رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

تاوانى جینۆساید لاى ڕەفایل لیمکین

Facebook
Twitter
LinkedIn

هاوڕێ ئەحمەد

چەمکى جینۆساید بۆ یەکەمجار لە لایەن رەفایل لیمکین بە ڕەچەڵەک جوولەکە لە ساڵى ١٩٤٤ داهێنرا، جینۆساید لەو کاتەوە بووەتە بەشێکى گرنگى یاساى تاوانى نێودەوڵەتى، هەوڵەکانى لیمکین وەهاى کرد هەر لە یەکەم ساڵى دامەزراندنى ڕێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئەو ڕێکخراوە کار بۆ بە تاوانناساندنى جینۆساید بکات و لە ماوەى کەمتر لە سێ ساڵ لە دواى دامەزراندنى نەتەوەیەکگرتووەکانەوە یاسایەک بۆ قەدەغەکردن و سزادانى تاوانى جینۆساید دەربکرێت، کە یەکێکە لە پەیماننامە سەرەتاییەکانى نەتەوەیەکگرتووەکان و بە نزیکەیی پێش هەموو پەیماننامە و ریکەوتننامە و جاڕنامەکانى تر دەنگى لەسەردرا، تەنانەت جاڕنامەى گەردوونى مافەکانى مرۆڤ، ڕۆژێک لە دواى پەیماننامەى جینۆسایدەوە دەنگى لەسەر درا و دەرکرا.

لیمکین لە کتێبى ڕێساکانى هێزى میحوەر لە ئەوروپایەکى داگیرکراودا “Axis Rule in Occupied Europe”[i] لە بەندى نۆیەمى کتێبەکەدا، کە تەنها شانزە لاپەڕەیە، بۆ ڕوونکردنەوەى جینۆساید تەرخانکردووە، بەندەکەى بەسەر دوو بەشدا دابەشکردووە، بەشى یەکەمى بۆ ڕوونکردنەوەى چەمک و کردە و ئامرازەکانى جێبەجێکردنى تاوانى جینۆساید و بەشى دووهەمى بۆ داکۆکیکردن لە قەدەغەکردنى ئەو تاوانە تەرخانکردووە، بێ گەڕانەوە بۆ ئارگومێنت و ئایدیاکانى ئەم وتارەى لیمکین، ئەستەمە بتوانین بە درووستى لە تاوانى جینۆساید بدوێین، هەرچەندە دواتر لە پێناو دەستخستنى کۆدەنگى و گونجاندنى لەگەڵ یاسادا، بەشێک لەو ئارگومێنتانە وەلانران، ئەو بەم شێوەیە دەست پێدەکات:

ئایدیا نوێیەکان پێویستیان بە چەمکى نوێ هەیە، جینۆساید بە ماناى وێرانکردنى نەتەوەیەک یان نەژادێک دێت، وشەکە لە لێکدراوى وشەى (Genos)ى گریک کە بە ماناى (رەچەڵەک یان تیرە)و وشەى (Cide)ى لاتینی کە بە ماناى (کوشتن) دێت، بەرهەمهاتووە. گەلێک هاوچەشنى و هاوشێوەى ئەم جۆرە وشەیە هەیە، بۆ نموونە؛ Tyrannicide (زۆردارکوژى)، Homicide (مرۆڤکوژى)، Infanticide (ساواکوژى)و هتد.
بە شێوەیەکى گشتى، جینۆساید بە ماناى لەناوبردنێکى کتووپڕى نەتەوەیەک نایەت، مەگەر لە کاتێکدا نەبێت کە هەموو ئەندامەکانى ئەو نەتەوەیە بکوژرێن، بەڵکو مەبەست لەو ویستەیە کە پلانێکى دارێژراو بۆ کردەیەکى جیاواز دەگرێتەبەر لە پێناو وێرانکردنى پایە سەرەکییەکانى ژیانى نەتەوەیەک بە مەبەستى لەناوبردنى تێکڕاى ئەو نەتەوەیە، دەکرێت ئامانجى پلانەکە تێکشکاندنى بوارى رامیارى، کۆمەڵایەتى، کولتوور، زمان، هەستى نەتەوەیی، دین و ئابوورى گروپەکە بێت، یان تێکدانى ئاسایشى تاک، ئازادى، تەندروستى، شکۆ و ژیانى کەسێکى سەر بەو نەتەوەیە بێت. جینۆساید دژى کیانى نەتەوەیە و هەر کردەیەک دژى تاکێکى ئەو کیانە بە ماناى کردەیەک نایەت دژى کەسێتى تاکەکە بەڵکو دژى کەسەکەیە وەکو ئەندامێکى ئەو نەتەوەیە.”

