنامەی نەتەوەیی ئەمریکا بووە. لە بڕگەی یەکەم و گرینگترین بڕگەی ئەم مافنامەیەدا هاتووە کە “کۆنگرێس نابێت ڕێکاری یاسایی بگرێتە بە هەرکەسێک کە خەریکی پەرستشی ئایینێک بێت بەجۆرێکی ئازادانە، یاخود ئازادی ڕادەربڕین یان ئازادی ڕۆژنامەوانی هەرکەسێک؛ یاخود ڕێگەگرتن لە هاوڵاتیان ئەو کاتەی کە دەیانەوێت حکومەت دابمەزرێنن یاخود هەڵیبوەشێننەوە.”

ئەم بڕگەیە کە یەکەم بڕگەیە لەناو مافنامەکەدا، بەڕوونی بۆ ئەوە دانراوە کە هاوڵاتیانی ئەمریکی پارێزراوبن لەو کاتەی کە حکومەت بیەوێت ڕێگە لە ویستەکانیان بگرێت، یاخود بیەوێت بڕیارێ بەزۆر بسەپێنێت بەسەریاندا و ئازادیان سنوورداربکات لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیدا. ئەگەر لێرەوە بچینە سەر ڕووداوەکانی واشنتن لە شەشی ئەم مانگەدا، ئەوا دژیەکییەک دەبینین لەنێوان دەستووری وڵاتەکە و ئەوەی کە ئەنجامدرا لە هەردوو بەرەوە. ئەو ڕووداوە بووە هۆی ئەوەی کە ئازادی ڕادەربڕین و بڕیاردان بەشێوەیەکی ترسناک بکەوێتە ژێر مەترسیەوە. چونکە ئەوەی کە هەندێک لە خەڵکە توندڕەوەکان هەنجامیاندا و ئەو کاردانەوەیەیشی کە بەرامبەریانکرا، تەنها کۆمەڵە چالاکییەکی توندڕەوانە نەبوو لەدژی نەمانی دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ، بەڵکو لێدان بوو لە خوودی دەستووری وڵاتەکە و ئەو بڕگانەی کە لەناو دەستووردا پارێزگاری لە مافەکانی ئازادی ڕادەربڕین و بڕیاردان دەکات.

جێگەی مەترسی و سەرنجدانە کاتێک کۆمەڵێک ڕۆژنامەوانی ئازاد دەبیینین کە ستاییشی سانسۆرکردنێک دەکەن، کە لێرەدا بابەتەکە سانسۆرکردنی کەسانێکی مەدەنی و سیاسی و کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووسی دیکەیە. تەنانەت سانسۆرکردنی هەندێک لە میدیاکان. ئەمەیش بەهۆی ئەوەی کە ئەوان ڕایەکی جیاوازییان هەیە لە ڕای زۆرینە. ئەوان بەڕوونی ئەوەمان پێدەڵێن کە ئەگەر کەسانێک بیروڕا و ئایدۆلژیایەکی جیاوازیان هەبێت، شایەنی ئەوەنین کە تەنانەت گوێشیان بۆ بگیرێت.

لەنێوان ئەوەی کە ڕوویدا زیاتر لە هەموو بڕیارەکان، بڕیاری خاوەن کۆمپانیا گەورەکانی سۆشیال میدیا لە هەموو بڕیارەکانی دیکە زیاتر شایەنی باسکردنە. ئەوان بە ویستی خۆیان دۆناڵد ترەمپیان لە پێگەکانی خۆیان لابرد بەجۆرێک کە نەتوانێت هیچ چالاکیەک ئەنجامبدات. ئەمەیش شاردنەوەی ڕای ملیۆنان کەسی جیاوازە و تەنها لابردنی یەک ڕای تایبەت نییە.

ئەم هەڵوێستە دەنگۆی جیاوازی لێکەوتەوە لەلایەن کەسانی دیارەوە و زۆرینەی خەڵک بە مەترسییەکی گەورەی دەزانن لەسەر ئازادی دەربڕین لەناو ئەمریکادا. ئەنگێلا مێرکڵ لەگەڵ ئەوەیشی کە هاندەرێک نییە بۆ سیاسەتی حکومەتی ئەمریکی و بەتایبەت ترەمپ، بەڵام بە توندی ڕەخنەی لە تویتەر گرت دوای ئەوەی کە هەژمارەکەی ترمپیان داخست. بەڕای مێرکڵ هیچ شتێک نابێت ڕێگری لەبەردەم مرۆڤ دروستبکات، بۆ دەربڕینی ڕاکانی. داخستنی هەژمارەکەی ترەمپیش کێشەی گەورەی لەناو خۆیدا هەڵگرتووە.