 
لیمکین لە پێشەکى وتارەکەیدا و پاش پێناسەکردنى وشەى جینۆساید بازدەدات بۆ پێناسەى تاوانى جینۆساید، وریایانە و بە ئەنقەست مەبەستییەتى هەر لە سەرەتاوە ئەوە ڕوونبکاتەوە کە جینۆساید کوشتنى یەکجارەکى و کتوپڕى نەتەوەیەک نییە، بەڵکو ئەو “ویست”ەیە کە پلانڕێژى بۆ تێکشکاندنى ژێرخانى نەتەوەیەک لەسەر هەموو ئاستەکان دەکات. واتە لە تاوانى جینۆسایدا کردەى کوشتن و لە ناوبردن گرنگ نییە، بەڵکو ویست و ئارەزووى لەناوبردن گرنگە و چەقى تێڕامانەکەیە. لیمکین خۆى یاساناس بووە و شارەزاییەکى باشى لە یاسادا هەبووە، ئەو دەزانێت کە ناتوانرێت ویست و ئارەزووى تاوانکارى بسەلمێنرێت تەنها لەوکاتەدا نەبێت کە یەکەم هەنگاو بۆ ئەنجامدانى دەگیرێتەبەر، هەر بۆیە پیلانگێڕی کە یەکەم هەنگاوى بەرجەستەکردنى تاوانە، ئەم وەک جینۆساید دەیناسێنێ. لیمکین لە درێژەى وتارەکەیدا بۆ ئەوەى “ویست”ى جینۆساید ڕوونبکاتەوە نموونەگەلێکى زۆر باسدەکات، نموونە بە دەست بەسەراگرتنى موڵک و ماڵى پۆڵەندى و جوولەکەکان دەهێنێتەوە کە نازییەکان ئەنجامیانداوە، پێیوایە ئەم دەستبەسەراگرتنە بەشێکە لە لاوازکردنى ئابوورى ئەو نەتەوەیەى کە کەسەکە بەشێکە لێى، لاى لیمکین ئەمە بەشێکە لە “ویستى تێکدان”ى نەتەوە.

نازییەکان لە ڕووى رایەڵەیەى خوێن و بایۆلۆژییەوە لە جیهانیان دەڕوانی، بۆیە لەو کاتەدا لیمکین زۆر گرنگى بە ڕایەڵە بایۆلۆژییەکان دەدات، پێیوایە گۆڕانکارى لە شوناسى هاوڵاتیبوون، بۆ نموونە چەمکى “بە ئەڵمانیکردن یان بە ئیتاڵیکردن” چەمکێکى دروست نییە بۆ پێناسەى تاوانى جینۆساید و گونجاو نییە لە برى وشەى جینۆساید بەکاربهێنرێت، هەرچەندە لێسەندنەوەى مافى هاوڵاتیبوون و گۆڕانکارى شوناسى نەتەوەیی بە ماناى لێسەندنەوەى ژیان نییە و کەسەکە بەردەوامە لە ژیانکردن، بەڵام گۆرانکارییەکى جەوهەرى لە شوناسیدا روودەدات، نازییەکان زۆر گەل و نەتەوەى تریان بە ئەڵمانیکرد، بۆ نموونە هۆڵەندى و بەلجیکییەکان، کە ئەوان لەژێر دەسەڵاتى نازییەتدا مافى ژیانیان هەبوو، بەڵام پرۆسەى بە ئەڵمانیکردن، جوولەکە و قەرەجەکانى نەگرتەوە و ئەوان ئەو مافەشیان لێسەندرابووەوە و مافى بوون بە ئەڵمان و ژیانیان نەبوو، بۆیە لیمکین لە درێژەى تێزەکەیدا چەندجارێک بەر ئەم دژیەکییە دەکەوێت، تا دواجار و لە کاتى نووسینەوەى پەیماننامەى قەدەغەکردن و سزادانى تاوانى جینۆسایدا تێزەکە بە تەواوى قاڵبى خۆى وەردەگرێت.

بە پێى لیمکین، تەکنیک و رێگاکانى جینۆساید شەش جۆر و شێوەن، ئەوانیش؛ سیاسى، کۆمەڵایەتى، کلتورى، ئابوورى، بایۆلۆژى و فیزیکى، کە ئەمانە هەریەک لە درێژەدا شێوە و تایبەمەندى خۆى هەیە. ئەو لە وتارەکەیدا ئەم شێواز و میکانیزمانە ڕوونتردەکاتەوە.
 لە رووى سیاسییەوە بە پێى تێزە سەرەتاییەکەى لیمکین کە لەم وتارەیدا بەرجەستەیکردووە، دەکرێت جینۆساید ڕووبدات کاتێک کە دەزگاکانى حکومڕانى نەتەوەیەک لەکاردەخرێت و دەزگاگەلى نەتەوەى سەردەست شوێنى دەگرێتەوە، وەک ئەوەى لەکاتى جەنگى جیهانى دووەمدا لە پۆڵەندا و لۆکسۆمبۆرگ ڕوویدا، یاخوود کە ناو و شانازییەکانى نەتەوەى جینۆسایدکراو دەگۆڕدرێت بە ناو و شانازى نەتەوەى سەردەست، وەک گۆرانکارى لە ناوى شەقام و دەزگا و قوتابخانەکان، یان ناوى ئاسایی هاوڵاتیانى نەتەوەى ژێردەست لەژێر پلانێکى بەرنامە بۆدارێژراودا دەگۆڕدرێت بۆ ئەو شێوە ناوانەى کە نەتەوەى سەردەست و جینۆسایدکەر هەیەتى، بۆ نموونە دواى داگیرکردنى وڵاتى لۆکسۆمبۆرگ سەرجەم نازناوى بنەماڵەکان گۆڕا بە ناوى ئەڵمانى، ئەوانەشى کە نازناوى بنەماڵەکەیان ئەڵمانى بوون و پێشتر گۆڕیبوویان بە ناوێکى تر، جارێکیتر کرانەوە بە ئەڵمانى، هەموو ئەم کارانە لەژێر چاودێرى دەزگاکانى نازى و بە پێى پلانێکى ورد بۆ بە ئەڵمانیکردنى نەتەوەى ژێردەست ئەنجامدران، هەموو ئەوانەى بەو پرۆسەیەدا رۆشتن، دواتر پێناسێکیان پێدرا و لە کۆمەڵێک ئیمتیاز سوودمەندبوون، لە چەشنى مافى خاوەندارێتى و نیشتەجێبوون، بەڵام ئەوانەى کە ئەو پرۆسەیەیان قبووڵنەکرد و نەبوون بە بەشێک لەو پلانە، لەو مافانە بێبەشبوون.

گۆڕانکارى لە پێکهاتەى کۆمەڵایەتیدا دەکرێت ئامڕازێکى ترى ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید بێت، لیمکین پێیوایە بە تێکشکاندنى ڕایەڵەى کۆمەڵایەتى و سەپاندنى یاساى نوێ لە لایەن هێزى سەردەستەوە دەکرێت جینۆساید ئەنجامبدرێت، ئەگەر پایەکانى تاوانى جینۆساید لە چەشنى “ویست”ى جینۆساید و “پلانرێژى” بۆ تێکدانى نەتەوەى جینۆسایدکراو لە رێگەى ئەو گۆرانکارییە کۆمەڵایەتیانەوە بسەلمێندرێت، ئەو نموونە بە هەڵوەشانەوەى یاساى ئەو شوێنانە دەهێنێتەوە کە نازییەکان داگیریانکرد و یاساى ئەڵمانى و زمانى ئەڵمانییان بە زۆرەملێ بەسەردا سەپاندن، هەروەها دەستکاریکردنى پێکهاتە و پەیکەرى کۆمەڵایەتى نەتەوەیەک، ئەو نموونە بە پۆڵەندا دەهێنێتەوە کە نازییەکان هەموو ڕۆشنبیرەکانى ئەو وڵاتەیان ڕەوانەى کارگەکانى کارى زۆرەملێکرد و بە تەواوى لە کۆمەڵگەیان دابڕین، چونکە پلانى نازییەکان ئەوە بوو کە پۆڵەندا وەک هێزى دەستیکار و کۆمەڵگەیەکى کشتوکاڵى و جووتیارى بمێنێتەوە و لە خزمەتى نەتەوەى ئەڵماندا بێت، ئەمەش بە ماناى گەشەنەکردن و بە کۆیلەکردنى نەتەوەى پۆڵەندى دێت، بە دابڕینى ئەو توێژەى کۆمەڵگە، ئەو نەتەوەیە ڕایەڵە و هارمۆنییە کۆمەڵایەتییەکانى نامێنێت و تواناى گەشەکردن لە دەستدەدات.


لاى لیمکین، دەکرێت تاوانى جینۆساید لە رێگەى گۆڕانکارى کولتوورییەوە ڕووبدات، لیمکین، قەدەغەرکردنى زمانى نەتەوە و سەپاندنى زمانى نەتەوەى سەردەست بە ئامڕازێکى ترى جێبەجێکردنى جینۆساید دەبینێت، ئەم کردەیە بە جینۆسایدى کولتوورى ناودەنێت، بۆ نموونە؛ دواى داگیرکردنى لۆکسۆمبۆرگ، نازییەکان بە تەواوى سەرجەم وانەکانى خوێندنى ئەو وڵاتەیان گۆڕى بە زمانى ئەڵمانى. لە وڵاتى فەرەنسا، خوێندن لە قۆناغەکانى سەرەتاییدا بە زمانى فەرەنسى بە تەواوى ھەڵگیرا و کران بە ئەڵمانى، ئەمەش لە پێناو ئامادەکردنى نەوەیەکى نوێى فەرەنسى کە بەتەواوى لە کولتوورى وڵاتەکەى داببڕێت و ببێت بە ئەڵمانى. لە پۆڵەندا سەرجەم ئەو خوێندنانەى پەیوەندیداربوون بە کولتوورى پۆڵەندییەوە قەدەغەکران، ئەمەش لە پێناو لاوازکردنى پۆڵەندییەکان و ئامادەکردنیان وەک دەستیکار و کردنى کۆمەڵگەى پۆڵەندى بە کۆمەڵگەیەکى جوتیارى و کرێکارى. لە زۆرێک لەو وڵاتانەى کە نازییەکان داگیریکردن، کولتوورى ڕەسەنییان کەوتە لەژێر هەژموونى کولتوورى نازیسم، بە پلان و ستراتیژ بەرەو نازیسمبوون هەڵدێران و هەموو چالاکییەکى کولتوورى و فەرهەنگى گەر رێگەپێدانى نازییەکانى نەبووبێت قەدەغەبوو، لاى لیمکین ئەمە جینۆسایدى کولتووریە و گرووپ و نەتەوەى بە ئامانجگیراوى پێ ھەڵدەوشێتەوە.