کارۆلاین ئێستادلەر کە وەزیری فیدراڵی وڵاتی نەمسایە لەسەر ئەو بڕیارەی خاوەن کۆمپانیاکانی سۆشیال میدیا بەم جۆرە ڕای خۆی دەربڕی “ناکرێت و نابێت پلاتفۆرمە سۆشیال میدیاییەکان دەسەلاتی ئەوەیان هەبێت کە دیارەیبکەن کێ بۆی هەبێت ڕای خۆی دەرببڕێت و کێ بۆی نەبێت.” کارۆلاین ئەم لیدوانەی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆندا بڵاوکرایەوە و هەر لە هەمان چاوپێکەتنیشدا، ئاماژەی بە مەترسی زۆری ئەم بڕیارەکرد.

جگە لە کارۆلاین، چەندین کاربەدەستی و کەسایەتی دیکە لێدوانیان لەسەر ئەم هەڵویستەی سۆشیال میدیاکانی ئەمریکا داوە. سەرۆکی مەکسیک یەکێکە لە نموونە دیارەکان کە ئەویش بە هەمان شێوەی مێرکل و کارۆلاین، ئیدانەیەکی توندی بێدەنگکردنی ترەمپی کرد و کارەکەی بە ناڕەوا لەقەڵمدا.

ئێمە دەبێت ئەوەمان لەبەرچاوبێت کە زۆرینەی ئەندامانی پارتی کۆماری توندوتیژیەکان ئیدانە دەکەن کە لە شەشی مانگ لەلایەن لایەنگرانی ترەمپەوە ڕوویاندا. ئەوان دەزانن کە ئەو توندوتیژیانە مەترسی لەسەر پێگەی ئەمریکا دروستدەکەن، وەک نموونەی باڵای وڵاتێک کە ئازادی و دیموکراسی تیایدا بەرقەرارە. بۆیە ئیداەکردنی بێدەنگکردنی ترەمپ، مانای ئەوە نییە کە پێویستبێت پشتگیری لە توندوتیژیەکان بکرێت.

ئەوەی کە لە هەفتەی ڕابردوودا ڕوویدا، پیشاندانی ئەو پێگە بەهێزەی خاوەن کۆمپانیا ئەلیکترنۆیەکان بوو. پێگەیەک کە دەتوانێت دەساڵەتی هەبێت بەسەر ئەوەی کە خەڵکی ئەمریکا بۆیان هەبێت ئازادانە ڕای خۆیان دەرببڕن، یان نا. یاخود بۆیان هەبێت هەموو ڕایەک بێتە بەردەستیان و بیخوێننەوە، یان نا. جۆ بایدن کە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکایە، هیچ گرینگیەکی ئەوتۆی نەداوە بەم هەڵوێستەی خاوەن کۆمپانیەکان و ئیدانەیانی نەکردووە، ئەمەیش یەک ناگرێتەوە لەگەڵ ئەو بانگەشانەی کە بایدن دەیانکات لەسەر پاراستنی مافەکانی مرۆڤ. بۆیە گومان دروست دەبێت لەسەر ئەوەی کە ئایا بایدن لە چوار ساڵی حوکمڕانیدا، دەتوانێت مافەکانی خەڵک بپارێزێت؟

لەکاتی ڕوودانی ڕووداوەکانی هەفتەی ڕابردوو، چارەنووس دەرفەتێکی خستە بەردەم بایدن تاکو توانای خۆی پیشانبدات لە دەسەڵاتدارێتی. بەڵام کاردانەوەی ئەو جێگای پرسیارە کە چۆن ڕووبەڕووی کیشەکان وەستایەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی کە زانی نواندنی هەڵوێستێکی دروست ئەگەری هەیە دڵی ڕادیکالەکانی ناو پارتەکەی خۆی لێبڕەنجێنێت. هەربۆیە ئەو بڕیاریدا کە پشتی ئەوان بەرنەدات و هەڵوێستی پێویستی نەبێت.

سەرچاوە (کلیک بکە)

هاوشێوە