لاى لیمکین، یەکێکى تر لە ئامڕازەکانى جێبەجێکردنى جینۆساید وێرانکردنى ئابوورییە، تێکدانى ژێرخانى ئابوورى کاریگەرى لەسەر رەوشى بەروپێشچوونى نەتەوەیی هەیە، لیمکین دوورتر بیرى لێدەکاتەوەو پێیوایە لاوازکردنى ئابوورى نەتەوەیی و دەستنکەوتى خۆراک و پێداویستییە سەرەتایەکانى هاوڵاتیان نەک تەنها ئەو نەتەوەیە بێهێز دەکات بەڵکو کارێک دەکات کە ئەندامەکانى ئەو نەتەوەیە نەیپەرژێتە سەر بیرى نەتەوەیی و بەرەوپێشبردنى گەلەکەى، نموونە بە پۆڵەندا دەهێنێتەوە کە سەرجەم ماڵ و موڵکى گواستراوەى پۆڵەندییەکان دەستیان بەسەرداگیرا و ڕەوانەى ناو ئەڵمانیا کران، بانکەکان کەوتنە ژێر ڕکیفى نازى، شتێک نەما بە ناوى ئابوورى کیانە داگیرکراوەکانەوە، ئەمەش دواى جەنگ پێویستى بە چەندین دەیە بوو بۆ ئەوەى خۆیان بنیات بنێننەوە، بەمەش ئەو نەتەوەیە بە تەواوى لاوازکرا، لە لۆکسۆمبۆرگ سیاسەتێکى ترى ئابوورى گیرایەبەر، لەبەر ئەوەى نازییەکان پێیان وەهابوو کە لۆکسۆمبۆرگییەکان ئامۆزاى ئەڵمانەکانن و رایەڵەى هاوبەشى خوێن بەیەکییانەوە دەبەستێتەوە، بۆیە هاوڵاتیانى ئەو وڵاتە ناچارکران ناسنامەى خۆیان بگۆرن و بە یەکجارى ببن بە ئەڵمان، ئەمەش ناڕاستەوخۆ ئابوورییەکەیانى خستە خزمەتى دەوڵەتى ئەڵمانەوە. لاى لیمکین ئەم دوو شێوەیەى تێکدانى ئابوورى (ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ) یەکێکى ترە لە ئامڕازەکانى جێبەجێکردنى جینۆساید.

ئامرازێکى ترى ئەنجامدانى جینۆساید، ڕێگریکردنى وەچەخستنەوەیە، لیمکین ئەم تێزەى لەژێر ناوى گۆرانکارییە بایۆلۆژییەکانى نەتەوەدا خستووەتەڕوو، ئەو وڵاتەى کە ڕایەڵەى خوێن نایبەستێتەوە بە ئـەڵمانەوە، نازییەکان لە رێگەى گرتنەبەرى سیاسەتێکى پلان بۆ داڕێژراوەوە رێگەى لە وەچەخستنەوەیان دەگرت، بۆ نموونە هاوڵاتى پۆڵەندى بەبێ رێگەپێدانى نازییەکان مافى هاوسەرگیریان نەبوو، بەڵام هاوڵاتییە بەڕەچەڵەک ئەڵمانەکانى ناو پۆڵەندا بەبێ هیچ رێگەپێدانێکى پێشوەختە ئەو مافەیان هەبوو، کە ئەمەش وەها دەکات نەتەوەیەى ژێردەستە لە ڕووى ژمارەوە بەرەو لەناوچوون یان لە رووى تواناى گەشەسەندنەوە بەرەو لاوازبوون بڕۆن. یەکێکى تر لە هۆکارەکانى رێگریکردن لە وەچەخستنەوە بەپێى تێزەکەى لیمکین، گرتنەبەرى ئەو سیاسەتە بوو کە نازییەکان ئەندامى نەتەوە داگیرکراوەکانیان بەپێى نەژاد لە یەک جیادەکردەوە و دەیانبردن بۆ کەمپەکانى کارکردنى زۆرەملێ، لەو کەمپانەشدا پرۆسەى هاوسەرگیرى قەدەغەبوو، ئەمەش ڕێگرى لە وەچەخستنەوە دەکرد.

یەکێکى تر لە ئامراز و شێوەکانى ئەنجامدانى جینۆساید بە پێى لیمکین، هەڵاوێردى نەژادییە، ئەو نموونە بەوە دەهێنێتەوە کە نازییەکان لە دابەشکردنى خۆراک بەسەر هاوڵاتیاندا جیاکاریانکردووە، بۆ نموونە؛ ئەو گەلەى کە زۆرترین مافى بەدەستهێنانى خۆراکى هەبوو گەلى ئەڵمان بوو، بە شێوەیەک کە ڕێژەى بەدەستهێنانى خواردنى رۆژانەى ئەڵمانییەک لەکاتى جەنگدا جیاوازى نەبووە لە کاتەکانى پێش جەنگ، بەڵام پۆڵەندییەکان بە رێژەى نزیکەى نیوەى پێش جەنگ خواردنیان بەردەوکەت و جوولەکەکان کەمتر لە چارەک. ئەمەش وایکرد کە جولەکە و پۆڵەندییەکان برسێتى تەندروستیان خراپبکات و دواتر وەک نەتەوەیەک تێکبشکێن. لیمکین ئەم سیاسەتى هەڵاوێردە نەژادییە کە تێیدا نەتەوەیەکى دیاریکراو بە ئامانجدەگێرێت، بە ئامرازێکى ترى جینۆساید دەبینێت. ئەو پێیوایە نەتەوەى سەردەست بە ئەنقەست دەیەوێت لەم رێگەیەوە نەتەوەى ژێردەست لاوازبکات و لە ناوى ببات.

لاى لیمکین، کوشتن و لەناوبردنى ئەندامانى نەتەوەى جینۆسایدکراو خاڵە جەوهەرییەکە نییە، دواى ئەو شەش ئامرازە (سیاسى، کۆمەڵایەتى، کلتورى، ئابوورى، بایۆلۆژى و فیزیکى) ئینجا دێتە سەر کوشتن و کوشتنى بە کۆمەڵ وەک ئامڕازێکى جێبەجێکردنى تاوانى جینۆساید. لاى ئەو “ویست”ى تاوانى جینۆساید و “پلانرێژى” بۆ تێکشکاندنى نەتەوە کرۆکى تێزەکەیەتى. چونکە پاساوەکانى کوشتن لاى نازییەکان لە نەتەوەیەکەوە بۆ نەتەوەیەکى تر دەگۆڕێت، پۆڵەندییەکان تەنها کەسە خاوەن هزر و ڕۆشنبیرەکانیان کوژران، ئەمەش بۆ ئەوەى رووحى بەرەنگارى لەناو پۆڵەندییەکان دەرنەکەوێت و هاوڵاتى پۆڵەندى وەک دەستیکار ئامادەبکرێت لە کارگەکانى ئەڵمانیادا، بەڵام بۆ جوولەکە بە شێوەیەکى ترەو سەرجەم ئەندامانى کۆمەڵگەى جوولەکە بە ئامانجگیران و کوژران یان ڕەوانەى کامپەکانى کارکردنى زۆرەملێ کران.

لیمکین بەشى دووهەمى وتارەکەى بۆ داکۆکیکردن لە قەدەغەکردنى تاوانى جینۆساید و کۆکردنەوەى پشتیوانى و پشتگیرى بۆ تێزەکەى تەرخانکردووە، بە وردى باس لە گرنگى دەرکردنى یاسایەکى نێودەوڵەتى بۆ قەدەغەکردن و سزادانى تاوانی جینۆساید دەکات. لەسەرەتادا دەچێتە سەرباسى ڕێکەوتننامەکانى لاهاى (١٩٠٧) و ڕێکەوتننامەى ڤێرساى، کە ئەو ڕێکەوتننامە و پەیماننامانە تەنها مامەڵە لەگەڵ سەروەرى دەوڵەت دەکات و هیچ مافێک بە گروپ و کەمینەکانى ناو دەوڵەتەکان نادات، لیمکین ڕەخنە لەوە دەگرێت ئەگەر یاسایەک هەبووایە بۆ قەدەغەکردن و سزادانى تاوانى جینۆساید ئەوا لە سەردەمى جەنگى جیهانى دووهەمدا هیچ دەوڵەتێک مافى پەنابەرى بە تۆمەتبارانى تاوانى جینۆساید نەدەبەخشى، ئەوکات دەوڵەتەکان ناچاربوون دادگایى تۆمەتبارەکان بکەن یان ڕادەستى ئەو وڵاتانەیان بکەن کە تاوانەکەیان تێدا ئەنجامدراوە، لیمکین لێرەدا دیسانەوە بە قوڵى لەسەر بنەمایەکى ترى یاساى تاوانى نێودەوڵەتى قسە دەکات کە دواتر رێکەوتننامەى لەسەر واژۆکرا، ئەویش بنەماى “سزادانى تاوانبارانى تاوانى جەنگ یان ڕادەستکردنەوەیان بە وڵاتى خۆیان”.

لیمکین لە سەرەتادا لە رێگەى پێشنیارکردن بۆ هەمووارکردنەوەى پەیماننامەکانى لاهای ساڵى (١٩٠٧)ەوە دەیەوێت تاوانى جینۆساید قەدەغەبکات و سزاى لەسەردابنێت، چونکە تا نوسینى کتێبەکەى، ئەو پەیماننامەیە گرنگرترین یاساى مرۆیی نێودەوڵەتییە. داوادەکات لەکاتى هەمووارکردنەوەى ئەو رێکەوتننامانەدا دوو شت لەبەرچاوبگیرێت، یەکەم؛ هەر پێشێلکارییەک دژى مافى یەکێک لە گرووپەکان (نەتەوەیی، نەژادى و دینی)ى ناو دەوڵەتێکى دیاریکراو، دووهەم؛ سیاسیەتى هەوڵدان بۆ گەورەکردن یان زیانگەیاندنى یەکێک لەو گروپانە لەسەر شانى ئەوى تر بە تاوانى جینۆساید بناسرێت.
گرنگترین ڕێسا کە لیمکین بانگەشەى بۆکرد و دواتر و لە پەیماننامەى قەدەغەکردن و سزادانى تاوانى جینۆساید و سەرجەم بنەڕەتنامەى دادگاکانى تاوانى نێودەوڵەتیدا چەسپا، ئەو بنەمایەیە کە دەکرێت تاوانى جینۆساید لەسەردەمى ئاشتى و جەنگیشدا ڕووبدات، پاسادانى ئارگومێنتەکەى بەوە دەکات کە دەوڵەت-نەتەوەکان تەنها لە نەتەوەیەک، دینێک و نەژادێکى چوونییەک پێک نایەن، بەڵکو لەناو زۆربەیاندا کەمینەیەک یان چەند کەمینەیەک بوونیان هەیە، بە نەپاراستنى مافى ئەم کەمینانەى ناو دەوڵەتێکى دیاریکراو ئەوا کێشە بۆ سەرجەمى مرۆڤایەتى دروستدەبێت و کەمینە زوڵملێکراوەکان ناچارن ئاوارە و پەنابەرى شوێنانى تر بن، ئەمەش دەبێتەهۆى تێکچوون و شڵەژانى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى.
لیمکین وتارەکەى بە بانگەوازێک کۆتایی پێدەهێنێت، داوادەکات رێکەوتننامەیەکى نێودەوڵەتى بۆ قەدەغەکردن و سزادانى تاوانى جینۆساید واژۆبکرێت، بە شێوەیەک کە ئەرک بخاتەسەر دەوڵەتەکان کە لە یاساى ناوخۆى وڵاتەکەیاندا بە ڕوونى ئەوانەى فەرمانى تاوانى جینۆساید دەردەکەن و ئەوانەشى تاوانەکە ئەنجامدەدەن سزابدرێن، لەپێناو هەڵنەهاتنى تۆمەتبارانى ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید، لیمکین داواى بەرکاربوونى مەوداى گەردوونى دەسەڵاتى دادوەرى “Universal Jurisdiction” دەکات، ئەم بنەمایە ڕێسایەکە کە ماف بە دەوڵەتى دووەم دەدات دادگایی ئەو کەسانە بکات کە تاوانى نێودەوڵەتییان ئەنجامداوە، بە شێوەیەک کە مەرج نییە تاوانەکە لە ناو خاکەکەی یان دژى هاوڵاتییانى ئەم دەوڵەتە ئەنجامدرابێت، بەڵکو بەرپرسیاریەتییەکى نێودەوڵەتی دەخاتە ئەستۆى سەرجەم دەوڵەتان لە پێناو دەربازنەبوونى بەبێ سزاى تۆمەتبارانى تاوانى جینۆساید.

تاوانى جینۆساید وەک تاوانە نێودەوڵەتییەکانى تر (تاوانى جەنگ، تاوانى دژەمرۆڤایەتى، تاوانى شەرەنگێزى) نییە، ئەم تاوانە تایبەتمەندى خۆى هەیە و لەسەرووى هەموویەوە گرووپ و ڕایەڵەکانى پێکەوەبەستنى گرووپەکان دەپارێزێت، بۆیە سەرجەمى تێزەکەى لیمکین لەسەر ئەو پارێزبەندیەیە کە دەبێت گروپە کۆمەڵایەتی، سیاسى، نەتەوەیی، ڕەچەڵەکى، نەژادى و سیاسییەکان هەیانبێت، پاراستنى ئەو جیاوازیانە و قبووڵکردنى ئەوان بەهۆى ئەندامبوونیان لەو گرووپانە ئەرکى ئەو یاسایەیە کە دواتر بە پەیماننامەى قەدەغەکردن و سزادانى تاوانى جینۆساید ناسێنرا. ئەم تاوانە زۆرجار بە تاوانى تاوانەکان، تاوانە گەورەکە یان دایکى تاوانەکان دەناسرێت، چونکە ئەنجامدەرانى ئەم تاوانە، تاوانەکە لە پاى ئەوە ئەنجامنادەن کە قوربانییەکان چییانکردووە، بەڵکو لەبەر ئەوەى کە قوربانییەکان کێن، واتە لەم جۆرە تاوانەدا کردن یان نەکردنى کارێک لە لایەن قوربانییەوە گرنگ نییە، بەڵکو شوناسى قوربانییەکان کرۆکى بابەتەکەیە و ئەوەى پەلامارى دەدرێت کەسەکان (وەک تاک) نیە، بەڵکو ئەو کەسە بۆیە پەلاماردەدرێت لەبەر ئەوەى سەر بە گروپێکى دیاریکراوە.[ii]

ئەو هۆکارەى کە بووە هۆى درووستبوونى ئەم بیرۆکانە لاى لیمکین، ئەو دوو کۆمەڵکوژییەى ئەرمینییەکان لەلایەن دەوڵەتى عووسمانى و جولەکەکان لە لایەن دەوڵەتى ئەڵمانەوە، کە لە هەردوو ڕووداوەکەدا دەوڵەت و دەزگاگەلى دەوڵەت ئەنجامدەری تاوانەکەن، پاشان گەشەکردنى بیرۆکەى دەوڵەت-نەتەوە و کێشە و گرفتەکانى ئەو دەوڵەت-نەتەوانە لەگەڵ گرووپە جیاوازەکانى ناو دەوڵەتەکە، پێکەوە وایکرد ئەدەبیات و نووسینە ئەکادیمییەکانى سەرەتاى سەرهەڵدانى چەمکى جینۆساید و هەتا کۆتاییەکانى سەدەى پێشوو لەسەر ئەوە بێت کە جینۆساید تەنها لە لایەن دەوڵەتەوە جێبەجێدەکرێت.

لیمکین لە تەمەنى بیست و یەک ساڵیدا کە خوێندکارى کۆلێژى زمانى زانکۆى لیڤۆڤ دەبێت، لەوکاتەکەدا بابەتى تیرۆرکرنى تەڵعەت پاشا لە لایەن کوڕە خوێندکارێکى بە نەژاد ئەرمەنییەوە بە ناوى (تەهلیریان) لە بەرلین دەبێتە جێگاى گفتووگۆى ناوەندە سیاسى و یاسایەکان، تەڵعەت پاشا بە نەخشەداڕێژەر و جێبەجێکارى کۆمەڵکوژى ئەرمەنەکان ناسرابوو، پاش کۆتایی جەنگى جیهانى یەکەم و ڕوخانى ئیمپراتۆرى عوسمانى دەبێتە پەنابەر لە شارى بەرلینى ئەڵمانیا، لەو کاتەدا دەستەیەکى ئەرمەنى بۆ دۆزینەوە و تیرۆرکردنى ئەو عوسمانیانەى کە بەرپرسى یەکەمى ئەو کۆمەڵکوژییە بوون، دامەزرا، تەهلیریان لەو کاتەدا خوێندکارى زانکۆ دەبێت لە بەرلین، ئەرکى کوشتنى تەڵعەت پاشاى پێ دەسپێردرێت، لە رۆژى ١٥ى مارسى ١٩٢١ ئەم گەنجە خوێندکارە ئەرمەنییە لە ناوڕاستى شەقامێکى بەرلیندا تەلعەت پاشا بە دەمانچە دەکوژێت و لەسەر لاشەکەى دەوەستێت هەتا پۆلیس دێت و دەستبەسەرى دەکەن و دواتر دادگاییکردنەکەى دەست پێدەکات، لەو کاتەدا لیمکین پرسیارێک لە مامۆستاکانى دەکات، ئەو پرسیارە دواتر دەبێت بە پرسیارێکى بێ وەڵامى جددى و سەردەکێشێت بۆ نوسینەوەى پەیماننامەى قەدەغەکردن و سزادانى تاوانى جینۆساید، ئەو دەپرسێت:

بۆچى تەهلیریان کە یەک کەسى کوشتووە تاوانبارە و دادگاییدەکرێت، بەڵام کوژراوەکە ملیۆنانى کوشتووە کەچى بە تاوان نەژمێردرا و دادگایی نەکرا؟

  پاش تەواوکردنى کۆلێژى زمان، دووبارە لە هەمان زانکۆ کۆلێژى یاسا دەخوێنێت و دواتر لە ساڵى ١٩٢٩ بۆ ١٩٣٤ دەبێت بە داواکارى گشتى لە پۆڵەندا و دواتر بە مامۆستا لە زانکۆى وارسۆ، لە ساڵى ١٩٣٣ بانگهێشت دەکرێت بۆ مەدرید بۆ پێشکەشکردنى بابەتێک لە کۆنفرانسى کۆمیتەى یاسایی ئەنجوومەنى گەلان، بابەتێک بۆ بە تاوانناساندنى کۆمەڵکوژى بۆ کۆنفرانسە دەنێرێت، لە وتارەکەیدا دوو چەمک دەخاتەڕوو و پێناسیان دەکات، یەکەمیان تاوانى بەربەریزم(Barbarism)، کە تێیدا تێکدانى گرووپە کۆمەڵایەتی، دینى، نەتەوەیی، ڕەچەڵەکى و نەژادییەکان بە تاوان بناسرێت، دووەمیان تاوانى وێرانکارى (Vandalism) کە تێیدا تێکدان و وێرانکردنى توراسى کلتورى و هوونەرى ئەو گرووپانە بە تاوان بناسرێت، چى ئەگەر لە لایەن دەوڵەت خۆى یان دەوڵەتانى نەیار و دوژمنەوە بێت. کە دواتر بیرۆکەکانى ئەو وتارە سەردەکێشێت بۆ نوسینى کتێبەکەى و پێناسى جینۆساید، پاشان زانکۆى دوکە لە ولایەتى کارۆلاین لە ولایەتەیەکگرتووەکانى ئەمەریکا داواى لێدەکات ببێت بە مامۆستاى وانەبێژ، داواکە قبووڵیدەکات و لە ساڵى ١٩٤١ دەگاتە ولایەتەیەکگرتووەکانى ئەمەریکا، لەوێ دەست دەکات بە نووسین و پێشکەشکردنى وانەکانى، لە ماوەیەکى کەمدا پەیوەندی لەگەڵ زۆرێک لە کاربەدەست و بڕیاربەدەستەکانى ئەمەریکا دروست دەکات، یەکێک لەو کەسانەى لیمکین ئاشناى دەبێت، دادوەر ڕۆبێرت جاکسن لە دادگاى باڵاى ئەمەریکا، جاکسن دواى دامەزراندنى دادگاى نۆرمبێرگ، دەبێت بە دواکارى گشتى دادگاکە، هێنرى وەڵاس جێگرى سەرۆکى ئەمەریکا و زۆرێک لە باڵوێز و نوێنەرى وڵاتان لە نەتەوەیەکگرتووەکان. لیمکین پەیوەندییەکانى بۆ بەرگریکردن لە تێزەکەى بەکاردەهێنێت و بۆ ناساندنیشى دەگاتە ناو نەتەوەیەکگرتووەکان، کە ئەوکات تەنها یەک ساڵ بوو دامەزرابوو، پاشان قەناعەت بە نوێنەرى چەند دەوڵەتێک دەکات کە بیرۆکەکەى بخرێتە بەرنامەى کارى نەتەوەیەکگرتووەکانەوە و پاش سێ ساڵ لە گفتووگۆى چڕ لە ناو نەتەوەیەکگرتووەکان، پەیماننامەى قەدەغەکردن و سزادانى تاوانى جینۆساید دەنگى لەسەر دەدرێت، بەڵام بە بەراورد بە تێزەکەى لیمکین، پەیماننامەکە بەرتەسکترە و بەشێک لە تێزەکە لە خۆ دەگرێت.

_________________________________________________________
[i] کتێبەکە لەسەر ئەو ڕیسا و یاسایانە نووسراوە کە هێزەکانى سەر بە میحوەر لە جەنگى جیهانى دووەمدا دایانھێنا و پەیڕەویانکرد، لە جەنگى جیهانى دووەمدا هێزە بەشەڕهاتووەکان دابەشبووبوون بەسەر دوو بەرەدا، بەرەى هاوپەیمانان (Allied Power) کە لە یەکێتى سۆڤیەت، ئەمەریکا، فەرەنسا، بەریتانیا و چین پێکهاتبوون، لەگەڵ بەرەى میحوەر (Axis Power) کە لە ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و یابان پێکهاتبوون، لیمکین لێرەدا مەبەستى ئەو ڕێساو یاسایانەیە کە بەرەى میحوەر (Axis Power) جێبەجێیان دەکرد.
[ii] لە تاوانى جینۆسایدا، ئەو کەسانەى کە تۆمەتبارن، تۆمەتەکە لەسەر ئەوە نیییە کە کێیان کوشتووە یان یەکێک لە کردەکانى تاوانى جینۆسایدیان بەرانبەر بە کێ ئەنجامداوە، بەڵکو لەسەر ئەوەیە کە تاوانەکەیان بەرانبەر گرووپێک ئەنجامداوە کە ویستوویانە لە رێگەى ئەم کردانەوە تێکڕا یان بەشێکیان لێ لە ناوبەرن، بۆیە زۆرى و کەمى ژمارەى قوربانى، یان جۆرى تاوان لە کوشتنەوە بگرە تا تەگەرەخستنە بەردەم ژیان، تەنانەت شێوەى تاوانەکە، کوشتنى بێبەزەییانە یان دڵنەرمانە، چیرۆکى ناخ هەژێن و چیرۆکى ئاسایی گرنگ نییە. تەنها شتێک گرنگ بێت ئەوەیە، کە ئایا ئەو کردەیە بەشێکە لە هەوڵ و ویستى لەناوبردنى تێکڕا یان بەشێکى ئەو گرووپە یان نا؟

هاوشێوە